سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

جوانیناسی لە فەلسەفەی ئێکۆفێمینیزم دا

ئاوات سەلیم خدر

سروشت یەکەمین سەرچاوەی جوانییە. هونەریش لاساییکەرەوەی ئەم جوانییەیە. بەڵام هونەر داهێنراوە و هونەرمەند لە توانایدایە شتە دزێوەکانی سروشتیش جوان بکات. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا جەوهەری جوانی خۆیەکییە یان بابەتییە؟ دەتوانین بڵێین هەردووکیانە. شاعیران و هونەرمەندان و ئەدەبنووسان لە ڕێگەی پەیوەندیی نێوان هەست و ئەندێشەی خۆیان لەگەڵ جیهانی دەرەوە ئیلهام وەردەگرن و شاکاری خۆیان بەیان دەکەن و ڕوح بە بەرهەمەکانیان دەبەخشن. لە ڕێگەی جیهان و ئەزموونی خۆیانەوە ئاراستەمان دەکەن بەرەو تێفکرینی نوێ بۆ دونیای جوانیناسی. جوانیناسی ئەو لقە فەلسەفەییەیە کە بەدواداچوون بۆ جوانی و هونەر و سەلیقە و سروشت و ئەزموونی قەدرزانی جوانیناسی دەکات.  مامەڵە لەگەڵ پرسیارەکانی وەک: جوانی چییە؟ چی شتێک دەکاتە هونەر؟ دەکات.

ئەزموونکردنی شتێک وەک شتێکی جوانکاریی یان بەنرخ واتای چییە؟ لە جوانیناسیدا زۆرجار باسەکان لە شیکاری هونەرە جوانەکانەوە دەست پێ دەکات (وەک نیگارکێشان، مۆسیقا، یان ئەدەب) تا ئەزموونەکانی ڕۆژانە (وەک مۆدە، دیزاین، یان دیمەنی سروشتی). بەڵام زۆر جار پرسەکانی جوانی لە ڕوانگەی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆ نموونە، کاتێک باسی تیۆرێک دەکرێت  لەسەر توانا و سەلیقەی خوێنەر دەوەستێت شرۆڤە و شیکردنەوە بۆ بابەتەکان بکات و پرسە شارەوەکان نموونەگیر بکات و سوود  لە شرۆڤە جوانەکانی  تیۆریەکە بکات. هەر بۆیە تێگەیشتن و بەکارهێنانی بنەماکانی ئێکۆفێمینیزم لەڕوانگەی ماریا میس شیدەکرێتەوە، تێفکرینی نوێ و قووڵبوونەوەش لە فەلسەفەی تیۆریەکە بۆ خوێنەر جێدێڵم.

ئێکۆفێمینیزم لقێکی فێمینیزمە کە سەرنج لەسەر سروشت یان ژینگە چڕ دەکاتەوە. ئێکۆفێمینیستەکان هەوڵدەدەن پەیوەندیی نێوان ژن و سروشت شی بکەنەوە. ئامانجیان ڕزگارکردنی ژن و سروشتە لەو چەوسانەوایانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتنەوە. ئێکۆفێمینیستەکان لەو بڕوایەدان کە ژن و زەوی لە زۆر ڕووەوە لە یەکدی گرێدراون و لە یەکتر نزیکن. پاساوی ئەمان بۆ ئەو تێڕوانینە چەمکی بایۆلۆجییە. بۆ نموونە، ئەگەر ئێمە  چەمکی منداڵبوون بە نموونە وەربگرین ژنان توانای وەچەهێنانەوەیان هەیە، دەتوانن بەردەوامی بە ژیان بدەن، توانای پەروەردەکردنیان هەیە هەر وەک زەوی بە ڕێگەی ئیکۆسیستەمەکانی بەردەوامی بە ژیان دەدات و ژیان بە مرۆڤایەتی دەبەخشێت.

ئێکۆفێمینیستەکان باوڕەیان وایە کە مرۆڤەکان لە سروشت جیاناکرێنەوە بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاون لە جیهانی سروشتی، بۆیە لە دیدگای ئەمانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە چەمکی باڵادەستیی مرۆڤ بەسەر سروشتدا ڕەت دەکرێتەوە. ئەمان زیاتر جەخت لەسەر پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و بوونەوەرە زیندووەکانی دیکەی ژینگە دەکەنەوە، دان بە بەها و مافی سروشتیی هەموو بوونەوەرەکانی ناو ئەواندا دەنێن، نەک تەنها مرۆڤەکان. لەبەرئەوە ئێکۆفێمینیستەکان چوارچێوەیەکی تیۆری و فەلسەفی و پڕاکتیکی بەرچاو پێشکەش دەکەن لە پێناو چارەسەرکردنی پرسە ژینگەییەکان و بەدواداچوون بۆ پەیوەندییەکانی سیستەمی جێندەری و تێکدانی ژینگە دەکەن، هاوکات، بانگەشە بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆجی دەکەن.

لەگەڵ ئەمەشدا شیکارییەکانی خۆیان لە دەرەوەی چوارچێوەی ڕەگەزی درێژدەکەنەوە بۆ ئەوەی گرووپە پەراوێزخراوەکانی دیکەش وەک ڕەگەزە چەوساوەکان و چینە کۆمەڵایەتییەکان بگرێتەوە. ئەم ڕوانگەیە دان بەوەدا دەنێت کە لە مێژوودا کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان زۆر جار پەیوەندیی باشتریان لەگەڵ سروشت هەبووە بەهۆی ئەوەی کە زیاتر  گرینگییان بە سەرچاوە سروشتییەکان داوە. هەروەها ئێکۆفێمینیستەکان بانگەشە بۆ ڕووبەڕوونەوەی ئەو ئاستەنگانە دەکەنەوە کە ڕووبەڕووی ژینگە دەبنەوە، هاندەری بڵاوکردنەوەی هۆشیاریین سەبارەت بە پاراستنی ژینگە و هەسارەی زەوی لە پێناو پاراستنی هەموو بوونەوەرەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو.

لە ناوەڕۆکی خۆیدا، ئێکۆفێمینیزم تەحەدای ڕکابەری پێکهاتە پیاوسالارییەکان دەکات، کە هەم ژن و هەم ژینگە دەقۆزنەوە، دان بەوەدا دەنێت کە ئەم جۆرە ستەمکارییانە لەگەڵ یەکتر تێکەڵاون. ئیکۆفێمینیزم بە داکۆکیکردن لە یەکسانی جێندەری و بەردەوامیی ژینگەیی، پەیوەندییەکی هاوسەنگتر  لە نێوان مرۆڤەکان و جیهانی سروشتیدا بەرەوپێش دەبات.

چەندین کەسایەتیی دیار، وەک تیۆریستی ئێکۆفێمینیزم دەناسرێن؛ کەسانی وەک سوزان گریفین، کارۆلین مێرچنت، مێری دالی. یەکێک لەو ئێکۆفێمینستانەی باسی دەکەم، ماریا میس-ـە. ماریا میس (Maria Mies)  مامۆستای کۆمەڵناسییە لە زانکۆی کۆڵن بۆ زانستە کارپێکراوەکان، لە ئەڵمانیا.  میس چووە هیندستان و چەند ساڵێک لەوێ کاری کرد.  لە ١٩٧٩ بەرنامەی ژنان و گەشەپێدانی لە پەیمانگای لاهای بۆ لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی لە هۆڵەن-دا دەست پێ کرد. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە لە بزووتنەوەی ژناندا چالاک بووە و بەدواداچوونی بۆ خوێندنی ژنان کردووە.  ماریا میس چەندین کتێب و بابەتی لەسەر بابەتەکانی فێمینیزم و ئیکۆلۆجی و وڵاتانی تازەگەشەسەندوو بڵاوکردووەتەوە. هەروەها نووسەری چەندین کتێبی تایبەت بە فێمینیستە، لەوانە “ژن و باوکسالاریی هیندی”، پیاوسالاریی و کەڵەکەبوون لە ئاستی جیهانیدا”، “ژن: دوا کۆلۆنی”. یەکێکە لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی ژنانی ئەڵمانیا و بزووتنەوەی دژ بە بەجیهانیبوونی لیبڕاڵە. میس لە ٢٠٢٣ کۆچی دوایی کرد.

ماریا میس لە کتێبی “بەستنەوەی جیهانی دابەشکراودا” کە لە ١٩٩٣ لەگەڵ ڤاندانا شیڤا نووسیویەتی، سیستەمی ئابووریی سەرمایەداریی پیاوسالاریی بە ستەمکردنی ژنان لە هەردوو نیوەگۆی باکوور و باشوورەوە گرێداوە. بە گوتەی ئەو و شیڤا، ژنان کاردانەوەیان هەبووە دژی لەناوبردنی سروشت بەهۆی ئاگاداربوون لە پەیوەندی نێوان توندوتیژیی پیاوسالاری دژی ژنان و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە. بە قسەی ماریا میس ژنان زیاتر لە پیاوان پەیوەندییەکی ڕۆحییان لەگەڵ سروشتدا هەیە. ئەو پێی وایە ژنان، وەک گرووپێک کە ڕاستەوخۆ نزیکترن لە سروشت و ژینگە، پەیوەندییەکی ڕۆحی و سروشتیتریان لەگەڵ ژینگەدا هەیە. ئەم پەیوەندییە ڕۆحییە بەهۆی ڕۆڵی ژنان لە چاودێریکردنی خێزان و پەروەردەکردنی منداڵ و گرنگیدان بە ژینگەدا سەرهەڵدەدات.

ژنان وەک چاودێرانی ماڵ و خێزان، بەزۆری ڕۆڵی زیاتریان هەیە لە پاراستنی ژینگەدا. لەوانەیە زیاتر سەرنجیان لەسەر دابینکردنی خۆراک و گرنگیدان بە سامانە سروشتییەکان و پاراستنی باخچە و شوێنە سەوزەکان و دروستکردنی ژیانێکی تەندروست و بەردەوام بێت. بۆیە ماریا میس پێی وایە ژن پەیوەندییەکی ڕۆحی زیاتری لەگەڵ سروشتدا هەیە لە چاو پیاوان کە ئەمەش لە ڕێگەی ڕۆڵی ژینگەیی و خەمخۆری و پەروەردەییانەوە بەهێزتر دەبێت. ئەم پەیوەندییە ڕۆحییە ڕێگە بە ژنان دەدات وەک هاوڕێیەک لەگەڵ سروشتدا کارلێک بکەن و وەک بەشێک لە خۆیان لێی تێبگەن.

ماریا میس ڕەخنە لەم تێڕوانینە دەگرێت کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کۆمەڵگەکاندا وەک ئایدۆلۆجیایەک بانگەشەی بۆ دەکرێت کە کاری ژنان لە کاتی منداڵبووندا بە ئەرکێکی سروشتی و ژنانە دادەنرێت. ئەم بۆچوونە پێی وایە ژنان وەک دایک و خاوەن ماڵ، بەرپرسیارێتیی سەرەکیی پەروەردەکردن و چاودێریکردنی منداڵیان لە ئەستۆدایە و ئەم چالاکییانەش وەک بەشێک لە ئەرکە سروشتییەکانی ژنان و سروشتیان ناسێنراون. بۆیە ڕەخنە دەگرێت چونکە پێی وایە پشتگوێخستنی کاری ژنان کاتێک منداڵیان دەبێت وەک کار دانانرێت و تەنها وەک ئەرکێکی سروشتی دادەنرێت، ئەمەش ڕۆڵی ژنان لە ئابووری و کۆمەڵگەدا کەم دەکاتەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت لە سنووری ماڵەوە بمێننەوە و دەسەڵاتی کەمتریان لە کۆمەڵگەدا هەبێت. ماریا میس پێی وایە تێڕوانینی مارکس بۆ بوونی ژن لە ماڵەوە بە ئەرکێکی سروشتی دادەنرێت و لەگەڵ ڕۆڵی سێکسی ژندا گونجاوە. ئەو ڕەخنە لە تێڕوانینی مارکس لە سەر کاری ناوماڵی ژنان دەگرێت و پێی وایە مارکس نەیویستووە پاساو و شیکردنەوەی ڕۆڵی ژن لە ماڵدا بدات و ئەم ڕۆڵەی وەک دیاردەیەکی سروشتی و بنەڕەتی قبوڵ کردووە. ماریا میس پێی وایە مارکس گرنگییەکی کەمی بە کاری ژنان لە ماڵەوە وەک ئەرکێکی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی کار داوە. ئەو پێی وایە مارکس تەنیا ڕۆڵی ژنی وەک پیاوی زاوزێ ڕەوایەتی داوە و دوور لە لێکۆڵینەوەی جددی لە ڕۆڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنان، وەک خاوەن ماڵ و بەرهەمهێنەری کار لێیان تێگەیشتووە.

لە ئەنجامدا ماریا میس ڕەخنە لەم بۆچوونە مارکسیستییە دەگرێت و جەخت لەسەر گرنگی شیکردنەوەی ڕۆڵی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ژن دەکاتەوە لەبری ئەوەی ڕۆڵی ژن لە ماڵەوە وەک دیاردەیەکی سروشتی لەبەرچاو بگیرێت. ئەو پێی وایە ئەم بۆچوونە بەشدارە لە پراکتیکی هەڵاواردنی جێندەریی و هەژمونیی سەرمایەداریی بەسەر ژناندا و پێویستە بە ڕەخنەیەکی وردتر لێی بکۆڵرێتەوە.

لە ڕوانگەی ماریا میس-ـەوە، بنەمای کۆمەڵایەتی پەیوەندی هەرەمی نێوان ژن و پیاو لە مێژوویەکی دوورودرێژەوە کەڵەکە بووە، کە وەک سیستەمێکی سەقامگیر لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا و بە تێپەڕبوونی کات بەردەوام بووە. ئەم پەیوەندییە هەڕەمییە بە مانای بوونی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و کولتووری دێت کە ژن و پیاو لە پلەبەندییە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا لەسەر بنەمای یەکەمایەتیدان و ڕێکخستنی جێندەریی دادەنێت.

ماریا میس بنەمای کۆمەڵایەتی پەیوەندی هەڕەمی نێوان ژن و پیاو چەند هۆکارێک لەخۆدەگرێت، لەوانە سیستەمی ئابووری: شێوازی دابەشکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان و دەسەڵاتی ئابووری لە کۆمەڵگەدا ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر پەیوەندی نێوان ژن و پیاو دەبێت. ئەگەر سیستەمی ئابووری لەسەر بنەمای هەڵاواردنی ڕەگەزیی کار بکات، ئەمە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندی. سیستەمی سیاسیش دەتوانێت کاریگەر بێت؛ بۆ نموونە لەو کۆمەڵگەیانەی کە یاسا و ڕێسای پیاوانەیان هەیە، ژنان لە پۆستە کۆمەڵایەتییە نزمەکاندا سنووردار دەکرێن.

بەها و بیروباوەڕ و هەڵوێستەکانی کۆمەڵگەش ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پێکهێنانی پەیوەندییەکی هەڕەمیی نێوان ژن و پیاو. ئەگەر کولتووری کۆمەڵگە باوەڕی بە هەڵاواردنی ڕەگەزی هەبێت، ئەمە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندی هەڕەمی. هەروەها پێکهاتەی کۆمەڵایەتییش کە لە دامەزراوە و ڕێکخراو و سیستەمی کۆمەڵایەتی پێک دێت، کاریگەریی لەسەر پەیوەندی نێوان ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا هەیە. بەگشتی بنچینەی کۆمەڵایەتی پەیوەندی هەرەمیی نێوان ژن و پیاو، لە ڕوانگەی ماریا میسەوە، فرەچەشنی و کۆمەڵێک فاکتەری کۆمەڵایەتی و کولتووری نیشان دەدات کە کاریگەرن لە پێکهێنان و سەقامگیرکردنی ئەم پەیوەندییە.

لە دیدی ماریا میس، بزووتنەوەی ئیکۆفێمینیست دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ بگێڕێت وەک هێزێکی بەهێزکەر لە بزووتنەوەی چالاکوانی هاوچەرخدا. ئەم بزووتنەوەیە بە تێکەڵکردنی ڕەهەندە فێمینیست و ژینگەییەکان، باس لە پرسەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و مافی ئاژەڵان دەکات، کە ماریا میس پێشنیاری ئەوە دەکات کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوە چالاکوانە هاوچەرخەکان. بزووتنەوەی ئیکۆفێمینیست دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ زیادکردنی هۆشیاری خەڵک لە پرسە ژینگەییەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر ژیانی مرۆڤ. ئەم هۆشیارییە دەتوانێت پاڵنەر بێت بۆ ڕێوشوێنی چالاکانە بۆ پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. لەوەش زیاتر،تێکەڵکردنی پرسە فێمینیستەکان لەگەڵ ژینگەدا، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەک مافی ژنان لە شوێنی کار، مافی مرۆڤ بۆ پاراستنی ژینگە و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ژیانی ژنان، دەتوانێت هاوپشتی گەورەتر دروست بکات. هاوکات، بزووتنەوەی ئیکۆفێمینیست دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پێشخستنی بیرۆکە و چارەسەری نوێ بۆ پرسە ژینگەیی و فێمینیستەکان. ئەم بیرۆکانە دەتوانن چارەسەری کێشە ژینگەییەکان لەخۆ بگرن، بەتایبەتی بە جەختکردنەوە لەسەر کاریگەرییە تێکدەرەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ژنان و کچانی کۆمەڵگە جیاوازەکان.

جگە لەمەش ماریا میس وەک فێمینیست و مارکسیستێک هەوڵدەدات کۆمەڵگەیەکی ئایدیاڵ لەسەر بنەمای دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی جێندەریی و مرۆڤ سەنتەربوون دروست بکات. هەوڵ دەدات کۆمەڵگەیەک دروست بکات کە ڕێگری لە جیاکاریی ڕەگەزی و ئابووری بکات و فەزایەک بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە دابین بکات بۆ ئەوەی بتوانن بە یەکسانی سوود لە سەرچاوە و دەرفەتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان وەربگرن.

ئامانجەکانی کۆمەڵگەی ئایدیاڵ لە ڕوانگەی ماریا میس

یەکسانیی جێندەریی: دروستکردنی هەلومەرجێک کە ژنان و پیاوان بتوانن بە یەکسانی سوود لە دەرفەت و ماف و سەرچاوە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان وەربگرن و هەڵاواردنی جێندەریی نەهێڵن.

دادپەروەری کۆمەڵایەتی: دروستکردنی کۆمەڵگەیەک کە دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوە و دەرفەتەکان دابین بکات و جیاوازی کۆمەڵایەتی و ئابووری کەم بکاتەوە.

پاراستنی مافی کرێکاران: دروستکردنی بارودۆخی کارکردنی دادپەروەرانە و پارێزراو و بهنرخ بۆ ههموو ئه ندامانی کۆمەڵگە به کرێکارانیشەوە بۆ ئهوەی کەس به هۆی ڕەگەزەوە لە باری ئابووری بێبەش نهبێت.

مافی مرۆڤ: ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و مافی مرۆڤ بۆ هەموو مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی و بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەری بۆ هەمووان.

شکاندنی پێکهاتەکانی جیاکاری: بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە جیاکاری و ستەم و هەژموونێک کە لەسەر بنەمای ڕەگەز و ئابووری و سیاسەت لە کۆمەڵگەدا بێت.

ئێکۆفێمیزم لە کوردستان

پێم وایە تێگەیشتن لە ئێکۆفێمینیزم دەتوانێ بۆ بەرزنرخاندنی ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەی کوردستان لە لایەک و ڕەخنەگرتن لە کاریگەریی پیاوسالاریی لە تێکدانی ژینگەدا بەسوود بێ. بەڵام کاتێک بیر لە کوردستان دەکەینەوە پێویستە بەر لە هەر شتێک ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین کە کوردستان وڵاتێکی داگیرکراو و بەکۆلۆنیکراوە و ڕۆڵی داگیرکەران لە تێکدانی ژینگەدا زۆر گرینگترە لە ڕۆڵی پیاوسالاریی کوردی. بۆ نموونە، هەڵێنجان و بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی وەک ئاو و کانزاکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاو و نەوت لە باشووری کوردستان و بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان وەک پاشکۆی سیستەمی ئابووریی سووریا ڕۆڵێکی یەکجار گرینگتریان هەیە لە پیاوسالاریی کوردی. هەربۆیە پێویستە خوێندنەوەیەکی کوردی لە ئێکۆفێمینیزم بە دەستەوە بدەین. هاوکات نابێت ڕۆڵی پیاوانیش لە پاراستنی ژینگە و ئاژەڵاندا کەم بنرخێنین، وەک شێخ ئەحمەدی بارزان کەسایەتی دیاری کورد کۆمەڵێک یاساو ڕێسای دانا لە دەڤەرەکە مەبەستیشی پاراستنی ژینگە و ئاژەڵە کێوییەکان بوو. جگە لەمەش شکاندی کۆمەڵێک دابونەریت کە لەو سەردەمدا باو بوون، وەک ژن بە ژنە و گەورە بە بچووک هەوڵی دا ئەم دیاریدانە کەم بکاتەوە چاکسازی کۆمەڵایەتی بکات.

سەرچاوەکان

Santayana, G. (1904) What Is Aesthetics? The Philosophical Review, 13(3), pp. 320-327.

Puleo, A. H. (2017) What Is Ecofeminism. Quaderns De La Mediterrània, 25, pp. 27-34.

Shiva, V. & Mies, M. (2014) Ecofeminism. Bloomsbury Publishing.

Sollund, R. (2015) Ecofeminism By M. Mies & V. Shiva. State Crime, 4(1), pp. 99-103.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO