سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

خۆناسینی تاکی کورد بە چەمکی کوردبوون و کوردایەتی

لەڕاستیدا دەستەواژەی کوردبوون و کوردایەتی دوو چەمکی جیاواز دەگەیەنن، چونکە لەڕووی واتاوە هەریەکەیان مەبەستەک دەردەخات، بەڵام لەبەر ئەوەی هەردووکیان بۆ ناسینەوەی نەتەوەیی بەکار دەهێنرێن، بۆیە هەندێ کەس هەردوو چەمک بە یەک دەزانێت.

کوردبوون ڕەچەڵەکە، چارەنووسەکی خۆنەویستە، چونکە لە باوانەوە پێمانەوە دەلکێت بەبێ ئەوەی ویستی خۆمانی لەسەر بێت، بەڵام کوردایەتی هەستەکی خۆویستە، چونکە خۆمان پەرەی پێ دەدەین و وادەکات خۆت لەبەرامبەر نەتەوەکەت بە بەرپرسیار بزانیت، ئەم هەستەش بەهۆی جیاوازی نێوان نەتەوەکان لەڕووی زمان و کولتوورو دابونەریت و مێژوو دروست دەبێت. بەچەندین هۆکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و کاریگەرییەکانی ئاوێتەی بیروباوەڕ و خوێن و هەڵسوکەوتی تاک و ئەندامانی نەتەوە دەبێت، ئینجا لە ئەنجامی ئەم جیاوازییانەدا هەستی کوردبوون بەهەستی کوردایەتی دەگۆڕێت. هەبوونی ئەم هەستەش لە هەندێ کەسدا خۆڕسکە، چونکە لەگەڵیدا لەدایک دەبێت و بەپێی کاریگەرییەکانی دەوروبەرو بەسەرهاتەکان لە دڵ و دەروونیدا ڕەگ دادەکووتێت. ئینجا ئەم کەسە لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەپێی ئەم هەستە هەڵسوکەوتەکانی لە ڕووی نەتەوەیییەوە دەردەکەوێت و لە بنیاتنانی بیروبۆچوونەکانی بۆ داهاتووی نەتەوەکەی بەکاری دەهێنێت، بەڵام لە هەندێ کەسی تردا بە پەروەردە دروست دەکرێت، چونکە لەڕێی دەسەڵات و بە بەرنامەی بۆ داڕێژراو فێردەکرێن و نەوەکانی لەسەر ڕادەهێنرێت. بەمەش سنووری وڵات و ناسنامەی نەتەوەکان دروستبووە، چونکە تاکەکانی هەر نەتەوەیەکی کردووە بە پارێزەری ئەو تایبەتمەندییانەی کە بۆ نەتەوەکەی دروست دەبێت و جیاوازی بیرکردنەوەی لەنێوان نەتەوەکاندا دروست کردووە چونکە بۆتە هۆی ئەوەی لەهەندێ نەتەوەدا زووتر بیری سەربەخۆیی لە مێشکی تاکەکانیدا چەکەرە بکات، لەهەندەکی دیکەدا درەنگتر گەشە بکات و پاش بکەوێت. بۆ نموونە، ئینگلیز و ئەڵمان و فەڕەنسی  هەستی نەتەوەیییان بەر لە نەتەوە ئەوڕوپییەکانی تر دەرکەوتووە، بۆیە بەبەراورد بە نەتەوکانی دیکە زووتر هەستی سەربەخۆبوونیان بۆ دروست بووە. لە دەوروبەری خۆشماندا، هەستی فارس و تورک و عارەب بەر لە کورد پەیدابووە، بۆیە ئەوانیش بەر لە ئێمە هەوڵی سەربەخۆبوونیان داوە .

مرۆڤی کورد وەک تاکی هەر نەتەوەیەکی دیکە، ئەویش هەر لە سەرەتاوە هەستی بە جیاوازی خۆی بەرانبەر بە نەتەوەکانی دیکەدا کردووە، بەمەش مانەوەی خۆی پاراستووە و قۆناغی توانەوەی  تێپەڕاندووە، بەڵام لەبەر ئەوەی سەرکردەیەکی لێزان و دووربینی تێدا هەڵ نەکەوتووە و هەرگیز دەسەڵاتەکی گشتگیری نەبووە، کە ڕەنگدانەوەی لەسەر بیرکردنەوەی تاکی کورد دا، بە ئاڕاستەی نەتەوەیی هەبووبێت، بۆیە بیرکردنەوەی تاکی کورد بەهەستی نەتەوەیی پاشکەوتووە و لەهەمان قۆناغی نەتەوەکانی چوار دەوریدا دەرنەکەوتووە. ئەمەش کاریگەری لەسەر خۆ ناسینی تاکەکانیدا هەبووە، بۆیە ئەگەر ئاوڕەک لەمێژووی نەتەوەکەمان بدەینەوە دەبینین زۆر کەسی ناسراوی تێدا هەڵکەوتووە، کە کوردبوونە، بەڵام لە خزمەتی نەتەوەی تردا کاریان کردووە. لەمەشدا نموونەی زۆر هەیە لە پارچەکانی کوردستان و لە وڵاتانی دیکەدا لەنێو سەرکردە و نووسەرو هونەرمەندان، کە هیچ پەیوەستی و سوودەکیان بۆ نەتەوەکەی خۆیان نەبووە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەوەدا بووە، کە ئەم کەسانە هەستی بەرپرسیارەتیان بۆ نەتەوەکەی خۆیان نەبووە، تا لە هەموو کارەکدا ناو و بەرژەوەندی نەتەوەکەیان لەبەرچاو بووایە. بەڵام لەهەمان کاتدا کەسانی دیکە هەبوونە، کە بەشێوەیەک لە شێوەکان کوردبوونی خۆیان سەلماندووە، کە لەڕەخساوترین دەرفەتدا هەوڵیانداوە خزمەتی نەتەوەکەی خۆیان بکەن، چونکە لەناخەوە ئەو هەستەیان هەبووە .

کوردبوون لەئێستادا شانازییە، بۆیە ناتوانرێت ئەم ناسنامەیە لە تاکی کورد بسەنرێتەوە. داگیرکەرانی کوردستانیش ئەو ڕاستییە دەزانن و گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ناتوانن ئەم پێناسەیەمان لێ وەربگرنەوە. بۆیە بەکوردبوونمان ڕازینە، بەڵام بە مەرجێک بە دوو شێوە بیر بکەنەوە. شێوەی یەکەم، کوردەک بێت کە بە هەستی نەتەوەیی بیر نەکاتەوە، چونکە دەزانن ئەوەی ئەو هەستەی هەبێت ژێر دەستییان بەئاسایی نابینێت، بەڵام ئەوەی ئەو هەستەی نەبێت، دەتوانن بەئاسانی سەوداو گۆڕینەوەی بەرژەوەندی لەگەڵدا بکەن، دەتوانن چارەنووسی نەتەوەکەی بە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕنەوە یان پێناسەی نەتەوەکەی لە خێڵ و هۆزەکەیدا بچووک بکەنەوە. شێوەی دووەم، کوردەکیان دەوێت، وەک کەسەکی ئەمریکی بیر بکاتەوە، کە ڕەچەڵەکی بۆ یەکێک لە نەتەوەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام  هاوسۆزی زیاتر بۆ ئەمریکا هەبێت، بۆ ئەمەش لەوانەیە ئەگەر کوردەک لەیەکێک لە وڵاتەکانی وەک سوید، ئەڵمانیا، ئوستراڵیا، ئەمریکا، هتد، بژیت، بە ڕاست دەربچێت و هەمان لێکدانەوەی بۆ بکرێت، چونکە بۆ مەبەستەک ڕووی لەم وڵاتانە کردووە و هەردەم خۆی بە میوان و پەنابەر دەزانێت. بۆیە خاکەکەی بە هی خۆی نازانێت، بەڵام بۆ کوردێک کە لە سەر خاکی کوردستان بژیت، بەڕاست دەرناچێت، چونکە مێوان نییە، بەڵکوو لە ماڵی خۆی دەژیێت، ئەم ماڵەش لەدێر زەمانەوە هەیبووە و خۆی بەخاوەنی دەزانێت. لەبەرئەوە، ئەم دوو حاڵەتە زۆر لێک جیاوازن، هەرگیز کوردەکی پەنابەر و میوان لە وڵاتان بە کوردێکی نیشتەجێی کوردستان بەراورد ناکرێت .

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO