سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

وێرانکردنی کەرتی کشتوکاڵی و مەینەتییەکانی جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانیی‌ـە دابڕێنراوەکاندا

کەرتی کشتوکاڵ بە یەکێک لە کۆڵەگە سەرەکییەکانی ئابووری هەر وڵاتێک دادەنرێت. لە سیاسەتی کشتوکاڵیدا دەڵێن کشتوکاڵ نەوتێکی هەمیشەییە و کۆتایی نایەت. هەموو ئەو وڵاتانەی سیاسەتێکی کشتوکاڵی زانستیی و پێشکەوتوویان هەیە و پشت بە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی دەبەستن خاوەن ئابووریەکی بەهێزن و توانای گەشەکردنیان لە بوارەکانی دیکەدا زۆرە.

 لەم ساڵانەی دووایدا بە هۆی گۆڕانی ژینگەیی و وشکەساڵیی و کەمبوونەوەی ئاو و فراوانبوونی شارەکان و پشتبەستن بە کەرتی پیشەسازی و بازرگانی مەترسی کەمبوونەوەی خۆراک هاتوەتە ئاراوە. بۆیە لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهاندا هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە دەدرێت، کار بۆ فراوانکردنی ڕووبەری کشتوکاڵی و باشترکردنی سیستەمی ئاودان دەکرێت بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی وەکوو دانەوێڵە یان سامانی ئاژەڵی وەکوو شیرەمەنی.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە سامانی نەوت دەبەستێت، سەرەڕای هەبوونی سەرچاوەی ئاو و زەوی بە پیت و مێژووی دێرینی وڵاتی نێوان دووڕووبار لە کاری کشتوکاڵی و دروست کردنی کەناڵی ئاودان و ژینگەی گونجاو بۆ بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و سەوزەوات و میوەی جیاواز، بە تایبەتی گەنم و جۆ و خورما. هەروەها ژینگەی گونجاو بۆ بەرهەمهێنانی سامانی ئاژەڵی و بەخێوکردنی ئاژەڵ بە تایبەت ماسی و گامێش لە نزیک ڕووبارەکان و لە زۆنگاوەکان و مەڕ و بزن لە ناوچە گردۆلکەیی و چیاییەکانیدا.

سیاسەتی کشتوکاڵی پەیوەستە بە سیاسەتی گشتی هەر دەوڵەتێکەوە، لە وڵاتێکدا سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و نەبوونی ئازادی و چەوساندنەوەی بەشێک لە پێکهاتەکانی تێدا بێت، چاوەڕوان ناکرێ و لۆجیکی نییە، سیاسەتێکی کشتوکاڵی مۆدێرن و پێشکەوتووی هەبێت. لە عێراق دا بە هۆی شەڕ و وێرانکردن و چۆڵکردنی گوندەکان و وشککردنی زۆنگاوەکان و چارەسەرنەکردنی کێشەی زەویوزار و گرتنەوەی ئاوی ڕووبارەکان لەلایەن وڵاتانی هەرێمیی و گۆڕانکارییە ژینگەییەکانەوە، کەرتی کشتوکاڵی تا ڕادەیەکی زۆر پەکی کەوتووە، لە جیاتی ئەوەی ئەم کەرتە وەکوو لقێکی زۆر گرنگ و کاریگەریی ئابووری، بەشداری چالاکانەی هەبێت لە داهاتی نیشتیمانیدا. بە پێچەوانەوە بڕێکی گەورەی بودجە کە لەسەر داهاتی نەوت مەزەندە دەکرێت بۆ هاوردە کردنی خۆراک و بەرهەمی کشتوکاڵی و شیرەمەنی  تەرخان دەکرێت. زۆربەی پێویستییە خۆراکییەکان لە دەرەوە هاوردە دەکرێت و عێراق بووەتە بازاڕی ساغکردنەوەی کاڵا و شمەک و بەرهەمە خۆراکییەکانی وڵاتانی دیکە. بەشە خۆراکی هاووڵاتییان کە بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتوەکان لە ١٤ی نیسانی ١٩٩٥ـەوە وەکوو بەرنامەی خۆراک بەرامبەر نەوت جێبەجێ دەکرێت، بەسەرپەرشتی وەزارەتی بازرگانی عێراق لە دەرەوە بە پارەی نەوت دەکڕدرێت. ساڵانە ئەگەری هەیە زیاتر لە پێنج سەد هەزار تەن گەنم هاوردە بکات بە هۆی ئەوەی عێراق توانای خودبژێوی نییە .

کەرتی کشتوکاڵی لە عێراق دا نەک هەر لە زۆر ڕووەوە پشتگوێ خراوە، بەڵکوو فشاریش دەخرێتە سەر جووتیاران و ئاژەڵدار و ئەوانەی لەم بوارەدا کار دەکەن! دەرگای هاوردەکردن خراوەتە سەر پشت لەبەردەم بەرهەمی کشتوکاڵیی و ئاژەڵیی وڵاتانی هەرێمی، بەبێ هیچ سنووردارکردنێک هاوردە دەکرێن! ئەمەش هۆکاری سەرەکی نەهێشتنی چالاکیی کشتوکاڵییە لە عێراق کە بووەتە هۆی کۆچکردنی هێزی کار لە گوندەکانەوە بۆ شار و بەرزکردنەوەی ڕێژەی بێکاریی و بە دەیان کێشەی کۆمەڵایەتیی بەدوای خۆیدا هێناوە.

وێرانکردنی کەرتی کشتوکاڵی لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە عێراق دەستی پێ کرد. دوای ڕێککەوتنی جەزائیر و نسکۆی ١٩٧٥ و دەستپێکردنەوەی شۆڕش لە ١٩٧٦ و فراوانبوونی چالاکی پێشمەرگە، حکومەتی عێراقی بڕیاری چۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکانی دا، بە قووڵایی بیست کیلۆمەتر لە سنوورەکانەوە ڕووبەرێکی چۆڵەوانی دروست کرد. زیاتر لە ٦٠٠ گوندی کوردستانی ڕاگواست و لە ئۆردوگا زۆرەملێکان لە نزیک شارە گەورەکان نیشتەجێی کردن. بەم هەنگاوەش نزیکەی ٢٠٠  هەزار کەسی لە کاری کشتوکاڵیی و ئاژەڵداریی و بەرهەمهێنانی میوە و دانەوێڵە و شیرەمەنییەوە گۆڕی بۆ بەکاربەر و کڕیاری هەموو ئەو پێویستییانە.

 لەگەڵ دەست پێ کردنی شەڕی عێراق –ئێران لە ١٩٨٠ نزیکەی ٨٠%ی دارخورماکانی بەسرە بڕانەوە. بە پێی ئامارێک لە ١٩٨٩، لە ١٣ ملیۆن دارخورما کە لە ١٩٧٧ هەبوون، تەنیا یەک ملیۆن و   ٩٠٠ هەزاری مابوو دوای شەڕەکە. بەم کارەش بە هەزاران دۆنم زەوی لە دارستانی خورما و سەوزییەوە بوون بە بیابان، بە دەیان جۆری خورما لە عێراق دا بە تەواوی لەناوچوون کە لە باشترین جۆرەکانی خورما بوون.

لە عێراق دا زیاتر لە ٢٠ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە زۆنگاو لە نێوان سێ پارێزگا (عەمارە، ناسرییە، بەسرە) هەبوو، کە بریتی بوو لە ڕووبەرێکی تەختی بە ئاو داپۆشراو، کە شوێنی دەیان جۆری پەلەوەر و ماسی و ئاژەڵی ئاوی و گامێش و قامیشەڵان و ڕووەکی جۆراوجۆر بوو، مایەی ڕاگرتنی هاوسەنگی  ژینگەیی و بەربەستی بە بیابان بوون بوو. سەرچاوەی کارو بژێوی زیاتر لە نیو ملیۆن هاووڵاتی بوو. لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا بە هۆکاری سیاسی تەواوی ئەم ڕووبەرە وشک کرا و دانیشتوانەکەی ناچار کرا چۆڵی بکەن، بەمەش گورزێکی کوشندە بەر سامانی ئاژەڵی کەوت.

لە ١٩٨٧ بڕیاری ڕاگواستنی گوندەکان و دواتر لە ١٩٨٨ لە هەشت پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال دا زیاتر لە چوار هەزار گوندی کوردستان وێران کران، ڕەز و باخ و دارستانەکانیان سوتێنران و مەڕ و ماڵات و ئاژەڵەکانیان بە تاڵان بران. بە هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی حیزبی بەعس دەستیان بەسەر داگیرا، یان بەناوی وەزارەتەکان تۆمارکران یان بەسەر عەرەبی هاوردە دابەش کران. بەم سیاسەتەی، حکومەتی عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن دانیشتوانی گوندەکان لە ئۆردوگا زۆرەملێکان کۆ کردەوە و ١٨٢ هەزار کەس ئەنفال کران و بە دەیان هەزار ئاوارەی وڵاتان بوون. بەرهەمی کشتوکاڵیی و سامانی ئاژەڵیی لە کوردستان لەناوچوون و کۆمەڵگای لادێی کوردستانیی لەبەریەک هەڵوەشایەوە. تا ئێستاش دوای نزیکەی چل ساڵ نە کەرتی کشتوکاڵیی و سامانی ئاژەڵیی لە کوردستان دا کەوتوەتەوە گەڕ و نە کۆمەڵگای لادێیی ڕاستبووەتەوە. هێشتا ئەو بڕیارانەی  ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش هەڵنەوەشاونەتەوە کە  بۆ دەست بەسەرداگرتنی زەویوزاری کورد و تورکمان دەرچوو بوون.

سەرەڕای گۆڕانکارییەکانی دوای ٢٠٠٣ و نووسینەوەی دەستور و دانانی ماددەیەکی دەستووری بە ژمارە (١٤٠) بۆ چارەسەرکردنی ئەو ستەمانەی بەسەر کورد و هەندێک لە دانیشتوانی ناوەند و باشووری عێراق دا هاتبوون، بەڵام لە کۆتاییدا هیچی لێ جێبەجێ نەکراوە، ئەگەرچی هەر لەسەرەتاوە بۆ جێبەجێ کردنی چەندین نووسینگە کرایەوە و لیژنەی تایبەتی بۆ دروستکران.

یەکێک لەو بڕیارە گرنگانەی کە لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوور دەری کرد، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە کشتوکاڵیانە بوو کە بە مەبەستی گۆڕینی دێموگرافی بۆ عەرەبی هاوردە کرابوو لەسەر زەویوزاری لادێنشینانی کورد لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکاندا. لە ڕێککەوتی ١٩/٤/٢٠٠٧ ئەم لیژنەیە بە نووسراوی ژمارە (ق ٢/١/٢٧/٦٧٥٦) بڕیاری هەڵوەشانەوەی دەرکرد و لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقی ئەو کاتە، نوری مالیکی، پەسەند کرا. بڕیارەکە بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان و ئاساییکردنەوە و گێڕانەوەی بارودۆخەکە بۆ پێش گرێبەستەکان، واتە ناردنەوەی عەرەبە هاوردەکان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق و گەراندنەوەی جووتیارە کوردە ڕاگوێزراوەکان و پێدانەوەی زەویوزارەکانیان بە شێوەیەکی یاسایی، بەڵام نەک هەر ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرا بەڵکوو تا ئێستا مەینەتییەکانی سەر جووتیارانی کورد بەردەوامە .

لە نوێترین ستەمدا وەرنەگرتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی کوردە لە سایلۆکانی عێراق، بە بیانووی ئەوەی، جووتیارانی کورد لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی عێراقن. کەسێکی بە ویژدان ناپرسێت بۆچی جووتیارانی کورد لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵین؟  چونکە تاپۆی زەوییەکانیان بە ناوی خۆیان نییە! لێرەش کەسێکی بە ویژدان ناپرسێت بۆچی جووتیارانی کورد زەوییەکانیان بە ناوی خۆیان نییە؟ چونکە حکومەتی عێراقی لە ١٩٨٧ بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش دەستی بەسەر تەواوی ئەو زەویوزارانەدا گرتووەو بە ناوی وەزارەتی دارایی یان وەزارەتی ناوخۆ تۆماری کردووە.

بۆیە تا بە ویژدانێک نەبێ و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش هەڵنەوەشێنەوەو زەویە کشتوکاڵییەکان ڕادەستی خاوەنە ڕەسەنەکانیان نەکرێتەوە، جووتیارانی کورد هەر لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی دەبن. بیانو بۆ ئەنحام نەدانی هەر کارێک زۆرە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO