سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کوردستانی کۆن لە ژێر کاریگەریی ڕووبەڕووبوونەوەی ئایینییە-سیاسیی ئیمپراتۆرییە کۆنەکاندا: لە ئیمپراتۆریی مادەوە بۆ سەرهەڵدانی ئیسلام

سەباح موفیدی

پوختە

لە سەردەمی ئیمپراتۆریی ماد/مێدەکان‌دا (سەدەی ٨-٦ پ. ز.)، کوردستانی گەورەی ئێستاکە بریتی بوو لە زۆربەی ناوچەی نێوان دوواوان (مێزۆپۆتامیا)، کێوەکانی زاگرۆس و ناوچەکانی دەوروبەری، بەشی سەرەکی خاکی ئیمپراتۆریەکە بوو. ئێرە  شوێنی بە یەکترگەیشتن و دانوستانی نێوان زۆر شارستانییەت و ئیمپراتۆریی بوو کە دواتر بە کوردستان ناسرا. پاش لەنێوچوونی ئیمپراتۆریی ماد، کوردستانی کۆن بەرەبەرە بە هۆی شەڕی نێوان ڕکابەران و داگیرکەران لە ناوچەکەدا و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئایینە جیاوازەکان گۆڕانی بەسەردا هات. سەرزەوییەکە بە هۆی ململانێ و داگیرکاریی لە نێوان ئیمپراتۆرییە جیاوازەکاندا دەستاودەست کرا کە ئەو دۆخە تا سەردەمی ئیسلامی درێژەی هەبوو. بەشێک لە کۆمەڵگا ڕەسەنەکانی بچووکتر کە دەکەوتنە ژێر کاریگەریی ئەم ململانێیانە وێڕای پاراستنی خۆیان زۆر جار دەکەوتنە هاوپەیمانییەوە یان سەر بە یەکێک لە ئیمپراتۆرییەکان دەبوون. ساسانییەکان و ڕۆمییەکان نەک هەر زیانێکی زۆریان بە زەوییەکانی نێوانیان دەگەیاند، بەڵکوو بە ڕیزەوە ئایینەکانی زەردەشتی و مەسیحییان برەو دەدا. ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی ئایینی دەوڵەت و گۆڕانکارییەکی بەرچاوی کۆمەڵایەتی-چاندیی بە دوای خۆیدا هێنا. لەم توێژینەوەیەدا بە کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە مێژووییەکان ڕووبەڕووبوونەوە ئایینییە-سیاسییەکانی نێوان ئیمپراتۆرییە دێرینەکان و ئەوەی کە چۆن ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە بوونە هۆی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستان‌دا لە سەردەمی نێوان ئیمپراتۆریی ماد تاکوو سەرهەڵدانی ئیسلام، لێکدەدرێتەوە. بەپێچەوانەی ڕەوتی باوی توێژینەوە فارس-ئێرانی، تورکی و عەرەبییەکان، کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی وێژمانی (گوتاری) سیاسی دەوڵەتەکان و ئێتنۆ-ناسیۆنالیستە زاڵەکانی ناوچەکە، ئەم توێژینەوە لە ڕوانگەی کوردستان-ەوە سەیری مێژووی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

پێشەکی

بەدرێژایی مێژوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری ململانێی ئایینی–سیاسی زۆر ڕوویداوە. لە مێژوویدا، کوردستان بریتی لە زاگرۆس و بەشگەلێک لە ناوچەی کۆنی نێوان دوواوان، شوێنی لەدایکبوونی هەندێ ئایین و شارستانییەتی گرنگ و گۆڕەپانێکیش بۆ زۆر ململانێی جۆراوجۆر بووە. ئەم بارودۆخە تاکوو ئەمڕۆ درێژەی هەبووە، هەڵبەت بە شێوەی جۆراوجۆر. لەڕاستیدا، ئەوڕۆکە ڕووبەڕووبوونەوەکان ڕکابەرایەتییە لە نێوان پێڕەوانی ئایینە جۆراوجۆرەکان، گرووپە ئێتنیکییەکان، نەتەوەکان، ناسیۆنالیستەکان و دەوڵەتەکان کە هەرکامەیان هەوڵ دەدات بۆ نووسینەوەی مێژووی سیاسی بەپێی ڕاڤەی دڵخوازی خۆی. بۆ بەرگیری لە کەوتنە بەر کاریگەری پێش گریمانە زەقکراوەکان، باشترین ڕێگا بۆ خوێندنەوەی ململانێیەکانی ئێستاکە خوێندنەوەیە لە بەستێنی مێژووی ناوچەکەدا.

مێژوو زۆرتر لەلایەن ئێتنۆ-ناسیۆنالیستەکانەوە بە هاسانی بۆ پێکهێنانەوەی بەردەوامیی مێژوویی بەکار دەهێنرێت کە لە قەڵشتە کۆمەڵایەتی-مێژووییەکان و ململانێیە سیاسییەکان بۆ پێناسەکردنی خۆیان کەڵک وەردەگرن. ئەمە بەو واتایە کە گێڕانەوە مێژووییەکان کە بە شێوەی هەڵبژێردراو پێکهێنراونەتەوە دەتوانن لەسەر سیاسەتی مۆدێرن کاریگەر بن. وەکوو دەسەڵاتدارانی پێش مۆدێرن، ناسیۆنالیست و سیاسەتوانەکانی ئێستاش، چ ئایینی چ سێکولار، لە ئایین کەڵک وەردەگرن بەڵام لە ژێر ناوی چەمکە مۆدێرنەکانی نەتەوە/نەیشن و ناسیۆنالیزم.

لەڕاستیدا، مێژووی کردەی سیاسی ئایین، کە بە قەد خودی سیاسەت کۆنە، دەگەڕێتەوە بۆ “خوای سیاسی” لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا (بڕوانە: Mofidi, 2015). بە واتایەکی تر، بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی سیاسی ئێستاکە لە کوردستان و ئێتنۆ-سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە ئێمە بە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی لەسەر کاریگەریی ڕووبەڕووبوونەوە ئایینییە-سیاسییەکانی ئیمپراتۆرییە دێرینەکان و کاریگەریی ئایین وەک ئامرازێکی سیاسی بەکارهێنراو دەست پێ بکەین. لێرەدا ئامانجی توێژینەوەکەمان لەسەر ناوچەی دێرینی کوردستانە، نیشتیمانی باوباپیرانی کورد، و کۆڵینەوە لە پاشخانی کۆمەڵایەتی-سیاسی ئەم ناوچەیە کە پڕ بووە لە ڕووبەڕووبوونەوە، ململانێ و بەیەکترگەیشتن و سەرشاخ بوون.

ئەو پرسیارە سەرەکییانەی کە ئەم توێژینەوەیە بە هیوایە وەڵامیان بداتەوە بریتین لە: چۆن ڕووبەڕووبوونەوە ئایینییە-سیاسییەکانی نێوان ئیمپراتۆرییە دێرینەکان کاریگەریی هەبوو لەسەر کوردستانی کۆن، و چۆن سیاسەتی ڕەسەن لە ناوچەکەدا بەردەوام بوو؟ گریمانە دەکرێت کە ئیمپراتۆرییەکانی پاش مێدەکان لە ئایین وەکوو ئامرازێکی سیاسی کەڵکیان وەرگرتبێت بۆ پەرەپێدانی تەشەنەیان لە ناوچەکە، لەکاتێکدا حکوومەتە ڕەسەنە چکۆلەکانیش لە ڕێگای گوێڕایەڵی و ملکەچی بۆ ئیمپراتۆرییە جیاوازەکان، مانەوە. لەم پێوەندییەدا، شێوەی ڕاڤەی بەستێنە مێژووییەکان زۆر پێوەندیدارە و خوێندنەوە جیاوازەکانی مێژووی سیاسی لە سەدەی ڕابردوودا، لەسەر کێشە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و سیاسەتی سەردەمی پێوەندیدار بە کوردەوە کاریگەریی هەبووە. بۆ باشتر تێگەیشتن لە پرسی کورد، لێرەدا ڕاڤەیەکی جیاوازتر لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە دێرینەکان لە ناوچەکە پێشکەش دەکرێت و پێوەند دەدرێت بە پرسە هەنووکەییەکانەوە.

ئەم بابەتە مێژوومەندیی/مێژووییبوونی کردەی سیاسی ئایین لە خاکەکەدا لە ڕێگای لێکدانەوەی دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییە دژبەرەکانی دێرین لە ناوچەکەدا پیشان دەدات و کاریگەریی ئایینی-سیاسیی ئەوانە لەسەر کوردستانی دێرین ڕوون دەکاتەوە. لەڕاستیدا، لە بەستێنی دۆخی سیاسی خۆجێییدا سەیری کاریگەرییەکانی دژایەتی ئایینی و سیاسەتی ئیمپراتۆرییە دێرینەکان دەکات. بەواتایەکی تر، جەخت ناخرێتە سەر ئیمپراتۆرییە کۆنەکان بۆخۆیان، بەڵکوو دەخرێتە سەر ناوچەی کوردستان وەکوو شوێنی بەیەکگەیشتنی ئایینەکان و دەسەڵاتە سیاسییەکان بە درێژایی مێژوو تاکوو ئێستا.

لە باری مێژووییەوە، دەسەڵاتی ئایین لە کۆمەڵگاکاندا، بریتی لە کۆمەڵانی باوباپیرانی کورد، دەرفەتی بۆ زاڵبوونی دەسەڵاتداران دەڕەخساند. لە هەندێ کۆمەڵگادا ئایین زۆر خزمەتی سیاسەتی دەکرد و بەپێچەوانەشەوە. لەم پێوەندییەدا، ماکس ڤێبەر ئاماژە بە خوای سیاسی و “خوای خۆجێیی دێرینی سیاسەت” دەکات (Weber, 1965)، هەندێ لایەنی کردەی سیاسی ئایین لە کۆمەڵگا دێرینەکاندا پیشان دەدات. ئایین بە مەبەستی هاندانی سیاسیش لە شەڕەکاندا بەکار دەهێنرا. نموونەیەکی مێژوویی بەهێزکردنی ورەی شەڕڤانان لەم ڕێگەیەوە، لە وتارەکەی زینۆفۆن/گزنفۆن بۆ ئامادەکردنی سوپای یۆنان بۆ جەولەکەیان لە ڕێگەی کوردستان-ـەوە دەبینرێت (Xenophon, 1949: 107). هەروەها، بەکارهێنانی نزا و ڕێوڕەسمە ئایینییەکان بۆ ئامادەکردنی سوپاکان بۆ شەڕ لە باری دەروونییەوە و بۆ هاندانی خەڵک بە هێما ئایینییەکان لەوانە ئاڵا، بەیداخ و پەڕتووکە پیرۆزەکان بە درێژایی سەردەمی ناوەڕاست لە هەردووکی جیهانی مەسیحی و ئیسلامی‌دا بەردەوام بوو و هێشتاش لە سەردەمی مۆدێرندا دەبینرێت (بڕوانە: Murphey, 1999: 155-156).

نووسینەکان لەسەر مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆربەی کات لە ژێر کاریگەریی ئەو سیاسەت و هەوڵانەدا بوون کە ویستوویانە بە زۆر و ملهوڕی دەوڵەت-نەتەوەکان پێکبهێنن. لەم پێوەندییەدا، زۆربەی نووسەران لە ڕوانگە و چاویلکەی دەوڵەتانی ئێستای ناوچەکەوە سەیری مێژوویان کردووە. دەوڵەتەکان بە ڕوانگەی ئێتنۆ-ناسیۆنالیستی زاڵەوە مێژووی سەرزەوییە بندەستەکانیان ڕاڤە دەکەن بۆ پاڵپشتی لە سیاسەتی خۆیان و مێژوویەکی سیاسی ڕاهاتوو لەگەڵ ئەوە. لەم جۆرە مێژووسازییەدا، خەڵکانی ئێتنۆ-نەتەوە بندەستەکان، لەوانە کورد، بە شێوەی شیاو و گونجاو ڕووماڵ نەکراون. ئەمە خوێندنەوە و توێژینەوە لەسەر مێژووی ئەم خەڵکانە و ناوچەکانیانی ئاستەم کردووەتەوە کە لە توێژینەوەکانی ڕەوتی باودا پشت گوێ خراون یان چەواشە کراون. لەڕاستیدا، نەبوونی دەوڵەتی کوردی/کوردستانی سەربەخۆ لە سەردەمی مۆدێرندا کێشە و ئاستەمی لە پاراستنی مێژووی کوردی بەدواوە هەبووە. ئەمە پێویستی بە هاندان و پشتیوانیکردن لە خوێندنەوەی مێژوویی سەربەخۆ بۆ کۆمەڵگا بندەستەکان و هەروەها هەڵسەنگاندنی ڕوانگە و بۆچوونە مێژووییە جیاوازەکان وەکوو یەکێک لە ڕێگاکانی لێکدانەوە و تاوتوێکردنی ئەم پرسە زەق دەکاتەوە.

ئەو کێشە باسکراوانەی سەرەوە کە توێژینەوە لەسەر بابەتی مێژوو-تەوەر سەبارەت بە کوردستانیان سنووردار کردووەتەوە، لەگەڵ نەبوونی دەرفەتی کاری کردەوەیی بۆ توێژەران، نووسینەوە و کار لەسەر مێژووی سیاسی کورد و کوردستان قورس کردووەتەوە. دەکرێ بە تیشک خستنەسەر خاکی کوردستان کەموکۆڕی توێژینەوەکانی ڕەوتی باو قەرەبوو بکرێتەوە. بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسیارەکانی ئەم توێژینەوەیە، لێرەدا بە کەڵکوەرگرتن لە مێتۆدێکی مێژوویی-وەسفیی مێژووی سیاسی لە سۆنگەیەکی ترەوە دەخوێندرێتەوە. مێتۆدۆلۆجی مێژوویی بۆ گێڕانەوەی ئەوەی کە ڕووداوەکان چۆن و بۆچی ڕوویاندا و مێتۆدی وەسفی بۆ دەربڕینی دیاردەکان بەکار دەهێنرێن. زانیارییەکان لە سەرچاوەگەلێک وەک پەڕتووکە مێژووییەکانی نووسەرانی یۆنانی و ئیسلامی و مێژووزانە مۆدێرنەکان کە لەسەر سەردەمی کۆن کاریان کردووە، کۆکراونەتەوە. ئەمە ڕێگە دەدات بە توێژینەوە و تێگەیشتن لەوەی کە چۆن دەسەڵاتداران و دەسەڵاتە سیاسییە جیاوازەکان بە کردەوە لە ئایین کەڵکیان وەرگرتووە و چۆن ئایین بۆ ئامادەکردن و وەجووڵەخستنی کۆمەڵگاکان لە دژی دوژمنانیان و پەرەپێدانی تەشەنە لە ناوچەکە بەکارهێنراوە. بۆ پشکنینی ڕاستییەکان، سەرچاوەکانی مێژووی کۆن بە چاوێکی ترەوە خوێندراونەتەوە، بەراورد کراون و ڕاستیی و دروستییان ڕەچاوکراوە.

بە دانانی کوردستان وەک خاڵی ناوەندیی لە شرۆڤە و شیکارییەکەدا، ڕوانگەیەکی مێژوویی-شیکارانەی جێگرەوە وەکوو بەشدارییەک لە شیکردنەوەی سیاسەتی مۆدێرنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش دەکرێت. بەم سەرنجە نوێیە مێژووی سیاسی کوردەواری لە سۆنگەیەکی نوێیەوە دەخوێندرێتەوە و توێژینەوەی لەسەر دەکرێت. لە درێژەدا، ئەم توێژینەوەیە سەرەتا پێداچوونەوەیەک بەسەر مێژووی کورد و کوردستان دەکرێت، پاشان لێکدانەوەیەک لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە ئایینییە-سیاسییەکانی پاش ئیمپراتۆریی ماد هەتاکوو گەیشتنی موسڵمانەکان دەخرێتە ڕوو. دواتر باس و لێکدانەوەی کاریگەریی ململانێ و دژایەتییەکان لەسەر کوردستانی کۆن و سیاسەتی مۆدێرن لە کوردستانی هاوچەرخدا پێشکەش دەکات.

کورد و کوردستان: کورتەتێڕوانینێکی مێژوویی، سیاسیی و ئایینیی

کورد بە ڕەچەڵەک دەگاتەوە ئەو کۆمەڵە خەڵکانەی کە لە مێزۆپۆتامیا، زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و ناوچەکانی دەوروبەریان دەژیان. ئەوڕۆکە هێشتا زۆربەی کورد لە سەرزەوی باوباپیرانیاندا دەژین.`لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە ئەم ناوچە شاخاوییە بەرفراوانە بە کوردستان/کوردەواری ناسراوە کە لە باری وێژەییەوە بە واتای خاکی کورد یان ئەو شوێنەیە کە کورد تێیدا ژیاوە. بنەچەی کوردیش، وەک نەتەوەکانی تری ئەم سەردەمە، بە تەواوی ڕوون نییە. بەپێی بیردۆزی توێژەرە جیاوازەکان، باوباپیرانی کورد بریتین لە سۆمەرییەکان، گوتییەکان، کاستییەکان، لولوبییەکان، هیتییەکان، هۆری-میتانییەکان یان سوبارییەکان، ئورارتییەکان، کۆسییەکان، ئێلیپییەنەکان، نەیرییەکان، ماناییەکان، مێدەکان و هۆزەکانی کاردۆخ و ئوکسی، کە لە باری مێژووییەوە لە کوردستانی کۆندا دەژیان (بڕوانە: al-Khalil, 2011: 104; Rawlinson, 2019; Diakonoff, 1966; Gershevitch, 1985: 36-74, 441 & 486; Minorsky, 1986; White, 2000: 14; Yarshater, 1983: 496-7 & 752; Zaki, 1931, v. 1: 64 & v. 2).

پاش هەندێ شارستانییەتی سەرەتایی وەکوو دەوڵەتی میتانی (سەدەی ١٥-١٤ی پ. ز.) پێکهاتوو لە چەند هۆز، ماد/مێدەکان شارستانییەتێکی پێشکەوتووتریان پێکهێنا و لە ژێر فێدراسیۆنی مێددا هۆزە جیاوازەکانیان یەکخست. ئەم یەکگرتووییە وردە وردە بووە هۆی سەرهەڵدانی کورد و دواتر نەتەوەی کوردی بێدەوڵەت (al-Khalil, 2011: 104). ناسیۆنالیستە کوردەکانی هاوچەرخ ئەفسانە نەتەوەییە کوردییەکان، بۆ وێنە نەورۆز(١) و کاوە(٢) پێوەند دەدەن بە مادەکانەوە کە ئیمپراتۆریی مادیان سەدەی ٨-٦ی پ. ز. پێکهێنا (٣). ئەوان سەردەمی مادەکان بە “سەردەمی زێڕین”ی کورد وەسف دەکەن (بڕوانە: Gunes, 2012: 77 & 96; Gunter, 2011: 3; Ocalan, 2018: 1079; Zaki, 1931: 288). گەرچی ئەم ناسیۆنالیستانە لەسەر ئیمپراتۆریی ماد وەکوو یەکەم دەسەڵاتی سیاسی گرنگی باوباپیرانیان جەخت دەکەن، بەپێی هەندێ سەرچاوە دەسەڵاتی ساسانیش (٦٥١-٢٢٤ی زایینی) لە کوردستان-ـەوە سەریهەڵدا و ڕەچەڵەکی کوردیان هەبوو (بڕوانە پەراوێزی ١٢). لە ڕووخانی ئیمپراتۆریی مادەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم، بێجگە لە حوکمڕانی ناڕاستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی داگیرکەرە جۆراوجۆرەکاندا، هەندێ سەردەم هەبووە کە چەندین شانشین و میرنشینی ڕەسەنی سەربەخۆ یان خودموختار ڕاستەوخۆ بەشە جیاوازەکانی ناوچەکەیان بەڕێوەدەبرد (٤).

زەوییە مێژووییەکانی باوباپیرانی کورد و کوردە سەرەتاییەکان زیاتر کەوتبوونە ناو چەقی ئیمپراتۆریی گەورەی ماد بریتی لە مادی گەورە/خواروو و مادی بچووک/ژووروو (ئازەربایجانی ئەوڕۆکە) (بڕوانە: Diakonoff, 1966; Gershevitch, 1985: 36; Rawlinson, 2019; Zaki 1931, v.2). بە گوتەی شەرەفەدین بتلیسی لە شەرەفنامە‌دا (1597)، کوردستان ناوچەیەکی سێسووچی لەبەر دەگرت کە سێ سووچەکە دەلکان بە تەنگەی هۆرمز، چیاکانی ئارارات (قەوقاز) و دەریای ناوەڕاست/مەدیتەرانە. هەبوونی هێزی دەریایی مادەکان و کەشتییەکانی ماد بەوجۆرەی لەلایەن مێژووزانەکانەوە ئاماژەی پێکراوە (Appian, 1912: 15; Diakonoff, 1966; Herodotus, 1976: 330; Rawlinson, 2019)، هەروەها هەبوونی کورد لە سەردەمانی دواتر لە ناوچەکانی نزیک کەنداو (بەتایبەت کوردانی شوانکارە) کە هەندێ سەرچاوە پێوەندیان داون بە ساسانییەکانەوە (بڕوانە: al-Dinawari, 1960: 27)، هەروەها هەبوونی بەردەوامی گرووپێک لە کوردەکان (لوڕەکان) لە نزیکی کەنداودا، ئەو گوتەیەی بتلیسی پشتڕاست دەکەنەوە.

سنوورەکانی خاکی کوردستان بە تێپەڕینی کات و بە هۆی زۆر بەتایبەت هێرشی خەڵکانی تر، تواندنەوە و گۆڕانی دیمۆگرافیک گۆڕدرا. گەرچی سنوورەکانی هێشتا بە ڕوونی دیار نین، کوردستانی گەورە ئێستا ناوچەیەکی ستراتێجیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەڵکەوتووە لە نێوان چوار وڵاتدا: پارێزگاکانی ڕۆژئاوای ئێران (٥)، پارێزگاکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، پارێزگاکانی باکووری عێراق و پارێزگاکانی باکووری سووریا (بڕوانە: Bruinessen, 1992: 11-12). پێویستە ئاماژە بکرێت کە بێجگە لە کوردەکانی نیشتەجێی شوێنەکانی تر وەکوو ئەوانەی خوراسان، بەشی پێنجەمی کوردستان-یش هەبوو کە ناسرابوو بە کۆماری خودموختاری کوردستان یان “کوردستانی سوور” لە یەکێتیی سۆڤیەت لە سەردەمی ڤلادیمێر لێنین‌دا. بەڵام ئەم قەوارەیە لەلایەن جۆزێف ستالین-ـەوە هەڵوەشایەوە و هەموو کوردەکانی ئەوێ بڵاوکرانەوە لە نێوان ئەرمەنستان، ئازەربایجان، قەزاقزستان و لەوێنانەدا توانەوە (Nebez, 2004: 53).

خاکی کورد و دانیشتووانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە بەڵگەنامە مێژووییەکان لە سەردەمی دێرینەوە بریتی لە سەرچاوە سۆمەری، یۆنانی، جوو، ئارامی و مەسیحی، ئیسلامی، کوردی، تورکی و فارسییەکان ئاماژەی پێ کراوە. بۆ نموونە، وڵاتی مادەکان لە ئینجیلی سەردەمی کۆندا ئاماژەی پێ کراوە (بڕوانە: Nebez, 2004:15). وشەی “گوتی”، وشەیەکی سۆمەری بۆ کوردەکان، لە بەڵگەنامە سۆمەرییەکاندا کە خۆیان لەو گرووپانەن کە ڕەنگە کورد بگاتەوە سەریان. هەروەها زاراوەی مێدەکان، مێدیا، کاردۆخەکان و کاردوئێن/کوردوئێن لە دەقە یۆنانییەکاندا وەکوو مێژووی هێرۆدۆت و ئەناباسیسی (گەڕانەوەی سەربازی) زێنۆفۆن، دەبینرێتەوە. بەشێکی گرنگی ئەناباسیس لەسەر کوردستان-ـە (٦). ڕوانگەکانی زینۆفۆن لەسەر “خەڵکی کاردۆخی” کە پێوەندییان هەبوو بە مادەکان و خەڵکانی تر لە کوردستانی دێرینی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی ماد ڕوانگەیەکی زۆر سەرەتاییە لەسەر کورد (McDowall, 1992: 10-11). لەڕاستیدا، وردە وردە وشەی “کورد” جێی وشەکانی تری گرتەوە و بۆ هەموو گرووپەکانی باوباپیرانی کورد لە سەرزەوییەکەدا بەکارهێنرا. لە زمانە دێرینەکانی تردا، کوردەکان بە گوتی، کوتی، کۆرتی، کاردۆ و کاردان، کۆرتیۆی، کاردۆک و کاردۆخ بانگ دەکران. ئەوان وردە وردە بە ناوی ئێستاکەوە “کورد” لە سەرچاوە ئیسلامییە-عەرەبییەکاندا ناسران. بۆ وێنە لە کارەکانی مێژووزانگەلێک وەکوو دینەوەری (سەدەی نۆیەم)، تەبەری، ئیبنی وەحشییە و بەیهەقی. ئیبن وەحشییە (سەدەی دەیەم) ئاماژە بە زانستی جووتیاری و کشتوکاڵی کوردەکان دەکات (Mofidi, 2019). بەمجۆرەیە، کوردە سەرەتاییەکان نە تەنیا شوان و مەڕوماڵیاتدار بەڵکوو جووتیاریش بوون.

لە نزیکەی سەردەمانی ناوەڕاستەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و سەرهەڵدانی دەوڵەتە نیمچە-مۆدێرنەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەرگیرییان لە پێکهاتنی دەوڵەتی کوردی کرد، کوردستان و کورد بە زاراوەی هەنووکەییانەوە ڕاستەوخۆ ئاماژەیان پێ دەکرا و لە پێگەیەکی بەرانبەر لەگەڵ سەرزەوییەکانی تر و نەتەوەکانی تردا بە فەرمی دەناسران. جوگرافیزانە عەرەبەکان وەکوو “وڵاتی کوردان” (بلاد الاکراد) ئاماژەیان بە سەرزەوییەکە دەکرد. لەسەر نەخشەیەک لە وشەدانێکی تورکی‌دا (“دیوان لغات التُرک”) نووسراوی تورکێک بە ناوی مەحموود کاشغەری لە ١٠٧٣دا کە لە ١٩٤٠ لە ئەنقەرە لە چاپ درا، ناوچەیەکی گەورە هەیە کە بە عەرەبی لەسەری نووسراوە “ارض الکرد” (Vanly, 1992: 143; Nebez, 2004: 56). لە سەردەمی سەلجووقییەکاندا (1037-1194)، وشەی “کوردستان” بە فەرمی بەکار هێنرا (White, 2000: 15; Zaki, 1931: 9-11). کەواتە، لە سەدەی یانزەوە، کوردستان وەکوو خاکێکی دیار لە زۆربەی بەڵگەنامە و نووسراوەکاندا باسی کراوە.

گەڕیدەی ئیتالیایی مارکۆ پۆلۆ (1254–1324 ز.)، یەکەم ئەوروپی بوو کە وشەی کوردستانی بەکارهێنا. لە ماوەی گەشەتەکانیدا، ئەو چاوی بە خەڵکی کورد کەوت و لەسەر ئەوان و سەرزەوییەکەیان نووسی (Marco, 1930:29, 39 & 56). حەمدوڵڵا موستەوفی، مێژووزانی فارس لە پەڕتووکەکەیدا “نزهە القلوب”، نووسراو لە ٤٠/١٣٣٩ ز.، لەسەر سەرزەوییەکە قسە دەکات. لەسەر یەکێک لە کۆنترین نەخشە ئەوروپییەکان کێشراو لە ڕۆم لە ١٥٦١ دا و واژۆکراو لەلایەن لافرێری (Lafreri)، بە ناو ئاماژە بە کوردستان دەکرێت (Nebez, 2004: 56). لە ١٥٩٧ شەرەفەدین بتلیسی، کە خۆی کورد بوو مێژووی کوردستانی لە ژێر ناوی “شەرەفنامە”دا نووسی. لە سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانی‌دا، کوردستان بە ڕوونی لەسەر نەخشەکان دیار بوو، بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە نەخشەیەکی ساڵی ١٨٩٣ بکرێت (٨). واڵیس باج (Wallis Budge) لە پێشەکییەکەیدا بۆ پەڕتووکەکەی تۆماس مەرگە بە ناوی “پەڕتووکی حاکمەکان/پارێزگاران” لە ١٨٩٣دا (٩)، بەپێی دەقی پەڕتووکەکە لە پەنای وڵاتانی تردا ئاماژە بە کوردستان دەکات و دەڵێت: “ئەرمەنستان، کوردستان، بابیلۆنیا، پێرشیا، عەرەبستان و چین.” هەروەها، جان ستیوارت (John Stewart) (١٩٢٨) و ئوبرێی ڤینس (Aubrey R. Vince) (١٩٣٧) لە پەڕتووکەکانیاندا، لەدوای یەکەوە “دامەزراوەی بانگخوازانی نەستۆری” و “کڵێسە نەستۆرییەکان”، ئاماژە بە چالاکییەکانی بانگخوازان و کڵێسەکان لە کوردستان دەکەن.

لە سەردەمی دێریندا، مێزۆپۆتامیا و زاگرۆس شوێنی لەدایکبوونی شارستانییەت و ئایینە دێرینە جیاوازەکان بوون. ئیمپراتۆریی ئاشوور و ئیمپراتۆریی گەورەی ماد نموونەگەلێکن (Cline and Graham, 2011: 11 & 52; Gershevitch, 1985: 212; Rawlinson, 2019). سەردەمێکی درێژخایەن هەتاکوو کۆتایی ئیمپراتۆریی ماد، کوردستان ناوەندێک بوو بۆ ئایینە جیاوازەکان، چ ڕەسەن چ هاتوو. تەشەنەی ئایینە هاتووەکان بە دەگمەن لە ڕێگای زۆرەوە بووبێت. سروشتخوازیی (سروشتپەرستی)، فرەخوایی و میتراییزم، باوەڕ بە فریشتەکان (فیرقەی فریشتەکان)، ئایینی ئێزدی، زەردەشتی و هەندێ ئایینی ئیبراهیمی وەکوو جوو لەم شوێنە گرنگەی شارستانییەتی دێرین سەریان هەڵداوە یان گەشەیان سەندووە. دەکرێ بگوترێت کە لە سەردەمی ئیمپراتۆریی ماد‌دا فرەخوایی ئایینی زاڵ بوو (بڕوانە: Barkeyand Fuller, 1998: 67; Gershevitch, 1985: 139-41, 416 & 696; Rawlinson, 2019; Yarshater, 1983: 501; Zaki, 1931: 277)، کە بە ئەگەرەوە لەسەر سیاسەتی ئیمپراتۆرییەکە، وەکوو دەسەڵاتی سیاسی ڕەسەن، کاریگەر بوو. پاشان، بە لەنێوچوونی ئیمپراتۆریی ماد و سەرهەڵدانی ئیمپراتۆرییە جۆراوجۆرەکان، کوردستان بوو بە شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەی زلهێزەکان کە لە باری سیاسییەوە کەڵکیان لە ئایینە جیاوازەکان وەردەگرت.

بەمجۆرە، ئەرک و کردەی سیاسی ئایین مێژوویەکی درێژی لە کوردستان‌دا هەیە. مێژوو پیشان دەدات کە چۆن ئایین بەردەوام بەکارهێنراوە و خەریکە درێژەش بە بەکارهێنانی دەدرێت. پاش ئیمپراتۆریی ماد، بە سەرهەڵدانی ئیمپراتۆرییە گەورەکان بەتایبەت ڕۆم و ساسانی خاوەن ئایینە جیاوازەکان، ئەم دەسەڵاتانە هەوڵیاندا بۆ دابەشکردنی میرنشین و دەوڵەتە بچووکەکان لە نێوان خۆیاندا، هەرکام بەشگەلێک لە کوردستانی کۆنیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. لەم پێوەندییەدا، تەشەنەی ئایینەکانیان لە ناوچەکەدا یارمەتییانی دەدا. ئایین وەکوو پردێک بوو کە هەندێ لە شانشینەکانی ناوچەکەی پێوەند دەدا بە ئیمپراتۆرییەکانەوە. بەوەشەوە ئەوانە لە باری سیاسییەوە لە جۆلانەدا بوون. گەرچی ئایینەکانی تریش هەبوون، وردە وردە کوردستان بوو بە شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئایینی زەردەشتی لە ڕۆژهەڵات و باشوورەوە و ئایینی مەسیحی لە ڕۆژئاوا و باکوورەوە. ئەوانە کاتێک بوون بە ئایینی دەوڵەتیی، ململانێیە ئایینییە-سیاسییەکان گرژتر و خراپتر بوون.

کوردستانی کۆن پاش ئیمپراتۆریی ماد

١. کوردستان لە نێوان یۆنانی و ئەخەمەنەکاندا

نەریتی سیاسیی-فەرمانگەیی “پاشای پاشاکان” بە ڕوونی هەبوونی پاشایانی زۆر لە شارستانییەتی دێرینی مێزۆپۆتامیا و زاگرۆس پیشان دەدات. بەم پێیە، لە سەردەمی ماد‌دا، هەرێمی پارس (بڕوانە پەراوێزی ژ. ١٢) بەشێک لە ئیمپراتۆریی ماد و لە ژێر دەسەڵاتی باڵای ماد-ەکاندا بووە. لە سەردەمی ئەخەمەنەکاندا، هەرێمی ماد وەکوو شانشین و ساتراپییەکی گرنگ مایەوە کە زۆربەی کات ساتراپەکان یان دەسەڵاتدارانی ئەو هەرێمە لە مادەکان بوون لەوانە ئاربەک و ئاترۆپات. هەروەها هەندێ شۆڕش لەلایەن مادەکانەوە لە دژی ئەخەمەنەکان هەبوو وەک ئەوەی موغ گائومات کە پۆپە/تاج و تەختی ئەخەمەنەکانی بۆ ماوەیەکی کورت داگیر کرد و فرەوەرتیشی سێیەم کە خۆی وەکوو پاشای ماد لە ئێکبەتانە/هەگمەتانە ڕاگەیاند: هەردووکی ئەمانە لەلایەن داریووشی یەکەمەوە لە ٥٢١-٥٢٢ پێش زاییندا کوژران (بڕوانە: Diakonoff, 1966: 521 & 533; Rawlinson, 2019).

پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریی ماد لە کۆتایی سەدەی شەشەمی پێش زاییندا، هەرێمە سەرەکییەکەی، واتە کوردستانی کۆن بوو بە ناوچەیەکی جێی ناکۆکی، بەوبۆنەوە کە ئەوێ سنووری سروشتی نێوان ئیمپراتۆرییە ڕکابەرەکانی پێکدەهێنا. ئەوێ ڕێگای هێرشی ئیمپراتۆرییەکان بۆ سەر یەکتری و شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەیان بوو. ئەم سەرزەوییە سەرەتا کەوتە نێوان دەسەڵاتەکانی ئەخەمەنی و  یۆنانی-مەقدونییەکان و لەسەر ڕێگای لەشکەرکێشی داریووشی ئەخەمەن بەرەو یۆنان و ئەوروپا بوو. ئەوێ دواتر بوو بە شەڕگەی نێوان یۆنانی-مەقدونییەکان و ئەخەمەنەکان بە جۆرێ کە لە شەڕی گاوگامێلا لە نزیکی ئەربێلا/هەولێر لە ٣٣١ی پ. ز.، ئەسکەندەری مەقدۆنی سوپای داریووشی سێیەمی تێکشکاند و لە کێوەکانی زاگرۆسەوە کەوتە شوێنیان بەرەو گرتنی ئێکبەتانە/هەمەدان و پاشان پێتەختی سەرەکی پێرسپۆلیس (Gershevitch, 1985: 338, 422, 434 & 447; Ward, 2009: 22-3; Yarshater, 1983: 508).

پاش ئەخەمەنەکان، هەندێ ساتراپی مادەکان، وەکوو ئاترۆپات لە مادی سەروودا، ئەمەگداری خۆیان بۆ ئەسکەندەر ڕاگەیاند. پاش ئەو، بۆ ماوەیەکی کورت پێش زاڵبوونی سێلۆکوس، ئانتیگۆنوس یەکێکی تر لە ژەنەڕاڵەکانی ئەسکەندەر، کەسێک لە مادەکانی وەکوو ساتراپی ماد دیاریی کردبوو: ئۆرۆنتۆبات لەگەڵ ژەنەڕاڵێکی مەقدوونی وەکوو فەرماندەری مۆڵگەی سوپا لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا (Gershevitch, 1985: 495; Champion, 2014: 70). پاشان، لە ٣٠١١-٣٠٢ پ. ز.، سێلۆکوسی یەکەم لە دژی ساتراپی ماد نیکانۆر بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتەکەی شەڕی کرد (Yarshater, 1983: 236). بەوەشەوە لە سەردەمی سێلۆکییەکان‌دا، ساتراپییەکانی ماد پارێزران و ساتراپیگەلێکی گرنگ لە هەرێمی ماد‌دا هەبوون، لەکاتێکدا کە هەندێ دەوڵەتی خودموختاری تریش وەکوو ئێدێسا (روحا پاشان ئورفە) و کوردوئێن پەرەیان سەند. لەڕاستیدا دەسەڵاتی سێلۆکی لە ناوچەکەدا تاکەکەسی بوو نەک دامەزراوەیی. ساتراپییەکان لە ژێر دەسەڵاتی جێگرەوەیەکدا بوون کە ئێکبەتانە ناوەندەکەی بوو، لەکاتێکدا پێتەختی ئیمپراتۆرییەکە ئەنتاکیە بوو. پاشان کاتێ کە دەسەڵاتی پارتییەکان/ئەشکانییەکان وردە وردە گەشەیان کرد، کوردستان بوو بە شەڕگەی سێلۆکی و پارتییەکان تاکوو بەشی گەورەی هەرێمی ماد کەوتە ژێر دەسەڵاتی پارتییەکان. دواتر، ڕۆمییەکان دەسەڵاتی سێلۆکییان کۆتایی پێهێنا و هەندێ ناوچەی خاکەکە وەکوو کوردوئێن لەلایەن ڕۆمییەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرا. ئەوان ئیمپراتۆرییەکەیان بەرەو پارتییەکان پەرە پێ دا و شوێنگەلێک لە کوردستان وەکوو نیسیبیس/نوسەیبین، دیاربەکر، سیلڤان، ماردین، خابور، ئەربێلا/هەولێر و کارهه لە سەر ڕێگای لەشکەرکێشی ڕۆمییەکان و پارتییەکان (پاشان ساسانییەکان) بۆ بەرەکانی شەڕیان بوون (بڕوانە: هەر ئەو سەرچاوەیە، 3- 15, 31-47, 715 & 819-21).

لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی ئاماژەی پێ کرا وردە وردە کوردستان-یش بوو بە خاڵێکی ناوەندی لە نێوان چاند و ئایینە جیاوازەکاندا؛ ئایینی زەردەشتی لە بەرانبەر هێلێنیزم، پاشان ئایینی فرەخوایی ڕۆم دواتریش مەسیحییەت. بەڵام تاکوو سەدەی چوارەم و گەشە و تەشەنەی سیاسی ئایین و گرژی نێوان دەسەڵاتی ساسانی و ڕۆمییەکان، نەریتی مادی لێبوردەیی ئایینی درێژەی هەبوو. هەروەها، مەیلی ئایینی باوباپیرانی کورد تاکوو سەردەمی ئیمپراتۆریی ماد زیاتر بەرەو فرەخوایی و میترائیزم بوو، گەرچی کەمینە ئیبراهیمی و جووەکان لە خاکەکەدا لەو سەردەمەدا هەبوون، بە جۆرێ کە لە ئینجیلی کۆندا باسی وڵاتی مادەکان دەکرێت (Nebez, 2004: 14; Stewart, 1928). سەرهەڵدانی زەردەشت هاوکات بوو لەگەڵ مادەکان بە جۆرێ کە بانگەشەکەی ئەوەندە لە هەرێمی ماد‌دا سەرکەوتوو نەبوو، بەتایبەت لەبەر وەرنەگرتنی ئایینی زەردەشتی لەلایەن موغەکان، زانا ئایینییەکانی ماد. دواتر ئیمپراتۆری ئەخەمەن، داریووشی یەکەم (٥٢١-٤٨٦ پ. ز.) ئایینی زەردەشتی وەرگرت، ئیدی ئەم ئایینە لە کوردستان-یشدا تەشەنەی سەند (al-Khalil, 2011: 112; Diakonoff, 1966; Gershevitch, 1985: 416 & 684; Zaki, 1931: 277).

وەکوو ڕوانگەی ئایینی خۆی، داریووشی یەکەم بە توندی برەوی بە ئایینی زەردەشتی دا. بۆ ئەو و سەرکردە ئەخەمەنەکانی دواتر ئیمپراتۆر لەلایەن ئاهوورا مەزدا هەڵدەبژێردرا (Cline and Graham, 2011: 96-7; Gershevitch, 1985: 217). ئەخەمەنەکان لە ئایین بۆ پتەوکردنی ئیمپراتۆرییەکەیان، هەروەها لە شەڕەکانیشدا کەڵکیان وەردەگرت. پشتیوانی ئایینی تەشەنەی کرد لە پێوەندییە ئیمپێرییاڵەکان لەگەڵ ناوچە پەراوێزەکاندا. تەشەنەی ئایینی زەردەشتی یارمەتیدان بۆ پاراستنی زاڵیەتییان لە هەرێمی سەرەکی ماد، واتە کوردستان. ئەوان لە شەڕەکانیاندا بە نزا داوای یارمەتییان لە خوای خۆیان، ئاهوورا مەزدا، دەکرد. بەوەشەوە، ئەخەمەنەکان شەڕیان نەدەکرد بۆ برەودانی ئایینەکەیان کە زەردەشتی بوو، گەرچی ئەوە ئایینی پاشاکان بوو. لەڕاستیدا، وەکوو مادەکان، ئەوانیش کۆمەڵگایەکی فرەچاند لەگەڵ جۆراوجۆریی و لێبوردەیی ئایینییان قبووڵ کردبوو (Eisenstadt, 1969; Gershevitch, 1985: 412).

لەگەڵ هێرشی ئەسکەندەر، ئایینی زەردەشتی ڕووی لە کزی کرد و پاشەکشێی کرد. هێرشەکەی ئەسکەندەر ئایینی نەبوو، بەڵام لەگەڵ هاتنی ئەودا هێلێنیزم هاتە مێزۆپۆتامیا و کوردستان، ئیدی لە ژێر دەسەڵاتی سێلۆکییەکاندا گەشەی ئایینی زەردەشتی ڕاوەستا. هەردوو چاندەکە گەیشتن بە یەک، بەڵام دژایەتییەکی توند لە نێوانیاندا نەبوو لەبەر لێکچوونەکانیان، بەتایبەت لە فرەخوایی و ئەو ڕاستییەی کە دەسەڵاتەکان بۆ ئایین شەڕیان نەدەکرد. هەروەها، وێڕای بە ئەگەرەوە هەندێ ناکۆکی چاندیی، دژایەتییەکی سیاسی تایبەت بوونی نەبوو لەبەر ئەوەی کە هەموو خاکی باوباپیرانی کورد کەوتبووە ژێر تەشەنەی سێلۆکییەکان. ئەوان درێژەیان دا بە سیاسەتی لێبوردەیی ئایینی ماد و ئەخەمەنەکان.

٢. کوردستان؛ لە نێوان پارتییەکان و ڕۆمییەکاندا

لە شەڕی نێوان ئیمپراتۆرییەکانی پارتی/ئەشکانی-ساسانی و ڕۆمییەکاندا، هەندێ ناوچەی کوردستانی کۆن بوون بە شەڕگە (Zaki, 1931: 238). ئەمە بۆ نزیکەی ٧٠٠ ساڵ درێژەی خایاند. لە سەدەی دوو بۆ یەکی پێش زایین، خاکەکە و دەوڵەت و شانشینە بچووکەکانی کەوتنە نێوان دوو زلهێز، پارتییەکان لە ڕۆژهەڵات و باشوورەوە و ڕۆمییەکان لە ڕۆژئاوا و باکوورەوە. دەسەڵاتە بچووکەکان لە ناوچەکەدا لەوانە کوردوئێن و ئادیابین کەوتنە ژێر کاریگەریی هەر دوو ئیمپراتۆرییەکە. هەردووک، پارتییەکان و ڕۆمییەکان، “لە ڕێگای کۆمەڵێک شانشین-مشتەری(client-kingdom) پارێزراوەوە سنوورەکانیان دەپاراست” (Moffett, 1992: 12). شانشین-مشتەری  لەو سەردەمەدا شانشین یان خەڵکانێکی دێرین بوون کە لە دۆخێکی هێشتا وەکوو سەربەخۆییدا، بەڵام لە ژێر تەشەنە و کاریگەریی ئیمپراتۆرییەکاندا بوون. ئۆسرۆن یان ئێدێسا(Osrhoene/Edessa) یەکێک لەو دەوڵەتە بچووکە نێوەندگیرانە بوو کە لە درێژایی سنوورە پشێوەکەدا ئەوانەی جیا دەکردەوە (هەمان سەرچاوە. ٤٦-٤٧). شەڕی کارهە/حەڕان لە نزیک ئێدێسا/ئورفە لە باکووری کوردستانی ئەوڕۆکەدا (لێرە بە دوا باکوور) لە ٥٣ی پ. ز. بووە هۆی دابەشبوونی ناوچەکە. دوابەدوای ئەوە کوردستانی کۆن بۆ یەکەم جار دابەش کرا – لە نێوان کۆماری ڕۆم و ئیمپراتۆریی پارتی – بە جۆرێ کە شانشینە خودموختارەکانی ئۆسرۆن و کوردوئێن کەوتنە سەر ڕۆم.

لە ئیمپراتۆریی ئەشکانی‌دا کە سیستەمێکی سیاسی بریتی لە زۆر دەوڵەتی خودموختاری هەبوو، پاشایانی هەرێمی ماد و ئەرمەنستان گرنگترینیان بوون. لە سەردەمی ئەم ئیمپراتۆریەتەدا شانشینە خودموختارەکان لە کوردستان یان هەرێمی ماد وەکوو مادی خواروو، ئاترۆپاتێن، ئادیابین، هتد. درێژەیان بە دەسەڵاتی خۆیان دا. ملکەچی شانشینەکان بۆ ئیمپراتۆرییەکان زۆرتر بەپێی نەریت بەردەوام بوو، دەسەڵاتدارانی شانشینەکانیش زۆر جار دراوی خۆیان دەکوتا و سیاسەتی سەربەخۆی خۆیان بەدواداچوون دەکرد. ئەوان مافی “هاوپەیمانی”یان هەبوو. ئەشکانی و ڕۆمییەکان بەردەوام لەسەر شانشینەکان لە کوردستانی کۆندا لە نێوان ١١٣ و ٢١٧ زایینی شەڕیان بوو بە جۆرێک کە هەندێ لەوانە وەک ئێدێسا، نیسیبیس، مالاتیا، ڤان، خابوور، سنجار/شنگال و ئادیابین/ئەربێلا لە نێوانیاندا دەست بە دەست دەبوون، دەگیران و دەگیرانەوە لەلایەن دوو ئیمپراتۆرییەکەوە. بۆ وێنە، لە سەرەتای سەدەی دووەمدا ئەوانە کەوتنە ژێر دەسەڵاتی تراژان ئیمپراتۆری ڕۆم (Moffett, 1992: 11; Ward, 2009: 28-30; Yarshater, 1983: 55, 88-95& 701-728).

کەواتە لە کوردستان‌دا لە سەردەمی ڕووبەڕووبوونەوەی پارتییەکان و ڕۆمییەکاندا، شانشینی جیاواز وەکوو ماد، ئادیابین، ئێدێسا، هتد، هەبوون. ئەمانە پاڵپشت یان دژبەری یەکێک لە ئیمپراتۆرییەکان یان لە دژی هەردووکیان بوون. بۆ نموونە، لە ٣٣ی پێش زاییندا پاشای ماد بووە هاوپەیمانی ئانتۆنی مارک، ژەنەڕاڵی ڕۆمی لە ئەرمەنستان، لە دژی ئۆکتاڤیان و پارتییەکان، گەرچی لە کۆتاییدا سەرنەکەوتن. لە بەرانبەردا، دواتر لە سەدەی یەکەمی زایینیدا شانشینی خودموختاری ئادیابین کە لە ژێر دەسەڵاتی خێزانێکی جوولەکەدا (ئیزات و مۆنۆباز) بوو، یارمەتی ئیمپراتۆری پارتی دا لە کاتی پشێوی و پاشاگەردانیدا و پاڵپشتی لێ کرد. بەمجۆرە، سروشتی سیاسی شانشینەکە بە ئەگەرەوە لە ژێر کاریگەریی دژایەتی ئایینی و دوژمنی نێوان جووەکان و ڕۆمییەکاندا بوو (Yarshater, 1983:65-83, 728 & 911 12). بەوەشەوە، دەسەڵاتدارانی هەندێ شانشین، بەتایبەت ئەوەی ئادیابین و کەرکووک لە ٢٢٠ـەکاندا، یارمەتی ساسانییەکانیان دا بۆ تێکشکانی پارتییەکان و گەیشتن بە دەسەڵات (هەمان سەرچاوە، ١١٨). بەپێچەوانەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی پێشوو، ئەمە بە ئەگەرەوە لە ژێر کاریگەریی دژایەتی ئێتنیکی لە نێوان پارتییەکان و مادەکان‌دا بوو، لەبەر ئەوەی کە ساسانییەکان لەوبارەوە نزیکایەتییان هەبوو لە مادەکان یان وەچەکانی دواتریان لە هەرێمەکەدا.

لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئاماژەپێکراو، پاش تێکشکانی سێلۆکییەکان لە سەردەمی پارتییەکان‌دا بەرە بەرە ئایینی زەردەشتی بووژایەوە. گەرچی پارتییەکان شەڕیان بۆ ئایین نەدەکرد، وەکوو مادەکان، ئەخەمەنەکان و سێلۆکییەکان، ئەوانیش جۆراوجۆریی و ئازادی ئایینیان قبووڵ کرد، بەڵام ئایینی زەردەشتی وەکوو ئایینی پاشاکان و زۆرینەی خەڵک پەرەی سەند. ئایینی زەردەشتی وەکوو چەترێک کردە نهێنییەکەی ئەوە بوو کە زۆر گرووپی ئێتنیکی لە ناوچەکەدا بە قازانجی پارتییەکان لێکتر گرێ دەدا و ڕێگای بۆ ئەوان خۆش دەکرد کە وەکوو پێڕەوانی ئەو ئایینە تەشەنەیان پەرە پێ بدەن. بەم شێوەیە، ئەوان لە تەشەنەی ئایین بۆ پەیوەندیکردن بە زۆر ناوچەوە لە کوردستانی کۆندا کەڵکیان وەرگرت تاکوو ڕێگای پێکهێنانی ئیمپراتۆرییەکەیان ئاسانتر بکەنەوە. پاشان، ئەوان ئاییینی زەردەشتییان لە ناوچەکەدا بەهێز کرد. لە سەدەی دووەمی پێش زایینەوە بە پشتگیریی پارتییەکان، ئەم ئایینە لە کوردستان‌دا هەر لە لوڕستان و هەورامانەوە بۆ ئامەد زیاتر پەرەی سەند. پاشماوەی پەرستگە زەردەشتییەکان کە لەو سەردەمەدا کراونەتەوە، وەکوو پەرستگەی ئاناهیتا لە کەنگاوەر (لە ٢٢٤-٢٥٣ پ. ز. کراوەتەوە)، هێشتا ماوە. بەهێزکردنی ئایینی زەردەشتی یارمەتی دان کە تەشەنەی سیاسی و زاڵیەتی خۆیان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بپارێزن. بەوەشەوە، لە کۆتایی سەردەمی پارتییەکان‌دا کاتێ کە ئیمپراتۆرییەکە بە توندی لەگەڵ موغەکان و پەرستگەی زەردەشتیی لە هاوپەیمانیدا بوو، مەسیحییەت دەستی کرد بە بڵاوبوونەوە – سەرەتا لە ئێدێسا هەڵکەوتوو لە بەشی ڕۆژئاوای ئیمپراتۆرییەکە؛ ناوچەیەک کە بە توندی لەگەڵ ئیمپراتۆری ڕۆمدا ناکۆکی لەسەر بوو (Eisenstadt, 1969; Gershevitch, 1985: 412; Pirnia, 2004).

ئایینی مەسیحی وردە وردە لە مێزۆپۆتامیا و دەوروبەریدا گەشەی کرد. زۆرێک لە باوباپیرانی کورد، بەتایبەت لە باکووری ئەوڕۆکەدا مەسیحی بوون. ئەمە لە ڕێگای سەرچاوە ئارامییە کۆنەکانەوە پشتڕاست دەکرێتەوە، لەوانە بیرەوەرییەکانی مار ماری (لە ٢٢٦ ز. کۆچی دوایی کردووە) کە کەسایەتییەکی ئایینی بووە لە ئورفە‌دا (Nebez, 2004: 14). بەم شێوەیە، باژێرگەلێک وەک هەولێر، ئێدوسا، نوسەیبین و ئامەد هەموو بوون بە ناوەندە گرنگەکانی مەسیحییەت. ئەمە بووە هۆی دژایەتی نێوان ئایینەکانی زەردەشتی و مەسیحی بە جۆرێ کە لە سەدەی دوو بۆ چوارەم، بەتایبەت لە هەولێر (١٠)، زۆر شەهیدی مەسیحی هەبوون (Moffett, 1992; Stewart, 1928:4-5 &23). لە ناوچەکەدا، سێ دەوڵەتی باجدەر بە ڕاشکاوی لە نەریتەکانی مەسیحییەتی ئاسیایی سەرەتایی پێڕەویان دەکرد؛ ئادیابین، ئۆسرهۆن (هەردووک لە کوردستان) و ئەرمەنستان. ئۆسرهۆن و ئەرمەنستان دواتر لە سەدەی سێیەم و سەرەتای سەدەی چوارەمدا بوون بە دوو شانشینی بچووکی مەسیحی. پێتەختی ئۆسرهۆن، ئێدێسا بوو کە لەگەڵ جێگیربوونی سەرەتایی مەسیحییەت و یەکەم ئەنجومەنی کڵێسە لە ١٩٨ ز. بوو بە ناوەندی مەسیحییەتی ئاسیایی ڕێکخراو. ئەمە یەکەم شانشینی مەسیحی بوو. لە ماوەی سێ سەدەی یەکەمدا، ئۆسرهۆن بە شێوەی ناوەناوە و پچڕپچڕ پەیوەندی بە ئیمپراتۆرییەکانی پارتی-ساسانی یان ڕۆمەوە هەبووە. هەولێر-یش پێتەختی شانشینەکەی تر، ئادیابین (١١)، بوو بە ناوەندێک بۆ بانگخوازانی مەسیحی (Moffett, 1992: 12 & 57; Johnson, 1995; Yarshater, 1983: lii, 139, 496 & 925; Barnes, 1985).

٣. کوردستان لە ژێر کاریگەریی ململانێیە ئایینییە-سیاسییەکانی ئیمپراتۆرییەکانی ساسانی و ڕۆم: بەرەو پاشکۆبوون بە ئیمپراتۆریی ئیسلامییەوە

لە دەیە سەرەتاییەکانی سەدەی سێیەمدا ئیمپراتۆریی پارتی لەلایەن ساسانییەکانەوە ڕووخا. پاشخانە ئێتنیکی و ئایینییەکەیان یارمەتی ساسانییەکانی دا کە بگەنە دەسەڵات و پاشان لە ڕێگای ملکەچبوونی هەرێم و دەسەڵاتە بچووکەکانی زیاتر بەهۆی پێوەندیی ئایینییەوە، ئیمپراتۆرییەکەیان پەرە پێ بدەن. بێجگە پشتگیری هەندێ شانشین لە کوردستانی کۆندا کە پێشتر ئاماژەی پێ کرا، ئەوان پەنایان بردە بەر ئایین و پشتیان بەست بە هێزی شاراوەی ئایین بۆ گەیشتن بە دەسەڵات. گەشەی ڕێکخراوەیی پەرستگەیەکی زەردەشتیی لە کەشێکی ئایینی کراوەدا، بەبێ دەستێوەردانی پاشاکانی پارتی، بەرەبەرە ڕێگای خۆش کرد بۆ موغەکان، گەورەپیاوانی زەردەشتی، بۆ سەپاندنی یەکدەستی ئایینی بە پاڵپشتی دەسەڵاتدارانی ساسانی کە پێوەندییان لەگەڵ پەرستگە هەبوو. لە بەرانبەردا، ئەم هاوپەیمانییە و پاڵپشتی پیاوانی ئایینی یارمەتی ساسانییەکانی دا کە لە کاتی لاوازبوونی پارتییەکان‌دا بەسەریاندا زاڵ ببن، پاشان ئیمپراتۆریی خۆیان لەسەر ئیمپراتۆرییەکەی ئەوان دامەزرێنن (Yarshater, 1983: xxxiv, 118, 139). ساسانییەکان کە سەرەتا لە بەشی خوارووی کوردستان‌دا خۆیان جێگیر کرد و وردە وردە بازنەی دەسەڵاتی خۆیان بەرەو ناوچەگەلێک وەک پارس پەرەپێدا (١٢)، لە دەیەی ٢٣٠ەوە لەشکەرکێشییان بەرەو مادی سەروو و لە دژی مێزۆپۆتامیای ڕۆمی بە ورووژاندنی هەندێ شۆڕش لە دژیان لە کوردستان‌دا بەڕێخست (al-Khalil, 2011: 75; Yarshater, 1983: 519). بەمجۆرە، ئیمپراتۆریی نوێی ساسانی و ڕۆمییەکان لە لای سەرووی کوردستان‌دا لێکتر نزیک بوونەوە، شوێنێ کە شەڕی بەردەوام و گرتن و گرتنەوەی خاکەکە  لە نێوانیاندا دەستی پێ کرد.

ئایینی زەردەشتی کە لە سەردەمی پارتییەکان‌دا بووژابووەوە، لە سەردەمی ساسانییەکان‌دا بە لووتکەی خۆی گەیشت (Gershevitch, 1985). بەپێچەوانەی سەردەمی پارتییەکان، زۆربەی کات لێبوردەیی و ئازادی ئایینی بوونی نەبوو. پەرستگە زەردەشتییەکان زیاتر ڕێکخران و ئایینی زەردەشتی بوو بە ئایینی دەوڵەت، پتەوتر و توندتر (Yarshater, 1983: xlvii, 134, 735). ئەوە لەڕاستیدا وەکوو ئامرازێکی پەرەسەندنی سیاسی بەکارهێنرا. بۆ پاشا ئەردەشێری یەکەم (لە ساڵەکانی ٢٢٤-٢٤٠ ز. لەسەر تەخت بوو) ئایین “بناخەی پاشایەتی و پاشایەتیش پارێزەری ئایین” بوو. ئەو “ئایینی زەردەشتی وەکوو ئایینی فەرمی ئیمپراتۆرییەکە ڕاگەیاند”(Cline and Graham, 2011: 308). لە بەرانبەردا، مەسیحییەت وردە وردە لە ئیمپراتۆریی ڕۆم‌دا گەشەی کرد. پاش گۆڕینی ئایینی ئیمپراتۆرییەکە، مەسیحییەت لە ڕێگای بوون بە ئایینی فەرمییەوە یارمەتی سیاسی و ئایدۆلۆجیکی بەهێز و زۆر پێویستی بۆ ئیمپراتۆریی ڕۆم دابین کرد (هەمان سەرچاوە، ل. ٢٩٦). کۆنستەنتاین/قونستەنتین ئازاردانی مەسیحییەکانی ڕاگرت و تێکۆشا مەسیحییەت بەسەر بێباوەڕان لە نێو سنووری دەسەڵاتی ڕۆم‌دا بسەپێنێت و ڕێوڕەسمی باوی ئەوانی دیکە قەدەغە بکات و ناوەندەکانی فیرقەکان و پەرستگەکان سەرکوت بکات. ئەو زنجیرە پلە و پێگەیەکی فەرمی بۆ هاوکاری لەگەڵ قەشە گەورەکان پێکهێنا. مەسیحییەت هەروەها کاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوە دانا. وەکوو باوەڕێکی جیهانی، ئایینەکە کەسانی دەرەوەی باوەڕدارانی خۆی کردە ئامانج بۆ ڕاکێشانیان بەرەو خۆی. بە مەبەستی پشتگیری لە مەسیحییەکان لە هەموو شوێنێک و بەدیهێنانی ئەرکی خوایی لە گۆڕینی بێباوەڕاندا، کۆنستەنتاین سیاسەتی خۆی بەرەو ساسانییەکان ڕێکخست (Barnes, 1985).

لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە لە ئیمپراتۆریی ڕۆم‌دا،  دوژمنەکەی واتە ئیمپراتۆریی ساسانی بوو بە دژە-مەسیحی. لەڕاستیدا، بۆ ماوەیەک مەسیحییەت تاڕادەیەک وەک چەکێک لەلایەن هەردوو ئیمپراتۆرییەکەوە بەکارهێنرا. هەردووکیان هەوڵیاندا مەسیحییەکان لە ناو سنووری ئەوی تردا بەکاربهێنێت. بەتایبەت پێش کۆنستەنتاین، پاشای ساسانی شاپووری دووەم لە ساڵەکانی ٣١٢ و ٣٢٤ دا دەستەو داوێنی ڕەعییەتە مەسیحییەکانی ڕۆم بوو (هەمان سەرچاوە). بەڵام پاش ئەوە دۆخەکە گۆڕا. مەسیحییەت لە سەرتانسەری ناوچەکەدا بڵاوەی کرد و بە توندی لەسەر پرسە سیاسییەکان کاریگەریی هەبوو. ئەوە ئیتر تەنیا ئامرازێکی بەکارهێنراو لە سیاسەتدا نەبوو، بەڵکوو ئایینێکی دەوڵەتی بوو کە لەسەر سیاسەت کاریگەریی دادەنا. پەرەسەندنی مەسیحییەت لە سەرەوەی  مێزۆپۆتامیا و هەروەها لە ناو سنووری بن دەسەڵاتی ساسانی‌دا بووە هۆی دژەکردەوەی زەردەشتییەکان و دوژمنایەتی ئایینیی لەلایەن موغەکانەوە (بڕوانە: Lightfoot, 1982: 229-232). ئەمە بووە هۆی لەبەرگرتنی سیاسەتێکی ئایینی نوێ لەلایەن ساسانییەکانەوە. ئەوان یەکگرتووییەکیان لە نێوان ئایین و سیاسەت بە پانتایی ئیمپراتۆرییەکە پێکهێنا و کۆتاییان هێنا بە نزیکەی ٣٠٠ ساڵ هەڵکردن لەگەڵ مەسیحییەت لە ناوچەکەدا (Moffett, 1992: 137).

ئایین وەکوو ئامرازێکی کاریگەر وردەوردە لە قازانجی سیاسەت لەلایەن ڕۆمییەکان و ساسانییەکان-ـەوە لە دژی یەکتری بەکارهێنرا. بەم شێوەیە، تێکەڵەیەک لە سیستەمی سیاسی پتەو و ئایدۆلۆجی ئایینیی دەمارگرژ هەردوو لایەنەکەی بەرەو جیهانخوازیی ڕاکێشا. لەگەڵ بەردەوامبوونی گرژییەکان، ئەم فاکتەرە ئایینییە نوێیە لەسەر پێوەندییە سیاسییەکانی نێوان ئەوان کاریگەریی دانا و ململانێ و دژایەتییەکە زیاتر هەڵگیرسا. کۆنستەنتاین و جێنشینەکانی هەوڵیان دا سەرکەون بەسەر ساسانییەکان‌دا یان تەشەنە بکەنە ناو سنووری دەسەڵاتیانەوە. بۆ ڕۆمییەکان، ئایین فاکتەرێکی هەڵخڕێنەر و چەکی بانگەشە بوو. ئەوە یارمەتیدەر بوو لە پاساوهێنانەوە بۆ پلانە گشتگیرەکانیان و پەرەپێدانی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتیان بەرەو ساسانییەکان لە ژێر ناوی شەڕی پیرۆز لە دژی بێ باوەڕەکان (Cline and Graham, 2011: 294-7& 322; Zouberi, 2017). لە سەردەمی کۆنستەنتاینەوە، قەشەکان لەگەڵ دەقە پیرۆزەکان و خێوەتێکی کڵێسە دەکەوتنە تەک سوپای ڕۆمییەکان (Zouberi, 2017). لەم پێوەندییەدا، مەسیحییەت دەوڵەت و گرووپە پەراوێزەکانی ڕاستەوخۆ پێوەند دابوو بە بازنەی تەشەنە و دەسەڵاتی ڕۆمی ناوەندیی/بیزانس. ئیمپراتۆرەکانی ڕۆم وەکوو بەرگریکار و پارێزەرانی مەسیحییەت مامەڵەیان دەکرد. پاش گەیشتن بە دەسەڵات، کۆنستەنتاین لە ٣٢٤-٣٢٥ دا نامەیەکی بۆ شاپووری دووەم نارد و داوای لێ کرد کە مافی مەسیحییەکان لە ناو سنووری ساسانی‌دا لەبەرچاو بگرێت (Barnes, 1985; Smith, 2016: 20; Stewart, 1928: 17). لەڕاستیدا، هەروەک مارتینی (٢٠١٥) ئاماژە دەکات، ستراتیژییەکانی کۆنستەنتاین لە دژی ساسانییەکان، بە نوێنەرایەتی مەسیحییەکانی ناو سنووری ساسانی بوو. وەک دیاردەیەکی نوێی ئەو کاتە، پەرستگە و کڵێسە دەوڵەتییەکان لە پشت داواکارییە سیاسییەکانی هەردوو ئیمپراتۆرییەکە بوون. گۆڕینی ئایینی خەڵک بۆخۆی ئامرازێکی یەکدەستکردن و پەرەپێدانی بازنەی تەشەنە و دەسەڵات بوو بۆ سەرکردە سیاسی و ئایینییەکان (Cline and Graham, 2011: 295& 311).

ساسانییەکان لەگەڵ ئەو مەسیحییانەی کە لە دژی ڕۆمییەکان بوون هەڵیان دەکرد و لە ناو سنووری ڕۆم پشتگیرییان لێیان دەکرد و لە ڕێگای بەهێزکردنی مشتومڕ و ناکۆکییەکانی ناو مەسیحییەکان و پشتگیریی لە ناڕازییە ئایینییەکان لە ئیمپراتۆریی ڕۆم‌دا، لەوانە نەستوورییەکان، هەوڵیان دا بۆ گۆڕین و جیاکردنەوەی ئەوان لە ئیمپراتۆرییەکە (Yarshater, 1983: 929-44 & 499). بەڵام لە ناو سنووری ئیمپراتۆریی خۆیاندا بە گومان بوون لە مەسیحییەکان بە بیانووی پیلانگێڕیی و هاودەستی لەگەڵ دوژمنەکانیان. بەمجۆرە، دۆخێک هاتە ئاراوە کە بەپێچەوانەی پێش بەمەسیحیبوونی ئیمپراتۆریی ڕۆم بوو. کردەوە دژەمەسیحییەکانی ساسانییەکان هەم هاندەری ئایینی، هەم سیاسی، هەبوو. کاتێ کە گرژی و شەڕ لە نێوان ئیمپراتۆرییەکانی ڕۆم و ساسانیدا ڕوویدا، ساسانییەکان دەستیان کرد بە ئازاردانی مەسیحییەکانیان (Aubrey, 1937: 64-5). بۆ نموونە، ئەگەرچی پیاوانی ئایینی زەردەشتیی دەبوا لەگەڵ زۆر ئایینی تر ڕکابەرییان بکردایە، بەڵام “هۆکاری سیاسی، زیاتر لە نالێبوردەیی ئایینی، بووە هۆی یەکەم ئازاردانی گەورەی مەسیحییەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی شاپووری دووەمدا [کە لە ٣٠٧-٣٧٩ لەسەر تاج و تەخت بوو]” (Eisenstadt, 1969: 51). هەروەها، خەسرەوی یەکەم هەوڵی دا کە مەسیحییەکانی ناو سنووری دەسەڵاتی ساسانی بکات بە زەردەشتی. ئەو تەنانەت فەرمانی دا بە قەشە پایەبەرزەکانیان کە نکۆڵی لە مەسیح بکەن و بێنە سەر ئایینی زەردەشتی (Zouberi, 2017). لە بەرانبەردا، ڕۆمییەکان هەوڵیان دا مەسیحییەکان بپارێزن و ئایینی زەردەشتییەکان بگۆڕن. کاتێک هێرشیان دەکردە سەر خاکی ساسانییەکان ئاورگەکانیان دەڕماند و خاپووریان دەکردن (Aubrey, 1937: 67).

هەرچۆنێک بێت، لە ڕێگای گۆڕینی ئایینی خەڵكەوە، هەردوو ئیمپراتۆرییەکە تەشەنەی سیاسی خۆیان بەهێزتر دەکرد. بەم شێوەیە، بە گوتەی یارشاتر (١٩٨٣)، ئیمپراتۆری بیزانس لە “مەسیحییەکانی شانشین و دەوڵەت شارە باجدەرەکان”(ل. iii) پشتگیری دەکرد کە ئەوە کاریگەریی هەبوو لەسەر ئەمەگداری سیاسی ئەم شانشین و دەوڵەتانە وەکوو ناوچەگەلێکی نێوەندگیر. بێجگە لە هاوپەیمانیی دیپلۆماتیک و سەربازیی هەندێ دەوڵەت و میرنشین، شانشینە مەسیحییە بچووکەکان لە کوردستان و ئەرمەنستان ئەمەگدارییان هەبوو بۆ ڕۆم، لەبەر ئەوەی کە بارودۆخی سیاسی لە ژێر کاریگەریی ڕوانگەی ئایینییاندا بوو. لە بەرانبەردا، ساسانییەکان لە ژێر کاریگەریی پیاوانی ئایینی زەردەشتی‌دا، چالاکی ئایینی خۆیان لە ناوچەکەدا زیاتر کرد، بە جۆرێ کە ئایین دەورێکی گرنگی لە ڕکابەرایەتی و دووبەرەکییەکاندا دەگێڕا (بڕوانە: Lightfoot, 1982: 191-8)

لە پێوەندی لەگەڵ کوردستان‌دا، بەپێی هەبوونی باوەڕە جیهانییەکان و پەرەسەندنی سنووری ئیمپراتۆرییەکان بەرەو یەکتر، ناکۆکی و مشتومڕی ئایینیی و پشتگیریکردن لە هاوباوەڕەکان و دژبەرانی ئایینی دوژمنەکەیان، چالاکی بانگخوازانە لە ناوچەکەدا و پێوەندیی لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵاتی سیاسی، لەلایەک و گرنگایەتی ستراتیجیی ناوچەکە بۆ هەردوو ئیمپراتۆرییەکە لەلایەکی ترەوە، دەکرێ بگوترێت کە هەندێ بەشی کوردستانی کۆن یەکەم شوێنگەلێک بوون کە کران بە ئامانجی تەشەنەی ئایینیی-سیاسیی و بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی شەڕدا بوون. ئەمەش لەبەر ئەوەی بوو کە ئەو شوێنانە نزیکە و تەواوەتییان مەسیحینشین بوون (بڕوانە: Stewart, 1928: 24). بەو بۆنەوە بە گوتەی مارتینی “بازنەی تەشەنەی ناوچەیی” (٢٠١٥) ڕۆم و ناوچەگەلێکی پێوەندیدەر بوون لە نێوان هەر دوو ئیمپراتۆرییەکەدا. بەوەشەوە، زۆربەی شانشینەکانی کوردستانی دێرین لەوانە شانشینی ئادیابین، ئاترۆپاتەکان/ئاترۆپاتین (ناسراو بە مادی سەروو/بچووک) و مادی خواروو/گەورە لە ژێر تەشەنەی سیاسی ساسانییەکان‌دا بوون کە زۆر دەوڵەت و شانشینی لەبەر دەگرت. هەندێ شانشین خودموختار مانەوە وەکوو ئادیابین، هەندێ لەوانە نیمچە-خودموختار بوون، هەندێکی تر پاشاکانیان لەلایەن بنەماڵەی ساسانییەوە دیاریی دەکران. هەندێ دەوڵەت کە لە هەردوولاوە هێرشیان دەکرایە سەر، بەردەوام ئەمەگداری و پەیوەندییان لەگەڵ ئیمپراتۆرییەکان دەگۆڕا تاکوو کۆتایی تەشەنەی هەردوو ئیمپراتۆرییەکە لە خاکەکەدا (Yarshater, 1983: 124-139, 151-168, 701-5 & 730).

لە سەدەکانی سێیەم و چوارەمدا ساسانییەکان هێرشیان کردە سەر سنوورەکانی ڕۆم و هەندێ ناوچەی جێی ناکۆکی لە نێوانیاندا، بەتایبەت باکووری ئێستای کوردستان بریتی لە هەرێمی کوردوئێن، و ناوچە و شارەکانی تری باکووری مێزۆپۆتامیا وەکوو ئامەد (دیاربەکر)، حەسەنکێف، ماردین، ئێدێسا/ئورفە، کارهە، جەزیرە، نیسیبیس، شنگاڵ، هتد. ئەمانە شوێنی گەشەی مەسیحییەت و لە ژێر تەشەنەی ڕۆم‌دا بوون کە زۆربەی کات هەردوو ئیمپراتۆرییەکە ناکۆکییان لەسەریان هەبوو (بڕوانە: Farrokh, 2011: 18; Lightfoot, 1982: 7-10 & 202; Yarshater, 1983: iii). پاش شەڕی ئێدێسا لە ٢٦٠ زایینی و ڕووبەڕووبوونەوەکانی تر کە تاکوو ٢٩٦ زایینی درێژەی کێشا، لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەکەدا لە نیسیبیس لەسەر ئاشتی وتووێژ کرا. واتە کاتێ کە باکووری مێزۆپۆتامیا خرایە سەر سنووری بن دەسەڵاتی ڕۆمییەکان (Ward, 2009: 32). ئەمە لەڕاستیدا دووەمین جار بوو کە کوردستانی کۆن دابەش دەکرا.

لەگەڵ گەشەی مەسیحییەتدا هەندێ شانشین لە کوردستان و ئەرمەنستان کە زەردەشتی بوون لە سەدەکانی سێهەم و چوارەمی زایینیدا بوون بە مەسیحی. ئەمە لەلایەکەوە لە ڕێگای تەشەنەی مەسیحییەت لە کۆمەڵگا وەکوو ئایینی خەڵکەکە، لەلایەکی ترەوە وەکوو ئاکامی دژایەتی سیاسی دەسەڵاتدارانی ئەوانە لەگەڵ ساسانییەکان، ڕوویدا. ئیمپراتۆریی ڕۆم لە بارودۆخی مەسیحییەکان کەڵکی وەرگرت بۆ هەبوونی تەشەنەی زیاتر لە مێزۆپۆتامیا لە دژی ساسانییەکان. بەمجۆرە، ئەم گۆڕانکارییە ئایینییانە لە ناوچەکەدا کاریگەری خستە سەر کەشی سیاسی و پێوەندییەکان لە نێوان دوو ئیمپراتۆرییەکە کە لە سەرەتای سەدەی چوارەمەوە گۆڕابوو (al-Khalil, 2011: 75). کۆنستەنتاین بە گۆڕینی مەسیحییەت بە فاکتەرێکی سیاسی، لایەنی ئایینی خستە ناو کێشە و ناکۆکی سنوورەکانەوە. مەسیحییەکان هاوسۆزییان بۆ ئیمپراتۆریی ڕۆم هەبوو و زۆرتر لایەنی ئەوەیان دەگرت. لە ناو سنووری ساسانیدا بانگخوازانێکی لایەنگری کۆنستەنتاین/قوستەنتین هەبوون، لەوانە دەکرێ بە مار مەعین (Mar Ma’in)، ژەنەڕاڵێکی پێشووی سوپای شاپوور، ئاماژە بکرێت کە بوو بە مەسیحی. ئەو بەند کرا و ئەشکەنجە درا، پاشان بە دەستێوەردانی قونستەنتین بەردرا و دەستی کرد بە کردنەوەی پەرستگە لە باکووری مێزۆپۆتامیا، بەتایبەت لە ناوچەی شنگال (Smith, 2016: 157). هەروەها، ئەفراحەت (٢٧٠-٣٤٥)، قەشەیەک لە حوجرەی پەرستگەی مارمەتی نزیک شاری ئێستاکەی موسڵ، چاوەڕوانی هەبوو کە قوستەنتین هێرش بکاتە سەر خاکی ساسانی و مەسیحییەکان ڕزگار بکات، هیوای بە سەرکەوتنی ڕۆمییەکان بوو (بڕوانە: Barnes, 1985). کۆنستەنتاین خۆیشی بە مەبەست بوو کە لە مێزۆپۆتامیای بن دەسەڵاتی ساسانی‌دا شەڕێکی خاچپەرستانەی ئایینی بکات، بەڵام بە تیاچوونی لە ٣٣٧ی زایینیدا پلانەکانی ئەو دوایی هات. پاشان هەر لەو ساڵەدا شاپووری دووەم کە لە سەر کێشە ناوخۆییەکانی ئیمپراتۆریی ڕۆم بە هۆی مەسیحی-یەتەوە ئاگادار ببووەوە، هێرشی کردە سەر مێزۆپۆتامیای ڕۆمیی و گەمارۆی نیسیبیسی دا. ئازار و کۆمەڵکوژی مەسیحییەکان لەلایەن شاپوورەوە بەتایبەت لە ئادیابین و کەرکە/کەرکووک چڕتر بووەوە (Barnes, 1985; Smith, 2016: 30 & 166; Ward, 2009: 32-3). دیسانەوە ململانێ لە مێزۆپۆتامیا هەڵگیرسایەوە و درێژەی پێ درا: گرژییەکانی نێوان ڕۆمی و ساسانییەکان لەسەر سنوورەکانی نێوانیان قووڵتر بووەوە.

کەواتە، هەندێ بەشی کوردستانی کۆن بوون بە خاڵی بەیەکگەیشتنی نێوان دوو ئایین و پاڵپشتە سیاسییەکانیان. بە سەرهەڵدانی ئیمپراتۆرییەکی مەسیحی لە باکوور و ئیمپراتۆرییەکی زەردەشتی لە باشوورەوە، دژایەتی و ڕووبەڕووبوونە ئایینییە-سیاسییەکانیان بە توندی لەسەر ئەم ناوچانە کاریگەر بوون. بۆ نموونە، بەپێی هەڵوێستی سیاسی ئیمپراتۆرییە زاڵەکە لەو شوێنانەدا، پێڕەوانی هەر ئایینێک لە ژێر گوشاردا بوون کە لە باری ئایینییەوە بگۆڕدرێن، “بە زانینی ئەوەی کە گۆڕینی ئایینی کەسێک ملکەچی سیاسی ئەوی بەدواوە دەبێت” (Zouberi, 2017). لەلایەکەوە، زەردەشتییەکان وەکوو بێباوەڕ/کافر دەبینران و پەرستگەکانیان لە ژێر هێرشی ڕۆمییەکاندا بوون. لەلایەکی ترەوە، مەسیحییەکان، وەکوو دوژمنی ئایینی، مافیان پێشێل دەکرا لەلایەن ساسانییەکانەوە و ئازار دەدران بە دانی دووقاتی باج، ڕێک وەک ئەوەی لە ئادیابین لە نێوان ٣٣٩-٣٧٩ لە سەردەمی دەسەڵاتی شاپووری دووەم‌دا دەبینرا (Smith, 2016: 5; Stewart, 1928: 18; Yarshater, 1980: 139). سەرەڕای ئەوەش، چالاکییە سیاسی و بانگخوازییەکانی هەردوو لا لە ناوچەکەدا زیاتر بوو. بۆ نموونە، ماروتا، قەشەیەک کە لە سەرەتاکانی سەدەی پێنجەمدا وەکوو باڵوێزێکی ڕۆمی سەردانی یەزدگردی یەکەمی کرد، کۆمەڵێک ئێسک و پرووسکی شەهیدە مەسیحییەکانی لە ناو سنووری ساسانی‌دا گواستەوە بۆ مەیفێرقات/میافارقین (فارقین/سیلڤانی ئێستاکە) لە ناو سنووری ڕۆمییەکان‌دا و بە پاڵپشتی ئیمپراتۆر شوێنێکی پیرۆزی کردەوە کە لەوێ بە خاک بسپێردرێن. بەو بۆنەوە دواتر ئەوێ وەکوو “مارتیرۆپۆلیس”، (باژێری شەهیدان)، دەناسرا (Fowden, 1999: 55; Smith, 2016: 12). بەم شێوەیە، ئەوان لە چەمک و هێما ئایینییەکان کەڵکیان وەرگرت بۆ بەهێزکردنی هەستی ئایینی خەڵک و پێگەی ڕۆمییەکان لە ناوچەکەدا. گەشەسەندنی مەسیحییەت بەردەوام بوو بە جۆرێ کە نیسیبیس و ئەربێلا/هەولێر دوو لە شەش گەورەشاری خاوەن حوجرە و خوێندنگە ئایینییەکانی پەروەردەی قەشە بوون لە ژێر دەسەڵاتی ساسانییەکان لە سەدەکانی پێنج و شەشەمی زایینیدا (Aubrey, 1937: 57-58; Yarshater, 1983: 932). لە سەرتانسەری ئەم سەدەیانەدا، ڕووبەڕووبوونەوەی ئایینی و ڕکابەرایەتی لە نێوان موغە زەردەشتییەکان و قەشە مەسیحییەکان‌دا هەبوو، کە هەردوولا پشتیوانی سیاسییان هەبوو و هەوڵیان دەدا ئایینی خۆیان بسەپێنن بە سەر خەڵکی باکووری مێزۆپۆتامیا‌ دا. هەروەها، هەردوو ئیمپراتۆرییەکە لە کەلێنە ئایینییە ناوخۆییەکان کەڵکیان وەرگرت بۆ مەبەستەکانی خۆیان، بۆ نموونە، ساسانییەکان لە کەلێنی نێوان مۆنۆفیزیتەکان/نەستوورییەکان و کەلسێدۆنییەکان لە دژی ڕۆمییەکان کەڵکیان وەرگرت. مۆنۆفیزیتەکان یان یەکسروشتییەکان، یەک سروشت واتە “سروشتی خوایی”یان بۆ مەسیح ڕەچاو دەکرد نەک دوو سروشتی خوایی و مرۆیی. خەسرەوی دووەم، لە کاتی دەست بەسەرداگرتنی ئێدێسا لە ساڵی ٦٠٩/٦١٠ زایینیدا، ڕایگەیاند کە مەسیحییەکان ئەگەر ببن بە نەستووری دەتوانن لە باژێرەکەدا بمێننەوە، بەپێچەوانەوە ئەوان دەکوژرێن (Zouberi, 2017).

لەلایەکی ترەوە، بەشێکی بەربڵاوی کوردستانی کۆن کە ببوو بە شەڕگە بە هۆی هێرشی بەردەوامی هەردوو ئیمپراتۆرییەکە وێران ببوو (Cline and Graham, 2011: 297). لە ئەرزڕۆم بۆ ئامەد/دیاربەکر و نوسەیبین، میافارقین، جزیرە بۆ شارەزوور و ئەردەڵان تاو نە تاو لە ژێر دەستی یەکێک لەوانەدا بوون (١٣). هەندێ ناوچە سووتێنران و ڕووخێنران و خەڵکەکەیان ئاوارە بوون. بۆ نموونە، لە شەڕێکدا لە ٥٠٢ی زایینیدا ساسانییە سەرکەوتووەکان، خەڵکی ئامەد و میافارقینیان گواستەوە بۆ ناوچەیەک لە نێوان عەربستان-خوزستان و فارسی ئێستاکە. لە شەڕەکانی سەرەتای سەدەی حەوتەم‌دا کاتێک ڕۆمییەکان ساسانییەکانیان بەزاند، زۆر شوێنیان تاڵان و وێران کرد، بەتایبەت ئاورگەی بەناوبانگی ئادور گوشناسپ/ئازەرگوشناسپین لە ٦٢٣ زایینیدا (al-Dinawari, 1960: 66; Zaki, 1931: 120-21). بەمجۆرە، ڕۆمییەکان و ساسانیییەکان تاو نە تاو بۆ بەهێزکردنەوەی تەشەنە و زاڵییەتی خۆیان بە نۆرە هێرشیان دەکرد، ناوبەناویش پێگەی هێز و دەسەڵات دەگۆڕا. ئەم دۆخە تاکوو هاتنی ئیسلام درێژەی هەبوو (al-Khalil, 2011: 76).

ئەم ڕووبەڕووبوونە ئایینییە-سیاسییە دوولایەنەیە بە هێرشی عەرەبە-موسڵمانەکان کۆتایی پێ هات. لە ماوەی گەشەسەندنی ئیسلام لە سەدەی حەوتەم‌دا، کوردستان/هەرێمی سەرەکی ماد، بوو بە ناوچەیەکی شەڕ لە نێوان ئیمپراتۆرییەکانی ساسانییە زەردەشتییەکان، ڕۆمییە مەسیحییەکان و عەرەبە ئیسلامییەکان (بڕوانە: Moffett, 1992: 335; Aubrey, 1937: 68-9). ئەوێ بە هۆی پێکدادانی نێوان عەرەبەکان و ساسانییەکان لەلایەک و عەرەبەکان و ڕۆمییەکان لەلایەکی ترەوە لە دۆخێکی ناخۆشدا بوو. شەڕی عەرەبە-موسڵمانەکان لە سەرەتادا شەڕێکی ئایینی بوو لە پێناو ئیسلام‌دا. ئەوان لە ژێر ناوی ئیسلام و شەڕی پیرۆزدا هەر دوو ئیمپراتۆرییکەیان بەزاند. لەگەڵ هێرشی عەرەبەکان، چاند و کەلەپووری زەردەشتی و مەسیحی لە خاکەکەدا تاڕادەیەکی زۆر لەنێوچوون. ئایینی زۆربەی زەردەشتی و مەسیحییەکان گۆڕدرا، هەندێکیان ئاوارە بوون و پەرستگەکانیان ڕمێندران. هەڵبەستێکی کوردی دێرین (بە ناو هورمزگان) کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەم و لە باشووری کوردستان دۆزرایەوە، پیشان دەدات کە چۆن هێرشەکان ئایین و کەلەپووری زەردەشتی سڕییەوە و بنبڕی کرد (بڕوانن: Mofidi, 2019).  سەرچاوە مێژووییەکان وەک مێژووی تەبەری (سەدەی ١٠ی زایینی) ئەم ئاکارە توندوتیژەی عەرەبە-موسڵمانەکان بەرانبەر بە کورد پشتڕاست دەکەنەوە (بڕوانە: al-Tabari, 1970, V. 4: 186-7). بەم شێوەیە، بەشی هەرە زۆری خاکی باوباپیرانی کورد تەواوەتییەکەی خرایە سەر ئیمپراتۆریی ئیسلامی.

 ئەنجام، کاریگەریی ڕووبەڕووبوونەوە مێژووییە-ئایینییە-سیاسییەکان لەسەر کوردستان

کوردستانی کۆن، وەکوو ناوچەیەکی مێژوویی و ستراتیجی بەربڵاو، شوێنی لەدایکبوونی هەندێ ئایین و شارستانییەتی جۆراوجۆر و گەشەسەندی هەندێکی تر بووە کە لە شوێنی ترەوە گەیشتوونەتە ئەوێ. ئیمپراتۆرییەکانی ماد و ساسانی لە لووتکەکانی پێشکەوتنی سیاسەت و شارستانییەت بوون، لەکاتێدا سەردەمی دەسەڵاتە گەورەکانی ڕەسەنی ناوچەکە، پاش سەردەمی دێرین کەم بووەوە. ئەم توێژینەوە بەردەوامییەکی مێژوویی و مانەوەی دەسەڵاتە سیاسییەکانی ڕەسەن لە کوردستانی سەردەمی دێریندا تەنانەت لە کاتی ئیمپراتۆرییەکانی تریشدا، گەرچی لە قەبارەی بچووکتردا، پیشان دەدات. لە سەردەمی ئیمپراتۆریی ماد‌دا نەریتێکی پێکەوەهەڵکردن و لێبوردەیی فرەچاندی و فرەئایینی هەبوو، گەرچی سیاسەتی مادەکان بە ئەگەرەوە لە ژێر کاریگەریی فرەخوایی ڕەسەنی ناوچەکە وەکوو ئایینی زاڵ بووە. پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریی ماد، کوردستان وەکوو ناوچەیەکی بەیەکگەیشتن، وردە وردە بوو بە شەڕگە و شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتە سیاسییە گەورە و هەندێ جار ناڕەسەنەکانی ناوچەکە و لایەنگرانی ئایینە جیاوازەکان. ئەم ململانێیە ئایینییە-سیاسییانە کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر خاکەکە و دانیشتووانی هەبوو، بەتایبەت لە ڕووی سیاسی و چاندی-کۆمەڵایەتییەوە.

هەر جارەو شەڕی نێوان دووان لە ئیمپراتۆرییەکان لەسەر خاکی باوباپیرانی کوردان، وەکوو شەڕگەی ئەوان، تاو نە تاو هەندێ  ناوچەی وێران دەکرد. توێژینەوەکە دەری دەخات کە ڕێککەوتن لە نێوان ئیمپراتۆرییەکان لە کۆتایی شەڕدا هیچ کات بەردەوام نەدەبوو، ململانێیەکانیان لە کوردستان‌دا درێژەی هەبوو. ڕکابەرایەتی و شەڕیان لە هەندێ ناوچەدا کە ببوون بە ناوچەی بەیەکگەیشتن و نێوەندگیری ئەوانە، درێژەی کێشا. سنوورێکی دیار لە نێوان ئیمپراتۆرییەکاندا نەبوو. حکوومەتە ڕەسەنە بچووکەکان لە باری سیاسییەوە ناچار بوون گرێدراوی یەکێکیان بن و هەندێ ناوچەی کوردستان هیچ کات بۆ ماوەیەکی درێژ بەشێکی هەمیشەیی لەوانە نەبوون. لەو پێوەندییەدا، دۆخی سیاسی-ستراتیجی خاکەکە فاکتەرێکی کاریگەر بوو.

کوردستانی کۆن شوێنی بەیەکگەیشتن و ململانێی فرەخوایی سەردەمی ماد و ئایینی زەردەشتی، دواتر زەردەشتی و هێلێنیزم، دواتریش زەردەشتی و مەسیحییەت و پاشان ئایینەکانی زەردەشتی-مەسیحییەت و ئیسلام بووە. گۆڕانی ئایین لە کوردستان خۆیدا و لە ناو ئیمپراتۆرییەکاندا کاریگەرییان هەبوو لەسەر کەشی سیاسی-کۆمەڵایەتی ناوچەکە. ئایین ئەرک و کردەی سیاسی هەبوو بۆ ئیمپراتۆرییە گەورەکان. بێجگە کردەی نهێنی ناوخۆیی ئایین کە یارمەتی ئیمپراتۆرییەکانی دەدا بەش و ناوچە جۆراوجۆرەکانی بندەستیان لێکتر پێوەند بدەن، ئەوان لە هەستی ئایینی کەڵکیان وەردەگرت بۆ ڕاکێشانی پاڵپشتی خەڵک و سوپا و چەکدارەکانیان بۆ پەلاماردانی خاکی یەکتر. لەلایەکی ترەوە، بە سەرهەڵدانی دیاردەی ئایینی دەوڵەتیی، کاریگەریی ڕووبەڕووبوونەوە ئایینییە-سیاسییەکانی ئیمپراتۆرییەکان گۆڕانی بە سەردا هات. هەبوونی هاوئایینی ڕێگای خۆش دەکرد بۆیان کە لە ڕێگای تەشەنەی ئایینییەوە دەستێوەردانیان لە نێو خاکی یەکتردا هەبێت: گۆڕینی ئایینی خەڵک وەکوو ئامرازێکی سیاسی گرنگ بوو بۆ ئەوان. گوشاریان دەخستە سەر پێڕەوانی ئایینەکەی تر، هەوڵیان دەدا بۆ گۆڕینی ئایینی خەڵکەکە و شوێنە ئایینییەکانی ئایینی بەرانبەریان تێکدەدا تاکوو بازنەی دەسەڵات و خاکی خۆیان پەرە پێ بدەن.

کاتێک ئایین بوو بە بەشێک لە گۆڕەپانی سیاسی، کوردستان زیاتر زیانی لێکەوت. هەر بەوجۆرەی کە لە کاتی هاتنی ئیسلامەوە تا سەردەمی هاوچەرخ، ئیسلام بەکارهێنراوە بۆ زاڵبوون بەسەر کوردستان‌دا، لە سەردەمی دێرینیشدا ئایینەکانی زەردەشتی و مەسیحی بەکارهێنران، زلهێزەکان لە ئایین کەڵکیان وەرگرت بۆ تەشەنە لە کوردستانی کۆندا. ئایین لەسەر هاوپەیمانی و ئەمەگداری دەسەڵاتە ڕەسەنە بچووکەکان بۆ ئیمپراتۆرییەکان کاریگەر بوو. بۆیە، هەندێ بەشی خاکەکە بەردەوام لە نێوان زلهێزەکاندا دەستاودەست دەبوو و زیاتر لە خودی لایەنە دەرگیرەکان زیانیان بەردەکەوت. بێجگە لە دابەشکردنی خاکەکە، زۆر شوێن زۆربەی کات خاپوور دەکران کە دەبووە هۆی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و چاندی/کەلەپووریی گرنگ. شوێنە کەلەپوورییەکان دەڕووخێنران، نەریتەکان دەگۆڕدران، خەڵک ئاوارە دەبوون. لەڕاستیدا وەها بارودۆخێک بە درێژایی مێژووی کوردستان دووپات بووەتەوە، بەرهەمهێنراوەتەوە و درێژەی پێ دراوە، و هێشتاش درێژەی هەیە؛ شەڕ لە نێوان عەرەبەکان، ساسانییەکان، ڕۆمییەکان، دواتر لە نێوان ئیمپراتۆرییەکانی عوسمانی و سەفەوی، پاشان لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەت و ناسیونالیستە هاوچەرخەکاندا.

کەواتە، ئیمپراتۆرییەکان بە زەبری هێز، بەدەستهێنانی بەیعەتی حکوومەتە ڕەسەنە بچووکەکان و بەکارهێنانی ئایین، بەتایبەت گۆڕینی ئایینی خەڵک، بازنەی دەسەڵاتی خۆیان پەرە پێ دا و کاریگەرییان لەسەر پێکهاتەی سیاسی-کۆمەڵایەتی کوردستانی کۆن دانا. بەوەشەوە، کەمتر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی ئەوان لە خاکەکەدا جێبەجێ دەکرا. بەپێچەوانەوە، حکوومەتە ڕەسەنە بچووکەکان لە ڕێگای جیاوازەوە و بە بەیعەت و هاوپەیمانی سیاسی و ئایینی لەگەڵ ئیمپراتۆرییەکان دەسەڵاتی خۆیان درێژە پێ دەدا، گەرچی بە تێپەڕبوونی کات هەندێکیان لەنێو دەچوون و هەندێکی تر سەریانهەڵدەدا.

لێرە، بارودۆخی مێژوویی پیشاندراو لە سەرەوە بە شێوازی جۆراوجۆر کاریگەریی لەسەر سیاسەتی سەردەمی هاوچەرخ هەبووە. لەڕاستیدا، نەتەوە و دەوڵەتە هاوچەرخەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی ڕاڤەی لایەنگرانەی مێژووی سیاسی، هەوڵیان داوە بەبەردەوامی لە مێژوودا ڕووداوەکان بە قازانجی خۆیان بگێڕنەوە و ئەو بۆچوونانەی کە بۆ خۆیان بە باشی دەزانن بەهێزتر بکەن. زۆر جار تێکۆشاون بەناوی باوباپیرانی نەتەوە زاڵەکانی ئێستاکە زەق بکەنەوە، شارستانییەتە دێرینەکان و دەسەڵات و ئایینە مێژووییەکان پێوەند بدەن بەوانەوە، بە جۆرێ کە وەکوو میراتگرەکانیان بتوانن ڕەوایی مێژوویی و ناسێنەی سیاسی پێکبهێنن. لە ئاکامدا، مێژووی سیاسی کۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر وەک مێژووی دەوڵەتە تازە چێکراوەکانی هاوچەرخ ناسێندراوە؛ ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا. لە نێو ئەم مێژووانەدا ڕۆڵی باوباپیرانی نەتەوە بندەستەکان بە ئەنقەست پشتگوێ خراوە یان لە ژێر ناو و نازناوە گشتییە هەڵبژێردراوەکان بۆ دەوڵەتانی هاوچەرخ لە بەرژەوەندی نەتەوە باندەستەکاندا لێکدراوەتەوە. بە شێوازی جۆراوجۆر، ئەوان ڕووبەڕووبوونەوەی ئایینی-سیاسی ئیمپراتۆرییە کۆنەکانیان بەرهەمهێناوەتەوە و گواستوویانەتەوە بۆ سەردەمی مۆدێرن بۆ لەبەرگرتن و شاردنەوەی ڕۆڵ و ناسێنەی ئەوانی تر.

بەوەشەوە، بەپێچەوانەی توێژینەوە و خوێندنەوە باوەکان کە لە ژێر کاریگەریی دەوڵەتەکانی ئێستاکە دان، باوباپیرانی کورد ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە مێژووی سیاسی ناوچەکەدا، بریتی لە سەردەمی ئیسلامی – کە نووسەر هەوڵ دەدات لە گوتارێکی تردا کاریگەریی ڕووبەڕووبوونەوە ئایینییە-سیاسییەکانی ئیمپراتۆرییە ئیسلامییەکان لەسەر کوردستان  لێک بداتەوە. دیارە سەرکردایەتی بزووتنەوە کوردستانییەکانیش لە گرنگایەتی ئەو پرسە تێگەیشتوون و لە بەرانبەر نەتەوە باندەستەکاندا، جەختیان لەسەر پاراستنی مێژووی کورد کردووە. بۆ نموونە، قازی محەمەد، سەرۆک کۆماری کوردستان لە ١٩٤٦دا، مەلای مزگەوتەکانی ڕاسپارد کە لە وتاری نوێژی هەینیدا جەخت لەسەر شارستانییەتی دێرینی کورد بکەن (Vali, 2011: 106). کەواتە، ڕوانگەی ئیمپریاڵی ڕابردووبینی نەتەوە باندەستەکان بۆ نکۆڵی و پشتگوێخستنی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان، مێژووەکەیان، ڕۆڵی مێژووییان و مافیان، لەلایەک، و دژکردەوەی نەتەوە بندەستەکان، لەلایەکی ترەوە، بووەتە هۆی دژایەتی و ململانێگەلێکی درێژخایەن لە نێوانیاندا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. بەمجۆرە، بارودۆخی کۆمەڵایەتی-سیاسی مێژوویی کاریگەریی هەبووە لەسەر سیاسەتی مۆدێرن و بارودۆخی سیاسی هاوچەرخ لە ناوچەکەدا.

تێبینی:

ئەم توێژینەوەیە وەرگێڕدراوی وتارێکە کە توێژینەوەکەی بە یارمەتی دامەزراوەی هۆڵەندی بۆ توێژینەوەی پێشکەوتوو لە زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکاندا (NIAS) لە ساڵانی ٢٠١٩-٢٠٢٠دا جێبەجێ کراوە و پێشتر لە گۆڤارێکی سەرهێڵدا، پێداچوونەوە بەسەر مێژوو و زانستی سیاسیدا، بەو ناونیشانەی خوارەوە بڵاو ببووەوە، کە لێرەدا وێڕای پێداچوونەوە و دەسکاری کوردییەکەشی بڵاو دەبێتەوە:

Mofidi, S. (2021), “Kurdistan under the Impact of Religio-Political Confrontations of Ancient Empires (From the Median Empire to the Advent of Islam),” Review of History and Political Science, Vol. 9, No. 2, pp. 1-13.

پەراوێزەکان

(١) یەکەم ڕۆژی بەهار (٢١ی مارس) یەکەم ڕۆژی ساڵی کوردییە؛ ساڵڕۆژی دامەزراندنی دەوڵەتی ماد کە کورد لە کوردستانی گەورەدا بە دەستپێکی مێژووی کوردی دەزانن.

(٢) کاوەی ئاسنگەر، پاڵەوانێکی ئەفسانەیی بووە کە لە چاند و مێژووی کورد دا وەکوو هێمای بەرخودان لە دژی نادادپەروەریی باس کراوە.

(٣) سەبارەت بە مادەکان و ئیمپراتۆرییەکەیان، بڕوانە:

Gershevitch, 1985; Diakonoff, 1966; Rawlinson, 2019; and Tuplin, 2004.

(٤) بۆ نموونە، لە کوردستانی دێریندا، دەکرێ بە خاکی خودی ماد وەکوو یەکێک لە ساتراپییەکان لە سەردەمی هێخامەنشییەکان لە سەدەکانی ٦-٤ی پ. ز.، کاردۆخییەکان لە سەدەی ٥ی پ. ز. وەکوو خەڵکی سەربەخۆ بەپێی زینۆفۆن، هەرێمەکانی مادی سەروو و مادی خواروو وەکوو ساتراپییەکان لە سەردەمی ئەسکەندەری مەزن‌دا و لە سەردەمی سێلۆکییەکاندا، پاشان ئاترۆپاتینی ماد لە مادی سەرەوە وەکوو شانشینێکی سەربەخۆ لە سەدەی ٤-١ی پ. ز.، دەوڵەتی کوردوئێن لە سەدەی ٢-١ی پ. ز.، ئیمپراتۆری ساسانی لە سەدەی ٣-٧ی زایینی و حکوومەتی گۆران لە ژێر دەسەڵاتی گۆتانزا لە سەدەی شەشەمدا لە کرماشان بۆ تەورێز، ئاماژە بکرێت. پاشان لە سەردەمی ئیسلامیدا لە سەدەی دەیەمەوە، حکومەتە کوردییەکان دیسانەوە سەریان هەڵدایەوە و لە سەدەکانی ١٧-١٩ز. زۆر میرنشینی کوردی هەبوون، کە ئەردەڵان (لەنێوچوو لە ١٨٦٥ز.) و پشتکۆی/پشتکێوی ئیلام (لەنێوچوو لە ١٩٢٩ز.) دوایین حکوومەتە کوردییەکانی لەو چەشنە بوون (بڕوانە: Zaki, 1931: 41-60, 106 & 120; Gershevitch, 1985: 397 & 495; Diakonoff, 1966: 540-553).

(٥) پێکهێنانی وڵاتێکی بە ڕواڵەت یەکپارچە و فارسێنراو بە ناوی “ئێران” شتێکی نوێیە و پێوەندی بە سەردەمی هاوچەرخەوە هەیە. هەروەها، لە دەقە مێژووییەکاندا وشەی ‘ئیران” بوونی نییە. لە زمانە کۆنەکانی ناوچەکەدا، بەتایبەت لە کوردی کۆندا، وشەی “ئێران” (بە ئەگەرەوە وەرگیراو لە ئێر/ئائێر/ئاری/ئاور/ئاتر/ئاگر) هەیە. ئێستاش کورد زۆرتر بەو وڵاتە دەڵێ ئێران بەجێی ئیران کە فارسەکان وای پێ دەڵێن (Nebez, 2003: 46). لەڕاستیدا، وشەکە سەرەتا لە هەندێ فۆلکلۆر و ئەفسانە دێرینەکانی زەردەشتی‌دا بەکارهێنراوە. ئەوە بە ئەگەرەوە لای زەردەشتییەکان‌ـەوە وەک ‘سەرزەوییەکانی ئاگر’ واتە چەمکێکی ئایینی، نەک سیاسی، بووە بۆ ئاماژە بەو شوێنانەی زەردەشتی بوون وەک چۆن ئێستاش دەڵێن وڵاتە ئیسلامییەکان یان وڵاتە مەسیحییەکان، هتد. بەپێی ئەفسانەکان هەموو سەرزەوی دابەش کرا بە سێ بەش: سەرزەوییە ڕۆژئاواییەکان، باکوور و ڕۆژهەڵات (تووران و چین)، و سەرزەوی ناوەندی (فەلاتی ئێران). هەر بە پێی ئەوە دابەشکاریگەلێک وەک “ئێران و تووران” و “ئێران و ئەنێران/نائێران” ئاماژەیان پێ کراوە وەک چۆن ئەوڕۆکە دەگوترێت ئاسیایی و نائاسیایی، ئەوروپی و نائەوروپی هتد. بە واتایەکی تر، زەوی دابەش کرا بە ئێران و ئەنێران/نائێران. لەم ئەفسانانەدا شای ئێران، وەکوو بەشی ناوەندی زەوی، شای جیهان بینراوە؛ شای “ئێران و ئەنێران”، ئەم نازناوە لەلایەن ساسانییەکان‌ـەوە پاش شاپووری دووەم بەکارهێنرا (بڕوانە: Yarshater, 1983: 364-373 & 411). ساسانییەکان کە خۆیان پەیوەندیی ڕەچەڵەکی و زمانییان بە کوردەوە هەبووە لە زاراوەی ‘ئێران’ کەڵکیان وەردەگرت. هەرچۆنێک بێت، لەلایەکەوە وشەی “ئێران” چەمکێکی ئایینی بوو بۆ پیشاندانی سەرزەوی ئاگرپەرستەکان. لەلایەکی ترەوە ئێران چەمکێکی جوگرافیایی بوو بۆ ئاماژە بە سەرزەوییەکی بەرین لە فەلاتی ئێران و ژێر کاریگەری ئیمپراتۆریی ساسانی. لەڕاستیدا، فەلاتی ئێران یان ئێرانشار/ئیرانشەهر (لە کوردی‌دا شار دوو واتای هەیە ، یەکیان بە واتای خودی “شار/باژێر” و ئەوی تریان بە واتای “سەرزەوی/ناوچە”، هەروەها کە لەلایەن هەڵبەستوانە کلاسیکەکانەوە لەوانە نالی بەکارهێنراوە. کەواتە دوو ئەگەر هەیە؛ یەکەم، ئێران شارێک بووە یان دووەم سەرزەوییەکی بەرفراوان بووە هەر وەک لە سەرەوە ئاماژە کرا، وەک چۆن بگوترێت ئاسیا، ئەوروپا، وڵاتە ئیسلامییەکان، هتد. پێناسەی دووەم زۆرتر لەلایەن توێژەرانەوە بەکارهێنراوە). بۆ قاڕەێک/کیشوەرێک لە چەشنی ئەوروپا و سەرزەوییەکانی ئیمپراتۆریی کۆنی ڕۆم بریتی لە زۆر شانشین و دەوڵەت ڕەچاو کراوە. بۆیە پاشاکانی ساسانی هەر لە دامەزرێنەرەکەیانەوە ئەردەشێری یەکەم خۆیان بە “شای شاکان” ناو دەبرد. بە درێژایی مێژوو، خەڵکانێکی زۆر، ئیمپراتۆریی و دەوڵەتگەلی جیاواز بە ناوی بنەماڵە و دامەزرێنەرە جیاوازەکانەوە هەبوون لە سەر ئەو خاکە ئەفسانەییەدا کە لە سەدەی بیستدا بەشێکی ناوی لێ نرا ئێران. ناسیۆنالیستە فارسەکانی هاوچەرخ لە ئەفسانەکان کەڵکیان وەرگرت بۆ تواندنەوەی خەڵکە جیاوازەکان و پێکهێنانی وەها وڵاتێک، لەکاتێکدا، بەپێچەوانەی ئەوەی کە ئەوان دەیڵێن، فاکتەرێکی هاوبەش لە نێوان خەڵکە جیاوازەکان لەسەر ئەم سەرزەوییە ئەفسانەییە بەرینەدا نەبووە.

(٦) بۆ نموونە، پاژێکی ئەو پەڕتووکە ناوی لێ نراوە “پەڕتووکی ٣؛ جەولە بۆ کوردستان” و هەندێ بەشی تر بریتی لە لاپەڕەکانی ٩٧-١٤٧ پێوەندی بە کوردستان‌ـەوە هەیە (بڕوانە: Xenophon, 1949). دەبێ ئاماژە بکرێت کە زینۆفۆن و دە هەزار سەربازی یۆنان یارمەتی کوورشی بچووکیان دا (کوورشی سێهەم، ٤٠١-٤٠٧ پ. ز.)، نەک کوورشی دووەم، دامەزرێنەری ئیمپراتۆریی ئەخەمەنەکان (کە لە ٥٥٩-٥٣٠ پ. ز. لەسەر تەخت بوو) (بڕوانە: Gershevitch, 1985: 349-97 & 684).

(٧) بەو بۆنەوە کە دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەندێ لە پێوەرەکانی دەوڵەتە مۆدێرنەکانیان نییە، ئەوانە لەلایەن نووسەرەوە بە “دەوڵەتانی نیمچە مۆدێرن” ناوبراون (بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەوە بڕوانە: Mofidi and Rahmani, 2018).

(٨) بەڵگەنامەی تۆمارکراوی ژمارە ٨٩٤ لە پەرتووخانەی گشتی باشووری کوردستان.

(٩) تۆماس قەشەیەکی سەدەی نۆی زایینی لە ناوچەیەکی کوردستان بوو بە ناو “مەرگە” کە لە پەڕتووکەکەیدا ئاماژە بە قەشە گەورەکانی تری کوردستان لە پێش خۆی دەکات.

(١٠) مەسیحییەکان هەتاکوو ئێستاش لە کوردستان‌دا ماونەتەوە. هەروەها مارکۆ پۆلۆ لە سەدەی ١٤دا ئاماژە بە هەندێ کورد دەکات کە مەسیحی بوون (بڕوانە: Marco, 1930: 29).

(١١) ئەم شانشینە بەشێک لە خاکی کوردستانی کۆنی لە نێوان زێ/زابی ژووروو/گەورە و خواروو/بچووک و لە هەولێر بۆ ورمێ دەگرتەبەر.

(١٢) بەڵگەکان پیشان دەدەن کە دەسەڵاتی ساسانی زیاتر پێوەندی بە کوردەوە هەیە تاکوو فارس، گەرچی ئەگەری هەیە کە گرووپە خزمییەکانی تریش لە دەسەڵاتەکەیاندا بەشدار بووبێتن. ساسانییەکان بە ئەگەرەوە لەبەر ئەوەی پێوەند دراون بە فارسەکان‌ـەوە کە شوێنی سەرەتاییان لە ناوچەی خوارەوەی کوردستان بووە لە نزیک پارس، هەرێمی پێشووی ئەخەمەنەکان. کەچی ناکرێ بە دڵنیاییشەوە ئەخەمەنەکان بە ئێتنۆ-نەتەوەی فارس‌ـەوە پێوەند بدرێن. ئەخەمەنەکانیش هەر زیاتر لە باوباپیرانی کورد نزیکتر بوون بەجۆرێ کە بەپێچەوانەی گێڕانەوەی باو کە ناوی بنەماڵە و دەسەڵاتەکە گرێ دەدات بە ناوی باپیرە گەورەیانەوە، دەگوترێت ڕەنگە ناوەکەیان لە وشەی “ئاخ”ی کوردی بە واتای “خاک” گیرابێت. هەروەها وشەی “پارس”یش لای یۆنانییەکان، کە گوتراوە ڕەنگە ناوی ناوچەیەکی بچووک لە نزیک لای خوارووی کوردستان بووبێت، بە ئەگەرەوە پێوەندی بە فارس و زمانی فارسی و خەڵکی فارسەوە نییە کە دواتر و لە سەرەوە لە ناوچەی خوارەزم و سەرەوەی خوراسان‌ـەوە بەرەو خوار دایان کێشاوە. بەپێی سەرچاوە ئیسلامییەکانیش عەرەب بە خەڵکانی سوارچاک و ئەسپسوار گوتوویانە فارس/فورس. ئەخەمەنەکان زۆرتر بە زمانی عیلامی نووسیویانە بۆیە دەکرێ درێژەی ئەو کۆمەڵە خەڵک و شارستانییەتانە کۆنانە بن کە نەتەوەکانی تر بریتی لە کورد دەگەنەوە سەریان. هەر لەو پەیوەندییەدا، ئەو گوتەیەی هەندێ توێژەر بە ڕاست نازانرێت کە گوایە دامەزرێنەری دەسەڵاتی ساسانییەکان ویستوویە کە ئیمپراتۆرییەکی گەورە وەک ئەوەی ئەخەمەنەکان دابمەزرێنێتەوە، لەبەر ئەوەی کە ئەو هیچ زانیارییەکی ڕوونی لەسەر ئەخەمەنەکان نەبووە و ماوەی شەش سەدە لە دوای ئەوان بووە (بڕوانە: Yarshater, 1983: 120). هەرچۆنێک بێت، هەندێ هۆی دیار هەیە بۆ پێوەنددانی ساسانییەکان بە کوردەوە: یەکەم، بە وتەی دینەوەری کە کوردێکی سەدەی نۆیەم بوو و کورد و باوباپیرانی دەناسی و پەڕتووکێکی لەسەر ڕەچەڵەکی ئەوان نووسیبوو، “ساسان چوو بۆ کوێستان لەگەڵ کوردانی شوانکارە، پاشان ساسانییەکان ناسران بە “ساسان کورد” و “ساسان شوان” (بڕوانە: al-Dinawari, 1960: 27). لەو کاتەدا خەڵکی باوباپیرانی کورد زیاتر شوان و مەڕدار بوون کە لە ناوچە کوێستانییەکانی زاگرۆس‌دا دەژیان، بۆیە کوردستان‌یش لەلای عەرەبەکان بە “ئەلجیبال” ناسرابوو. ساسان بە ئەگەرەوە یەکێک لەو کوردان‌ـە بووە کە لەگەڵیان چووە بۆ کوێستان. تەنانەت کاتێک لەسەر ساسانییەکان قسە دەکات، دینەوەری ئاماژە بە هەندێ وشەی کوردی دەکات. دووەم، هەروەها کە لە دەقەکەدا ئاماژە کراوە، شانشینەکانی کوردستان یارمەتی ساسانییەکانیان دا کە بە دەسەڵات بگەن (Yarshater, 1983: 118). سێیەم، زمانیان لە کوردی ئێستا نزیکتر بووە (سەیری یاداشتی ژمارە ٤ بکەن لەسەر ئێران) و هەندێ بەشی ئەو زمانە هێشتا واتادارە لە زمانی کوردی‌دا و هەندێ کورد بەتایبەت هەورامی و فەیلی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کرماشان، لوڕستان و ئیلام) و هەروەها باشووری کوردستان لێی تێدەگەن. بێجگە گێڕانەوەی باو لەسەر ساسانییەکان، ئەو ئەگەرە هەیە کە ساسان لە “سان سان” بە واتای “خانی خانان” یان “شای شاکان” وەرگیرابێت کە تاکوو ئەم دواییانەش لە کوردەواری بەکار دەهێنرا و لە ناوچەی هەوراماناتی کوردستان سانەکان هەبوون. نووسراوە بەجێماوەکانی ئەو سەردەمەش لە زاراوەکانی زمانی کوردی نزیکترن. هۆنراوەی هورمزگان/هورموزگان کە دەگوترێت هی سەدەی ٧ی زایینییە و شرۆڤەی هێرشی عەرەبەکان و سڕینەوەی ئایین و چاندی زەردەشتی دەکات، نزیکە یان وەکیەکن لەگەڵ زاراوەی کوردی هەورامی ئێستاکەدا (بڕوانە: Mofidi, 2019). هەروەها دەگوترێت کە زاراوەی کوردی فەیلی پێوەندی بە پالەوی/فەهلەوی، زمانێکی دێرین (لەڕاستیدا کوردی سەردەمی ناوەڕاست)، هەیە. چوارەم، ناوچەی شوێنی گەشەسەندنیان کوردستانی خواروو، لوڕستان، بووە کە ساسان لەگەڵ کوردەکان چوو بۆ کوێستان، کە ئەوێ نزیکی ستەخر/ئیستەخر بووە شوێنێ کە ساسانییەکان یەکەم پێتەختی خۆیان لەوێ دامەزراند و لە سەردەمانی دواتریشدا کوردانی شوانکارە لەوێدا دەژیان (Ibnu‟L-Balkhi, 2006: 164 & 168). دواتر، ئەوان ناوەندی حکوومەتی خۆیان لە ناوچەکە و دەوروبەریدا دامەزراند. تیسفۆن پێتەختی دووەم و سەرەکی ئەوان بوو. ئەم شوێنە لە دەشتەکانی نێوان دوواواندا بوو لە نزیک بەغدا، کە بەغدا خۆی وشەیەکی کوردییە و ئەوڕۆکەش سنوورەکانی کوردستان لە نزیکی ئەوێ دایە (بڕوانە: Nebez, 2004: 24). بەپێی ئەفسانەکان و ڕەچەڵەکناسی زمانەکان، کوردەکان لەو ناوچەدا بوون (بڕوانە: HamaRash, 2013; Mofidi, 2019). هەروەها، پێتەختی هاوینەی ساسانییەکان کرماشان بوو کە لەوێدا هێشتا بەڵگەی زۆر لە میراتی ئەوان هەیە. پێنجەم، هەندێ لە میرنشینە کوردییەکان لە سەردەمانی دواتردا، دوای هاتنی ئیسلام، لەوانە ئەردەڵانەکان، ڕەچەڵەکی خۆیان بۆ ساسانییەکان دەگەڕاندەوە. مەستوورەی کوردستانی/ئەردەڵان (١٨٠٥-١٨٤٨) ڕەچەڵەکی ئەردەڵانەکان و باپیرە گەورەیان بابە ئەردەڵانی بردووەتەوە سەر ئەردەشێری پاپەکان/یەکەم. بابە ئەردەڵان لە شامەوە گەڕاوەتەوە بۆ حوکمڕانی کوردستان لە سەرەتای سەردەمی ئیسلامی‌دا (بڕوانە: Kurdistani, 1946: 5-6). گەرچی هەندێکی تر لەوانە بتلیسی لە شەرەفنامەدا (١٥٩٧) ئەردەڵانەکان دەباتەوە سەر مەروانییەکان، دەسەڵاتێکی کوردی سەدەی ١٠-١١ی زایینی لە ئامەد. پاش مەروانییەکان، لە کۆتایی سەردەمی موغۆلەکاندا ئەردەڵانەکان زاڵ بوون بەسەر شارەزوودا، بریتی لە سنە. هەروەها ئەو ئەگەرە هەیە کە هەندێ کوردی شوانکارە و باوباپیرانی ئەردەڵانەکان لە کۆتایی سەردەمی ساسانی‌دا چووبێتن بۆ شام، پاش ڕووخانی ساسانییەکان ئەوان گەڕابێتنەوە بۆ کوردستان کە هەندێکیان دەسەڵاتی ئەردەڵانیان لە سنە دامەزراند و ئەوانی تر لە سەدەی ١١دا حکوومەتی شوانکارەیان لە لوڕستان دامەزراند (سەبارەت بە کوردانی شوانکارە بڕوانە: Boyle, 1968: 304; Zaki, 1931, v.2).

(١٣) بۆ ململانێ و دژایەتی نێوان ئیمپراتۆرییەکانی ڕۆم و پارتی-ساسانی، بڕوانە:

Chris S. Lightfoot, 1982; Cline and Graham, 2011; Zaki, 1931, v.1: 118-121.

 سەرچاوەکان

 Al- Tabari, A. J. M. J. (1970), History of the Prophets and Kings (Tarikh al-Rusul wa al-Muluk), reviewed by: Muhammad Abul Fadil Ibrahim, V. 4, Cairo; Dar al-Maarif.  

Al-Dinawari, A. H. A. D. (1960). al-Akhbar al-Tiwal, investigation: Abdel-Moneim Amer, reviewed by: Jamal Al-Din Al-Shayal, Cairo: Arab Books Revival House, First Edition.

Al-Khalil, A. M. (2011). The history of Kurd in Islamic Civilization, translated into Kurdish by Zirar Ali, Sulaimaniyeh; Paywand [in Kurdish].

Appian (Appianus) (1912). Appian’s Roman History I, with an English translation by Horace White, V I, London: Wiliam Heinemann Ltd.

Aubrey R. V. (1937). The Nestorian Churches, London: Independent Press.

Barkey, H. J. and Fuller G. E. (1998). Turkey’s Kurdish Question, USA; ROWMAN & LITTLEFIELD.

Barnes, T. D. (1985). “Constantine and the Christians of Persia,” The Journal of Roman Studies, Vol. 75, pp. 126-136.

Bitlisi, P. S. (2005). The Sharafnama or the History of Kurdish Nation, 1597, English Translation and commentaries by M. R. Izady, California; Mazda Publisher.

Boyle, J. A. (ed.) (1968), The Saljuq and Mongol Period,The Cambridge History Of Iran, in seven volume, volume 4, UK; Cambridge University Press.

Bruinessen, M. V. (1992). Agha, Shaikh and State, The Social and Political structures of Kurdistan, London and New Jersey: Zed Books.

Champion, J. (2014). Antigonus the One-Eyed; Greatest of the Successors, Great Britain: Pen & Sword Military.

Vanly, I. C. (1992). “The Kurds in Syria and Lebanon”. In The Kurds; A Contemporary Overview, Philip G. Kreyenbroek and Stefan Sperl (eds.), London; Routledge, pp. 143-170.

Cline, E. H. and Mark W. G. (2011). Ancient Empires; From Mesopotamia to the Rise of Islam, Cambridge University Press.

Diakonoff, I. M. (1966). The History of Media, published in 1956, translated into Persian by Karim Keshavarz, Theran; Book Translation and Publishing Company.

Eisenstadt, S. N. (1969). The Political System of Empires, New York, The Free Press.

Farrokh, K. (2011). Iran at War 1500-1988, UK; Osprey publishing.

Fowden, E. K. (1999). The Barbarian Plain: Saint Sergius between Rome and Iran, London: University of California Press.

Gershevitch, I. (ed.) (1985). The Median and Achaemenian Periods,The Cambridge History of Iran, in seven volume, volume 2, CAMBRIDGE UNIVERSITY PRESS.

Gunes, C. (2012). The Kurdish National Movement in Turkey; From Protest to Resistance, New York; Routledge.

Gunter, M. M. (2011). The Kurds Ascending; the Evolving Solution to the Kurdish Problem in Iraq and Turkey, second edition, New York; Palgrave Macmilan.

HamaRash, S. (2013). Who Are the Kurds? The History of Kurds and the Origin of their Language from the Dawn of Civilization to the Tenth Century A.D, first edition, London [in Kurdish].

Herodotus (1976). The History of Herodotus, translated by Isaac Littlebury, two volumes, third edition, New York; AMS Press.

Ibnu’L-Balkhi (2006), The Farsnama, edited by G. Le Strange and R. A. Nicholson, Tehran; Asatir publication [in Farsi].

Johnson, P. (1995). A History of Christianity, UK: Prentice Hall.  

Kurdistani, M. M. (1946). The History of Ardalan, reviewed by: Nasir Azadpour, Sine: Bahrami Publication.

Lightfoot, C. S. (1982), The Eastern Frontier of the Roman Empire with Special Reference to the Reign of Constantius II, Doctoral thesis, University of Oxford.

Marco P. (1930). The Travels of Marco Polo, revised from Marsden’s translation and edited with introduction by Manuel komroff, New York: Horace Liveright.

Martini, R. L. (2015).Constantine’s Strategies on Behalf of the Christians of Persia,available at:http://www.eboracum.org/constantines-strategies-on-behalf-of-the-christians-of-persia/ (accessible at 8/10/2020).

McDowall, D. (1992). “The Kurdish Question: A Historical Review”. In The Kurds; A Contemporary Overview, Philip G. Kreyenbroek and Stefan Sperl (eds.), London; Routledge, pp. 10-32.

Minorsky, V. (1986). “Kurds, Kurdistan,” in C. E. Bosworth, E. Van Donzel, B. Lewis and C. Pellat (eds.), The Encyclopedia of Islam, vol V, Leiden: Brill, pp. 438-86.

Moffett, S. H. (1992). A History of Christianity in Asia, Volume I; Beginning to 1500.

Mofidi, S. (2015). The Political function of religion in contemporary India (Hinduism and Islam), New Delhi: Swastik Publications.

Mofidi, S. (2019). “An Introduction to the Religious History of Kurdistan”, KCCRC Journal, N. 43, pp. 36-62 [in Kurdish].

Mofidi, S. and Rahmani S. (2018). “ISIS and Modernity; Studying the Effect of Middle-eastern quasi-modern States”, Research Letter of Political Science, Journal of Iranian Political Sciences Association, V. 13, N. 2, pp. 157-186 [in Farsi].

Murphey, R. (1999). Ottoman Warfare 1500-1700, UK; UCL Press.

Nebez, J. (2004). The Kurds; History and Culture, Translated into English by: Hanne Kuchler, London: WKA Publications.

Ocalan, A. (2018). Manifesto for a Democratic Civilization, Publication of works and thoughts of Abdullah Ocalan, 5 volumes, third edition.

Pirnia, M. K. (2004). A study into the classification of styles in Iranian architecture, Tehran: Me’mar publications.

Rawlinson, G. (2019). Ancient Media: Political and Cultural History of the Median Tribes, E-Artnow.

Smith, K. (2016). Constantine and the captive Christians of Persia: martyrdom and religious identity in Late Antiquity, University of California Press.

Stewart, J. (1928). Nestorian Missionary Enterprise: The Story of a Church on Fire, T. & T. Clark.

Thomas, M. (1893). The Book of Governors, edited by E.A. Wallis Budge, London: KEGAN PAUL, TRENCH, TRUBNER & Co., Ltd.

Tuplin, C. (2004). “Medes in Media, Mesopotamia, and Anatolia: Empire, Hegemony, Domination or Illusion?” Ancient West and East, V. 3, issue 2, pp. 223-251.

Vali, A. (2011). Kurds and the State in Iran; the Making of Kurdish Identity, London: I.B.Tauris & Co Ltd.

Ward, S. R. (2009). Immortal; A Military History of Iran and Its Armed Forces, Washington D.C; Georgetown University Press.

Weber, M. (1965). The Sociology of Religion, London: Tr. E. fischoff, Methuen & Co Ltd.

White P. J. (2000). Primitive Rebels or Revolutionary Modernizers? The Kurdish National Movement in Turkey, Zed Books.

Xenophon (1949). The Persian Expedition, translated by Rex Warner, The Penguin Books, First published.

Yarshater, E. (ed.) (1983). The Seleucid, Parthian and Sasanian Periods,The Cambridge History of Iran, in seven volume, volume 3, Cambridge University Press.

Zaki, M. A. (1931). Kurd and Kurdistan, 3 volumes, Baghdad; Dar al-Salam publication [in Kurdish].

Zouberi, J. (2017). “The role of religion in the foreign affairs of Sasanian Iran and the Later Roman Empire (330-630 A.D.),” HISTORIA I ŚWIAT, n. 6, 121-132.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO