جەلیل ئازادیخواز
زۆر جاران وشەی ئێناخی زەین و بیری بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووم و بۆم جێگەی پرسیار و لێڕامان بووە. مانای ئەم وشەیە و ڕیشە و ڕەچەڵەکی مێژوویی ئەو پرسانە بوون، کە ختووکەی خەیاڵ و دنەی کونجکۆڵی و وشیاریان داوم، کە دەبێ لە کوێوە هاتبێت و بۆ چ سەردەمێک دەگەڕێتەوە؟
هەڵکەوتەی جوگرافیایی و ناوی گوند و چیا و ڕووبار و مەڕ و کوێستانەکانی وەک “ماسان، کێوڵە و ماکوان، مەڕەخێڵ، تەختی کەوش زەڕین و سوورەوان” زۆر شوێنی دیکە ڕامانخواز و سەرنجڕاکێشەر بوون بۆم. زۆرجار خەڵکانێ لەم دەڤەرە هەندێک گێڕانەوە و چیرۆکیان دەگێڕایەوە، کە لەگەڵ واقعی جوگرافیی و ناوە دێرینەکانی ئەم دەڤەرە بە هیچ جۆرێ یەکیان نەدەگرتەوە.
هەرچی بێت و هەرچەندە زەفەر بە لێکدانەوەی ناوەکانی جوگرافیای ئەم دەڤەرە بەرین لەم ڕاستییە کەم ناکاتەوە، کە ئەم دەڤەرە زۆر لەو گێڕانەوە و چیرۆکانە کۆنترە کە لەبارەیەوە دەیان گێڕێنەوە. ئەم دەڤەرە زۆر بە زەقی جێ پەنجەی ماد و ئەشکانیی وساسانی و کولتووری هیلنیی و سلوکی پێوەدیارە. “ماکوان. چیای مادان، یان چیای مادەکان. وارم چیو ماسان دەورانی ئەشکانیی و ساسانیان. لە لێکدانەوەی وشەی ساسانی بەجیا ئاورم لەم وشانە داوەتەوە، لێرە پاتی ناکەمەوە”.
دەڤەری باینگان و زەردۆیی و دەوان و ئێناخی جوگرافیایەکی پێکەوەن و شیاوی لێکۆڵینەوەی وردیی مێژوویی و زمانەوانیی و کۆنینەناسین. ئەم بەرەو بەری ڕووباری سیروان، بەدرێژی دەرەی ئەم ڕووبارە و چۆمی مەرەخيڵ تاوەکوو دەربەندیخان و دەشتی زەهاو و قەسر درێژ دەبێتەوە، ناوچەیەکی دێرینی نیشتیمانن و هەزار ڕاز و پرسی نەکراوەیان لایە، کە دەکرێت بخوێنرێنەوە و بدۆزرينەوە. هەر لە نیشانەکانی میهریی و ئایینە کۆنەکانی کوردستان و شارستانیەتە کۆنەکانی و شکارۆیی زاگرۆس، کە ناوە جوگرافییەکان و نیشانە بەجێ ماوە کولتوورییە کۆمەڵایەتییەکانیان لەم دەڤەرەدا بە سانای دەبینرێن و بەڵگەی گرنگی هەر باس و لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانین.
کۆی دەڤەری ئێناخی بەجۆرێ دەکەوێتە سەر دوو دەرە و ڕووباری سیروان و چۆمی مەڕەخيڵ. لێک گرێدروای ئەم دەڤەرە تا دەگاتە ناو هەرێمی “شەمێران” لە باشووری کوردستان درێژ دەبێتەوە. کۆی ئەم دوو دەڤەرەش دەکەونە ناوچەیەکی چیایی و دەرەی سیروان و پڕن لە مەڕی شاخاویی و لە زنار و تاش سازاویی دەورانە جیاوازەکانی زەوینناسیی. لەڕاستیدا “گوندەکانی مەڕەسان، ماسان، ديگە و بامۆک سان، دەتوانن لە ڕەچەڵەکناسیی ساسانیان و وشەی ساسانی یارمەتی دەربن و هەر هەموویان لە زەنوێر و بەدەڵان و هەناوی چیادا سازکراون. کوڕەی جامە و سێن. زی و هێرتا و دووە. دەتوانن ئاخێزگەی سۆمەریان هەبێت. یان بڵەسێن و هامسێن.” دەکرێ بڵێین بەشی هەرە زۆری گوندەکانی ئەم هەرێمە لەسەر و دەوروبەری دوو ڕووباری سیروان و چەمی مەڕەخێل هەڵکەوتوون. بەشێک لە ئاوی چەمی مەڕەخێڵ لە کانییەکانی سەرینی باخان لە دەراوی زێتێ و چەمی ڕۆخانە و گوندی دەوان و کانیە چکۆلەکانوە دێت.
دەڤەرەکە بەتەواوی دەکەوێتە سەر دەرە و دەراون و چۆم و ڕووباران. شیاوە لێرەوە ڕامانێکمان لە سەر ئەفسانە و ئوستورەکانی یۆنان هەبێت و لەم بابەتەدا ئیستێکی شیاو لەسەر وشەی “ئیناخوس” بکەین.
لە ئەفسانە یۆنانییەکاندا باس لە ئیزەدێ دەکرێت وەک خواوەندی ڕووباران. “ئیناخوس” ئەم یەزدانەیە، کە کوڕی ئوکنائوس و تیتسە و خواوەندی ڕووبارە.
دەزانین لە سەردەمێکدا ئەسکەندەری مەکدۆنی لە ٣٢٣ پ.ز. وشکارۆی زاگرۆس و ئەو جوگرافیایەی ئێستا پێی دەڵێن ئێران داگیر بکات. ئەم دەسەڵاتە و کولتووری هیلینی لە ڕێگای سلوکیانەوە تا ساڵی ٦٣پ.ز. درێژدەکاتەوە ئەمانیش هەموو کوردستانی هەنووکە بەدرێژی و مەودای ئەم چەند سەدەیە داگیر دەکەن و دەکەوێتە ژێردەسەڵاتی سەربازیی و سیاسی و فەرهەنگیان. لێرەوە دەتوانین باس لەم گریمانەیە بکەین کە وشەی “ئێناخی” دەتوانێ هەر هەمان وشەی “ئیناخوس” بێت، کە لە ئەفسانەکانی یوناندا ناوی هاتووە. جوگرافیای ئەم دەڤەرە پڕاوپڕ لە هەرێمی دەسەڵاتی ئیناخوس دەچێت و دەسەڵاتی چەندین سەدەی فەرهەنگی هیلینی لەم دەڤەرەدا بەڵگە نەویستە. داکەوتنی دووپیتی “و” و “س” و دانانی “ی” لەدرێژی زەمەندا ڕوویداوە و پیتی، “ی” جێگەیانی گرتوەتەوە. لە کوردیدا ئەم فۆرمە هەیە وەک “خوسان” و “خویسان”.
کۆ بەڵگەیەکی دیکە لەم دەڤەرەدا هەن و دەتوانن بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم گریمانە و بەپشتبەستن بەوانە زۆرتر بۆمان دەرکەوێت کە جێ پەنجەی فەرهەنگی هیلینی و یۆنانی لەم دەڤەرەدا ئامادە و بەرچاون. لە درێژبوونەوەی ڕووباری سیروان و ئەم دەڤەرەدا دەگەینە دیاری “شەمێران”. لە شەمێران دا دەگەینە گوندی دلف، هەردوو گوندی دلفی سەرو وە دلفی خواروو دیسانەوە لە فەرهەنگ و ئەفسانەی یۆنانییەکان دا ناویان هاتووە و بە “مەعبەدی دلف” بەناوبانگە. دلف یان دلفی وەک مەعبەد، مەعبەدی مەزنی یونانە، کە یاگەی ئاپۆلۆن خوایی خۆرە. لێرەوە دەتوانین بڵين؛ ئەم ناوەش زۆر لە کولتووری دەڤەرەکە نزیکە و دەزانین کە میهرپەرستی دینیی بڵاو و گشتگیری خەڵکانی دەڤەری زاگرۆس و تورۆس بووە. لەم دەڤەرەدا سەرپاکی ناوی گوند و چیا و کانی و دەرەکان زوانی گۆرانە و دانیشتوانی هەنووکەی جافە. سەرەڕای ناوچەی ئێناخی دەڤەری زەردوویی و دەوان بۆ خۆیان جێگەی باس و دوو سەرەداوی مەزنن بۆ کردنەوەی دوو بابەتی ئاینی زەردەشت و یارسان و هەندێ بابەتی دیکە. دلف لەسەرتاسەری یونانەوە دەچوونە دیدنی و پەرجویان لە پێشگۆی بەناوبانگی ئەم مەعبەدە بەناوی “بونیا” دەخواست. دلف هەر ئەو مەعبەدە بەناوبانگەیە کە لە زمانی هیرۆدیتەوە و دەزانین کە پادشای بەناوبانگی “لیدی کرزوس” دەچێت کن پێشگۆکەیی و ئەو باسە بەناوبانەگەی بۆ دەڵێ؛ کە کرزوس بە هەڵە لێکی دەداتەوە دەرئەنجامەکەی دەبێتە لە دەست دانی لیدی و ئەسیربوونی خۆی. دوو گوندی دلف لە دەڤەری شەمێران یەکیان دەکەوێتە بن چیا و ئەوی تریشیان لە داوينی دەشت و لێواری چۆم دایە.
شەمێران ئەم دەڤەرە شەنگ و جوانەی بەشی باشووری نیشتیمان ناوەکەی خۆی زۆر جێگەی ڕامانە. دەزانین کە لە کن تارانی کنونی دیسان شەمێران هەیە و لە باشووریش هەروا. ئەمەش ناتوانێ ڕێکەوت بێت. خەڵکی شەمێرانی نزیک تاران بە گوتەی زۆرێ لە مێژوونووسان بە ڕەچەڵک دەچنەوە سەر ماد و زوانیان جیاوازە لە فارسی فەرمیی و نزیک لە مازنیبووە. ئەم شارۆچکە دەکەوێتە باکوری تاران. هەر چەندە دوور نییە کە ناوی شەمێران پەیوەندیەکی نزیکی بە ئەفسانەی شامارانەوە هەبێت و شوێنەکە لە بنەمادا “شای ماران، شاو و شاری مادان بووبێت”. بە گریمانەیەکی دیکە دیسانەوە دەکرێت شەمێران بەواتای شوێنی سارد بێت، یان شوێنی نزیک چۆم و ڕووبار. شەم واتە چۆم، نەسرم، ڕانیش پاشگری شوێنە. بۆیە دەکرێ بە شوێنی ناو دۆڵ یان شوێنی نەسرم یان سارد مانا بکرێتەوە.

پەرستگای دلفی، یۆنان

تێبینی: مەڕ واتە ئەشکەوت
سەرچاوەکان
- اساطیریونان [آئین ها واساطیر]،نویسندە ؛ ف. ژیران، انتشارات مکتوب ١٣٠٣
- شجرە نامە ایناخوس در اسطورە شناسی یونان
- ویکی پدیا؛ دانشنام ازاد
- لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی نووسەر