عەتا جەمالی
جیا لەوە کە سێ تێگەی سیاسەت، ئابووری و ئاسایش سێ ڕەهەندی تیۆریکی جیاوازن و دەشێ هەر کام بەگوێرەی پێوەر و پارامێترەکانی خۆیان لە زانستی سیاسەتدا بخوێندرێنەوە، بەڵام لە سیاسەتی کردەییدا هیچ جووڵەیەکی سیاسی دەرەکی بەبێ تێکهەڵکێشکردنی هاوئاهەنگی ئەو سێ بوارە ڕوو نادات. واتە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، خۆی گۆڕەپانێکی ئابوورییە و هیچ گۆڕەپانێکی ئابووری بەبێ دەستەبەربوونی ئاسایش دەرفەتی قازانج دروست کردنی بەردەوام ناڕەخسێنێت.
کەواتە وانەی یەکەم بۆ دەوڵەتداری دەبێتە ڕەخساندنی هەلی بەشداری لە گۆڕەپانی ئابووریی جیهانی لەڕێگەی توانستی دیپلۆماتیکەوە، بەو مەرجەی توانای دابینکردن، یان ڕۆڵگێڕان لە دابینکردنی ئاسایشی ئابووری هەرێمیت/جیهانیت سەلماندبێت. بەدڵنیایی بەشی هەرە گەورەی تێچووی چوونە ناو وەها گۆڕەپانێک دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ئەو سەلماندنە. لێرەدا جۆری پەیوەندیی نێوان ئایدیۆلۆجیا و دەزگای دەوڵەت ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت. پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا دەزگای دەوڵەت و ڕاشناڵیزمی سیاسییە کە دیپلۆماسی ڕا دەنێت یان ئایدیۆلۆجی.
یەکێک لە لێکەوتەکانی ڕووخانی بەشار ئەسەد، لە سووریا، جیا لەو دۆخە ئانارشییە کە لەناو خۆی وڵاتی سووریا لێی کەوتەوە، بوو بە هۆکارێک بۆ کەوتنەوەی ئانارشییەکی هەرێمیی کە لەو دۆخە ئانارشییەدا هەوڵەکان بۆ گۆڕینی تەرازووی هێز و هەژموونگەرایی بە خەستی کەوتنە گەڕ.
سێ وڵاتی کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەر لە ڕووخانی ئەسەد، ئێران و سعودیە و ئیسرائیل بوون کە بە هۆی دژبەرژەوەند بوون و هاوکات دوژمنایەتیی هەرسێک لەو وڵاتانە لە ڕووی ئایدیۆلۆجی، سیاسی و ئەمنییەتییەوە لە هەموو ئەو ساڵانەدا، جۆرێک لە چەقبەستوویی دۆخی خوڵقاندبوو، کە تەنانەت بەهۆیەوە نەتەوەیەکی وەک کورد بە دۆخی بندەستی و بێئومێدی لە گۆڕانکاری ڕاهاتبوو. بەشێوەیەک کە بنەمای خوێندنەوەی واقیعی سیاسی بەتەواوی بەسترابۆوە بەجۆرێک لە بە ئەبەدی زانینی جۆری پەیوەندییەکانی ئەو دەوڵەتانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ڕووخانی ئەسەد بەتەنیا ڕووخانی حکوومەتێک نەبوو، بەڵکوو هەلی توێخ هەڵدانی دۆخی تازەی ئەو هەرێمە بوو.
مەیلی تێری هەڵنەگری سعودیە بۆ گەشە و تێپەڕین لە دۆخی پێشووی خۆی کە لە جیهاندا زیاتر وەک مێشکی وەهابییەت و زێدانی تیرۆریزمی ئیسلامیی سوننە دەناسرا و ڕێگەدان بە قوت بوونەوەی ئێران لەو ناوچەیەدا وەک باوکی تیرۆریزمی ئیسلامیی شیعی، بەگوێرەی نەزمی پێشووی ناوچەکە، زیاتر وەک دەرفەتی هاوسەنگکردنەوەی هێز لە ناوچەکەدا دەبیندرا، هیچ زەروورەتێکی بۆ بەردەوامیی تیرۆریزمی ئێرانی نەهێشت.
سعودیە ئیتر مەترسی نەبوو بۆسەر هەبوونی ئیسرائیل و هاوکات مەیلی قووڵی خۆی بۆ گەشەپێدان پێشان دابوو. ئیسرائیل وەک گەشەکردووترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی زانستی و تەکنەلۆجییەوە، بە پڕۆژەی “پەیمانی ئیبراهیم”ـەوە هاتبووە مەیدان بۆ ئەوەی لەبەرامبەر مانەوەی خۆیدا بەشداری بکات لە گەشەپێدانی وڵاتانی عەرەبی/ئیسلامی دا کە هەتا بەر لە ڕووخانی ئەسەد توانیبووی چوار وڵاتی عەرەبی/ئیسلامی بێنێتە ناو ئەو پەیمانەوە و بەو شێوەیە جیهانی عەرەبی/ئیسلامیی لە بەرامبەر خۆیدا کردبوو بە دوو کەرتەوە. بەم شێوەیە ئەو وێنە قێزەونەی کە پێش پەیمانی ئیبراهیم لە هەردووک جیهانی سوننە/عەرەبی و ئێرانی/شیعی دا هەبوو تێکشکێندرا و بەتایبەتی کە شکاندنی ئەو وێنەیە لەناو جیهانی سوننە/عەرەبی دا ڕووی دابوو، لەلایەکەوە هەلی ئایدیۆلۆجیکی بۆ تیژتر بوونی ئێرانی شیعی لە دژی ئیسرائیل ڕەخساندبوو. ئەمە دەرفەتێک بوو کە ململانەی سعودیە لەگەڵ ئێران دا ببێتە ململانێیەکی سعودی/ئیسرائیلی لە دژی ئێران.
یەکێک لەو وڵاتانە کە لە سەردەمی ئەمریکای “ئۆبامایی”ـەوە هێنرابووە ناو ململانێ ئایدیۆلۆجییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستـەوە، تورکیا بوو و وەک بەرەیەکی سوننە-ناعەرەبی. ناودێر کردنی تورکیا وەک ناوەندی جیهانی ئیسلامی-سوننە هەوڵێک بوو بۆ دەرهێنانی جەمسەری هەژموونیکی سوننە لە دەستی دوو وڵاتی میسر و سعودیە بوو کە لە درێژەدا لە پڕۆژەی بەهاری عەرەبی دا میسر سەرەوژێر کرا و سعودیە وردە وردە بەرەو گۆڕانی ناوخۆیی و هەروەها گۆڕانی سیاسەتی دەرەکی چوو.
حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ وەک خاڵێکی وەرچەرخانی نوێ لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، کە وەک دەرفەتێک بۆ تێکدانی یەکجارەکیی تەرازووی ڕێکخراوی پێشوو و بەردەبازێک بۆ بەڕێخستنی ڕووخسارێکی نوێ و باڵانسێکی نوێ لەو ناوچەیەدا دێتە بەرچاو.
دۆخی تازە، دۆخی پەیمانی ئیبراهیم و کۆڕیدۆری داوود بوو کە پێویستی بە داڕماندنی کەوانەی/هیلالی شیعی و بەرەی مقاوەمە بوو. بۆ ئەو مەبەستەش دەبوو سووریا وەک ژینەکیترین دەماری بەرەی مقاوەمە کە گۆڕەپانی ڕمبازێنی هەموو کلک و گوێیەکانی ئێران بوو هەڵتەکێندرێت. ئێرانێک کە پێشتر توانیبووی یەکێک بێت لە هۆکارەکانی شکست پێکهاتنی پڕۆژەی بەرەی سوننە لە سووریا و عیراق (داعش).
پڕۆژەی گۆڕینی سووریا هاوکات بوو لەگەڵ بەرزتر بوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەوروپا و ڕووسیا لە شەڕی ئۆکراین دا و پەرەگرتنی ململانێ ئابوورییەکانی چین و ئەمریکا. یەکێک لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی چین لە دژی پێگەی ئەمریکایی لە جیهاندا، نزیکبوونەوەی لە ڕووسیا بوو کە باشترین دەرفەت بۆ لەبار کردنی ئەو ئەگەرە، پرسی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین بوو، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا واتە دوورگەی کرایمیە و هەرێمی دۆنباس یان دوو پارێزگای یووهانسک و دۆنێتسکە کە هۆکاری سەرەکیی ململانەی چەندین ساڵەی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین و جەنگێکی سێ ساڵەی پڕ لە تێچووی نێوان ئەو دوو وڵاتە بوو.
بەڵێنەکانی ترامپ بەر لە هەڵبژاردەنەوەی وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین یەکێک لەو دنەدەرە سەرەکییانە بوو کە لە گەمەی ڕووخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دا پوتین هیچ ڕێگرییەکی نەکرد، بەڵکوو وەک گەرەنتی و تەنانەت بەرتیلی بەڵێنەکانی ترامپ، ئەسەدی نیوەشەوێک ڕاگواست بۆ مۆسکۆ. پڕۆژەی لەبەر یەک کردنەوەی بەرەی چین/ڕووسیا، تەنانەت دۆناڵد ترامپـی بەرەو هەڕەشەی دەرچوون لە ناتۆ هاندا کە هەر ئەمە گەورەترین نیگەرانیی بۆ وڵاتانی ئەوروپای ئەندامی ناتۆ دروست کردووە. ترامپ بە باشی دەزانێت کە دەرچوونی ئەمریکا لە ناتۆ ڕاستەوخۆ بەمانای هەڵوەشانەوەی ئەو هاوپەیمانییە سەربازییەیە کە بەبێ هەبوونی جۆرێکی تر لە هاوپەیمانیی سەربازیی ئەوروپایی، هەرکام لە وڵاتانی ئەوروپا لەبەرانبەر ڕووسیا دا دەبن بە وڵاتگەلی بچووک و لاواز. ئەم هەڕەشەیەش یەکێکە لە بەرتیلەکانی ترامپ بە ڕووسیا کە لەوانەبوو ئەگەر ناتۆ نەبوایە ئۆکراین زۆر لەمێژ بوو ببوو بە بەشێک لە خاکی ڕووسیا.
لە گەرماوگەرمی پەلەقاژێکانی ئەوروپا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازیی ئەوروپایی وەک جێگرەوەی ناتۆ، تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جیا لەوەی کە لەبەردەم هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی ناتۆ دایە، ئەندامی یەکێتیی ئەوروپاـش نییە کە لە ئەگەری پێکهاتنی هەر هاوپەیمانییەکی سەربازیی ئەوروپاییدا ببێتە ئەندام و لەو ڕێگەیەوە هەم خۆی لە بەرانبەر ڕووسیا دا بپارێزێت و هەم پڕۆژە ئیمپریال و زێدەخوازانەکانی لە ناوچەکەدا بباتە پێش. هاوکات لە ئەگەری بە ئەوروپایی نەبووندا، وەک دیواری ناوبەری ئەوروپا و ڕووسیا کەڵکی لێ وەربگیرێ، واتە هەمان ئەو ڕۆڵەی کە لە ئۆکراینی ئێستا وەردەگیرێت.
ئەمە واتە مەترسییەکی ستراتیجیی ڕوو بە داهاتووی تورکیا. مەترسییەک کە پێویست بوو تورکیا خۆی لێ ڕزگار بکات.
لە سەرەتای قۆناغی بیست ساڵەی دەسەڵاتداریی ئەردۆگان، کە هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئەندامەتی لە یەکێتیی ئەوروپا دەستی پێکردووە، هەمیشە ڕووبەڕووی شکست بۆتەوە و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی تورکیا لەو هەوڵانەدا، دۆخی کورد بووە لە ناو تورکیا. فەڕەنسا وەک گرینگترین و کاریگەرترین وڵاتی ئەوروپا هەمیشە دوو پرسی ئیسلامیزم و چارەسەرنەکردنی پرسی کوردی وەک دوو بەربەستی سەرەکی لە بەرانبەر ئەو هەوڵانەی تورکیا دا زەق کردۆتەوە. ئەگەرچی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپادا دەیتوانی جیا لەوەی کە ئابوورییەکەی تێکەڵ بە ئابووریی ئەوروپایی بکات و پێگە ئابوورییەکەی بەهۆی دراوسێیەتی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەی کردە پرسی ئابووریی نێوان ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەیتوانی لە ڕووی ئاسایشییەوە دەستکەوتی زۆر ستراتیجیک و گەورە بۆ خۆی دەستەبەر بکات. بەڵام لەبەر ئەندامەتیی تورکیا لە هاوپەیمانیی ناتۆ دا کە دابینکەری بەشێکی گەورەی ئەمنیەت و ئاسایشی ئەو وڵاتەیە و دەیتوانی لە پێگە جیۆپۆلەتیکیەکەی وەک گوشاری سیاسی لە دژی ئەوروپا لەپێناو دەستکەوتی ئابووری و سیاسی کەڵک وەربگرێت، هەتا ئەم قۆناغە منەتێکی ئەوتۆی بە یەکێتیی ئەوروپا نەبووە کە ئامادە بێت لە بەرانبەر ئەندامەتیدا بەتایبەتی دەست بۆ گۆڕانکاری لەو دوو ڕەهەندەی ئیسلامیزم و پرسی کورد ببات.
بەڵام لە قۆناغێکی کورتی بەر لە ڕووخانی ئەسەد و چڕ بوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر کلک و گوێیەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا و ڕاگەیاندنی پڕۆژەی نەزمی نوێی ئیسرائیل لەلایەن “نەتانیاهۆ”وە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، تورکیا قووڵایی مەترسییەکانی بەرەو داهاتووی خۆی هەست پێ کرد. گۆڕانێک کە دەیتوانی ببێتە هۆی هەڵوەشانەوەی تورکیا. بۆیە زۆر بەخێرایی تورکیا لە دوو ئاستدا هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵ کردنی دۆخی تازە لە دژی خۆی خستە گەڕ.
ئاستی یەکەم، گەڵاڵەکردنی بەپەلە و ڕاشکاوی دوو قۆڵیی پڕۆژەی تورکیای دیموکراتیک و مەزن و ئارام لەنێوان دەوڵەت باخچەلی و عەبدوڵا ئۆجالان لەژێر ناوی “پرۆسەی ئاشتی” لەپێناو “کۆتاییهێنان بە تیرۆر” و خستنەوەی “ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی”، کە زۆر بەخێرایی و تەنیا لە ماوەی پێنج مانگدا هەتا قۆناغی هەڵوەشانەوەی ڕێکخراوەیی پە(کە)کە چوو و چاوەڕوان دەکرێت درێژەی ئەم پڕۆژەیە هەر بەو خێراییە بچێتە پێش و وێنەیەک لە ئاشتەوایی تورکیایی لەنێوان کورد و تورک دا پێشانی جیهان و بەتایبەتی ئەوروپا بدرێت کە هەم لانیکەم یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم خۆی لەڕێی ئەندامەتی لە یەکێتیی ئەوروپا دا لاببات و هەم هەڕەشە چاوەڕوانکراوەکان لە دژی مانەوە و یەکپارچەیی خۆی سڕ بکات. هەڕەشەگەلێک کە دەیتوانی لە درێژەی پڕۆژەی ئیسرائیلی ئەمریکایی دا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە هۆی ڕادیکاڵیزەتر بوونی پە*کە*کە لە دژی تورکیا بە پشت بەستن بە ئیسرائیل.
ئاستی دووەم، لەگەڵ ڕووخانی ئەسەد و کۆنترۆڵی دیمەشق لەلایەن ئەحمەد شەرع، تورکیا هەموو هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی هاوکات لەگەڵ ئەوەی ڕێگە لە نفووزی ئیسرائیل لە هەردووک ناوەندی حەسەکە و دیمەشق بگرێت، هەژموونیی خۆی بەسەر ئەو دوو ناوەندەی سووریا دا بسەپێنێت. بەو مانایە کە لەڕێگەی پڕۆژەی باخچەلی/ئۆجالان، ڕۆژئاوای کوردستان بخاتە ژێر هەژموونی خۆی و بە ئامرازی سوننەگەری و بەرگری لە دۆخی نوێ لەبەرانبەر ئێرانی شیعەدا، بەسەر دیمەشق دا زاڵ بێت. جۆری یارییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع بە شێوازێک دەردەکەوت کە زۆر بە کەمی گومانی دەهێشتەوە سەبارەت بە کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر دیمەشق دا.
سەبارەت بە دیمەشق یەکێک لەو هەڵسوکەوتە سیمبولیکە بە بۆچوونی من زۆر گرینگانە کە دەشێ بەرهەمی ئاگاییەکی قووڵی سیاسی و ستراتیجیک بێت، دیاری کردنی شوێنی یەکەم وتاری ئەحمەد شەرع بوو لە مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق.
مزگەوتی ئەمەوی ئەگەرچی بۆ تورکیا دەیتوانی وەک هێمایەکی نزیکایەتی بخوێندرێتەوە و لەڕاستیدا هەر بەو شێوەیەش لێکدرایەوە و پێشوازیی لێکرا کە بەبۆچوونی من پەیوەندیی بە زەینی مێژوویی بەرکورتی تورکەوەیە لەو ناوچەیەدا کە گرێدراوە بە مێژووی ئیمپراتۆریی عوسمانییەوە. تورکیا کە خۆی بە میراتگری عوسمانی دەزانێ و دیمەشق و مزگەوتی ئەمەوی وەک یەک لە ناوەندە ئایینییە گرینگەکانی جیهانی ئیسلام بۆ چەندین سەدە لەژێر فەرمانی عوسمانییەکان دا بووە. پێشکەشکردنی یەکەم وتاری شەرع لە مزگەوتی ئەمەوی و جۆری پێشوازیی دەوڵەتی تورکیا لەو جووڵەیە لەلایەکەوە دەرخەری بەکورتیی زەینی مێژوویی تورک و لەلایەکی دیکەوە نائاگایی تورکانە لە ناسیۆنالیزمی عەرەبی/ئیسلامی. مزگەوتی ئەمەوی کە لە سەردەمی خەلافەتی ئەمەوی دا ناوەندی دەسەڵاتی ئیسلامی بووە، یەکێکە لە هێما هەرە گرینگەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی/ئیسلامی.
جیا لەوانەش یەکەم سەفەری دەرەکیی شەرع لە پاش کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی دیمەشق، بۆ ڕیاز بوو نەک ئەنقەرە. ئەمە خۆی دەتوانێت نیشانەیەک بێت بۆ ئەوەی شەرع زیاتر لەوەی پڕۆژەی تورکیا بووبێت، پڕۆژەی سعودیە و لە چوارچێوەی هەمان ململانەی هەژموونیی عەرەبی-سوننە لە دژی ئێرانی-شیعی دا ڕووی دابێت نەک ململانەی ئێرانی/تورکی یان تورکی-سوننە لە دژی ئێرانی-شیعە.
نیشانەی دواتر کە زیاتر دەرخەری گرێدراویی ئەحمەد شەرع بە سعودیەیە، پێداگریی شەرع لەسەر عەرەبیی بوونی سووریایە کە هەم لە واژۆی ژێر ڕەشنووسی بڵاوکراوەی دەستووری نوێی سووریا دا و هەم لە واژۆی ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی دا دەردەکەوێت.
ئێستا تورکیا لەلایەکەوە هەوڵەکانی بۆ ڕێکخستنی ناوخۆیی (لەرێگەی پڕۆژەی کۆتاییهێنان بە تیرۆر و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی) و ڕێکخستنی دەرەکی (ڕێکخراوی EUTCC لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا کە چەندین ساڵە لەلایەن ژمارەیەکی بەرچاوی کەسایەتی و ڕێکخراوی کورد و پڕۆکوردەوە بۆ لابردنی بەربەستە یاسایی و مافی مرۆڤییەکانی بەردەم تورکیا بۆ ئەندامەتی لە یەکێتیی ئەوروپا دا تێدەکۆشن)، بەڵام بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری و پێگەی لاوازی لەلایەکەوە لەبەرانبەر ئەوروپا دا بەهۆی دژایەتییەکانی بەتایبەتی لەگەڵ هاوبەشە کوردەکانیان لە سووریا و عیراق و لەلایەکی ترەوە لەبەرامبەر ئەمریکادا کە ناتوانێت بەتایبەتی لە قۆناغی ترامپی نوێدا وەک ڕکابەری سعودیە و وڵاتانی کەنداو بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ڕزگارکەرانەی ئابووریی ئەمریکا دەرکەوێت، لە هەردووک ئاستەکەدا نزیکە لە شکستی گەورە، لانیکەم لە کۆنترۆڵی سووریا دا.
سەردانی ئەم دواییەی ترامپ، لە گەرماوگەرمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران دا؛ گەورەترین گرێبەستی چەکوچۆڵی مێژوو لەنێوان ئەمریکا و سعودیە، گرێبەستی وەبەرهێنانی ٦٠٠ ملیار دۆلاریی سعودیە لە ئەمریکا لە بەرانبەر لابردنی گەمارۆکانی ئەو وڵاتە لەسەر سووریا، لەلایەکەوە دەتوانێ هۆکارێک بێت بۆ کورت کردنەوەی یەکجارەکیی دەستی تورکیا لە سووریا و لەلایەکی دیکەوە یەکلاییکردنەوەی ئەرکی دابینکردنی ئەمنیەتی سووریا بۆ سعودیە. بەو مانایە کە ئەمریکا هەم لە سووریا بمێنێتەوە و هەم ئەمنیەتی سەرمایەگوزاریی سعودیی لەو وڵاتە دابین بکات و لە ڕووی سیاسییەوە سووریا بهێنێتەوە ناو بازنەی جیهانی عەرەبی و لە داهاتوویەکی نەک دوور دا هاوکات لەگەڵ سعودیە ببن بە بەشێک لە پەیمانی ئیبراهیم.
نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە بنەمایەک بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی جیۆپۆلەتیک لەو ناوچەیەدا. لە دۆخی نوێدا پێگەی جیۆپۆلەتیکی تورکیا بە هیچ شێوەیەک بە هەمان بەهێزیی نەزمی پێشوو نامێنێتەوە. هاوپەیمانییەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت. کۆریدۆرەکانی وزە و سەبەتە ناوچەیی و جیهانییەکانی خۆراک دەگۆڕدرێن.لەئەنجامدا، تورکیا و ئێران وەک دوو پاشماوەی ئیمپراتۆری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ئیتر خاوەن ئەو پێگە و هێز و هێژمۆنییەی نەزمی پێشوو نابن.
لاواز بوونی پێگەی سیاسی، ئابووری و جیۆپۆلەتیکی ئێران و تورکیا بەهۆی نەزمی نوێوە، لە خۆیدا دەتوانێ بەمانای گۆڕانی دۆخی سیاسیی ناوخۆیی دەوڵەتانی ئەو وڵاتانە لەبەرانبەر کورد دا بێت.
ڕوانینی نەریتی بۆ بزووتنەوەی سیاسی لە کوردستان دەتوانێ لەلایەکەوە ئەو گۆڕانی سیاسەتە ناوخۆییانە بە بەرهەمی بزووتنەوەی خۆی بزانێت و لەلایەکی دیکەوە پێشوازیکردنی لە چەشنی پێشوازیی دیموکراسیخوازانە و ئاشتیخوازانە دەتوانن ببن بە هۆکاری سەرلەنوێ هێز گرتنەوەی ئەو دەوڵەتانە و لاوازتر بوونەوەی ئەگەرەکانی ڕزگاریی سیاسی و نەتەوەیی کورد.
ئەرکی لەمە بەدوای بزووتنەوەی سیاسیی کورد ئەوەیە کە وەک ئامرازی ناسەقامگیرتر بوونەوەی ئەو دەوڵەتانە ڕۆڵ بگێڕن نەک بەهۆی هەڵە تێگەیشتن، بە دەرفەتی مێژوویی دابینکردنی مافی دیموکراتیک.



