سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ژینگە لە کلتوری کۆمەڵگە و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی نەوەکانیدا

مرۆڤ بەرهەمی پڕۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکەیەتی، واتە بەرهەمی ئەو سیستەمە پەروەردەییەیە،کە لە کۆمەڵگەکەیدا پێش لە دایکبوونی وەکوو قاڵبێکی کلتوری ئامادە کراوە، تا لەچوارچێوەیدا شێوە بگرێت. منداڵ کە لە دایک دەبێت،هیچ خەسڵەت و تایبەتمەندییەکی مەعریفی، ئاوەز و هۆشیاری و بیروباوەوڕو ڕەفتاریی  لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت، جگە لە ئامادەباشیە بایۆلۆجی و جەستەییەکانی بۆ وەرگرتن (input) مەعریفە و داتا. ئیتر ئەوە کۆمەڵگە و ژینگەی دەورەوبەرو چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکەیە هێما زمانی و جیهانبینی و باوەڕ و شێوازی بیرکردنەوە و بەها کلتورییەکانی لا دروست دەکات. فێری دەکات گرنگی بە چی بدات و گرنگی بە چی نەدات، چیی پیرۆزە و چیی پیرۆز نییە. بۆیە کۆمەڵگە دەتوانێت لە ڕێگای پەروەردە و فێرکردن و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتییەوە،  لە زەینی نەوەکانیدا دار و بەرد و خاک و ئاو و ئاسمان و زەوی و سامانی نیشتیمان پیرۆز بکات، هەموو ئەوانەی لەو جوگرافیایەدا دەژین ژینگەکەیان خۆش بوێت  و پیسی نەکەن.

هەر کۆمەڵگەیەک فەلسەفەیەکی پەروەردەیی تایبەت بە خۆی هەیە، هەر فەلسەفەیەکی پەروەردەییش میتۆد و شێوازی لێکدانەوەی خۆی هەیە و لە چاوتێبڕین بۆ  ئامانجەکانییەوە بابەت و ناوەڕۆک و میکانیزم و ڕێوشوێنە پەروەردەییەکانی دیاری دەکات. ئەگەرچی سەرەتای پڕۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی لە خێزانەوە دەست پێ دەکات بەڵام قوتابخانە گرنگترین کەناڵی پەروەردەیی فەرمییە کە لەسەر بنەمای میتۆدی زانستی کار بۆ بونیادنانی کەسایەتی و ئاراستەکردنی تاکەکانی کۆمەڵگە و بەرهەمهێنانی مەعریفەی زانستی دەکات، شوێنی چەسپاندنی بەهاکانە لە زەینی تاکەکانیدا. بۆیە لە فەلسەفەی پەروەردەیی هەموو کۆمەڵگەکاندا ناوەڕۆکی بابەتە پەروەردەییەکان بریتین لە بەها لە پێشینەکانی کۆمەڵگە، ئەو بابەتانەی زۆر پێویستن و کۆمەڵگە بە گرنگ و پڕ بایەخیان دەزانێت. یەکێک لەو بابەتانە بریتییە لە ژینگە کە پەیوەندی بە ژیان و مان و نەمانی مرۆڤەکانەوە هەیە، دەبێ ژینگە یەکێک بێت لە بابەتە سەرەکی و بنچینەییەکانی هەر فەسەلسەفەیەکی پەروەردەیی لە کۆمەڵگەکاندا.

ژینگە ئەو شوێنەیە مرۆڤی تێدا دەژیت، بە کۆی ئەو بونەوەرە زیندو و نازیندوانەی کە لەو ناوەندە جوگرافییەدا هەن و کاریگەرییان هەیە لە ڕووی  بایۆلۆجی و کۆمەڵایەتی و دەرونییەوە لەسەر مرۆڤ.  ژینگە تەنیا شوێن نییە وەکوو پنتێکی جوگرافی بۆ حەوانەوەی مرۆڤ کە کاریگەری لەسەر خەسڵەتە بایۆلۆجیەکانی مرۆڤ هەیە، بەڵکوو  سیستەمێکی کلتوری گشتگیریشە ڕەفتار و کەسایەتی مرۆڤەکان لە قاڵب دەدات. بۆیە چەمکی ژینگە مانایەکی زۆر فراوانی هەیە، لە ماڵ و خێزان و کۆڵان و گەڕەکەوە دەگرێتەوە تا گەردوون و تیشکی خۆر. هەموو ئەمانەش وا دەکەن کە مرۆڤەکان بە پێی ژینگەکانیان لە یەکتر جیا بکرێنەوە.

ئەگەر ژینگەی سروشتی کاریگەری بایۆلۆجی و سەرچاوە و کەرەستەی خاو بخاتە بەردەستی مرۆڤەکان ئەوا ژینگەی کلتوری و کۆمەڵایەتی هەموو ئەو فاکتەرانە دەگرێتەوە کە کاریگەریان لەسەر ڕەفتاری تاک هەیە، وەکوو بەهاو بیروباوەڕو ڕۆشنبیری و توخم و ڕەگەزە کلتورییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دامەزراوەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان.

ژینگەی کۆمەڵایەتی کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ناسنامەی گرووپەکان و  تاک و کەسایەتی و جیهانبینی و بیروباوەر و ئاراستە هزرییەکانی تاک و ڕەفتار و پێویستییەکانی، حەز و ئارەزووەکانی، توانا و خواستەکانی. بە گشتی، ژینگەی کۆمەڵایەتی ژیانی گرووپەکان دیاری دەکات، کارلێکی نێوان مرۆڤەکان و سروشتی پەیوەندیەکانیان دەگرێتەوە،چۆنیەتی ڕێکخستنی کۆمەڵگە و کاریگەریی لەسەر ژینگە و کاریگەری ژینگە لەسەر ئەم سیستەمە دیاری دەکات .

سەرەڕای گرنگی ژینگە و کاریگەرییە بایۆلۆجی و کۆمەڵایەتییەکانی، مرۆڤ کاریگەریی زۆری لەسەر ژینگە و تێکدانی سیستەمی ژینگەیی هەیە، بە جۆرێک لەم ساڵانەی دوواییدا، کاریگەرییەکانی مرۆڤ لەسەر ژینگە وەکوو هەڕەشەیەک مەترسیان خستوەتە سەر ئایندە و چارەنووسی خودی مرۆڤ خۆی و ژیان لەسەر گۆی زەوی بە گشتی. کۆمەڵگەی مرۆیی لەبەردەم بەرپرسیاریەتی پاراستنی ژینگە و هاوسەنگ ڕاگرتنی سیستەمی ژینگەییدا داناوە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی مرۆڤ لەسەر ژینگە و تێکدانی سیستەمی ژینگەیی  مەترسیان بۆ کۆی مرۆڤایەتی هەیە نەک ناوەندێکی دیاریکراو، چونکە ڕەگەزەکانی سیستەمی ژینگەیی پێکەوە بەستراو گرێدراون، پشت بە یەکتر دەبەستن، هەر گۆڕانکارییەک لە یەکێکیان بێت ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆی سیستەمەکە و پێکهاتەکانی دەبێت. بۆ نموونە، گۆڕانی پلەکانی گەرما کاریگەریی زۆر گەورەی دەبێت لەسەر ژیانی ڕووەک و زیندەوەرانی ئەو ژینگەیە، دواتر گۆی زەوی بە گشتی چونکە یەک زنجیرەیەکی سیستەمی ژینگەیی پێکەوە گرێدراوە، سەرەڕای دووری ناوچەکان بەڵام کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە.

لەم ڕوانگەوە هەندێک لە کۆمەڵگەکان پێداچوونەوەی قووڵیان کردووە لە بارەی پەیوەندییەکانی مرۆڤ و ژینگە، لە ڕێگای کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنگرە و دەرکردنی یاسا و ڕێسا و پەروەردە و فێرکردن و هۆشیارکردنەوە و بەکارهێنانی کەناڵەکانی سۆشیال میدیا  و چەندین ڕێگا و ئامراز و کەرەستەی دیکەوە کار بۆ ڕاستکردنەوەی پەیوەندییەکانی مرۆڤ و ژینگە و دەستگرتن بە ڕەگەز و توخمەکانی ژینگەوە دەکەن.

یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی پاراستنی ژینگە پەروەردە و فێرکردنە، چاندنی بەهای ژینگەییە لە زەین و جیهانبینی نەوەکاندا، بۆیە لەم سەردەمەدا کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان بە قووڵی کار لەسەر پەروەردەی ژینگەیی دەکەن و لە پڕۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی منداڵەکانیاندا شوێنێکی ناوەندیی هەیە، بە تایبەت لە قۆناغی بنەڕەتیدا کە دواتر بەها ژینگەییەکان دەبێتە بەشێک لە خەسڵەت و تایبەتمەندی کەسایەتیان.    

پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن، یان پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی بە مانا کۆمەڵناسییەکەی، پڕۆسەیەکی دوورودرێژ و ئاڵۆزە و تەواوی ژیانی مرۆڤەکان دەگرێتەوە، لە چرکە ساتی پێکهاتنی کۆرپەلە لە منداڵدانی دایک دەست پێ دەکات تا مردن، ڕاهێنان و خوگرتن و خواردن و خەوتن و پۆشین وبەکارهێنان و بەکاربردن و وێناکردن و ڕەفتار و کار و کاردانەوە و چالاکی و بیرکردنەوە و جیهانبینی و هەڵسوکەوت و مامەڵە و پەیوەندی و تەواوی جووڵە و کارلێک و زەین و مەزەندەکانی  لە پڕۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیدا لای مرۆڤ دروست دەبن.

پەروەردەی ژینگەیی بەشێکە لەم پڕۆسە گشتگیر و فرەلایەنە کە تیایدا جەخت دەکاتە سەر چەمک و زاراوە و دەستەواژە ژینگەییەکان و بەها بۆ ژینگە دەگەڕینێتەوە. توخم و ڕەگەزە ژینگەییەکان دەپارێزێت و ڕێز و خۆشەویستی ژینگە لە زەینی نەوەکانی ئایندەدا دەچێنێت، تا پاراستنی ژینگە و بەکارهێنانی بە شێوەیەکی تەندروست دەبێتە بەشێک لە دابونەریت و کلتوری کۆمەڵگە.

لە ڕووی مێژووییەوە، پەوەردەی ژینگەیی چەمکێکی نوێیە، بۆ نزیکەی شەست حەفتا ساڵیک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لە ئەنجامی گەشەکردنی خێرای پیشەسازی و فروانبوونی داهێنانە تەکنۆلۆجییەکان سەری هەڵدا. زاراوەی پەروەردەی ژینگەیی بۆ یەكەمجار و لەسەر ئاستی جیهان لە شاری پاریس و لە 1948دا لە كۆنگرەی یەكێتی جیهان بۆ پارێزگاریكردن لە سروشت و دەورامەتە سروشتییەكان بەكارهات، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی ئاستی هۆشیاری دەربارەی ژینگە و مەترسی و کاریگەرییەکانی کێشە ژینگەییەکان لەسەر مرۆڤ.

ئەم هۆشیارییەش بەهۆی سێ چالاکی و ئاراستە یاخود ڕەوتی گرنگی پەروەردەییەوە گەشەی کردبوو؛ کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامى کار و هەوڵى ئەو ڕەوتانەی لە سەرەتاكانى سەدەی ڕابردوودا سەریان هەڵدابوو، گرنگترین كارەكانیشیان بریتیبوون لە توێژینەوەکردن دەربارەی سروشت، پاراستنى ژینگە و پەروەردەی دەرەوەى خێزان، لە 1970 ڕێكخراوی یۆنیسكۆ پێشنیازی ئەوەی كرد كە لە پرۆگرامی خوێندندا پێویستە گشتاندن بكرێت بەوەی كە “چەمكی پەروەردەی ژینگەیی” بخوێندرێت. لەبەر تیشکی پێشنیازەكەی یۆنیسكۆ لەسەر ئاستی جیهان بایەخدان بە چەمك و بیرۆكەی “پەروەردەی ژینگەیی” لە پرۆگرامی خوێندندا زیاد کرا. بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی بوو، زیاتر بایەخ بە لایەنی زانستی لەسەر سروشت دەدرا و ڕۆڵی كاریگەریی مرۆڤ لە پیسكردنی ژینگە و بەرپرسیارییەتی لە پاراستنی ژینگەدا پشتگوێ خرابوو.

ئەوەی ئێستا لە پرۆگرامی خوێندنی پەروەردەی ژینگەیی  ئاماژەی پێ دەدرێت بریتییە، لە چەمكێكی خوێندنی گشتگیر و لایەنە  تەواوكارییەكانی ژینگەش لەخۆدەگرێت وەك ڕۆڵی لایەنی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسەتی نێوخۆ و نێودەوڵەتی.

مەبەست لە پەروەردەی ژینگەیی پەروەدەی فەرمییە، کە حکومەت و دامودەزگا و دامەزراوە فەرمییەکان ئەنجامی دەدەن، لە میانی میتۆدی زانستی و بەکارهێنانی ئامراز و کەرەستەی پێویست و دیاری کردنی ئامانجی ڕوونەوە پیادە دەکرێت، کە یەکێک لە ئامانجەکانی بریتییە لەوەی تاکێکی هۆشیار دروست بکات و توانای بڕیاردانی ئەقڵانی هەبێت لە کاتی مامەڵەکردنیدا لەگەڵ توخم و ڕەگەزە ژینگەییەکاندا.

ئامانجی پەرورەدەی ژینگەیی چارەسەرکردنی گرفتە ژینگەییەکانە، لە ڕێگای هۆشیارکردنەوە و پیشنیازکردنی ڕێگاچارەی گونجاو و پاراستنی کۆمەڵگە لە مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە.

لەم سەردەمەدا پەروەردەی ژینگەیی بۆ هەرێمی کوردستان یەکێکە لە بابەتە هەنووکەیی و زۆر پێویستییەکان، کە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌ـە پەیڕەوی بکات، میکانیزمەکانی ئامادە بکات،   چونکە له‌ كوردستان‌دا به‌ گشتی له‌ دوای 1991ـه‌وه‌ گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له‌ شێوازی ژیان و په‌یوه‌ندییه‌كانی تاكی كوردستانی به‌ ده‌وروبه‌رو ژینگه‌ سروشتییه‌كه‌یه‌وه‌ ڕوویانداوه‌، بە تایبەتی دوای ٢٠٠٣ کرانەوەی هەرێمی کوردستان بەسەر جیهانی دەرەوە و ناردنە دەرەوەی نەوت و چالاکی بازرگانی و هاتنی كۆمپانیا بیانییه‌كان و هه‌ڵمه‌تی دروست كردن و دامه‌زراندنی كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان و هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل و موەلیدەی کارەبا،هتد، ده‌ستی پێكردووە.

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەرێم زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل  لە هەرێمی کوردستان‌دا تۆمار کراوە، هەروەها به‌ پێی ئاماره‌كانی  ژووری بازرگانی هه‌ولێر له‌ كوردستان‌دا 16039 كۆمپانیای خۆماڵی و 2552 كۆمپانیای بیانی هەیە. تەکنۆلۆجیا بە گشتی و گەشەکردنی خێرای شارەکان سیمای سروشتی کوردستانیان تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕیوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی تێکچوونی سیستەمی ژینگەییدا، نەخۆشی زۆر ترسناک  بڵاوبووەتەوە، ساڵانە تەنیا بە نەخۆشی هەوکردنی سییەکان  نزیکەی ١٥ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان دەمرن. بۆیە پەروەردەی ژینگەیی و توندوتۆڵکردنی ڕێوشوێنەکانی پاراستنی ژینگە یەکێکە لە پێویستییەکانی ئەم قۆناغە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO