سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کوردستان لە پڕۆژە جیۆپۆلەتیکییە نوێیەکاندا، پڕۆژەی یەکگرتن و سەربەخۆیی

عەبدولڕەزاق مەهدی

خاکی کوردستان لەگەڵ ئەوەی دوای شەڕی چاڵدێران بۆ یەکەمجار و دوای جەنگی یەکەمی جیهانی بۆ دووەمجار بەئاشکرا لە نێوان تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا دابەش کرا، بەڵام ئەو گرنگییەی کە شوێنی ستراتیجی کوردستان هەیەتی لە سەردەمە کۆنەکانەوە هەتا ئەمڕۆ وەکوو خۆی ماوەتەوە. گرینگیی شوێنی ستراتجی کوردستان بووەتە بەڵایەک بەسەر گەلی کوردستان‌ـەوە، کە وایی کردووە کوردستان بەم شێوەیە بە داگیرکراویی و دابەشبوویی بمێنێتەوە. ئەمەش وایی لە دەوڵەتە داگیرکەرەکان کردووە بە هاوکاری دەوڵەتە زلهێزەکان ڕێگە نەدەن کە دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێت.

لە سەردەمی ئەمڕۆدا، دوای نەمانی جەنگی سارد و هەڵوەشانەوەی سنووری نێوان دەوڵەتان، کە جاران بە “ئەستەم” دادەنرا، قۆناغێکی نوێی هاتە پێشەوە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی لە جیهاندا و هاتنە پێشەوەی سیستەمی نوێی جیهانی. نەتەوەی کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی کە فاکتەرەکانی ناوەوە و دەرەوەی لە بەرژەوەندییەتی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.

ئەگەر بمانەوێت لە کڕۆکی کێشەی ئاڵۆزی کوردستان و نەتەوەی کورد تێ بگەین دەبێت ئاماژە بە ڕوانگە جیۆستراتیجییەکان بکەین. ئەگەر ئێمە سەیری نەخشەی کوردستانی مەزن بکەین، ئەو کاتە تێ دەگەین، دابەشکردنی کوردستان بۆ چەند پارچەیەک لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، هێندەی بەشێک بووە لە دابەشکردنێکی جیۆپۆلەتیکی ناوچە هەستیار و گرینگەکانی ئۆڕاسیا، هێندە دابەشکردنێکی نەتەوەیی نەبووە. ئێمە کە بەرەو قووڵایی پێگەی جیۆستراتیجی کوردستان دەڕۆین لەمە تێ دەگەین کە کوردستان کلیلی بەشە ئاسیایەکەی ئۆڕاسیایە و لە ناوچەی قەوقازەوە ڕاستەوخۆ لەڕێگەی کوردستان‌ـەوە، بە پارچەکانی ئاسیا دەبەسترێتەوە بەم بەشە ئۆراسیاییە، ئەگەر لە نەخشەیەکەوە سەیری ئۆراسیا بکەین، دەبینین کوردستان دەکەوێتە دڵی بەشە ئاسیاییەکەی. واتە ئەو هێڵەیە کە لە لایەک ئاسیایی ناوەڕاست و ناوچەی قەوقاز بە ئێران و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی دەبەستێتەوە تا ئەفغانستان و هیندستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. لە لایەکی تریشەوە پردێکە بۆ بەستنەوەی ئەوروپا بە ئاسیاوە. لە خوارەوەش، کوردستان ناوچەی کەنداو بە دەریای قەزوین و ئاسیای ناوەڕاست و خوارووی قەوقاز دەبەستێتەوە. واتە چەمکی ئۆراسیا بەبێ کوردستان هیچ واتایەکی نییە، پڕۆژەی ئۆڕاسیا بەبێ کوردستان هەرگیز سەرناکەوێت. لە بابەتێکی داهاتوودا بە وردی باسی گرینگی “ئۆڕاسیا” دەکەم لە چوارچێوەی پڕۆژە و تیۆرییە جیۆپۆلەتیکییەکان.

هەر ئەم پێگە جیۆپۆلەتیکییە گرینگە، فاکتەر بوو کە ستراتیجی “بەریتانیا” بە ئاراستەی ئەوەدا بڕوات کە پاڵپشتی لە پارچەپارچەکردنی کوردستان بکات، تا پێگە گرینگە جیۆپۆلەتیکییەکانی وەک “ئەسکەندەروونە” و ” کەنداو و لوڕستان” بگرێت و کورد لە دەریا دوور بخاتەوە. هاوتا ئەم سیاسەتەی بەریتانیا چەند دەوڵەتێکی دەستکردی لێکەوتەوە، چونکە بە پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتی ناوەندی ئەم دەوڵەتانە هەوڵی دەدا هەژموونی کۆمۆنیزم ڕابگرێت و لەمپەر لە بەردەم یەکێتیی سۆڤیەت دروست بکات. فاکتەری کورد لەو بەینەدا بۆ بەریتانیا تەنیا وەک فاکتەری تێکدەر و دژبەر دەبینرا، کە دەبووایە بە هەموو شێوەیەک دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان، بە هاوبەشی دەوڵەتە ناوەندییە دروستکراوەکانی هەنگاو بهاوێژێت و کورد سەرکوت بکات. ئەمەش هەمووی بە فاکتەری عەقڵیەت و سیاسەتی ستراتیجی بەریتانیا بەرکار دەبوو. کورد لە سەدەی بیست بوو بە قوربانی ئەم حەقیقەتە جیۆپۆلەتیکییە، کە سیاسەتی بەریتانیا پەیوەست بوو پێیەوە و بە هەموو هێزییەوە دژی بچووکترین ویستی ئازادبوون و سەربەخۆی کوردستان دەوەستایەوە.

بۆ پێناسەی جیۆپۆلەتیک دەبێت بگەڕێینەوە لای ڕادۆڵف کلن (Rudolf Kjellén) کە لە ١٩١٧دا جیۆپۆلەتیکی وا پێناسە کرد، کە “ئەو زانستەیە کە لە دەوڵەت وا تێ دەگات بوونەوەرێکی جوگرافیایی ئۆرگانیکییە یان دیاردەیەکە لە بوارەکەدا”. هاوکات، ڕۆبێرت ویلیەم ماککۆڵ (Robert William McColl) دەڵێت، بە سادەیی جیۆپۆلەتیک، “ئەو زانستەیە کە ڕاستییە جوگرافیاییەکان دەستنیشان دەکات، ئەو ڕاستییانەی خۆیان حەشاردراوە، ئەوانەی بەردی بناغەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، جا هەستی پێ بکەیت یان نەکەیت”. بەهەمان شێوە، جێفری پارکر (Geoffrey Parker) پێ وایە کە جیۆپۆلەتیک “زانستێکە پەیوەندی نێودەوڵەتی لەڕووی شوێن یان جوگرافیاوە لێک دەداتەوە”.

ئێستا کە جیۆپۆلەتیکمان پێناسە کرد دەبێت بگەڕێنەوە بۆ پێناسەی دەوڵەت. کلن کە کەوتبووە ژێر کاریگەریی فرێدریک ڕاتزل، لە ١٨٩٦دا دەڵێت دەوڵەت بوونەوەرێکی ئۆرگانییە لەسەر زەوی، پێویستی بە خۆراکە لە شێوەی بواری ژیواریدا (Lebensraum)، لە شێوەی دەرامەتدا چونکە بوارەکە کلیلی سەرکەوتنە، دەوڵەتیش لەناو کایەیەک یان بوارێکی دیاریکراو دایە، بۆیە پێویستی بەوە هەیە بوارەکەی فراوان ببێت، ئەویش لە ڕێگەی  یەکبوون یان داگیرکەریی و کۆڵۆنیالیزمەوە دەبێت.

کەواتە ئێمە دەگەین ئەوەی کە لۆجیکی دەوڵەت لۆجیکێکی جیاوازە، دەوڵەت بەردەوام دەبێت گەورە بێت، بۆ ئەمەش یان دەبێت داگیر کاری بکات یان دەبێت یەکبوون بکات تا ناوچەی بواری و ژیاری خۆی فراوان بکات و بەهێز ببێت. بەم جۆرە جیۆپۆلەتیک زانستی پشت کارکردن و پراکتیکردن و خوێندەوەی ئەم لۆجیکی دەوڵەتەیە، بۆیە هەموو دەوڵەتان بە گوێرەی ئەم لۆجیکە سیاسەت و ستراتیجی خۆیان ئاراستە دەکەن.

یەکێک لە بیردۆزە بەهێز و کاریگەرەکانی ناو زانستی جیۆپۆلەتیک بریتییە لە بیردۆزی ڕیملاند (Rimland)، کە لەلایەن نیکۆلاس سپایکمان (Nicholas Spykman)، بیرمەندی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، داڕێژراوە. لە چوارچێوەی تیۆری ڕیملاند، ئێمە دەبینین کە ناوچەکانی ئۆراسیا لەوانە ئەوروپای کەنار، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیای باشوور و چین، بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتوان و فراوانی دەرامەتە سروشتییەکانیانەوە لە هێڵی دەریایی ناوخۆییی و کلیلی کۆنترۆڵی جیهانن.

لە ڕووی جیۆستراتیجییەوە ڕیملاند گرنگترین ناوچەی دڵە، ئەم هەرێمە جیۆستراتیجییە بە کردەوە بە درێژایی ماوەی شەڕی سارد (١٩٤٥-١٩٩٠) جەمسەری هەموو ناکۆکی و جەنگە هەرێمایەتییەکان بوو لەنێوان یەکێتیی سۆڤیەت (هێزە وشکانییەکە) و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (هێزە ئاسمانییەکە). ئەوەی کە دەناسرا بە “شەڕی نوێنەرایەتی” یان “شەڕی لەبری”، بۆ نموونە شەڕی کۆریا (١٩٥٠-١٩٥٣)، شەڕی سوێس (١٩٥٦)، شەڕی هیندی-چینی (١٩٦٢)، شەڕی ڤێتنام (١٩٦٥-١٩٧٥)، شەڕی شەش ڕۆژی عەرەب ئیسرائیل (١٩٧٣)، شەڕی هیندی-پاکستانی (١٩٧١)، شەڕی ئێران-عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨)، شەڕی ئەفغانستان (١٩٧٩ تا ئێستا). ڕیملاند لەلای سپایکمان بە جیۆپۆلەتیکی ململانێی جیهانی دادەنرێت. ئەو دەڵێت: “هەر کەس کۆنترۆڵی ڕیملاند بکات، کۆنترۆڵی ئۆراسیا دەکات، هەر کەس کۆنترۆڵی ئۆراسیا بکات کۆنترۆڵی جیهان دەکات”.

ناوچەی پێکدادان، لە هێڵەکانی ڕیملاند، کۆمەڵێک ناوچەی دیاریکراون، کە لە ئەوروپا (جگە لە ڕووسیا) و ئاسیای ناوەڕاست و تورکیا و نیشتیمانی عەرەبی و ئێران و ئەفغانستان و هیندستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و چین و کۆریا و ڕۆژهەڵاتی سیبیریا پێک دێت. ئەوەی جێگای ئاماژە بۆ کردنە کوردستان شوێنێکی گرنگ و مەرکەزی هەیە لە ناوچەی پێکدادان، بەم جۆرە کە ڕیملاند ناوچەی سەرەکی پێکدادانە، ئۆراسیا دڵی ئەم ناوچەیە، بەڵام ئەوەی ئێمە لە تیۆرییەکەی سپایکمان دەیبینین ئەمەیە، هەرکەسێک کۆنترۆڵی ڕیملاند بکات، کۆنترۆڵی ئۆراسیا دەکات، هەرکەس، کۆنترۆڵی ئۆراسیا دەکات، کۆنترۆڵی جیهان دەکات.

