سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

دەمارگیری و سوڕی نەوەکان

کۆمەڵناسی گەورەی کلاسیک، ئیبن خەلدون، لە خوێندنەوەی سوڕی نەوەکاندا، کە لە کۆمەڵناسیدا بە “گۆڕانی کۆمەڵایەتی” ناوزەد دەکرێت، پێشبینییەکی گرنگ دەوروژێنێت، کە تا ئەوڕۆش بەشێوەیەکی بەرچاو وەکوو چوارچێوەیەک دەکرێت بەکاربهێندرێت بۆ خوێندنەوەی دەسەڵاتەکانی ناوچەکە و سوڕی گۆڕانی کۆمەڵایەتی. تا ئاستێکی زۆر ئەو ئەقڵییەتەی لە سەردەمی ئیبن خەلدون و بەر لەویش باو بووە، تا ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتانی موسڵماندا هەر زاڵە. ئەم تیۆرییە لەلایەک دوورمان دەخاتەوە لەو تۆمەتەی کە هەمیشە دەگوترێت دنیای ئێمە بە فیکری ڕۆژئاوا ناخوێندرێتەوە، کە ئارگیومێنتێکە، هەم ڕاستە و هەمیش چەوت، چونکە پەیوەندی بە جۆری بابەتەکە و شێوازی جێبەجێکردنییەتی، ئەگینا هەموو کۆمەڵگە مرۆییەکان خاڵی جیاواز و هاوبەشییان هەن.

ئیبن خەلدون، لە پێشەکییەکەیدا، پێشبینی دەکات کە ڕەچەڵەکە دەسەڵاتدارەکان، سێ تا چوار نەوە بەردەوام دەبن و دوایی پاشەکشە دەکەن و کۆتاییان پێ دێت، بەهۆی داڕزانی جەستەی ئەو دەسەڵاتانە لەنێو خۆیاندا، بەتایبەتیش بەهۆی نەمانی یەکڕیزیی، یان یەکگرتن یان هاوکاریی کۆمەڵایەتی، کە ئیبن خەلدون بە “دەمارگیریی خێڵەکیی” (عەسەبییەتی قەبەلی) ناوزەدی کردووە. دەمارگیریی وەکوو بوونی ئەو خێڵگەراییەی کە تا ئەمڕۆش لە زۆربەی وڵاتە زۆرینە موسوڵمانەکاندا هەیە.

ئەو تیۆرییەی ئیبن خەلدون کۆنترین تیۆریی کۆمەڵایەتی و ڕاشکاوترینییانە سەبارەت بە بەردەوامبوونی سیستەمە سیاسییە کلاسیکەکان، کە سێ نەوە (وەچە) بۆ چوار نەوە بەردەوام دەبێت و دواییش کۆتاییان پێ دێت. لێرەدا نەخشەی ڕوانگەی ئیبن خەلدون لە چوار خاڵدا چڕ دەکەمەوە.

نەوەی یەکەم: دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرێت، دەوڵەت بنیات دەنێت و دەسەڵات دەگرێتە دەست. هەڵبەت لێرەدا باس لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نییە، لەڕێی هەڵبژاردن و بەها و نۆرمە هاوچەرخەکان.

نەوەی دووەم: پارێزگاری لە دەسەڵات دەکات و خۆی لە لوتکەی هێزدا دەنوێنێت و بەرگری لێ دەکات، لە لوتکەی دەمارگیریی خۆیدا، خۆی نمایش دەکات.

نەوەی سێیەم: چێژ لە دەسەڵات وەردەگرێت و کەشخەی پێوە لێ دەدات و دەکەونە ناو ڕابواردن و دوورکەوتنەوە لە ژان و خواستەکانی خەڵک. بە زمانی ئەمڕۆ پێی دەگوترێت “گەندەڵی” و تەخشان و پەخشان کردنی داهاتی نیشتیمان.

نەوەی چوارەم: قۆناغی پیربوون و داڕمانە، کە بە چاوی خۆیان تاڵاوی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتیان دەنۆشن و تەفروتونا دەبن.

بەڵگە زۆرن لەسەر کۆتاییهاتنی ڕژێمە تۆتالیتێر و خودسەرەکان، کە بە هەزار حاڵ ئەگەر تەمەنیان بگاتە پەنجا ساڵ، ئەگینا لە دەیەی سێیەم و چوارەمدا کۆتایی بە دەسەڵاتیان دێت. دەسەڵاتی خودسەریی لیبیا، تونس، تا دەگاتە دەسەڵاتی پێشووی میسر، سووریا، یەمەن و عێراق و سودان، ئێستاش کۆماری ئیسلامی ئێران نۆبەی گرتووە.

ئێران، لە 1979وە تا ئەمڕۆ، بەهەر نرخێک بووبێت، لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆجیای شۆڕشی ئیسلامییەوە (شیعەگەریی)، خەریکی دروستکردنی هەژموون بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەڕێی دەستەواژەیەکی باوی ئەو شۆڕشە کە بریتیبوو لە “هەناردەکردنی شۆڕش”. ئەم دروشمە یەکێک بوو لە بنەما سەرەکییەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و پێیان وابوو دەبێت سنوورەکان بۆ ئەوان واڵا بکرێن، بۆ ئەوەی بچن ئیسرائیل بڕوخێنن. دروشمێک کە بەلایانەوە گرنگ نەبووە سیستەمی سیاسی نێودەوڵەتی ڕێگا بەوە نادات.

هەڵبەت هەموو ئەوانەی لە زانستە سیاسییەکان شارەزان لەوە تێدەگەن، کە ئەو دەوڵەتانەی ئایدیۆلۆجیستن، هەمیشە پێویستییان بە دوژمنێک یا چەند دوژمنێک هەیە، وەک ئەوەی کە کارل شمیت لە “تیۆری جیاکردنەوەی دۆست و دوژمن”دا باس لە پێویستی بوونی دوژمن دەکات، بۆ ئەوەی دەوڵەت پاساوی هەوڵ و فراوانخوازییەکانی خۆی پێ بدات. لەو سەردەمەشدا، ئیسرائیل باشترین پاساو بوو بۆ کۆماری ئیسلامی، بۆ ئەوەی خەڵکی خۆی پێ جۆش بدات و ڕۆژانە وەکوو وێردی سەرزمان بیڵێنەوە “مەرگ بەر ئیسرائیل”، هەرچەندە بەپێی زۆر داتا و ئەو گوتارە ئایینییەی کە لەناو دەستەبژێری شیعەدا باو بوو، لە ناوەڕۆکدا ئیسرائیل هێندە دوژمن نەبوو بۆ ئێران، هێندەی بلۆکی سوننی دوژمن بووە.

لەبەرانبەردا، وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتیش سوننە مەزهەبەکان، بە ئیسرائیل‌ـیشەوە، نیگەران بوون بەو دروشمەی هەناردەکردنی شۆڕش. نزیکترینیشیان ڕژێمی ئەوسای عێراق بوو، کە کەمینەی سوننی مەزهەب فەرمانڕەوای ئەو سەردەمەی عێراق بوون، کە ترسی لێ نیشت بوو. لەئاکامدا ئەو دروشمە و جەمسەرگیریی بەئەویدیکردن لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆجیای شیعەرەگەرییەوە، بناغەی بۆ هەناردەکردن دانا، بەڵام هەر زوو کاردانەوەکان توندبوون و جەنگی عێراق-ئێرانی لێ وەپاشکەوت. جەنگێک کە لە نێوان یەک ملیۆن تا یەک ملیۆن و نیو مرۆڤی تێدا لەناو چوو. جەنگێک کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە دەیان ساڵ گەڕاندەوە دواوە.

