سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سیاسەتی پاراستنی شوناس و زمان: مەترسی بە عەرەببوونی هەرێمی کوردستان

محەمەد ڕەحمان ئەحمەد

لە زۆربەی دەوڵەتە فیدرالییەکان، ئەوانەی کە لەسەر بنەمای جیاوازی کولتووری و ئیتنیی و نەتەوەیی پێکهاتوون، نەتەوەی باڵادەست و زۆرینە، هەمیشە لە هەوڵی باڵادەستی و هەژموونی نەتەوەیی و کولتووری خۆیەتی بەسەر نەتەوە کەمینە و ژێردەستەکان. هەمیشە هەوڵی توانەوەی کولتوور و زمان و ناسنامەی نەتەوەی کەمینەن لەنێو کولتوور و زمان و ناسنامەی خۆیان. جگە لەوەش، گەر نەتەوەی کەمینە ناوچەیەکی جوگرافی ڕەسەنی خۆی هەبێت، ئەوا نەتەوەی باڵادەست هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای دانیشتوانیش دەدات، هەر بەوە ناوەستێ کە لەڕووی زمان و کولتوورەوە باڵادەستی خۆی بسەپێنێ.

لەم سۆنگەیەوە، زۆرێک لە هەرێمەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدرالی سیاسەتی پاراستنی کولتووری و ناسنامەیان گرتۆتەبەر لە دژی ناسنامەی نەتەوەی باڵادەست. ئەمەش لەبەر هۆیەکی زۆر سادە، چونکە بوونی سیاسی ئەو هەرێمانە پەیوەستە بە بوونە نەتەوەییەکەیان، بوونە نەتەوەییەکەشیان پەیوەستە بە جیاوازی کولتووریی و زمانیی، کە بناغە و کڕۆکی ناسنامە نەتەوەییەکەیانە. بەو واتایەی، هەر کاتێک ئەو هەرێمانە زمان و کولتووریان توایەوە لەنێو کولتووری نەتەوەی باڵادەست، ئەوا هیچ هۆکارێک نامێنێتەوە بۆ بوونیان وەک هەرێمێکی سیاسی لەنێو دەوڵەتە فیدرالییەکە.

بۆیە، دەبینین هەرێمی کیوبێک لە کەنەدا کە دانیشتوانەکەی فەڕەنسین، تا ساڵی ١٩٧٧خەریک بوو زمانەکەی خۆیان لە دەستدەدا و زمانی باڵادەستی ئینگلیزی هەژموونی دەکرد، چونکە زۆربەی دایک و باوکان منداڵەکانی خۆیان دەناردە قوتابخانەی ئینگلیزی. جگە لەوەش کۆچبەرەکانیش کە دەهاتنە هەرێمی کیوبێک زمانی ئینگلیزیان هەڵدەبژارد، بەڵام کیوبێکییەکان زوو درکیان بەو مەترسییە کرد، ئەوەبوو بە یاسا لە ١٩٧٧دا سیاسەتی پاراستنی زمان و کولتووریان چەسپاند. ئەوەبوو ئازادی هەڵبژاردنی خوێندن بە زمانی فەڕەنسی یان ئینگلیزیان نەهێشت، بەڵکو خوێندن بە زمانی فەڕەنسی کرایە ناچاری لەسەر فەڕەنسییەکان و کۆچبەرە نوێیەکان. بەمەش تەنها ڕێژەیەکی زۆر کەم قوتابخانەی ئینگلیزی مایەوە، ئەویش بە کۆمەڵێک مەرج، کە دەبێت دایک و باوکەکان ئینگلیزبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو قوتابیانەی کە لە قوتابخانە ئینگلیزیەکانیش دەخوێنن دەبێ وانەی زمانی فەڕەنسی بخوێنن. ئیدی فێربوونی زمانی فەڕەنسی دەبێت بە بەشێک لە پێداویستییەکانی دەرچوون لە زانکۆ. واتە بەبێ فێربوونی زمانی فەڕەنسی بڕوانامەیان پێنادەن.

