سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کاریگەریی دەوڵەت لەسەر مانەوەی زمان و نەتەوە، چەمکسازی و پێناسەکان

ئەمە بەشی دووەمە لە بابەتێکی چوار بەشی بەناونیشانی “لە نەبوونی دەوڵەت‌ـدا، زمان و نەتەوە لەناودەچن، کەیسی کورد”. لە بەشی یەکەمدا قسەمان لەسەر پێگەی زمانی کوردی کرد لەگەڵ ئەو مەترسیانە کە ئەمڕۆ بەتایبەتی زمانی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵات ڕووبەڕووی بوونەتەوە. لەم بەشەدا قسە لەسەر پێگەی دەوڵەت دەکەین لەسەر مانەوەی زمان.

بۆ ئەوەی بزانین لەناوچوونی نەتەوە بە چییەوە بەندە سەرەتا دەبێت پێناسەی نەتەوە بکەین. ئەوە زانراوە کە پێناسەی جیاجیا و لە دید و تێگەیشتنی جیاوازەوە نەتەوە ناسێنراوە. بەڵام ئێمە بۆ پێناسەی نەتەوە ئەو پێناسانە بە چاک دەزانین کە بنەماکان و کۆڵەگەکانی نەتەوە دیاری دەکەن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە پەیوەند بە ئارگیومێنتی سەرەکی ئەم بابەتە کە پێشنیاز دەکات “نەتەوە لە بێدەوڵەتیدا ئەگەرەکانی پووکانەوە و لەناوچوونی دێتەگۆڕێ” گرنگە کە بنەما و کۆڵەگەکانی نەتەوە دیاری بکەین، چونکە ئێمە پێمان وایە کە تەنیا دەوڵەت یان کیانێکی/بوونێکی دەوڵەتئاسا دەتوانێت بنەماکان و ئەستونەکانی نەتەوە دروست بکات و پەرە پێ بدات بپارێزێت، بەرزڕاگرێت، واتە لە لەناوچوونی ڕزگاریان بکات.

بۆ ئەم مەبەستە لێرە “نەتەوە” وەک گرووپێک پێناسە کراوە کە بە ئاگایی ‌و ئیرادەی خۆیان کۆمەڵگەیەکیان پێکهێناوە، کۆمەڵگەکەش خاوەنی ناسنامە و کۆیاد و کولتوور (زمان، دابونەریت، کەلەپوور) و مێژوو و ڕەچەڵەک و خاکێکی هاوبەشن. هاوکات، هەستی هاوپشتیوانی بەیەکەوەیان گرێ دەدا و پڕۆژەیەکی هاوبەشیشیان هەیە بۆ دواڕۆژ و بانگەشەی مافی خۆبەڕێوەبردن دەکەن. مافی خۆبەڕێوەبردنیش دەکرێت لە چوارچێوەکانی سەربەخۆیی، کۆنفیدرالی، فیدرالی یان ئۆتۆنۆمی بەدەست بێنێت (Guibernau 2004: 132). لێرەدا دەبێت ئەو جیاوازییە دیاری بکەین کە لەنێوان “نەتەوە” و “دەوڵەت-نەتەوە”دا هەیە. هاووڵاتییانی “دەوڵەت-نەتەوە” بەگشتی نیشتەجێی هەمان وڵاتن ‌و مافی یەکسانیان هەیە و ئامێزانی چەندین پەیوەندی شاقووڵیی ئابوورین. “نەتەوە” هەموو کارەکتەر و خەسڵەتەکانی “دەوڵەت-نەتەوە”ی تێدایە بێجگە لە مافی هاووڵاتییبوون بە یەکسانانە لەگەڵ پەیوەندییە ئابوورییە شاقووڵییەکە. بە شێوازێکی دیکە، ئەوەی نەتەوە لە دەوڵەت-نەتەوە جیادەکاتەوە ئەوەیە کە نەتەوە کیانێکی کۆمەڵایەتییە بەڵام دەوڵەت-نەتەوە کیانێکی هەم کۆمەڵایەتییە هەم یاسایی.

