سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئایا کورد نەتەوەیە یان ئیتنیک؟

عەبدولڕەزاق مەهدی

بە گشتی کورد بنەچەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەکی کەونار، کە وەک گرووپ خاوەندارییەتی یەکەمین شارستانییەت و یەکەمین ئیمپراتۆری دەکات، کە لە هەردووک دەوڵەت و شارستانییەتی “سۆمەر-میدییەکان” ئەم خاوەندارییەتە چەسپاوە.

کورد گرووپێکی کەونارە، کە چەندان سەردەم و قۆناغی زۆر جیاوازی بەڕێ کردووە، بۆیەش ئەم گرووپە بە فرەیی لە شێوەزار و بڵاوبوونەوەی زۆر فراوانی ڕەگەزەکانی پێکهێنەری ئەم گرووپەوە دەناسرێت.

ئەمە وەک پێشەکییەکی سادە لەسەر کورد، وەک مێژوو و مرۆڤی کورد لەناو مێژوودا. بە گشتی بە هاتنی سەدە نوێیەکان، دروستبوونی سیستەمی “وێستفالیا” ئیتر گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەر جیهان و ژیانی نەتەوەکاندا هات. چەمکی سەروەریی وەک زاڵکردنی نەتەوەیەک لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی نەتەوەییدا، لە پێناو سەروەرکردنی ئەم نەتەوەیە بەسەر خاک و خەڵک و کولتوورێکی دیاریکراودا چەسپا، هەتا ئەمەی کە کۆمەڵێک لە نەتەوە و کولتوور و خەڵک بوونیان هەبێت، هەوڵ دەدرا هەموویان بتوێنرێنەوە لە چوارچێوەی سەروەریی و ئایدیۆلۆجیای باڵا کە دەوڵەتی سەروەر و سەردەستە خاوەنداریەتی دەکرد. ئەم ڕۆڵە پەیوەست بوو بە نەتەوەی سەر دەست، ئیتر ئەو دەوڵەتە کۆنتڕۆڵی کۆی پانتایی ئەم خاکە سەروەرە بە خەڵک و کولتوورەکانی ناوییەوە دەکرد.

بەم جۆرە نەتەوەکان بە شێوازی جیاواز لەدایکبوون/دروستبوون، کە خاوەنداریەتی خاک و کولتوور و زمان و ڕەگەزێکی دیاریکراو دەبوونە بناغە بۆ ناسینەوەی نەتەوەکان. بە گشتی نەتەوە بە ناسیۆنالیزمێکی تەواو پتەو گرێ دەدرا، کە ناسیۆنالیزم لە یەکەمین ئاستدا و لە جەوهەردا پڕۆژەی “دەوڵەتخوازییە”، واتە بێ بوونی پڕۆژەی دەوڵەتخوازی شتێک نییە بەناوی ناسیۆنالیزم.

کۆی ئەمەی سەرەوە وروژاندنی گریمانەی ئێمە بوو سەبارەت بەو پرسەی کە ئێستا بە قووڵی باسی دەکەین، لێرەدا گرینگە ئێمە بگەڕێینەوە بۆ ناسینی ئیتنیک و نەتەوە لە ئاست و شێوە جیاوازەکانی خۆیاندا.

دەتوانین بڵێن ئیتنیک کۆمەڵەیەکی ڕەگەزیی و مێژوویی و زمانییە، کە پێکەوە پەیوەستن بە ئاستە سەرەتایییەکانیان، بە گشتی ئیتنیک یان عەقڵیەتی ئیتنیکی زۆر جیاوازە لە عەقڵیەتی نەتەوەیی، ئیتنیک عاقڵانە بیر ناکاتەوە بۆیە سیاسەت وەک زانست لای ئیتنیک بەرهەمدار نییە. ئیتنیک زیاتر پەیوەستە بە هەست و سۆزەوە، ئیتنیک دەست نابات بۆ سازکردنی ناسنامە بۆ پێناسەکردنی خود، ئیتنیک لە زۆربەی دۆخەکاندا لە ئەوی تری زاڵدا دەتوێتەوە، بۆیە ئیتنیک ناتوانێت دەوڵەت دروست بکات لە چوارچێوەی ئەم عەقڵیەتەدا، ناتوانێت ببێتە نەتەوە تا سیاسەت بکات.

ئیتنۆسێنتریزم، دیاردەیەکی سروشتییە و لە ئەنجامی پەیوەندی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ لەنێوان کۆمەڵگەکاندا دروست دەبێت، ئادەمیزادەکان زیاتر مەیلیان بەلای ئەوەدایە، فرەچەشنیی وەک جۆرێک وەحشییەت گەڕی ببینن، ئەمە بیروڕای “کلۆد لێڤی شتراوس”ـە. بەڵام ئەگەر زیاتر قووڵ ببینەوە لە ئیتنیک و پێناسەکانی، دەتوانین بڵێن ئیتنیک بە کۆمەڵە ڕێگای جۆراوجۆر پێکەوە گرێ دراون، زۆر جار ئەم پێکەوە بوونە دەکرێت بە فاکتەری مێژووی یان زمان و ڕەگەز بێت یان فاکتەری هاوخاکی بێت.

بە گشتی لە ناسنامەی ئیتنیکیدا شتەکان جیاوازن، ناسنامەی ئیتنیکی کاتێک دەبێتە بناغە بۆ سیاسەتکردن، کۆمەڵە بەرەنجامی سەرەتایی دەبینرێن، لەوانە: یەکەمیان، پارچە پارچە بوونی کۆمەڵایەتی، دووەمیان، دابڕانی عەقڵانی لە چوارچێوەی سیاسەتکردن و نەبوونی سیاسەتێکی گشتی لەسەر ئاستی ئیتنیکی کە لەوانەیە هەر گوندێک و سیاسەتێک و یاسا و دەستوورێکی هەبێت. نموونە سەدەی شازدە و حەڤدە و هەژدەی ئەڵمانیا تا دروستبوونی یەکگرتووی نەتەوەی لە ئەڵمانیا. سێیەمیان، نەبوونی ناسیۆنالیزم کە ناسیۆنالیزم لە خۆیدا پڕۆژەی دەوڵەتداریی و یەکگرتوویییە. کەواتە بە سادەیی کاتێک گەلێک لە چوارچێوەی ئیتنیکدا دەمێنێتەوە، ئەم گەلە دەبێت بە خاوەنی پارچەپارچەبوونێکی قووڵ لە کۆمەڵگەدا، کە دابڕانی بەهێز هەیە لە ئاستی سیاسی و ئابووری کولتووری لە نێوان تاکەکانی هەمان ئیتنیک. بە هەمان شێوە سیاسەتێکی گشتگیر و باڵای ئیتنیکی بوونی نییە کە خاوەن دامەزراوەی عەقڵانی بێت، تا سیاسەتێکی عەقڵانی پەیڕەو بکات، چونکە ئیتنیک زیاتر پەیوەستە بە هەست و سۆزە و کەمتر خۆی بەلای عەقڵانییەتدا دەشکێنێتەوە.

ئەگەر ئێستا بۆ پێناسەکردنی نەتەوە و ناسیۆنالیزم هەنگاو بهاوێژین، دەتوانین بڵێن نەتەوە (nation) بەو مانایەی کە ئەوروپییەکان بە کاری دەهێنن وەک “یەکێتیی سیاسی” نەک زاراوەیەکی ئیتنیکی، شتێکی نوێیە و بەرهەمی ڕۆژئاوایە. ئێستا ئەگەر پێناسەی نەتەوە بکەین، محەمەد موبارەک دەڵێت “نەتەوە بریتییە لە یەکەیەکی کۆمەڵایەتی، کە لە زمان و مێژوو، کولتوور و بیروباوەڕ و نەریت و ئەخلاقدا هاوبەشن، سروشتییە ئەگەر ئەو نەتەوەیە قەوارەیەکی سیاسی یان دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان پێک بهێننن”. لە لایەکی ترەوە شپنگلەر بە شێوازێکی جیاواز پێناسەی نەتەوە دەکات و دەڵێت “نەتەوەکان بریتی نین لە یەکێتیی زمان، یەکەی سیاسی یان بایۆلۆجی، بەڵکوو یەکەی ڕۆحین”. بەهەمان شێوە، ئێرنیست ڕێنان، مێژوونووسی گەورەی فەرەنسی، دەڵێت “نەتەوە ڕۆح یان پرەنسیپێکی ڕۆحییە، دوو شتیش، کە لە ڕاستیدا هەر یەکێکن، کە بریتین لە ڕابردوو و ئێستای ئەو ڕۆحە، یان ئەو پرەنسیپە ڕۆحییە پێک دەهێننن”.

گرنگترین ڕوانگە و پێناسەی نەتەوە لای “میرۆسلاڤ هرۆک” دەبینین کە دەڵێت “نەتەوە بریتییە لە گرووپێکی کۆمەڵایەتی گەورە و تەنیا بە هۆی پەیوەندی بابەتییەوە تێکەڵ بە یەکتری نەبوون، بەڵکوو بە هۆی چەندین پەیوەندی هەمە جۆری وەک ئابووری، سیاسی، ئایینی، کولتووری، زمانەوانی، جوگرافی و مێژوویی، ڕەنگدانەوەی خودی یانەی ئەم پەیوەندییانە لە هەست و هۆشیارییەکی بەکۆمەڵدا پێکهاتووە”. هەروەها بەلای “هرۆک”ـەوە سێ هۆکاری گرینگ و نەگۆڕ کاریگەرن لەسەر دروستبوونی نەتەوە. یەکەم، یادەوەرییەکانی ڕابردوو. دووەم، پەیوەندی زمانەوانیی و کولتوورییان لە یەکدی نزیکە کە پلەیەکی باڵاتر بە توانای لە یەک گەیشتنی کۆمەڵایەتی دەبەخشێت لە گرووپەکەدا. سێیەم، چەمکی یەکسانی نێوان ئەندامانی ئەو گرووپەیە کە وەک کۆمەڵگایەکی مەدەنی ڕێکخراون.

ئێستا ئەگەر بە تێگەیشتن و ڕوانگەی جۆن مێرشایمەر، سەیری پرسی نەتەوە بکەین، دەبینین کە نەتەوە لە ڕوانگەی مێرشایمەر شەش تایبەتمەندی سەرەکی هەیە، دەکرێت بەم جۆرە دەستی پێی بکەین. یەکەم، هەستی یەکبوون، واتە کۆمەڵگایەکی گەورەی مرۆڤەکان کە هەستێکی بەهێزی یەکبوونیان هەیە. دووەم، کولتوورێکی جیاواز، کە نەتەوەکان لە یەکتری جیا دەکرێنەوە بە بوونی کولتووری جیاواز. سێیەم، هەستی باڵایی، بێ گوێ دانە ئەوەی نەتەوە و گەلانی تر چی دەکەن، مرۆڤەکان شانازی بە نەتەوەی خۆیانەوە دەکەن. چوارەم، مێژوویەکی قووڵ، مێژوو گرنگترین بابەتە بەلای هەموو نەتەوەکانەوە، بۆ ئەوەی شکۆداری خۆیان بەسەر ئەوانی تر زاڵ بکەن. پێنجەم، سنوورێکی پیرۆز، نەتەوەکان هەموویان خۆیان لەگەڵ جوگرافیایەکی تایبەتدا دەناسێنن، کە وەک خاکی پیرۆز مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. شەشەم، سەروەریی، لە کۆتایدا، نەتەوەکان ئامانجیان ئەوەیە کە زۆرترین جڵەویان هەبێت بەسەر چارەنووسی سیاسی خۆیاندا.

لای میرشامیەر، نەتەوەکان لەبەر دوو هۆکار پێویستیان بە دەوڵەتە، یەکەمیان چارەی خۆ نووسینە، نەتەوەکان وەک هەر گرووپێکی کۆمەڵایەتیی گەورە پێیان باشە کاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن و تا بتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. هۆکاری دووەم، نەتەوەکان دەوڵەتی خۆیان دەوێت چونکە ئەمە باشترین ڕێگایە بۆ ئەوەی ئاسۆی مانەوەیان فراوانترین بێت.

لە پەیوەند بە ناسیونالیزم، هانز کوهن لە پەڕتووکی بیرۆکەی ناسیونالیزم (The Idea of Nationalism) دەڵێت “ناسیۆنالیزم حاڵەتێکی عەقڵی و هەستێکی پێویستی تاکەکانی کۆمەڵە لە پیشاندانی پشتگیری و خۆشەویستییەکی ڕەها بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی”. ساتیع حوسەری دەڵێت “بەهۆی کاریگەریی ناسیۆنالیزمە مرۆڤ نەتەوەکەی خۆش دەوێت، هەست دەکات لە ناخەوە پێ وەی پەیوەستە و خۆی وەکوو ئەندامێکی ئەو نەتەوەیە دەبینێت، بە سەروەرییەکانی دڵخۆش و بە ناخۆشییەکانی دڵتەنگ دەبێت، ئامادەییشی تێدایە بۆ بەرگریکردن لە کەرامەت و قەوارەکەی”. لە فەرهەنگی ئۆکسفۆردی ئینگلیزی هاتووە “ناسیۆنالیزم ویست و ئارەزووی گرووپێکی مرۆیییە کە هاوبەشن لە ڕەگەز، کولتوور، زمان… بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ”. ئێرنیست گیڵنەر دەڵێت “نەتەوە بەرهەمی ناسیۆنالیزمە، ناسیۆنالیزمیش بەرهەمی مۆدێرنەیە”.

ئەگەر ئێمە باسی سیستەم و خێڵ و عەقڵیەتی خێڵ بکەین بۆ زیاتر تێگەیشتن لە ئیتنیکگەرایی، دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ پێناسەکان. غەلیون پێی وایە “کۆمەڵگای خێڵەکی، جڤاکێکی پارچەپارچە بووە، زۆرینەیەکی نەگۆڕی ڕاستەقینەی لێ پێک نایەت. نەبوونی زۆرینەیەکی باڵادەست دەبێتە هۆی ئەوەی ئایدیۆلۆجیای زۆرینەش دروست نەبێت و دەوڵەت نەتوانێت دەسەڵاتی ناوەندی خۆی پیادە بکات”. ئەگەر بۆ ڕۆحی مێژووی میرنشینەکان بگەڕێینەوە تا ئەم پێناسەکردنەی سەرەوەی غەلیون بە کورد‌ـەوە ببەستینەوە، دەگەڕێینەوە بۆ لای نووسەری دانیمارکی ملئەمینگ مادسن پاوڵسن، سەبارەت بە کورد دەڵێت “کوردەکان لە نێو خۆیاندا دابەش بووبوونە سەر زنجیرە خێڵێکی زۆر سەربەخۆ و جەنگاوەر. هەر یەکێک لەوان بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان پەیمانیان دەبەست لەگەڵ یەکتر و دەرەوە، کوردەکان هیچ دەوڵەتێکیان پێک نەهێنا”. جوناسان ڕاندڵ لە پەرتووکەکەی “نەتەوەیەک لە پەرتەوازیدا” (امە فی شقاق) نووسیویەتی بەم جۆرە “کوردان ڕۆژێک لە ڕۆژان لەسەر ئاستی سیاسی یەکیان نەگرتووە، ئەوان بەدەست پارچەپارچەبوونی قووڵی ڕێزەکانیان دەناڵێنن”. عەبدوڵا محەمەد ئەلغەزامی دەڵێت “خێڵ بە خاکەوە وابەستە نەبووە، زەوی فراوانە و موڵکی کەس نییە، هەروەها زەوی گۆڕانی بەسەردا دێت”.

کەواتە کورد تا سەدەی بیست و نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بەپێی مێژوو لەژێر کاریگەری قووڵی عەقڵیەتی خێڵەکی دابووە، ئەمەش پیشاندەری ئەو حەقیقەتەیە کە ئێمە لە کۆمەڵگایەکی پارچە پارچەکراوی خێڵەکیدا ژیانمان کردووە، کە هیچ سیاسەتێکی عەقڵانی و دامەزراوەی گشتگیری نەتەوەی تێیدا بوونی نەبووە، بەڵکوو ویست و بەرژەوەندی خێل دیاریکەری هەموو ئاراستە سیاسی و کولتووری و ئابوورییەکانی تاکی کورد بوونە. ئەگەر بۆ ئێستا کە سەدەی بیست و یەکە بگەڕێنەوە، ئەم عەقڵیەتی خێڵەکییە نەماوە یان زۆر سنووردار و کەم بوویتەوە، بەڵام ئەمە وایی نەکردووە کە کورد ببێتە خاوەن ناسیۆنالیزم و نەتەوەییبوونی مۆدێرن، بەڵکوو هێشتاش لە کۆمەڵگای کوردی دابەشبوونی قووڵی حیزبی و کولتووری و زمانی و خێڵەکی بوونیان هەیە، کە کاریگەرن بەسەر پانتایی سیاسەت ئابووری لە کوردستان، هێشتا پارچە پارچە بوونی قووڵ هەیە لە کوردستان، هێشتا دامەزراوەی نەتەوەیی گشتگیر و باڵادەست دروست نەبوونە ئەمە جیا لە سازبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کیانی دیفاکتۆی ڕۆژئاوای کوردستان، کە هەردووکیان لە ناوخۆیان دا دابەشبوون و قەیرانی زۆر قووڵیان هەڵگرتووە.

بە کۆکردنەوەی هەموو ئەم باسە تیۆرییانەی سەرەوە ئێمە دەتوانین بڵێن کورد نەتەوە نەبووە، بەڵکوو کورد گرووپێکی ئیتنییە کە خاوەن عەقڵیەتی خێڵەکی بووە لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوودا و ئێستا خاوەن عەقڵیەتێکی ئیتنیکی گەشەسەندووترە. لە گەشەکردنی عەقڵی سیاسی خۆی، پێشتر توانیویەتی کە میرنشین ساز بکات و گەشە بکات، تا لە قۆناغەکانی دواتر گەشەی کرد و توانی دەست بە دروستکردنی پارتی سیاسی بکات. لە گەشەسەندنی مێژووی خۆیدا لە دوا قۆناغدا کورد توانی ببێتە خاوەن حکومەت دەست بکات بە حوکمداری دەستووری و سیاسی مۆدێرن، بەڵام هەموو ئەو کاتە کورد نەبوو بە نەتەوە تا خاوەندارییەتی یەک کولتوور و زمان و مێژوو و خاکێکی پیرۆز بکاتە بناغەی ناسیۆنالیزم و دەوڵەت ساز بکات. 

بۆیە کورد دەبێت قۆناغی گەیشتن بە نەتەوەییبوون تەواو بکات، وەک چۆن نەتەوەی ئەڵمانی توانیان بە قورسی و ڕەنجی زۆر بگەن بەم قۆناغە، کورد دەبێت دەست بکات بە گەشەدان بە یەک کولتووری نەتەوەیی و زاڵکردنی بەسەر هەموو کوردستان تا یەک نەتەوەی کورد دروست بێت بە سازکردنی ناسنامەی کوردستانیبوونی کە هەموو کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەیییەکانی تر دەتوانن وەک هاووڵاتی پلە یەک خۆیان تێدا بدۆزنەوە و ژیانێکی باش بۆ خۆیان بەردەست بخەن، دیاریکردنی خاکی پیرۆزی کوردستان و دان نان بەوەی ئەمە کوردستانە، زاڵکردنی یەک شێوەزاری کوردی وەک زمانی کوردی و زاڵکردنی وەک زمانی فەرمی، برەودان بە مێژوو، بۆ بەهێزکردنی هەستی ناسیۆنالیزم و شانازی، بۆ هاندانی تاکەکان تا کار بکەن بۆ نەتەوە و نەتەوە مەزن بکەن.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO