لە بەرپرسیارێتیی و میحنەتەوە بۆ سەردەست و سەروەر
هاوار محەمەد
ئیسرائیل هەڵمەتە سەربازییەکەی ئەمجارەی ناوناوە “گەلی وەک شێر” یان وەک هەندێ لە ڕاگەیاندنەکان لە زاری ناتانیاهۆوە بڵاویان کردەوە “ئۆپەراسیۆنی گەلی شێر”، کە بە زوویی گۆڕا بۆ “شێری ڕاپەڕیوو”. دەربڕینەکەش لە ئایەتی ۲٤ی ئارتیکڵی ۲۳ی سیفری “سەرژمێری”ـیەوە وەرگیراوە کە بەم جۆرەیە: “گەلێک وەک شێرەمێ هەڵدەستێت، وەک نەڕەشێر ڕادەپەڕێت. ناخەوێت هەتا نێچیرێک نەخوات و خوێنی کوژراوان نەخواتەوە”.
جارێ با واز لە دەستەواژەی شێر بهێنین، بەڵام ئەو “گەل”ـەی نێو دەربڕینەکە و زۆربەی دەربڕینەکانی دیکەی نێو گوتاری دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، کە گوایە هێمایە بۆ “گەلی جوو” باشتر بڵێین بۆ “گەلی ئیسرائیل”، چییە؟ وەک دەزانین دەستەواژەی “گەلی ئیسرائیل” لە تەوراتـەوە هاتووە و لە هەموو ئایینە ئیبراهیمییەکانـیشدا هەیە. سەرەتا دەستەواژەی “گەل” کە لە تەورات دا دەردەکەوێت بە تەواوەتی مانایەکی ئایینی هەیە. گەلی ئیسرائیل گەلی خوایە و هەڵبژاردەی ئەوە. بەڵام مانای چییە “گەلی خوا” بیت؟ بێگومان گەلی خوا “ئیمتیاز”ی میتافیزیکیی هەیە، بۆ نموونە ئەو دەسەڵەتە پاشایەتییە سەروو سروشتییە بانگەشەبۆکراوانەی کە شانشینی گەورەی شائول و داوود و سلێمان و دواتریش یەهوزا و یەشوع هەیانبووە. بەڵام هاوکات ئەم ئیمتیازە بەرپرسیارێتییش بووە لە ئەستۆی گەلی ئیسرائیل بەرامبەر بە خوا: ئەم گەلە دەبێت بە تاقیکردنەوە سەختەکانی یەزداندا تێپەڕێت، میحنەت بکێشیت، دەربەدەری ببینێت، پەرتوبڵاوی ئەزموون بکات، غەزەبی خواوەند و پاشا ستەمکارەکانی ئیمپراییەتەکانی دەوروبەر بیگرێت. دواجار بەم مانایە گەلی ئیسرائیل “قوربانی”ـیە، قوربانییە بۆ خوا و دەبێت لە پێناو ئەودا ئامادەی کۆکوژکردن بێت، هەر لە کۆمەڵکوژییەکانی دوای ڕووخانی شانشینەکانیانەوە تاوەکو “خۆکۆکوژکردن”ی سەردەمی “دەرچوون”، دوای ئەوەی لە غیابی موسا دا، بە دنەی “سامری” بتی گوێرەکە زێڕینەکە دروست دەکەن و مەرجی لێخۆشبوونی خواش ئەوەیە کە لە شەوێکی ئەنگوستە چاودا، هەموو پیاوان و کوڕانی نەوەی ئیسرائیل تا ڕۆژ دەبێتەوە لە یەکتر بکوژن.
هەڵبەت تیۆری دیکە هەیە کە گەلی ئیسرائیل نەک وەک قوربانی، بەڵکوو وەک “هۆمۆساکەر” (ئەوەی بۆ قوربانی نابێت، بەڵام دەشێت بکوژرێت و بکوژەکەش سزا نەدرێت) دەبینێت. لەم بارەدا میحنەتی گەلەکە گەورەتریشە و خۆی نەک دەبێتە قوربانی، بەڵکوو تەنانەت بۆ ئەوەش ناشێت، کەواتە هەموو ئیمتیازە یەزدانییەکەی لێ دادەماڵرێت و تەنیا دەبێت بە ملکەچیی ڕەهای پاشایەتییەکان، حاکمییەتەکان؛ واتە تەنیا دەتوانێت لە ڕێگەی بوونییەوە بە هۆمۆساکەر بۆ دەسەڵاتێک، ئەو دەسەڵاتە بەشێوە حاکمیەت (سۆڤرین) بچەسپێنێت.
ئەم دۆخە، چ قوربانیبوون یان هۆمۆساکەربوون بێت، بە سەدەکانی ناوەڕاستدا درێژ دەبێتەوە تا سەردەمی نوێ کە ئیدی لە جەنگی دووەمی جیهانی دا و لە “هۆلۆکۆست”دا دەگات بە ترسناکترین ئاستەکانی خۆی. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە کە “زایۆنیزم” سەر هەڵدەدات، هەوڵ دەدرێت ئەم گەلە پەرتوبڵاوە، ئەم گەلەی کە قوربانیبوون و هۆمۆساکەربوونی بینییوە، یان دواجار ئەم گەلەی کە بەردەوام هێرشی دەکرێتە سەر و دەکرێت بە “نێچیر”ی ستەمکارییەکان و دەسەڵاتە سەروەرییخوازەکان، لەسەرزەمینێک کۆبکرێتەوە و پارێزبەندیی بۆ دروست بکرێت.
زایۆنیزم نایەوێت جووەکان چیتر بەپرسیارێتیی یەزدانییان لە ئەستۆ بێت، نایەوێت چیتر قوربانی و هۆمۆساکەر بن، نایەوێت چیتر گەل لەو “پەیمان”ـەدا بێت کە لەگەڵ خوا دا هەیەتی، بەو پێیەی خوا کەمێک جەننەت و زۆریك میحنەتی بە جوو داوە. زایۆنیزم بۆ ئەوە دروست دەبێت هەلومەرجەکە پێچەوانە بکاتەوە: وەرگرتنی ئیمتیازە یەزدانییەکان و کۆتاییهێنان بە میحنەتەکانی. هاوکات ئەمە واتە ناسیۆنالیزەکردنی “گەل”ی ئیسرائیل لە گەلێکی یەزدانییەوە بۆ گەلێکی زەمینی، لە گەلێکەوە کە پارێزبەندییەکانی لە ئاسمانە بۆ گەلێک کە گەرەنتییەکانی مانەوەی لە زەمینە و هاوکات ئەم “مانەوەیەش” دەبێت هێندە گومانهەڵنەگر بێت کە هیچ کاتێک لە دووریشەوە مەترسیەک هەڕەشەی لێ نەکات، کەواتە دەبێت هەمیشە لەڕێگەی “لێدانی پێشوەختە”وە لە دوژمنەکان، زەمانت بکرێت.
زایۆنیزم گۆڕینی هەندێ لە بڕگەی پەیمانەکەیە لەگەڵ یەزدان دا، بە جۆرێک کە لەوەبەدوا خوا ئیمتیازەکانی زۆرتر بکات و بە ئازاری کەمیش لە گەلەکەی ڕازیی بێت. بەم جۆرە زایۆنیزم بۆ ئیسرائیل واتە یەکلاکردنەوەی دوو پرس. یەکەمیان گۆڕینی جووداییزم “بەخششی کەم و ئازاری زۆر”، بۆ زایۆنیرم “بەخششی زۆر و ئازاری کەم” یان هیچ نەبێ قووتدانی جووداییزم و داڕشتنەوەی لە زایۆنیزم دا؛ دووەمیان: زەمینکردنەوەی چەمکی “گەل” لە کۆنسێپتێکی ئاسمانییەوە بۆ کۆنسێپتێکی زەمینی، واتە بە عەلمانیکردنی چەمکی “گەل”. بەڵام ئەم گەلی ئیسرائیلە چەندە سێکیولاریزەش بکرێت، هەر ئیمتیاز و باڵایەتییە یەزدانییەکەی هەیە، بەم مانایە ئیسرائیل لەو گەلانەیە کە هەرگیز بە تەواوەتی سێکیولاریزە نابێت؛ لە دڵی سێکیولاریزمەکەیدا، شتێک لە جووداییزم هەیە؛ وەکو ئەوەی تەنانەت بە بیرمەندە نادینییەکانیشیانەوە دیارە، لەوانە فرۆید و واڵتەر بنیامین و لێڤیناس. بگرە لە دڵی سێکیولاریزمی ئیسرائیل دا زایۆنیزمی مەسیحایی یان زایۆنیزمی تووندڕەو هەیە، بەو جۆرەی کە ئێستا لە دەوڵەتەکەی ناتانیاهۆدا بێ هیچ پەردەیەک دەیبینین.
