جەلیل ئازادیخواز
لەوە ناهۆشیارانەتر و كرچوكاڵتر نییە باسی نیشتیمان و مرۆڤ بكەیت و هەوڵی سڕینەوەی مرۆڤی مۆدێرن و سەروەریی و ئازادیەكانی بدەیت، خوازیاری سازدانی دیاری كۆیلەی یەك ڕەنگ بیت. خاک لە دەوڵەتی مۆدێرندا چەمکێکی جیانەبووەی نیشتیمانییە و بەبێ مرۆڤەكان، مرۆڤی هۆشیاری خاوەن ماف و ئەرك نە بوونی هەیە و نە مانا بەخشە. نیشتیمان و سەروەریی لە نەبوونی مرۆڤی هۆشیاردا نەگوونجاوە. ئەوە مرۆڤی هۆشیارە ئەرک و ماف دەناسێ و دەناسێنێ، بۆیە سڕینەوەی ئەم مرۆڤە کارەساتە.
لە هیچ كوێی ئەم جیهانە بەرینەدا و هیچ بزاوتێكی نەتەوەیی و نیشتیمانیی لە بەرانبەر مرۆڤدا قوت نەكردۆتەوە. هیچ کات وەك دووانەیەكی ناهاوساز پێناسەی نەكردوون. ئەم قسەیە وەك قووتدانی شمشێرە لە پێش چاوی کوێران. ڕێک وەک ڕاستكردنە قووتکردنەوە و جیاكردنەوەی شوێنە لە زەمەندا ،جیهانی بوون جیهانی ئەم دووانەیە و نەبوونی هەریەك لەمانە، نەبوونی ئەوی ترە. لێرەوە ئەم ڕۆنانە ژیربێژیی و فەلسەفیی و ئەقڵانییە بەرجەستە دەبێتەوە، كە مرۆڤ و خاك یان مرۆڤ و نیشتیمان، دووانەیەكی هاوسازی ناهاودژن، كە هەوڵ بۆ سڕینەوەی هەركامیان هەوڵە بۆ سڕینەوەی ئەوی دی.
مرۆڤی مۆدێرن مرۆڤی خاوەن بڕیار و سەروەریی و هەڵوێست و ئاراستە و مافە، دواتر ئەركدارە. ئەركدارە چوون و هۆشیار و خاوەن بڕیارە؛ نیشتیمانییە، چوون بەشێكە لە نیشتیمان و بەبێ نیشتیمان مانای گەورەی ڕزگاریی دەدۆڕێنێ. سەندنەوەی هەر كام لە تایبەتمەندییەكانی تاكی مۆدێرن لێدان نیشتیمان و هەوڵە بۆ هەڵوەشانەوەی زەینی بیچمگرتووی مرۆڤی مۆدێرن، لە زەینی نیشتیمانیی و سەروەرییەكانی نیشتیماندا. هەوڵێكی نەزۆکە نا سەردەمیانەیە بۆ بەڵگەمەندكردنی هەرێمی كۆیلەیی، كە لەگەڵ سروشتی تاكی مۆدێرن و نیشتیمان نایەتەوە.
ناكرێ باس لە مۆدێرنیتە بكەیت و خۆت لەم چەمك و تایبەتمەندیانە بدزیتەوە، لە ژێر ناوی دەوڵەت خولقاوی مۆدێرنیتەدا، هەوڵی سڕینەوەیان بدەیت و كاڵفامانە لەوپەڕی هەژاری تیۆرییەوە خاك لە بەرانبەر مرۆڤ و مرۆڤی مۆدێرندا قوت كەیتەوە. ئەوە مرۆڤی مۆدێرن بوو کە دەوڵەتی كردە زەرورەتی سەردەم و ڕۆژەڤ. مۆدێرنە خۆی گۆڕانی قووڵی هۆشیاریی تاك و پێداگری لەسەر ئازادیەكانی تاكەكەسیی و ئەقڵی ڕەخنەگرە، كە لە هەناوی مۆدێرنەوە دێنە دەر. مۆدێرنە یەك پێكهاتە و دەزگای مەعریفی و شارستانیەتە، ناكرێ بكرێتە “مەکكی و مەدەنیی”، یەكەیەكی یەكگرتووی مەعریفییە. دەوڵەت و دین لێک جیا دەکاتەوە، سیکولاریزم سیمای دیاری دەوڵەتەکەیەتی. چۆن دەکرێ دیارترین خاڵ و تایبەتمەندی لە ڕووی فەلسەفەی سیاسییەوە لە مۆدێرنە بسڕیتەوە و باسی دەوڵەتی مۆدێرنیش بکەیت؟ ناكرێ بە سەلیقە و هەڵاواردنی هەڵگوزراو باس بكرێت و لە نێوقەدەوە ڕۆبنرێتەوە.
چەمکی هاوشاریبوون، لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی مۆدێرندا دێتەئاراوە. هاوشاریبوون لەڕاستیدا لە ڕووبەری فەلسەفەی مافی مۆدیرن و حقوقی نوێدایە کە مانا پەیدا دەکات. تێپەڕین لە وشە و چەمکەکانی “هاووڵاتی و ڕەعیەت” و پاشان چوون بەرەو هاوشارییبوون یەک لە پێداویستی و زەرورەتەکانی دەوڵەتی مۆدێرنە. چەمکی ڕەعیەت واتە خەڵک تەنیا ئەرکردارن و بەس. جەماوەر ئەوانەن کە سەروەریی دەسەڵاتیان سەلماندووە و ملکەچن بۆی. بۆیە بەهاو وڵاتی ئەژماردەکرێن و ئەرکدارن.
زۆر جاران کاتێ وشەی هاووڵاتی لە دەوڵەت-نەتەوەدا بەکاردێت، بەم مانایە کە هەرچەندە هەندێک مافیان هەیە، بەڵام ئەرکی فرەتر و ناهاوسەنگیان دەبێ ببێ. دەکرێ بڵێن لەم جۆرە دەوڵەتاندا جەماوەر تەنیا لەبەر ئەوە خاوەنی مافن ،کە خۆیان سپاردۆتە دەسەڵات و دەسەڵاتی ناوەندیی. بەڵام خاڵی سەرەکیی و بنەمایی چەمکی هاوشاریبوون مافە. لایەنی مافداری قورسترە لە ئەرکداریی. دەوڵەتی مۆدێرنی نیشتیمانیی دەتوانێ ئاوەها تایبەتمەندیەکی هەبێت. دەوڵەت بەرپرسی دەستەبەرکردنی مافی جەماوەرە. دەوڵەت سیمای بەرجەستەی ئیرادەی گشتی جەماوەرە، کە لە فۆرمی دەوڵەتدا بەرجەستە دەبێتەوە. وەگەرنە خۆی بوونێکی دابڕاو نییە و وەک دەوڵەتی ڕەوا بێ ئەم سپاردنە هەرگیز نەبووە و ناتوانێ بوونی هەبێت.
خاڵی دەستپێکی هەر جۆرە ئەرکدارکردنێکی جەماوەر، بەفەرمیناسین و زامنکردنی مافەکانی جەماوەرە. هێگڵ، دەوڵەتی ئەخلاقی لە دوو فۆرمەکەی دیکەی دەوڵەتی سیاسی و دەرەوەیی جیا دەکاتەو، هەرچەندە ئەم دووانە خۆیان چرکانەیەکن لە دەوڵەتی مۆدێرن، یا دەوڵەتی تەواو. لەم سێ فۆرمەدا هێگڵ دەوڵەتی ئەخلاقی بە باشترین دەزانێ و بە باشترین جۆری واتای دەوڵەت دەیناسێنێ. ئەو پێی وایە ئەم دەوڵەتە بەرۆنان و رسکانی “ڕۆحی” مێژوو بەرجەستەتر دەکاتەوە و لێی نزیکترە. سەیرە هێگڵباز بیت و ئاوڕت لەمە نەدابێتەوە.
هێگڵ لەمەڕ دەوڵەتی مۆدێرنەوە دەڵێت، مافی تاک و مافە تایبەتییەکان لە هەناوی بەرژەوەندی گشتیدا بەرجەستە ودەستەبەر دەبن، بێ دووفاقی و سڕینەوەی یەکتر. هاوکات لەگەڵ مافی سیاسی و سیاسەتی گشتیدا دەبێ ئەو مافانە بەتەوای سەلماو ئامادە کراوبن.
بەرژەوەندی تایبەتی شارۆمەند بەشێکە لە بەرژەوەندی گشتی و ئاقاری گشتی. هێگڵ دەڵێ، بە پێچەوانەوە تاک لە کۆمەڵگەی سڤیلدا زۆرتر و گونجاوتر دەتوانێ بگاتە سەربەخۆیی خۆیی و مافەکانی وەک ئەوەی لە بنەماڵە و ماڵباتدا دەیگاتێ. بەڵام تۆ کۆمەڵگەی مەدەنی بە پووازیی داگیرکەربناسیی و وەک فۆرمێک لە دەسەڵاتی داگیرکەر خەمڵاندنی بۆ بکەیت و دوژمنی هەموو دەرکەوتەکانی ئەم کۆمەڵگەو مافەکانی تاک و فرەڕەنگی سیاسی و کولووری بیت.