دوابەدوای ئەو کودەتا شکستخواردووەی پاشماوەکانی حیزبی بەعس و بەشار ئەسەد، ئاژانسەکان پشت ڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە گرووپی ئەبو محەمەد جۆلانی کۆمەڵکوژییان دژ بە عەلەوییەکان ئەنجام داوە و زیاتر لە ١٥٠٠ کەسی مەدەنییان کوشتووە، بەپێی مەرسەدی سووری، کە ڕێژەیەکی زۆر لەو کوژراوانە ژن و منداڵ و خەڵکی بێتاوانن. لێرەدا، ئەوەی چاوەڕوانکراو بوو، هەڵگیرسانی شەڕێکی مەزهەبی و ئایدیۆلۆجیی نێوان هەردوو بەرەی سوننە و شیعە بوو، شەڕێک کە ڕەگوڕیشەی مێژوویی و عەقائیدی هەن. ئەو ململانێیە هیچ پەیوەندییەکی دوور و نزیکی بە ئێمەوە نییە، نە وەک کورد و نە وەک موسوڵمانیش، لەسەر ئاستی نیشتیمانیی و نەتەوەیی، تەنانەت ئایینیش. ئەوەی کە لەم نووسینەدا بەلامەوە گرنگە ئاماژەی پێ بکەم، ئەو بەڕێزانەن کە پشتیوانییان لە ئەبو محەمەد جۆلانی کردووە و هەر یەکێک بە جۆرێک پشتیوانی خۆی دەربڕیوە.
لەڕووی تیۆرییەوە، عەقیدەی “پاکیی شۆڕشگێڕانە” (revolutionary purity)، کە مەبەست لێی ئایدیۆلۆجیای توندڕەوە، هەمیشە پاساو بۆ پشتگیرییکردنی تەنانەت هێزە جینۆسایدکارەکانیش دێننەوە ئەگەر لەگەڵ دیدگای ئایدیۆلۆجی درێژخایەنی ئەواندا هاوتەریب بێت. لەو جۆرە پشتیوانییەشمان زۆر دیتووە کە ڕەوایەتی بە هەموو جۆرە تاوانێک دەدەن مادام لەلایەن ئەو گرووپانەدا ئەنجام درابێت کە لەگەڵ ئایدیۆلۆجیای ئەوان یەک دەگرنەوە. لەو بارەیەوە، تیۆریی “فاشیزم و توندڕەوی ئایینی” لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی “دۆست-دوژمن”، کارل شمیت باس لەو بزووتنەوە سیاسییانە دەکات کە گرووپە مرۆییەکان دابەش دەکەن لەنێوان “خۆیی”، بەمانای هاوئایدیۆلۆجیا و هاوچارەنووس، بەرانبەر ئەوانەی کە “دەرەکین”، با هاوڵاتییش بن، مادام هاوئایدیۆلۆجیا نین. ئەوانە پیس و دەستلێنەدراو و مەترسیدارن و دەبێت لەدژیان بجەنگن لەپێناو بەرزڕاگرتنی عەقیدە و ئایدیۆلۆجیا. ئەم بنەمایەش زۆر گونجاوە لەگەڵ توندڕەوەکانی وەک داعش و قاعیدە.
لە پەیوەندی بە “پاکیی ئایدیۆلۆجی” وەکوو پاساوێک بۆ نەهێشتنی ئەو گرووپانەی کە لەگەڵ ئایدیۆلۆجیای ئەوان تێک ناکەنەوە، یا هەموو ئەوانە بە هەڵگەڕاوە هەژمار دەکەن کە باوەڕیان بە سێکولاریزم هەیە و بە پیس و گڵاو ناویان دەبەن. مارک یۆرگهایمەریش، لە کتێبی “تیرۆر لە مێشکی خوا دا”، بەهەمان شێوە باس لە پاکیی ئایدیۆلۆجیا دەکات، کە دەبێتە هۆکارێک بۆ توندوتیژی. ئەو پاکییە، یان بە پاک دانانی ئایدیۆلۆجیا، یاخود خۆ بەڕاست دانان بەشێوەیەکی ڕەها، کە بەشێکە لە دۆگما، لەسەر بنەمای چیرۆک و ئەفسانە، مەترسیدارن بەوەی کە بەرەو توندوتیژی سەرکێشی دەکەن.
لەسەر ئەو بنەمایەش، دەکرێت هەموو ئەو پشتیوانییانە لێک بدەینەوە. گرنگ نییە ئەبو محەمەد جۆلانی بێت یا ئەحمەد شەرع، گرنگ ئەوەیە ئێستا جڵەوی دەوڵەتی بەدەستە و گوتارێکی بەرهەمهێناوە جیاوازە لەگەڵ گوتاری پێشووتر. گوتارێک کە دەکرێت وەکوو دەمامکێک هەژمار بکرێت، بەڵام هەر زوو ئەو دەمامکە دەکەوێت و ناتوانێت وەکوو دەوڵەتمەدار بەیەک چاو تەماشای هەموو هاوڵاتییان بکات، بەیەک دووری لەهەموو کەمینە و زۆرینەکان بوەستێت. دادگا و یاساکان بکات بە پێوەری بەدواداچوون و تاوان و لادان.
لەو ڕوانگەیەشەوە، چۆن لەو دابەشبوونە تێبگەین؟ چۆن لەو جۆرە پشتیوانییە تێبگەین کە پشتیوانی لەو کۆمەڵکوژییە دەکەن. هەر لەبەرئەوەی خێزانی بەشار ئەسەد سەر بە جڤاکی عەلەوییەکانە، خودی ئیسلام ڕێگا دەدات ئەو خەڵکە بە گوناهبار و بێ گوناهەوە قڕ بکات؟ ئایا ئەو بەڕێزانەی خۆمان لە هەرێمی کوردستان سبەی ڕۆژ هەمان ڕەفتاری ئەبو محەمەدی جۆلانی دوێنێی سەر بە دەولەی ئیسلامی و دواییش سەر بە قاعیدە و ئەحمەد شەرعی ئەمڕۆ، دووبارە ناکەنەوە؟ بەو مانایەی مرۆڤ کاتێک پشتیوانی لە ڕەفتارێک دەکات، دەبێت باوەڕی بەو ڕەفتارە هەبێت، ئەگینا پشتیوانی لێ ناکات.
لێرەدا قسەمان لەسەر ئەوانە نییە کە دژ بەو کۆمەڵکوژییە قسەیان کردووە، داخۆ لەسەر بنەمای پاشخانێکی مرۆیی دژی ئەو کۆمەڵکوژییەن، یان بەهۆی ئەوەی دژ بە جۆلانیـن، بەڵکوو بابەتی گرنگ لێرەدا ئەوەیە؛ بەشێک لەوانەی کە ئایدیۆلۆجیستن، بە شان و باڵی بەرەی ئەبو محەمەد جۆلانـیان هەڵداوە و سەڵەواتیان بۆ ناردوون و خۆی و گرووپەکەی بە شۆڕشگێر وەسف دەکەن. هەندێکیش هەر لەوانە ڕەخنەیان لە هەموو ئەوانە گرتووە کە دژ بەو کۆمەڵکوژییە قسەیان کردووە و هەموو ئەوانەی سەرکۆنەی ئەو کۆمەڵکوژییەیان کردووە وەکو عەلمانی و پیس و گڵاو وەسفیان کردوون. ئەوەش سەلماندنی هەمان ئەو تیۆرییەیە کە هاوئایدیۆلۆجییەکان تاوانیش بکەن، تاوانەکە نابینن، بەڵام ئەوەی دژایەتی ئەو تاوانانە بکات، پیس و گڵاوە، چونکە خودی ئەو ئایدیۆلۆجیایە لە ڕوانگەی ئەو کەسانە ئایدیۆلۆجییایەکی پاک و بێ گەردە. خۆشیان بە تاکە گرووپی دەرباز بوو و ڕزگاربوو (الفرقة الناجیة) هەژمار دەکەن.
ئەم دابەشبوونە، بۆ زۆرێک لە ڕووداوەکان هەر هەیە، زۆربەمان ئاشنای ئەو دابەشبوونە ئایدیۆلۆجییە هەین، ئەمە بۆ هەموومان زانراوە، بەڵام کێشە لێرەدا دەبینم کە مرۆڤ بەبێ هەڵاواردن باوەڕی بە کۆمەڵکوژی هەبێت. باوەڕی بەوە هەبێت مادام بەعسییەکان پێشتر خەڵکی مەدەنییان کوشتووە، ئاساییە ئەوانەش خەڵکی مەدەنی لەوان بکوژنەوە. مەترسی دنیای ئێمە لەو عەقڵییەتە دایە کە باوەڕی بە دادگا و یاسا نییە. باوەڕی بە تۆڵەکردنەوە و کۆمەڵکوژی هەیە. ئەوە ڕێک ئەو عەقڵییەتە بیابانییەیە کە هێشتا نە دەزانێت شارستانییەت چییە و نە بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی و نە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانیش. پرسیارە جەوهەرییەکە بۆ ئەو بەڕێزانە ئەوەیە ئایا ئیسلام ڕازیە بە کوشتنی خەڵکی مەدەنی، بە کوشتنی ژن و منداڵ، بەکوشتنی دیل و بە بۆمبارانکردنی خەڵکی مەدەنی، وەک ئەوەی 7ی مانگ بینیمان؟ بەعسییەکان لە عێریاق و لە سوریا درێغیان نەکردووە لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی، بەڵام ئایا ئیسلامییەکانی وەکو جەبهەی تەحریری شام، دیوی دووەمی یەک دراون لەگەڵ بەعسییەکان؟ ئەگەر وایە و هەڵگری هەمان ئەخلاقییات و بنەمای توندوتیژی بەعسییەکانن، ئەوکاتە قسەمان نامێنێت، چونکە ئەوانەش کە بەرگری لەو جۆرە ڕەفتارە دەکەن، دەچنە ڕیزی داعشەکان و گلەییمان نامێنێت.
هەر لەو ڕوانگەیەشەوە، باوەڕ ناکەم دوو کەس هەبن بەرگری لە هەڵوێستی بەعسییەکان بکەن، بەتایبەتیش کورد، کە تاڵاویان لەدەست بەعسییەکان چەشتووە، بۆیە شەڕکردن لەگەڵ بەعسییە هەڵگەڕاوەکان لە سووریا مافی خۆیانە، بەڵام دەستنەپاراستن لە ژن و منداڵ و خەڵکی مەدەنی لەسەر بنەمای ناسنامە، ڕێک دەچێتە قالبی جینۆساید و تاوانی نێودەوڵەتی. لەبەرامبەریشدا، پشتیوانیکردن لەو کۆمەڵکوژییە، هاوسۆزیی ئایدیۆلۆجییە، یاخود باوەڕبوونە بەو لۆجیکەی کوشتن و لەناوبردن، دوور لە دادگا و مافەکانی مرۆڤ و تەنانەت هەموو ئەو دەقە ئایینییانەش کە داوا دەکەن موسوڵمان ڕەشەکوژی نەکات و دەستدرێژی نەکاتە سەر کەس؟
ئەبو محەمەد جۆلانی، وەکوو بەعسییەکان، دەستی سوورە بەخوێنی ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی، لەو کاتانەی کە سەر بە گرووپی داعش بوو. هەروەها دەستی سوورن بە خوێنی ئێزدییەکان کە تا ئەو چرکەساتەش زیاتر لە دوو هەزار ژن و کچی ئێزدی نەگەڕێندراونەتەوە و چارەنوسیان نادیارە. لەو هەڵمەتەی دژ بە هەڵگەڕاوەکانی بەعسیش، دەرکەوت کە ئەو گرووپە بەهەمان لۆجیکی بەعسییەکان بیر دەکەنەوە و دەست لە خەڵکی مەدەنی ناپارێزن. ئەوە ئەو ترسەیە کە زۆرێک لە چاودێران هەیانە، ئەگەر شەڕی نێوان کورد و گرووپەکەی جۆلانی دەست پێ بکات. ئەو کات نازانم ئەو بەڕێزانە پشتیوانی لە ئەبو محەمەد جۆلانی داعش دەکەن، یاخود پشتیوانی لە نەتەوەی خۆیان دەکەن؟ پرسیارێکە و هیوادارم کەسمان ئەو شەڕە نەبینین.