هاوار محەمەد
هەڵپەڕكێى كوردى، بە تایبەتى هەڵپەڕكێ باوەكان، هەندێك جووڵەى سادەیە؛ دووبارەبوونەوەیەكى درێژى گرووپە خەڵكێكە پێكەوە، لە دەستى یەكتریدا كە چەندى بۆى زیاد ببێت، گەر لە شوێنى كراوەدا بێت، دەتوانێت وەرى بگرێت؛ هەڵپەڕكێ بێكۆتا تواناى كشانى هەیە. لەبەر ئەم هاوشێوەییەى جووڵە و كشانى بەردەوام، ئەگەرى ئەوە هەیە خەڵك تێیدا ببێت بە “ڕەشەخەڵك”؛ بە تۆپەڵ و تۆقێكى هاوناسنامە كە كاتێك دەكەونە جووڵە چیتر پێویستییەكى زۆریان بە “هۆكارى بنەڕەتیى جووڵەكە” نامێنێت. لەبرى ئەوە هەر پێكەوەبوونەكەیان لە تەنیشتى یەكترى خۆى دەبێت بە پاڵنەر و هاندەری جووڵە و ڕەفتار. ژن ڕزگاركەرى ئەم خەڵكەیە، ڕەشەخەڵك دەگۆڕێت بۆ “گەل”. مێینە دەبێت بە بەڵەكى نێو ئەم “ڕەش”ـە؛ ناهڵێت خەڵك لە ڕەشەخەڵكدا بمێنێتەوە؛ پەڵەپەڵەى دەكات، ڕەنگى تێكەڵ دەكات و بەرەو كرانەوە و یەكسانى دەیبات؛ گوایە لەبەرئەمەیە شایى ژن و پیاو لە دەستى یەكترى نێونراوە ڕەش-بەڵەك.
هەندێك پێیانوایە ئەم بەڵەكییە، ئەم دوانەییە لە شاییدا، لە قووڵایى مێژووى كۆنى بیروباوەڕى كورد دایە و بەشێكە لە نەزمى بیركردنەوەى دووانەیی كە تێیدا دژەكان لەگەڵ یەكتر دەگونجێن؛ لەبرى ناكۆكى لە ئاشتیدا پێكەوە دەحەجمن؛ لەبەر ئەمە شایى و هەڵپەڕكێ تاكە دیمەنێك نییە كە ئەم بنەما دووانەییەى تێدا دەر دەكەوێتەوە. نووسەرێك بە ناوى تاهیر قاسمى ڕەشبەڵەك وەك دووبارەبوونەوەى هەمان بنەما لە كایەگەلێكى دیكەشدا دەبینێت و دەنووسێت:
“سازکردن و ڕازاندنەوەی ڕووکاری بینا گەورەکان بە دوو ڕەنگی ڕەش و سپی لە پاڵ یەکتر بە ناوی “بورجا بەلەک”، گرینگیی جامانە و ڕەنگەکەی، چنین و ڕازاندنەوەی جلوبەرگ، بەرماڵ و هەوری، هتد، بە دوو ڕەنگی ڕەش و سپی، نموونەی ڕەنگدانەوەی ئەو باوەڕەن. هەموو ئەوانەش لەوەوە هاتوون کە باوەڕ بە دوانەی خێر (سپی) و شەڕ (ڕەش) لە لای کوردان و لە ئایینی کۆنی کوردان دا باو بووە. پێیان وا بووە هەردووی ئەوانە لە خواوە بۆ بەشەر ناردراون و مرۆڤ خۆی دەبێ چاک و خراپ هەڵبژێرێ”.
بەڵام یەك خاڵى گرنگ هەیە: ئەوەى مێینە بۆ هەڵپەڕكێ زیادى دەكات، تەنیا كەمێك ڕەنگى “سپى” نییە بۆ سەر پانتاییەكى “ڕەش”؛ بەڵكوو سازدانى كەرنەڤاڵى هەموو ڕەنگەكانە؛ كیمیاى ڕەنگەكان. لە زمانى نەوەكانى پێشوو و ئەدەبیاتەكەیاندا زاراوەكانى وەكوو “ئاڵوواڵا، كوڕوكاڵ، شۆخوشەنگ، بەزموڕەزم، لەنجەولار، گۆبەند، بەهار، جەژن، نەورۆز، گوڵزار، كۆڵوانە، دەسماڵ، سوخمە، گەردانە، بازن، شەدە، شیلانە، هەیاسە، هتد،” زۆر باوبوون؛ هەرهەمووشیان پەیوەندیدار بوون بە نەورۆز و بەهار و شاییەوە. ئەدەبیاتى نووسەران و شاعیرانى پێشووى كورد پڕن لە باسى ڕەشبەڵەك و شایى؛ تەنانەت گەر مەكرى یار و ڕیسكى دڵداریى وەك “باخچەى پاشا”ى “گۆران”ى مەزنیشى تێدا بێت. شاعیران پتر ئەم باسەیان لە سیاقى “لادێ” و “ژیانى گوند”دا وەسف كردووە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە كە زۆرجار بەستوویانەتەوە بە “ئازادى”ـیەوە؛ بۆ نموونە شیعرى “ڕەشبەڵەك لە جەژنى لادێدا”ى قانع وەسفێكى وردى ئەم هەمەڕەنگییەى لادێیە و هاوكات هەر ئەم هەمەڕەنگییە دەرفەتى ئازادى دەڕەخسێنێت و ئومێدى “سەربەستى”ـیشى پێیە. یاخود شیعرى هێمن گەلێك وەسفى لەم جۆرەى تێدایە كە شایى و شادى، ڕەشبەڵەك و ئازادى پێكەوە دەبەستێتەوە:
