بەشی دووەم
بەڵگە نەویستە کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە، دەسەڵاتەکانی قاجاری لە وڵاتی فارس و عوسمانی لە ئەنادۆڵ پێویستییان بەجێگرەوە هەبوو، چونکە لەدوا قۆناغی لاوازی خۆیاندا بوون، لەم کاتەشدا وڵاتە زلهێزەکانی ئەو سەردەم کە ئەڵمان و ئینگلیز و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ڕووسیای قەیسەری بوون، بۆ خۆ سەپاندن بەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان لە ناوچەکەماندا لەو پەڕی ململانێ و ناکۆکی و دژایەتی یەکتردا بوون. لەگەڵ ئەوەشدا هەموویان وەک داگیرکەر و نەتەوەی ئەوروپی و مەسیحی، مەبەست و ئامانجەکی هاوبەش و شاراوەشیان لەنێواندا هەبوو، کە لەگەڵ خۆیان دەهێنا، ئەویش بڵاوکردنەوەی هەژموون و کولتووری خۆیان بەسەر گەلانی ناوچەکەدا بوو، کە هەمووی لەسەر جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵات و بەلاساییکردنەوەی دابونەریت و ڕۆشنبیریی خۆیان ڕێکخرا بوو. ئەمەشیان وەک پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی نەتەوەکان بەکار دەهێنا، کە هەر نەتەوەیەک تا چەند ئامادەییان بۆ جێبەجێ کردنی ئەم مەبەستانە هەبوو، چونکە هەندێ لە گەلانی ناوچە و کۆمەڵگەکانیان زیاتر ڕەزامەندی بەرژەوەندی و هەژموونیان لە هەندەکی تر تێدا هەبوو، بۆیە ئاسانتر دەیانتوانی بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان تێکەڵ بە بەرژەوەندی ئابووری وان بکەن و هەژموونیان جێبەجێ بکەن. لەم سۆنگەیەوە پاڵپشتی ئەو نەتەوانەیان دەکرد کە خۆیان دەیانویست. لەم ڕوانگەیەوەش لەسەر کەلاوەی دەسەڵاتی قاجاری و عوسمانی، یاریدەی دروست کردنی دوو دەوڵەتی نەتەوەییان بۆ تورک و فارس کرد، چونکە کۆمەڵگەکانی ئەم دوو نەتەوەیە ئامادە و قبووڵی هەژموون و بەرژەوەندی وانیان باشتر دەکرد. بۆ ئەم مەبەستەش دوو پاڵەوانی نەتەوەیییان هێنایە سەر شانۆ لەناوچەکەدا، کە توانیان زووتر مەبەستەکان بخوێننەوە و ئامادەبوون بەرژەوەندی نەتەوەیییان بە هەموو بەرژەوەندییەکی تر بگۆڕنەوە. یەکەکیان کەمال مستەفا (١٩٢٣) بۆ تورک و ئەوی دیکەیان ڕەزاشا (١٩٢٥) بۆ فارس بوو. ئەمانەش توانیان ڕۆڵی پێشڕەوی بۆ نەتەوەکانیان بگێڕن، چونکە شوێنکەوتەی نەتەوەیی زۆریان لەنێو کۆمەڵگەکانی خۆیاندا هەبوو. ئەمەش وای کرد زلهێزەکان پشتیان بگرن، چاودێریان بکەن و یارمەتییان بدەن تا لەهەنگاوەکانیاندا سەر بکەون .
ڕاستییەکەی ئەم دوو سەرکردەیە باشترین خزمەتیان بە نەتەوەکانی خۆیان کرد، چونکە توانیان بەرژەوەندی نەتەوەییان لەگەڵ مەبەستی زلهێزەکاندا بگونجێنن، بەمەش لە سنوورو چوارچێوەیەکی بەرفرەوان، وڵاتیان بۆ نەتەوەکانی خۆیان دروست کرد. هەر کەسەک ئەگەر ژیاننامەی ئەو دوو سەرکردەیە بخوێنێتەوە لەو ڕاستییە دەگات کە هیچ یەکەک لەم دوو سەرکردەیە ئەگەر پاڵپشتی و یاریدەی زلهێزەکانی ئەو سەردەمی لەگەڵدا نەبوایە، ئەوا نەیدەتوانێ سەربکەوێت و ئەو ڕۆڵە ببینێت، کە لە ئێستادا باس دەکرێت.
لەم نێوەندەدا کورد بێ بەشکراو ڕەچاوی مافەکانی نەکرا، چونکە کۆمەڵگەی کوردی ئەو ئامادەیییەی تێدا نەبوو، تا بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی بە بەرژەوەندی ئەوان گرێ بدات و چارەنووسی خۆی لەسەر بنیات بنێت. بۆیە شوێن سەرکردە نەتەوەییەکانی نەدەکەوت. بەمەش سەرکردە نەتەوەییەکانی کورد نەیانتوانی هەمان ڕۆڵی سەرکردەکانی تورک و فارس ببینن، چونکە شوێنکەوتەی نەتەوەیییان کەم بوو، بەڵکوو سەرکردە ئایینییەکان ئەو ڕۆڵەیان دەگێڕا، کە شوێنکەوتەی زۆرتریان هەبوو، بەلای ئەم سەرکردانەشەوە برایەتی ئایینی لە بەرژەوەندی نەتەوەیی گرنگتربوو، ئەمەش پێچەوانەی بیرکردنەوەی سەرکردەکانی تورک و فارس بوو. لەهەمان کاتدا ئەمە لەگەڵ مەبەست و بەرژەوەندی زلهێزەکانیش ناکۆک بوو، بۆیە پاڵپشتیان نەدەکردن و بەو دەردەیان بردین کە ئێستاکە تێی کەوتووین .
لێرەدا دەمەوێ ئەو بەسەرهاتە بە کورتی بنووسمەوە کە بەڕێز مووسا عەنتەر لە کتێبی “بیرەوەریەکانم” لاپەڕە ٤١٥ لەسەر زاری دکتۆر سەکبان دەیگێڕێتەوە، چونکە ئەو ڕاستیانە دەسەلمێنێت، کە بۆ حاڵی کورد وای لێهات، لەهەمان کاتدا ڕۆڵی زلهێزەکانیش دەردەخات، کە تا ئێستا هەندێ کەس هەیە نایزانێ یان دانی پێدا نانێت. موسا عەنتەر دەنوسێت: “ئینگلتەرا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئەمریکا کە سەرکەوتووەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی بوون، بێئەوەی بگەڕێنەوە بۆ وەرگرتنی بۆچوونی دانیشتوانی ناوچەکە، نەخشەی تازەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دادەڕشتەوە. لەسەر وڵاتە تازەکانیش، سەرۆک وەزیرانی ئینگلتەرا، وڵاتەکانی سووریا و ئێران و تورکیای لەسەر نەخشە پیشانی ئامادەبووان دەدا، بەڵام لەو کاتەدا سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، ئەی کوردستان کەوتۆتە کوێی ئەو نەخشە تازەیە؟ لۆرد کۆڕزۆنی کە سەرۆک وەزیرانی ئەوسای ئینگلتەرا بوو، دەسەڵاتەکی زۆری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبوو، کوردیشی باش دەناسی، دەڵێت: واز لە کوردەکان بهێنن، تا مێشکیان دێتەوە سەرخۆ! بۆیە تا ئەو کاتە پێویستە لەژێر پێیان بفلیقێنرێنەوە”. بۆ ڕوون کردنەوەی زیاتری بیروبۆچوونەکانی و زیاتر ئاشناکردنی ئامادەبووانیش ئەم لێکدانەوە پزیشکییە بۆ حاڵی کوردان دەهێنێتەوە کە دەڵێت “لە زانستی پزیشکیدا، دکتۆرەکان بە سێ ڕێگا چارەسەری ئەو کەسانە دەکەن کە نەخۆشی مێشکیان هەیە، یانی ئەوانەی پێیان دەڵێن شێت، ڕێگای یەکەم تیۆرییە، کە مەعنەویاتی نەخۆشەکەی پێ بەرز دەکرێتەوە؛ ڕێگای دووەم کیمیایییە، کە دەرمانی پێ دەدرێت؛ ڕێگای سێیەم فیزیکی جەستەیییە، کە نەخۆشەکە بە برسیتی دەهێلدرێتەوە، لێی دەدرێت، دەترسێندرێت، ئاوی ساردی پێدا دەکرێ و کارەبای لێ دەدرێ، تا مێشکی دێتەوە سەرخۆی”. ئینجا بەردەوام دەبێت لەسەر قسەکانی و دەڵێت “بۆ چارەسەرکردنی کورد ڕێگەی سێیەم سوودی دەبێت، ئەگەرچی ئەم سێ گەلە موسڵمانەی دراوسێیان دوژمنی کوردن، بەڵام بەوان دەیانبەستینەوە، چونکە ئێمە کریستیانین، ئەوان ئێمە بەدوژمنی خۆیان دەزانن”. هەروەها وا دەنووسێت “بۆیە ئێمە کوردستانمان بەسەر سێ دوژمنی خۆیان دابەش کرد، دڵنیاشم کورد لەناو ئەو وڵاتانەی کە بە قسەی خۆیان برای ئایینی یەکدین، زۆر ئەشکەنجەی جەستەیی و زوڵمی دەروونییان بەرامبەر دەکرێت، هتد.
بە باوەڕی ئێمەش هەبوونی ئەو بیروبۆچوونە سلبیانە، کە وڵاتە زلهێزەکان بەرامبەر بە کورد هەیان بوو بووە هۆی ئەوەی لەم سەد ساڵەی دواییدا، نەتەوەی کورد هەر چەند شۆڕش بکات، زوڵملێکراوی خۆی بخاتە بەرچاو، هەر چەند هەوڵ بداو داوای مافی خۆی بکات، بەڵام گوێ لە داخوازییەکانی نەگیرێت، کێشەکەی وەک کێشەی نەتەوەیی سەیر نەکرێت، بەڵکوو لە باشترین حالەتدا لە ڕووی مرۆڤایەتییەوە مامەڵە لەگەڵ کێشە و مافەکانی بکرێت. ئەمەش وای کرد، بەدەستی داگیرکەران و بە تیچاوی زلهێزان، ئەوەی نەگبەتی و نەهامەتی بێت بەسەرماندا بهێنرێت، هەموو هەوڵێکمان بۆ خۆ ڕزگارکردن بەشکست و بە هەرەس تەواو بکرێت، چونکە لە ڕووی پشتگیری نێو دەوڵەتییەوە، داگیرکەران زیاتر پشتیان دەگیرا، لە ڕووی توانای ئابووری و هێزی چەکدارییەوە، هەردەم داگیرکەران سەرمایەدارتر و چەکی بەهێزتریان پێ دەدرا. ئینجا لەگەڵ ئەمانەدا، کورد و دۆزەکەی لاوازترین پێگەی بۆ دادەنرا.
ماویەتی