شێروان ئازاد
پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەکێتیی) لە مێژە زاڵن بەسەر سیاسەتی کورد لە باشوور. دەسەڵاتی ئابووری و سیاسییان کۆنترۆڵ کردووە، لە هەمان کاتدا، پێشکەوتنی دیموکراسی ڕاستەقینەیان سنووردار کردووە. سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە ڕووناکبیران و چالاکوانانی مەدەنی لەناو کۆمەڵگای کوردیـدا بانگەشە بۆ دیموکراسی دەکەن، بەڵام نەیانتوانیوە لە کاریگەرییە پاوانخوازی و خێڵەکییەکانی دەسەڵات ڕزگاریان بێت.
نموونەیەکی بەرچاو یەکێتیی خۆیەتی! یەکێتیی کە خۆی وەک هێزێکی سۆسیال دیموکراسی بە سەرکردایەتی کەسانی خوێندەوار و ڕووناکبیر نیشان دەدا. لە ڕووی تیۆرییەوە ئەمە دەبوو لە دامەزراندنی حوکمڕانی دیموکراسی لە کوردستانـدا سوودێکی ستراتیجی گەورەیان پێ ببەخشێت بۆ زاڵبوون بەسەر هەموو بزووتنەوە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە چەندین جار و بەردەوام لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانـەوە گۆلیان لێ کراوە. ئەگەر بەڕاستی سەرکردایەتی یەکێتیی وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن خوێندەوار و شارەزای سیاسییان هەبووایە، ئەوا لە دینامیکی سەرکردایەتی خێڵەکی و پێکهاتەکانی دەسەڵاتی خێڵەکی تێدەگەیشتن. شکستهێنانیان لە چەسپاندنی دەسەڵاتی بارزانییەکان بەسەر کوردستانـدا، پرسیارێکی گرینگ دەوروژێنێت! چۆن ڕووناکبیران و هەڵسوڕاوانی سیاسی بانگەشەی ڕۆشنبیری و تێگەیشتن دەکەن، ئەگەر نەتوانن زاڵ بن بەسەر ستراتیجییەکانی سەرکردایەتی؟ ئەم بۆشاییە لە نێوان تیۆری و پراکتیکدا تیشک دەخاتە سەر لاوازییەکی بنەڕەتی لە سەرکردایەتی “خوێندەوار”ی یەکێتیی و هەموو ڕووناکبیرانی کورد.
پارتە سیاسییەکانی ئێستاش و ڕووناکبیران وکۆمەڵگەی مەدەنیش لە کوردستان تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی بنبڕیان لەو بابەتە نەکردووە بۆ تێگەیشتن لە ستراتیجی بەڕێوەبردنی سەرۆک خێڵەکان و سەرکەوتنیان لە مەیدانی سیاسی بە درێژایی مێژوو. لە ستراتیج و ڕۆڵی سەرکردەی عەشیرەتەکان لە حوکمڕانی و کۆنترۆڵکردندا دیارە خوێندنەوەیەکی دروستیان نییە! ئەوان لە بەخۆباییبوونیان بەو زانیاریانەی کە لە خوێندنەوەدا هەیانە، ناتوانن دان بەوەدا بنێن کە ئەو حیکمەت و تێگەیشتنەی کە ڕێنمایی ئەم سەرکردانە دەکات، لە ئەزموونی هەزاران ساڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە باوباپیرانیانەوە گوازراوەتەوە. خۆ هەموو میرنیشینە کوردەکان هەر سەرۆک خێڵ و بنەماڵەکان بوون، وا کارامە و لێهاتوو بوون کە له هەندێک کاتدا تەواوی ناوچانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان لە ژێر ڕکێف بووە.
