لە جیهانی نوێدا ژیریی دەستکرد بووەتە بابەتی ڕۆژ و وا بەرەبەرە هەموو بوارەکان دەتەنێت. چەند جارێکیش لێرە و لەوێ سەبارەت بەو بابەتە گوتار و باس و خواسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانمان بەرچاو دەکەوێت. بۆ من وادیارە، کەم یان زۆر، هیچیان بە تەواوی لە شێوازی کارکردنی تێناگەن و زۆر بە زیرەک و ژیر دێتە بەرچاویان. هەڵبەت باسەکە لەوەدا نییە، چونکە یەکجار بە توانا و پڕ زانیارییە بەڵام دەبێت بزانین چۆن کار دەکات تا تێبگەین بۆ ئەوەندە بە توانا و پڕ زانیارییە. جۆرەکانی ژیریی دەستکرد زۆرن، هەریەکەیان لە بوارێکدا پەرەی پێ دەدرێت و تایبەتمەندیی لەو بوارەدا بۆ دادەندرێت، بەڵام خۆ بە ئاسانی دەکرێت ئەو تایبەتمەندییە بگۆڕدرێت. چونکە بنچینە و بنەمای هەموویان وەکو یەکن. بە تێچووی گۆڕینی هەندێک پارچە و جۆری بیرگە و پێوەندییەکانی لەگەڵ بنکەکانی زانیاریی (داتا بەیسەکان) ئەرکەکان دەگۆڕێت.
ئەوەی مەبەستمە لێرە زۆرتر باسی بکەم جۆرەکەی پێی دەڵێن “دواندن” (chat)ـە، وەکوو چات-جی.پی.تی (ChatGPT)، جەمەنای (Gemini) و دییپسیک (Deepseek) و ئەوانی دیکە. مرۆڤ دەتوانێت وەکوو کەسێکی دیکە مامەڵەی لەگەڵ بکات و پرسیاری لێ بکات، ژیریی دەستکرد وەڵامی دەداتەوە. ژیریی دەستکرد ئەو وەڵامە چۆن دروست دەکات و چۆن پێکەوەی دەنێت؟
سەرەتا ئامێر و پارچەکانی ژیریی دەستکرد ئامادە دەکرێن، ئەوانیش ئەو کۆمپیوتەر و بیرگە و کۆگە زانیارییانەن کە دەبێت هەی بێت. بەشەکانی جی.پی.یو.ئێس (GPUs)، واتە ئەو چارەسەرکارانەی زانیاریی لە یەک کاتدا چەند فەرمان/داواکاریی وەردەگرن، چارەسەردەکەن. هاوکات، تی.پی.یو.ئێس (TPUs)یش ئەو تەختە ئەلکترۆنییە تایبەتانەن بۆ ژیریی دەستکرد بەکاردەهێندرێن، گووگڵ دایهێناوە، TPUs لە GPUs کاراتر، خێراتر کاردەکات و وزەی کەمتری دەوێت، بیرگەی (Memory) خێرا وەکوو ئەوانەی پێیان دەڵێن VRAM/HBM کان،CPUs چارەسەرکاری ناوەندیی، پارچەکانی بەستنی پێوەندیی لەگەڵ تۆڕەکاندا و دوایین بەشیش کۆگەکانی زانیاریی لە جۆری SSDs/NVMe. بێگومان ژمارەی هەریەک لەوانە بە پێی پێویستیی و ئەرکی ژیریی دەستکرد، زۆر و کەم دەبن. تا ئێرە، دانان و لێکبەستنی ئەو پارچانەیە ئەو کۆمپیوتەرە بە توانا و پڕ زانیارییە پێویستییەتی.
قۆناغی دوای ئەوە پێی دەڵێن ڕاهێنان، کە ملیۆنان سەرچاوەی وەکوو پەڕتووک، توێژینەوەی زانستیی، گوتارەکان، بەرنامە داڕێژیی، ماڵپەڕەکانی وەکوو ویکیپیدیا و هەرچی دیکە وەکوو زانیاریی دەدرێتە ژیریی دەستکرد. ئەویش تریلیۆنان کار لەسەر ئەو زانیارییانە دەکات تا دووبارەکان لابدات، دەقی نەشیاو بسڕێتەوە و هەر زانیارییەکی دیکەی زیانبەخش وەلانێت. دەقەکان دەکاتە وشە وشە، ئینجا لە جێی پێویست وێرگوڵ و خاڵەکان دادەنێت، واتا خاڵبەندیی بۆ دەقەکان دەکاتەوە. واتا چارەسەریان دەکات و دەبێت هەمووی هەڵگرێت تا لە کاتی پێویست بەکاری بهێنێتەوە. لەو زنیارییانەی وەری دەگرێت یان دەی درێتێ کاری باشترکردن/چاکترکردن (optimization) لەسەر زانیارییەکان دەکات.
لەوە زۆرتر ناچینە ناو کارە تەکنیکەکانی دیکەی چۆن وشە و دەقەکان دەکات بە ژمارە تا دوایی بیان هێنێتەوە، نە دەچینە ناو باسی چۆنییەتی بە ئاستکردنی وشەکان لە ناو دەقەکاندا، بەڵام لە پرۆسەیەکی چوار هەنگاویدا کە پێی دەڵێن بیناسازیی گۆڕین (Transformer architecture) دەقەکان ڕێک دەخاتەوە. ئەو پرۆسەیە گووگڵ لە ساڵی ٢٠١٧ پەرەی پێداوە و بووەتە بنەمای دامەزراندنی ئەو تێگەیشتن و شییکارییەی ژیریی دەستکردەکان هەیانە. قۆناغی ڕاهێنان قورسترین و پڕخەرجترین قۆناغە چونکە کاتی زۆر و وزەی زۆری دەوێت. بۆ نموونە، GPT3 بۆ ماوەی یەک مانگ ١٠ هەزار GPUی بەکارهێنا تا بتوانێت زانیارییەکان وەرگرێت و ڕێک بخات، بەڵام GPT4 سەرووی ١٠ هەزار GPUی بۆ ماوەی چەند مانگێک بەکارهێنا و ١٣٠٠ مێگاوات کاتژمێری وزە بەکارهێناوە.
دوای ئەوە ژیریی دەستکرد ئامادەیە بەکاربهێندرێت. لەگەڵ ئەو قۆناغەدا خۆی چاک دەکات، هەوڵ دەدات دەربڕین و ڕستەسازیی و وشەکان بەپێی ئەوانەی مرۆڤ بێت (پشت بەو هەموو دەق و پەڕتووکانە دەبەستێت لە قۆناغی ڕاهێنان پێی دراوە). پاش ئەو قۆناغە کۆتاییە، دەخرێتە بەردەستی بەکاربەران.
کەواتە، کاتێک دەڵێین وەڵامی ژیریی دەستکرد بۆ پرسیارێک ئاوا بوو یان ئاوا نەبوو، ئەو تەنیا دەقەکان وەکوو ئەوەی لە سەرچاوەکانی زانیاریی پێی دراوە، وەردەگرێت و وەڵام دەداتەوە. ناتوانێت لە خۆیەوە هیچ دروست بکات. ئەگەر سەبارەت بە باسێک، زانیاریی نادروستی هەبێت، ئەو زانیارییە نادروستە دەکاتە سەرچاوەی وەڵامەکەی. بۆ نموونە، ئەگەر ڕەنگی سوور لە هەموو ئەو زانیارییانەی پێی دراوە بسڕینەوە و هەر نەمێنێت، لە وەڵامی پرسیارێک گوڵی سووری تێدا بێت لەوانەیە وەکو ئەفسانە و خەیاڵ وەسفی بکات و وەڵام بداتەوە، چونکە لە سەرچاوەکانی ئەو گوڵی سوور نییە، واتا گوڵ هەر نییە ڕەنگی سوور بێت. لەو پرسیارە، یان دەڵێت نازانم زانیارییم سەبارەت بەوە نییە، یان بە لە تێگەیشتنی بۆ ئەفسانە و خەیاڵی مرۆڤ (دیسانەوە بەپێی سەرچاوەکانی پێی دراوە) لەوانەیە وەکو بابەتێکی دەرەوەی سروشت باسی بکات.
نموونەیەکی دیکە، لێی بپرسین کورد لە نەتەوەکانی ئاریایە و ڕەچەڵەک ئێرانییە وەڵامی بەڵێ دەبێت. چونکە ئەو زانیارییانەی پێی دراوە باسی ئاریایی کورد دەکەن لەوانە زۆرترە پێچەوانەی ئەوەن، بۆ خۆم ئەو پرسیارەم لێ کرد و وەڵامەکەی وەکوو چۆن چاوەڕوانی بووم وابوو. پێم گووت، هیچ بنەچەی زاگرۆسیان نییە، وەڵامەکەی ڕاست کردەوە، زمانی خستە سەر ئاریایی و ئێرانییەکان، بەڵام بنەچەی بۆماوەیی بە تێکەڵەی ئاریایی (هیندۆ ئەوروپی)، زاگرۆسی ڕەسەن و قەوقاز تێکەڵ کرد.
بەو پێیە، ئەو تێڕوانینەی لە ژیریی دەستکرد لە ناو زۆربەی خەڵکدا و لە ناو بەشێک لە نووسەر و خوێنەران هەیە تەواو لە جێی خۆی نییە. ژیریی دەستکرد توانای دەستگەیشتنی بە زانیاریی یەکجار زۆر هەیە و دەتوانێت زوو کۆیان بکاتەوە و لێکیان بدات و وەڵامەکانت بداتێ، ئەگەر داوای سەرچاوەکانی لێ بکەی، هەموویت پێ دەڵێت. بەڵام سەرچاوەکان وەڵامەکانیان تێدایە و لەوێوە دێن. لایەنێکی دیکەی ئەوەیە سەرچاوەکانی لە ChatGPT4 هەن لە ٢٠٢٤ دوایین ڕاهێنانی بۆ کراوە. واتا، هەموو ئەو بەرهەمانەی دوای ئەو ڕاهێنانە هەن، لەوێدا نین. ئەوانی دیکەیش بە هەمان شێوە زانیاریی تا دوایین ڕاهێنانیان هەیە، ئەگەر نەیزانی چەند بەستەرێکت دەداتێ تا لەوێ زانیاریی وەربگریت.
جیاوازی نێوان ChatGPT4لەگەڵ Deepseek و Geminiی گووگڵ لە لایەک و ئەوانی دیکەی وەکوو Bing Chat و Perplexity AI ئەوەیە، ئەوانەی یەکەم دەبێ ماوە ماوە ڕاهێنانی بۆ بکرێت بەڵام دووەکەی دیکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ پرسیارەکە لە ئینتەرنێتیش دەگەڕێت و چی نوێ هەبوو دەتداتێ.