ئەو دەسەڵاتەی گەلی ئیسرائیل، کە زایۆنیزم نزیکەی هەشتا ساڵە کار بۆ جێگیرکردن و فراوانکردنی دەکات، چیتر شانشینە دێرینەکانی گەلی جوو نییە، بەڵکوو یەکەیەکی سیاسییە کە لە دنیای مۆدێرندا پێی دەگوترێت “دەوڵەت”. دەوڵەتیش چوارچێوەی سیاسیی ئەو خەڵکانەیە کە لە دنیای نوێدا بە “نەتەوە” یان “گەل” ناسراون. ئەم گەلە گەلی دەوڵەتە، واتە گەلێکی دینی نییە و گەلێکی سیاسییە و پەیوەندییە مرۆییەکان و بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای لۆجیک و هاوکێشە زەمینییەکانە. بەڵام هاوکات گەلی ئیسرائیل هیچ کات لە مانا ئیلاهییەکەی و ئەزموونەکانی مێژووی خۆی دوورنەکەوتۆتەوە، بۆیە ئەم دەوڵەتە هاوکات هەمان دەسەڵات و باڵایەتیی یەزدانیی هەیە و “گەل”یش هەمان ئیمتیاز و هەڵبژێردراوی، بەڵام لە زەمیندا.
لۆجیکی دەوڵەتیش ئەمەیە: بۆ ئەوەی دەوڵەت وەک دەسەڵاتێکی حاکمیەت دابمەرزێت و ببێت بە دەوڵەتێک لەسەر خەڵک و خاکێکی دیاریکراو، دەبێت “هۆمۆساکەر”ی خۆی دروست بکات کە لەم بارەدا “فەڵەستینییەکان”ـن، هاوکات دەبێت ئەم دەوڵەتە توانای ڕاگەیاندنی دۆخی ئاواتە و دۆخی جەنگی هەبێت؛ لەم بارەدا دۆخی ئاوارتەی هەمیشەیی بەهۆی هەڕەشەی گرووپە ئیسلامییە تووندڕەوەکانی وەکوو حەماس و گرووپە شیعییەکان، یان دۆخی جەنگ دژ بە دەوڵەتانی دەوروبەر: میسر، سووریا، عێراق، ئێران، هیتر.
کەواتە زایۆنیزم پرۆژە یان خەونی پێچەوانەکردنەوەی دۆخی جووە؛ لە قوربانییەوە بۆ سەردەستە، لە هۆمۆساکەرەوە بۆ سەروەر، لە نێچیرەوە بۆ ڕاوكەر. دروستر بڵێین زایۆنیرم خۆی بە جۆرێک دژ بە جوودایزمیشە، تووندڕەوکردنی جوودایزمە تا ئاستی ڕەگەزپەرستی. “شێر”ی نێو دەربڕینەکە لەم گۆڕانە جەوهەرییەی زایۆنیزم دا مانا وەردەگرێت. شێرێک کە بە باڵایەتییە شکۆدارەکەیەوە چەپۆک لە کەمتیارەکان دەدات و لە قووڕگیشەوە نێچیرەکەی دەخنکێنێت.
تێبینی: ئەمە بابەتە لە فەیسبووکی نووسەر وەرگیراوە.