لە باکووری ئیتاڵیا، هەرێمی تیڕۆڵ کە ٦٥٪ی دانیشتوانەکەی ئەڵمانین و بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکەن، لەگەڵ کەمینەیەکی ئیتاڵی کە ٢٥٪ دەبێت، نزیکەی ٥٪ یش بە زمانی ڕۆمانی قسە دەکەن. بەهەمان شێوەی کیوبێکە فەڕەنسییەکانی کەنەدا، ئەڵمانەکانی هەرێمی تیڕۆڵ، سیاسەتی پاراستنی زمان و کولتووریان پەیڕەوکردووە لە ڕێگەی سیستەمی پەروەردەوە.

لە هەرێمی تیڕۆڵ هەردوو زمانی ئەڵمانی و ئیتاڵی زمانی فەرمینە، ئیتاڵییەکان بە زمانی ئیتاڵی دەخوێنن، ئەڵمانەکانیش بە زمانی ئەڵمانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو قوتابخانە ئیتاڵییەکان، زمانی ئەڵمانی دەخوێندرێت وەک زمانی دووەم، واتە هەموو ئیتاڵییەکان لەم هەرێمە دەبێت خۆیان فێری زمانی ئەڵمانی بکەن، هەرچەندە ئیتاڵییەکان خاوەن دەوڵەت و نەتەوەی باڵادەستن، ئەمەش لە پێناو پاراستنی تایبەتمەندی و ناسنامەی ئەو هەرێمە ئەڵمانی زمانە.

ئەوەی باسکرا لە سیستەمە فیدرالییەکاندا شتێکی زۆر ئاساییە کە هەرێمەکان دانیشتوانەکەی خۆیان ناچار بکەن بە فێربوونی زمان و کولتووری نەتەوەیی خۆیان، هەتا ئەگەر کەمینەیەک هەبێت لەو هەرێمە سەر بە نەتەوەی زاڵ و باڵادەستیش بێت، وەک کەمینە ئینگلیزەکانی هەرێمی کیوبێک و کەمینە ئیتاڵییەکانی هەرێمی تیڕۆڵ. لێرەدا نە حکومەتی فیدراڵی کەنەدا بەرهەڵستی سیاسەتی پاراستنی زمان و ناسنامەی کیوبێکە فەڕەنسییەکانی کرد بە بیانووی ئەوەی زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمی دەوڵەتە، نە ئیتاڵیاش بەرهەڵستی سیاسەتی پاراستنی زمان و ناسنامەی ئەڵمانییەکانی کرد لە هەرێمی تیڕۆڵ.

ئەگەر ئەم سیاسەتە بۆ هەرێمێکی وەک کیوبێک و تیڕۆڵ ڕاست بێت، لەکاتێکدا نەتەوەکەیان خاوەن دوو دەوڵەتی بەهێز و گەورەی پیشکەوتوون وەک فەڕەنسا و ئەڵمانیا کە بەهیچ شێوەیەک ترسی توانەی ئەم دوو زمان و نەتەوەیە نییە، ئەوا بۆ هەرێمێکی کوردی وەک هەرێمی کوردستان لە باشوور دەجار ئەوەندە پێویستترە.

جگە لە سیاسەتی توانەوەی کولتووری و گۆڕینی دیمۆگرافیا و جینۆسایدی کوردان بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو، لە ئێستادا نزیکەی یەک ملیۆن عەرەب بەهۆی شەڕ و ناسەقامگیریی سیاسی ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. نزیکەی ١٠ ساڵە ئەو عەرەبانە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، خانوو و موڵکیان بەناوکردووە، کار و بزنسیان دامەزراندووە، زۆرێکیان نیازی گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان هەر نییە، وا نەوەیەکیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان پێگەیاند. ئاوا بڕوا ئەو نەوەیەی لیرە گەورە بووە بەتەواوی ڕادێن و بەهیچ شێوەیەک ئامادە نابن بگەڕێنەوە شوێنی ڕەسەنی خۆیان.

ئەوەی زۆر مەترسیدارە، بابەتی زمان و ناسنامەی کوردستان و دیمۆگرافیای شارە کوردستانییەکانی هەرێمە، کە بەتەواوی کەوتۆتە ژێر هەڕەشەی عەرەبەکان و بەعەڕەببوون. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بێ دەربەست بووە بەرامبەر ئەو مەترسییە وجودییە گەورەیە، سیاسەتێکی پاراستنی زمان و کولتووری باشی پەیڕەو نەکردووە.ئەوە دەیان ساڵە عەرەبەکان لە هەرێمی کوردستانن، بەڵام ئامادە نین فێری زمانی کوردی ببن، لەکاتێکدا زۆرێک لە خەڵکی کوردیان فێری زمانی عەرەبی کردووە. لە وڵاتان و زۆرێک لە هەرێمە فیدرالییەکان مەرجی بە دەستهێنانی کار، فێربوونی زمانی ئەو وڵاتەیە، ئەو هەرێمەیە، کەچی لە هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەوەیە، لەجیاتی مەرجی فێربوونی زمانی کوردی بۆ عەرەبەکان دابنرێت بۆ دەستخستنی کار، کەچی فێربوونی زمانی عەرەبی بووەتە مەرج لەسەر کوردەکان بۆ دەستخستنی کار لەزۆرێک لە پیشە و شوێنەکان.

هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێک لەسەر بنەمای جیاوازی زمان و نەتەوە و کولتوور و ناسنامە، مافی خۆیەتی کە سیاسەتی پارێزگاری ناسنامە بگرێتەبەر، بەوەی هەموو عەرەبەکان ناچار بە فێربوونی زمانی کوردی بکات. لە قوتابخانە عەرەبییەکاندا، زمانی کوردی بکاتە زمانی دووەم، فێربوونی زمانی کوردی بکاتە یەکێک لە پێداویستییەکانی بە دەستهێنانی بڕوانامە. بەهەمان شێوە، لە شوێنەکانی کارکردنیش بەتایبەتی لە مۆڵ و چێشتخانە و کافێیەکان، زمانی کوردی بکرێتە مەرجی وەرگرتن و کارکردن و قسە پێ کردن. نەک هەر ئەوەندە بەڵکوو دەبێت فێربوونی زمانی کوردی بۆ هەموو عەرەبەکان مەرجی مانەوە و نیشتەجێبوون و بەناوکردنی ماڵ و موڵک بێت. لە دەستووری عێراق-دا لە ماددەی چوار (٤) زمانی کوردی و عەرەبی وەک دوو زمانی فەرمی ناسێنراوە، کەوایە زمانی کوردی زمانێکی فەرمییە و هەرێمی کوردستان-یش دەتوانێت وەک زمانێکی فەرمی بیسەپێنێ بەسەر هەموو ئەو تاکانەی کە لە هەرێمی کوردستان-دا نیشتەجێن.

سەرەڕای ئەوەش، بوون و مانەوەی ئەو ڕێژە زۆرەی عەرەب لە هەرێمی کوردستان کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە زیادبوونن، گەورەترین مەترسییە لەسەر دیمۆگرافیای شارە کوردستانییەکان لە داهاتوودا، وەک (ئەسپی تەڕوادەن) لەناو هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە ئەگەری مەترسی كۆچی ئاییندەی عەرەبەكانی خوار و ناوەڕاستی عێراق بەهۆی گۆڕانی كەش و هەواو بە بیابانبوون. دەبێت بیرلەوە بکرێتەوە ڕۆژێک دابێت ئەوانە مافی دەنگدانیان پێ بدرێت وەک دانیشتویەکی هەرێم، ئەوا دوور نییە وەکوو کەرکووک شەڕ لەسەر پۆستی پارێزگاری هەولێر-یش بکەن.

هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ناسنامە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەی خۆی نەک هەر دەبێ سیاسەتی سەپاندنی زمانی کوردی پەیڕەو بکات، بەڵکوو دەبێت بە ڕژدی و پێداگرییەوە کار بکات بۆ ڕەوانەکردنەوەی عەرەبەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، لەکاتێکدا چەندین ساڵە دەسەڵاتی داعش کۆتایی پێهاتووە و هیچ بیانووەک نەماوە بۆ مانەوەیان.

ئەمەش نەدژی دەستووری عێراق-ە نە دژی پێکەوەژیان و مافی کولتوورییە، بەڵکوو ئەم سیاسەتەی پاراستنی ناسنامە و زمان و کولتوور، مافی هەموو هەرێمێکە لە دەوڵەتی فیدرالی کە لەسەر بنەمای نەتەوەیی دامەزراوە، بۆ ئەوەی پارێزگاریی و لە بوون و مانەوەی خۆی بکات و نەتوێتەوە لەنێو هەژموونی نەتەوەی باڵادەست.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO