بەشی یەکەم
ئێمەی کورد نەتەوەیەکین مێژووی خۆمان بە میزۆپۆتامیا دەبەستینەوە، ڕابوردووی کۆنیشمان لە سەردەمی سۆمەرییەکانـەوە تا مادد و بەدواتر دەناسینەوە. مێژووی نوێشمان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرێ دەدەینەوە، کە لە سەرەتای داهاتنی ئیسلام شەش سەدە دوای زاین دەست پێ دەکات. بەڵام لەبەر ئەوەی لە شەڕی چاڵدێرانـەوە (١٥١٤) وەرچەرخانەکی گرنگ لەسەر خاکی کوردان، کوردستان، لەنێوان سەفەوی و عوسمانیەکان دا ڕوو دەدات، بۆیە ئەم قۆناغە لە مێژووی ئێمەدا بە دابڕانەکی جیاکەرەوە دادەنرێت، چونکە دەرئەنجامەکانی ئەو شەڕە تا ئێستاش کاریگەریی لەسەر خواستی داگیرکەراندا دەردەکەوێت.
لەم سەد ساڵەی دواییشدا، لە ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ و پەیماننامەی لۆزان و سیڤەرـەوە مێژووەکی ترمان بۆ نوسراوەتەوە، چونکە ئەو بارودۆخەی ئێستامان بەرهەمی ئەو پەیماننامە و ڕێکەوتنامانەیە، کە وڵاتە زلهێز و داگیرکەرەکان بڕیاریان پێ لەسەرمان داوە. لە ئەنجامی ئەم ڕێڕەوە مێژوویییەشدا، لە مێژووی کۆن و نوێدا، ئێمەی کورد وەک نەتەوە سەربەخۆ نەبووینە و هەرگیز لەژێر چەتری دەسەڵاتەکی گشتگیردا خۆمان نەبینیوە، بەڵکوو لە باشترین حالەتدا وەک چەند میرنشینەکی ژێردەستە یان بەسەر چەند پارچەیەکی داگیرکراودا دابەش بووینە. ئەمەش وای کرد ئەو پەندەمان بەسەردا جێبەجێ ببێت، کە پیرەمێردی مەزن دەڵێت: هەر دارێ لقی زۆری لێ ببێتەوە، ئیتر ئەو دارە ئەوەندە بەرز نابێتەوە. بەهەمان شێوە ئەگەرچی هەموو کورد لەسەر ڕەگەک دروست بووە، بەڵام بە چەندین لق گەشەی کردووە، کە هەر لقەک بە ئاراستەیەکی سەربەخۆ دەشەکێتەوە، بۆیە ناتوانن بە هەموو لقەکان هێز بەدارەکە بدەن و بەرزی بکەنەوە. لەڕووی زۆری و جیاوازی لە شێوەزار و دابونەریت و ڕۆشنبیری، هتد، لەیەکتر دوور کەوتووینەتەوە، لە هەر پارچەیەکی داگیرکراوماندا وەک لقە دارەکی سەربەخۆ خەسڵەتی داگیرکەرەکمان لەسەر ڕەنگ دەداتەوە .
ئەو کەسەی لە مێژووی نوێ ئاگادار بێت و شارەزایی لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەی خۆماندا هەبێت، بەبێ گومان ئەو ڕاستییانە دەزانێت، کە لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە (١٩١٤-١٩١٨) کە سەردەمی دروست کردنی دەوڵەتە-نەتەوەیییەکانە لەدەوروبەرماندا، زلهێزەکان نەخشەی ناوچەکەمانیان کێشاوە و سیناریۆیان بۆ ڕووداوەکان داناوە. بەبێ یاریدەی زلهێزەکان و ڕەچاونەکردنی بەرژەوەندییەکانیان، هیچ نەتەوە و سەرکردەیەک، هیچ شۆڕش و بزووتنەوەیەک بەخواستی خۆی سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە، سنووری هیچ وڵاتەکیش بەبێ ویستی ئەوان دانەڕێژراوە. هەروەها ئەم کەسانە لەو ڕاستییەش دەگەن، کە لەبەرچی بەر لە سەد ساڵ، کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا وەک سووتەمەنی لێی ڕوانراوە، بۆ خاکەکەی دابەشکراوە و ڕەچاوی مافی نەتەوەیی نەکراوە.
لەمەشدا هەر چەندە زلهێزەکان تاوانبارن، بەڵام خۆشمان تا ڕاددەیەک بەرپرسیارین، چونکە چەند هۆکارەکی خودی هەبوو، کە وایان کرد ویستی زلهێزان سەر بگرێت، چارەنووسمان لەدەست خۆمان نەبێت و خواستی داگیرکەران سەربکەوێت. گرنگترین هۆکاریش لەمەدا، لەپاڵ هەڵکەوتە و شوێنی جوگرافیمان، کە کەوتۆتە نێوان سێ نەتەوەی پاوانخواز و هاوبڕکێ و هاوشان لەگەڵ بێویژدانی زلهێزاندا ئەوەبوو، کە ئەو کاتە کۆمەڵگەی کوردی بەرژەوەندی خۆی نەدەزانی و یەک دەنگ نەبوو، ئامادەیی خۆبەڕێوەبردن و توانای پاراستنی خۆی و بەرژەوەندی زلهێزانی نەبوو، بەرامبەر بە داگیرکەران لێبوردە و دڵ نەرم، لەگەڵ یەکتردا تۆڵەستێن و دڵیان ڕەق بوو. بەبەراورد بە کۆمەڵگەی نەتەوەکانی دیکە لە نزمترین ئاستی هۆشیاری و هەستی نەتەوەییدا بوو! نەخوێندەوارو پەرتەوازەو خۆ بەکەمزان بوو!
لەبەرابەردا، نەتەوەکانی چواردەورمان بەتایبەتیش تورک و فارسەکان بەپێچەوانەی گەلی کورد و گەلانی دیکە لە ناوچەکەدا ئەو ئامادەیییان تێدا هەبوو، کە خۆیان بەڕێوە ببەن و بەرژەوەندی زلهێزەکان بپارێزن. هەروەها زووتریش لەو ڕاستییە گەیشتن کە بەرژەوەندی نەتەوەکەیان لەخۆ گونجاندنە لەگەڵ ویستی زلهێزەکان، بۆیە لەم قۆناغدا، زلهێزەکان پشتیان بەوان بەستا، هەریەکەیان وەک پاسەوانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکار هێنا، ئەوانیش بەباشترین شێوە ڕۆڵیان گێڕا، ئینجا لەگەڵ ئەم ڕۆڵەدا وڵاتی خۆیان دروستکرد و ئێمەیان بەجێهێلا. ئەمەش ڕاستییەکە دەبێت هەموو کوردەک بیزانێت تا خۆی بناسێت و لە لێکدانەوە و خوێندنەوەی ڕووداوەکاندا چیتر بەهەڵەدا نەچێت، سەربوردەی داگیرکەران بزانێت ئینجا داهاتووی خۆی لەسەر بنیات بنێت.
هۆکارەکی تریش لەو سەردەمدا کاریگەریی لەسەر چارەنووسمان هەبوو، ئەویش ڕووخانی دەسەڵاتی قەیسەری ڕووس و سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر (١٩١٧) و دروستبوونی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران بوو، چونکە بەمە سیستەمی جیهانی بەپێی دوو جەمسەری هاوتاو دوو ئایدۆلۆژیای دژ بەیەک ڕێکخرایەوە، کە یەکێتیی سۆڤیەت وەک جەمسەرەک بەئایدۆلۆجیای سۆشیالیستی دژ بە وڵاتە ڕۆژئاوایییەکان و سیستەمی سەرمایەداری ڕۆڵی دەگێڕا، ئەمەش کاریگەریی لەسەر داڕشتنی بڕیاری زلهێزەکاندا هەبوو، ڕۆڵەکی یەکلاکەرەوەی لە دروستکردنی ئەو چارەنووسەدا بینی کەوا ئێمەی کورد لە سەدەی بیستدا بۆمان دیارکرا، چونکە بووە هۆی زەقکردنەوەی هەموو ئەو کەموکووڕییانەی کە ئێمەی کورد وەک نەتەوە هەمان بوو.
ئەمەش وای کرد بەرژەوەندی زلهێزان و خواستی داگیرکەرانی کوردستان یەک بگرێتەوە، ئینجا لەم پێناوەدا، بۆ پاراستن و بەهێزکردنی هەر ئایدۆلۆجیایەک، هەر جەمسەرەک هەوڵی ئەوەی دەدا وڵاتی لایەنگر بۆ خۆی دروست بکات، بۆ ئەم کارەش وڵاتە ڕۆژئاوایی و سەرمایەدارەکان پێشدەستە بوون، چونکە هەر لەدوای کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی بناغەیان بۆ ئەم کارە داڕشت و زووتر نەخشە و بەرنامەی خۆیان جێبەجێ کرد. ئەوەبوو بۆ ڕاکێشانی سۆزی ڕەگەزی تورک و فارس بەلای خۆیاندا، ئێران و تورکیایەکیان بە لکاندنی خاکی کوردان، بەبێ ڕەچاوکردنی مافیان، بۆ ڕاگرتن و پەرەنەسەندنی، بۆ چاودێری و ململانێ لەبن پاڵی یەکێتیی سۆڤیەت دروست کرد، ئینجا وەک دابەستی خۆیان مامەڵەیان لەگەل ئەم دوو وڵاتەدا دەکرد و چاودێریان دەکردن، هەر لەبەر ئەمەش، بەدرێژایی سەدەیەک بەردەوام چاوپۆشییان لە هەموو کار و کردەوە دزێوەکانی ئەم دوو وڵاتە و داگیرکەرانی کوردستان دەکرد کە بەرامبەر بە کوردانیان ئەنجام دەدا.