سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

دوو یازدەی ئازار و ئازاری کورد

عوسمان ساوجی

یەکێک لەو کێشە ئاڵۆز و چارەسەرنەکراوانەی کە لە بەرئەنجامی جەنگی یەکەمی جیهانی درایە دەست قەدەری داهاتوو پرسی کورد بوو. هەرچەندە لە ڕاستیدا ئەم ناونانە هەڵەیەکی گەورەیە چونکە کورد پەیوەست بە خاک و ئاوی خۆی و تاکە داواکاری پێدانی مافەکانی بوو بەڵام ئیتر ئەوە بووە بە چەمکێک و لە ئەدەبیاتی سیاسی کورد و ناوچەکە و جیهاندا یەکلا بووەتەوە. ئەم کێشەیە نەک هەر بۆ کورد خۆی بەڵکوو زیاتریش کاریگەریی لەسەر هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان دروست کرد و هەریەکەیان سەرباری پێداگریان لەسەر ئەوەی کە ئەو بەشەی کوردستانی ژێردەستیان بەخاک و خەڵکەوە قوت بدەن، بەڵام هەرگیز ئەوەیان بۆ نەچووە سەر و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەڵەتیش تووشی زۆر ژانەسەر و لاوازی پێگەی سیاسی و ناسەقامگیری ئاسایشی و ڕەخنەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆڤدۆستەکانی کردنەوە، چونکە ئەوەی لای ئەوان ببووە بابەتێکی یەکلابووەوە ئەوە بوو کە هەر هەنگاونانێک بۆ چارەسەری پرسی کورد و کرانەوە بە ئاراستەی دیموکراسی و پێدانی مافی هاووڵاتییبوون بە کورد وڵاتەکە دەخاتە بەردەم هەڕەشەی لێکترازان و دەر و دراوسێکانیشی لێ دەکاتە دوژمن.

لەبەرئەوە لەجیاتی چارەسەری دروست و ئەزموون وەرگرتن لە وڵاتانی وەک سویسرا و گۆڕینی فۆرمی سیستەمی سیاسی لە ناوەندێتی توند بۆ نامەرکەزی  یان فیدراڵی یان لانیکەم پێدانی ئۆتۆنۆمییەک بە ناوچە کوردییەکان، ئەوا بەردەوامبوون لەسەر پیلانی سڕینەوەی ناسنامە کوردییەکە و ناساندنی دانیشتوانی وڵاتەکەیان بەیەک نەتەوە یەک زمان یەک، هتد. ئەم پڕۆسە ترسناکە نزیکەی سەد ساڵە بەردەوامە و لە هەندێک ماوەی کورت نەبێت کە ناوبڕی چکۆلەی تێکەوتووە گۆڕانکارییەکی وای بەسەردا نەهاتووە جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردن بێت. ئەو ناوبڕانەش بەرهەمی لاوازیی دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتانە و  سەرهەڵدانی جەنگ و گۆڕانکاری هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان بوون، نەک گۆڕان لە عەقڵی سیاسی فەرمانڕەواکان.

یەکێک لەو کورتە ناوبڕانە، ڕاگەیەندراوی ی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، کە بارزانی باوک بەناوی بزاوتی کورد لە باشووری کوردستان واژۆی لەسەر کرد و تیایدا بڕیاری ئەوە درا کە لەماوەی چوار ساڵدا هەنگاو بۆ چارەسەری یەکجاری پرسی کورد بنرێت، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەم ڕاگەیەندراوە بریتی بوو لەوەی بە هیچ جۆرێک دەستی بۆ برینە قووڵەکانی وەک سنووری کوردستان، مەسەلەی کەرکووک و پشکی کوردستان لە داهات و دەسەڵاتەکانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی نەبرد، بەڵکوو لەجیاتی ئەوانە زیاتر بە بابەتە گشتییەکان سەرقاڵ بوو. ئاشکراشە لای هەمووان سەرئەنجام نەک دەستکەوتێک بۆ کورد بەدەست نەهات بەڵکوو ڕژێمی عێراق بە کەڵک وەرگرتن لە کات توانی بەیەک لێدان تەواوی شۆڕشەکە بەشێوازێکی زۆر کارەستبار کۆتایی پێ بهێنێت کە تا ئەم ساتەش تاڵاوەکەی لە قوڕگی ئەو پێشمەرگە و هاووڵاتییانەدا ماوە کە بینەری کارەساتی نسکۆ بوون.

نموونەی دووم بریتییە لە ڕێککەوتننامەی ١٠ ئازاری ٢٠٢٥ لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتی شام. ئەم ڕێککەوتنە بڕگەکانی بەشێوەیەکی گشتی سەرەتایەکی باشن و دەکرێت ببنە هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کوردی ڕۆژاڤا لە چوارچێوەی سووریا‌ـدا نەک بەرەو سەربەخۆیی، دیارە کورد لە سووریا‌ـش هاوشێوەی بەشەکانی تر بەدەست پەراوێزخستن و نکوڵیلێکردن و چەوساندنەوەی نەتەوەییەوە ناڵاندویەتی لەبەرئەوە ئاسایی و پێشبینیکراوە کە تینوی ئاشتی و ئارامیبن، بەتایبەت کە لەدوای پەشێوییەکانی بەناو بەهاری عەرەبی لەلایەک بەبەردەوامی لەژێر هەڕەشەی گرووپە چەکدارییە پەڕگیر و ئاراستەکراوەکاندا بوون، ئەوە سەرباری بۆردوومان و پەلامارەکانی تورکیا. لەلایەکی تریشەوە کورد گەشەی بەتوانای سەربازی و کارگێڕی خۆی داوە و پەیوەندییەکانی بە وڵاتانی زلهێزەوە قۆناغی باشی بڕیوە بەتایبەت ئەمریکا و فەرەنسا. پاراستن و چەسپاندنی ئەم دەستکەوتانەش زۆر پێویستن کە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدن.

لێرەدا ئەگەر بەکورتی بەراوردی دۆخی کورد لەو دوو ئازارەدا بکەین دیارە لێکچوون و جیاوازیشیان هەیە، لێکچوونەکانیان ئەوەیە کە هەردوو دەسەڵاتەکە تا ئاستێک لاوازن و هێشتا بەتەواوی پایەکانی حکومەتەکەیان جێگیر نەبوون و پێویستی زۆریان بە کاتە، بۆ ئەوەی لەڕووی سیاسی و سەربازی و ئابوورییەوە گرەنتی تواناکانی خۆیان بکەن و شەڕی ناوخۆیی لە بەرژەوەندیاندا نییە، ئایدۆلۆجیای پشتی هەردوو ڕژێم پەڕگیرن. یەکەمیان نەتەوەپەرستی و دووم ئاینی کە دژی هەموو جیاوازییەکی ڕەگەزی و ئایینیی و ئاینزایین. سەبارەت بەکورد‌ـیش لە هەر دوو وڵاتەکەدا، کورد تاڕادەیەک خاوەنی یەک هێزی چەکداری یەکگرتوو و بەهێزە و  توانای ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ناوەندی هەیە، ئەوە سەرباری پاڵپشتی نێودەوڵەتی وەک ئاماژەی بۆ کرا.

سەبارەت بە جیاوازییەکان، دەکرێت گۆڕانی قۆناغە مێژووییەکە و هۆشیاریی کورد بەرانبەر بە ڕابردوو خاڵی جەوهەریبن، هەروەها ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر نەخشەی سیاسی ناوچەکەدا هاتووە بەتایبەتی لاوازی سەروەری وڵاتانی سەردەستی کوردستان و لاوازی پێگەی نێودەوڵەتیان و تەریبی بەرژەوەندی کورد و زلهێزەکان، لەوەدا کە ئەم دەوڵەتانە چەندێک لاواز و نامەرکەزیی بن لەبەرژەوەندی هەردوولا دایە.

کۆتا سەرنج ترس و دڵە ڕاوکێ و گومانی تاکی کوردە لە هەر هەنگاوێک یان پێشهاتێک بەناوی چارەسەری پرسی کورد یان ڕێککەوتن. دیارە ئەوەش  هۆکار و پاساوی خۆی هەیە کە دەکرێت بە گرنگییەوە سەیر بکرێن، چونکە ئەزموونی چەندبارەوەبووی دانوستان و شکست و پیلانگێڕییەکان بە جۆرێکن هیچ کەسێکی ئاوەزمەند ناتوانێت گرەنتی بچووکترین دڵنیایی بکات بەتایبەت کە لە ئێستای سووریا‌ـدا جگە لە گرووپە پەڕگیرە دینییەکان تورکیا‌ـش گەمەکارێکی سەرەکییە و خودی دەسەڵاتی شام‌ـیش پێشینەیەکی باشی نییە بەرامبەر کورد و دۆزە ڕەواکەی و داواکاریەکانی.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO