له ٦ی کانوونی دووەمی ١٩٢١دا، ته‌نها چه‌ند مانگێك پێش دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراق و به‌پێى بڕیارى حاكمى ئه‌و كاته‌ى عێراق؛ پێرسى زه‌خاریا كۆكس، جه‌یشى عێراق دامه‌زرێنرا.
له ٢٤ی ئایاری ٢٠٠٣دا، ته‌نها چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك پاش داگیركردنى عێراق، به‌پێى بڕیارى حاكمى ئه‌و كاته‌ى عێراق؛ لویس پۆل بریمه‌ر، جه‌یشى عێراق هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه.
له ٧ی ئابی ٢٠٠٣دا و به‌پێى فه‌رمانى ژماره ۲۲ى ده‌سه‌ڵاتى كاتیی هاوپه‌یمانان (CPA)، بڕیارى دامه‌زراندنى جه‌یشێكى نوێ بۆ عێراق درا.
ده‌ستوورى عێراق مادده‌یه‌كى له‌مه‌ڕ جه‌یشى عێراق داڕشتووه، به‌گوێره‌ى بڕگه‌ى یه‌كه‌مى مادده‌ى ۹‌ی ده‌ستوور: “هێزه چه‌كداره‌كانى عێراق و ده‌زگاكانى ئاسایش له پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق پێكدێن به ڕه‌چاوكردنى هاوسه‌نگیی ڕێژه‌ى نوێنه‌رایه‌تیكردنیان به‌بێ جیاوازى یان وه‌لاخستنى هیچ لایه‌ك و له‌ژێر ڕكێفى ده‌سه‌ڵاتى مه‌ده‌نییدا ده‌بێت و به‌رگرى له عێراق ده‌كات و نابێته ده‌زگایه‌ك بۆ داپڵۆسینى گه‌لى عێراق و ده‌ست وه‌رناداته كاروبارى سیاسی و ڕۆڵى نابێت له ئاڵوگۆڕى ده‌سه‌ڵاتدا”.
جه‌یشى عێراق سه‌ره‌تا لە بەغدا له فه‌وجێكه‌وه دامه‌زرا كه فه‌وجى ئیمام موساى كازم بوو، به‌ڵام پاش ده‌وروبه‌رى حه‌فتا ساڵ جه‌یشى عێراق بووه ماشێنێكى جه‌نگیى زه‌به‌لاح كه له نۆ له‌شكر و حه‌فتا و پێنج فیرقه‌ى جیاجیا و نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن چه‌كدار پێكهاتبوو. جه‌یشى عێراق خاوه‌نى ٧٠٠ فڕۆكه‌ى جه‌نگى و شه‌ش هه‌زار تانك و پێنج هه‌زار تۆپ و جبه‌خانه‌یه‌كى گه‌وره‌ى چه‌كى كیمیایى و بایه‌لۆجى و سه‌دان مووشه‌كى سكۆد و به‌رنامه و پیشه‌سازییه‌كى چه‌كسازیى تۆكمه بوو.
جه‌یشى عێراق له كۆتاییه‌كانى جه‌نگى یه‌كه‌مى كه‌نداو و ده‌مه‌ده‌مى داگیركردنى كوه‌یت‌دا، چواره‌م گه‌وره‌ترین سوپاى دنیا بوو.
جه‌یشى عێراق كه له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه له سه‌ره‌تای بیسته‌کانی سه‌ده‌ی پێشوو دامه‌زرێنرا، پاش ٨٢ ساڵ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و بڵاوه به یه‌که‌کانی کرا و له‌برى ئه‌و، بڕیارى دامه‌زراندنى جه‌یشێكى تر درا.
جه‌یشى عێراق جه‌یشێكى كوده‌تاچی بووه. سه‌ره‌ڕاى ئه‌نجامدانى چه‌ندین كوده‌تاى شكستخواردوو، به‌ڵام له ساڵه‌کانی ۱۹۳٦ (هاتنى به‌كر سدقى)؛ ۱۹٥۸ (ڕاگه‌یاندنى جمهوریه‌ت و هاتنى عه‌بدولكه‌ریم قاسم)؛ ۱۹٦۳ (كوشتنى قاسم و هاتنى یه‌كه‌مجاری قەومەچییە عەرەبەکان و به‌عسییه‌كان)؛ ۱۹٦۸ (هاتنه‌وه‌ى دووه‌م جارى به‌عسییه‌كان) تا داگیركردنى عێراق لەلایەن ئەمریکا، ڕۆڵێكى كاراى بینیوه و هه‌میشه ئه‌كته‌رێكى سه‌ره‌كى ڕووداوه سیاسییه‌كانى عێراق بووه.
جه‌یشی عێراق جه‌یشێكى تائیفى بووه. ئه‌گه‌رچى له سه‌ره‌تاوه ئینگلیزه‌كان هه‌وڵیاندا جه‌یشى عێراق هى هه‌موو پێكهاته‌كان بێت و به‌و هۆیه‌شه‌وه پێشتر کاریان بۆ ئه‌وه کردبوو له‌میانه‌ى هێزه‌كانى (لیڤى)یه‌وه عه‌ره‌بى شیعه، عه‌ره‌بى سوننه، ئاسورى و كورد به‌شدارى پێ بكه‌ن، به‌ڵام دواتر و به‌هۆی په‌راوێزخستنی کورد و شیعه، ورده ورده داموده‌زگاکانی حكومه‌ت و جه‌یش له سێگۆشه سوننییه‌كه‌ى عێراق‌دا قه‌تیس ما.
له ڕووى سیاسییه‌وه و به‌تایبه‌تیش له سه‌رده‌مى به‌عس‌دا، جه‌یشى عێراق دامه‌زراوەیەكى بێلایه‌ن نه‌بووه، بەڵکوو جه‌یشێكى ئایدۆلۆجیست بووه. به‌عس وه‌كوو سیستەمێكى تۆتالیتا‌ر و جیاواز له سیستەمه دیكتاتۆره‌كان، بۆ پاراستنى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى و پایه‌داركردنى، هه‌ر به‌ته‌نها پشتى به جه‌یش نه‌به‌ستبوو. چونكه هه‌روه‌كوو هانا ئارێنت ده‌ڵێت، هه‌ڵه‌یه گه‌ر وا دابنرێت سیستەمى تۆتالیتا‌ر هه‌ر به‌ته‌نها سیستمەێكى سەربازییە، ئه‌وه ڕاسته كه ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتاره‌كان وه‌كوو ده‌سه‌ڵاتێكى سەربازیی و پشتبه‌ستوو به سوپا خۆ ده‌نوێنن، به‌ڵام ئه‌م جۆره سیستەمانه كار له‌سه‌ر نابووتكردنى ئه‌خلاقى پیشه‌یى سوپا و ده‌ره‌جه‌داره‌کانی ده‌كه‌ن، ئه‌ویش له‌ڕێى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى سوپا و سه‌پاندنى شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت له ئایدۆلۆجیا كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ى سیستەمى ده‌سه‌ڵاته‌که خۆیه‌تی. بەکورتی، جه‌یشى عێراق له ده‌مى به‌عس‌دا، جه‌یشێكی به‌عسی بووه .
ئه‌گه‌رچی كورد له دامه‌زراندنی جه‌یشی عێراق هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ڕۆڵێكی شه‌ریفانه‌ی بینی و ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌فسه‌ری كورد ته‌نانه‌ت تا پاش وه‌ده‌ر‌نانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له كوردستان، له ڕیزه‌كانی جه‌یشدا خزمه‌تیان كرد، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی بیروڕای پفدراو به عه‌قڵی عێراقچێتی، جه‌یشی عێراق له‌لایه‌ن كورده‌وه نه‌ك هه‌ر جێگه‌ی په‌سندان و پیاهه‌ڵدان نییه، بەڵکو جه‌یشی ئیحتیلال بووه.
ئاشكرایه كوردستانی باشوور به زه‌بری چه‌ک و هێزی عه‌سكه‌ریی داگیركراوه، سوپای ئیمپریالیزمی به‌ریتانی به زۆری چه‌ک و دوور له خواستی دانیشتوانه‌كه‌ی، كوردستانی به عێراقه‌وه لكاند. له‌به‌رئه‌وه‌ش كه ده‌وڵه‌تی عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی هاته كایه، بۆیه نه له سه‌رده‌می پاشایه‌تی و نه پاش ئه‌و، ئاماده نه‌بووه دان به بوونی كورد وه‌ك گه‌لێكی جیا له عه‌ره‌ب بنێت. له هه‌مان سۆنگه‌وه جه‌یشی عێراق جه‌یشی سیستمه عه‌ره‌بییه حوكمڕانه جیاجیاكانی ده‌وڵه‌تی عێراق بووه.
له‌وه‌ته‌ى بزووتنەوەى چه‌كداریى كورد له ۱۹٦۱ـه‌وه سەری هەڵداوە، جه‌یشى عێراق سه‌رسه‌خترین دوژمنى داواكانى كورد و هێزى به‌رگریكارى كوردستان بووه. ڕاستییه‌كه‌ى جه‌یشى عێراق شانبه‌شانى داموده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانى تر‌ى ڕ‌ژێمى عه‌ره‌بیى عێراق، ماكینه‌ى قه‌لاچۆكردنى به‌رده‌وامى كورد بووه.
ئه‌وه قسه‌ی پێناوێت كه شانبه‌شانی جه‌یش، داموده‌زگا تۆقێنه‌ره‌كانی ئه‌من و ئیستخبارات ڕۆڵی به‌رچاویان له سه‌ركوتكردنی كورد و گه‌لانی تری عێراق‌دا بینیوه، به‌ڵام مه‌حاڵ بوو بێ بوونی دامه‌زراوەیەكی زه‌به‌لاحی وه‌كوو جه‌یش، پرۆسه‌ی قڕكردنی كورد به‌ڕێوه‌چووبایه. پێویست به پاساو هێنانه‌وه ناكات، جه‌یشی عێراق ئامرازی سه‌ره‌كی خاپووركردنی كوردستان و قه‌تڵوعامكردنی گه‌له‌كه‌ی بووه.
جه‌یشی عێراق جگه له‌وه‌ی جه‌یشێكی بێلایه‌ن نه‌بووه، له شه‌ڕی گه‌لی كوردستان‌دا خاوه‌ن هیچ به‌ڵێن و ئه‌خلاقێكی عه‌سكه‌رییش نه‌بووه، بۆیه هه‌میشه لای كورد وه‌كوو ده‌زگایه‌كی نامۆ و ترسناك، وێرانكه‌ر و قێزه‌ون ته‌ماشا كراوه.
له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی كه به‌هۆی سیاسه‌ته چه‌وته‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه له چه‌ند ساڵی پێشوودا گه‌لانی عێراق ڕووبه‌ڕووی بوونه‌وه، به‌ڵام ده‌شێت بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جه‌یشی عێراق له‌لایه‌ن “پۆڵ برێمه‌ر”ـەوە به یه‌كێك له بڕیاره بوێر و مێژووییه‌كان هه‌ژمار بكرێت.
به‌داخه‌وه سەرکردایەتیی سیاسیی كورد نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانی له‌م هه‌نگاوه گرنگه تێبگات، به‌ڵكوو به‌هه‌مان شێوه‌ی قه‌ومەچییه عه‌ره‌به‌كان و بێ وه‌رگرتنی وانە له ڕابردوو، ئه‌میش كه‌وته داوی ئه‌و هاشوهوشه‌ی كه پێی وابوو نه‌ده‌بوا جه‌یش هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌ش نا، له دووباره دامه‌زراندنه‌وه‌ی جه‌یشی عێراق‌دا، كورد هیچ كۆت و به‌ندێكی نه‌بوو.
له‌وه‌ته‌ی جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گەلی كوردستان له عێراق سەری هەڵداوە، زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری عه‌ره‌ب به چاوی خائین و نۆكه‌ری بێگانه له كورد ده‌ڕوانن. ئه‌م دیده پان-ئیسلامییەـقه‌ومییە-عه‌ره‌بییه ڕه‌گوڕیشه‌ی مێژوویی هه‌یه. عه‌ره‌به‌كان له چڵه‌پۆپه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا، سه‌ره‌ڕای كورد هه‌میشه به چاوی گومان و بێگانه ته‌ماشای نه‌ته‌وه و كه‌مینه ئیتنی و ئاینییه‌كانی وه‌كوو كورده‌كانی عێراق و سووریا، مارۆنی و ئۆرتۆدۆكسه‌كانی لوبنان، قیبتییه‌كانی میسر، ئەمازیغەکانی جه‌زائیر و تونس و مه‌غریب، فه‌له‌كانی سووریا و سوودان و ئوردون و عێراق و ئه‌نیمیسته‌كانی سوودان‌یان کردووه و هه‌وڵیانداوه ته‌عریبیان بکه‌ن. له سه‌رده‌مانێکی کۆنه‌وه عه‌ره‌به‌كان میلله‌تانی تری ناو قه‌ڵه‌مڕۆی ده‌وڵه‌تی خەلافه‌تی ئیسلامیی جاران و نیشتیمانی عه‌ره‌بیی ئێستا، به ده‌سنده‌خۆری خۆیان تێده‌گه‌ن.
ئه‌م تێڕوانینه شۆڤێنییه كه پێشتر به‌عسییه‌كان له تیۆر و پراكتیكدا به زه‌قترین شێوه گوزارەیان لێ ده‌كرد، هێشتا لای زۆرێك له سه‌رانی عه‌ره‌بی عێراق درێژه‌ی هه‌یه. بۆیه وه‌کو ئامرازێکی سیاسیی دووباره و هه‌روه‌کوو جاران، جه‌یشی عێراق تا دێت دەبێتەوە به ئه‌کته‌ره ناشرینه‌که و تا ئێستا و له چه‌ند بۆنه‌یه‌کی جیاجیادا دژی گەلی کوردستان و ناوچه کوردستانییه‌کانی گه‌رمه‌سێر، که‌رکووک، مەخمور و کەندێناوە و ده‌وروبه‌ری موسڵ و شنگال و زومار و ده‌وروبه‌ری، هەمان ڕۆڵی جەیشی عێراقی بەعسی گێڕاوە.
ئه‌وه گرنگ نییه كه ئێمه‌ی كوردستانی چه‌ند ئه‌فسه‌ر و كام پۆستی ناو جه‌یشمان پێ ده‌بڕێت، ئاخر به‌درێژایی مێژووی جه‌یشی عێراق كورد ئاماده‌ییه‌كی به‌رچاوی هه‌بووه له‌و دامه‌زراوه‌دا، كه‌چی نه‌مانبینی له شه‌ڕی دژ به كورد، جه‌یش بۆ ته‌نها جارێكیش ساتمه بكرێت.
ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی گرنگ بوو كوردستانیان بیانكردایه‌ته مه‌رج بۆ به‌شداریكردن له دووباره دامه‌زرانه‌وه‌یدا، پێش هه‌ر شتێك جه‌یش په‌یمان بدات كه نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک و له هیچ بارودۆخێكدا جارێكی تر شه‌ڕی كورد بكات و کوردستان داگیر بکات. ده‌بێت جه‌یشی عێراق یه‌ك ئه‌ركی سه‌ره‌كی هه‌بێت، ئه‌ویش به‌رگریكردنه له عێراق له كاتی هێرش و په‌لاماری بێگانه‌دا. جگه له‌وه‌ش ده‌بوا كورد هه‌ر زوو له كاتی كڕینی چه‌ک و جبه‌خانه‌دا، وڵاتانی چه‌كفرۆشی بهێنایه‌ته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه بیكه‌نه مه‌رج به‌سه‌ر عێراق تا به هیچ بیانوویه‌ك جه‌یشەکەی لە دژی دانیشتوانه‌كه‌ی خۆی به‌كار نه‌هێنێته‌وه.
شه‌شی کانوونی دووه‌م بۆ کوردستانیان نه‌ک هەر بۆنەیەک نییە بۆ یادکردنەوە، به‌ڵکوو یاده‌وه‌رییه‌کی تاڵ و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئیحتیلاله.