هه‌رچه‌نده پیره‌مێرد یه‌كێكه له‌و شاعیر و كه‌سایه‌تییه ناودارانه‌ى نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ته‌ى بیسته‌مى باشوورى كوردستان، كه تا ئێستا چه‌ندین جار دیوانى شیعرى و په‌نده‌كان و ده‌قه وه‌رگێڕدراوه‌كانى چاپ و بڵاو كراونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها باس و توێژینه‌وه‌ى زۆریش له‌سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌كانى نووسراون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له‌وانه‌ى لایه‌نێكى به‌رچاو له ژیان و دونیابینى و بیر و به‌رهه‌مى به نادیارى ماوه‌ته‌وه، ئه‌ویش به هۆى ئه‌وه‌ى:
١ــ نێزیكه‌ى ٢٥ ساڵ له ئه‌سته‌مبوڵى پایته‌ختى ئه‌وساى ده‌وڵه‌تى عوسمانى و شاره‌كانى دیكه‌ى باكوورى كوردستان و توركیاى ئێستا ماوه‌ته‌وه و به‌شێكى گه‌وره‌ى به‌رهه‌م و كار و خه‌باتى ئه‌و سه‌رده‌مى ته‌واو دیار نییه.
٢ــ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ كوردستان و تا كاتى کۆچی دواییکردنی، ڕۆژنامه‌گه‌رى یه‌كێك بوو له‌و وێستگانه‌ى كه هه‌رگیز لێى دانه‌بڕاوه، بۆیه زۆر جار بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و گۆشه و ستوون و وتاره‌ى ده‌بوو بینووسێت، په‌ناى بۆ ناوى خوازراو و وه‌رگێڕان و گۆڕینى ده‌قى شیعریى شاعیرانى دیكه و تێهه‌ڵكێشى قسه و ده‌قى خۆى به په‌ند و ئیدیۆم و ده‌قى فۆلكلۆرى و شاعیرانى دیكه كردووه، كه هه‌ندێك جار سانا نییه لێكجوێكردنه‌وه‌یان و زانینى ئه‌وه‌ى كامه‌ى ئى پیره‌مێرده و كامه‌ى وه‌رگیراوه، ته‌نانه‌ت ئه‌و جگه له نازناوى پیره‌مێرد ــ كه ده ساڵ دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌وجا به‌كارى هێناوه ــ به ناوه‌كانى: س.ت، سلێمانیه‌لى تۆفیق، سلێمانیه‌لى ئیسماعیل ویداد، سلێمانیه‌لى مه‌حموود نه‌ژاد، سلێمانیه‌لى م. نه‌ژاد تۆفیق، پیره‌كورد تۆفیق، حاجى تۆفیق به‌گ، زه‌رگه‌ته‌یی، گورگه‌ده‌رى، جێشانه‌یی، ده‌باشانى، شێخ ئه‌بولوه‌فاى كوردى… شیعر و بابه‌تى بڵاو كردووه‌ته‌وه و چه‌ندین ده‌قى به بێ ناو و هه‌ندێكیشى به ناوى شاعیرانى دیكه‌وه بڵاو كردووه‌ته‌وه، به‌شێك له شیعره‌كانیشى زێتر له جارێك و دوو جار بڵاو كردوونه‌ته‌وه، كه هه‌ندێكیان چه‌ند دێر و كۆپله‌یه‌كى لێ گۆڕدراوه، یان هه‌ندێك به‌یت و كۆپله له چه‌ند ده‌قێكدا دووباره بوونه‌ته‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر به‌شێك له شاعیران و نووسه‌ران به هۆى نه‌بوونى سه‌رچاوه‌ى پێویست له‌باره‌ى به‌رهه‌م و ژیانیانه‌وه، وه‌كوو پێویست نه‌توانرابێت به‌رهه‌م و لایه‌نى ژیانیان یه‌كلا بكرێته‌وه، ئه‌وا به پێچه‌وانه‌وه پیره‌مێرد به‌هۆى زۆرى و په‌رش و بڵاوى سه‌رچاوه‌كان له‌سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مى، واى كردووه، هه‌ندێ جار هه‌ندێ زانیاریى كه گومان له ڕاستى و دروستی‌یان ده‌كرێت و بڵاو ببنه‌وه.
ڕه‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ش بێت د.مارف خه‌زنه‌دار له مێژووى ئه‌ده‌بى كوردیدا وه‌ختێ دێته سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مى پیره‌مێرد ده‌ڵێ: “شاعیرانى مێژووى هه‌زار ساڵه‌ى ئه‌ده‌بى كوردى له بابا تاهیره‌وه تا محه‌مه‌د ساڵح دیلان هیچ یه‌كێكیان ئه‌وه‌نده‌ى پیره‌مێرد ماندووى نه‌كردم”. هه‌موو ئه‌مانه پێمان ده‌ڵێن قسه‌كردن و ئه‌نجامگیرى له ژیان و بیر و به‌رهه‌مى پیره‌مێرد مه‌یدانێكى هێنده سانا نییه، هه‌موو كه‌س زات بكات به ئاسانى خۆى له قه‌ره بدات.
دوا هه‌وڵ كه ئێمە بەرچاومان کەوتبێت له‌سه‌ر پیره‌مێرد، توێژینه‌وه ناوازه‌كه‌ى عومه‌ر ئیسماعیل ڕه‌حیم بوو به ناوونیشانى {جیهانبینیى پیره‌مێرد له دوو توێى هۆنراوه و په‌نده‌كانیدا}، كه كتێبێكى ٤٦٤ لاپه‌ڕه‌ییه و له دوو به‌شى سه‌ره‌كى پێكدێت. به‌شى یه‌كه‌م له چار به‌نددا ته‌رخان كراوه بۆ كاروانى ژیان و خه‌باتى پیره‌مێرد، به‌شى دووه‌میش له هه‌شت به‌نددا، قسه له جیهانبینیى پیره‌مێرد ده‌كات. ده‌توانم بڵێم ئه‌م هه‌وڵه ناساندنێكى تا ڕاده‌یه‌كى زۆر دروست و بابه‌تییانه‌ى پیره‌مێرده و هه‌ر كه‌سێك ئه‌گه‌ر یه‌ك دێره شیعرى پیره‌مێردیشى نه‌خوێندبێته‌وه و ته‌نانه‌ت گریمان ئه‌گه‌ر گوێى له ناوى پیره‌مێردیش نه‌بووبێت، ئه‌وا به خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م كتێبه جگه له‌وه‌ى تا ئه‌ندازه‌یه‌كى زۆر به ڕۆحى پیره‌مێرد ئاشنا ده‌بێت و گه‌لێك له گۆشه و دیوه شاراوه‌كانى ژیانى پیره‌مێردی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها ده‌زانێت ئه‌م توێژینه‌وه‌یه به‌رهه‌مى ساڵانێك گه‌ڕان و خوێندنه‌وه و به‌دووداچوون و وردبوونه‌وه‌ى توێژه‌ره. ئه‌گه‌ر ئه‌و كتێبانه‌ى پێشتر له‌سه‌ر پیره‌مێرد نووسراون، زێتر له بازنه‌ى ساخكردنه‌وه‌ى شیعر و په‌ند و وه‌رگێڕانه‌كانى بووبن و لاكردنه‌وه بووبن له فۆرمى شیعره‌كانى و به‌راوردكارى و ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى و ئاهه‌نگى نه‌ورۆز… ئه‌وا ئه‌م كتێبه زۆرتر پیشاندانى ڕووه‌كه‌ى دیكه‌ى پیره‌مێرده، واتە بایه‌خدان به دونیابینیى شاعیر و ئه‌و په‌یامانه‌ى كه ناوه‌رۆكى نووسینه‌كانى پیره‌مێرد هه‌ڵیانیگرتووه، وردتر بڵێین خوێندنه‌وه‌ى باكگراوندى ئایینى و ئه‌خلاقیى ئه‌و پیاوه گه‌وره‌یه‌یه، كه له‌م بواره‌دا زۆر كه‌مى له‌سه‌ر نووسراوه و گوتراوه، ته‌نانه‌ت زۆر جاریش وه‌ك توێژه‌ر بۆى چووه به‌قه‌ستى فه‌رامۆش كراون. ئیدى ئه‌م فه‌رامۆشكردنانه هه‌ندێ كه‌ڕه‌ت گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ى به‌یت و كۆپله و په‌ره‌گرافێكى خۆى لابدرێت. هه‌ر بۆ نموونه له وه‌سیه‌تنامه‌كه‌ى پیره‌مێرددا، ئه‌و په‌ره‌گرافه‌ى كه پیره‌مێرد ده‌ڵێ: “مزگه‌وتى هه‌مزاغاش فه‌رامۆش مه‌كه‌ن، یادگاریی باپیرمه، مزگه‌وتى ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌یه، مه‌ڵبه‌ندى خوێندنى ئایینه، ماڵى خوایه، خوا شاهیده له‌وه‌تى هاتوومه‌ته‌وه فه‌رامۆشم نه‌كردووه” به ته‌واوى له دانراوه‌كه‌ى محه‌مه‌د ڕه‌سوڵ هاواردا نییه، ئه‌گه‌رچى وه‌كوو به‌هانه ده‌گوترێت، وه‌سیه‌تنامه‌كه پچر ِپچڕ بووه!
نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا بۆ تێگه‌یشتن له دونیابینیى پیره‌مێرد و پشتقایمى بۆچوونه‌كانى، جگه له شیعر و په‌نده‌كان، هه‌روه‌ها پشتى به‌ستووه به‌و وتار و بابه‌تانه‌ى كه پیره‌مێرد له ڕۆژنامەکانی ژین و ژیاندا بڵاوى كردوونه‌ته‌وه. ئه‌و، لاى له‌و لایه‌نه كردووه‌ته‌وه كه تا ئێستا به مه‌به‌ست بێ یا بێ مه‌به‌ست فه‌رامۆش كراوه، كه بریتیین له بڕواى پیره‌مێرد به ئایین و دیدى بۆ پێغه‌مبه‌ر {د.خ} و ئیسلام و ئه‌خلاقى ئیسلامه‌تى، هه‌روه‌ها تێگه‌یشتنى پیره‌مێرد بۆ ئیسلام و بایه‌خدانى به بۆنه و سرووته ئاینییه‌كان و خه‌باتى چاكسازى و ئایینپه‌روه‌رانه‌ى پیره‌مێرد. نووسه‌رى كتێب ورد له‌سه‌ر وێستگه سه‌ره‌كییه‌كانى ژیانى پیره‌مێرد وه‌ستاوه و پێى وایه شاردنه‌وه‌ى به‌شێك له گۆشه سه‌ره‌كییه‌كه‌كانى شاعیر، واى كردووه پیره‌مێرد وه‌كوو پێویست نه‌ناسرێت و ڕه‌هه‌ندى ئاییندارى و خواناسى به بزرى بمێنێته‌وه، هه‌ر وه‌ك ڕه‌خنه‌ى له‌و قه‌ڵه‌مانه گرتووه، كه به نه‌فه‌سى ئایدۆلۆژى و لایه‌ندارى شرۆڤه و خوێندنه‌وه‌ى پیره‌مێردیان كردووه.
به‌ڵام من وه‌ك خوێنه‌رێك كه له‌مێژه ئاشناى شیعر و په‌نده‌كانى پیره‌مێردم و هه‌موو ئه‌و باس و لێكۆڵینه‌وانه‌ى له‌سه‌ر پیره‌مێرد نووسراون و ده‌ستم پێیان گه‌یشتووه به وردى خوێندوومنه‌ته‌وه، چه‌ند سه‌رنج و پرسیارێكم له‌سه‌ر به‌شێك له بۆچوون و ئه‌نجامگرییه‌كانى بەڕێز عومه‌ر ئیساعیل له‌كن گه‌ڵاڵه بوو، به ئومێدى خزمه‌ت به نێوه‌ندى ئه‌ده‌بى كوردى و ڕۆحى پیره‌مێردى مه‌زن، ده‌یانخه‌مە ڕوو:
توێژه‌ر ئه‌گه‌رچى له هه‌ندێ شوێن پشتى به وتار و بابه‌ته بڵاوكراوه‌كانى پیره‌مێرد به‌ستووه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى گشتى ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كانى كردووه‌ته ئاوێنه‌ى تێگه‌یشتن له دونیابینیى شاعیر و به‌ڵگه‌ى ڕوانینه‌كانى خۆى بۆ شاعیر. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه: ئایا ده‌قى ئه‌ده‌بیی شاعیر ده‌توانێ سه‌تى سه‌ت ببێته ئامرازى تێگه‌یشتن له ئایدیا و ژیان و تێگه‌یشتن و تێڕوانینى ئه‌و شاعیره، ڕه‌نگه به ڕه‌هایی نه‌تواندرێت بگوترێت به‌ڵێ یان نه‌خێر، ئه‌وه‌نده هه‌یه هه‌ندێ جار تاك و ته‌راى به‌یتێك، یان كۆپله شیعرێك له‌ناو دیوانێكى گه‌وره‌ى شیعریدا، كه ڕه‌نگه هه‌ندێ كه‌ڕه‌ت زه‌روره‌تى كێش و قافیه، وشه‌یه‌ك یان ڕسته‌یه‌كى زه‌ق كردبێته‌وه، یان هه‌ر بۆ خۆسه‌لماندن و پیشاندانى تواناى یاریكردن به وشه و شانازیكردن به زمانپاراویى شاعیر شیعرێك نووسرابێت، یان تێكستێك وه‌ك هه‌ڵچوون و كاردانه‌وه به‌رانبه‌ر كه‌سێك، شتێك، شوێنێك، ڕووداوێك…نووسرا بێت، كه به‌شێوه‌یه‌كى گشتى ناكرێت ئه‌م تاكه به‌یت یان كۆپله یان تێكسته، یان ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار چه‌ند تێكستێكیش بكرێنه پێوه‌ر بۆ دونیابینیى شاعیر.
بۆ نموونه كه‌س ناتوانێت نكوڵى له‌وه بكات كه ئێمه ته‌نیا له ڕێگه‌ى ده‌قه‌كانیانه‌وه ده‌توانین بیرى نه‌ته‌وه‌ییانه‌ى حاجى قادرى كۆیی و هه‌ستى عیرفانییانه‌ى مه‌لاى جزیرى بخوێنینه‌وه، واته بڵێین حاجى خودان هزرى نه‌ته‌وه‌یی و خه‌ونى دروستبوونى كیان و ده‌وڵه‌ت بووه و مه‌لاى جزیرى عارفێكى گه‌وره و گه‌رموگوڕ بووه، به‌ڵام خۆ ناكرێ بۆ نموونه له‌به‌رئه‌وه‌ى نالى خه‌ونه‌شیعرێكى بۆ مه‌ستووره نووسیوه بكرێته شاعیرى داشۆرین، یان ئه‌گه‌ر گۆران شیعرێكى هه‌بێ بۆ بۆ پێداهه‌ڵگوتنى مه‌لیك، ئه‌وا تێڕوانینى گۆران به‌رانبه‌ر سیستمى پادشایه‌تى له عێراق به ئه‌رێنى بزاندرێت! یا به‌هۆى ئه‌وه‌ى بێكه‌س له شیعرێكیدا تف له سه‌نعه‌ت و كاره‌با ده‌كات، ئیدى به جاهیل و دژه زانست و بخوێندرێته‌وه!
توێژه‌ر هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی له چه‌ندین شوێنى توێژینه‌وه‌كه‌یدا پیره‌مێرد به: “مرۆڤێكى عارف، شاعیرێكى عارف، عارفێكى گه‌وره، خودان ژیانێكى عاریفانه، خاوه‌ن پێگه‌ى عیرفانى، عاریفێكى ڕه‌ببانى، به‌رهه‌مه عیرفانییه‌كانى زۆر له عاریفه گه‌وره‌كان كه‌متر نییه، زنجیره هۆنراوه عیرفانییه‌كانى و وه‌رگێڕى به‌رهه‌مه عیرفانییه‌كان و هتد…”، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ى به‌ندێك له به‌شێكى توێژینه‌وه‌كه‌ى ته‌رخان ده‌كات به ناوونیشانى پیره‌مێرد و عیرفان، تێیدا له ڕێگه‌ى خوێندنه‌وه‌ى چه‌ند ده‌قێكه‌وه ده‌یه‌وێت ئه‌وه پیشان بدات كه پیره‌مێرد چ له ژیانى ڕۆژانه‌ى خۆیدا، چ له نووسین و ده‌قه شیعرییه‌كانیدا كه‌سێكى عاریف بووه. له كاتێكدا ئه‌وه ڕوونه كه پیره‌مێرد له‌پاڵ شیعرى نیشتمانى و بۆنه و ماته‌منامه و پێداهه‌ڵدان و په‌ند و گاڵته‌وگه‌پ…دا، ژماره‌یه‌كى زۆر شیعرى موناجات و ئایینشیى هه‌یه، زێده‌ڕۆیی نییه گه‌ر بگوترێت له زۆربه‌ى شاعیرانى كورد زۆرتر شیعرى ئایینیى هه‌یه، كه ئه‌مه ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه شاعیر باوه‌ڕى به ئایینى ئیسلام پته‌و بووه و به كۆڵه‌گه سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌م ئایینه پابه‌ند بووه. به‌ڵام ئایا هه‌موو شیعرێكى ئایینى ده‌چێته نێو بازنه‌ى شیعرى سۆفیگه‌رى و عیرفانییه‌وه؟ ئایا ناشێت تێكستێك به هه‌موو مانایه‌ك عیرفانى یا سۆفیگه‌رییانه بێت، به‌ڵام ئایینى یان تێكستێكى ئیسلامى نه‌بێت؟
ئایا زێده‌گۆیی و موبالەغە له‌م خوێندنه‌وه‌یه‌دا نییه؟ چونكه ڕاسته پیره‌مێرد به‌رهه‌مى كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر و شاعیرى عاریفى خوێندووه‌ته‌وه و كردووه به كوردیی ناوەڕاست له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كى دیكه‌ش چه‌ند ده‌قێكى شیعریی ئایینى هه‌یه و له هه‌ندێ شوێنیش دیرێك یا چه‌ند دێرێكى هه‌یه، كه بۆن و به‌رامه‌ى سۆفیگه‌رى و عیرفانیان لێ دێ، وه‌كوو ئه‌وه‌ى كه ده‌ڵێ: “وا به‌و مایه‌یه، گه‌یشتمه مه‌رام/ ته‌نیا تۆم ئه‌وێ به‌هه‌شت په‌شمه لام”. یان كه ده‌ڵێ: “به‌هه‌شت مه‌دح ئه‌كه‌ن به ناو و داوێ/ من لیقاى خوام بێ به‌هه‌شتم ناوێ”.
هه‌روه‌ها له پاش گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ باشوورى كوردستان ناوى ڕه‌ندى قه‌له‌نده‌رى له خۆى ناوه و دونیاى به قورس نه‌گرتووه و گوێى نه‌داوه‌ته شیكى و جلک و به‌رگى جوان، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى گشتى پیره‌مێرد چ له ژیانیدا وه‌ك ئه‌وه‌ى له سه‌رچاوه‌كان باس له خه‌و و خواردن و گه‌ڕان و ژیانى تایبه‌تیى ده‌كه‌ن، چ ئه‌وه‌ى له كۆى ده‌ق و نووسینه‌كانیدا به‌رچاو ده‌كه‌وێ، ئه‌گه‌ر هه‌ندێ جار هه‌ست و جه‌زبه‌یه‌كى عاریفانه‌شى تێدا بووبێت، به‌ڵام ئایا عارفێكى و گه‌وره و عارفێكى ڕه‌ببانى و خاوه‌ن پێگه‌ى عیرفانى بووه، وه‌ك ئه‌وه‌ى نووسه‌ر باسى ده‌كات؟ ئه‌گه‌ر عاریف بووه، پله و حاڵ و مه‌قامه‌كانى كه‌ى و كوو بڕیوه، كێ موڕشیدى بووه، ئایا له‌سه‌ر ئاستى تیۆرى عاریف بووه، یان به پراكتیك؟ ئه‌و سه‌یر و سلووك و حاڵ و حه‌ره‌كه و زمان و ئاماژه تایبه‌ته عیرفانییانه كێهانن كه پیره‌مێرد پێڕه‌وى كردوون؟ ئه‌گه‌ر سۆفى بووه پێڕه‌وى كام ڕێبازى ته‌سه‌ووفى كردووه و چ كه‌سێك ڕابه‌رى بووه؟ ئه‌و زاراوانه‌ى كه تایبه‌تن به عیرفان و ته‌سه‌ووف له‌كوێى ده‌قه‌كانى پیره‌مێردا هه‌ن؟ سۆز و جه‌زبه و جیلوه‌ى عاشق و مه‌عشووق له كێهه تێكستیدا به‌رچاوه؟ به‌گوێره‌ى خوێندنه‌وه‌ى موته‌وازیعیی ئێمە، ئه‌گه‌ر درووست بێت بگوترێت پیره‌مێرد عاریفێكى گه‌وره و ڕه‌ببانى بووه، ئه‌وا كه شیعره‌كانى: هه‌جووى ئه‌سپێك، تاڵه‌وه‌كه‌ره‌و خۆشه‌وه‌كه‌ره و پێڕه‌وى شاعیرێكى بێناویش ده‌خوێنینه‌وه، ده‌بێ پیره‌مێرد به شاعیرى توانج و داشۆرین قه‌ڵه‌مزه‌د بكه‌ین!
خاڵێكى دى سه‌باره‌ت به هۆكارى مانه‌وه‌ى پیره‌مێرد له ئه‌سته‌مبوڵ و هۆكارى گه‌ڕانه‌ى بۆ سلێمانى، وه‌ك ئاشكرایه هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كى ورد و باوه‌ڕپێكراو نییه ئه‌وه پشتڕاست بكاته‌وه كه پیره‌مێرد به‌ر له چوونى بۆ ئه‌سته‌مبوڵ نیازى ئه‌وه‌ى بووبێت چاره‌گه سه‌ته‌یه‌ك له‌توركیا و باكوورى كوردستان بمێنێته‌وه، بۆیه ئه‌و بۆچوونه له ڕاستییه‌وه نێزیكه كه پێى وایه كه چووه‌ته ئه‌سته‌مبوڵ، ژینگه و زه‌مینه سیاسى و ئیدارییه‌كه‌ى ئه‌ویێ به‌دڵ بووه و هه‌ندێ هه‌لى چاوه‌ڕواننه‌كراویشى بۆ هاتووه‌ته پێش، وه‌كوو بوونى به ئه‌ندام له ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ئه‌سته‌مبوڵ و هه‌لى خوێندن له كۆلیژى ماف و وەرگرتنی هەندێک پۆستی ئیداری، پاشان تێكه‌ڵبوونى له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕێكخراو و دامه‌زراوه‌ى ڕۆژنامه‌وانى، دواتر ژنهێنان و ماڵ پێكه‌وه‌نانى له ئه‌سته‌مبوڵ، ئه‌مانه هه‌موو وایان كرد ئه‌م ماوه دوور و درێژه له‌وێ بمێنێته‌وه و ته‌نانه‌ت به سه‌ردانییش نه‌یه‌ته‌وه باشوورى كوردستان به‌گشتى و سلێمانى به‌تایبه‌تى.
به هه‌مان شێوه هیچ ئاماژه و سه‌رچاوه‌یه‌ك نییه ئه‌وه پشتڕاست بكاته‌وه كه پیره‌مێرد له‌به‌ر ده‌ردى دوورى و غه‌ریبى یان به پاڵنه‌رى كوردبوون و كوردایه‌تى بڕیارى گه‌ڕانه‌وه‌ى زێد و نیشتمانى دابێت و له‌به‌ر ئه‌وه گه‌ڕابێته‌وه، به‌ڵكوو كه ژینگه‌ى سیاسیى ناوچه‌كه گۆڕانكارى به‌سه‌ردا دێت و قه‌ڵه‌مڕه‌وى عوسمانى له‌نێو ده‌چێت و ئه‌و كۆمه‌ڵه سیاسییانه‌ى ئه‌و له‌نێویاندا كارى ده‌كرد و ژماره‌یه‌كى زۆر له‌و دۆست و چالاكانه‌ى ئه‌و ته‌نگیان پێ هه‌ڵده‌چنرێت و زمانى كوردى قه‌ده‌خه ده‌كرێت. ئه‌مه له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كى دیكه‌ش چه‌ندین جار له‌لایه‌ن دۆست و خزمانى خۆى و نوێنه‌رى فه‌رمیى ئه‌وساى ده‌وڵه‌تى عێراقه‌وه، داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى لێ ده‌كرێت، دواى ئه‌وه‌ى له‌وێ نه‌ك هه‌ر هیچ پۆست و پێگه‌یه‌كى نامێنێت و ته‌نانه‌ت سه‌لامه‌تى ژیانى خۆیشى ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، بۆیه بڕیارى گه‌ڕانه‌وه ده‌دات، له‌وه‌شدا تا ماوه‌یه‌ك دوودڵ بووه به‌وه‌ى دواى گه‌ڕانه‌وه له سلێمانى یان به‌غدا نیشته‌جێ ببێ، تا دواتر له سلێمانى ده‌گیرسێته‌وه، چونكه ڕاسته له ده‌مى به‌ڕێكه‌وتنى له ئه‌سته‌مبوڵه‌وه كه به ڕێگاى شام و حه‌ڵه‌بدا ده‌گه‌ڕێته‌وه، سۆزى غه‌ریبى ده‌جوڵێت و به یادى ڕۆژانى ڕابردوو شیعرى: “ئه‌وا ڕووم كرده تۆ ئه‌ى دایكى موشفیق بیست و پێنج ساڵه/ له غوربه‌تدا به یادى تۆ ده‌ژیم، خوا شاهیدى حاڵه…” ده‌نووسێت، به‌ڵام دواتر پێش ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانیى زێد و نیشتمان نێزیكه‌ى دوو مانگ له به‌غدا ده‌مێنێته‌وه. دواى ئه‌وه دیسان ده‌چێته‌وه به‌غدا و كه‌ڵكه‌كه‌ڵه‌ى گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌سته‌مبوڵ و مانه‌وه له به‌غدا و نیشته‌جێبوون له سلێمانى له‌نێوان ئه‌م سێ بژارده‌یه‌دا دۆش داده‌مێنێت، دواتر به هه‌وڵى چه‌ند دۆستێكى قایل ده‌بێت بێته‌وه له سلێمانى بژیێت.
بۆیه هه‌ر وه‌ك به دوور ده‌زاندرێت مانه‌وه‌ى له ده‌وڵه‌تى عوسمانى به‌هۆى ئه‌وه بووبێت كه كلتوور و ئه‌ده‌بى گه‌له‌كه‌ى به دونیا بناسێنێت، وه‌ك نووسه‌رى كتێبى جیهانبینیى پیره‌مێرد بۆى چووه، به هه‌مان شێوه ناتواندرێت ئه‌وه بسه‌لمێندرێت كه گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ نیشتمان ته‌نێ بۆ ئه‌وه بووه خزمه‌تى زمان و پرس و مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى پێ بكات، یان به پلان و به‌رنامه‌یه‌كى تایبه‌ت گه‌ڕابێته‌وه و كارى له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنیان كردبێت. ئه‌مه به‌و مانایه نایه‌ت كه پیره‌مێرد به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیى خۆى چى ویستبێت ئه‌وه‌ى كردووه، نا، به‌ڵام له‌پاڵ ڕه‌چاوكردنى ئه‌وه‌ى له كوێ باشتر ده‌توانێت خزمه‌تى وشه و ئه‌ده‌بى كوردى بكات، ئه‌و مافه‌شى به خۆى داوه كام سه‌ر زه‌مین بۆ ژیانى تایبه‌تیى خۆى له‌بارتره بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ناوه‌نده سیاسى و ئه‌ده‌بییه‌ى لێى خه‌بات ده‌كات، هێمن و بێ قڕه و كێشه بێت. ئه‌و پێش ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه هیچ خشته و به‌رنامه‌یه‌كى نه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ى چى بكات و له چ وێستگه‌یه‌ك خزمه‌ت بكات، به‌ڵام كه ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌موو ئه‌و زانست و ئه‌زموون و زمانزانییه‌ى له ئه‌سته‌مبوڵ وه‌ریگرتبوو، بێ دوودڵى له ڕێگه‌ى ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌وه ده‌یخاته خزمه‌تى نه‌ته‌وه‌كه‌ى خۆى.
مامۆستا عومه‌ر ئیسماعیل و زۆرێك له‌و لێكۆڵه‌ر و نووسه‌رانه‌ى له‌باره‌ى پیره‌مێرده‌وه نوسیویانه، زۆر جار به دانا و فه‌یله‌سووف ناوى دێنن، ئایا ئه‌م تێڕوانینه‌ش زێده پێداهه‌ڵگوتنى پیره‌مێرد نییه؟ چونكه ڕاسته ئه‌و شاعیرێكى گه‌وره‌ى میللى و كوردیزانێكى كارامه و ڕۆژنامه‌نووسێكى چالاك و پڕ به‌رهه‌م و وه‌رگێڕێكى ئازا بووه و زۆر جوان له‌و په‌ند و ئیدیۆم و قسه‌ى نه‌سته‌ق و به‌مانایانه‌ى نێو نه‌ته‌وه‌كه‌ى ورد بووه‌ته‌وه و دایڕشتووه‌ته‌وه و تێهه‌ڵكێشى شیعره‌كانى كردووه، به‌ڵام به‌ڕاست پیره‌مێرد فه‌یله‌سووف بووه به مانا زانستى و دروسته‌كه‌ى؟ ئه‌مه به له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌وه‌ى به‌شێكى شیعره‌كانى كه له كاتى خۆیدا له ڕۆژنامه‌كانى ژین و ژیاندا بڵاوی كردوونه‌ته‌وه، هه‌وڵى داوه له‌نێو چوارچێوه‌یه‌كى ژیرانه و دانایانه بیانخاته ڕوو، هه‌روه‌ها جگه له كه‌له‌پوورى كوردى، سوودى له په‌ند و نه‌سته‌ق و قسه‌ى به‌سوودى نه‌ته‌وه‌ى دیكه‌ش وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌نده به‌سه بۆ ئه‌وه‌ى به‌رگى فه‌یله‌سووفێتى بكرێت به به‌ردا؟ چما ئه‌و به‌هانه‌یه به‌سه، ئه‌گه‌ر بڵێین له‌به‌رئه‌وه‌ى كورد بووه، بۆیه فه‌لسه‌فه و فه‌یله‌سووفێتییه‌كه‌ى به دونیا نه‌گه‌یشتووه؟ یانى گریمان ئه‌گه‌ر پیره‌مێرد ئینگلیز یان ڕووس یان فه‌ڕه‌نسایی بووایه، ئێستا وه‌كوو فه‌یله‌سووفێكى دیار له‌سه‌ر ئاستى دونیا ده‌ناسرا؟ ئایا ده‌چێته ئه‌قڵه‌وه ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كورد بووه و به‌رهه‌مه‌كانى بۆ زمانه زیندووه‌كانى گێتى ته‌رجه‌مه نه‌كراون، بۆیه تاجى فه‌یله‌سووفێتى له‌سه‌ر نه‌نراوه!
ئه‌مانه و پرسیارگه‌لێكى دیكه‌ى جددى، پێویستیان به له‌سه‌ر وه‌ستان و پێداچوونه‌وه هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش وه‌ك له‌پێشدا ئاماژه‌ى پێكرا، ئه‌م كتێبه یه‌كێكه له‌و هه‌وڵه ناوازه و قووڵانه‌ى به هه‌ق جێگاى نرخاندن و ده‌ستخۆشییه. چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت بۆ هه‌موو ئه‌و باس و لێكۆڵینه‌وانه‌ى كه له‌مه‌ودوا له‌سه‌ر ژیان و به‌رهه‌م و دونیابینیى پیره‌مێرد ده‌نووسرێن، كتێبى جیهانبینیى پیره‌مێرد له دوو توێى هۆنراوه و په‌نده‌كانیدا یه‌كێك ده‌بێت له ژێده‌ره‌كانیان، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین یه‌كێك ده‌بێت له ژێده‌ره سه‌ره‌كییه‌كانیان، هیواى سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامى بۆ عومه‌ر ئیسماعیلی نووسه‌رى كتێبه‌كه، ڕۆحى بڵندى حاجى تۆفیق به‌گیش شاد.
سه‌رچاوه‌كان
١ــ پیره‌مێردى نه‌مر، ئاماده‌كردنى: محه‌مه‌د ڕه‌سوڵ هاوار، به‌غدا، ١٩٧٠.
٢ــ دوكتۆر مارف خه‌زنه‌دار، مێژووى ئه‌ده‌بى كوردى، به‌رگى پێنجه‌م، ده‌زگاى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئاراس، چاپی دووه‌م، هه‌ولێر، ٢٠٠٠.
٣ــ دیوانى پیره‌مێرد، كۆكردنه‌وه و ساغكردنه‌وه‌ى: لیژنه‌یه‌ك، به‌رگى یه‌كه‌م، به‌غدا، ١٩٩٠.
٤ــ په‌نده‌كانى پیره‌مێرد، كۆكردنه‌وه و ساغكردنه‌وه‌ى: لیژنه‌یه‌ك، به‌رگى یه‌كه‌م، به‌غدا، ١٩٩٥.