عوسمان ساوجی
دەوڵەتانی سەردەستی کوردستان لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بە هەموو توانای سەربازیی و ئابووریی و سیاسیی خۆیانەوە هەوڵی قڕکردنی “کورد”یان داوە. بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە چەپەڵەشیان هیچ کاتێک درێغیان نەکردووە، لەبەرئەوە دەکرێت بە جەخت کردن و فۆکەس خستنە سەر ڕەفتاری یەکێک لەم دەوڵەتانە بەرانبەر کورد لەو وڵاتەی بەزۆرەملێ کوردی تیادا دەستبەسەر کراوە وەک ئەوە بێت کە شیکاریت بۆ سیانەکەی تریش کردبێت. لێرەدا بەکورتی باسی دۆخی کورد لە باشووری کوردستان دەکەین لە ڕووی ئابوورییەوە لەم سەد ساڵەدا.
عێراق هەر لەسەرەتای دروست بوونیەوە پەیڕەوی لە سیاسەتی وێرانکردنی باشووری کوردستان کردووە. هەنگاوی یەکەمی ئەم سیاسەتەش بریتی بووە لە پەراوێزخستنی کوردستان و بایەخ پێنەدانی لە ڕووی ڕێگەوبان و ئاودێریی و کشتوکاڵ و کارگە و بازاڕی مۆدێرن و بەنداو، هتد. بەوەش سەرباری ئەوەی کوردستان بێبەش کراوە لە هاتنی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان، لەهەمانکاتدا کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاریش بەتەواوی لە قۆناغی دواکەوتوویی و کەم بەرهەمیدا بوون و هاوڵاتیانی کوردستانیش لەنێوانی مانەوە بە هەژاری و کولەمەرگی لەزێدی خۆیان بەشکۆمەندی، یان کۆچکردن بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە مەبەستی دەستکەوتنی کاری قورس و تاقەتپڕوکێن لەناو دانیشتوانی عەرەب زماندا، کە سەرباری کارە قورسەکانیان و زمان نەزانین، تووشی چەندین جۆر لێپرسینەوەی دەزگا ئاسایشی و سیخوڕی و داپڵۆسێنەرەکانی حکومەتەکانی عێراق دەبوونەوە، یانیش بەناچاری دەبوو پەنا بۆ خۆفرۆشی و ناپاکی بەرن.
یەکێکی تر لە هەنگاوەکانی برسی کردنی کورد بریتی بووە لە دەست بەسەرداگرتنی ناوچە دەوڵەمەندەکانی کوردستان بە نەوت و غاز بووە. ئەوەش لەلایەک بەهێنانی خەڵکی عەرەب و دەستبەسەرداگرتن و تاپۆکردنی موڵک و ماڵی کوردستانیان بووە لەسەر عەرەبی هاوردە و دوورخستنەوەی کورد لەو ناوچانە. لەهەمان کاتدا ڕێگری کردن لەوەی کورد بتوانێت لەو کۆمپانیایانەدا کاری دەست بکەوێت کە لەسەر خاکەکەی کاردەکەن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆربەی داهاتی ئەو سەرچاوە سروشتیانە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور خەرج کراوە، ئەوەی ماویشەتەوە بۆ شەڕی کورد و وێران کردنی کوردستان بەکارهاتووە، کە دەکرێت پرۆسەکانی وێرانکردنی گوندەواری کوردستان و ناساندنیان وەک ناوچەی قەدەغەکراو و ڕاپێچ کردنی گوندنشینە دەوڵەمەند و خاوەن بەروبوومە کشتووکاڵی و ئاژەڵدارییەکان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان ئاماژە و بەڵگەی زیندووی سیاسەتی برسیکردن بن. ڕێگری نەکردن لە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا و بێ هەڵوێستی بەرانبەر بۆردومانی بەردەوامی ناوچە سنووری و گەشتیارییەکان و پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی، هەر درێژکراوەی ئەو سیاسەتەیە.
هەنگاوێکی تری برسیکردن بریتی بوو لەدەستبەسەردا گرتنی خانوو ماڵی ئەو خێزانانەی کە کەسێکیان پێشمەرگە بووە یان ئەوانەی فەیلی بوون، ئەم پرۆسەیەش هەزاران خێزانی ناچار بەژیانی پەنابەری و ئاوارەیی کرد، بەوەش ئەو کوردانەی لە وڵاتی خۆیان بازرگان و خانەدان و خاوەن جێوڕێی خۆیان بوون تووشی نەداری و هەژاری بوون.
لە دوای لەوناوچوونی ڕژێمی بەعس و دامەزراندنەوەی دەوڵەتی بەناو عێراقی نوێ و بە ناوەڕۆک لە کۆن خراپتر، هەمیشە دەسەڵاتدارانی بەغدا لە بۆسەدابوون بۆ ئەوەی زەفەر بە خەڵکی کوردستان بەرن و هەر کاتێک بۆیان بلوێت ڕێگری بکەن لە گەشەی ئابووری کوردستان و برسیکردنی خەڵکەکەی. ئەوەش لە ڕێگەی بودجەوە. ماوەیەکە بودجە کراوە بە کارتی گوشار لەسەر کورد. عێراق لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت جگە لە سەپاندنی هەژموونی خۆی و ملپێکەچکردنی کورد، خواستی دەوڵەتانی ناوچەکەش بۆ لەقاڵبدانی کورد جێبەجێ بکات. لەهەمانکاتدا هەموو توانای خۆی خستوەتەگەڕ بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی کۆمپانیاکان و وەبەرهێنان لە کەرتی وزەدا. لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان خەریکی ئامادەکارین بۆ جەژن لەناکاو بڕیاری ڕاگرتنی مووچە دەبیستن. ئەمە نەک بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور و دادپەروەری نییە، بەڵکوو ئامانج لێی چێژ بینینە لە برسیکردنی تاکی کورد و سەرهەڵدانی ئاژاوە و پەشێوی لە هەرێمی کوردستان.