كیژ و كوڕ بگرن لە دەورى گۆڕى “هێمن” ڕەشبەڵەك
من كە شینگێڕى شەهیدانم، لە كوێ شینم دەوێ…
یان لەم بەیتەشیعرەى عەلى عارف ئاغایی دا:
بچینە بەزم و ڕەزمى گۆرانى
یا ڕەشبەڵەك و هەڵپەڕینەوە
خەندە بكەینە شیعارى ژیان
بەلاى گرژیا قەت نەچینەوە
شایى بەرهەمى ئارەزووى شادیى كوردە، ئارەزوویەك كە “خەندە” نەك “شیوەن” دەكات بە دروشمى ژیان؛ بەڕێكەوتیش لە ڕووى فۆنەتیكەوە “شایى” و “شادى” لەیەكترییەوە نزیكن و خۆ ڕەنگە زۆر ڕێكەوتیش نەبێت و لە ڕووى ئیتیمۆلۆجییەوە پەیوەندییان پێكەوە هەبێت. نەورۆز گەرچى جەژنى زۆربەى گەلانى ناوچەكانى دەورى ئێمەشە، بەڵام كورد بەو ئاڵوواڵاییە و بەو هەڵپەڕكێیە مۆرى تایبەتى خۆى لێداوە. نەورۆزى كورد پێناچێت بەرهەمى مێژووى “پرسە” و ڕۆحى “شیوەنگێڕى”ى فارس و ئیرادەى “ڕەشپۆشى” بێت. كورد [بۆ نموونە ئەو پارادایمەى ڕۆژاڤا دایمەزراندووە] ئەو ئاڵوواڵایەیە كە دەكەوێتە سەر ئەم “ڕەشپۆشییە”ى ناوچەكە و دەیكاتەوە، نیشانەى تێكەڵاویى و ڕەنگاوڕەنگییەكە كە لە كولتوورى هەموو ناوچەكەدا ئێجگار دەگمەنە. پۆشاكیى كوردیى ژنانە، بە تایبەت لەو فۆڕمانەدا كە لە ماوەى هەشتا ساڵى ڕابردوودا پتر مۆدێرنیزە كراوە، لە جوانترین پۆشاكەكانى جیهانە و هەر بەم جۆرەیشە كە ڕێك دەكەوێتە بەرامبەر هەر ویستێكى “یەكپۆشیى ڕەشپۆشى”ــیەكەوە كە ئیسلامیزم لە فۆڕمى “عەبا، پەچە، حیجاب”دا لەگەڵ خۆیدا هێناویەتى.
لەخۆڕا نەبوو لە ساڵانى نەوەدەكاندا یەكەمین وانەى چڕوپڕی ئیسلامییەكان بۆ گەنج و تازەلاوەكان فتواى “حەرامكردنى ڕەشبەڵەك” بوو. ئەوەش لەبەرئەوەى لە كۆمەڵگەى كوردى مسوڵماندا ئیسلامی میللى و پیاوە ئاینییەكانى (جگە لە چەند مەلایەكى داخراوى مێشكوشكى وەك “زارى” نەبن)، بگرە خەڵكانى لادێش كێشەیەكى ئەوتۆیان لەگەڵ ڕەشبەڵەك نەبووە؛ بەڵام ئیسلامیستەكان لە قەدەغەكردنى ڕەشبەڵەكەوە دەستیان كرد بە شكاندنى متمانەى كۆمەڵایەتى، دەستیان كرد بە جیاكردنەوەى كوڕان و كچان لە یەكترى و ئینجا ڕەشپۆشكردن و یەكپۆشكردنى مێینەى كۆمەڵگەى كوردى.
هەڵبەت پێش ئەوانیش ئەم فتوایە لێرەولەوێ دراوە؛ بۆ نموونە “زارى” گەلێك شیعرى بێتام و تووندڕەوانەى هەیە كە ڕەشبەڵك نەك حەرام دەكات و بگرە بە “ڕسوایى” ناوى دەبات. كاوس قەفتانـیش لە لێكۆڵینەوەیەكیدا دەربارەى میرنشینى سۆران، باس لەوە دەكات كە “پاشا كوێرە”ى ڕەواندوز ڕەشبەڵەكى قەدەغە كردووە. بەڵام ئەمانە لە ڕابردوودا بێكاریگەر ماونەتەوە و ڕۆحى شادى و ئاڵوواڵا بەزاندوونى. لە ئێستادا، بە پێچەوانەوە، ئیسلامییەكان هێندە كاریگەرییان لەسەر زەین و فۆڕمى ژیانى خەڵكى ئێمە لە باشوور، داناوە، كە چیتر سەركەوتنى ئەو ئارەزووە شادیبەخشە كوردییەى پێشوو مسۆگەر نەبێت. خۆشبەختانە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاڤا، هێشتا زیندووە و گەر ئومێدێك هەبێت بۆ شكاندنى مەددى ئیسلامیزم، ئەوا شۆڕشى ژینایە كە دەستى پێكردووە و تەواو نەبووە.