لەبەرانبەردا، دەکرا، سەرانی ئێران، مۆدێلێکی خزمەتگوزاریی و پێشکەوتووی فەرمانڕەوایەتی لەسەر بنەمای ئیسلام، پێشکەش بە ئێران بکەن و سەرنجی هەموو دنیا بۆ خۆیان ڕابکێشن. جۆرێک لە ئازادی ئایینی و مافەکانی مرۆڤ جێبەجێ بکەن و خەریکی بیناکردنی مرۆڤ بن. بۆ هەموو دنیای بسەلمێنن کە دوای هەزار و ئەوەندە ساڵە چەوسانەوەیە، بەڵام لەگەڵ یەکەم هەژموون و وەرگرتنی دەسەڵات توانییان وەکوو هەموو دنیای پێشکەوتوو ئەوانیش مۆدێلێکی جوانی دەسەڵات پراکتیزە بکەن. بەڵام لەجیاتی ئەوە هەر زوو کەوتنە ڕاوەدوونانی هەموو ئەو خەڵکانەی کە جیاواز بیریان دەکردەوە. بەهەزارانییان لەسێدارە دان.

دوای کۆتاییهاتنی جەنگیش لەگەڵ عێراق و خواردنەوەی پیاڵەیەک ژەهر، دەستیان بە پەلهاوێشتن کرد بۆ لوبنان و دروستکردنی میلیشیایەک کە جڵەوی دەسەڵاتی لوبنانی لەدەست بوو. میلیشیایەک بەهەمان ئایدیۆلۆجیا و ئەقڵییەتی کۆماری ئیسلامی، تەراتێنیان لە لوبنان دەکرد. دوای کۆتاییهاتنی ڕژێمی عێراق لە 2003، دەرگاکان بۆ هەناردەکردنی شۆڕش واڵا کران. دەستیان بەسەر عێراق و سووریا و یەمەن داگرت. دەیانویست هەناردەکردنەکە لە بەحرەین و سعودییە‌ـش کارا بکەن بەڵام بۆیان نەچووە سەر. لەولایەشەوە دەستیان لەگەڵ هەموو بزووتنەوە ئیسلامییەکان تێکەڵ کرد و بوون بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ناسەقامگیری ناوخۆی هەموو وڵاتانی ناوچەکە. ئەوەش بەمانای ئەوە نییە کە وڵاتانی ناوچەکە پێشکەوتوو و مۆدێرن بوون، ئەوەیان چیرۆکێکی دیکەیە.

لەناوخۆی ئێرانیش، لەجیاتی بە فیکر و هۆشێکی فراوانەوە مامەڵە لەگەڵ پرسە جیاوازەکاندا بکەن، لەجیاتی ئەوەی چارەسەرێکی ڕیشەییانە بۆ پرسی کورد و پرسی نەتەوە و کەمینەکانی ناو ئێران بدۆزنەوە. سەرکوتکردن و لێدانی کورد و کەمینەکانییان بەتوندی دەست پێ کرد. دروشمی “ئێمە شەڕ لەگەڵ کورد ناکەین، بەڵکوو شەڕ لەگەڵ کوفر دەکەین” بوو بە دروشمێکی باوی کۆماری ئیسلامی دژ بە داخوازییەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بندەستی ئێران. بەهەزاران لاوی کورد وەکوو دژە شۆڕش و بەناوی دژە-خوابوون (محاربە اللە) لە سێدارە دران.

لەسەر ئاستی دەرەوەش، لەجیاتی ئەوەی پەیوەندییەکی دۆستانە لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە دروست بکەن و گرنگی بە گەشەسەندن و بەهێزبوونی وڵاتانی ناوچەکە بدەن، سوورتر بوون لەسەر هاندانی میلیشیاکانیان بەپاساوی دژایەتی ئیسرائیل و خستنەگەڕی توانای ماددی و مەعنەوی ناوخۆ و وڵاتانی ناوچەکە لە ململانێیەکی نەزۆک و عەقائیدی دژ بە سوننە مەزهەبەکان.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا، پەنایان بۆ بنیاتنان و دروستکردنی چەکی قەدەغەکراوی ئەتۆمیی برد، چەکێک کە نە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و نە لەسەر ئاستی وڵاتانی سوننە مەزهەبی ناوچەکەش قبوڵکراو نەبوو. هاوکات، دنەی بزووتنەوەی حەماسیان دا بۆ سەرقاڵکردنی ئیسرائیل، بە خەونی ئەوەی ئەوان خەریکی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی خۆیان بن. بەڵام لە پڕ هەموو هاوکێشەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی شکانەوە. لەلایەک چالاکییەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 202٣، کە پەلاماردانی سەدان خەڵکی سڤیلی ئیسرائیلی بوو، بووە هۆکارێک کە ئیدی ئیسرائیلییەکان شەڕەکە ببەنە پانتایی شەڕی مان و نەمان، بەو شێوەیەی کە لە غەززە جێبەجێی کرد. دوای لێدانی یەکە یەکەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، تا دەگاتە 13ی تەمووزی ٢٠٢٥، کە پەلاماری بنکەکانی چەکی ئەتۆمی و بارەگا ئەمنییەکانی ئێران درا.

ئێستا، ئەوە خەریکە دەسەڵاتی تاکڕەویی کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیک دەبێتەوە لە 4٦ ساڵ. دەسەڵاتێک بەهەمان ئەقڵییەتی دەمارگیریی خێڵەکی عەقائیدی سەدەکانی ناوەڕاست و سایکۆلۆجیای خێڵەکی دەشتەکییە عەرەبەکان، بە قەولی ئیبن خەلدون، ویستییان هەژموون بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنن. شکستیان هێنا لەوەی مۆدێلێکی پێشکەوتووی حوکمڕانی پێشکەش بە نەتەوەکانی ئێران بکەن. شکستیان هێنا لەوەی هاووڵاتییانی ناو ئێران خۆشگوزەران و بەختەوەر بژیێنن. شکستیان هێنا لەوەی مرۆڤی بەهێز و باوەڕبەخۆ بوو دروست بکەن. بەپێچەوانەوە هیچ نەتەوەیەک لە دنیا هێندەی ئەوڕۆی ئێرانییەکان ڕقیان لە ئیسلام و عەرەب و حوکمی مەلاکان نییە.

بۆیە، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕەهەندەکانی داڕمانی لەناو هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە. لەلایەک بەهۆی دڕدۆنگی هاووڵاتییانی ئێران دژ بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و لەرزۆکی و داڕزانی بەرەی ناوخۆ، لەلایەکی دیکەشەوە، بەهۆی نەبوونی هیچ دۆستێکی هەمیشەیی لەسەر ئاستی ستراتیج کە بتوانێت بەرەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهێز بکات. لەکۆتاییشدا بەهۆی داڕمانی کەرتی ئابووری و دارایی. بۆیە، هەموو ئەو ڕەهەندانە ئاماژەی زەقن بۆ نزیکبوونەوە لە داڕمان، دوای ئەو جەنگەی کە ئیسڕائیل لەدوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە دژ بە میلیشیاکان و باوانەی میلیشیاکان کە ئێرانی ئیسلامییە، ڕایگەیاندووە. ئایا ئەمجارەش پیاڵە ژەهرێکی دیکە دەخۆنەوە بۆ ڕزگاربوون لە داتەپین و دواخستنی داڕمانیان، یان کۆتایی بەو ڕژێمە دێت؟ ئەوە داهاتوو و ڕووداوەکان لە ئایندەی نزیکدا شایەدی ئەو وەڵامە دەبن.

لەکۆتاییدا، نەتەوەکان دەمێننەوە، ڕژێمەکانیش ئاوا دەبن و ئاو و ئاو دەڕۆن. ئەمەش سوڕی ژیان و دەسەڵاتەکانە. ئایا دەسەڵاتەکانی ناوچەکە سوود لەو سوڕە وەردەگرن، یان ئەو ئەقڵییەتە خێڵەکییە هەمیشە وەکوو بەربەستێک دەمێنێتەوە؟

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO