سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

هێزی کێشکردنی جوگرافیا، لێکدانەوەیەکی جیۆپۆلەتیکیی بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان

بانگەوازەکەی عە[بدو]ڵا ئۆ{جە}لان بۆ لەچەکداماڵین و خۆهەڵوەشاندنەوەی پە{کە}کە، لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥ دا لێدوانێکی ئاڵۆز و فرەلایەنە و پێویستی بە شیکردنەوە لە چەندین گۆشەنیگاوە هەیە. لەم بابەتە کورتەدا هەوڵدەدەم بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە ڕوانگەی زمانەوانیی، جیۆپۆلەتیکیی و مێژووییەوە بخوێنمەوە، هەوڵیش دەدەم شیکاریی بۆ ئەگەری ئاماژەکانی بۆ ڕۆژاڤا، خەونە فراوانخوازییەکانی تورکیا و پەڕگیریی و دۆگمایی ئایدیۆلۆجیی لایەنگرانی پە]کە[کە بکەم. بۆ ئەم مەبەستەش تیۆرە تازەکانی جیۆپۆلەتیک بەتایبەت لای تیم مارشال و هێرفرید مونکلە وەگەڕدەخەم، هەروەها تیۆری دەروونشیکاریی ئەریش فرۆم بەکاردەهێنم. جگە لەوەش ئاماژە بە هەڵە و ناڕوونییە مێژووییەکان و پاڵنەرە سیاسییەکانی پشتی بانگەوازەکە دەکەم، بەڵام منیش بانگەوازی ئەوە ناکەم کە ئەم بابەتە دەتوانێت درکی هەموو شتێک بکات، بەتایبەت کەوتووینەتە ناو ڕەوشێکەوە شتەکان بۆ بیرتیژترین چاودێرانی سیاسییش ناڕوونن.

شیکاریی زمانەوانیی، ڕاڤەی وشە

دەتوانین لە نیگای یەکەمدا بانگەوازەکەی ئۆجەلان وەک جۆرێک ڕەوانبێژیی و ڕیتۆریکی هەوڵی چاککردنەوە و ئاشتکردنەوە، بەڵام تاکلایەن، لێک بدەینەوە، بەتایبەت کاتێک هەڵوەستە لەسەر زاراوە و دەربڕینەکانی «برایەتیی» و «پەیوەندیی مێژوویی» و «ڕێککەوتنی دیموکراتیک» و خەتابارکردنی «مۆدێرنیتەی کەپیتالیستیی» بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکە و « پارچە پارچەکردنی ئەم هاوپەیمانیێتییە» بکەین. ئەم هەڵبژاردنە زمانەوانییانە ئامانجیان ئەوەیە پەیوەندیی «کورد-تورک» وەک کۆمەڵێک پەیوەندیی وێنا بکەن کە بە جەوهەر هاریکار بووە و ڕیشەیان لە مێژوویەکی هاوبەشی هاوپەیمانیی خۆویستانەی ئازاد دژی دەسەڵاتە هەژموونگەراکاندا هەبووە، بەڵام «داواکاریی دەوڵەتی نەتەوەیی جودا، کە ئەنجامی حەتمیی سەرلێشێواویی نەتەوەگەرایی پەڕگیرانەیە»، ئەم ئەگەرەکانی گەڕانەوە بۆ پەیوەندییە سروشتییەکەی شێواندووە. هەرچۆنێک بێت، ئەمانە زۆر کێشەسازن، بەتایبەت کاتێک لەلایەن ژێردەستەکانەوە بگوترێن. بەهێنانەوەی «مۆدێرنیتەی کەپیتالیستیی» وەک تاکە تێکدەری پەیوەندییەکانی کورد-تورک، ئۆجەلان ڕاستەوخۆ تاوانی هەم مێژووی عوسمانیی و هەم دەوڵەتی تورک لەسەر سیاسەتە بەرجەستەکانی دەوڵەتی تورک لە سەرکوتکردن و سیاسەتی بەزۆر تواندنەوە لا دەبات و دەیخاتە پاڵ دیاردەیەکی ئەبستراکت و ڕووتی وەک «کەپیتالیزم». ئەم ڕووتکردنەوە و ئەبستراکتکردنە وێنەی بەرپرسیارێتیی دەوڵەتی ڕوون و بەرجەستەی تورک ناڕوون دەکات و وا دەکات نەتوانین ڕەخنە لە ڕەهەندە مێژووییەکەی بگرین کە تا ساتی نووسینی ئەم وتارە بەردەوامە لە سەرکوتکاریی و لەناوبردنی کورد و ناسنامەکەی.

بانگەواز بۆ لەچەکداماڵین و خۆهەڵوەشاندنەوەی پە[کە]کە بە زمانی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی ڕازێنراوەتەوە، بەڵام بانگەوازەکە و لێکدانەوەکانی دواتر بۆی، داننانێکی ڕوونیان سەبارەت بە نایەکسانییە پێکهاتەییەکان و ئەو توندوتیژە سیستەماتیکە تێدا نییە کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی خەبات و بەرەنگاریی کورد. وا دەبینرێت خەباتی کورد لە دژی ڕەهەندی سەرمایەداریی «کۆماری تورکیا» (بەکارهێنانەکەی ئۆجەلان) بێت نەک لە دژی فۆرمی بەرجەستەی «دەوڵەتی تورک»، بە ناسنامە تورکییەکەیەوە. کەواتە جەختکردنەوە لەسەر هاوپەیمانێتیی کۆن و بەرپرسیارێتیی مێژوویی لە دواجاردا داینامیکی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیی ناڕوون دەکات، بانگەوازەکە ناکۆکیی مێژوویی کورد لەگەڵ تورک لەسەر خاک وەک هەڵەتێگەیشتنێکی دوولایەن پیشان دەدات نەک وەک ئەنجامێکی سیاسەتی ئامانجدارانەی دەوڵەتی تورک.

گۆڕانە جیۆپۆلەتیکییەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر و ئەگەرەکانی پێکدادانی ئیسرائیل-تورکیا

دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر دیمەنی جیۆپۆلەتیکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وەرچەرخانێکی گەورەدا دەڕوات، بەتایبەت ئێستا ئیسرائیل بۆ یەکەمجار وەک دەسەڵاتێکی باڵادەستی هەرێمیی دەردەکەوێت، بەپێچەوانەی پێشوو کە ئامانجی بەرگریی و پاراستنی سنوورەکانی بوو، بەتایبەت ئێستا لاوازکردنی حەماس و حیزبوڵا وەک دوو هێزی بەکرێگیراوی ئێران و لاوازبوونی ئێران لە سووریا. ئەم جووڵە و گۆڕانە تازانە وایان کردووە تورکیا بە خەونە نیۆ-عوسمانییەکانی ئەردۆغان‌ـەوە بکەوێتە بەردەم ئەگەری پێکدادان و پێکداهەڵپژانی بەرژەوەندییە هەرێمییەکان لەگەڵ ئیسرائیل. هەوڵ و خەونەکانی تورکیا بۆ دانانی خۆی وەک ڕابەری جیهانی ئیسلامیی و بەشدارییکردنی لە ناکۆکییەکانی سووریا و لیبیا و دەریای ناوەڕاست، گرژییەکانی ئەو وڵاتەی لەگەڵ ئیسرائیل ئاشکرا کردووە، کە ئێستا فراوانخوازیی تورکیی وەک هەڕەشەیەک نەک بۆ سەر سنوورەکانی، بەڵکوو بەشدارییەکانی خۆشی لە هەرێمەکەدا دەبینێت.

لەم ڕووەوە لە ڕوانگەی تورکییەوە کە لە بنەڕەتدا پرسی ئاشتیی تەنها وەک پرسی ئاساییش دەبینێت، بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ لەچەکداماڵینی پە]کە[کە دەکرێت وەک جووڵەیەکی ستراتیجیی ببینرێت بۆ نەهێشتنی خەباتی چەکداریی کورد لەسەر هاوکێشەکە. ئەمەش ڕێگە بە تورکیا دەدات تەرکیز بکاتە سەر خەونە جیۆپۆلەتیکە فراوانترەکانی. بەبێلایەنکردنی پەکە تورکیا دەتوانێت کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتدا بسەپێنێت و وزە و سەرچاوەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل ئاراستە بکاتەوە و هەژموون و کاریگەریی خۆی لە ناوچەکە زیاتر بکات. خەونی ئەردۆغان بۆ گەڕاندنەوەی لانیکەمی دەسەڵاتی سەردەمی عوسمانیی، پێویستی بە دانیشتوانێکی کوردی بێ کێشە و ئارام هەیە.

ڕوانگە جیۆپۆلەتیکییەکان دەربارەی ڕووداوەکان

تیم مارشاڵی جیۆگرافییناس لە کتێبەکەیدا بەناوی «دەسەڵاتی جیۆگرافیا» (٢٠٢١) باس لە گرنگیی پەشۆکاویی و ناچارییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە دروستبوونی ستراتیجە نەتەوەییەکاندا دەکات. لای تورکیا، کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی کوردستان و بەرگرتن بە سەرهەڵدانی قەوارەیەکی بەهێزی کوردیی لە ڕۆژاڤا گرنگییەکی ناچارییانەی ستراتیجیی هەیە. خەباتی چەکداریی پە]کە[کە ماوەیەکی زۆر بەربەستی هەرە سەرەکیی بوو لەبەردەم هەوڵەکانی تورکیادا بۆ گەیشتن بە باڵادەستیی بەسەر کورد دا و فراوانکردنی کاریگەرییەکانی بۆ نێو وڵاتانی وەک سووریا و عێراق.

هێرفرید مونکلەری ستراتیجناسی ئەڵمانیی لە شیکارییەکەیدا بۆ جەنگ و دەسەڵات باس لەوە دەکات چۆن دەوڵەتان ناکۆکییە دەرەکییەکان بۆ سەقامگیرکردنی یەکێتیی ناوخۆیی بەکاردەهێنن. لەم گۆشەنیگایەوە بانگەوزەکەی ئۆجەلان، خۆی بیەوێت یان نا، ئامانجی بێت، یان نا، لەگەڵ ئامانجە ستراتیجییەکانی تورکیا دا یەکدەگرێتەوە. بە بێلایەنکردن و بێکاریگەرکردنی پە]کە[کە تورکیا یەکگرتوویی ناوخۆیی مسۆگەر و بەهێز بکات و تەرکیز بکاتە سەر خولیا دەرەکییەکانی، وەک خەونە نیۆ-عوسمانییەکانی و ململانێکەی لەگەڵ ئیسرائیل. ئەمەش لە درێژمەودادا دەتوانێت دەستی تورکیا زیاتر بۆ بێکاریگەرکردنی ڕۆژاڤا و باشووری کوردستان ئاوەڵا بکات، بەتایبەت هەردوو پارچەکە لەگەڵ سەرهەڵدانیاندا، بوونەتە بەربەست و ئاڵنگاریی بۆ پرۆسەی فراوانخوازیی تورکیی و هەردوو بەشەکەش پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئەمریکایان هەیە.

هێرشی داگیرکاریی تورک لەسەر ڕۆژاڤا و ئەگەری کاریگەریی پەیامەکە

لە ڕاستییدا خەونی سەرەکیی تورکیا لە هەبوونی کاریگەریی ڕاستەوخۆی پەیامەکەی ئۆجەلان، بۆ ڕۆژئاڤا‌ـیە کە لە چەند ڕووەوە بۆ تورکیا بووە بە دێوەزمە و مۆتەکە. ڕۆژاڤا بەپێچەوانەی باشوور، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر باکووری کوردستان و کوردان هەیە، ڕۆژاڤا دەتوانێت پەیوەندیی سیاسیی و هێڵی بازرگانیی باشوور و خۆی زیاتر بکات و لەم ڕووەوە بەوەدا ڕۆژاڤا زۆرترین وزەی لەبەردەستە، دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا فراوان بکات، بەتایبەت لە ئەگەری داننان وەک کیانێکی ئۆتۆنۆم و سەربەخۆ و جگە لەوە، پەیوەندییەکانی بە ئەمریکا و ناڕاستەوخۆ بە ئیسرائیل‌ـەوە.

لەبەرئەوەی لە پەیامەکەی ئۆجەلان‌ـدا دوو بڕگە هەن تورک ڕاستەوخۆ وەک بانگەواز بۆ ڕۆژاڤا لێکی دەدەنەوە: فەرمانکردن بەوەی «هەموو گرووپەکان چەک دابنێن» و سەردەمی «فیدراڵیی» و «خۆسەریی» بەسەرچووە. لەگەڵ ئەوەی ڕۆژاڤا پەیوەندیی ئایدیۆلۆجیی و سەربازیی ئێجگار قووڵی بە پە]کە[کەوە هەبووە، بەڵام بەردەوام نکوڵیان لەوە کردووە ئەم پەیوەندییە هەبێت و ڕەتکردنەوەی پەیامەکەش لەلایەن مەزڵوم عەبدی‌ـیەوە بەوەدا ئەمە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەم بێلایەنکردنی خۆی لەم پرۆسەیەدا و هەم بیانوو نەدانە دەست تورک. ئەگەر تورکەکان و نوێنەرانی دەم پارتی (بۆ نموونە سڕی سورەیا ئۆندەر) سوور  بن لەسەر ئەوەی ئەمە ڕۆژاڤا‌ـش دەگرێتەوە، ئەوا لە حاڵەتی چەکدانانی پە]کە[کە، ئەگەر ڕۆژاڤا چەک دابنێت، کۆتایی پڕۆسەی کوردیی دەبێت لە هەردوو بەشەکەی کوردستان. ئاماژەکان دەڵێن تا ئێستا ڕۆژاڤا ناچێتە ژێر ئەم بارەوە و ئەمەش نەک تەنها ڕۆژاڤا، بەڵکوو پەیوەندیی و ژینگە هەرێمیی و جیهانییەکە ڕۆڵی بڕیاردەریان لەم پرۆسەیەی دوورخستنەوەی ڕۆژاڤا لەم بابەتەدا هەیە.

پرسیاری ئەوەی ئایا چەکدانانی پە]کە[کە باشە یان نا، تەنها پرسیارێکی مۆڕاڵیی و ئەخلاقیی و هەروەها سیاسییش نییە، بەوەدا ڕەنگە چەکدانانی پە]کە[کە لە هەندێک ڕووەوە لایەنی ئەرێنیی هەبن و دەرفەتێک بێت بۆ هەناسەدانەوەی نوێی بیر و چالاکیی سیاسیی کوردانی باکوور و هەروەها دەرفەتێکیش بێت بۆ خۆدەربازکردن لەو کۆت و بەندە یاساییانەی بەسەریدا سەپاون و دانانی لەنێو لیستی تیرۆری زۆربەی وڵاتاندا، بەڵکوو پرسیارێکی ئاساییش و سەربازییە (میلیتارییە). ئێمە نازانین چەندە گەریلای پە]کە[کە لەنێو ڕیزەکانی هەسەدە دا هەن، بەڵام دەکرێت لەم لایەنەوە سنوورپارێزیی بۆ هەسەدە لە هەبوونی پە]کە[کەدا خاڵێکی گرنگی بیرلێکراوە بێت بەرانبەر بە هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا.

خەیاڵە تورکییەکان و ستراتیجی عوسمانیی نوێ

سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغان بە ئارەزوو بۆ گەڕاندنەوەی ڕەگەزەکانی کاریگەریی و هەژموون و دەسەڵاتی عوسمانیی لە ناوچەکە و دەریای ناوەڕاست و ئەفریقا ناسراوە، ئەگەرچی نەک وەک هەژموونی کۆنی میلیاریی، بەڵکوو زیاتر سەپاندنی هەژموونی سیاسیی و ئابووریی تورکیی. ئەم ستراتیجە تورکییە ئامانجەکەی بریتییە لە ئامادەیی سەربازیی، ئابووریی و سیاسیی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەلقان و جیهانی عەرەبیی. خەباتی چەکداریی پە]کە[کە بەربەستێک بووە لەبەردەم ئەم خەونانەی تورکیا، ڕێگەی لەوە گرتووە تەنانەت تورکیا بتوانێت بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵی شار و گوندە کوردییەکانی باکووری کوردستان بکات چ بگات بە کۆنتڕۆڵکردنی ڕۆژاڤا و بردنی هەژموون بۆ ناوچە ناوبراوەکان و هەوڵەکانی تورکیای بۆ پڕۆژەی دەسەڵات بۆ دەرەوە ئاڵۆز و بەڕادەیەک پەکخستووە.

بانگەوازی ئۆجەلان بۆ لەچەکداماڵینی پە]کە[کە دەکرێت خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تورک بکات ئەویش بە نەهێشتن و لابردنی هێزێکی ئێجگار گرنگی بەرەنگاریی. هەرکە پە]کە[کە بێلایەنکرا، تورکیا دەتوانێت سەرچاوە و وزەکانی خۆی بە ئاراستەی خەونە فراوانترە هەرێمییەکاندا بباتەوە، هەم ناکۆکیی و گرژییەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و هەم هەوڵەکانی بۆ باڵادەستبوون بەسەر ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. دەبێت بیرمان بێت لە مێژووی ئەم پەنجا ساڵەدا تەنها بەربەستێکی گەورەی ڕاستەوخۆ لەبەردەم تورکیا دروست بووبێت، پە]کە[کە بووە. تەنانەت یۆنان و قوبرس‌ـیش نەیانتوانیوە بچووکترین بەربەست بخەنە بەردەم تورکیا. ئەمەش هەروەها ڕێگە بۆ تورکیا خۆش دەکات بانگەوازە کۆنەکەی خۆی بەگوێی دنیادا بداتەوە. خۆنمایشکردنی وەک هێزێکی سەقامگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌ـدا و ڕەوایەتییدانەوەی دووبارە بە خولیا نیو-عوسمانییەکانی، کە ئێستا نەک بێکاریگەر کەوتوون، بگرە بەربەستی گەورەتریان بۆ دروستبووە، وەک سەرهەڵدانی ئیسرائیل وەک هێزێکی هەرێمیی.

