گەلانی ڕۆژئاوا بە گشتی، ئەگەر چی حکومەت و ڕژێمەکانیان بە سیاسەتباز و بەرژەوەندیخواز، هەندێک جاریش بە داگیرکەر ناسراون، بەڵام خەڵکەکانیان مرۆڤدۆست و ژیاندۆست و سروشتدۆستن. ئەم گەلانە بە گشتی ڕوو لە ئاسمان نین و ڕوو لە زەوین. بە پێچەوانەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێندە ڕوو لە ئاسمانن خەریکی ئەوە نین لە سەر زەوی، تیماری دەردەکانی خۆیان بکەن. بەڵام گەلانی ئەوروپا هێندەی خەریکی کاروباری سەر زەوی مرۆڤەکانن، هێندە سەرقاڵی خوا و “خالقی” مرۆڤەکان نین.
بە پێی سایتێکی نیمچە فەرمی نەرویجی لە ژێر ناونیشانی “یارمەتی پەنابەران”، کە داتاکەی لە ڕێکخراوی پەنابەرانی جیهانییەوە وەرگرتووە، تا ٢٠٢٤، پەنابەران ڕێژەی ١٣.٤٪ ی ئەوروپا پێک دەهێنن. ئەمە هیچ نەگەیێنێت، گیانی هاوکاری کردن و مرۆڤدۆستی و ئازادیخوازی ئەوروپییەکان دەگەێنێت چونکە دواجار ئەو یاسا و ڕێسایەی پەنابەری پێ وەردەگیرێ، بەرهەمی عەقڵ و تێکۆشانی گەلەکانیانە.
یەکێ لە جوانییەکانی گەلانی ئەوروپا جگە لەوەی کە باسمان کرد، لە پێشینەی ئەو گەلانەن کە جگە لە دەرگای واڵایان بۆ وەرگرتنی پەنابەر، پاڵپشتی هەر ستەملێکراوێکن لە هەر سووچێکی دنیا ستەمیان دەرهەق ئەنجام بدرێ. ئەگەر نموونەی عێراق وەربگرین، هەتا سەدام دەسەڵاتداربوو پەنابەری کورد و شیعەیان وەردەگرت و لە ستەم ڕزگاریان دەکردن. کاتێ کورد و شیعە دەسەڵاتیان گرتە دەست ئینجا سوننە و بەعسییەکانیان وەکوو پەنابەر وەردەگرت، سوورییەکانیش بەهەمان شێوە. بەکورتی، لە کوێ ستەم هەبێ و هەر کێیەک ستەمکار بێ، ئەوروپا جێگەیەکی ئارامە بۆ قوربانییەکە.
تۆ لە خۆت پرسیوە کە بۆچی لە تەواوی جیهاندا هیچ گەلێکی دنیا هێندەی گەلانی ئەوروپا خۆپیشاندانیان بۆ غەززە ئەنجام نەداوە، بە گەلانی عەرەب و موسوڵمانانیشەوە؟
لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، سەدان هەزار جەمەدانی فەلەستینی لەم ئەوروپایە فرۆشراوە. ئەگەر ئەمڕۆ پیاسەیەک بە شەقام و شوێنە گشتییەکانی پایتەختەکانی ئەوروپا دا بکەیت سەدان ئەوروپی سوور و سپی دەبینی کە جەمەدانی فەلەستینی لە مل ئاڵاندووە. لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە کۆتایی هەفتە تێنەپەڕیوە کە چالاکییەک بۆ فەلەستین ئەنجام نەدرێ لە پایتەختەکانی ئەوروپا دا.
هەر لەم سۆنگەیەوە، لەم ڕۆژانەی پێشوودا لە یەکێ لە کۆگاکانی نەرویج دا قوتووە کۆلام بەرچاوکەوت کە ناونرابوو “کۆلا فەلەستین”. بەلامەوە سەرنجڕاکێش بوو و چەند دانەیەکم لێ کڕی. لە خاوەن کۆگاکەم پرسی ئەمە بەرهەمی کێیە؟ گوتی ئەمە بەرهەمی کەرتی تایبەتە بەڵام لە وڵاتی سوید بەرهەم دێت. گوتم باشە بە ڕای تۆ وەکوو بازرگانێک کە هاوردەی ئەم بەرهەمە دەکەیت، پێت وایە هۆکاری ئەمە چییە کە وەها بەرهەمێک هەم کۆلایە و هەم ناوی فەلەستینی پێوە لکێنراوە؟ گوتی گوایە بۆ شکاندنی بازاڕی کۆکا کۆلایە کە جووێک خاوەنێتی. بەم ڕێگایە هەر هیچ نەبێ پارەی کڕیاری عەرەب و موسوڵمان و ئەوروپی هاوسۆزی غەززە، ناچێتە گیرفانی جووەکان و بەرهەمی فەلەستینی دەکڕن!
درێژەمدا بە گفتوگۆ و گوتم: خۆ ئەگەر خێرەکەی بگاتە دەستی ڕەش و ڕووت و قوربانیانی غەززە باشە. گوتی نەخێر دڵنیابە چەند کەسێکی خاوەن بیرۆکەکە سوودی لێ دەبینن، ئینجا بەبێ دەنگی گوتی: بەینی خۆمان بێت، قسەیەک هەیە گوایە کۆمپانیای بەرهەمهێنی ئەم کۆلای فەلەستینەش هەر جووی لە پشتە! سەرێکم ڕاوەشاند و ڕەزامەندبوونی خۆم بۆ ئەو زانیارییە نیشاندا و گوتم: هەم باوەڕم بە وریایی و هۆشیاریی بازرگانی جوو هەیە کە کاری وایان لێ بووەشێتەوە و لە گەمەیەکی بازرگانیدا، بە پاڵپشتی خودی موسوڵمانان، پارەی بەشێک لە هەڵمەتی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەربهێنن، هەمیش باوەڕم بە خۆشباوەڕی و چەقبەستوویی بیری لە قاڵبدراوی موسڵمانان و عەرەبیش هەیە کە دوای سۆز و عاتیفە و دروشمی ئایینی و نیشتیمانی ڕووت کەوتوون، دیارە بەبێ لێکدانەوە. ئەی خۆ بەبێ هۆ و بێ مەڵامەت نییە ئیسرائیل بەو ژمارە کەمەی سەربازییەوە وا هەموو جیهانی عەرەب و موسڵمانی بەگیر هێناوە.
لە ٢٠٠٦، وتارێکم لە هاووڵاتی لە ژێر ناوی “مەلا عوزەیر و گۆشتی بەراز” لە هەفتەنامەی “هاوڵاتی”دا بڵاو کردەوە. لەوێدا کۆمێنتم لە سەر وتارێکی مەلا عوزێر دابوو کە چۆن خۆی سەرقاڵ کردووە بە کەلەسەری بەرازێکەوە کە لە تەنەکە زبڵێکدا دۆزراوەتەوە، بەڵام خۆدەخافڵێنێ لەو هەموو کێشەیەی تووشی ئەو گەلە هاتووە. وەکوو ئەوەی ئەو هەموو دەردە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە کێشەیەک بۆ ئایین دروست نەکەن وئایین بە تەنها بە کەلەسەری بەرازێک لە ناودەچێت. لە وەڵامدا مەلا بۆی نووسیبووم کە گوایە ئەو جووانەی خاوەن کۆمپانیا گەورەکانی گۆشت و مریشکن لە من بەڕێزترن دەرهەق بە موسڵمانان، ئەها لەسەر گۆشت و مریشکی هاوردە بۆمان دەنووسن “بە دەستووری ئیسلامی سەربڕدراون!”. منیش لە وەڵامدا بە مامۆستای بەڕێزم گوت ئەوە ڕێز نییە بەڵکوو عەقڵییەتی بازرگانی و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانە کە ئەوەی پێ نووسیوون، نەک خۆشەویستی بۆ موسڵمانان.
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی ئەوروپا بە دەیان بەرهەمی خۆراکی دروست دەکرێ یان هاوردە دەکرێ کە ناوی غەززە، فەلەستین، هتد، لێ نراوە. ئەمە هیچ نەبێت نیشانەی زیندوێتی لۆبی عەرەبە لە چاو کورد. گەلی کوردستان لە چوار لاوە بەر لە فەلەستین و هەر گەلێکی دیکە، هەر جارە و شارێکی دەکرێ بە غەززە، بەڵام نە توانیوێتی شووشەیەک ڕبە هەنار ناو بنێ هەڵەبجە و هەناردەی بکات، نە قووتویەک زەیتوون بکات بە ناوی عەفرینـەوە و نە سەتڵێ ماستی پیرە هەولێرێ لە جێی یۆگورتی تورکی دابنێ!
ئەمڕۆ قاوەی قەزوانی کوردی بووە بە بەرهەمێکی جیهانی ناسراو بەڵام ئاڵایەکی بە خوێنی کورد سوور و ئەستێرە و مانگی لە بەرکراوە، تەڕبووشێکی عوسمانلیشی لە سەر نراوە. جا کورد هەتا ئێوارە هاوار بکات وەکوو خاکمان ناونراوە تورکیا و عێراق و سووریا و ئێران قەزوانیشمان ناونراوە قاوەی تورکی.
من دڵنیام کە قاوەی تورکی، نە تورکییە و نە قاوەشە بەڵام تۆ بڵێی ئەم کۆلا فەلەستینیەش جوو بێ و لە ژێر پەردەی فەلەستیندا پارە بخاتە گیرفانی جووەکان؟