ئەلەند ئیبراهیم
ئەم وتارە ئامانجی ئەوەیە کە لێکۆڵینەوەیەک لە پەیوەندی نێوان ڕیالیزمی جادوویی و ڕۆمانسیزم بکات، لە پێکهاتن و گەشەکردنی بیری نەتەوەیی. ئەمەش بە ناساندنی هەردوو ڕێبازە ئەدەبییەکە، کە چۆن هەردووکیان کاریگەریی بەهێزیان هەبووە لەسەر دروست کردن و گێڕانەوەی چیرۆکە نەتەوەییەکان و بەهێزکردنی هەستی نەتەوەپەروەریی لە ڕێگای گێڕانەوە و ستێرە خستنە سەر چیرۆک و ڕۆمانە مێژوویی و کولتوورییەکانەوە بۆ خاتری ناسنامەیی نەتەوەیی.
ڕیالیزمی جادوویی ڕێبازێکی ئەدەبی و هونەرییە کە ڕاستی و خەیاڵ تێکەڵ دەکات. ئەم ڕێبازە بەوە ناسراوە کە ڕووداوە جادووییەکان یان نائاساییەکان بە شێوەیەکی سروشتی و بێ ڕوونکردنەوە دەخاتە ناو جیهانێکی ڕاستەقینەوە. ئامرازەکانی نووسینی نووسەران و پەیڕەوانی ئەم ڕێبازە خەیاڵین، بەڵام تەواوی ئامرازە خەیاڵەکان کە بەکاردەهێندرین بۆ نووسینی چیرۆک و ڕۆمانەکان، دەخرێنە خزمەتی ڕاستییەوە، بە واتاییەکی تر هەموو ئامرازە خەیاڵییەکان دروست دەکرێن تا پەیامێکی ڕاستیی بدەنە دەستی خوێنەرانەوە، چونکە ڕێبازەکە تا کۆتایی جەخت لەسەر ڕاستییەکان دەکاتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە خەیاڵ و توخمە سەرەکییەکانی وەک جادوو، دیاردە سەیروسەمەرەکان و نائاساییەکان و باوەڕپێنەکراوەکان دەخزێنە ناو چیرۆکەکانەوە، بەڕادەیەک وای لێ دێ کە خوێنەران نەتوانن ڕاستیی و خەیاڵ لە یەکدی جوودا بکەنەوە، چونکە توخمە خەیاڵییەکانی کە باسکران، بە پەیامە ڕاستییەکانەوە دەلکێن، وەک هێما و نیشانەیەک دەردەکەون کە دەتوانن باشتر ڕاستییەکان نیشان بدەن و خوێنەر حەز نەکات لە خوێندنەوەیان داببڕێ. لێرەوە ئەمە ڕوون دەکەینەوە کە چۆن ڕیالیزمی جادوویی لە ڕێگای تێکەڵکردنی ڕاستیی و خەیاڵەکان، هێماکاریی و توخمە سەرەکییەکان خەیاڵ و ئاماژەدان بە تایبەتمەندییە کولتوورییەکان ڕۆڵی هەبووە لە دروستکردنی هەستی نەتەوەپەروەریی.
ڕیالیزمی جادوویی یارمەتیدەرێکی باشی نووسەرە ناسیۆنالیستەکان بووە، تا بتوانن زۆر باش کار لەسەر دروست کردن و گێڕانەوەی چیرۆکە نەتەوەییەکان بکەن و زۆر باش لە ڕێگای ڕاگرتنی پارسەنگ لە نێوان ڕاستی و خەیاڵەکاندا چیرۆکی پەیوەندار بە مێژوو، کولتوور و زمان و ناسنامەیی نەتەوەییان بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش بخەنە بەردەستی خوێنەران، چونکە ڕیالیزمی جادوویی ڕێگەی داوە بە نووسەران بۆ دروستکردنی جیهانێک کە تێیدا ڕاستی و خەیاڵ تێکەڵ بکەن بەمەش چیرۆک و ئەفسانەکان و خەونەکان ڕۆڵیان هەبووە لە پاراستن و بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەییان، چونکە هێما و بیرکردنەوە قووڵەکان و خەیاڵی نووسەران ئاماژە بووە بۆ قووڵبوونەوەی نووسەر بۆ نەتەوەکەی و نەتەوەپەرستی و لە کۆتاییدا بەرهەمەکان ڕۆڵی زۆر باشیان هەبووە لە بنیاتنان و بەهێزکردنی هەستێکی قووڵ بۆ نەتەوە و خاک.
یەکێک لە نموونە مێژووییەکان، سەبارەت بە بەرهەمی نووسەران کە پەیڕەوانی ئەم ڕێبازە بوونە، کتێبی “سەد ساڵ تەنیایی”یە کە نووسەر گابریێل گارسیا مارکێز لە ڕیگەی ئەم بەرهەمەوە چیرۆکی خێزانێکی کۆڵۆمبیای دەگێڕێتەوە. لە کاتێکدا شانۆ و جێگای گێڕانەوەکە شارێکی خەیاڵییە بە ناوی ماکۆندۆ، کە هەر لەم جێگایە لاپەڕەکانی مێژووی کۆڵۆمبیا و جەنگ و سەختیەکانی وڵاتەکەی دەگێڕێتەوە. ئەم بەرهەمە بە یەکێ لە بەرهەمە گرنگەکانی ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین هەژمار دەکرێ، چونکە ڕۆمانەکە نوێنەرایەتی ئەو ناوچانە دەکات کە بەهۆی دەسەڵاتی داگیرکەر و سیاسەتی دڕندانەوە لەناوچوون. مارکێز چیرۆکێکی نەتەوەیی دروست کرد، کە تێیدا مێژووی کۆڵۆمبیا و ئەمریکای لاتینی بە شێوەیەکی خەیاڵی گێڕایەوە و ئەم پرسیارەشی جێهێشت کە چۆن ناسنامە نەتەوەییەکانمان لەناو ئاڵۆزییە مێژووییەکانمان وەدۆزین.
ڕۆمانسیزم بزووتنەوەیەکی فەلسەفیی، هونەریی و ئەدەبییە، کە لە کۆتایی سەدەی هەژدەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەم لە ئەوروپا سەری هەڵدا. ئیدی ئەم ڕێبازە وەک کاردانەوەیەک بۆ سەردەمی ڕووناکبیریی و شۆڕشی پیشەسازی هات، کە ئەوەش جەخت لەسەر لۆجیک و عەقڵ دەکرایەوە. لە کاتێکدا کە ڕۆمانسیزم جەختی لەسەر سۆز، هەست و خەیاڵ و ئەزموونی تاکەکەسی دەکردەوە، سروشت دەبوو بە سەرچاوەی ئیلهام و ڕاستییەکان.
ڕۆمانسیزم ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە گەشەپێدانی هەستیی نەتەوەیی، چونکە سۆز و هەستەکان بەکارهێنران بۆ دروست کردنی پەیوەندیی بەهێز لە نێوان خاک و نەتەوەدا، ئەمەش بە ستایشکردنی مێژوو و کولتوور، چونکە ئەم ڕێبازە مێژوو، دابونەریت و کولتووری نەتەوەیی وەک سەرچاوەی ناسنامە بەرز نرخاند، ئەمەش وای کرد کە خەڵک هەست بە شانازی بکەن بە ڕابردووی نەتەوەکەیان. تەنانەت زمانیش وەک بەشێکی گرنگی کولتوور و ناسنامە نەتەوەییەکە سەیر کرا. بۆیە ڕۆمانسیزم بووە هۆی گەشەکردنی هونەر، ئەدەب و مۆسیقای نەتەوەیی و بەکارهێنران بۆ گێڕانەوەی چیرۆک و ئەفسانە نەتەوەییەکان و بەهێزکردنی هەستی نەتەوەیی، تا وای لێهات ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە دامەزراندنی بزووتنەوەی نەتەوەیی و هاندان بۆ خەبات و سەربەخۆیی. وەک چۆن ڕۆمانسیزم ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لەسەر یەکگرتنی ئەڵمانیا لە سەدەی نۆزدە، چونکە یارمەتیدا لە دروستکردنی هەستێکی هاوبەش لە نێوان ئەڵمانییەکان، تا وای لێهات بووە هۆی یەکگرتنی ئەڵمانیا لە ١٨٧١، بۆیە ڕۆمانسیزم سیاسەتیش بووە.
ئەدەب هەمیشە ڕۆڵیکی گرنگی هەبووە لەسەر فۆڕم و ئاڕاستەکردنی بیرۆکە سیاسییەکان، نووسەران و شاعیران بەهۆی تواناکانیان لە گێڕانەوە، ستایشکردن و هێماکاری و دەست بردن بۆ خەیاڵ و سۆز بۆ خزمەتی ڕاستیی توانیویانە کاریگەریی لەسەر ئاراستەکردنی بیری سیاسی خەڵک و سیاسەتوانان جێ بهێڵن. چونکە ئەدەب توانی ڕای گشتی دروست بکات لەبارەی بابەتە سیاسییەکانەوە و خەڵک و سیاسەتوانانی هاندا بۆ گۆڕانکاری لە کۆمەڵگا، یاخود دەستگرتن بە هەستی نەتەوەپەروەرییەوە، بەهێزکردنی سۆز بۆ نیشتیمان، بە نێوەندگیریکردنی خەیاڵ و ڕاستیی تا هەمووان بکەونە داو و فریوی ئازادی و خۆشویستنی وڵاتەوە. لە پای ئەمە ئەدەب ڕێگای دا بە نووسەران و ئەدیبان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ڕەخنە لە سیاسەتمەداران و ڕێبازەکانیان بگرن، کاتێ هەست دەکەن سیاسەتیان لە بەرژەوەندی ناسنامەی نەتەوەییدا نییە. بۆ نموونە شاعیر لۆرد بایرۆن، کە شیعرەکانی زۆر قووڵ کاریگەریان لەسەر جوڵانەوەی نەتەوەیی لە یۆنان بەجێهیشت، کاتێ لە ڕێگای شیعرەکانی وەک ڕۆمانسیستێک دەستی برد بۆ سۆز و هەستی خەڵک.
من لەو باوەڕەدام کە پێنووس و خەیاڵ دەتوانن پێناسەی جیهانێكی ڕاستی بکەن. وەک ڕۆماننووسێک هەمیشە دەستم بۆ هەردوو ڕێبازەکە بردووە، چونکە لام واییە هەردووکیان دوو ڕێگان لە تێگەیشتن لە بوون و مانەوەی نەتەوەکەمان نزیک دەخەنەوە. بۆ ئەوەی ژیان بە هەموو وردەکاری و ڕاستییەکانیەوە نیشان بدەم خەیاڵ و جادوو دەبن بە ئامرازی نووسینەکانم. دواتریش سۆز بۆ نەتەوە، ئارەزووەکان دەگۆڕێت بۆ شەیدایی. بۆیە ئەدەب سیاسەتێکە، تا نووسەران لە ڕێگایەوە لە هەر ساتێکدا، ڕای گشتی بگۆڕن. تا لەپاڵ فریوی نەیارشەیدایی و داگیرکارییەوە، ڕزگاریی و ئازادی فریویان بدات.