عەبدولڕەزاق مەهدی
ئێرنیستر نیکیش، ناسیۆنالیست-بەڵشەفیکی ئەڵمانی، دەڵێت “لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتییدا ئەو جەبر و حەتمی بوونەی کە تایبەتی سروشتە، واتا حەتمیبوونی گۆڕانی وەرزەکان یان کارەساتە سروشتییەکان نییە. ئەوەی کە مرۆڤ هەمیشە دەتوانێت بڵێت “نا” نیشانەی تایبەتمەندی و شایستەییەتی، هەمیشە دەتوانێت سەرهەڵبدات، هەمیش شەڕ و خەبات بکات” (کتێبی تیۆری چوارەمی سیاسەت). ئەمە سەرەتای چوونە ناو باسی نەتەوە و خەباتی نەتەوەیە لەلایی دۆگین و ئێستا دەچینە ناو قوڵایی بابەتەکانەوە.
پاتریۆتیزم (نیشتیمانپەروەری)ی ئیرۆتیک، یەکەم پرەنسیپی فەلسەفی ئۆراسیایی پێک دێنێت. لێرەوە نەتەوە وەک دیاردەیەکی ڕەها بەکاردەهێنرێت. نەتەوە فەلسەفەی ئۆراسیایی وەک بەهایەکی باڵا پەسەند دەکات، بەڵام لێرەدا دەستبەجێ ئەم پرسیارە گەڵاڵە دەبێت کە نەتەوە بە چ مانایەکە؟ نەتەوە واتە عەشق، هەر بۆیە ئێمە باس لە پاتریۆتیزمی ئیرۆتیک دەکەین. لەوە دەچێت بەکارهێنانی پێناسەیەکی وەها بۆ چەمکی پاتریۆتیزم و وێناکردنی نەتەوە وەک عەشق، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیان نەبێت پێکەوە و نابەجێ دیاربێت. عەشق کە دەبێتە هۆی لەدایکبوونی مرۆڤ، ڕۆڵێکی چارەنووسساز لە لەدایکبوونی مرۆڤدا دەبینێت، گەر وانەبایە مرۆڤ لەدایک نەدەبوو. عەشق دەسەڵاتی هەرە زۆری هەیە و ئەوە عیشقە شەپۆڵی نەوەکان دەخاتەڕێ و بەرەی زیاتر و زیاتر دێنە ئاراوە، خێزان پێک دێت و بەردەوامی بە نەوە و بەرەی خۆیان دەدەن. کۆی ئەمانە کە بەرهەمی عەشقە، نەتەوە پێک دێت. مرۆڤایەتی بەرهەمی عەشقی جیهانی نەتەوەکانە (هەمان سەرچاوە).
نەتەوە زمان دەکاتە دیاری بۆ مرۆڤ، بۆ ئەوەی بتوانین قسە بکەین بیروڕای خۆمان بۆ ئەوان دەربڕیین، لە زمانێک کەڵک وەردەگرین کە نەتەوە پێی بەخشیوین (هەمان سەرچاوە).
لای ئەلێکساندەر دۆگین “دەوڵەت بوونەوەرێکی ڕژدە و بەهۆی ناچارییەوە پێک دێت، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە نەتەوە ناتوانێت هەمیشە عاشق بێت و هەندێکجار کەسێک نیازی پەلاماری هەیە، بۆ سەر ئەم حاڵەتە دەروونییە نەتەوە هێرش دەکات. بوونی دەوڵەت بۆ بەرگری لە نەتەوە بەرامبەر بەم هێرش و پەلامارانە پێویست و زەروورە” (هەمان سەرچاوە).
دۆگین و شاخی سربستان
دۆگین دەڵێت گەر ئێمە کەسانێکی وردبینین، ئاشقی ئاو، خاکی خۆمانین، لە دەنگەکانیان دەگەین و تێی دەگەین، ئەگەر فێربین لە دەنگی زەوی بگەین، بیستنی ئەوەی شاخەکان دەیڵێن لامان ئاسایی دەبێت. لە ١٩٩٢ لە سربستان جارێکیان تووشی تاقمێک لە سربەکان بووم، کە تا ئەو کاتە هەمووان خیانەتیان لێ کردبوون. کاتێک ئێمە وەستاین، پرسیارمان لێکردن، بۆ کوێ دەچن و چیتان دەوێت؟ گوتیان، دەچین ئەو شاخە بگرین. گوتمان، ئەو کێوەتان بۆ چییە. هیچی تێدا نییە، بەڵام لەوانەشە خاڵێکی ستراتیجی گرنگ بێت؟ ئەوان گوتیان، نا نا، ئەو کێوە لە ڕوانگەی ستراتیجییەوە هیچ گرنگییەکی نییە، بەڕاستی لەوێدا هیچ شتێک نییە. نە ئاو نە کارەبا، ئەمە تەنیا کێوی سربی ئێمەیە، ئەو کێوە بانگمان دەکات ڕزگاری بکەین. لەوێ ژمارەیەکی زۆر دەستە و تاقمی کرواتی جێگیر کراون و لەلای دەستەڕاستیش موسڵمانی بۆسنایی. ئێمە ئێستا دەچینە ئەوێ و لەوێ دەمرین.
ئەوان بۆچی چوون بۆ ئەوێ؟ دەکرێت بگوترێت: شێت بوون، بێ ئەقڵییان کرد. ئاخۆ ئەوان نەیاندەزانی کە مان و ژیانیان باشە، دەتوانن بخۆن و بخەون، بگەڕێن و کتێب بخوێننەوە و مێشولەکان لە خۆیان پاس بکەن؟ بەڵام ئەوان دەڕۆن و گیانی خۆیان بۆ ئازادی بۆ ئازادی ئەو کێوە بەخت دەکەن، چونکە کێوەکە بانگی کردوون. کێو پێی گوتن “وەرن، کوڕینە وەرن، من پێویستم بە مەرگی ئێوەیە، دەبێت خوێنی گەرمی سربی ئێوە بەسەر لێژاییەکانی مندا بێتە خوارێ”. کێو ئەمانەی پێ گوتن و ئەوان گوێیان لە دەنگی کێوەکە بوو، تێگەیشتن کە بەرەو لای خۆی بانگهێشتیان دەکات، بەڵێ، ئەمە شێتی نییە، ئەمە ڕاستییە (هەمان سەرچاوە).
ئەمە تێڕوانینی ئەلێکساندەر دۆگینـە، بەمجۆرە دەچینە ناو باسی “پرسی کوردستان” لە ڕوانگەی دۆگینەوە. دۆگین دەڵێت نەتەوە کۆمەڵە خەڵکێکن کە قەدەرێکی مێژووی بەیەکەوە کۆی کردوونەتەوە و یەکیان گرتووە. یەکبوونی ڕەگی ئەتنۆسی یاخود هاودینی گەلان ناکاتە نەتەوە، بەڵام قەدەر دەیانکاتە نەتەوە، بە دڵنیاییەوە زمان و کولتوور لەو بارەیەوە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن، بەڵام مێژوو لەلای خۆی هەموو شتەکان دادەپۆشێت. خەڵک لەبەر هۆکارێکی مێژوویی بە زمانێک قسە دەکەن و زمانی تر بەکارناهێنن. بە دڵنیاییەوە کورد نەتەوەن، پێکەوە گرێدراوی چارەنووسێکی مێژوویی، کولتوور و زمانیی هاوبەشیان هەیە.
لە پێکهاتەی ناسنامەی کوردیدا من هەستم بە شتێکی سەرنجڕاکێش کرد، ئەویش ئەوەیە کە “ئێزیدییەکان” زۆر بە قووڵی هەست بە ناسنامەی کوردی خۆیان دەکەن و کاری لەسەر دەکەن. ئێزیدییەکان لەنێو کورد دا کەمینەن، بەڵام ئەوان پێناسە یاخود نوێنەرایەتی دڵ و شێوازی نەتەوەی کورد دەکەن (کتێبی کوردستان دوای ئۆپەراسیۆنی موسڵ).
بە بڕوای دۆگین “ئێزیدییەکان گەوهەری ناسنامەی کوردیـن. چونکە ئەوان جێبەجیکار و پارێزەری ئەو شتەن کە دەتوانرێت بە “سیمبولی کورد” ناوبنرێت. دۆگین درێژە پێ دەدات و دەڵێت “کورد مێژووییەکی یەکگرتوویان هەیە. لەهەمان کاتیشدا نیشانیان داوە کە خەڵکێکن دەتوانن بەبێ دەوڵەتیش هەبن و بەشێک نەبن لەو گەلەی کە ماوەی سەد ساڵیشە لە نێویدا دەژین” (هەمان سەرچاوەی پێشوو).
دۆگین دەڵێت “لە سەردەمی پێداچوونەوەی سیاسی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەتی لە ماوەی دروستکردنی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەزن”ی ئەمریکییەکان کە کۆندەلیزا رایس لە ٢٠٠٢ ئاماژەی پێ کرد، پرسیارێک هاتە ئاراوە کە ئایا ئەمریکییەکان هاوکاری دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردیی دەکەن یان نا؟ لەو ساتەوە کە کۆڵۆنیالیزمی سیاسی نوێی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە دیارکەوت، بەڵام ئەمجارە لە جیاتی ئینگلیزەکان، ئەمریکییەکان بوون، ئەوان بڕیاریاندا نەخشەی نەتەوەیی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکێشنەوە و لەوەشدا نەخشەی دەوڵەتی کوردی بەدیارکەوت (هەمان سەرچاوەی پێشوو).
هەڵبەت لێرەدا دۆگین وا باسی ئەم بابەتە دەکات کە ئەمریکا هەڵدەستێت وەک ئامراز کورد بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت. لێرەدا ئێمە دەبێت ئەو ڕوونکردنەوەیە بدەین کە دەوڵەت مافێکی سروشتی نەتەوەی کوردە و دەبێت جیهان قەبوڵی بکات، نەک ئەوەی دەوڵەتی کوردستانی بابەتێک بێت، لە ململانێێ نێوان دەوڵەتەکانی تر لە ڕێگەیەوە کورد فریو بدرێت. ئەم دیدگایە زۆر ئایدۆلۆجییە و ئێمە تەنها باسەکەمان وەک خۆی وروژاند تا لە تێفکرینی دۆگین شارەزا بین.
دۆگین دەڵێت “ئێمە لەناو ئەو پلانە جیهانییە کوردییە داین کە کورد بریتین لە نەتەوە و بەدڵنییایەوە لە قۆناغی ئێستادا لەبەر ئەو هۆکارانەی خوارەوە ئەمریکییەکان لە هەوڵی ئەوەدان بیرۆکەی دەوڵەتی کوردستان بسازێت:
یەکەم، لە بواری ئابووریدا خاکی کوردانی باشوور دەوڵەمەندە بە نەوت.
دووەم، سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی هەموو عێراق دەکەونە ناوچە کوردییەکان، لەبەر ئەوە بەدڵنیایەوە کورد دەتوانن زۆر بەجددی ئیدارەی کاروباری سروشتی و ئیدارەی سیاسی ئەو جوگرافییە بکەن و لە یاریی جیۆسیاسیدا کۆمەڵێک بژاردەی لەبەر دەستی کوردن وەک:
- دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەی، دەتوانن سوود لە پشتیوانی ئەمریکا ببینن.
- پەسەندکردنی ناسنامەی کوردی بە دەستەبەرکردنی مافی ئۆتۆنۆمی بەبێ ئەوەی دەوڵەتی نەتەوەی دابمەزرێت (هەمان سەرچاوەی پێشوو).
دەتوانین بڵێین چارەسەرکردنی “پرسی کورد” دەبێتە یەکێک لە مەرجەکانی پێکهێنانی پەیکەری نوێی ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پرۆسە سیاسییە گەورەکانی جیهانی و بەیەکەوە کارکردن و پەیوەندی نێوان زلهێزەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی هەیە (بڕوانە فاکتەری کوردی لە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دانەر ئەبوبەکر.
دەتوانین بڵێن دۆگین لە باسی نەتەوە و بوونی نەتەوەی ڕووس، زۆر بە جوانی مانا دەداتە نەتەوەییبوونی خەڵکی ڕووس و مافی حوکمداری و حاکمیەت و دەوڵەتداری و زلهێزبوونی نەتەوەی ڕووس، بەڵام کاتێک دێتە سەر نەتەوەی کورد، لە زۆربەی بارودۆخەکان پڕۆژەی دەوڵەتی کوردی بە ئامرازی دەست ئەمریکاوە دەبینێت نەک وەک مافێکی نەتەوەی و سروشتی، ئەمەش تووشی پارادۆکسمان دەکات لە سەرەتا و کۆتایی هزر و ڕوانینی دۆگین بۆ پرسی کوردستان و کورد.
سەرچاوەکان
- تیۆری چوارەمی سیاسەت، ئەلێکساندەر دۆگین، وەرگێرانی ـ وریا غەفوری، ٢٠١٧.
- کوردستان دوای ئۆپەراسیۆنی موسڵ، کۆمەڵە نووسەر، ٢٠١٧.
- فاکتەری کوردی لە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دانەر ئەبوبەکر، چاپخانەی هەژار موکریانی، ٢٠٢٣.