هەندێک گرووپ هەن کە نیشتەجێی وڵاتێکی دوای-کۆڵۆنیاڵن (وەک عێراق و سووریا) یان دەوڵەت-نەتەوەیەکن (وەک تورکیا و ئێران) کەچی بەخۆیان دەڵێن “نەتەوە” یان گەشەیان کردووە بۆ “نەتەوە”. ئەم گرووپانە وەک نەتەوەی-بێ-دەوڵەت (nation-without-state) ناسراون. نەتەوە-بێ-دەوڵەتەکان گرووپی وابەستەن بە خاك (territorial community) کە خاوەن ناسنامەی نەتەوەیی/نیشتیمانیی خۆیانن ‌و ئارەزووی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە بەڵام کەوتونەتە نێو سنووری وڵاتێک، یان چەند وڵاتێک، کە بەگشتی خۆیان بە دەوڵەتەکە ناناسێنن (وەک: کوردەکان، کەتەلۆنەکان، تامیلەکان‌ و سکۆتلەندییەکان).

ئەم بابەتە چوارچێوە و تێگەیشتنەکانی بنیاتگەراکان (constructivists) دەکات بە چاویلکەیەک بۆ شرۆڤە و گفتوگۆی دیدگایەک بۆ سەرهەڵدان/دروستبوونی نەتەوە، وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی-سیاسیی. لە ڕوانگەی بیناتگەراکان، هەموو دیاردە و مانا و بەها و ڕاستییەکان و ناڕاستییەکان، دیاردەگەلێکن، ماناگەلێکن، بەهاگەلێکن، ڕاستییگەلێکن کە لە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتیی-سیاسیی-ئابووریی-مێژووییدا دروست بوون و هەر لە پڕۆسەیەکی هاوشێوەش لەوانەیە لەناوبچن. بەم پێیە، بنیاتگەراکان، کە لە پەیوەند بە نەتەوە و ناسیونالیزم زیاتر وەک تازەگەراکان (modernists) ناسراون، پێیان وایە کە نەتەوەکان بەرهەمی ناسیۆنالیزمن، نەک بە پێچەوانەوە (Walicki 1998). ئەوە بەو مانایەیە کە نەتەوە شتێکی ڕاستەقینە و بابەتیی و پێویست نییە بەڵکو “بنیاتنراو” و “دەستکرد” و “بەرهەمی” نوخبەی سیاسیی و ڕووناکبیرییە. ئێمە تەواو هاوڕای ئەو دیدە نین کە هەموو نەتەوەکان دروستکراوی دەوڵەتن، بەڵکوو لەوەدا هاوڕاین کە هەندێک نەتەوە (وەک ئەمریکی، ئوسترالی، کەنەدی) دروستکراون، بەڵام هەندێک نەتەوە هەن کە ڕەگی ئیتنیان هەیە (وەک، ئەڵمانی، فەرەنسی، کورد، کەتەلۆنی). هاوکات، ڕۆڵی نوخبەی سیاسی و ڕووناکبیریی بەهەند وەردەگرین لە گەشەپێدانی نەتەوە لە گرووپی ئیتنییەوە (وەک ئینگلیزی)، یان لە چەند گرووپێکی ئیتنییەوە (وەک فەرەنسی).

ئێمە لە خوارەوە کە باس لە تیورەکانی نەتەوە دەکەین ڕای خۆمان زیاتر ڕوون دەکەینەوە، بەڵام لێرە گرنگە ئەوە بدرکێنین کە ئەوەی ئێمە لە پەیوەند بە بنیاتگەراییەوە پشتی پێ دەبەستین ئەوەیە کە لە دنیای مۆدێرن، لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم، لە دنیایەک کە لەسەر بنەمای دەوڵەت-نەتەوە دامەزراوە، هیچ دامەزراوە و دەزگایەک لە دەوڵەت بەهێزتر نییە لە دروستکردنی ماناکان (وەک: تورکییبوون یانی چ و کوردبوون یانی چی؟)؛ پلەبەندکردنی بەهاکان (وەک: زمانی فارسی “فەرمیی و باڵایە” و کوردی زمانی “لۆکاڵ و خێڵ و عەشیرەتە”)؛ لە بەفەرمیکردن و بەهێزکردنی هەندێک زمان (وەک: تورکی لە تورکیا) و لە پەراوێزخستن و یاساغکردنی هەندێک زمانی دیکە (وەک: کوردی لە تورکیا)؛ لە دروستکردنی مێژوو (وەک: بە هیتییکردنی ڕەچەڵەکی تورک) و چەواشەکردنی مێژوو (وەک: ناساندنی کورد وەک “تورکە شاخاوییەکان”)؛ لە برەودان بە کولتوور و کەلەپوورێک (وەک: عەرەبی-ئیسلامی لە عێراق و سووریا) و یاساغکردن و بنبڕکردنی کولتوور و کەلەپوورێکی دیکە (وەک: تەعریبکردنی کورد و کوردستان لە عێراق و سووریا). ئەمانە و سەدان نموونەی دیکە، هەموو پێمان دەڵێن کە بە بەراورد بە دامەزراوەکانی دیکە (بۆ نموونە، حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی)، دەوڵەت بەهێزترین و کاریگەرترین دەزگا و دامەزراوەی دروستکەری مانا و بەها و ڕاستییەکان و ناڕاستییەکانە. ئەو نموونەیەی ئێستا ئاماژەی پێ دەکەین زۆر لایەنی ئەم ڕاستییە دەخاتەڕوو. لە ١٩٨٧-١٩٨٨، حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی کە تاکە حیزب بوو لە عێراق، لەبەرانبەردا لە باشووری کوردستان (کوردستان لە عێراق) هەشت حیزب بەرەی کوردستانیان پێک هێنابوو، کەچی حیزبی بەعس توانی شکست بە هەر هەشت حیزبی کوردستانی بهێنێت. ئەوەی کە ئەو هێز و توانایەی دابووە حیزبی بەعس ئەوە تەنیا تواناکانی بەعس نەبوو وەک حیزبێک بەڵکوو ئەوە دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت بوون وەک: سوپا (هێزی زەمینی و دەریایی و ئاسمانی، ئیستیخباراتی عەسکەری، تەسنیعی عەسکەری)، پۆلیس بە هەموو لق و پۆپەکانی، ئەمنی عام و خاس، موخابەراتی ناوخۆ و دەرەوە، جەیشی شەعبی، ئەفواجی خەفیفە، لەگەڵ تەواوی وەزارەتەکانی دیکە (بۆ نموونە، پەروەردە و کار و نیشتەجێکردن)، کە توانای بەعسیان سەدبارتەقای حیزبە کوردستانییەکان کردبوو، توانای تەفروتووناکردنی ئەوانی فەراهەم کردبوو.

بە دەربڕینێکی دیکە، ئەوەی تێگەیشتن و بەها و مانا و مێژوو و ناسنامەی مرۆڤەکان (وەک تاک یان دەستەجەمعی) دروست دەکات، دەکرێت لەمانە کورت بکرێنەوە: دین؛ کولتوور؛ حکومەت (جۆری سیستەمی حوکمڕانی و یاسا و دەستوور و پۆلەسی)؛ خوێندن و پەروەردە؛ زانست؛ میدیا و خێزانن. لەمانە، خێزانی لێ دەرچێت، کەم تا زۆر، دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی دامەزراوە و دەزگاکانی دیکە، کە لێرە ئاماژەیان پێ کرا، لە دروستکردنی ڕەفتار و هەڵسوکەوت و تێگەیشتن و ناسنامەی مرۆڤەکاندا هەیە و لە هەمووشیان کاریگەرترە. دەوڵەت تاکە دامەزراوەیە کە بتوانێت پڕۆسەگەلی ئاڵۆز وەک جینۆساید، زمانکوژی، کەلتوورکوژی، تواندنەوە، ڕاگواستن، چۆڵکردن، بەعەرەبکردن، بەفارسکردن، بەتورککردن، ئەشکەنجە و زیندانیکردنی بەکۆمەڵ، ترس و تۆقاندن وەگەڕبخات ‌و ڕێکبخات‌ و بەئەنجامی بگەیەنێت لەڕێگەی کەڵکوەرگرتن لە دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکانییەوە، لەڕێگەی تەجنیدی زۆرەملێی و لەشکر و پەروەردەی گشتیی‌ و وەیەککردنی زمان‌ و کولتوور، هتد‌.  

پرسیارێکی دیکەی گرنگ لەو پەیوەندەدا ئەوەیە کە نەتەوە چۆن دروست دەبێت؟ ئێمە دەزانین نەتەوە لە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسیی-مێژوویی لەدایک دەبێت، بۆیە ئەگەری ئەوەی هەیە لە پڕۆسەیەکی پێچەوانە لەناوبچێت. ئەم پرۆسە بۆ ئێمە زۆر گرنگە چونکە ئەگەر نەتەوە ڕێگری لە پرۆسەی دروستبوونی یان کاملبوونی بکرێت یان پڕۆسەی دروستبوونی پێچەوانە بکرێتەوە ئەوە دەپووکێتەوە و ون دەبێت. لێرە مەبەست لە لەناوچوون مەرج نییە ئینقیراز (extinction) بێت، ونبوونی یەکجارەکی، بەڵكوو نزمبوونەی پێگەی نەتەوەکە و زمانەکەیەتی بە ئاستێک کە بوون و نەبوونی وەک یەک وابێت. بۆیە زۆر گرنگە بزانین کە نەتەوە چۆن دروست دەبێت.

دروستبوونی نەتەوە (nation formation) ئەو پڕۆسە کۆمەڵایەتیی-سیاسییەیە کە تێیدا خێڵ ‌و قەبیلەکان وردە وردە لە پڕۆسەیەکی مێژووییدا گەشە دەکەن بۆ گرووپی ئیتنیی (ethnic)، لەوێشەوە هەنگاودەنێن بۆ ئەوەی ببن بە نەتەوە (nation)، ئەگەریش قەوارەیەکی سەربەخۆ لە هەرێمێک یان دەوڵەتێکدا پێکبێنن ئەوا دەگەن بە، یان دەبن بە، دەوڵەت-نەتەوە (nation-state). دیارە ئەم پڕۆسە و گۆڕانکارییانە لە خودوخۆڕاییەوە ڕوونادەن بەڵکوو لە ژێر کاریگەریی هەندێک هۆکاری مەوزوعی‌ ‌و هەندێکی زاتیی ڕوو دەدەن. هۆکارە مەوزوعییەکان، بەکورتی، بریتین لەو گەشە کۆمەڵایەتیی-سیاسییانەی لە میانی پڕۆسەی مۆدێرنەتە دێنەپێش. بۆ نموونە، پەیدابوونی چاپ‌ و چاپەمەنی‌ و قوتابخانە و خوێندنی بەکۆمەڵ (mass education)، سەرهەڵدانی میدیا و سەرهەڵدانی پیشەسازی (industrialization) لەگەڵ کۆچکردن‌ و بەشاربوون (urbanization)، واتە گەورەبوونی شارەکان (Anderson 1991: 18, 37-40; Gellner 1998: 32; 1994: 55-63; 1983: 5-7). هۆکارە زاتییەکانیش، دیسان بەکورتی، برییتین لە دەستێوەرەدان‌ و کاریگەریی دەستەبژێری سیاسیی‌ و ڕووناکبیریی گرووپە ئیتنییەکان لە زیندووکردنەوە و زیندوڕاگرتن‌ و دروستکردنی کولتوور و  کۆیاد ‌و دیاریکردنی چارەنووسی هاوبەش. بۆ نموونە، دانانی سەربەخۆیی‌ و ڕزگاری نیشتیمانیی وەک ئامانجێکی نەتەوەیی/نیشتیمانیی هاوبەش لەلایەن دەستەبژێرەوە. ئەویش لە ئەفراندنی سروود بۆ نەتەوە و نیشتیمان لەلایەن شاعیر (وەک: پیرەمێرد) و گۆرانیبێژان ‌(حەسەن زیرەک) و بەرزکردنەوەی ئاڵا و زیندووکردنەوە و زیندوڕاگرتنی یادە نەتەوەیی ‌و کولتوورییەکان.

ئێرنست گێلنەر کە ناسراوترین تیوریستە لەنێو تازەگەرەکان پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە پڕۆسەی گەشەی پیشەسازی‌ و مۆدێرنەتە (modernization)، کە بەشاربوون‌ ‌و دروستبوونی سەدان شاری نوێی لێکەوتەوە، بوون بە مایەی لە ڕیشە هەڵکێشان ‌و سڕینەوەی دابونەریت‌ و وابەستەییە (ئینتیما) سونەتییەکانی کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکان‌ و تێکچوونی هاوسەنگییە کۆنەکەی نێوان شار و دێ. لە ئاکامی ئەم پێشهاتەدا کولتووری شار جێگەی بنیات‌ و کولتووره‌ سونەتییەکان‌ و وابەستەیی بۆ گوند و عەشیرەتی گرتەوە. ئەم گۆڕانکارییە فیزیکی‌ و کولتوورییانه‌ وای کرد کە هەستی وابەستەیی لە ڕێگەی هاووڵاتییبوونەوە گەشە بکات. گێلنەر پەروەرده‌ی بەکۆمەڵ بە پێشمەرجێک بۆ دروستبوونی نەتەوە دادەنێت. بێنیدیکت ئەندرسن پێی وایە ناسیونالیزم لە سەدەی نۆزدەدا بە تەواوی دەرکەوت‌ و ناسرا چونکە زمان بوو بە هۆکارێکی سەرەکی یەکگرتنی کۆمەڵگە هاوزمانەکان، ئەویش لە ئاکامی بڵاوبوونەوەی خوێندەواری. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی خوێنەرانی ڕۆژنامە و کتێب‌ و بڵاوکراوەکان، ئیدی خەڵکەکە وای لێهات ئاگاداری هەواڵ ‌و پێشهاتەکانی کەسانی دوور و نزیک بن. ئەو هەواڵ‌ و پێشهاتانەی کە خەڵک ڕۆژانە و حەفتانە بەرچاو و بەرگوێیان دەکەوت و سنوورە لۆکاڵییەکانی دەبڕی‌ و ببوون بە مایەی دروستبوونی هەست‌ و سۆز و وابەستەییەک لەو دیوی سنوورەکانی کۆمەڵگە لۆکاڵییە بچووکەکان بۆ قەراغێک کە تخووبی وڵاتەکەی، نەتەوەکەی، زمانەکەی، نیشتیمانەکەی پێک دەهێنا، ئەمەش نەتەوە یان “دەوڵەت-نەتەوە”ی لێکەوتەوە.

هاوتای، گێلنەر و ئەندرسن، ئێریک هۆبزباوم، کە تازەگەرێکی مارکسییە، دەڵێت نەتەوە لەلایەن دەستەبژێرەوە، بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک “دابونەریتی داهێنراو”، دروست کراوە، دروست دەکرێت. ئەم دابونەریتانەش لە سیمبول‌ و ئەفسانە نەتەوەییەکان‌ و مێژوویەکی داڕێژراوەوە هەڵهێنجراون (Hobsbawm 1994: 77). ئەو لەو باوەڕەدایە کە سیاسەتە مەرکەزییەکانی دەوڵەتەکان لە هەموو شتێک زیاتر لە پشت بڵاوبوونەوە و توندوتۆڵکردنی گرنگیی نەتەوەن. بەگوێرەی دیدی تازەگەرەکان، نەتەوە پێش مۆدێرنەتە بوونی نەبووە و دەوڵەت ڕۆڵی کاریگەر لە دروستکردنی نەتەوەدا دەبینێت. ئەگەر ئەم دیدە وەک تێگەیشتنێک وەربگرین، ئەوە بۆ دروستبوونی نەتەوە دەوڵەت زەرورە، بە واتایەکی دیکە لە غیابی دەوڵەت نەتەوە دروست نابێت، ئەگەر دروستیش بووبێت ئەوە لەوانەیە لەناوبچێت.

دیدێکی دیکە بۆ دروستبوونی نەتەوە لەلایەن ئانتنی سمیس و جۆن هەچینسن گەشەی پێدراوە و وەک ئیتنۆسیمبولیی (ethno-symbolic) ناسراوە. سمیس دەڵێت لەوەدەچێت نەتەوە دیاردەیەکی مۆدێرن بێت بەڵام ڕەگوڕیشەکانی پێش-مۆدێرنەتەی لەناخی خۆیدا هەڵگرتووە و پێیەوەدیارە. بەواتایەکی دیکە، نەتەوەکان هەڵگری خەسڵەت‌ و توخمەکانی گرووپە ئیتنییەکانن، لەوانە: ڕەچەڵەکی هاوبەش، سیمبول ‌و ئەفسانە و یادەوەریی مێژوویی هاوبەش، لەگەڵ شوناسێکی کولتووریی باڵکێش (Smith 2002: 8-9; 1999: 36-42; 1987: 154). ئەگەر زیاتر قووڵبینەوە و وردبینەوە ئەوە پێکهاتە و خەسڵەت‌ و توخمە ئیتنییەکان لە زۆربەی نەتەوەکان (ئەڵمانی، فەرەنسی، تورکی، ڕووسی، کوردی) دەبینین، ئەو نەتەوانەی لێ دەرچێت کە لە پڕۆسەی نیشتەجێبوون و لەلایەن دەوڵەتەوە دروستکراون (وەک ئەمریکی، ئوسترالی، کەنەدی)، کە ڕەگێكی ئیتنی دیاریکراویان نییە بەڵکوو نەتەوەگەلێکن کە لە نیشتەجێبوونی خەڵکانێکی سەر بە گرووپی ئیتنی جیاجیا دروستکراون لەلایەن دەوڵەتەوە. بەشداری گرنگی هاچینسن لەم تێگەیشتنە قسەکردن‌ و ڕەخنەگرتنیەتی لە ڕۆڵی دەوڵەت لە دروستکردنی نەتەوە. ئەو بیرۆکەکان‌ و تێڕوانینەکانی گێلنەر و ئەندرسن‌ و هۆبزباوم لەمەڕ ڕۆڵی دەوڵەت‌ و دامودەزگاکانی لە دروستکردنی نەتەوەدا دەخاتە ژێر پرسیار و ڕەخنە دەکات. هاچینسن پێی وایە نەتەوە و دەوڵەت پەیوەندییەکی لاوەکییان هەیە ‌و تواناکانی دەوڵەت بۆ ڕێکخستن و دروستکردنی نەتەوە سنووردارن‌ و بەرزی‌ و نزمی بەخۆیانەوە دەبینن (Hutchinson 2000: 654). ئەو بۆچوونەکانی خۆی بە دیاردەی سەرهەڵدانی ناسیونالیزمێک لەناو خودی دەوڵەتێک لە دژی ناسیونالیزمی دەوڵەت یان دەسەڵات، وەک ناسیونالیزمی سکۆتلاندی لە دژی دەوڵەتی بەریتانی یان ناسیونالیزمی کوردی لە دژی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردیان تێدادەژی، پشتڕاست دەکاتەوە. واتە هاچینسن دەڵێت، مادام دەوڵەت نەتەوە دروست دەکات، ئەی چۆنە لەناو دەوڵەتێکدا دوو، یان زیاتر، لە ناسیونالیزمێک سەرهەڵدەدەن، یان بوونیان هەیە.

ئێمە هاوڕاین لەوەی کە ناسیونالیزم لە پەراوێز و لە کەنارەکانی ناسیونالیزمی دەوڵەت-نەتەوە دروستبوون و هەر دوو نموونەکە (سکۆتلاندی و کوردی) پشتڕاستی ئەو تێگەیشتنە دەکەنەوە بەڵام ئەوەی ئێمە هاوڕای نین دوو شتە: یەکەم، ناسیونالیزم و نەتەوەی کەنار و پەراوێز لە درێژمەودا لە غیابی دامەزراوەکانی دەوڵەت (حکومەت، پەرلەمان، سوپا، وەزارەتی پەروەردە، هتد) یان دامەزراوەی دەوڵەتئاسا (کیانێکی کۆنفیدراڵی، فیدرالی، ئۆتۆنۆمی) کە بتوانێت سیاسەتەکانی گەشە و پاراستن و بەرزڕاگرتنی ناسنامە و زمان و کولتوور و مێژوو و کەلەپوور و کۆیاد بەرجەستە بکات، ئەوا دەپووکێتەوە و ئەگەرەکانی لەناوچوونی دێتەگۆڕێ. دووەم، ئەوەی ناسنامە و زمان و کولتوور و دابونەریتی گرووپە ئیتنی و نەتەوەییەکان لە پەراوێز و کەناردا لە سەدان ساڵی ڕابردوودا پاراستبوو ئەوە خێزان و گوندە دوورەدەستەکان بوون. لە دنیای مۆدێرن و جیهانگیرییدا خێزان لاوازترین دامەزراوەیە بۆ پاراستن و پارێزگارییکردن لە ناسنامە و زمان و کولتوور. ئەوەی ئەمڕۆ ناسنامە و کولتوور دروست دەکات و زمان زاڵ دەکات ئەوە دەوڵەت و دامودەزگاکانی دەوڵەتن لە باشترین حاڵدا، لە خراپترینیش ئەوە هێز و تواناکان و دامەزراوەکانی جیهانگیریین کە هەم ناسنامە هەم زمان هەم کولتوور دەسەپێنن، جا ئەو ناسنامەیە کۆزمۆپۆلیتان بێت، زمانی ئینگلیزی یان چینی بێت، یان کولتووری ڕۆژئاوایی بێت.  

بەبنەما لەسەر ئەو گفتوگۆیانەی پێشووتر، هاوکات، هەندێک پێشنیاز کە میراسلۆڤ هرۆچ (Hroch 1996: 79) خستوونەتییەڕوو دەکرێت سێ پێشمەرج بۆ دروستبوونی نەتەوە دەستنیشان بکەین.

یەکەم، کۆیادێکی هاوبەشی دیرۆکیی، جا چ سەرکەوتن بێت چ شکست، چ ڕاستی بێت چ ئەفسانە. بۆ نموونە، سەرکەوتنی کاوە بەسەر زووحاک بۆ کورد کە نەورۆز، جەژنی نەتەوەیی کوردی، لێکەوتۆتەوە؛ سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی عەرەبە-موسڵمانەکانی نیمچە دوورگەی عەرەب بەسەر بێزەنتییەکان‌ و ساسانییەکان ‌و دامەزراندنی دەوڵەتەکانی ئەمەوی ‌و عەباسی بۆ عەرەب، کە بە سەردەمی زێڕین لە مێژوودا لای عەرەبەکان ناوزەد دەکرێت؛ گرتن‌ و ڕاپێچ کردنی جووەکان لەلایەن نەبوخوزنەسەر ‌و فڕێدانیان لەسەر کەنارەکانی زێی فورات لە بابل بۆ جووەکان، وەک کۆیادێکی تاڵ بۆ جووەکان. ئایا کۆیاد بەبێ بوونی مۆزخانەی نەتەوەیی/نیشتیمانیی دەکرێت، ئایا بەبێ دەوڵەتی نیشتیمانیی نەتەوەکە دەکرێت مۆزخانەت هەبێت. بە دەربڕینێکی دیکە، ئایا کورد و کوردستانیان لە تورکیا یان لە ئێران دەتوانن مۆزەخانەی نەتەوەیی-نیشتیمانیی-کوردستانییان هەبێت، یان ئەوەی هەشە وەک تورکی/تورکیایی، یان فارسی/ئێرانیی هەژمار دەکرێت. بەدڵنیاییەوە، وەڵامەکە دووەمە.

دووەم، پەیوەندییە، ‌کولتووریی ‌و زمانییەکان لەنێو ئەندامانی گرووپەکە گەیشتبێتە ئاستێک کە ببێتە مایەی دروستبوونی پەیوه‌ندییەکی کۆمەڵایەتی لەنێویاندا کە لە پەیوەندی ئەندامانی گرووپەکە لەگەڵ کەسانی دەرەوەی گرووپەکەی خۆیاندا زۆر بەهێزتر بێت. بۆ نموونە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوخۆی کوردەکان لە پەیوەندی کوردەکان لەگەڵ گرووپە دراوسێکانییاندا (عەرەب‌، فارس‌ و تورک) بەهێزتر بێت. بەڵام ئایا ئەوە لە غیابی دەوڵەتدا دەکرێت، داخۆ چۆن پەیوەندییەکی وا ڕێک دەخرێت کاتێک کە زمانی گرووپێکیان زمانی پەروەردە و خوێندن و نووسین بێت، زمانی بازاڕ و مەعریفە و زانست و ئەدەب بێت، زمانی فەرمی دەوڵەت و زمانی پەیوەندی بێت، وەک زمانی فارسی و تورکی لە ئێران و تورکیا. داخۆ ئەمە دەکرێت کاتێک زمانەکەی دیکە، کوردی بۆ نموونە، تەنیا لە ماڵەوە و لە چەند بازنەیەکی داخرا و بێکاریگەر بەکار بێت؟ بەدڵنیاییەوە ئەمە ناکرێت، بۆ هەڵگێڕانەوەی ئەمەش، بوونی دەوڵەت بۆ نەتەوە یەکلاییکەرەوەیە.

سێیەم، جۆرێک لە یەکسانی لەنێو ئەندامانی کۆمەڵگە، کە لە ڕێگەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە ڕێکخرابێت، ئامادەیی هەبێت. ئەگەر خاڵی یەکەم‌ و دووەم پێشمەرجن بۆ دروستبوونی نەتەوە ئەوە خاڵی سێیەم پێشمەرجێکە بۆ دەوڵەت-نەتەوە چونکە تەنیا لە سایەی بوونی دەوڵەتدا دەکرێت باس لە یەکسانیی هاووڵاتییان بکرێت. ئەگەر گرووپێک دوو مەرجی یەکەمیانی تێدا نەبێت ئەوا زۆر سەختە، ئەگەر نەڵێین مەحاڵە، کە وەک نەتەوە ناویان ببەین، ئەگەر هەر سێ مەرجەکەش ئامادەیی نەبێت ئەوە بەهەمانشێوە ناکرێت وەک گرووپێک تەماشا بکرێن کە گەیشتبن، یان ببن، بە دەوڵەت-نەتەوە. پێشمەرجی سێیەمی هرۆچ پێمان دەڵێت هەر گرووپێک دەوڵەت یان دامەزراوەی دەوڵەتئاسای وای نەبێت کە نەتوانێت ناسنامە و زمان و کولتوور و مێژووی بپارێزت، ئەندامانی کۆمەڵگەکەی لە ڕێگەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە ڕێکبخات و یەکسانیی لەنێوانیاندا بەرقەرار بکات، ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە، گرووپە، ناتوانێت گەشە بکات بۆ نەتەوە لە باشترین حاڵەت و دەوڵەت-نەتەوە لە دوا گەشەدا.

وەک لە سەرەتا ئاماژەی پێکرا ئەم بابەتە هەوڵدەدات وەڵامی دوو پرسیاری سەرەکی بداتەوە، کورد بۆ سەدان ساڵە ماوە و بۆ ئێستا ئەگەرەکانی لەناوچوونی هاتۆتەگۆڕێ. هاوکات، بۆ مانەوەی نەتەوە چ پێویستە، ئایا دەوڵەت، یان دامەزراوەی دەوڵەتئاسا، تاکە زامنی پاراستن و مانەوەی نەتەوەن. لە بەشەکانی داهاتوودا هەوڵدراوە وەڵامی ئەم دوو پرسیارە و پرس و پرسیارە پەیوەندارەکان گفتوگۆ بکرێن.

ماویەتی

سەرچاوەکان

Anderson, Benedict (1991). Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism, London: Verso.

Gellner, Ernest. (1983). Nations and Nationalism, Oxford: Blackwell.

Gellner, Ernest. (1994) “Nationalism and Modernization,” in Nationalism, eds. J. Hutchinson and A. D. Smith, Oxford: Oxford University Press, pp. 55-63.

Gellner, Ernest. (1998) Nationalism, London: Phoenix.

Guibernau, Montserrat (2004) “Anthony D. Smith on Nations and National Identity: a Critical Assessment,” Nations and Nationalism, vol. 10, no. 1-2, pp. 125-141.

Hobsbawm, Eric J. (1994) “The Nation as Invented Tradition,” in Nationalism, edited by J. Hutchinson and A. D. Smith. Oxford: Oxford University Press, pp. 76–83.

Hroch, Miroslav. “From National Movement to the Fully-Formed Nation,” in The Nation-Building Process in Europe, edited by G. Balakrishnan. New York: Verso, 1996, pp. 78–97.

Hutchinson, John. (2000) “Ethnicity and Modern Nations.” Ethnic and Racial Studies 23, no. 4, pp. 651–669.

Smith, Anthony D. (1987) The Ethnic Origins of Nations, Oxford: Blackwell.

Smith, Anthony D. (1999) “The Nation: Real or Imagined,” in People, Nation and State: The Meaning of Ethnicity and Nationalism, eds. E Mortimer & R Fine, London: I.B. Tauris, pp. 36-42.

Smith, Anthony D. (2002) “When is a Nation?” Geopolitics, vol. 7, no. 2, pp. 5-32.

Walicki, Andrzej. (1998) “Ernest Gellner and the ‘Constructivist’ Theory of Nation.” Harvard Ukrainian Studies, vol. 22, pp. 611–19.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO