نیاز حەسەن
ژیانی گشتی گه‌ل و ژیانی تایبه‌تی هاووڵاتییان له‌ژێر كاریگه‌ریی شێواز و جۆری سیاسه‌تكردنی سیاسه‌تمه‌داران دایه. ئه‌گه‌ر كار و چالاكی سیاسیی بوو به ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ریی ته‌نگژه و كێشه جۆراوجۆره‌كانی وڵات، كه‌واته كایه‌ی ڕامیاری له قه‌یراندایه.
له هه‌ر وڵاتێكدا هاووڵاتی وه‌ك تاك؛ چین و توێژه‌كانیش وه‌ك پێكهێنه‌ری گه‌ل؛ به‌درێژایی ته‌مه‌نیان له‌نێو كاریگه‌ریی دیارده سیاسییه‌كاندا ده‌ژین و ناتوانن دابڕاو بن له‌م ڕاستییه ڕه‌گ داكوتاوه. ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ت و په‌رله‌مان و داموده‌زگا كارگێڕییه‌كان ژیانی گشتی و تایبه‌ت به‌ڕێوه ده‌به‌ن، بۆیه جۆری ژیانی هه‌مووان ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌وه. مرۆڤێك نییه بتوانێ له ده‌ره‌وه‌ی كارتێكردنه سیاسییه‌كاندا بژیت؛ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خۆشی زۆر به‌دوور بێ له به‌شداریی سیاسی و كاری حیزبی.
ئایا كایه‌ی ڕامیاری به‌رپرسه له نه‌هامه‌تی و نادادی و ناسه‌قامگیریی وڵاتان؟ بێگومان به‌ڵێ، چونكه هیچ بوارێكی ژیانی گه‌لان له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ژموونی سیاسییه‌وه نییه. سیستەمی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدار فۆڕمی ژیانی گه‌ل داده‌ڕێژێت و ئاراسته‌ی ده‌كات. ئه‌گه‌ر كرداری سیاسی وابه‌سته‌بێ به چالاكی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت و پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، به‌خته‌وه‌ریی بۆ كۆمه‌ڵگه دێنیته‌دی، پێچه‌وانه‌كه‌شی دیاره چ ئه‌نجامێكی خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
كه‌واته سه‌رچاوه‌ی ئازادی و ژیانی شكۆمه‌ندیی بۆ گه‌ل و خێزان و تاك، له‌نێو كایه‌ی سیاسه‌ت و جۆری ئاراسته‌كردنی سیاسییه‌وه سه‌رهه‌ڵ ده‌دات. ژینگه‌ی سیاسی و كاراكته‌ره سیاسییه‌كان به‌رپرسن له ئاست و كوالێتی ژیانی هاووڵاتییان. خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك په‌یوه‌سته به پلان و به‌رنامه‌ی سیاسییه‌كان، واتە ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه به‌دبه‌خت بوو؛ هۆكاره‌كه‌ی سیاسه‌تی خراپی ده‌سه‌ڵاته. له‌ڕاستییدا خۆشگوزه‌رانی ئامرازێكی كاریگه‌ری پڕۆسه‌ی نیشتیمانسازییه، چونكه گه‌لانی به‌خته‌وه‌ر وڵاتی خۆیان زۆر خۆش ده‌وێت و تامی هاووڵاتیبوونیان تێداكردووه و هه‌میشه به‌رگری لێ ده‌كه‌ن و هه‌رگیز نه‌كۆچ ده‌كه‌ن و نه‌تیایدا خه‌مبار ده‌بن. هاووڵاتییانی خۆشگوزه‌ران و به‌هره‌مه‌ند له ئازادی و ژیانی شكۆمه‌ندانه، عاشقی وڵاتی خۆیان ده‌بن و له‌وێدا پڕۆسه‌ی نیشتیمانسازیی گەشە دەکات و سه‌ر ده‌كه‌وێت. هه‌ندێك له دیارترین و زه‌قترین ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كایه‌ی سیاسی‌یان تووشی شكست كردووه ئه‌مانه‌ن:
یەکەم، تێكه‌ڵ كردنی ئایین و سیاسه‌ت هه‌میشه ئه‌نجامێكی خراپی لێ كه‌وتۆته‌وه، له مێژووی كۆن و ناوه‌ڕاستدا له ئاكامی ئه‌م تێكهه‌ڵكێشكردنه‌دا چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی تراجیدی تۆماركراون. له مێژووی نوێ و هاوچه‌رخیشدا سه‌دان كاره‌ساتی خوێناوی و سته‌مكاریی به‌هۆی ئاوێته‌كردنی سیاسه‌ت به ئایینه‌وه ڕوویانداوه. سه‌ره‌نجامی زاڵبوونی هزری ئایینی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگاكانیدا قه‌یرانی جۆراوجۆری لێ ده‌كه‌وێته‌وه، چونكه له‌قاڵبدانی دیارده سیاسییه‌كان له‌چوارچێوه‌ی ئایندا؛ هه‌میشه ده‌مارگیری و تووندڕه‌وی و تیرۆر به‌رهه‌م دێنێت. دوای ڕێنیسانس و ڕیفۆرمی ئایینی، كۆمه‌ڵگه ڕۆژئاواییه‌كان ئه‌م كۆسپه‌یان تێپه‌ڕاند، به‌ڵام هێشتا له زۆرێك له وڵاتانی جیهاندا ئایین كاریگه‌ریی به‌سه‌ر سیاسه‌ته‌وه ماوه و سه‌ره‌نجام به‌هۆی له‌مپه‌ره ئایینییه‌كانه‌وه سیاسه‌تیش په‌كی كه‌وتووه.
دووەم، كاتێك سیاسه‌ت له پر‌نسیپه هزرییه‌كان دوورده‌خرێته‌وه، كه‌لێنێكی فراوان له‌نێوان ئه‌ركه‌كانی ده‌وڵه‌ت و بنه‌ما تیۆرییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی دێته ئاراوه. سیاسه‌تی كرداریی به‌بێ پابه‌ندبوون به بنه‌ماكانی بیری ڕامیاری؛ به‌ره‌و دیكتاتۆریی دەسەڵاتخوازی و فاشیزم و تۆتالیتاریزم ده‌ڕوات. ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت و حیزب و حكومه‌ت، هه‌ر دیارده‌یه‌كی تری سیاسی، ئه‌گه‌ر دووركه‌وتنه‌وه له پڕه‌نسیپه هزرییه‌كان، ده‌بن به ئامرازی سته‌مكاریی. جه‌نگه‌كان و ململانێ و ناكۆكییه‌كانی جیهان له هه‌ر سێ سه‌ده‌ی ڕابردوودا‌و تاوەكوو ڕۆژگاری ئێستاش ده‌رهاویشته‌ی دابڕانی كرداری سیاسی و بیری سیاسییه. نه‌ك هه‌ر ده‌وڵه‌تان؛ به‌ڵكوو حیزبه‌كانیش به‌رنامه و په‌یڕه‌وی ناوخۆیان لابردووه و وه‌كوو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی فه‌رمۆشكراو فڕێیان داوه‌ته په‌راوێزه‌وه، ئه‌نجامه‌كه‌شی ڕوونه؛ وا كۆمه‌ڵگه‌كان به‌ده‌ست قه‌یرانی جۆراوجۆره‌وه ده‌ناڵێنن.
سێیەم، جیاكردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت له مۆڕاڵ كاره‌ساتێكی تراجیدییه. له بنه‌ڕه‌تدا سیاسه‌ت “چ له‌و سه‌رده‌مانه‌ی وه‌ك هونه‌ر سه‌یركراوه ، چ ئێستا كه زانسته، كرداری هێنانه‌دی ئامانجه گشتییه‌كانه. گۆڕینی چه‌مكه سیاسییه‌كان له پرسێكی مۆڕاڵییه‌وه بۆ بردنه‌وه و قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت به‌هه‌ر ڕێگایه‌ك و ئامرازێك بێت، له‌ناوبردنی سیاسه‌ته. تیۆری سیاسی له شارستانییه‌تی “یۆنانی”یەوە به ئاوێته‌كردنی سیاسه‌ت و ئه‌خلاق ده‌ستی پێ كرد. به‌درێژایی مێژووش ململانێ له‌نێوان فه‌لسه‌فه سیاسییه‌كاندا له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مكه بووه. هه‌ر كاتێك به‌ها مۆڕاڵییه‌كان په‌راوێز خرابن و ئامانج پاساوی بۆ ئامرازی سیاسی هێنایه‌وه، ئیدی سیاسه‌ت ده‌بێت به تێكه‌ڵه‌یه‌ك له تاوان و سه‌ركوتكردن و سته‌مكاریی. ئه‌گه‌ر ڕه‌وشت به پێناسه مرۆییه‌كه‌ی له كایه‌ی سیاسی دابڕێندرا، له‌وێوه سیاسه‌ت ده‌بێت به به‌ڵا بۆ هه‌مووان، جا سیاسه‌تی ناوخۆیی وڵاتان بێ؛ یان سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی.
چوارەم، ئاوێته‌كردنی سیاسه‌ت و بازرگانی پڕۆسه‌یه‌كی زیانبه‌خشه بۆ كۆمه‌ڵگه‌كان. خه‌می سیاسه‌تمه‌دار و خه‌می بازرگان جیاوازن و ئامانجی چوونیه‌كیان نییه. پیشه‌ی بازرگانی ته‌نها تایبه‌ته به ئه‌رستۆكراته‌كان، به‌ڵام سیاسه‌ت زانستی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ته له‌پێناو كۆی گه‌ل. بازرگان هه‌وڵ بۆ كه‌ڵه‌كه‌كردنی قازانج و سه‌رمایه ده‌دات؛ سیاسه‌تمه‌داری ڕاسته‌قینه سه‌رقاڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی گه‌ل ده‌بێ. دیاره بازرگانی پیشه‌یه‌كی باڵایە و هیچ نه‌نگی و شووره‌ییه‌ك له‌م پیشه به‌سووده‌دا نییه، به‌ڵام به تێكه‌ڵ بوونی له‌گه‌ڵ كایه‌ی سیاسه‌تدا، شێواندنێك به‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سیاسی وڵاتان و ته‌نانه‌ت ناوخۆی حزبه‌كانیشدا ده‌هێنێت، چونكه ئامانجی ناچوونیه‌ك له‌نێوان سیاسه‌تمه‌داری ئاسایی و سیاسه‌تمه‌داری بازرگان هه‌یه. زۆرێك له قه‌یران و ته‌نگژه سیاسی و ئابورییه‌كانی جیهان و ناوخۆی وڵاتانیش به‌ره‌نجامی تێكه‌ڵاوبوونی كایه‌ی سیاسییه به بزاوتی بازرگانی.
پێنجەم، كاتێك كایه‌ی سیاسه‌ت و دیارده سیاسییه‌كان قه‌باره‌یان بچووك ده‌كرێته‌وه و له گشته‌وه ده‌بن به به‌شی بچووكتر له قه‌باره‌ی خۆیان و ده‌كه‌ونه ژێر ڕكێفی ده‌زگای هه‌واڵگریی و سه‌ربازیی و ئه‌منیی و چه‌كدارییه‌وه، لێره‌وه سیاسه‌ت په‌كی ده‌كه‌وێت. له بنه‌ڕه‌تدا ده‌بێ ئه‌م داموده‌زگایانه خۆیان به‌شێك بن له ده‌سه‌ڵات و به یاسا به‌رزه‌فت كرابن. ئه‌ركی ئه‌م هێز و داموده‌زگایانه پارێزگارییكردنه له ده‌وڵه‌ت؛ له قه‌واره‌ی سیاسی؛ له گه‌ل و هاووڵاتییان؛ نه‌ك خۆیان ببن به ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها و خودی ده‌وڵه‌تیش به‌ڕێوه‌به‌رن. له وڵاتانی سیستەماتیكی دیموكراتیك كراودا هه‌موو ئه‌مجۆره هێز و داموده‌زگایانه به‌شێكن له كۆی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هایان نییه و ئه‌وان وڵات به‌ڕێوه‌نابه‌ن. كاتێك ئه‌م داموده‌زگا و هێزانه كۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن، ئیدی سیاسه‌ت په‌كی ده‌كه‌وێت وه‌ك له زۆربه‌ی وڵاته چه‌قبه‌ستووه‌كاندا ده‌بیندرێت.
6- گرێدانی كایه‌ی سیاسی و داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندی گروپی تایبه‌ت و دوورخستنه‌وه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی چین و توێژه‌كانی گه‌ل، مه‌ترسیه‌كی به‌ربڵاوه و ته‌واوی وڵاتانی جیهانی گرتۆته‌وه. ئێستا سیستمی سیاسی سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان به‌تێكڕا ئه‌م فۆرمه خراپه‌ی وه‌رگرتووه. هه‌ڵبه‌ت شتێك نه‌ماوه‌ته‌وه به‌ناوی سیستمی پێگه‌یشتوو و سیستمی شكستخواردوو، هه‌ر هه‌موویان به‌جۆرێك له جۆره‌كان به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سته و گروپی تایبه‌تیان له‌سه‌رووی ژیان و گوزه‌رانی گه‌ل داناوه، بێگومان جیاوازییی ڕێژه‌یی له‌م بابه‌ته له‌نێوان وڵاتاندا هه‌یه.
هێزی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك په‌یوه‌ندیداره به ڕادده‌ی جێگیربوونی سیستمی سیاسی له‌لایه‌ك و چالاكی ئه‌رێنی سیاسه‌تمه‌داران له‌لایه‌كی تر، كه به ئاراسته‌ی هێنانه‌دی خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیان ڕێكخرابن . بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی سیاسی به‌قازانجی تۆكمه‌بوونی وڵات و له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل بشكێته‌وه، پێویسته ئه‌و ئاسته‌نگانه له‌كایه‌ی سیاسه‌ت دوور بخرێنه‌وه. ئه‌ركی سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌ت دابینكردنی مافی هاوڵاتیبوون و هێنانه‌دی خۆشگوزه‌رانیه بۆ هاوڵاتیان؛ به هه‌موو چین و توێژه‌كانه‌وه، ئه‌مه‌ش بۆخۆی ناوه‌ڕۆكی پڕۆسه‌ی نیشتیمانسازییه.