جه‌لیل ئازادیخواز
لەم قۆناغەی ئێمەدا، ئێمە وەك گەل، هەست دەكرێت ده‌بێ دابڕانێكی گرنگ له بوونماندا ڕووبدات، دابڕانێ كە هەناوی پەیوەندییەكانی كۆی ئێمە بگۆڕێت. هەموو نیشانەكان ئاماژه‌ن، ئێمە هەر ئێستا وەك گەل، نەك نەتەوە، لە قۆناغی پەیوەندی سروشتی‌دا دەژین. واتە فۆرمی كۆمەڵ و پێكهاتەی پەیوەندییەكانمان هێشتا نەبوونەتە فۆرمێكی كۆمەڵایەتی. ئێمە هەموو دژ بە هەموو لە شەڕێكی نەبڕاوەی سەدان ساڵە داین.
لای ئێمه گشتیه‌تی ئازادیمان نه‌یتوانیوه له ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌ییماندا وانوێنه بێته‌وه. به‌واتایه‌كی دیكه ئازادی گشتیمان نه‌یتوانیوه ئازادی هه‌مووان ده‌سته‌به‌ر بكات. نه‌گه‌یشتوینه‌ته ئاستێك له هۆشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تیی و نیشتیمانیی، كه بتوانین به‌ئیراده‌ی گشتی زامنی ئازادی گشتی بین. به‌و پێیه‌ی كه تۆماس هۆبز ده‌ڵێت په‌یمانێ كه زامنی دروستكردنی ئیراده‌ی هه‌مووان بێت و به‌رئه‌نجامی ئازادی هه‌مووان بێت نه‌ڕه‌خساوه و نه له ئاوه‌زیشماندا سه‌ری هه‌ڵداوه. ئازادی سروشتیی ده‌رئه‌نجامی مرۆڤی سروشتییه، كه هه‌م له ئه‌قڵی كۆ ده‌تارێت و هه‌م وێرانكه‌ری ده‌سته‌به‌ربوونی ئازادی و ئاسایشی كۆیه.
له ڕه‌وه‌ندی مێژووییمان دا ده‌رفه‌تی خولقانی ئیراده‌ی گشتی، به ماف و ئازادی به‌رابه‌ره‌وه بۆ سازانی گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه ده‌ستبه‌ری به‌كۆمه‌ڵگەبوونمان بكات یان نه‌ڕخساوه، یان نه‌بوونی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و سپاردنی ئازادی و ئیراده‌مان به داگیركه‌رانی ئیراده و ئازادیمان، له نه‌ته‌وەبوون دووری خستووینه‌ته‌وه و له فۆرمی گه‌ل دا هێڵاوینیه‌ته‌وه.
مرۆڤ جگه له‌وه‌ی بوونه‌وه‌رێكی سروشتیه، بوونه‌وه‌رێكی ئه‌قڵانیشه. بوونه سروشتییه‌كه‌ی له زۆرتر كۆمه‌ڵایه‌تییبوون و سیاسییبوون دووری ده‌كاته‌وه. ته‌نیا كاتێ كۆمه‌ڵی سیاسی بیچم ده‌گرێ و دێته بوون، كه هه‌موو مرۆڤه‌كان له مافی سروشتی خۆ‌یان چاوپۆشی بكه‌ن و به ویستی خۆ‌یان ده‌ستی لێ هه‌ڵگرن. سپاردنی ئه‌م مافه خۆخوازه به كۆمه‌ڵگە میكانیزمی خولقانی كۆمه‌ڵگەی سیاسییه، كۆمه‌ڵی سیاسی به‌ویست، زامنی ئاسایش و ئارامشی كۆمه‌ڵه. له‌هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگری كۆمه‌ڵگەی مەدەنی/سڤیل و سه‌رهه‌ڵدانیه‌تی.
خولقانی به‌ویستی كۆمه‌ڵ و به دواداهاتنه‌كانی وه‌ك؛ كۆمه‌ڵگەی سیاسی و مەدەنی زامنی پێكهاتنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌قڵانیی و ئه‌خلاقیی و دادوه‌ریی و یاسایی و په‌سه‌نده. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌ڵگری سیفه‌ته‌كانی ڕه‌وایی و په‌سه‌ندییه، كه له ویستی جه‌ماوه‌ر و به بڕیاری خه‌ڵك خولقاوه. كۆی ئه‌م پرۆسه هه‌م پرۆسه‌یه‌كی ئه‌قڵانییه و هه‌م پڕۆسه‌یه‌كی دیموكراتیكه. ئه‌قڵانییه چوون؛ به‌چاوپۆشی له ئازادی سروشتی و ئافراندنی ناوه‌ندی ئیراده‌ی گشتی خولقاوه. مرۆڤ به به‌شێ له ئازادی خۆی ئازادی گشتی و ئاشتی و ئاسایش و یاسا و دادپه‌روه‌ریی و بوونێكی ئه‌خلاقی زامن ده‌كات. لێره‌دا ویستی سه‌ربه‌ست بنه‌مای سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵات و كۆی كۆمه‌ڵ پێك دێنێت. ئه‌قڵانییه‌ت له‌م فۆرمه‌دا ده‌سته‌به‌ری هاوبه‌شی گشتی، ئاسایش، هه‌روه‌ها زامنی مانه‌وه‌یه. سپاردنی به‌خواستی به‌شێك له ئیراده و ئازادی له ڕاستیدا بۆ ده‌ستبه‌ركردنی ئیراده و ئازادییه، له فۆرمێكی دیكه‌دا، كه فۆرمی ده‌سه‌ڵاته. واته له په‌یوه‌ندییه‌كی سه‌رتاپێ دیالیكتیكیدا، ئازادی كۆ خه‌لقی ده‌سه‌ڵاته و ده‌سه‌ڵاتیش به‌رهێنه‌ره‌وه و پارێزه‌ری ئازادییه، له فۆرمه كۆمه‌ڵایه‌تی و خه‌ڵكی و مۆدێرن و دیموكراته‌كه‌یدا. ده‌سه‌ڵات خولقاوی ئیراده‌ی گشتی و بڕیاری گشتییه. هه‌ر به‌م مانایه ده‌سه‌ڵات، یان ناوه‌ندی ئیراده‌ی گشتی، بوونێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رده‌سته هه‌م بۆگۆڕین هه‌م بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و لێ سه‌ندنه‌وه‌ی ئازادی و ده‌سه‌ڵاتی به ویست پێ سپێردراو.
ناوه‌ندی گشتی خولقاوێكی گشتییه، ده‌توانین بڵێین؛ ئه‌م ناوه‌نده وانوێنه‌وه‌ی كێشه و دژایه‌تی و مله‌به‌مله و پێكدا هه‌ڵ شاخانه‌كانی تاكی كۆمه‌ڵه، كه له فۆرمێكی ئه‌قڵانیدا و له بیچمی ده‌سه‌ڵاتدا خۆی به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه. له ڕه‌وه‌ندی ئه‌م كێشه و دژایه‌تیانه‌دایه، كه كۆمه‌ڵ و تاك بۆ جێكردنه‌وه‌ی خۆی و زامنكردنی مانه‌وه و ئاسایشی، ده‌كه‌وێته پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتیكه‌وه، كه دیموكراتیزه‌كردنی خۆی و كۆمه‌ڵه. كۆمه‌ڵی دیموكراتیك ئاوه‌ز ڕه‌فتاره، كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌یلی به بیر و هزری گشتییه. كۆی ئه‌م پرۆسه‌یه و كولتووری ئه‌م ڕه‌وته تاك ده‌كاتە بوونێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستی هۆشیاری ده‌باته سه‌ره‌وه، فێری ده‌كات چۆن مامه‌ڵه و هه‌ڵسوكه‌وتی خۆی ڕێك بخات. به هه‌ر ڕووبه‌رێكدا ئه‌م به‌ریانه بپێوین، ده‌رئه‌نجامی زه‌روره‌تێكی مێژوویی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولایه، كه گه‌شه و پێشكه‌وت و زیندوبوون و هه‌ڵكشانی تاك و كۆی كۆمه‌ڵ زامن ده‌كات.
ده‌ڵێن؛ هه‌ڵسوكه‌وتی به كۆ و كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر به خه‌ستی له‌ژێر کاریگه‌ریی ئه‌قڵانییه‌تی دیموكراسی دایە. ئه‌م جۆره له ئه‌قڵانییه‌ت واده‌كات، كه تاك مه‌یلی له گفتوگۆ و دانوستان بێت. له زه‌بروزه‌نگ و زبری دووری ده‌گرێت و ئاراسته‌ی جوڵانی ئاراسته‌یه‌كی ئاشتیخوازانه‌یه، كه به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌خاته مه‌ترسی، پێداگری له‌سه‌ر گۆڕان به‌میكانیزمی گونجاو ده‌كات له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موولا. ئه‌قڵانییه‌ت ده‌رئه‌نجامی ژیان و بوونیادی مێژوویی هه‌ر كۆمه‌ڵگەیه‌كه، كه له هه‌ناوی ئه‌زموون و شكان و هه‌ستانه‌وه و شارستانییه‌ت و هه‌موو مل‌ملانێكانی كۆمه‌ڵدا ئاماده‌یه و ده‌كرێت په‌یڕه‌و به‌رجه‌سته بكرێته‌وه.
مێژووی ئێمه به‌ڕاشكاوی مێژوویه‌كه كه شكان قورساییه‌كی زۆری تیادا ده‌كات، ئه‌گه‌ر بێ ده‌مارگیری له‌سه‌ری ڕاوه‌ستین، به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان مێژووی شكانه. ڕه‌نگه نه‌شیاو نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێم؛ ئێمه گه‌لێكین كه تاوەکوو ئێستاش بۆمانه‌وه و نه‌سڕانه‌وه له‌بری سازدانی ئیراده‌ی گشتی، سواڵی سۆز و به‌زه‌یی له ده‌رگای هێزه جیهانییه‌كان ده‌كه‌ین، كه لانی كه‌م له ماشینی مه‌رگ و وێرانی داگیركه‌رانمان به‌جۆرێك نه‌ك بمان پارێزن به‌ڵكو لامانخه‌ن.
به واته‌ی هۆبز؛ ته‌نانه‌ت ترس له مردن و سڕینه‌وه‌ش نه‌یتوانیوه له‌ناو ئێمه‌دا ببێته هۆی خولقانی ئیراده‌یه‌كی گشتی، كه ئیتر كۆتایی به سواڵكردنی سۆز و به‌زه‌ییمان بێنێت. هێشتا له دۆخی سروشتی خۆماندا ڕێگایه بۆ ده‌ربازبوون له زه‌بروزه‌نگ و مردن نادۆزینه‌وه و دوالیزێكی هزری وا گرمۆڵه‌ی كردووین زیاتر له سه‌ده‌یه‌كه له بازنه‌ی شۆڕش و مه‌رگه‌سات ده‌رناچین. یان شۆرشگێرین بۆ مردن، یان ده‌مرین كه شۆڕشمان نه‌كردووه.
هێگڵ واته‌نی؛ ئه‌گه‌ر بۆ مرۆڤی كورد و ئازادی زه‌وتكراوی، تاک ڕه‌هه‌ندانه نه‌ڕوانین، به‌ڵكوو مرۆڤی كورد له ئاسۆگه‌ی به‌رجه‌سته و كۆنكرێتی خۆیدا، واته له قوڵایی كۆمه‌ڵگە و مێژوودا بخوێنینه‌وه. گومانم نییه ده‌گه‌ینه زه‌روره‌تی ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌قڵانییه‌ت و دیموكراسی له كۆی كۆئه‌ندامی كۆمه‌ڵی كورده‌واریدا به ئێستا و ڕابردوویه‌وه. ڕاسته ئیراده‌ی ئازادی ویستی كورد تائێستاش هه‌ڵگر و ماكه‌یه‌كی ئه‌قلانی هه‌یه. هه‌ر ئه‌م ماكه ئه‌قڵانییه‌ش وای كردووه وه‌ك ئیمانۆیل كانت ده‌ڵێت؛ هه‌موو میكانیزمه‌كانی چه‌وسانه‌وه و سڕینه‌وه تائێستاش نه‌یان توانیوه ئه‌م بوونه ئه‌قڵانییه ته‌سلیم كه‌ن، به‌ڵام له‌م كه‌وشه‌نه‌شدا ئه‌م ئیراده ئه‌قڵانییه ته‌نیا توانیویه‌تی مه‌ردن و مردن به‌ربێنێ و بهێنێته‌وه، تا هه‌نوكه‌ش هه‌روایه.
ئه‌گه‌ر ئه‌قڵانییه‌ت به چاره‌سه‌ری گرفت و خه‌سار و كه‌مایه‌سییه‌كان به شێوه‌یه‌كی هزریی بزانین، له به‌ستێنه مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، ئه‌وسا به به‌رجه‌سته‌یی هه‌ست به غیابی له كۆمه‌ڵی كورده‌واریی و مێژووی خۆماندا ده‌كه‌ین. ئه‌م فۆرمه له چاره و بیركردنه‌وه له بنه‌مای بوونی خۆیدا، بوونێكی فه‌لسه‌فییه و ئێمه‌ش له كایه فه‌لسه‌فییه‌كاندا زۆر باش ده‌رنه‌كه‌وتووین، لانی كه‌م له بواره ئه‌قڵانییه‌كه‌یدا. چه‌مكی ئه‌قڵانی، چه‌مكی ده‌ركه‌وتنی فره‌ده‌نگی و فره‌هزریی و ئاوه‌زییه، كه له هه‌ناوی خۆیدا ناتوانێ هه‌ڵگری په‌یوه‌ندییه‌كی دیالیكتیكی له‌گه‌ڵ دیموكراسیدا نه‌بێت.
ئه‌قڵانییه‌تی دیموكراسی هه‌میشه كۆده ناوكۆییه‌كان ده‌دۆزێته‌وه بۆ زامنكردنی ئازادی و پێوه‌كه‌وه مانه‌وه‌مان. ڕه‌نگه وشه دووانه‌بوونی ئه‌م دوو چه‌مكه، هه‌ر بۆ بوونی ئه‌م په‌یوه‌ندییه بگه‌ڕێته‌وه. له‌م ڕۆدا دیموكراسی بێ دادوه‌ریی لانی كه‌م دادوه‌ریی ڕامیاری نه‌گونجاوه. زامنی دوو تایبه‌تی هه‌ره گرنگی ئه‌قڵانییه‌تی دیموكراسیه، كه بریتین له فره‌چه‌شنی و فره‌ڕه‌نگی، نه‌كه ته‌نیا له بواری ڕامیاریدا، به‌ڵكوو له به‌ستێنی كولتووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیشدا. هه‌موو هه‌ستانه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێنیسانسێكی كولتووری بێ به‌رجه‌سته‌بوونه‌وه‌ی كه‌شێكی دیموكراسی و ئه‌قڵانی، یان هۆشیارییه‌كی ئاوه‌زمه‌ندانه نه گونجاوه. كۆمه‌ڵی ئێمه به كۆی بوون و میكانیزمه‌كانی خۆیه‌وه، له كاركردی “تۆڕیی” خۆیدا هه‌ڵته‌كێنه‌ری ئه‌م بزاوتانه و به‌رگریان بووه. مێژووی بزووتنه‌وه فكریی و كولتووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان به ڕوونی ئه‌م واقعه ده‌رده‌خه‌ن. بۆیه ده‌كرێت هه‌ندێك به په‌رێزه‌وه بڵێن، بنه‌مای سه‌ركی و خه‌ساری هه‌میشه‌یی، كه گه‌مارۆی ژین و بوونی كوردی داوه نه‌بوونی ئه‌قلانییه‌ت و ئه‌قڵانییه‌تی دیموكراسیه، به‌تایبه‌تی له به‌ستێنی سیاسی و حیزبی و دینامیکی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا.
چه‌مكی ئه‌قلانییه‌تی دیموكراسی ناوێكی نوێیه كه له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگری كولتوورێكی نوێیه بۆ هزرین و كردار، كه كولتووری ئه‌قلانییه‌تی دیموكراسییه. دیموكراسی له فۆرمه ئه‌قڵانییه‌كه‌یدا كاتێك مانا په‌یدا ده‌كات، كه زامنی ده‌سته‌به‌ركردنی مافی كه‌مینه بێت و بوونی وه‌ك خۆی بپارێزێت و بسه‌لمێنێت. دیموكراسی ته‌نیا فۆرمی په‌سه‌ندی زۆرینه نییه. دۆخی ژیانی ڕامیاری گشتییه ،كاتێك ده‌توانێت یاسا و پرێنسیپ بێی، كه ده‌سته‌به‌ری ماف و بوونی وه‌ك خۆیی كه‌مینه بكات. به‌ڕه‌وشبوونی ئه‌قڵانییه‌تی دیموكراسی كۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هێز و كه‌س و كۆمه‌ڵگە و بۆچوونه فكرییه‌كان ده‌خاته بازنه‌ی گۆڕان و دابڕانێكی ئاوه‌زیی و ڕه‌وشناسی دروست ده‌كات. نوێبوونه‌وه و پێشكه‌وتن، بێ دابڕان له نه‌ریتی هزرینی پشوو، لەگەڵ فامكردنی هۆشیارانه‌ی هه‌ناوی ئه‌قڵانییه‌تی دیموكراسی، كه نوێبوونه‌وه و داڕشتنی بزاوتێكی نووێیه، ئه‌سته‌مه. نوێ بوونه‌وه پێش هه‌موو شتێ نوێبوونه‌وه‌یه له هزر و پرۆژه و ڕوانیندا، كه خوازیاری ئاوه‌ز و فكرێكی ڕه‌خنه‌گری ڕه‌خنه‌په‌سه‌نده، بۆ گۆڕان و نوێبوونه‌وه و له دۆخی ئێستا ده‌رچوون به‌ره‌و چاكتربوون.