دۆماتیزم

ئەگەر ئێستا ئێستێک بکەین و کەمێک لە پرسی لێکدانەوەی جیۆپۆلەتیک دووربکەوینەوە و هەڵوەستەیەک لەسەر ڕەهەندی سایکۆلۆجیی لایەنگرانی پە]کە[کە، ئەندامان و شیکەرەوە و گوتاری ڕۆشنبیرییان بکەین، باش دەبێت لە ڕوانگەیەکی دەروونشیکاریی ڕەخنەییەوە باس لە دیاردەیەک بکەین کە ئێجگار ترسناکە و بووەتە یەکێک لە بەربەستە هەرە گەورەکانی بەردەم بیری ڕەخنەیی بەتایبەت لە ساتێکی وەها چارەنووسسازدا.

ئێریش فرۆم لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی «توێکاریی وێرانکاریی مرۆیی» هەڵوەستە لەسەر ئەوە دەکات چۆن دۆگماتیزمی ئایدیۆلۆجیی دەتوانێت خۆراکی زۆر بە ڕاوەستانەوە دژ بە گۆڕانکارییەکان و خۆڕەخنەکردن بدا. لە بڕگەیەکدا دەنووسێت: «تەنها بیرێکی دۆگمایی و چەقبەستوو، کە لە تەمەڵیی و تەوەزەلیی هۆش و دڵەوە سەرچاوە دەگرێت، هەوڵی دروست کردنی سیستەم و نەخشە سادە و ساکارەکانی ئەم-یان-ئەو دەدات، کە هەموو تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە بلۆک دەکات و دەوەستێنێت».

ئێستا ئێمە ئەمە بەڕوونیی لە لێکدانەوە و جۆش و خرۆش و حەماسەتی لایەنگراندا بۆ بانگەوازەکە دەبینین، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە تێگەیشتنێکی ڕەخنەیی و جیۆپۆلەتیکییان بۆ بانگەوازەکە و ڕەهەندە مێژووییەکانی هەبێت، ڕاستەوخۆ وەک گەورەترین دەسکەوتی ئاشتیی دەیبینن، وەک ئەوەی هەر ئێستا دەوڵەتی تورک هەموو سازشێکی بۆ کورد کردووە. لە کاتێکدا حەفتەیەک پێش بانگەوازەکە، بگرە ڕۆژێک پێش بانگەوازەکە هەر کەسێک شتێکی وەهای بگوتایە، خێرا وەک جۆرێک لە بەکرێگیراو، نەزان، بێ ئاگا و دژە-وڵات دەبینرا. کەچی لە کەمتر لە شەو و ڕۆژێکدا سەرتاپای پەیامەکە ڕەهەندێکی پیرۆزی وەک دەقە پیرۆزە ئایینییەکانی پێبەخشرا. تا کار گەیشتە ئەوەی بەشێک لە لێدوانەکانی سۆسیال میدیا بگاتە ئاستی ستایشکردنی باخچەلی و ئەردۆغان و ستایشکردنی پەیوەندیی مێژوویی تورک-کورد و هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و دانانی وەک فیتنەچی و هتد. ڕیشەی ئەم دیاردەیە هەم لە دۆگماتیزمی ئایدیۆلۆجیی و هەم لە دروستکردنی بتی کەسایەتیی و پیرۆزکردنی کەسایەتیی کاریزماییەوە دێت، کە مرۆڤایەتیی سەلماندوویەتی هیچ قۆناغێک نییە ئەم دیاردەیە گەورەترین زیانی بە خودی بزووتنەوەکە و وڵاتەکە و کۆمەڵگەکە لە درێژخایەندا نەگەیاندبێت و بەرەو پوکانەوە نەی بردبێت. بێگومان کورد و کوردستانیش نە ئاوارتەن و نە لە دەرەوەی هەسارەی زەوین.

پە]کە[کە، کە پێشتر ڕەگ و ڕیشەی لەنێو چوارچێوە ئایدیۆلۆجییە ڕەق و چەقبەستووەکانی پرەنسیپە مارکسیست-لینینیستییەکان‌ـدا هەبوو، پاشان لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێت‌ـەوە وردە وردە بەرەو کرانەوە و وەرگرتنی ڕەهەندی نوێی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ڕۆیشت، تا دەگاتە ئەوەی پێی دەڵێن «پارادایمی نوێ» کە لە زیندانی ئیمرالی‌ـیەوە لەڕێگەی کتێبەکانی ئۆجەلان‌ـەوە دەهات و زیاتر پە]کە[کەی بەڕووی مامەڵە دیموکراتییەکاندا کردەوە، هێشتا بەردەوام بووە لە ڕاوەستانەوە بەرانبەر بە بەشدارییکردنی ڕامانی خۆڕەخنەییانە. بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ چەکدانان و لەناکاو قبووڵکردنی وەک وەک ئایدیالێکی حەکیمانەی خوایی نیشانەی هەبوونی قووڵی دیاردەی بەبتکردنی کەسایەتیی و دۆگماتیزمی ئایدیۆلۆجییە بەبێ هیچ جۆرە بیرکردنەوەیەک.

ئەم چەقبەستووییە سایکۆلۆجیی-ئایدیۆلۆجییە لە درێژخایەندا دەتوانێت ببێتە دابەشبوون و پەرتەوازەبوونی ناوەکیی لەناو پە]کە[کەدا، بەوەدا لایەنە جیاوازەکان ڕەنگە هەوڵبدەن بۆ مانەوەیان لەسەر بەرپرسیارێتییە ئایدیۆلۆجییەکان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ واقیعە بابەتییەکانی دیمەنی هەنوکەیی گۆڕانی جیۆپۆلەتیک. لەم ڕووەوە بیری دۆگمایی لایەنگرانی پە]کە[کە ڕێگە لە توانای بیرکردنەوەیان دەگرێت هەلومەرجە گۆڕاوەکان قبووڵ بکەن، و ئەمەش وا دەکات ژینگەیەک بێتە ئاراوە تێیدا نەتوانن بپەڕنەوە بۆ نێو بەشدارییەکی نوێی سیاسیی.

هەڵە مێژووییەکان، ئەفسانەی پەیوەندییەکی کۆنی هەزارساڵەی کورد-تورک

بانگەشەکەی ئۆجەلان بەوەدا کورد و تورک خاوەن مێژوویەکی هەزار ساڵەی هاوبەشن، هەم لە ڕووی مێژووییەوە هەڵە و ناڕوونە و هەمیش لە ڕووی سیاسییەوە کێشەسازە. شتێک بەناوی پەیوەندیی مێژوویی کورد-تورک بوونی نەبووە. ئەوەی پەیوەندییەی لە عوسمانیی‌ـدا هەبووە لە سادەترین مانایدا هەم لەڕووی ئایینییەوە، هەم سیاسیی و هەم ئابوورییەوە پەیوەندیی سەردەست و ژێردەست بووە، پەیوەندیی سوڵتان و ڕەعیەت بووە، ئەگەرچی سەردەم هەبووە تێیدا میرە کوردەکان سەربەخۆییەکی ڕێژەییان هەبووە ئەویش بە بەخشینی باج و سەران و ناردنی سەرباز بۆ جەنگە عوسمانییەکان لەژێرناوی جەنگی پیرۆز دژی کافران. بەڵام لەبەرئەوەی شتێک بەناوی ناسنامەی نەتەوەیی تورک و کورد نەبووە، شتێکیش بەناوی پەیوەندیی کورد-تورک لەئارادا نەبووە، چ بگات بەوەی کە بەهەڵە لەلایەن ئۆجەلان‌ـەوە وەک پەیوەندییەکی هارمۆنیی و چوونییەک پیشان دەدرێت. لە بنەڕەتدا شتێک بەناوی پەیوەندیی بوونی نەبووە. ئەگەر بمانەوێت چەمکی پەیوەندیی لە مانا تازەکەیدا بەکاربهێنین، ئەو مافەشمان هەیە وا بڵێین بەوەدا خودی ئۆجەلان چەمکێکی ئێجگار مۆدێرن بۆ دیاردەیەکی لەبنەڕەتدا لەئارادانەبووی کۆن بەکاردەهێنێت. لەم ڕووەوە باسکردن لە هاوپەیمانیی و پەیوەندییەکی هارمۆنیی واتا فەرامۆشکردنی چەندین سەدەی تواندنەوەی زۆرەملێ، هێرشی سەربازیی و داگیرکاریی و نکووڵییکردن لە بوونی کورد وەک بکەرێکی تایبەت و جیاواز.

هەڵەڕاڤەکردنێکی وەهای مێژوویی دەکرێت لە کۆتاییدا وەک ئەجێندایەکی سیاسیی لەلایەن تورک‌ـەوە بەکاربهێنرێت بۆ ڕەوایەتییدان بە زیاتر تواندنەوە و ئاوێتەکردنی کورد لەنێو دەوڵەتی تورکیی‌ـدا نەک داننان بەو پاڵنەرە مێژووییانەی بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی بەرەنگاریی و خەباتی کورد. هەروەها لێکدانەوەیەکی وەهای مێژوویی ڕەوایەتیی خەباتی کورد بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین لاواز دەکات و گێڕانەوەی دەوڵەتی تورکیی بۆ یەکێتیی (سیاسیی) و برایەتیی (ئیسلامیی) بەهێزتر دەکات.

لاوازکردنی چەمکی دەوڵەت-نەتەوە

بەگشتیی لەنێو دانیشتوان و هاووڵاتییان و نەتەوەکانی دنیا و گەلانی بێدەوڵەتیشدا، کورد تاقانە نەتەوەیەکە زۆربەی جار ڕادیکاڵتر و پەڕگیرتر لە هەر گەل و ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسیی پێداگریی لەسەر باونەمان و ئاوابوونی دەوڵەت-نەتەوە دەکات. ئەمەش ڕێک لە کاتێکدایە کە سنوورەکانی دەوڵەت لە هەموو کاتێک زیاتر تۆختر دەبنەوە. بۆچوونی باو و گشتیی لایەنگرانی پە]کە[کە ئەوەیە: باوەڕبوون بە دەوڵەت لە دیدگە و ڕوانگەی کلاسیکی ناسیۆنالیستیی و نەتەوەپەرستیی ئیتنۆ-ناسیۆنالیزم سەرچاوە دەگرێت و لەم ڕوانگەیەوە هەم ڕەوایەتیی بە بۆچوونی دژە-دەوڵەتگەرایی خۆیان دەدەن و هەمیش ئایدیا و بیرۆکەکانی دیکە بۆ بەدەوڵەتبوون لە ڕەوایەتیی دەخەن. پاشان سەرجەمی تاوانەکانی وەک جینۆساید دەدەنە پاڵ چەمکێکی ئەبستراکتی وەک دەوڵەت، بەبێ ناوهێنانی ڕاستەوخۆی تاوانبارانی بەشدار، بۆ نموونە لە پرسی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان‌ـدا. بەگشتیی ئەوە دەوڵەت-نەتەوەیە تاوانبارە نەک تورک و ئایدیۆلۆجیا و تێگەیشتنەکانی دەستەبژێریی تورکی، وەک تۆرانیزم، تورکیزم، کەمالیزم، لە فۆرمە سیکۆولار و ئایینییەکەیەوە. لەم ڕێگەیەوە لەبەرپرسیارێتییداماڵینی بەشدارانی ڕاستەوخۆ، لە تیۆری سیاسیی و فەلسەفییدا دەکرێت پێی بگوترێت، لەبکەرخستنی مرۆڤ وەک ئەکتەرێکی چالاک و گۆڕینی بۆ بابەت و ئۆبژێکتێکی ناچالاکی گوێڕایەڵی ژێرفەرمان. ئەم بابەتە لە سەدەی بیستدا لە دەوری کتێبەکەی هانا ئارنت بەناوی «ئایشمان لە یوریشەلایم: ڕاپۆرتێک دەربارەی کاڵفامیی خراپە» دروستبوو بەوەدا وا لێکدەدرایەوە گوایە هانا ئارنت دەیەوێت ئایشمان لە بەرپرسیارێتیی دابماڵێت بەتایبەت کاتێک لە دادگەی یوریشەلایمدا ئەدۆلف ئایشمان، کە بە ئەندازیاری هۆلۆکۆست ناسراوە، خۆی وەک تەنها کارمەندێک نیشان بدات کە فەرمانی جێبەجێ کردووە، فەرمان لە زەوییەکی نادیارەوە. هەڵبەت من لێرەدا ناچمە ناو ئەم پرسەوە، لای پرسی دەوڵەت و بێدەوڵەتیی دەمێنمەوە.

بێدەوڵەتیی لە ڕاستییدا بەهێزترین و تازەترین چەکی نێو جبەخانەی مۆدێرنی سەدەی بیست و هەروەها بیستویەکی بێبەزەیی و دڵڕەقیی مرۆڤە، کە نەک نابێت ستایش بکرێت، بەڵکوو دەبێت لەهەموو ڕوویەکەوە هەوڵی تێکشکاندنی بدرێت. بێدەوڵەتیی هەروەها بریتییە لە بێناوونیشانیی و ناسکیی و زووبرینداربوویی گەل و نەتەوەی بێشوێن. هەروەها بێدەوڵەتیی جۆرێک لە مرۆڤ بەرهەم دەهێنێت کە لە هیچ سەردەمێکدا کاتێک ژێردەستە یان لە دۆخی تاراوگەنشینیی دایە، توانای ئەوەی نییە بە تەواویی حەقیقەت دەرببڕێت.

بەرپرسیارکردنی «مۆدێرنیتەی کەپیتالیستیی» بۆ ئەو کارەساتانەی بەسەر کورددا هاتوون، وەک تەنها هێزێک بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی کورد-تورک لە دواجاردا درێژەدانە هەم بە لۆجیکی لاوازکردنی دەوڵەت و هەم ستایشکردنی بێدەوڵەتیی کە تێیدا دۆخێک دروست دەکات مرۆڤ نازانێت بە چ ناسنامەیەکەوە خەبات بکات. هانا ئارنت تا ساڵی ١٩٤٠یش بەدیاریکراوی هێشتا نەگەیشتبووە ئەو باوەڕە قووڵەی ئەوەی ئەڵمانەکان بەرانبەر بە جووەکان ئەنجامی دەدەن تەنها کوشتن و ئازاردانی مرۆڤ نییە، بەڵکوو لە دۆخی ناسکیی و بێناوونیشانیی مرۆڤی جووەوە دێت کە سەرچاوەکەی بێدەوڵەتیی و ئاوارەییە. لەبەرئەوە دەگاتە ئەو ئەنجامەی بڵێت «کاتێک وەک جوو هێرشم دەکرێتە سەر، دەبێت وەک جووش بەرگریی بکەم، نەک وەک ئەڵمانییەک یان فەڕەنسیی، یان وەک چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤ». ئەمەش بە قووڵیی بۆ مرۆڤی کورد ڕاستە. هێرشی تورک بۆ سەر کورد بۆ ئەوە نییە کە کورد سەر بە چینی کرێکار یان کۆمۆنیزمە و دەیەوێت «مۆدێرنیتەی کەپیتالیستیی» لەناوبەرێت، کە ئێستا لە کۆماری تورکیادا بەرجەستە بووە و بۆ پاراستنی ئەو «مۆدێرنیتەی کەپیتالیستی»یەش دەوڵەتی تورک دەبێت هێرش بکاتە سەر کورد. ئەو لەبەر ناسنامە تورکییەکەی تۆ لەبەر کوردبوونت دەتکوژێت. تەنها ڕێچکە و ئایدیایەک بتوانێت شکست بە ئایدیۆلۆجیای تورکبوون بهێنێت، بریتییە لە زیندووکردنەوە و بەهێزکردنەوە و بەشۆڕشگێڕکردنەوەی مێژوو و ناسنامەی کورد، نەک ناسنامەی «کرێکار، سۆسیالیست، موسڵمان، جیهاننیشتمان، فیدڕاڵیست، فێمینیست» و هتد، هەموو ئەمانە لەنێو ناسنامەی تورکییدا هەن و دەتوانێت بە هەر یەکێک لەم ئایدیا و بیرۆکانە خەباتەکەت لاواز بکات. ئەوەی کورد لەم ژینگەیەدا پێویستی پێیەتی بریتی نییە لە گەردوونگەرایی (یونیڤێرسالیزم)ێکی ڕووت، بەڵکوو بەشگەرایی (پارتیکولاریزم)ێکی ڕاشکاو کە ڕەگ و ڕیشەی لەنێو ناسنامەی کوردییدا هەبێت، تەنها ئەمە دەتوانێت خەونی تورکیی لاواز بکات.

بە هێرشردنە سەر ئایدیا و بیرۆکەی ڕووت و ئەبستراکتی «مۆدێرنیتەی کەپیتالیست»، ئۆجەلان سەرنج لەسەر گوناهبارێتیی و تاوانبارێتیی هەستپێکراو و ڕاشکاوی دەوڵەتی تورک لادەبات و کورتی دەکاتەوە بۆ کۆمارێکی ڕووت. لێرەوە لە کۆتاییدا ئاڵنگاریی و چاڵێنجی بنچینەیی بەرانبەر بە مۆدێلە فاشیستییەکەی بۆ دەوڵەت-نەتەوە لاواز دەکات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO