ئیبراهیم شێخ وەسانی
بەشی دووەم
لە بەشی یەکەمدا گوتم لە فیکری ئۆجەلان دا کورد سۆژەیە، ئۆبژە نییە، بەڵام نابێت ئەوە بەو مانایە لێک بدرێتەوە کە لەلای ئەو کورد و دۆزی کوردی هیچ گرنگ نین. ئەگەر کەمالیزم (ئەتاتورک) پێداگیری لە ناوەندگەرایی (centralism)، سڕینەوە، ئەسیمیلەیشن واتە توانەوە بکات، کار بۆ چەسپاندنی یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ئاڵا بکات، ئەوا ئۆجەلان دژ بە ناوەندگەرایی، دەوڵەتخوازی و دەوڵەت-نەتەوە (nation-state)یە، کار بۆ پێکەوەژیان، لامەرکەزی، فرەکولتووری و فرەزمان دەکات. بە کوردی و کرمانجی دەکرێت بڵێین ئۆجەلان دژی دەستەڵاتداریی و سیستەمی دەوڵەتداری و دەوڵەتگەراییە (statism). ئەو بیر لە دامەزراندنی سیستەمێکی باشتر لە سیستەمی دەوڵەت دەکاتەوە. عەسا سیحریەکەشی بۆ دژایەتیکردنی دەوڵەت-نەتەوە و دەوڵەتداری و دەوڵەتگەرایی، کۆمەڵگەی دیموکراتیکە.
لێرەدا مافی هەموو کوردێکە بپرسێ کاتێک زۆرینەی کورد خەون بە دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردستانیی دەبینن و تامیان نەکردیە، لە ئێستاشدا ئۆجەلان کێشەی لەگەڵ سنووری جوگرافی دەوڵەتی نەتەوەیی تورکیا دا نییە، بۆچی بەیەکەوە هەوڵ بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتی و دەوڵەتی-نەتەوەیی کوردی نادات؟ لە بەشەکانی داهاتوو وەڵامی ئەو پرسیارە لەسەر زاری ئۆجەلان بە وردی دەدەمەوە، بەڵام لێرە تەنها دەتوانم ئەوە بڵێم خودی دەوڵەت-نەتەوە لەلای ئەو کێشەدارە، ئەوجا دەوڵەت-نەتەوەی کوردی بێت یان تورکی، چونەک لەلای ئەو کۆمەڵگەی دیموکراتیک چارەسەرە.
دەی ئەگەر کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک لەلای ئۆجەلان چارەسەرە، لێرە پرسیاری جەوهەری ئەوەیە، ئامانج لە کۆمەڵگەی دیموکرتیک چییە و بەرەو کام ئاقارمان دەبات؟ ئامانج گەیشتنە بە سۆشیالیزم. جەوهەری کۆمەڵگەی دیموکرات سۆشیالیزمە، بەڵام سۆشیالیزمێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوە و دەوڵەتداریی.
ئۆجەلان پێی وایە تێزەکانی دەوڵەت بەگشتی و دەوڵەت-نەتەوە بەتایبەتی و سۆشیالیزم دوو تێزی دژبەیەکن، ئەو پێی وایە قەیرانی سۆشیالیزم لە چارەسەرنەکردنی کێشەی دەسەڵات و دەوڵەتەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەو دەڵێت سۆشیالیزم کە خۆی وەک کۆمەڵگەیەکی مێژوویی دژە سەرمایەداری پیشان دەدات، ناتوانێت لەسەر هەمان مۆدێلی دەوڵەتی سەرمایەداری بەردەوام بێت، هەرگیز بنیاتنانی سۆشیالیزم لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەرکەوتوو نابێت، چارەنووسی هەمان چارەنووسی سۆشیالیستی واقیعی یەکێتیی سۆڤیەتی دەبێت. لەوەش زیاتر، ئۆجەلان دەڵێت دەمەوێت ئەوە بسەلمێنم کە بۆچوونەکانی مارکس و ئەنگڵز کە دەڵێن سۆشیالیزم تەنیا لەسەر بنەمای دەوڵەتە نەتەوەییە ناوەندییەکان دەتوانرێت بنیات بنرێت، هەڵەیەکی سیستماتیکی سۆشیالیزمی زانستییە.
بە باوەڕی ئۆجەلان دەوڵەتی نەتەوەیی یەکێکە لە ئاڵۆزترین بابەتەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و وەک چەقۆیەکی سیحراوی پێناسە دەکرێت کە دەتوانێت هەموو کێشەکانی دژ بە مۆدێرنەتە چارەسەر بکات، بەڵام لە ڕاستیدا کێشە کۆمەڵایەتییەکان هەزار هێندە دەکات، دەڵێت هۆکاری ئەو توانایەی دەوڵەتیش لە خراپەکاری ئەوەیە کە ئامێری دەسەڵات لەناو دەوڵەتی نەتەوەییدا بەناو هەموو موولوولەکانی کۆمەڵگا بڵاو بوویتەوە.
ئۆجەلان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەوڵەت-نەتەوە کە بانگەشەی دروست کردنی کۆمەڵگایەکی یەکسان دەکات، هاووڵاتییەکی ساختە لە ژێر حوکمی (یاسا) دروست دەکات، ڕاستە ئەم هاووڵاتییە بەپێی (یاسا) یەکسانە، بەڵام وەک ئەوەی بە چەقۆیەک هەموو ئەندامەکانی لەشی بەمەبەستی یەکسانکردن بڕا بێت وایە. ئەو پێی وایە هاووڵاتی لەژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی نەتەوەیی چ وەک بوونەوەرێکی تاک یان دەستەجەمعی ئەوپەڕی نایەکسانی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ئەزموون دەکات، دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوە بەخۆی کێشە دەخوڵقێنێ، کێشەی کۆمەڵایەتی، ستەم و چەوسانەوە، کە بەهۆی ماتەوزەی (پۆتانسیەڵی) هێزی ڕێکخراوەیی سەرمایە بەرهەمی دەهێنێ، بۆ هاووڵاتیان دروست دەکات. لە فیکری ئەو دا، مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی، تەڵەیەکی تەواوە، تۆڕێکی چەوساندنەوە و ئیستغلالکردنە بۆ کۆمەڵگەکان.
لە درێژەی قسەکانی لەسەر دەوڵەت-نەتەوە، ئۆجەلان مەبەستەکانی ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت کاتێک باس لە تیۆری دەوڵەت-نەتەوە دەکرێت، بابەتێکی دیکە هەیە کە پێویستە ڕەخنەی لێ بگیرێت، ئەویش ئەوەیە کە نەتەوە وەک خوا پیرۆزکراوە، مۆدێرنەتەی سەرمایەداریی نەتەوە و دەوڵەتی لە شوێنی ئایین و خوای تەقلیدی داناوە. بە بۆچوونی ئەو ئەگەر ئایدۆلۆجیای ناسیۆنالیزم وەک ئایینی دەوڵەت-نەتەوە لێک بدەینەوە، دەتوانین بڵێین خودی دەوڵەت-نەتەوە خوداوەندی ئەم ئایینەیە. بۆیە دەڵێت دەوڵەت لە سەردەمی مۆدێرنەتەدا بە شێوەیەک بنیات نراوە کە جەوهەری هەموو چەمکەکانی خوایی سەدەکانی ناوەڕاست لەخۆ بگرێت، ئەو دیاردەیەی کە پێی دەگوترێت “دەوڵەتی عەلمانی” لە جەوهەردا بریتییە لە بنیاتنانەوە و کۆنکرێت کردنی خوداوەندە کۆنەکانی سەردەمی فرەخوایی و خوای ئایینەکانی سەدەکانی ناوەڕاست لە چوارچێوەی دەوڵەت.
لەژێر ڕووناکی ئەم تێگەیشتنانە، ئۆجەلان پێی وایە تەسلیم کردنی چارەسەری کێشە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە بە دەوڵەتی-نەتەوەیی، ستەمکارترین لایەنی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە. بە باوەڕی ئەو چاوەڕوانی چارەسەر لە کەرەستەیەک کە خۆی سەرچاوەی کێشەکانە، دەبێتە هۆی ئەوەی کێشەکان وەک تۆپە بەفر بن و ئاژاوەی کۆمەڵایەتی لێ بکەوێتەوە. لەبەرئەوە ئۆجەلان دەڵێت سەرمایەداری قەیراناویترین قۆناغی سیستەمی شارستانیی مێژووی مرۆڤایەتییە، دەوڵەتی نەتەوەیی کە لەم قۆناغە قەیراناوییەدا خرایە ناو بەرنامەی کارەوە، بەهێزترین ڕێکخراوی توندوتیژییە بە درێژایی مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.
لە دیدی ئۆجەلان، ئەو سەردەمەی ئێمە تێیدا دەژین، کە تێیدا هێماکانی دەوڵەتی نەتەوەیی و دروشمە بنەڕەتییەکانی “یەک ئاڵا”، “یەک زمان”، “یەک نیشتیمان”، “یەک دەوڵەت” و “دەوڵەتی یەکگرتوو” پیرۆز دەکرێن، ڕێوڕەسمی شۆڤێنی نەتەوەیی لە هەموو خۆپیشاندانێکدا، بە تایبەت لە ڕووداوە وەرزشی و هونەرییەکان دەکرێت، ئەمانە دەبێ وەک سرووتی (تقوسی) پەرستنی ئایینیی ناسیۆنالیزم لێک بدرێنەوە. هەر لەو پەیوەندەدا، ئەو دەڵێت لە ڕاستیدا پەرستن لە سەردەمەکانی پێشووش هەمان ئەرکی هەبووە، ئامانجی سەرەکی چەسپاندنی بەرژەوەندیی قۆرخکارییەکانی دەسەڵات و ئیستغلالکردن بووە، ئەویش بە شاردنەوە بێت یان بە پیرۆزکردن و شەرعیەتپێدان.
ماویەتی