پێگەی کوردستان لە جیۆپۆلەتیکی ڕیملاند

زۆرترین پێکدادان و بەریەککەوتنەکانی نێوان زلهێزەکان لە سەدەی نۆزدەیەم لەسەر خاکی کوردستان بووە. بە شێوەیەکی عەقڵانی دارێژەرانی سیاسەت لە بەریتانیا، لە ستراتیجی خۆیان بە وردی باسیان لەوە کردووە کە دەبێت بەریتانیا دەست بەسەر دوو ناوچەدا بگرێت کە ئەسکەندەروون (لە تورکیای ئێستا) و کەنداوی فارس و خوارووی لوڕستان و کرماشان (لە ئێرانی ئێستا)، بۆ ئەوەی بتوانن لە ئەسکەندەروون کە تاکە بەندەر و دەرچەیە لە ڕێگەیەوە میسر بخرێتە مەترسییەوە، هاوکات لەوبەر کەنداو و لوڕستان تاکە دەرچەیە کە بەریتانیا لە بەسرا‌ـوە ڕێگەی هیندستانی بپارێزێت. هەڵبەت هەردووک هەرێمەکە ناوچەی هەژموونی جیۆپۆلەتیکی سروشتی کوردستانن. بەم جۆرە بەهۆی پێگەی جیۆپۆلتیکی کوردستان‌ـەوە، زلهێزەکان بە هەموو جۆرێک دژایەتی هەموو بوونێکی کوردیان دەکرد لەسەر خاکی کوردستان، چونکە هەر دەسەڵات و سەروەرییەک لەسەر ئەم دوو خاکە، یەکسانە بە کێشەی ستراتیجی و ئاسایشی ئاست بەرز بۆ زلهێزەکان لە ئاستەکانی هەژموونی ئابووری و سیاسی و نێودەوڵەتی.

لەوبەر ستراتیجیست و بیرمەندە ئەڵمانییەکان، دوای گەڕان لە کەرکووک و خانەقین و ناوچەکانی تر، درکیان بە گرنگی ئەو سەرچاوە سروشتییەی ئەم ناوچەیە کرد، لە ڕاپۆرتەکان باسیان دەکرد. هەر کەس کۆنترۆڵی نەوتی میزۆپۆتامیا بکات، لە داهاتووی نزیک کۆنترۆڵی سەرچاوەی وزە دەکات لە جیهاندا، چونکە پێشبینیان دەکرد کە نەوت بببێتە سەرچاوەی سەرەکی وزە، کە خاوەن پێگەیەکی گرنگە لە سیاسەت ئابووری و پیشەسازی زلهێزەکاندا. بۆیەش دەبینین بەریتانیا و فەرەنسا هەستییان دەکرد، کە دەبێت ئەم دوو ناوچەیە بکرێتە ناوچەی هەژموونی ئەوان. ئەوە بوو لە سەدەی بیستەم، توانیان ئەم ستراتیجی و بەرنامانەیان بکەنە واقیع و لە چوارچێوەی سایکس-پیکۆ، سیڤەر و لۆزان، تەواوی هەژموونی خۆیان سەپاند بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌ دا.

زلهێزەکان تێگەیشتن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن گرنگییەکی تایبەتە لە ئاستی ناوچەکانی ڕیملاند، بۆیە گرنگی تایبەتییان پێی دەدا. کوردستان دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بە کۆنترۆڵکردن و دابەشکردنی کوردستان، توانیان کوردستان بکەنە کۆلۆنیاییەکی نێودەوڵەتی، کە بچێتە خزمەت بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی و ستراتیجییەکانی کۆلۆنیالیستەکانەوە. بۆیەش وەک لازاریف دەڵێت “یەکەم تەقەی جەنگی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کوردستان کرا”. 

بە کۆنترۆڵکردن و دابەشکردنی کوردستان، بوونی پێکدادانی بەردەوام لەسەر ئەم خاکە، هەر لە جەنگی عوسمانی-بەریتانیا تا جەنگی عێراق-ئێران، نیشانەی زیندووی ئەم ناوچە جیۆپۆلەتیکییە پیشان دەدات.  هەروەها بووە بە ناوچەی ململانێی هەژموونی بەریتانی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ڕووسی، ئەمریکی، لە سەدەی نۆزدەیەم. دواتر لە سەدەی بیستەم ناوچەی ململانێی نێوان دوو ئیمپراتۆری و کۆلۆنیالیستی مەزنی جیهان، بەریتانیا و فەرەنسا.، ئینجا ناوچەی ململانێ و هێڵی ململانێی سۆڤیەتی-ئەمریکی بووە.

بەم جۆرە ئێمە تێ دەگەین کە کوردستان خاوەن ستراتیجیترین پێگەیە لە ئاستی جیۆستراتیجی لەناو “ئۆراسیا”دا هەر کەس کۆنترۆڵی کوردستان بکات، دەتوانێت کۆنترۆڵی گەورەترین ناوەندەکانی وزە و ستراتیجیترین پێگەی جیۆپۆلەتیکی بکات لە چوارچێوەی جوگرافیای ئۆڕاسیادا، بۆیەش لە ئێستادا زۆرترین  دەوڵەتانی هەرێمی و زلهێزەکان هەوڵ دەدەن کورد وەک نەتەوە بۆ لایی خۆیان کێش بکەن. پڕۆژەی جیاجیا و ڕوانگەی جیاجیا پێشکەشی کورد دەکەن، لە هەمان کاتدا لە ئاستی تردا هەوڵ دەدەن تا دوا ئاست کورد لاواز و دابەش بکەن، تا بتوانن کورد بکەنە بەشێک لە پلانە ستراتیجییەکانی خۆیان و بەکاری بهێنن، تا کورد نەبێتە ئەکتەر و خۆی ستراتیجی نەتەوەیی خۆی ئاراستە بکات.

ئەگەڕ بگەڕیێنەوە بۆ لایی ئەلێکساندەر دۆگین (Alexander Dugin)، ستراتیجیست و فەیلەسوفی ڕووسی، کە دەڵێت “لە سەردەمی پێداچوونەوەی سیاسی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، بە تایبەتی لە ماوەی دروستکردنی (رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەزن)ی ئەمریکییەکان کە کۆندەلیزا ڕایس لە ساڵی ٢٠٠٢ ئاماژەی پێ کرد، پرسیار هاتە ئاراوە کە ئایا ئەمریکییەکان هاوکاری دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەی کوردی دەکەن یان نا، لەو ساتەوە کە کۆلۆنیالیزمی سیاسی نوێی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە دیارکەوت، بەڵام ئەمجارە لە جیاتی ئینگلیزەکان، ئەمریکییەکان بوون، ئەوان بڕیاریاندا نەخشەی نەتەوەیی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکێشنەوە و لەوەشدا نەخشەی دەوڵەتی کوردی بەدیارکەوت.”

هەڵبەت لێرەدا دۆگین وا باسی ئەم بابەتە دەکات کە ئەمریکا هەڵدەستێت وەک ئامراز کورد بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت. لێرەدا ئێمە دەبێت ئەو ڕوونکردنەوەیە بدەین کە دەوڵەت مافێکی سروشتی نەتەوەی کوردە و دەبێت جیهان قەبوڵی بکات، نەک ئەوەی دەوڵەتی کوردی بابەتێک بێت، لە ململانێی نێوان دەوڵەتەکانی تر لە ڕێگەیەوە کورد فریوبدرێت. ئەم دیدگایە زۆر ئایدۆلۆجییە و ئێمە تەنها باسەکەمان وەک خۆی وروژاند تا لە تێفکرینی دۆگین شارەزابین.

دۆگین دەڵێت “ئێمە لەناو ئەو پلانە جیهانییە کوردییە داین، کورد نەتەوە و بە دڵنییایەوە لە قۆناغی ئێستادا لەبەر ئەو هۆکارانەی خوارەوە ئەمریکییەکان لە هەوڵی ئەوەدان بیرۆکەی دەوڵەتی کوردستان بسازێت. یەکەم، لە بواری ئابووریدا خاکی کوردانی باشوور دەوڵەمەندە بە نەوت. دووەم، سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی هەموو عێراق دەکەونە ناوچە کورردییەکان، لەبەر ئەوە بەدڵنیایەوە کورد دەتوانن زۆر بەجدی ئیدارەی کاروباری سروشتی و ئیدارەی سیاسی ئەو جوگرافییە بکەن و لە یاریی جیۆسیاسیدا کۆمەڵە بژاردە لەبەر دەستی کوردن وەک: دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی، دەتوانن سوود لە پشتیوانی ئەمریکا ببینن. هاوکات، پەسەندکردنی ناسنامەی کوردی بە دەستەبەرکردنی مافی ئۆتۆنۆمی بەبێ ئەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی دابمەزرێت.

ئەگەر بگەڕیێنەوە بۆ لای کۆهەن، هێزی  جیۆستراتیجی کورد وەک پێگەی جوگرافی و خەڵک و بونیادی دەزگاکان، لە سەدەی بیست و یەک گەیشتووە بە قوناغێکی زۆر هەستیار و گرنگ. کۆهەن پێی وایە کە زلهێزە جیهانییەکان هێزی جیۆستراتیجین کە ئەمانەن: یەکەم، زلهێزی دەریای ئەتلەسی کە ئەمریکا نوێنەرایەتی دەکات؛ دووەم، زلهێزی کیشوەری ئۆراسیای کە ڕووسیایە؛ سێیەم، زلهێزی کیشوەری دەریایی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە چین‌ـە.

لە دەرئەنجامی داڕووخانی دەوڵەتانی هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورد وەک نەتەوەی بێدەوڵەت خەریکە دەبێتە هێزێکی ژێرناوچەی کارا، ستراتیجی نەهێشتنی تیرۆریش ئەم پێگەی کوردی بەهێز کردووە، لە لایەکی تریشەوە دینامیکیەتەکانی دەرەوە بە تایبەت پشتیوانی ئاسمانی هێزی جیۆستراتیجی ئەمریکا پێگەی هێزە جیۆپۆلەتیکییە ناوخۆییەکانی بەهێزتر کردووە.

بەم جۆرە ئێمە دەتوانین بڵێن کە کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژە جیۆپۆلەتیکییە نوێیەکان خاوەن پێگەیەکی جیاوازە و وەک نەتەوە و دەزگا و دامەزراوە تەواو توانیی گەشە بکات، بۆیە جیهان لە ماتەوزەی کورد وەک نەتەوە، کە دەتوانێت ببێتە میکانیزمێک کە هاوسەنگی بگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەرەنتییەک بێت کە ناوچەکە نەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و ستەمکارەکان و تیرۆری بێ پسانەوە، تێ دەگات. هەروەها زلهێزەکان تێ دەگەن، کە خاکی کوردستان و پێگەی جیۆستراتیجی کوردستان خاوەن گرنگییەکی ئەوەندە زۆرە، هەر لایەنێک بتوانێت کورد بەلای خۆیدا کێش بکات ئەو لایەنە براوەی یەکەمە لە ئۆراسیا و بە دیاریکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بۆیە دەتوانین بڵێین هەر کەس کوردستان کۆنترۆڵ بکات، کۆنترۆڵی ڕیملاند دەکات، هەر کەس کۆنترۆڵی ڕیملاند بکات، کۆنترۆڵی ئۆراسیا دەکات، هەر کەس کۆنترۆڵی ئۆراسیا بکات، کۆنترۆڵی جیهان دەکات.

بۆیەش گرینگە کورد هۆشیار بێتەوە، کورد پێویستە قبووڵی ناسنامەی “کوردستانیبوون” بکات کە کورد وەک نەتەوە بە خاکەوە گرێ دەدات و ناسنامەیەکی بەهێز و تۆکمە دەدات بە مرۆڤی کورد، هاوکات دەتوانین بڵێن کورد دەکاتە خاوەن ناسیۆنالیزمێک کە پڕۆژەی دەوڵەتیی لە خۆیدا هەڵگرتووە، هاوکات دەبێت کورد وەک نەتەوە بیر لە خۆی بکاتەوە و سیاسەت بکات. کاتێک کورد توانی وەک نەتەوە سیاسەت بکات و ناسیۆنالیزمی قبووڵ کرد، دەتوانێت ئیتر پڕۆژەی دەوڵەتی هەبێت وەک نەتەوە، بە بوونی دەوڵەتداری، کورد دەتوانێت دۆست و دوژمن جیا بکاتەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورد دیاری بکات، ئەمەش سەرەتایییەکی بەهێز دەبێت، کە کورد بتوانێت پێگەی جیۆستراتیجی خۆی، پێگەی دیمۆگرافی و جوگرافی و ئابووری خۆی لە بەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنیت تا دواجار بتوانێت لە پڕۆژە جیۆپۆلەتیکییەکان گەورەترین سوودی بەر بکەوێت. لە ئێستادا سەربەخۆی و دەوڵەتداری و بوون بەهێز و سەروەریی، تاکە ئامانج و ویستی لۆجیکی و دروستی کوردن، کە دەبێت کورد خۆی پێیەوە پابەند بکات، بە پابەندبوون بەم چەمکانەوە دەتوانێت قۆناغە سەرەتایییەکان ببڕێت و لە ئاستی شارستانییەت لە قۆناغەکانی دواتردا بگەشێتەوە.

سەربەخۆی و دەوڵەتداری و ناسیۆنالیزم، چارەنووس و حەتمییەتی کوردن بۆ گەیشتن بە دانپێدانان و گۆڕانی جەللادەکانی کورد بە مرۆڤی ئاسایی. ئەمانە حەتمییەتن کە کورد بگات بە سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و شکۆمەندی، کە کورد لە ڕێگەیانەوە دەتوانێت کاریگەر بێت لەسەر ئاشتی و گەشانەوە و دژایەتی ستەمکاری و دیکتاتۆری و جینۆساید و فاشیزم لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کورد پێویستیی بە دەوڵەتە، تا ببێت بە برای نەتەوەکانی تر، کورد پێویستی بە دەوڵەتە تا ببێت بە فاکتەری گەشەپێدان بە ناوچەکە، کورد پێویستی بە دەوڵەتە تا بگات بە دان پێدانانی ئەمانی تر و دان بە مێژوو و زمان و خاک و کولتووری نەتەوەی کورد دا بنێن. کورد پێویستی بە دەوڵەتە تا لە کۆیلایەتی دەربازی بێت و ببێتە ئاغا و دیالێکتێکی هیگڵ دەرباز بکات، کورد پێویستی بە دەوڵەتە تا بە یاسایی دانی پێ دابنرێت وەک مرۆڤ کە خاوەن کەرامەت و بوون و زمان و کولتوور و نەریتە.

بە لەپێش چاوگرتنی ڕووخانی سووریا و عێراق و سازنەبوونی دەوڵەت، بە لەپێش چاوگرتنی هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و بە ئەگەرێکی زۆر پارچەپارچەبوونی ئێران، بە بوونی دەیان قەیرانی ئابووری و سیاسی قووڵی تورکیا، کورد دەبێت دۆخی خۆی لەپێش چاو بێت و وەک نەتەوە سیاسەت بکات، یەکگرتوو و بەهێزبوون ئەرکی کورد بێت و کورد دەبێت بە لۆجیکی دۆخەکان هەڵبسەنگێنێت، کورد دەبێت وەک نەتەوە بیر لە خۆی بکاتەوە و خۆی لەگەڵ پڕۆژە جیۆپۆلەتیکییەکان بگونجێنیت، تا هەر کاتێ دەرفەت ڕەخسا، کورد بەرزترین ئامانجی نەتەوەیی خۆی بەدەست بهێنێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO