سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

زمانی ستانداردی نەتەوەی کورد

زمان توخمێکی سەرەکی پێکهێنانی نەتەوەیە و یەکێکە لە کۆڵەگەکانی ڕاگرتنی وڵات. زمان هاوشانی خاک و مێژووی هاوبەش و کولتوور و توخمەکانی تر، ڕۆڵی لە بونیاتنانی نەتەوەدا بینیوە. نەتەوەی کورد خاوەنی یەکێک لە زمانە هەرە بەهێزەکانی جیهانە، نەک تەنها لەبەر ئەوەی ئێستا ژمارەی وشەکانی لە گووگڵ‌دا زیاترە لە هی زمانی تورکی و عەرەبی و فارسی، بەڵکوو هێزی زمانی کوردی لەمانەوە و خۆڕاگریەکەی دایە. لەبەرامبەر چەندان سەدە داگیرکاریی و ژێردەستەیی کورد و پیلانەکانی داگیرکەرانی کوردستان؛ زمانی کوردی هەر بە پتەوی ماوەتەوە.

ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتەکان توانیویانە زمانی نەتەوەکانیان بپارێزن و بەزیندوویی بیهێڵنەوە، ئەم ڕاستییە لە مێژووی کوردان‌دا بەجۆرێکی ترە. لەوەتەی دەوڵەتی ماد ڕووخاوە؛ کورد دەسەڵات و دەوڵەتی سەربەخۆی نەبووە، میرنشینە کوردییەکان تەمەندرێژ نەبوون. کۆماری کوردستان لە مەهاباد زوو کۆتایی پێ هێندرا؛ ئەزموونی چوار ساڵەی (١٩٧٠-١٩٧٤) ئۆتۆنۆمی باشووری کوردستان نەپڕژاوەتە سەر ئەم پرسە و ڕەنگە بەهەندیشی وەرنەگرتبێت؛ قەوارەی هەرێمی کوردستان‌یش جگە لە چەند هەوڵێکی پچڕپچڕ، هەنگاوێکی ئەوتۆی نەناوە. لە ئێستادا پارچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی دەسەڵاتی خۆماڵی نین، ڕۆژاڤای کوردستان‌یش سەرقاڵی کێشە سیاسییەکانە. کەواتە لە هەموو سەردەم و قۆناغەکانی ڕابردوودا؛ دەسەڵاتی کوردی فریای دانانی زمانی ستانداردی کوردی نەکەوتووە و دەرفەتی بۆ نەڕەخساوە، یان وەک پێویست خەمی لێ نەخواردووە و بەهەندی وەرنەگرتووە.

لەکوێوە دەست پێبکرێت؛ کێ بەم ئەرکە هەڵسێت؛ هەنگاوەکان چین؟ پرسیارگەلێکن کە وەڵامەکانیان لە پەیوەند بە زمانی ستانداردی کوردی گرنگن. ئەگەر ئەم بابەتە لەلایەن کوردانی پسپۆڕی زمانی کوردی لە دیاسپۆراوە دەست پێ بکرێت، دواجار بۆ بەکارهێنان و سەپاندنی زمانەکە؛ هەر دەبێت لەسەر خاکی کوردستان تاقی بکرێتەوە، چونکە زمانی ستاندارد بۆ ناوخۆی نەتەوە دادەنرێت؛ نەک بۆ هەندەران. گریمان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان هەنگاویان بۆ دانانی زمانی ستانداردی کوردی ناو سەرکەوتوو بوون، ئەی چۆن لە پارچەکانی تری کوردستان‌دا جێگیر بکرێت؟ بەدڵنیاییەوە دانانی زمانی ستاندارد؛ پێویستی بە پسپۆڕان و ئەکادیمیست و شارەزایانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت، بەڵام تەنیا دەسەڵاتێکی کوردی دەتوانێ بیخاتە بواری کار پێ کردنەوە.

ئینجا لێرەدا ئاڵۆزیەک دەبیندرێت، گریمان بە بڕیار و یاسا ئەو زمانە فەرمییە ستانداردە کوردی‌یە وەک زمانی ئەدەب و هونەر و زانست و خوێندن و نووسین و سیاسەت و ڕۆشنبیری لە هەرێمی کوردستان ناسێندراو کاری پێکرا، ئەدی لە پارچەکانی تری کوردستان‌دا بە کام میکانیزم ڕەوایەتی پێ بدرێت و بە فەرمی بەکاربهێندرێت؟ هەڵبەت ئەمە کۆسپە گەورەکە نییە، لەبەرئەوەی لە گریمانەی لەدایکبوونی زمانی فەرمی ستانداردی کوردی لەسەر دەستی پسپۆڕانی سەرجەم زانکۆکانی کوردستان و کوردانی دیاسپۆرا؛ هەرهێندە لە باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان وەک زمانی خوێندن و نووسین و ڕاگەیاندن و زانکۆ و ئەدەب و هونەر پیادە کرا، لەدواڕۆژدا کاریگەریی بۆ سەر هەردوو پارچەی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان‌یش دەبێت و دواجار شوێنی خۆی لەوێش دەکاتەوە.

زمانی کوردی  لە چەند دیالێکت و شێوەزارێکی جیاواز پێک دێت. ئایا بنەما و ڕێزمان و ڕێساکانی ئەو زمانە فەرمییە ستانداردە کوردیە پشت بە کامیان دەبەستێت؟ ئەم وەڵامە لای پسپۆڕان دەبیندرێتەوە، ئەوان دەتوانن ڕاڤە و شیکار و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن. بەڵام ئەوەی بەزەقی دەبیندرێت و دەتوانین پێشبینی بۆ بکەین، بریتییە لە تێکهەڵکێش کردن و ئاوێتەکردن و سوودبینین لە هەموو دیالێکتە سەرەکییەکانی زمانی کوردی (کرمانجی سەروو، کرمانجی ناوەڕاست، کرمانجی خواروو، پێکهێنەرەکانی تری زمانی کوردی). واتە، ڕەچاوکردنی سروشتی هەریەک لەو دیالێکتانە؛ ئینجا کاریگەرییان بەسەر کۆی بنەماکانی دانانی زمانە فەرمییە ستانداردەکە بەهەند وەربگیرێت. بەواتایەکی تر نابێت پێوەری زۆری و کەمی ژمارەی قسەپێکەرانی دیالێکتێک بکرێتە بناغەی سەرەکی بۆ داڕشتنی ڕێزمان و ڕێسا و دەنگ و فۆنەتیکی زمانە ستانداردەکە. ئەم وردەکارییە تەنها ئەکادیمیستەکان دەتوانن قسەی لەبارەوە بکەن و یەکلایی بکەنەوە.

لە تورکیا یەک زمانی ستانداردی فەرمی تورکی هەیە، لە ئێران‌یش بەهەمان شێوە، تێکڕای وڵاتانی عەرەب‌یش یەک تاکە زمانی ستانداردیان هەیە؛ ئەگەرچی دانیشتوانی هەر وڵاتێکیان بە جۆرێکی جیاواز لەوانی تر قسە دەکەن. زمانی قسەکردن و مامەڵەی ڕۆژانەی خەڵک “زمانی شەقام”، “زمانی بازاڕ”، “زمانی گشتی” لە هەر وڵاتێکی عەرەبی‌دا بەجۆرێکە و تەنانەت ناوچە و شارەکانیشیان شێوەزاری جیاوازیان هەیە، بەڵام لەسەرتاسەری وڵاتانی عەرەبی‌دا؛ یەک زمانی فەرمی ستاندارد هەیە، کە زمانی خوێندن و نووسین و ڕاگەیاندن و ئەدەب و هونەر و ئەکادیمیا و ڕۆشنبیری و سیاسەت و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانە. واتە یەک زمانی ڕێکخراو هەیە و هەمووان لێی تێدەگەن و دەتوانن لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا سوودی لێ ببینن. ڕێنووسی ئەو زمانە فەرمییە بە پیتەکانی”ئەلفوبێ”ی عەرەبییە، ئەمەش کارئاسانییەکی بۆ ڕێزمان و ڕێساکانی زمانەکە کردووە تاوەکوو لەگەڵ دەنگ و فۆنەتیکی تایبەت بەخۆیان یەکانگیر بێت.

ڕەنگە لێرەدا گرفتێک بێتە پێشەوە، دەگوترێت شێوەزار و دیالێکتەکانی زمانی کوردی زۆر جیاوازن و ڕێزمانی هاوبەشیان نییە، بۆیە زەحمەتە بتواندرێت یەک زمانی ستانداردی لێ وەبەر بهێندرێت. ئەم گرفتە زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتر نیشاندراوە، دەتوانین دیسان وەک نموونە سەیری زمانی عەرەبی بکەینەوە، بە سەرنجدان لە دیالێکت و شێوەزارە لۆکاڵییەکانی وڵاتانی عەرەبی؛ دەبینین جیاوازی دەنگ و فۆنەتیک و قسەکردنیان هێندە زۆرە، کەچی ئەم جیاوازییە نەبووەتە ئاستەنگ لەبەردەم بوونی یەک زمانی فەرمی ستانداردی سەرتاسەری لە وڵاتانی عەرەبی‌دا. بێگومان بەو ئەندازەیەش دیالێکت و شێوەزارە لۆکاڵییەکانی کوردستان جیاوازیان هەیە و ڕێزمانی چوونیەکیان نییە و کۆسپێکی هەستپێکراون لەبەردەم سەرهەڵدانی یەک تاکە زمانی فەرمی ستاندارد، کە بتواندرێت ببێت بە زمانی هەموو کایە و بوارەکانی ژیانی نەتەوە لە کوردستانی گەورەدا، لەگەڵ ئەمەشدا کارێکی ئەستەم نییە و بەهەوڵدانی بەردەوام دێتەدی.

شەش سەدە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەدەیەکیشە کۆماری تورکیا خاوەن دەسەڵاتێکی ناسیۆنالیستی تورکیی  بەهێزە لەناوچەکەدا، بەڵام هێشتا زمانی فەرمی و ستانداردی تورکی لەئاستی توانای دیالێکتەکانی زمانی کوردی‌دا تۆکمە نییە. ئەگەر سەرنجی زمانی فارسی بدەین، ئەوا لاوازی زمانەکە بەبەراورد بە هەر کامێک لە دیالێکتەکانی زمانی کوردی بەئاسانی دەبینین. کاریگەریی ئەدەب و هونەری کوردی بەسەر هەردوو ئەدەب و هونەری فارسی و تورکی دیارە و کەس ناتوانێ نکۆڵی لێ بکات.

لەو کاتەوەی زمانی ستانداردی کوردی لەدایک دەبێت، دەتواندرێت لە سەرتاسەری هەر چوار پارچەکەی کوردستانی گەورەدا و لە دیاسپۆراش ببێت بە زمانی زانست و خوێندن و نووسین و ڕاگەیاندن و ئەدەب و هونەر و سیاسەت و ڕۆشنبیری. هاوکات خەڵکی پارچەکانی کوردستان و شار و دەڤەر و ناوچەکان بۆ ڕایی کردنی ژیانی ڕۆژانەیان هەر بە شێوە زارەکانی لۆکاڵی خۆیان بدوێن و دەستبەرداریان نەبن. دانانی زمانی ستانداردی نەتەوەیی کوردان؛ نابێتە جێگرەوەی شێوەزارە لۆکاڵییەکان و نایان سڕێتەوە. جیاوازی نێوان زمانی ستانداردی ئینگلیزی و شێوەی قسەکردنی خەڵکی وڵاتە قسەپێکەرەکانی ئەو زمانە جیهانییە ناچوونیەکن، بەڵام هێشتا زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمی و زاڵە و شێوەزارەکان لاوازی نەکردووە.

دەیان ئەزموونی زمانی ستانداردی تاقیکراوە لە جیهاندا هەن و هاوشانیان زمانی لۆکاڵی و شێوەزاری ناوچەیی هەن، بەبێ ئەوەی کاریگەریی نەرێنی کردبێتە سەر ناوەڕۆکی زمانی ستانداردەوە. وەک پێشنیازێک؛ دەشێ لە هەرێمی کوردستان؛ یان لە ڕۆژاڤای کوردستان؛ یاخود لە دیاسپۆرا؛ زنجیرەیەک دیدار و کۆنفرانسی زانستی وەک سەرەتایەک بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا و دانانی نەخشەڕێگای ئەکادیمی بۆ ئەم پرسە نەتەوەییە ئەنجام بدرێن.

ئەم پرسە هەستیارە بابەتێکی تەواو ئەکادیمی و زانستییە و پسپۆرانی زمانی کوردی دەتوانن ئاڵوگۆڕی زانیاری و بۆچوونەکانیان بکەن. ئەگەر بەرژەوەندی و ئەجێندای سیاسی خۆی نەخزێنێتە نێو هەوڵ و پڕۆژە و چالاکییەکان، سەرەنجام ئەکادیمیستەکان دەتوانن لە کۆتاییدا بگەن بە فۆرمێکی یەکانگیری زمانی ستانداردی کوردی. ئەم بەرەنجامە ئەستەم نییە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوای هەوڵ و کۆششی درێژخایەن بەئاکام دەگات. پەیوەندی پڕۆژەی دانانی زمانی ستانداردی کوردی لەگەڵ کایەی سیاسەتی کوردستانی‌دا بەیەکتری نامۆ نین، چونکە بزاڤی ڕزگاریخوازی هەر چوار پارچەی کوردستان لەمیانەی خەبات و تێکۆشانی سیاسیدا؛ جەختیان لەسەر پارێزگاریکردن لە زمانی کوردی و مافی بەکارهێنانی زمانی دایک لە کوردستان کردۆتەوە. یەکێک لە دروشم و داواکاری و خواستی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان؛ بریتی بووە لە مافی بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی وەک زمانی”دایک، زگماک، سکماک” بۆ خوێندن و نووسین و بابەتی ئەدەب و هونەر و زانست لە هەر پارچەیەکی کوردستان‌دا.  

پێویستە سەبارەت بە لەدایکبوونی زمانی ستانداردی کوردی گەشبین بین. زمانێک توانیبێتی لەماوەی چەندین سەدە بەتۆکمەیی بمێنێتەوە و لەژێر فشارەکانی داگیرکەراندا لاواز نەبێت و بگرە هەنگاو بە هەنگاو بەهێزتریش بێت، زۆر ئاساییە سەرباری جیاوازی زۆری نێوان دیالێکت و شێوەزارەکانی؛ بگات بە فۆرمێکی نوێی سەرتاسەری و سەرهەڵدانی زمانی ستاندارد. زمانی کوردی لە ماوەی دوو سەدەی ڕابردوودا کەوتبووە ژێر کاریگەریی زمانەکانی نەتەوە سەردەستەکان و  لە دەقە ئەدەبییەکانی ئەو سەردەمەدا بەڕوونی دەبیندرا. لە ئێستادا کاریگەری زمانی تورکی و فارسی و عەرەبی لەسەر زمانی کوردی و دیالێکتەکانی نەک هەر زۆر کەمبۆتەوە، بەڵکوو دەگمەن و هەست پێ نەکراوە. بە سەیرکردنی دەقی ئەدەبی و هونەری و شێوازی نووسین و زمانی میدیای کوردی، هەست بە نەمانی کارتێکردنی زمانی نەتەوە سەردەستەکان دەکەین. ئەوە لەکاتێکدا بۆ لەناوبردنی زمانی کوردی و سڕینەوەی لە ئەندێشەی کورداندا؛ زۆرترین فشاری داگیرکەران لەماوەی سەدەی نۆزدە و بیستەمدا بووە.

زمانی کوردی لەماوەی زەبروزەنگی داگیرکەراندا پاشەکشێی نەکردووە و لەجاران تۆکمەتر بووە. ئەو زمانە کوردییەی ئێستا لە باشووری کوردستان‌دا بەکاردەهێندرێت، زۆر پێشکەوتووترە لەو ئاستەی لە سەرەتای بەزۆر لکاندنی بە عێراقی عەرەبیەوە بەکاردەهات. ئەمە نیشانەی هێز و پتەوی زمانی کوردییە، کە توانیویەتی سەرباری فشاری بەعەرەبکردن، هەمیشە خۆڕاگر بێت و بەرەوپێشەوە بچێت. ڕەوتی تۆکمەبوونی زمانی کوردی لە پارچەکانی تریش؛ هاوتەریبی باشوور گەشەی کردووە. لەگەڵ دروست بوونی کۆماری تورکیا؛ بەفەرمی زمانی کوردی قەدەغە کراوە، کەچی توانای زمانی کوردی لە باکووری کوردستان زۆر پێشکەوتوو ترە لە سەد ساڵ پێش ئێستا، هەرچەندە لە خوێندن و نووسین و ئەدەب و هونەریشدا بەکار ناهێندرێت. هەمان دۆخی پەرەسەندنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاڤاش ڕوون و ئاشکرایە، ئەگەرچی داگیرکەران بە فەرمی بەکارهێنانی زمانی کوردیان قەدەغە کردبوو.

ئەمانە بەڵگەی سەلمێنەری هێز و کاریگەری و زیندوویی زمانی کوردییە لە هەر چوار پارچەکەی کوردستانی گەورەدا.گەشبینی بۆ گەیشتن بە یەک زمانی ستانداردی کوردی بۆ هەموو کوردانی جیهان، پشت ئەستوورە بەم هێزە پتەوەی زمانی کوردی. کەواتە هیچ کۆسپ و ئاستەنگێک ناتوانێ ڕێگر بێت لەبەردەم دانانی زمانی ستانداردی کوردی. دەبێت ئەو ڕاستیە زەق بکرێتەوە، کە زمانی کوردی جگە لەوەی توخمێکی سەرەکیە لە نەتەوەسازییدا، ڕووی پرشنگداری ناسنامەی کوردستانییبوونیشە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO