لەتیف فاتیح فەرەج و مەجید ساڵح
بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاییکردنی “عەجاج”، وەک یەکێک لە تاوانبارە دیارەکانی دەزگای سەرکوتکاری دەوڵەتی عێراق و حیزبی بەعس لە زیندانی نوگرەت سەلمان، وەرچەرخانێکی گرنگە لە مێژووی دادوەریی ڕاگوزەر لە کوردستان و عێراق دا، چونکە ئەم هەنگاوە تەنها دادگاییکردن و سزادانی کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو گێڕانەوەی شکۆ و ڕێزە بۆ قوربانیانی ئەنفال و زیندوکردنەوەی دۆسیەی جینۆسایدی کوردە لە ڕەهەندە یاسایی و مرۆییەکەیدا.
بەڵام تێبینییە سەرەتاییەکانی ئێمە لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنی ڕۆژی ٧ی ئەم مانگەیە، ئایار. لەوێدا هەستمان کرد کۆمەڵێک کەموکوڕی تەکنیکی و کارگێڕیی لە دادگاییەکەدا ڕوویاندا، دەکرێت کاریگەری نەرێنییان لەسەر ڕەوتی دادپەروەری هەبێت، بەتایبەت لە پرسی ئامادەکردنی سکاڵاکار و شایەدەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گێڕانەوەی ڕاستییەکان بەبێ پەستانی کات و ماندوێتی جەستەیی، چونکە کۆکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ سکاڵاکار لە یەک ڕۆژی دادگاییکردندا، دەرفەتی وردەکاری و گەڕان بەدوای هەقیقەت کەم دەکاتەوە و دۆسیەکە بەرەو پڕۆسەیەکی ڕووکەشی دەبات.
لە ڕووی ستراتیجییەوە، پەرشوبڵاویی تیمی یاسایی کورد لە هۆڵی دادگا و نەبوونی هەماهەنگییەکی یەکگرتوو لە نێوان پارێزەرەکاندا، درزێکی مەترسیدار دروست دەکات، کە ڕەنگە تاوانبار و پارێزەری تاوانبار بۆ تانەدان لە سکاڵاکاران بەکاری بهێنن، چونکە هەر کاتێک لایەنی داواکار بە گوتارێکی یەکخراو و بەڵگەی تۆکمە ئامادە نەبێت، ڕێکارەکان لە ئامانجە بنەڕەتییەکەیان لادەدەن.
ئەم دۆخە پێویستی بەوەیە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەرپرسیاریەتی تەواو هەڵبگرن لە ئامادەکردنی دەروونی و لۆجیستیی ڕزگاربووەکان، تاوەکو تەمەن و تێکچوونی یادەوەری نەبنە هۆی ئەوەی جەلادێک، کە پێشتر دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، لە ڕێگەی کایە یاساییەکانەوە وێنەی خۆی وەک بێتاوان نیشان بدات.
مێژووی دادگاییکردنە سیاسییەکان لە عێراق، بەتایبەت ئەزموونی دادگاییکردنی سەدام حوسێن، وانەیەکی گرنگمان فێر دەکات؛ کاتێک ڕێکارە یاساییەکان دەبنە قوربانیی پەلەپەل و ڕۆحیەتی تۆڵەسەندنەوەی سیاسی، وەک ئەوەی شیعەکان کردیان. ئیدی تاوانبار دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت هۆڵی دادگا بکاتە سەکۆیەک بۆ پۆپۆلیزم و نواندنی ڕۆڵی قوربانی، بە جۆرێک لە جیاتی وەڵامدانەوەی تۆمەتە قورسەکانی جینۆساید، باس لە مەزڵوومیەتی خۆی بکات.
لە دۆسیەی سەدامدا، پەلەکردن لە سزادان و جێبەجێکردنی حوکمەکە پێش تەواوبوونی دۆسیە گەورەکانی وەک ئەنفال، وای کرد بەشێک لە ڕایگشتی جیهانی وەک قوربانییەکی سیاسی تەماشای سەدام بکات، نەک جەلادێکی جینۆسایدکار. ئەگەر لە دۆسیەی عەجاج و هاوشێوەکانیشیدا میدیای کوردی و تیمی یاسایی نەیکەنە ئەرکی خۆیان کە وێنە دڕندەییەکەی جەلاد وەک خۆی بپارێزن، مەترسی ئەوە هەیە، بەهۆی هەڵەی تەکنیکیی دادگاوە، مێژوو بە پێچەوانەوە بنووسرێتەوە.
بۆیە پێویستە لە دانیشتنەکانی داهاتوودا، بەتایبەت دانیشتنی ١٤ی ئایار، گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە مامەڵەکردن لەگەڵ شایەتحاڵەکاندا بکرێت و مافی تەواویان پێ بدرێت بۆ گوزارشتکردن لەو ستەمەی لێیان کراوە، دوور لە هەر جۆرە دەستوەردانێک، کە بابەتەکە بە قازانجی تاوانبار بشکێنێتەوە. گەیاندنی هەقیقەت ئەرکێکی نیشتمانییە و نابێت هیچ میدیایەک و لایەنێکی سیاسی بۆ مەبەستی ناوبانگی شەخسی یان سیاسی مامەڵە بەو دۆسیە هەستیارانەوە بکات، چونکە بڕیاری ١٦٠ی ساڵی ١٩٨٧ و هەموو ئەو بەڵگانەی لەبەردەستدان، سەلمێنەری بێ ئەملاو ئەولای جینۆسایدی گەلی کوردن و ئەرکی دادگایە ئەم ڕاستییە مێژووییە بپارێزێت نەک ڕێگە بدات درز بکەوێتە نێو گێڕانەوەی قوربانییەکان.


