سلێمان مستەفا حەسەن
هەڵبژاردن وەک بنەمایەکی دیموکراسی بە ڕۆحی سیستەمی هاوچەرخ دادەنرێت، ناکرێت بێ بوونی دیموکراسی باسی هەڵبژاردن بکرێت، پێچەوانەکەشی ڕاستە.واتە، هەڵبژاردن بە بەردی بناغەی دیموکراسی دادەنرێت و ڕۆحی سیستەمی سیاسی مۆدێرن بەرجەستە دەکات. مرۆڤ ناتوانێت بە شێوەیەکی مانادار باسی هەڵبژاردنەکان بکات بەبێ ئەوەی ئاماژە بە دیموکراسی بکات. لە سیستەمە تۆتالیتارەکان گەر هەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێت ئەوە لە ناوەڕۆکدا پووچەڵ و بەتاڵە، بەڵام زۆرجار ئەمانە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرۆکەکان زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنن. لەم جۆرە سیستەمەدا کە هێزە ئەمنییەکان و حکومەت و پارتە سیاسییەکان بە یەک دەنگ کاردەکەن و لەدەستی یەک کەس دان، دیموکراسی بوونی نییە. ئەم سیستەمانە گەرەنتی سەروەری یاسا و مافی هاووڵاتییانیان نییە، کە بۆ حوکمڕانی دیموکراسی بنەڕەتین. هەڵبژاردن پایە و بەشێکی دانەبڕاوە لە دیموکراسیدا، بەڵام لە بنەڕەتدا گەرەنتی حوکمڕانی دیموکراسی ناکات. لە زۆرێک لە سیستەمە تۆتالیتارییەکاندا، هەڵبژاردن خزمەت بە شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەکات نەک بەرزڕاگرتنی بنەما دیموکراسییەکان. سیستەمێکی دیموکراسی ڕاستەقینە پێویستی بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و مافە مەدەنییەکان هەیە، تەنانەت بە پێچەوانەی ئیرادەی زۆرینەشەوە.
دیموکراسی و یاسا
لە سیستەمی دیموکراسی، یاسا وەک بناغە و دەستووری حوکمڕانی و سیستەمی کۆمەڵایەتی لێ دەڕوانرێت، بەبێ یاسا دامەزراندنی دەزگاکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بێ مانا دەبێت. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم یاسایانە شەرعی بن، دەبێت لەگەڵ پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بگونجێن، بەتایبەتی پابەندبوون بە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ. سەرەڕای ئەوەش، یاساکان دەبێت پابەند بن بە دەستووری وڵات و لە ڕێگەی پڕۆسەی یاساییەوە دەربکرێن وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە. لێرەدا بابەتێکی گرنگ هەیە ئاماژەی پێ بدەین، هەموو ئەو یاسا و ڕێکارانەی لە ژێر پەردەی یاسادا دەردەکرێت مەرج نییە لە بنەڕەتدا دادپەروەرانە و شەرعی بن گەر ڕەچاوی بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافە مەدەنییەکان نەکرابێت. مێژوو گەواهی چەندین دڕندەیی و پێشێلکاری لە ڕابردوو و ئێستادا دەدات کە بە بیانووی یاسا ئەنجام دراوە. نموونەی زۆر هەیە لەوانە هەڵمەتی ئەنفال، ڕاگواستن، بۆمباران و کیمیاباران کردن و زیندانی کردنی کورد لە تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق لەسەر کورد بوون و بەکارهێنانی زمانی دایک و داوا کردنی مافە بنەڕەتییەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و مافی هاونیشتیمانییبوون. ئەم کارانە لەبەر ڕۆشنای دەقە یاساییەکان و دەقە شەرعییەکان بە یاسای نەتەوەیی ئەنجام دراون. حکومەتی عێراق وحکومەتی هەرێمی کوردستانـیش لەهەندێ پرس دا ڕەچاوی بنەماکانی مافی مرۆڤ و بنەماکانی دەستووریان نەکردووە سەبارەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەکان. بەوەش کار گەشتە ئەوەی بە هەڵە بنەماکانی دیموکراسی پەیرەو بکەین لە ساڵانی ڕابردوو،کە لە ئەنجامدا پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بنەماکانی دیموکراسیی لێکەوتەوە.
زۆرینەی پەرلەمانی و مافی هاووڵاتییان
مافی .هاووڵاتیان بە هەردوو ستوونەکەیەوە، چ ئەو مافانەی کە لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤدا هاتوون، یان ئەو مافانەی لە چوارچێوەی مافە مەدنییەکان لە دەستووری وڵاتاندا هاتوون، خاڵی جەوهەری سیستەمی دیموکراسین. یاساکان هیچ نرخێکیان نابێت گەر پاراستنی مافی مرۆڤ و مافە مەدەنییەکان پارێزراو ڕێزلێگیراو نەبن، بەو مانایەی دەوڵەتی یاسا هیچ سوود و نرخێکی نابێت بەبێ بوونی بنەماکانی دەوڵەتی ماف.
دەکرێت بڵین جاڕنامەی مافی مرۆڤ بریتییە لەو جاڕنامەیە کە لە ١٩٤٨ بە ٣٠ بەند لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاگەیەنرا، کە دەکرێت بڵین مافی ژیان، هاتووچۆ و نیشتەجێبوون، ئایین، یەکسانی،ئازادی، خوێندن لە خۆ دەگرێت. ئەو مافانە مافی جیهانین و باڵایەتییان بەسەر یاسای وڵاتاندا هەیە.
هەرچی مافە مەدەنییەکانن ئەوە ئەو مافانەن کە لە دەستووری هەر وڵاتێکدا هاتوون و دەوڵەت پابەندە بە پاراستن و فەراهەم کردنیان بۆ هاونیشتیمانیانی، لەوانە: ئازادی ڕۆژنامەگەری، هەڵبژاردن، کۆبوونەوە، لێپرسینەوە لە حکومەت. مافە مەدەنییەکان تایبەت بە وڵاتان و سیستەمە یاساییەکان گرنگی به په یوهندییهکانی نێوان .هاووڵاتیان و حکومهتەکانیان دەدەن. بۆ نموونە، لە عێراقـدا مافە سیاسی و مەدەنی و ئابووری وفەرهەنگی و کۆمەڵاتییەکان لە ماددەی ٢، بڕگەی یەکەم، خاڵی ب و ج ، لەگەڵ ماددەی ١٤-٢٣ لەگەڵ ماددەی ٢٦-٣٤ ی دەستووری ٢٠٠٥ دا هاتوون و چەسپێنراون وە لە ماددەی ٥،٦، ١٣ بنەماکانی سەروەری یاسا دووپات دەکاتەوە.
مافی مرۆڤ مافێکی بنەڕەتی و جیهانیە، بەڵام مافە مەدەنیەکان پەیوەندییەکی زۆریان هەیە بە سیستەمە تایبەتی کۆمەڵگە و یاسایەکان لەناو خودی وڵاتەکەدا، کە چەسپاندنیان بە سەر ناوەڕۆکی پەیوەندی خەڵک و حکومەتەکانەوەیە، بەڵام مافەکانی مرۆڤ لەسەر بنچینەیی و جیهانی جەخت دەکاتە لە سەر شکۆمەندی و ئازادی هەموو تاکێک، لە کاتێکدا هەردوو مافی مرۆڤ و مافە مەدەنیەکان ئامانجیان پاراستنی ئازادییەکان و بەرەوپێش بردنی خۆش گوزەرانی کۆمەڵگەیە، بەڵام لە مەودا و کارپێکردنیان جیاوازن. مافی مرۆڤ گشتگیرە، بەبێ گوێدانە شوێن و ڕەگەزنامە بۆ هەموو تاکەکان دەگرێتەوە. بەڵام مافە مەدەنییەکان تایبەتن بە چوارچێوەی یاسایی و کۆمەڵایەتی تاکە وڵاتان، پەیوەندی نێوان هاووڵاتیان و حکومەتەکانیان بەڕێوەدەبەن، بەبێ ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافە مەدەنیەکان ئەستەمە باسی دەوڵەتی ماف بکرێت، جەوهەری دیموکراسی لە پاراستنی مافەکانی .هاووڵاتیاندایە چ لە مافانەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ وەرگیراون یان لە دەستووری نەتەوەییدا جێگیر کراوبن. سەروەری یاسا بێ مانا دەبێت ئەگەر ئەم مافانە پارێزراونەبن.
ئەگەر هەرێمی کوردستان و عێراق وەک نموونە وەربگرین و پرسیارێک بکەین؟ ئایا لە بەرئەنجامی خولەکانی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرلەمانی کوردستان زۆرینەی پەرلەمانی یان حکومەت چۆن مامەڵەی لەگەڵ پرسی مافی مرۆڤ و مافە مەدنییەکان و بنەماکانی دیموکراسی و سەروەری یاسادا کردووە، ئایا دەوڵەت دەوڵەتی یاسا و ماف بووە؟ ئایا لەبەر ڕۆشنایی ئەو چەمکانەی باسمان کرد مامەڵەی وەکیەک لەگەڵ .هاووڵاتییان کراوە؟ ئایا ئەوانەی دەنگیان پێ نەداون و وەک ئەوان بیر ناکەنەوە هەمان مامەڵەی .هاووڵاتی ئاساییان لەگەڵدا کراوە؟ ئەوە پرسیارێکی ژمارەییە و وەڵامەکەی بۆ ئێوە و توێژەران جێ دەهێڵم.
ئێمە هاوڕاین کە زۆرینەی هەڵبژاردن واتە ئەوەی زۆرینەی دەنگدەران هاوڕان لەسەری، ئەوەی پرسی وڵات لەلایەن حیزبی (ا) یان هاوپەیمانیەتی (ا) بەڕێوەببرێت بۆ ماوەی چوار ساڵی خولی هەڵبژاردن بەپێی بنەمای دەستوور و ڕێکارە یاساییەکان. دوای ئەوە بەپێی ڕێزگرتن لەبنەمای خولاوخولی هەڵبژاردن دەگەڕێنەوە بۆ دادگای گەل. کەواتە هەڵبژاردن و زۆرینەی پەرلەمانی پێدانی بریکارنامەیە لە لایەن زۆرینە بۆ بەرنامەیەکی دیاریکراو، بە واتای بڕیاردان لە ڕێکخستنی کاروباری دەوڵەت.
بەڵام ئەو زۆرینەی پەرلەمانییە، یان ئەو زۆرینەی کە دەنگی بەدەست هێناوە مافی ئەوەی نییە، پێشێلکاری دەستوور بکات، بۆی نییە پێشێلکاری مافە مەدنییەکانی .هاووڵاتیان بکات، بۆی نییە پێشێلی مافی مرۆڤ بکات، بەواتای ئەوەی مافی ئەوەی نییە یاسا و ڕێکار و بڕیارگەلێک دەربکات پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافە مەدنییەکان بێت.
کەواتە گەر هەڵبژاردن بنەما و پایەی دیموکراسی بێت و سەروەری یاسا بە کۆلەکە و بناغەی دیموکراسی هەژمار بکرێت لە سیستەمی مۆدێرندا، ئەوە کارێکی ناچاری و سەپێنراوە دەبێت لە سیستەمی دیموکراسیدا مافەکانی مرۆڤ و مافە مەدەنییەکان لە دەست درێژی زۆرینەی پەرلەمانی و حوکمڕانی پارێزراو بن.
پڕۆسەی ٣٢ ساڵەی حوکمڕانی کوردی لە باشووری کوردستان ئەوەمان بە بیردا دێنێتەوە کە دان بە هەڵەکانمان بنێین و هەڵەکانمان ڕاست بکەینەوە، دەبێت کۆی ئەو هەڵانە بەیان بکەین کە لە ماوەی ٣٢ ساڵەی حوکمرانی کردوومانن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بە هەر سێ دەسەڵاتەکانیەوە (جێبەجێکردن، یاسادانان، دادوەری). جگە لە مامەڵەکردنی پاوانخوازی و حیزبایەتی ناتەندروست لەگەڵ کاری ڕێکخراوەیی و سەندیکاکان و ڕۆژنامەگەری و دەستە سەربەخۆکان و تەوای کایەکانی تر.
ناکرێت بە ڕێگایەکی ناهۆشمەندانە بکەوینە ژێر کاریگەریی پرنسیپی تۆتالیتاریزم و پۆپۆلیزم، چونکە تۆتالیتاریزم لە جەوهەردا دژی هەر جۆرە دابەشکارییەکی دەسەڵاتە، پۆپۆلیزمیش دیاردیەکی ترسناک و پر کارەساتە. دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان نابێت هەڵەی سیستەمە شکستخواردووەکان دووبارە بکاتەوە و خۆی بە سیستەمی بێ هەڵە هەژمار بکات.
دەسەڵات لە کاتێکدا پێویستییەکی ژیاری و ژیانی مرۆڤە، بەڵام دەبێت بە ژیرانە بەکاربهێنرێت بەتایبەتی بۆ کورد. هەڵبژاردنیش بە هەمان شێوە ئامرازێک نییە بۆ جیاکردنەوەی ڕاستییە ڕەهاکان بەڵکوو میکانیزمێکە بۆ هاوسەنگکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕکابەرەکان. لە سەردەمی تەکنەلۆجیادا ئایندەی حوکمرانی و سیستەمی دیموکراسی و سەروەری یاسا و دەوڵەتی مافەکان پەیوەستە بە ئامێزگرتن بە گوتاری گشتی و دەستەبەرکردنی شەفافیەت و دروستکردنی متمانە بە دامەزراوەکان.
دیموکراسی بەهەڵبژاردنی پاک ، بەسەر سەروەری یاسا و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و مافە مەدەنییەکان گەشە دەکات. ئەم بنەمایانە دەبێت ڕێنمایی حوکمڕانی بکەن بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و دەستەبەرکردنی مامەڵەی دادپەروەرانە لەگەڵ هەموو هاووڵاتییان. ئێمەش وەک کوردستانیان بە پابەندبوون بە لێپرسینەوە و وەرگرتنی مافە گشتگیرەکان دەتوانین لە ئایدیالەکانی دیموکراسی ڕاستەقینە نزیک ببینەوە و خۆمان لە داڕووخان و سیستەمی شێرەبەفرینە بپارێزین.
بۆ ئەم کابینە وەزارییە و ئەو چوار ساڵەی حوکمڕانی داهاتووی حکومەتی هەرێم پێویستە لەسەر ئەو زۆرینەیەی حکومەت پێک دێنێت هەڵەکانی حوکمڕانی ٣٢ ساڵەی پێشوو بە هەند وەربگرێت، و ڕێککەوتنی پێشوەختە هەبێت لەسەر دەستنیشانکردنی ئامرازەکانی خۆچاککردن کە داواکاری و ویستی ناوخۆیی و دۆستانی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
پێداچوونەوە بە پرسی دەسەڵاتی دادوەریی و ئازادی ڕۆژنامەگەری و سەروەری یاسا و یەکخستی هێزە چەکدارەکان و ئەمنییەکان و پاراستنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و، لە لایەکی ترەوە پابەندبوون بەدەستووری عێراق و جێبەجێ کردنی دەستوور لەمەڕ هەرێم و حکومەتی فیدراڵی. پەسەندکردنی دەستووری هەرێم و کۆتاییهێنان بە مەینەتییەکانی گەلی کوردستان و ساز کردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ بەرجەستەکردنی حوکمڕانییەکی ڕەشید لە باشووری کوردستان، گێڕانەوەی مافی فەرمانبەران و خانەنشیانان کە بە نایاسای مافەکانیان پێشێل کراوە و مووچەکانیان پێنەدراوە بەهەر ناوێک بێت، دانەوەی مافی وەبەرهێن وبازرگانانی هەرێمی کوردستان، کارکردن لەسەر بەشداری پێکردنی شارەزا و پسپۆڕانی بوارە جیاجیاکان لە تەواوی کایەکانی حکومڕانی و مرۆڤسازی و وڵاتسازی، قەدەغە کردنی حیزبایەتی لەناو حکومەت و کەرتی پەروەردە و فێرکردن و تەندروستی و هێزە چەکدارەکان و تەواوی کایەکانی تر، مامەڵەکردن لەسەر بنەمای .هاووڵاتییبوون، و ڕێزگرتن لە مافی ژنان و پێکهاتەکان، بوژاندنەوەی ئابووری کوردستان و ڕەخساندنی هەلی کار و و ئاوڕدانەوە لە بواری پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆجیا بەتایبەتی (S.T.E.M) زانست و تەکنۆلۆژیا و ئەندازیاری و بیرکاری لە خوێندنگە و پەیمانگا و زانکۆکان و ناوندە زانستییەکانی توێژینەوە.
گەر پەلە نەکەین بەجێ دەمێنین، بۆیە پێویستە ڕیفۆرمێکی تەواو بکرێت لەم کەیسانە بۆ ئایندەی کوردستان، گەر ئەقڵیەتی دواکەوتوویی خێڵ و خۆخۆری و حیزبایەتی شێوا و سەقەت و ماوەبەسەرچوو جێنەهێڵین ناتوانین بەردەوام بین و خۆمان بۆ ئەرکەکانی داهاتوو ئامادە بکەین. ئەمانەش بەبێ پلان و چاودێری ناکرێن، بۆیە دەبێت کار بکرێت و ڕێگا بدرێت دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی چوارەم و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکاکان و دەستە سەربەخۆکان بە ئەرکی خۆیان هەستن.