سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ژیاندۆستی و مەرگدۆستی “اللە اکبر”

 بەهمەن تاهیر نەریمان

 “گۆران”ی شاعیر لە شیعری “ناڵەی دڵ”دا هۆنراوەکەی بە وشەی “اللە اکبر” دەست پێ دەکات، کاتی شیعرەکە دەمەوبەیانییە، شاعیر زەردیی مانگ دەبەستێتەوە بە قاسپەی کەوەوە. لە ڕەوانبێژییە سەرنجڕاکێشەکەیدا زەردیی مانگی بەرەبەیانی داوەتە پاڵ قاسپەی کەو، وەک ئەوەی بڵێت قاسپەی کەو لە بەرەبەیاندا هێندە دڵڕفێن و پڕژیانە، جوانیی مانگ شەرمی لێ دەکات و ڕەنگی لە شەرماندا زەرد هەڵدەگەڕێت چونکە جوانیی مانگ ناگات بە جوانیی قاسپەی کەوی دەمەوبەیانی ناو چیاکان. ئیتر تا ئەوکاتەی دنیا ڕووناک دەبێتەوە، سرووشت دەبێتە سحرێکی ڕووت (هەر سحری ڕووتە سروشت ئێستاکە).

لەناو بەستێن (سیاق)ی ناو دەقەکە و بەستێنی کاتی “مەلا بانگدان”ـدا؛ وشەی “اللە اکبر” لەم بەستێنەدا دەبێتە یەکپارچە لە جوانی و ئێستاتیکا و ژیانی لێ دەچۆڕێت. تۆ سەیری ئەو بەستێنە بکە “گۆران”ی شاعیر وشەی “اللە اکبر”ی تێدا بەکارهێناوە چ جوانییەکی پێداوە کە لەگەڵ ئەم پارچە شیعرەی “ناڵەی دڵ” گوێمان لێی دەبێت، وشەی “اللە اکبر” ژیاندۆستی و نوێبوونەوەی ڕۆژێکی نوێی لێ دەچۆڕێت! بنواڕە کە دەڵێت:

وا بەتەواوی دنیا ڕووناکە

هەر سیحری ڕووتە سروشت ئێستاکە

لە درەخت ئەدا شنەی بای سەحەر

جموجۆڵیەتی چەشنی سەودای سەر

لەسەر جۆگەی ئاش قاز و مراوی

چاوەڕێی ڕۆژن هەڵبێنێ چاوی!

بەڵام تا خوڵقی نەکا چێشتەنگاو

نایەتە ناو دێ پرشنگی هەتاو!

وشەی “اللە اکبر” لێرەدا دەستپێکی ئەم شیعرە پڕ لە ژیان و جوانییەیە، بۆیە وشەی “اللە اکبر”ـیش جوانیی لێ دەچۆڕێت.

نازم غەزالی، شیعرێکی ئیبن یاقوتی عەباسی دەکات بە گۆرانی و دەڵێت:

لە خال علی صفحات خد

کنقطة عنبر في صحن مرمر

والحاض کاسیاف تنادي

علی عاصی الهوی “اللە اکبر”

جا نازم غەزالی بە چریکە جادوئامێزەکەی کە دەڵێت: اللە… اللە… اللە…. اکبر، علی عاصی الهوی “اللە اکبر”.

لەم کۆپەلە شیعرە عەرەبیەدا، خاڵی سەر ڕوومەتی یارەکەی بە “خاڵی عەنبەر” چواندووە، ڕوومەتەکانی یاریشی بە ڕووی مەڕمەڕی سپی چواندووە. نیگای چاوەکانیشی چواندووە بە شمشێرێکی بڕەر کە هاوار لەو ڕەقیبە دەکات کە لە “بەزمی دڵ” عاسی بووە و پێی دەڵێت “اللە اکبر”، ئەم وشەی ئەڵاهو ئەکبەرەش بە جوانی و عەشق و بەزمی دڵ ئاوێزان بووە، پڕە لە تەڕوبڕیی ژیان، ژیانێک نازم غەزالی سۆزی شیعرەکە و لێکچواندنەکە ئەوەندەی تر لەگەڵ وشەی “اللە اکبر” تێکەڵ و ئاوێزان دەکات کاتێک سێ جار بە دەنگ و چریکە پڕ سۆزکەی هاوار دەکات “اللە… اللە… اللە…. اکبر”. ئیتر گوێگر درک بەو جوانییە دەکات کە لێکچواندنەکانی پێشوو ڕوومەتی یار و ڕووی مەرمەڕ، خاڵی گۆنا و خاڵی عەنبەر هەیە، جوانییەکان تێکەڵ بە “اللە اکبر”ـەکەی نازم غەزالی دەبن و مرۆڤ لەناو چریکەی”اللە اکبر”ـەوە پەی بە هەڵقوڵانی ژیان دەبات، درک بە جوانیی ژیان دەکات.

لەبەرانبەردا، کاتێک جیهادیستێک سەری قوربانییەکەی لەبەردەمدایە و هاوار دەکات “اللە اکبر” و چەقۆ تیژەکەی بە ملی قوربانییەکەدا دێنێت، وێنەی خوایەک دێتە بەر ئاوەزمان، مەرگدۆستە و دژی ژیانە، مەرگ لەناو پەنجەکانی بکوژەوە هەڵدەقوڵێت و وێنەی “اللە”ـش دەبێتە وێنەی ئەو جۆرە لە خواوەند کە بە خوێنڕشتن دڵخۆش دەبێت و خوایەتی ئەو کاتێک دەسەلمێت کە خوێن بەناوی ئەوەوە بڕژێت و بپژێت، پیاوەکانی خوا دەبنە خوێڕێژە هەرە ترسناکەکانی سەر زەوی.

لەناو ململانێکانی ئەم دواییەی گرووپە جیهادییەکان، ئەو گرووپانەی بە دیدی خۆیان بۆ بەرزڕاگرتنی وشەی “اللە” دەبێت خوێنبڕژێت، وەک “کرێکار” لەسەر زاری “مەروان حەدید”ـی “حمما” دەڵێت: “با گوێم لە دەنگی فیشەک بێت، با دەستتان مەشجەبی چەک بێت”. ئەوان وشەیەک کە لە پێش و لە کاتی خوێنڕشتنەکاندا بە زاریاندا دێت بریتییە لە وشەی  “اللە اکبر”. ئەم وشەیە بووەتە سڕەرەوەی ئاوی ڕووی شەرمی ئەو موجاهیدانەی گوایە بۆ خوا خوێندەڕێژن!

وێنەی “اللە اکبر” لەو دوو بەستێنە جیاوازەدا، وێنەی یەک خوا نییە، بەڵکوو وێنەی دوو خوای تەواو لێک جودان. خوایەکیان ژیاندۆستە و هەر خۆی سەرچاوەی ژیانە، خواکەی تریان مەرگدۆستە و داوای خوێنڕژانی زیاتر لە شوێنکەوتوانی دەکات. لە وێنەی خوای یەکەم مرۆڤی ژیاندۆست و ژیاندار وشەی “اللە اکبر” بەزاریدا دێت، شیعرەکەی گۆران و گۆرانییەکەی نازم غەزالی لێ بەرهەم دێت، بەڵام وێنەی خوای دووەم خوایەکی ترسناکە، مرۆڤی بێبەزەیی و ترسناک و دڵڕەق بەرهەم دێنێت.

لە ئێستادا وێنەی خوایەک کە داوای خوێنڕشتن و مەرگ دەکات، لەلایەن موجاهیدەکانەوە، بەسەر وێنەی خوای ژیاندۆست و ژیانئاوەردا سەرکەوتووە و مەزهەبە جیهادییەکانی سوننە و شیعە هەردووکیان خاوەنی وێنەی خوا تووڕە و خوێنڕێژەکەن، بۆیە لە ئێستادا بەو خەتەرناکییە لە جیهادی داعش و ئەحرار شامی ئەحەمەد شەرع خوێنی شەڕکەر و ژن و منداڵ و سڤیل هەموویان خوای موجاهیدەکانی دڵخۆش دەکات و وێنەی خوای ژیانبەخش و ژیاندۆست ونبووە و تەواو فەنابووە.

تا وێنە ئاوەزییەکەی خوا وێنە خوێنویستەکە بێت، موجاهیدەکانیش بەدڵێکی فراوان و لەخۆڕازیبوونەوە زیاتر دەکوژن بۆ ئەوەی خواکەیان لەخۆیان ڕازی بکەن. کاتێک بەستێنەکەی خوا گۆڕا و وێنە ئاوەزییەکە بوویەوە بە خوای ژیاندۆست، موجاهیدەکانیش دەبنەوە بە مرۆڤی ژیاندۆست و دووردەکەونەوە لە مەرگدۆستی، مرۆڤ لەم کاتەدا دەبێتە پارچەیەک لە ڕۆحی خوا.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO