ئەمە بابەتی لێکۆڵینەوەیەکی دوور و درێژە، بەڵام لێرەدا بە کورتی هەندێک خاڵ باس دەکەم و بەهیوام ببێتە دەروازەیەک بۆ ئەوەی لە کوردستان دژی ئیخوان موسلمین و مەترسییە ئایدیۆلۆجییەکانی، خەباتی بنچینەیی بگیرێتەبەر، بەتایبەت لە دۆخی ئێستادا وا منداڵەکانی ئیخوان خەریکی قڕکردنی کوردن لە ڕۆژاڤا.
حەسەن ئەلبەننا لە ١٩٢٨ ئیخوان موسلمین لە میسر دادەمەزرێنێت، وەک ئایدیۆلۆجییەکی ئیسلامی تا ببێتە ڕێبەری سیاسەت، کۆمەڵگە و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی. هەمیشە لە گوتاری باودا وا دەرکەوتووە کە ئیخوان موسلمین مۆدێلێکی میانەڕەوی سیاسەتکردن بێت، بەڵام بە وردبوونەوە لە مێژووی سەرهەڵدانی، تێدەگەین سەرەتاکانی بە خەونی فاشیزمی موسۆلینی و پاشان نازیزمی هیتلەریی دەچێتە پێشەوە، دوو توندڕەوترین و ترسناکترین فۆرمی سیاسەت. پاشانیش چۆن لە منداڵدانی ئیخوانەوە حەماس، ئەلقاعیدە و داعش و ئەمڕۆش سوڵتانی تیرۆریستان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لەدایک دەبێت. ئیخوان وا سەرهەڵدەدات خاوەن خەون و خولیایەکی ئیسلامییانەی سەرو-نەتەوەیی بێت، بەڵام هەر ئەم ئایدیۆلۆجییە کاریگەریی ئێجگار ترسناکی لەسەر ناسەقامگیرکردن و لەناوبردنی هۆشیاریی نەتەوەیی نەتەوە بێدەوڵەتەکانی ناو جیهانی ئیسلامیی، بەتایبەتی لێرەدا کورد، دەبێت. وا دەکات خەبات بۆ سەربەخۆیی بگۆڕێت بۆ خەبات و قوربانیدان بۆ ناسنامەیەکی چوونیەککراوی ئیسلامیی، بەڵام بەڕابەرایەتیی عەرەب و پاشان تورک. لە کوردییدا دەگوترێت: گورگ لە پێستی مەڕدا. ئیخوان بۆ نەتەوەی بێدەوڵەت وەک گورگ لە پێستی مەڕدا دێت، بەڵام هاوکات بە ڕووخسارە گورگییەکەشییەوە دێت، جەنگی داعش لەسەر کوردستان.
تەریبە ئایدیۆلۆجییەکانی ئیخوان لەگەڵ نازیزم و فاشیزم
خەونی ئیخوان بە هیچ جۆرێک میانەڕوانە نییە، بەڵکوو لە بنەڕەتەوە خەونە بۆ حوکمی تۆتالیتارییانەی سەرتاپاگیریی دیکتاتۆریی، کتومت هاوشێوەی نازیزم و فاشیزم. سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ئیخوان موسلمین هاوشانە لەگەڵ گەشەی فاشیزم لە ئیتالیا. ئەلبەننا موسۆلینی وەک کەسێک دەبینێت کە بنەماکانی ئیسلام جێبەجێ دەکات. لێکچوونە ئایدیۆلۆجییەکانیان تەواو ڕوون دەبنەوە، بەمجۆرە:
یەکەم، ئەنتیسێمیتیزم (دژە-سامییبوون): ئیخوان موسلمین بنەماکانی ئیسلامی کۆن و ئایدیۆلۆجیا و پڕوپاگەندەی نازیی لە پەیوەندی بە جووەکانـەوە ئاوێتەی یەکتر دەکات. جووەکان بە پیلانگێڕانی نێودەوڵەتیی و لەناوبەری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان سەرزەنشت دەکات. ئەم ئایدیۆلۆجییە ئیسلامیی-نازییەش بە قووڵیی ڕەنگدانەوەی لە نامیلکەکەی سەید قوبت «جەنگی ئێمە دژی جووەکان» (١٩٥٠)دا ڕەنگدەداتەوە کە تێیدا جووەکان بە دوژمنانی ئەبەدیی ئیسلام و دوژمنانی دەوڵەت و کۆمەڵگە لەقەڵەم دەدات، هەم دەنگدانەوەی ناوەڕۆکە نازییەکان و هەم قەرزی ڕاستەوخۆش لە هیتلەر دەکات.
دووەم، پێکهاتەی دەسەڵاتخوازییانەی دیکتاتۆریی: ڕێکخستنی قووچەکییانە و میلیشیایانەی ئیخوان موسلمین ڕەنگدانەوەی مۆدێلی فاشیزمە بۆ کۆنتڕۆڵی لەناوەندییخراو (نەبوونی سوپایەکی نیشتمانیی بە دروستکردنی میلیشیای بچووک بچووک) و گوێڕایەڵیی بێکۆت و بەند و ڕاستەوخۆ. نووسراوەکانی حەسەن ئەلبەنا جەختکردنەوەن لەسەر پێداویستیی هەبوونی پێشەنگێک بۆ ڕابەرایەتییکردنی کۆمەڵی موسڵمانان، هەمان ئایدیای حوکمێکی دەستەبژێران لەنێو نەریتی فاشیستیی-نازییدا.
سێیەم، ڕابەرایەتیی کاریزمانیی: هاوشێوەی نازیزم و فاشیزم، ئیخوان موسلمینیش پەنا دەباتە بەر ڕێوڕەسم و کەلتی پەرستنی کەسایەتیی لە دەوری ڕابەراندا تا وا بکات وەفاداریی و خۆقوربانییکردن و خۆتەرخانکردن لەنێو لایەنگراندا بکاتە بنچینەی چەسپاو.
ئیخوان موسلمین وەک منداڵدانی تیرۆریزم
جۆن هۆرگان لە کتێبەکەیدا بەناوی مێشکە تیرۆریستییەکان ڕۆدەچێتە نێو ئەو میکانیزمە سایکۆلۆجییانەی پاڵ بەتاکەکانەوە دەنێن بەرەو پەڕگیریی توندوتیژانە و تیرۆر بڕۆن. لەم ڕووەوە ڕۆشنبیرانی ئیخوان موسلمین بەشداریی لە تیرۆریزمی ئیسلامییدا دەکەن و ئەمەش دەبێت بەقووڵیی بەسەر بکرێتەوە. لێرەوە هەوڵدەدەم بە سێ خاڵ ئەم ڕۆڵگێڕانە شی بکەمەوە:
یەکەم، بنچینەی ئایدیۆلۆجییانەی جیهادیزم: سەید قوتب، ڕابەری تیۆریی و ئایدیۆلۆجیی ئیخوان موسلمین، بنچینەی ئایدیۆلۆجیی بۆ سەرجەمی گرووپە تازە جیهادییەکانی ئەمڕۆ دابین دەکات. کتێبەکەی “نیشانەکانی ڕێگا” (معالم في الطریق)، کۆمەڵگە هاوچەرخە ئیسلامییەکان دەخاتە نێو دۆخی نەزانییەوە (جاهیلییە) و دەڵێت تەنها شۆڕشێکی توندوتیژ دەتوانێت حوکمی ئیسلامیی دابمەزرێنێتەوە. ئەمەش هەمان ئەو ئایدیۆلۆجییەیە ڕاستەوخۆ ئەلقاعیدـەی لەسەر دامەزراوە، هەڵبەت پاشان داعش.
دووەم، خراپ قۆستنەوەی نیگەرانیی و دۆخی ناڵین: گوتاری ئیخوان موسلمین خەریکی ڕاوکردنی هەست و سۆزەکانی کەسانی چەوساوە و بێدەسەڵاتکراوەکانی موسڵمانانە، بەتایبەت ئەو کۆمەڵگە ئیسلامییانەی بە کۆمەڵگەی پاش-کۆلۆنیال ناودەبرێن. ئیخوان موسلمین لەڕێگەی دانانی ئەم نیگەرانیی و دۆخی ئازار و ناڵینانە لەناوەوەی گێڕانەوە و حیکایەتێکی ئایینییانەی خەبات و جیهاددا، دەبێتە باشترین ڕێگەی پرۆسەی ڕادیکاڵیزەکردن و توندڕەوکردن و بەتیرۆریستکردنی تاکی موسڵمان.
سێیەم، ڕێگە بەرەو توندوتیژیی: لە کاتێکدا لە دۆخە ئارامەکاندا، یاخود لەو ژینگانەی تێیاندا تیرۆریزم زیان بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت و قوربانیی لێ دەکەوێتەوە و تیرۆریزم ڕووخسارێکی خۆشویستراوی نابێت، بۆ نموونە لێرەدا کۆمەڵگەی کوردستان، ئیخوان موسلمین هەوڵدەدات خۆی لە کردەوەی تیرۆریستیی جیابکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا لق و پۆپەکانی ئیخوان، وەک حەماس، ئەلقاعیدە و پاشان داعش و ئەمڕۆش تەحریری شام، لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوە لێرەن تیرۆر شکۆمەند بکەن و توندوتیژیی وەک جەوهەری مرۆڤ پێناسە بکەنەوە. ئەمەش یەکێکە لە ڕەهەندە ترسناکەکانی ئیخوان موسلمین کە وای لێ دەکات خاوەن دووانە ئاراستە بێت (dual approach). واتا هەم ڕەوایەتیی خۆی وەک بزووتنەوەیەکی مەدەنیی ڕیفۆرمخواز بپارێزێت و هەمیش لە هەمانکاتدا لە بنەڕەتەوە تۆڕێک بێت بۆ بەرهەمهێنانی تیرۆر.
لەناوبردنی هۆشیاریی نەتەوەیی لای نەتەوەی بێدەوڵەت
موراڤیچ لاورێن، بیرمەندی فەڕەنسیی، لە کتێبە گرنگەکەیدا بەناوی مێشکی جیهاد، باس لەوە دەکات چۆن بزووتنەوە ئیسلامییەکان خەون و پاڵنەرە نەتەوەیی و ناسیۆنالیستییەکانی گرووپ و نەتەوە ژێردەستەکان لەناو دەبەن و لەپاڵیدا ناسنامەیەکی ئیسلامییانەی سەروو/بان-نەتەوەییان پێ دەبەخشن. بۆ نموونە، لاورێن باس لە کورد، بەڵام بێ ئەوەی بچێتە ناو قووڵایی بابەتەکەوە، من لێرەدا باسی دەکەم. ئایدیۆلۆجیای ئیخوان موسلمین ڕاستەوخۆ یەکێکە لە ترسناکترین هەڕەشەکان لەسەر ناسنامەی مرۆڤی کورد:
یەکەم، سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی: ئیخوان موسلمین جەخت لەسەر ئوممە (کۆمەڵی جیهانیی موسلمانان) دەکاتەوە، ڕەوایەتیی ناسنامە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی نەتەوەی بێدەوڵەت و ژێردەست ژێرپێ دەخات و لە ڕەوایەتییان دەخات. بۆ نموونە، ناسیۆنالیزمی کوردیی هەمیشە لەلایەن ئایدیۆلۆجیای ئیخوان موسلمینـەوە وەک نائیسلامیی یاخود دەستەخوشکی زایۆنیستیی لەقەڵەم دەدرێت و خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی وەک ڕەهەندی تێکدەری کۆمەڵی موسڵمانان دەبینرێت.
دووەم، سیاسەتی نانەوەی دووبەرەکیی: ئیخوان موسلمین لەڕێگەی بانگەوازکردن و بەهێزکردنی بزووتنەوە ئیسلامییەکانەوە لەناوەوەی نەتەوەی بێدەوڵەت و ژێردەستدا، دەست دەکات بە لەتلەتکردن و لەناوبردنی هۆشیاریی نەتەوەیی، هەوڵ دەدات وزەی خەباتە نەتەوەییەکان بۆ ئەجێندا ئایینیی-ئیسلامییەکان ئاراستە بکاتەوە و وا پیشانی بدات وزەی نەتەوەیی، بەفیڕۆچوونە، وزەی ئایینیی دەستکەوتی ئیلاهییە.
سێیەم، هاوپەیمانیی لەگەڵ سەرکوتکاران: لە هەموو ئەو وڵاتانەی کورد تێیاندا خاکەکەی داگیرکراوە، ژێردەستەکراوە و دەچەوسێنرێتەوە، بەتایبەت لە نموونەی تورکیا، عێڕاق و سووریا دا، ئیخوان موسلمین بەردەوام چ ڕاستەوخۆ بێت (بۆ نموونە ئەردۆغان و ئەکەپە) چ ناڕاستەوخۆ بێت (بۆ نموونە یارمەتیی حەماس بۆ سەدام حوسێن لە سەردەمی ئەنفال) ئیخوان موسلمین چووەتە پاڵ ڕژێمە سەرکوتکارەکانەوە، چ ئایدیۆلۆجییانە یاخود بەشداریی ڕاستەوخۆ، دەستی هەبووە لە زیاتر پاشەکشێکردن بە پاڵنەرە نەتەوەییەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی. ئەمەش بنچینەی ڕەوانبێژیی و گوتاری ئیخوان موسلمین دەردەخات، نەک بەدیهێنانی دادپەروەریی، بەڵکوو بەهێزکردنی ستەم و تاوان و چەوساندنەوە.
قەرزکردنی ستراتیژییەکان لە فاشیزم و تۆتالیتاریزم
میتۆد و ڕێچکەکانی ئیخوان موسلمین بۆ سەقامگیرکردن و بەهێزکردنی دەسەڵات و فراوانکردنی ئایدیۆلۆجییەکەی ئێجگار نزیک یاخود هاوشێوەی میتۆد و ڕێچکەی ڕژێمە فاشیستیی و تۆتیالیتارییەکانە، بۆ نموونە:
یەکەم، سازدان و ڕێکخستنی جەماوەریی: هاوشێوەی بەکارهێنانی پڕوپاگەندە لەلایەن نازییەکانەوە، ئیخوان موسلمینیش تەکنیکەکانی میدیای مۆدێرن بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی و ڕێکخستن و زیاتر کێشکردنی لایەنگرانی، بەکاردەهێنێت.
دووەم، گۆشدانی لاوان: تەرکیزکردنی ئیخوان موسلین لەسەر دروستکردن و کاریگەریی دانان لەسەر مێشک و زەینی لاوان لەڕێگەی پەروەردە و بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانەوە گەرەنتیی مانەوەی درێژخایەنی ئایدیۆلۆجییەکەیەتی. ئیخوان موسلمین لەمەدا کتومت لە بەرگ ڕەشەکانی موسۆلینی و لاوانی هیتلەر دەچێت.
سێیەم، چاندنی زەبوونیی و دڵەڕاوکێ: بە دانانی ئاڵنگارییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان وەک بەشێکی خەباتی یەزدانیی، ئیخوان موسلمین دۆخێکی هەمیشەیی قەیران، پێکدادان، ململانێ و جەنگ دروست دەکات، کە دەبێتە هۆی پەرستن و شکۆمەندکردنی جیهاد، هەمان شێوەی شکۆمەندکردن و پەرستنی چەمکەکانی جەنگ، قوربانیی، باوەڕ و هێزی پەلامار لە نازیزم و فاشیزمدا.