لە کوردەواری دەڵێن “زاری بەڵێ درۆناکات”، بەو مانایەی گوفتار ڕەنگدانەوەی ڕەفتارە. دەزانین سەلەفییەکان نەک هەر عەلمانییەکانیان بەلاوە موسڵمان نین، بەڵکوو سۆفیی و ئیخوان و شیعە و ئەشعەری و دەیان گرووپ و قوتابخانەی ئایینی دیکەشیان بەلاوە موسڵمان نین، یان بەلایانەوە بیدعەچی و لەڕێلادەرن، چونکە تەنها خۆیان بەلاوە گرووپی ڕزگاربوون “الفرقة الناجیة”، وەک ئەوەی ئەوان هەڵبژاردەی خوا بن. بەڵام ئەی لە ڕوانگەی میانەڕەوترین گرووپی ئیسلامی، کە ئیخوانییەکانن، ئایا لەڕوانگەی ئەوانەوە وەک ئەوەی موسەننا ئەمین فەرمووی “عەلمانی تاکێک قۆنەرە دێنن”؟
لە گفتوگۆ و زیهنییەتی نێوان موسەننا ئەمین و مەلا عەبدوللـەتیف “، “عەلمانی تاکێ پێڵاو ناهێنێت”. سەرنج بدەن نەک عەلمانییەت “secularism” بەڵکوو عەلمانی “Secularist” تاکێ پێڵاو ناهێنێت، ئەوە ڕێک قسەی “مەلا عەبدوللـەتیف”ـە. دواییش دکتۆر موسەننا پشتیوانی لە پڕۆژەکەی مەلا عەبدوللـەتیف دەکات و دەڵێت پێکەوە ببینە براو هاوکار، ئەو مەشروعەی ئەو ئیمانی پێیەتی، کە عیلمانییەت لای ئەو تاکێ قۆنەرەیە، تەبەنی بکەین و ئیسلام ئەبێ عەزیز بێت لەو کۆمەڵگەیە. ئەوەش مانای وایە کە جەنابی دکتۆریش عەلمانی بەلاوە تاکێک قۆنەرەیە. لە پەراوێزی ئەو سوکایەتییەی ئەو دوو موسوڵمانەی، کە بەو جۆرە تەعبیر لە ئاشتی و پێکەوەژیان دەکەن، بەباشم زانی چەند خاڵێک بوروژێنم.
یەکەم، عەلمانییەت سیستمی دەستەڵاتە، دیوی دووەمی دیموکراسییەتێکی ڕاستەقینەیە، جیاکردنەوەی ئایینە لە دەوڵەت و هیچ ناسنامەیەکی نییە بێجگە لە بوون بە چەترێک بۆ هەموو هاووڵاتییان لەسەر بنەمای هاووڵاتییبوون، مافەکانی مرۆڤ و پارێزگاریکردن لە ئایین، ڕەچەڵەک، نەژاد، زمان و کولتووری خۆیان. بەمانایەکی دیکە، جیاکردنەوەی ئایدیۆلۆجیای مەلاعەبدوللـەتیف و دکتۆر موسەننایە لەوەی نەکا بەو ئایدیۆلۆجیایەوە دەستبەسەر دەستەڵاتدا بگرن. لە سیستەمی عەلمانیدا ئەوان وەکوو دیندار دەتوانن ببنە دەستەڵاتدار، ببنە سەرۆک و ڕێبەر، تەنانەت حیزبەکەشییان لە هەڵبژاردنەکان بباتەوە و حوکم بکات. ئەوەیە سیستەمی عەلمانی، ئایا لە سیستمەکەی ئەواندا ڕێگا بە عەلمانییەک دەدەن ببێتە سەرۆک و ڕێبەر؟ ئایا ڕێگا بە هەڵگری ئایینەکانی دیکە دەدەن ببنە سەرۆکی وڵات؟ ئایا ڕێگا دەدەن ژن ببێتە ئیمام و قازی؟ ئایا گرێنتی ئەوە دەدەن، کەمینە ئایینییەکان نەخەنە پەراوێز و جزیەیان بەسەردا نەسەپێنن؟ ئەوەی کە سەلمێندراوە، دەستەڵاتی عەلمانی لە سایەی دیموکراسیدا، بەیەک دووریی (مەسافە) لە هەموو ئایین و مەزهەب و ئایدیۆلۆجیاکان دەوەستێت، نە دژی هیچیان دەبێت، نە لایەنگری هیچیشیان دەبێت. بەڵکوو ئیدارەی وڵات دەکات لەسەر بنەماکانی دیموکراسییەتێکی ڕاستەقینە و مافەکانی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە جیاوازیی نێوان مرۆڤەکان. دەی ئەگەر ئەوە تاکێک پێلاو نەهێنێت، دەبێت بەدیلە سەرسوڕهێنەرەکەی ئەو دوو بەڕێزە چی بێت؟
دووەم، کاتی خۆی کە هێزە جیاوازەکانی ئەفغانستان (موجاهیدەکان) گەڕانەوە کابوول، لەجیاتی ئەوەی حکومەتێکی نیشتیمانی دابمەزرێنن کە هەموو هاووڵاتییان بەبێ ڕەچاوکردنی ئایین و مەزهەب و خێڵ، بپارێزن، کەوتنە ناو یەک و لە شەڕێکی خوێناویدا یەکتریان کەلوکۆم کرد و وڵاتیان نقومی خوێن و توندوتیژی کرد. ئەو سەردەمە لە بابەتێکمدا ئاماژەم بەوە کرد، کە “عەلمانییەت” بۆ کەس گونجاو نەبێت، بۆ ئیسلامییەکان گونجاوترینە، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاشتی وڵات بەڕێوەبەرن، بەتایبەتیش لە ئەفغانستان. دواییش تاڵیبانییان لێ قیتبووەوە و لە ماوەیەکی کورتدا لە کابوول وەدەری نان. تاڵیبان بە حوکمی ئەوەی هێزێکە لە مەلایەکانی ئەفغانستان پێکهاتووە و هێزێکی مەزهەبین، توانیان بە ئاسانی جێی خۆیان بکەنەوە و ڕەنگدانەوەی ئەقڵییەت و بیرکردنەوەی زۆرینەی خەڵکی ئەفغانستانـن. ئەوەش بۆهەمووان ڕوونە کە ئەو هێزە تاکڕەوە، باوەڕی بە هیچ بنەمایەکی دیموکراسی و فرەیی و هەڵبژاردن و مافەکانی مرۆڤ نییە.
سێیەم: ئێستا هەموومان دەزانین تاڵیبان هێزێکی مەزهەبین، نە بە نیفاق شەڕیان لەگەڵ ئەمریکاییەکاندا کرد و نە ئەمڕۆش بە نیفاق دەستەڵاتیان گرتۆتە دەست. ئەوەی باوەڕیان پێی هەیە جێبەجێی دەکەن، بە پێچەوانەی زۆرینەی ئیسلامییەکان بەتایبەتیش ئیخوانەکان. لێرەدا کەسێک نەبووە پرسیار لەو دوو ئیسلامییەی ناو گفتوگۆکە بکات؛ ئەگەر عەلمانییەت تاکێک پێڵاو ناهێنێت، ئەی بەدیلی ئەوان چییە؟ کەسێک پرسیاری نەکرد داخۆ عەلمانییەت بەلای ئەوانەوە چ جۆرە دەعبایەکە، کە تاکە پێڵاوێک نەهێنێت؟ چ قەباحەتێکی کردووە، کە موسڵمانەکان لە سەردەمی عوسمانییەکان نەیان کردبێت، یا بەر لە عوسمانییەکانیش سەحابەکان لە شەڕی ئەلجەمەل (36هـ) لە نێوان دایکە عائیشە و خەلیفەی چوارەم عەلی کوڕی ئەبوتالیب، یان لە شەڕی صەفین (37هـ)، واتە دوای ساڵێک لە شەڕی جەمەل، لەنێوان خەلیفەی چوارەم عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب و والی شام موعاوییەی کوڕی ئەبو سوفیان، لەگەڵ یەکدیدا نەیان کردبێت؟ دەبێت عەلمانییەت چ قەباحەتێکی کردبێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران، یان بەرەی نەتەوەیی ئیسلامی سوودان، یان دەولەی ئیسلامی لە عێراق و شام، یان ئیمارەتی تاڵیبان، یان دیکتاتۆرەکەی تورکیا، نەیان کردبێت.
چوارەم: ئەوەی ئەو دوو موجاهیدەی دیبەیتەکە باوەڕیان پێی هەیە ئەوەیە کە “عەلمانی تاکێ پێڵاو ناهێنێت”. دەی تەواوی سەرانی پارتی و یەکێتی باوەڕیان بە دەستەڵاتێکی دینی نییە، بە دەیان هەزار کورد لە باشوور بەتایبەتیش دەستەبژێری خۆبەڕۆشنبیرزان و نووسەر و هونەرمەند باوەڕیان بە دەستەڵاتێکی دینی نییە. ئەو دوولایەنەی کە مەلا عەبدوللـەتیف و دکتۆر موسەننا نوێنەرایەتیی دەکەن؛ هەر لە ئێستاوە بە هەزاران هاووڵاتی کوردیان بەلاوە تاکێ پێڵاو ناهێنێت. ئایا ئەوانە بیر لە قسە و هەڵوێستەکانیان ناکەنەوە؟ ئایا ئەوەیە ئەو ئەدەبەی کە ئیسلام فێری کردوون؟ مەگەر ئەو قسەیە سوکایەتییەکی سۆر و سۆر نییە بەو سەدان هەزار کوردەی کە باوەڕیان بە دەسەڵاتێکی دینی نییە؟ پرسیارە گرنگەکەش ئەوەیە ئەگەر “عەلمانی تاکێ پێڵاو نەهێنێت”، ئەوانە دەستەڵاتیان بکەوێتە دەست دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو تاکە پێڵاوانەدا بکەن؟ پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا سەرانی پارتی و یەکێتیی باوەڕیان بە دەستەڵاتی دینی هەیە تا خۆیان بەلاوە عەلمانی نەبێت و بەدەر بن لە تاکێک پێڵاو؟
پێنجەم: لەوە بەدەر وەکو هاوڕێم دکتۆر سەردار لەژێر سەردێڕی “کەنداوچێتی، سەرنج لە دیبەیتی موسەننا ئەمین و مەلا عەبدوللـەتیف، وەسفی کردبوو، بەو مانایەی هەردووکییان کەنداوین، پارەدارن و لە ڕوانگەی لێکۆڵەری بە ڕەچەڵەک فەلەستینی ئادەم هەنییە، وەکوو “هێزێکی کەپیتاڵیزم و ئیمپریالیست” مامەڵە لەگەڵ نەتەوە ژێردەستەکاندا دەکەن. بۆیە، لەو ڕوانگە کاپیتالیستی و ئیمپریالیستییەوە، دەکرێت ئەو دوو بەڕێزە عەلمانی بە تاکێک پێڵاو نەزانن، چونکە ئەو جۆرە هێزانە لەگەڵ دادوەری و بنەماکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤدا ئاسمان و ڕێسمانییانە. ئایدیۆلۆجیایەکی شۆفینیستیشی تێکەڵ بێت، کە خۆیان بە گرووپی هەڵبژێردراو و فیرقەی ناجیە دەزانن، هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت کە مرۆڤی جیاواز لە ڕوانگەی ئەو ئایدیۆلۆجیستانەوە بەدەردی دکتۆر موسەننا دەڵێت “تاکە قۆنەرەیەک نەهێنێت”، لە وڵاتێک کە داواکاری گشتیش لە سیستمێکی نیمچە عەلمانیشدا؛ نەجوڵێت و وەکوو هەموو عەلمانییەک “تاکە پێڵاوێک نەهێنێت”.