ستراتیجییەکانی کۆنتڕۆڵکردن لە لایەن سەرۆک خێڵەکان
لێرە مەبەستمە لە ستراتیجی بەڕێوەبردنی خێڵ بگەین و شی بکەینەوە تا بتوانین مامڵەی دروستی لەگەڵ بکەین. خێڵەکان و هۆزەکان لە مێژوودا ستراتیجی جۆراوجۆریان بەکارهێناوە بۆ کۆنترۆڵی ئەندامەکانیان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکانیان. ئەم ستراتیجیانە زۆرجار پەیوەستن بە پێکهاتەی خێڵەکە و شێوازی سەرکردایەتیکردن و بەها کولتوورییەکان، بەڵام هەندێک ڕێبازی باو بریتین لە:
خزمایەتی و دڵسۆزی، هۆزەکان بە شێوەیەکی گشتی پشت بە پەیوەندییە بەهێزەکانی خێزان و سیستەمی خێڵ دەبەستن. دڵسۆزی بۆ خێزان یان خێڵەکەی، هەستکردن بە یەکگرتوویی، بەرپرسیارێتی هاوبەش دروست دەکات. سەرکردەکان لە خێزانە کاریگەرەکانی خێڵەکانەوە هاتوون و سەرکردایەتی لە ڕێگەی پشتاوپشت دەگوازرێتەوە.
کۆدەنگی، زۆرێک لە هۆزەکان جۆرێک لە بڕیاردانی بەکۆمەڵ بەکاردەهێنن. پیرەکان یان ئەنجوومەنەکان کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە گرنگەکان، دڵنیابوون لەوەی بڕیارەکان ڕەنگدانەوەی ئیرادەی بەکۆمەڵی خێڵەکەن. بەڵام لە کۆتاییدا بریاری یەکلاککەرەوە بۆ سەرۆکی خێڵەکە دەگەڕێتەوە. ئەم ڕێبازە جۆرێک لە متمانە دروست دەکات، چونکە خەڵک هەست دەکەن دەنگیان دەبیسترێت.
یاسا و داب و نەریت، هۆزەکان کۆمەڵێک یاسا و نەریتی تایبەت بە خۆیان هەیە، کە بە شێوەی زارەکی دەگوازرێنەوە. ئەم یاسایانە هاوسەرگیریی و ناکۆکییەکانی موڵک و ماڵ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە گشتی بەڕێوەدەبەن. پێشێلکارییەکان لەوانەیە ببێتە هۆی سزادانی توند، لەوانە دەربەدەری، غەرامە، یان پرۆسەی ئاشتەوایی، ئەمانەش یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی هەموو تاکێکی خێڵەکە بەبێ پشتبەستن بە سیستەمی فەرمی دەوڵەت.
چارەسەرکردنی ناکۆکی، نێوەندگیری لەلایەن گەورەساڵانی بەڕێزەوە ستراتیجییەکی باو و ئاساییە. پیرەکان کە وەک بێلایەن و ژیر سەیر دەکرێن، کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەندامان بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندن. ڕەنگە کێشەی خوێن یان ناکۆکی نێوان خێڵەکان لە ڕێگەی میکانیزمە تەقلیدییەکانی وەک پارەی خوێن (قەرەبووکردنەوەی زیانەکانەوە) یەکلایی بکرێتەوە.
هێما و ڕێوڕەسمەکان، زۆرجار هۆزەکان ڕێوڕەسم و هێما و نەریت بەکاردەهێنن بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی خۆیان و دەسەڵاتی سەرکردەکان. ڕێوڕەسمەکان ڕووداوە گرنگەکان دیاری دەکەن، وەک گواستنەوەی سەرکردایەتی یان هاوپەیمانی لەگەڵ هۆزەکانی دیکە کە هاودەنگی و هاوسۆزی ئەندامانی خودی خێڵەکە بەهێز دەکات.
کۆنترۆڵی سەرچاوەکان، سەرکردەکان سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات و بازرگانی کۆنتڕۆڵ دەکەن. ئەمەش دەسەڵاتیان بەهێزتر دەکات. هەروەها دابەشکردنی سەرچاوەکان دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ پاداشتکردنی دڵسۆزی یان سزادانی ناڕەزایەتییەکانی ئەندامان.
هاوپەیمانی و شەڕ، خێڵەکان زۆر جار هاوپەیمانی لەگەڵ هۆزەکانی تر یان دەسەڵاتە دەرەکییەکان بۆ پاراستنی خۆیان یان قازانجی ئابووری دروست دەکەن. لە کاتی ململانێدا سەرکردایەتی بەهێز و چینێکی جەنگاوەر بە نمایشی هێز توانای خۆیان بە هاوپەیمانەکانیان نیشان دەدەن. ئەمەش لە کاتی هەبوونی سەرکردەیەکی بیر فراوانتر ڕوودەدەدات، کە دەیەوێ دەسەڵاتی خۆی بەهێزتر بکات یان لە کاتی هەبوونی هەر هەڕەشەیەک لەسەر دەسەڵاتی ئەو خێڵە. سەرکردەکان زۆر جار بۆیان گرنگ نییە هاوپەیمانی لەگەڵ کام لایەن دروست دەکەن، ئەوەی گرنگە دیارە مەبەستەکەیە کە ئاماژەی پێکراوە.
کاریگەریی کولتوور و ئایین، سەرکردە ڕۆحییەکان یان پێشڕەوە ئایینییەکان دەسەڵاتێکی بەرچاویان هەیە بە لێکدانەوەی پێشهاتەکان، سەرکردایەتیکردنی ڕێوڕەسمەکان و ئیدیعاکردنی پشتگیریی خوایی بۆ سەرکردەکانی هۆزەکان. ئایین دەتوانێت ئەندامان لە ژێر بیروباوەڕی هاوبەشدا یەک بخات، چوارچێوەیەکی ئەخلاقی دروست بکات کە گوێڕایەڵی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات لە ژێر کۆنتڕۆڵی سەرکردەی هۆزەکەدا.
کورتەیەک لە مێژوویی سەرکردایەتی خێڵەکی لە سیاسەتی کوردیـدا
یەکێک لە گەورەترین هەڵەکانی بزووتنەوە سیاسییە مۆدێرنەکانی کورد بە کەم سەیرکردنی دەسەڵاتی حوکمڕانی خێڵەکی بووە. بەپێچەوانەی پارتە سیاسییەکانی سەردەم کە پشت بە پێکهاتەی ئایدیۆلۆجی دەبەستن، سەرکردە خێڵە کوردییەکان ستراتیجییە سیاسییەکان بە میرات دەگرن بەدرێژایی هەزاران ساڵ. بە درێژایی مێژوو نزیکەی هەموو ئیمپراتۆریەتێکی کورد لەلایەن سەرکردەیەکی بەهێزی خێڵەکییەوە دامەزراون کە بە سەرکەوتوویی هۆزەکانی دەوروبەری یەکخستووە و و بوونەتە هێزێکی گەورە.
لە مێژوودا ئیمپراتۆریەتە کوردییەکان و خانەدوادە دەسەڵاتدارەکان بە ناوی بنەماڵە خێڵەکییە دامەزرێنەرەکانەوە ناونراون نەک لە ژێر ناسنامەیەکی نەتەوەیی کوردییـدا. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چۆن حوکمڕانی لە کوردستان لە مێژە لەسەر بنەمای پێکهاتە خێڵەکییەکان دامەزراوە نەک ئایدۆلۆجیای سیاسی یان لە ژێر ناوی نەتەوەیی کوردیـدا. هەندێک نموونەی سەرەکی مێژوویی بریتین لە:
میرنشینی بابان (١٦٤٩-١٨٥٠)، ئەم میرنشینە زلهێزە کوردیـیە لەلایەن بنەماڵەی بابانـەوە دامەزرا، بەشێک لە کوردستانی ئێستای باشووری کۆنترۆڵ کرد و بە هێزی سەربازی و کاریگەریی سیاسی ناسراو بوو.
میرنشینی سۆران (١٨١٦-١٨٣٦)، ئەم کۆنفیدراسیۆنە خێڵەکییە کوردە بە سەرکردایەتی میر محەمەد پاشا، دەسەڵاتی ناوەندی دەکرد و کۆنترۆڵی خاکی کوردی بەر لە کەوتنی بۆ سەر دەوڵەتی عوسمانی فراوانتر کرد.
میرنشینی بادینان (١٣٧٦-١٨٤٣)، خانەدانێکی دەسەڵاتدارە لە دهۆک و ناوچەکانی دەوروبەری، کە نیشانی دەدات کە چۆن سەرکردایەتی خێڵەکی بۆ چەندین سەدە حوکمڕانی پاراستووە.
شانشینی ئەردەڵان (سەدەی ١٤ – ١٩)، میرنشینێکی کوردی بوو کە بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کورددستان و ئێرانی بە تێکەڵەیەک لە پێکهاتەی دەوڵەتی خێڵەکی و نیمچە مۆدێرن بەڕێوە دەبرد.
شانشینی ئەیوبیەکان (سەدەی ١٢ – ١٣)، لەلایەن سەلاحەدین سەرکردەیەکی عەشیرەتی کورد دامەزرا کە بوو بە سوڵتانێکی بەهێز و خاکە فراوانەکانی یەکخست، لەوانە میسر و سووریا و میزۆپۆتامیا.
هەرکام لەو قەوارە مێژووییە کوردانە لەسەر سەرکردایەتی خێڵەکی بنیات نراون، کە سەرکردەیەکی عەشیرەتی باڵادەست بە پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ هۆزەکانی دەوروبەری دەسەڵاتی چەسپاندووە. وانەکە ڕوونە، توانای یەکگرتن و حوکمڕانی لە ڕێگەی تۆڕە خێڵەکییەکانەوە لایەنێکی بنەڕەتی سەرکەوتنی سیاسی کورد بووە لە ڕابردوو.
پارتی وەک دەسەڵاتێکی خێڵەکی مۆدێرن
پارچەپارچەبوونی کورد لە مێژە بەربەستێکە لە بەردەم بەدیهێنانی خواستە نەتەوەییەکان. لە کاتێکدا پارتی بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی پێشووی عێراق و تورکیا و ئێران کە لە مێژوودا بزووتنەوە کوردییەکانیان سەرکوتکردووە، ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە، بەڵام تا ئێستاش وەک هێزێکی باڵادەست لە کوردستانـدا دەمێنێتەوە. پێویستە هێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان بیر لە ڕێبازێکی نوێ بکەنەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پارتی لەبری ئەوەی تیشک بخەنە سەر کردارەکانی. پێویستە دان بە دەسەڵاتی ئەودا بنێن و بە شێوەیەکی ستراتیجی کار بکەن بۆ ئەوەی بیهێننەوە ناو هاوپەیمانییەکی فراوانی کوردییەوە. ئەمەش پێویستی بە تێگەیشتنە لە دینامیکی سەرکردایەتی پارتی، بەتایبەتی پێکهاتە خێڵەکییەکەی، کە پاراستنی دەسەڵات لە پێشینەی کارەکانیدایە. دیارە مەبەست لە شیکردنەوەی دەسەڵاتی خێڵ و ستراتیجیەکانی بەڕێوەبردنی کە لەسەرەوە باس کراوە تێگەیشتنی ئەو بابەتەیە بۆ پەیڕەوکردنی مامەڵەیەکی دروست.
لێرە ئەگەر پەیوەندی لەگەڵ دوژمنانی کورد بە خیانەت ناوببرێت لەلایەن نەیارەکانی پارتی، ئەوا زۆربەی هێزە کوردستانییەکانی دیکە بەتایبەتی، وەک یەکێتیی، هەمان کرداریان دووبارە کردۆتەوە بەڵام تەنها ئەو بەو ناوە دەبەن.
پارتی بە سەرۆکایەتی بنەماڵەی بارزانی درێژە بەم نەریتە حوکمڕانییە عەشایەرییە دەدات. بە پێچەوانەی پارتە سیاسییە مۆدێرنەکان کە پشت بە ئایدۆلۆجیا دەبەستن، دەسەڵاتی پارتی ڕەگوڕیشەی لە چوارچێوەیەکی مێژوویی قووڵی سەرکردایەتی خێڵەکیدا هەیە، کە دڵسۆزی و کۆنتڕۆڵکردنی زەوی و هاوپەیمانی بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی لە پێشینەی ئامانجی سیاسی گەورەترە. لەگەڵ سەرهەڵدانی بیری نەتەویی کوردی/کوردستانی و دەوڵەتی نەتەویی لە مێژووی نوێدا، پارتیـش ئامانجەکانی خۆی دادەڕێژێتەوە بۆ لە خۆگرتنی بەدیهێنانی سەربەخۆیی کوردستان.
پارتی لە ژێر مۆدێلی سەرکردایەتی خێڵەکیدا کاردەکات، کە دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانیـدا چڕ دەبێتەوە. وەکوو لەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە، ئەم پێکهاتەی بەڕێوەبردنە جیاوازە لە بزووتنەوە ئایدۆلۆجییەکان یان ناسیۆنالیستییەکانی تری وەک یەکێتیی و پە*کە*کە. خەمی سەرەکی سەرکردایەتی پارتی پاراستنی حوکمڕانییەکەیە لە پاڵ ئەوە ڕزگاری کورد دێت. هەر هەڕەشەیەکی بوونگەرایی بۆ سەر دەسەڵاتەکەیان جا لە ڕکابەرە ناوخۆییەکانی کوردەوە بێت یان ئەکتەرە دەرەکییەکان پاڵیان پێوە دەنێت بۆ ئەوەی بەدوای هاوپەیمانی بەهێزدا بگەڕێن بۆ پاراستن. لە ڕووی مێژووییەوە ئەمە وای لێکردوون کە هاوکاریی هێزە دەرەکییەکان بکەن بۆ پارراستنی خۆیان تەنانەت بە نرخی نەهێشتنی تەواوی نەیارەکانیان و دابەشکردنی داهات و بەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ ئەو هاوپەیمانە دەرەکییانە.
یەکێک لە هەڵە گەورەکانی سەرکردەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان ئەوە بووە کە پێیان وابووە پەروەردەی مۆدێرن و پاشخانی ئایدیۆلۆجییان بە ئاسانی دەتوانێ جێگەی ئەم پێکهاتە دەسەڵاتە تەقلیدییە بگرێتەوە. بەڵام بەرەنجام تا ئێستا سەلماندوویەتی کە هەڵەن. توانای حوکمڕانی لە باشووری کوردستانـدا تەنیا لەسەر بنەمای پەروەردە یان ئایدۆلۆجیای سیاسی نییە، پێویستی بە شارەزایی لە سیاسەتی خێڵەکیی هەیە، کە سەرکردایەتی پارتی لە ماوەی چەندین سەدەدا بۆی ماوەتەوە. بێگومان ئەوە ڕاستە تا پەروەردە و ئایدۆلۆجیای خۆیان دەچەسپێنن، ئەو کاتە سەرکردایەتی خێڵەکیی بەهای حکومڕانی خۆی لە دەست دەدات.
لە ئێستادا پەیوەندی پارتی لەگەڵ تورکیا ستراتیجێکی مانەوەیە، هەڵبژاردنی پەیوەندییەک نییە لەسەر بنەمای نزیکی بیروباوەڕ. پارتی بە دەستەبەرکردنی پاڵپشتی ئابووریی و سەربازیی لە ئەنقەرە، هەژموونی خۆی لە هەولێر و دهۆک مسۆگەر دەکات و لە هەمان کاتدا بەرپەرچدانەوەی نفوزی یەکێتیی و پە#کە#کە دەدات. بەڵام ئەم وابەستەییە دەیخاتە پێگەیەکی لاوازیشەوە، چونکە دەبێتە درێژکراوەی بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکیەکانی تورکیا نەک هێزێکی کوردیی تەواو سەربەخۆ.
کێشەی ڕێبازی ئێستای نەیارەکانی پارتی
ساڵانێکە گوتاری سیاسی کوردی بە تایبەتی لە لایەن یەکێتیی و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە لەسەر ناوهێنانی پارتی وەک خیانەتکار چڕ بووەتەوە کەچی دەسەڵاتی پارتی لاواز نەکردووە. بە پێچەوانەوە، وابەستەیی ئەو بە پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەهێزتری کردووە. ئەو وابەستەیەش لەوە دێت کە کوتلە ناوخۆییەکانی کورد وەک هەڕەشەی ڕاستەوخۆ دەبینێت لەسەر بوونی خۆی.
خولانەوە لە ناو ئەو بازنەیەدا تەنها سوودی بۆ ئەکتەرە دەرەکییەکانی وەک عێراق و تورکیا و ئێران هەیە. هەرچەند هێزە کوردییەکان لە ناوخۆیان زیاتر دابەشبن، کۆنتڕۆڵکردنیان لەلایەن زلهێزە ئیقلیمییەکان ئاسانترە. هۆکاری سەرەکی وابەستەی پارتی بە هێزەکانی دوژمن لە کۆن و ئێستادا نەیارە ناوخۆییەکانی کورد بووە کە وەک هەڕەشەی ڕاستەوخۆ دەبینێت لەسەر بوونی خۆی. تۆمەتبارکردنی پارتی لەلایەن یەکێتیی و پارتەکانی دیکە و بەبەردەوامی هێرشکردنە سەری، بەبێ پێشکەشکردنی چوارچێوەیەک کە جێی متمانە بێت و هەست بە ئەمنیەتی خۆی بکا، پارتی قووڵتر پاڵدەنێتە ژێر کاریگەرییەکانی تورکیا.
پێشکەشکردنی دڵنیای بۆ پارتی و گەڕانەوەی بۆ ڕیزی یەکگرتوویی کورد
بۆ شکاندنی ئەم بازنەیە، پێویستە حیزبە کوردستانییەکان بیر لە ستراتیجی ئێستای خۆیان بکەنەوە. لەبری ئەوەی هەڕەشەی لە ناوچوون لە سەرکردایەتی پارتی بکەن، پێویستە:
دان بە دەسەڵاتی پارتی بنێن، بەبێ گوێدانە ناکۆکییە سیاسییەکان، ڕاستییەکە هەروایە کە پارتی بەشێکی بەرچاوی کوردستانی باشووری کۆنتڕۆڵ کردووە. پشتگوێخستنی ئەم واقیعە هاوسەنگی هێز ناگۆڕێت. هەر ستراتیجێک بۆ یەکڕیزی کورد دەبێت پارتی تێدا بەشدار بێت.
بەخشینی دڵنیایی سیاسی و ئەمنی، ترسی گەورەی پارتی، ڕووخاندن و لەناوبردنی ئەوە لەلایەن ڕکابەرە ناوخۆییەکانی کوردەوە. یەکێتیی و پە(کە)کە کە لە ئێستادا دوو هێزی سەرەکی ڕکابەری ئەون پێویستە گەرەنتی پێشکەش بکەن کە ئامانجیان لابردنی سەرکردایەتی بارزانی نییە بەڵکوو بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر و سەربەخۆیە. ئەم دڵنیاکردنەوە دەتوانێت پەیوەندی پارتی بە تورکیا زۆر کەم بکاتەوە. نموونەش لەبەر دەستە کاتێک مام جەلال ئەو دڵنیایەی بەخشی بە مەسعود بارزانی، ناکۆکی کەوتە نێوانی ئەو و تورکیا و هەڕەشەی لە تورکیا دەکرد. یان پێدانی پەڕاوی سپی لەلایەن مەلا مستەفا بارزانی بە مام جەلال لە کاتی نوێنەرایەتی ئەو لە کۆبوونەوەکانی قاهیرە. ئەمانە ئەو پەڕی متمانەیی نیشان دەدەن بە هاوپەیمانەکانیان بەڵام بە داخەوە یەکێتیی ئەو متمانەیە دەدۆڕێنێت و نازانێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکات.
دیالۆگی ڕاستەوخۆی کراوە، یەکێتیی و حیزبەکانی دیکە لەبری ئەوەی تەنها خەریکی ڕەخنە و تەخوینی پارتی بن، دەست بە دانوستان لەگەڵ پارتی بکەن، چارەسەری نیگەرانییە ئەمنییەکانیان بکەن و لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر سوودەکانی یەکگرتوویی کورد بکەنەوە. ئەمەش دەتوانێت هاوکاری ئابووری و ستراتیجیی و سەربازیی هاوبەش و ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەخۆبگرێت.
کەمکردنەوەی نفوزی دەرەکی بەشێوەیەکی ستراتیجی، ئەگەر پارتی لە چوارچێوەی کوردستانـدا هەست بە ئاسایش بکات، ئەوا هۆکاری کەمتر دەبێت بۆ پشتبەستن بە تورکیا. پێویستە بەدیلەکانی ئابووری و ئەمنی وردەوردە پەرە پێ بدرێت، بەمەش وابەستەیی بە تورکیا کەمتر پێویست دەبێت.
یەکگرتوویی کورد بە قازانج بۆ مانەوەی پارتی، پارتی بە ئاسانی دەستبەرداری تورکیا نابێت. بەڵام ئەگەر مانەوە لە هاوپەیمانی کوردیـدا ئاسایش و سەقامگیری ئابووری و شەرعیەتێکی زیاتری بۆ دابین بکات، لەوانەیە بە هاوپەیمانییە لەگەڵ تورکیا بچنەوە. ئەم گۆڕانکارییە تەنها کاتێک ڕوودەدات کە پارتە زلهێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان نیشان بدەن کە چالاکانە کار بۆ لابردنی ئەو لە دەسەڵات ناکەن.
حوکمی خێڵ کەی کۆتایی دێت؟
پێکهاتەکانی دەسەڵاتی خێڵەکیی لە شەوێکدا لاواز نابن، بەڵام کاتێک لاواز دەبن کە:
- دەسەڵاتی ئابووری لە دەست سەرکردەکانی هۆزەکان نامێنێت لەگەڵ گەشەکردنی بازرگانی و پیشەسازی نوێ لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەوان.
- دامەزراوەکانی دەوڵەت سەربەخۆتر دەبن، بە کەمکردنەوەی پێویستی دڵسۆزی کەسی بۆ بنەماڵەی دەسەڵاتدار.
- ناسنامەی نەتەوەیی کورد و نیشتیمانیی کوردستان لە ناسنامەی خێڵەکیی بەهێزتر دەبێت.
- نەوەیەکی نوێ سەرهەڵدەدات کە دیموکراسی لە پێشینەی دەسەڵاتی خێڵەکیی دادەنێت، ئەویش لە ڕێگەی پەروەردە و میدیا و چالاکیی سیاسییەوە. کوردستان ئاقارێکی باشی بڕیوە لەو بوارەدا.
- گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکان پشتیوانی دەرەکی بۆ فەرمانڕەواکانی خێڵ کەم دەکەنەوە، بە ناچارکردنیان بۆ خۆگونجاندن یان لەدەستدانی دەسەڵات.
بنەماڵەکانی کوردستان بۆ مانەوە پێویستیان بە پارە و دەسەڵات هەیە و ئەوەش لە ڕێگەی گەندەڵییەوە دێت. دەسەڵاتەکانیان لەسەر سیستەمێکی گەندەڵی بنیات نراوە، پارە و کاریگەریی سیاسی لەناو بنەماڵەی دەسەڵاتدار و هاوپەیمانە نزیکەکانیدا چڕبووەتەوە.
بزووتنەوە کوردییەکان پێویستە سەرنجیان لەسەر کەمکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە سامانی گەندەڵیی بێت، جا چ لە ڕێگەی چاکسازی ئابووری، یاسای دژە گەندەڵی، یان فشاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. کاتێک گەندەڵی لاواز بوو، بە شێوەیەکی سروشتی دەستی بنەماڵەکان لەسەر دەسەڵات کەم دەبێتەوە.
بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردستان دەبێ چی بکەن؟
بۆ خێراکردنی ئەم گواستنەوەیە لە دەسەڵاتی خێڵەکی بۆ بەڕێوەبردنێکی دیموکراسی پێویستە گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردستانییەکان و بزووتنەوە سەربەخۆکان:
- واز لە ئامانجگرتنی کەسایەتی و خەباتی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بێنن، لەبری ئەوەی تەنها وەک خائین هێرش بکەنە سەریان، تەرکیز لەسەر لاوازکردنی سیستەمی خێڵەکیی بکەن بە پێشخستنی دامەزراوەکان و بەدیلەکانی ئابووریی و ناسنامەی نەتەوەیی.
- پشتگیری لە دامەزراوە سەربەخۆکان، داکۆکیکردن لە دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ و ڕۆژنامەگەری ئازاد و هێزی ئەمنی پیشەیی بکەن.
- هاندانی سەربەخۆیی ئابووریی، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوتی ژێر کۆنتڕۆڵی بنەماڵەکان و داهاتی خاڵە سنوورییەکان بە پشتیوانیکردن لە بازرگانە ناوخۆییەکان و پیشەسازییە نوێیەکان، هاوکات، دەرهێنانی پاوانکردنی ئەو بەشانە لە دەستی ئەوان.
- وەبەرهێنان لە پەروەردە و میدیا، پێشخستنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و تۆخکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی.
- بەکارهێنانی خەباتی سیاسی زیرەک، لەجیاتی ئەوەی ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە بنەماڵەکان بکەن، هەلومەرجێک دروست بکەن کە یان دەبێت چاکسازی بکەن یان شەرعیەت لەدەست بدەن.
کۆتایی
دەیان ساڵە سیاسەتی کوردی گیری خواردووە لە خولگەیەکی دابەشبووندا، کە تەنها سوودی بە هێزە دەرەکییەکان گەیاندووە. لە کاتێکدا هاوپەیمانییەکانی پارتی لەگەڵ تورکیا و هاوپەیمانییەکانی ڕابردوو لەگەڵ ئێران و عێراق زیانی زۆری بۆ سەربەخۆیی کورد هەبووە، بەڵام ڕێبازی ئێستای ڕەخنەی بەردەوام و تەخوینکردنی ئەو لەلایەن یەکێتیی و حیزبەکانی دیکە دەستی لە دەسەڵاتدا لاواز نەکردووە. داننان بە دینامیکی سەرکردایەتی خێڵەکی پارتی زۆر گرنگە. هێزە کاریگەرەکانی دیکەی کوردستان بە پێشکەشکردنی دڵنیایی سیاسی و خستنەڕووی یەکڕیزیی کورد وەک بەدیلێکی سەلامەتتر بۆ پشتبەستن بە تورکیا، دەتوانن دەرفەتێک بۆ یەکخستنەوە دروست بکەن. ئەم ستراتیجە پێویستی بە وازهێنان لە پرەنسیپەکان نییە بەڵکوو بە بەکارهێنانی ڕیالیزمی سیاسی بۆ شکاندنی سووڕی دابەشبوون و بەهێزکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردە.
کوردستان چاوەڕێی دەرفەتێکە چونکە خەڵکێکی زۆر لە کوردستان پشتگیری لە دیموکراسی دەکەن. کێشەکە داگیرکاری تەواوی عەقڵیەتی خێڵەکی نییە بەڵکوو نەبوونی دەرفەتێکە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە. لەو کاتەی کە کاریگەرییە دەرەکییەکان (وەک تورکیا، ئێران و عێراق) لاواز دەبن، هەلی گۆڕانکاری دیموکراسی ڕاستەقینە دێتە ئاراوە.



