سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

میدیای کوردی لە نێوان پیشەگەری و پێشێلکاریدا

ئیمان یادەوەر

لەناو بێدەنگی کۆڵانە تاریکەکانی ژیاندا، هەر جارەو چرایەک دەکوژێتەوە، هەرجارەو گوڵێک دەوەرێت. میدیاکانمان لە جیاتی ئەوەی باسی جوانی و بۆنی گوڵە وەریوەکە بکەن، تەنیا ئەو کرم و دەستە دێننە بەرباس کە گوڵەکەی شکاندووە. ئەمە بووە بە چ نەریتێکی قێزەون!

کاتێک مرۆڤێک سەفەری دوا وێستگەی ژیان دەکات، لە جیاتی ئەوەی یادی جوانییەکانی بکەینەوە، دەکەوینە گێڕانەوەی چیرۆکی ئازارەکانی. لە جیاتی ئەوەی باسی ڕووناکی چاوەکانی بکەین کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دنیای ڕووناک دەکردەوە، دەکەوینە باسی ئەو تاریکییەی کە لە کۆتاییدا هەڵی لووشی. ئاخر مردن تەنها دەروازەیەکە، نەک چیرۆکی ژیان. بۆ دەبێ نەزانین چۆن ڕێز لە نهێنییەکانی ژیان و مردن بگرین.

هەر یەک لە ئێمە چیرۆکێکی تایبەتی خۆی هەیە، هەندێک لاپەڕەی ئەم چیرۆکە دەبێت هەر بە نهێنی بمێنێتەوە. کاتێک باسی کۆچی دوایی کەسێک دەکەین، لە ڕاستیدا باسی. کۆتایی بەشێک لە چیرۆکی خۆمان دەکەین. وەک چۆن حەز دەکەین خەڵکی بەڕێزەوە باسی چیرۆک و ئەزموونی ژیانی ئێمە بکات، دەبێت ئاواش بەڕێزەوە باسی چیرۆکی ژیان و ئەزموونی ئەوانی تر بکەین.

نەخۆشی تەنها وشەیەکە لە فەرهەنگی ژیاندا. بەڵام مرۆڤایەتی، کتێبێکی تەواوە. دەبێت فێربین چۆن کتێبی ژیانی یەکتر بخوێنینەوە، نەک تەنها لاپەڕە تاریکەکانی.

میدیاکانمان ببێتە ئاوێنەی جوانییەکانی کۆمەڵگا، نەک تەنها پەنجەرەیەک بۆ سەیرکردنی خەمەکان و زیادکردنی بینەر و سەرنج و بەدڵبوون. دەبێت ئەوان نموونە بن بۆ ئێمە چۆن ڕێز لە نهێنی و تایبەتمەندی یەکتر بگرین، چۆن بە شێوەیەکی شارستانی و مرۆڤانە هەواڵەکان دەگەیەنرێن.

دوور یان نزیک، هەر یەک لە ئێمە ڕۆژێک دێت و دەبینە بەشێک لەم هەواڵانەی بەردەستی میدیا، ئایا حەز دەکەین چۆن باسمان بکرێت؟ ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە ببێتە ڕێنیشاندەرێک بۆ ڕێگا و هۆشیاریمان لێرەدا بەتایبەت دەمەوێت جەخت لەسەر ئەو بابەتە بکەمەوە دیاردەیەکی نەخوازرا و لە میدیای کوردییدا سەری هەڵداوە کە جێی نیگەرانی و سەرنجی هەموو لایەکە ئەویش دیاریکردنی جۆری نەخۆشی کەسە کۆچ کردووەکانە، لەوانە “ژێرپەنجە”. لەکاتێکدا چەندان نەخۆشی تری کوشندە هەن و دەبنە هۆی مردنی مرۆڤ، بۆیە هیچ پێویست بە ئاماژەدان بە نەخۆشییەکەی ناکات کە دەبێتە هۆی ترس و نیگەرانی زیاتری ئەوانەی هەڵگری هەمان نەخۆشین و ئازاردانی دەروونی ئازیزانیان.

هاوکات، بڵاوکردنەوەی ڕاستەوخۆی دیمەنی پرسە و سەرەخۆشی، وێنەی گریان و شیوەن، دەنگی هاوار و ناڵەی کەسوکار. ئەمە چ جۆرە میدیایەکە؟ لە کاتێکدا میدیای جیهانی و پیشەیی، تەنها هەواڵی کۆچی دوایی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و کورت ڕادەگەیەنن، بەداخەوە هەندێک لە میدیاکانی ئێمە کەوتوونەتە داوی وروژاندنی هەست و سۆزی خەڵک و بڵاوکردنەوەی دیمەنی ناشیاو. لەنێو دونیایی سەرمایەداریدا بینینیش هۆکارێکە بۆ دەستخستنی سەرمایە بۆیە بەشێکی زۆری ئەوانەی هیچ بەهرە و توانایەکیان نییە تاوەکوو لەڕێگەی جوانییەوە بگەن بە هەموو شتێک ئەمە وادەکات هەموو ڕێگەیەکی ناشرین بەکاربهێنن بۆ دەستخستنی هەندێک پارە و ناوبانگ. بۆ ئەمەش سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جێگەیەکی باش و هاوکارێکی بەردەوامی ئەو جۆرە کەسانەن. بۆیە، دەبینین هەزاران مرۆڤ لە لایڤێکی ڕاستەوخۆدا بەدیار کەسێکەوە دانیشتون کە دەیەوێت خۆکوژی بکات، بەڵام زانایەک ئەدیبێک کارێکی خۆی نمایش دەکات کەمترین کەس تەماشای دەکات و کاردانەوەیان بۆی دەبێت.

لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤەکان بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن چەند بەتامەزرۆییەوە دەیانەوێت بینەری مرۆڤێک بن کە دەستبەرداری ژیانی خۆی دەبێت. ئەمەش وادەکات لە ئایندەدا ڕێژەی ئەوانەی خۆکوشتن بەکارێکی ئاسایی تەماشا بکەن و ئەنجامی بدەن و ئەم دیاردەیە زێدەتر بێت.

میدیا بەخۆی بزانێت یاخود نا کاریگەریی لەسەر ئاراستەکردن و بیرکردنەوەی کۆمەڵگە هەیە. بەڵام میدیای کوردی دەرفەتێکی گەورەی ڕەخساندووە بۆ مرۆڤە نەخۆش و کەمعەقڵ و زەبوونەکانی نیشتیمان بەچاوپێکەوتن و هێنانە بەردەم شاشە لێشاوێک لە بینەری زەلیل دروست دەکات بەجۆرێک کۆمەڵگە بووە بە دوو بەشەوە بەشێکیان نەخۆشی و ناخۆشی خۆیان نیشان دەدەن و بەشێکیشیان بینەر و هاوکار و هەندێکجاریش گاڵتەجاڕی ئەو دیمەنانەن. ئەمەش وادەکات جێگەی مرۆڤ لەڕێز و خۆشەویستییەوە بگوێزێتەوە بۆ بەزەیی پێداهاتنەوە و گاڵتەپێکردن. لە دنیایەکدا کە گاڵتەجاڕی و بێبەهاکردنی مرۆڤەکان ببێتە سەرمایە و بەردەوامیدان بە کاری میدیایی و پڕ بینەرکردنی دەبێتە هۆکاری دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی نەخۆش، کاتێک هیچ سنورێک نییە بۆڕاگرتنی شکاندی شکۆی مرۆڤ و پیرۆزییەکانی، نەوەیەک دروست دەبێت هیچ شتێکی بەلاوە گرنگ و پیرۆز نەبێت.

سیستەم و دەسەڵات لە ڕابردوودا لە ڕێگەی نووسین و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تیڤیەکانیانەوە فەرهەنگی کوردییان لە ستایش و شکۆوە گۆڕی بۆ جنێو و زمانی پیس. ئێستاش لەڕێگەی دروست کردنی ئەو هەموو میدیا بێچاودێرییەوە کۆمەڵگەیەکیان دروست کردووە جنێو بە هەموو شتێک دەدات بەجۆرێک باشترینیان ئەوانەن تازەترین جنێو دەڵێن؛ سەرکەوتوترینیان ئەوانەن گاڵتە بە هەموو سەرکەوتنێک دەکەن.

پێویستە تا دەتوانین مرۆڤەکان بگێڕینەوە بۆ خوێندنەوە، خوێندنەوەی مێژوو و کولتوور و تێپەڕبوونیان بە فلتەری فەلسەفە و دەروونشیکاریدا، تاوەکوو ئەدەب و هونەری نەتەوەکەیان تێبگەن. ئەوان فەرهەنگێکیان هەیە دەوڵەمەند بە هەموو شتێک کە دەتوانن ژیانی خۆیانی لەسەر بونیاد بنێن و بەئاسانی دەستبەرداری نەبن و بیگۆڕنەوە بەو هەموو ناشرینیەی کە میدیا هەر ڕۆژێک ناوێکیان بۆ دەدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی چاویان لێ بکرێت.

دواجار پێویستە میدیاکارانمان تێبگەن، پرسە و سەرەخۆشی، بۆنەیەکی تایبەتە بە کەسووکارانی کۆچکردوو. کامێرا نابێت ببێتە میوانی نەخوازراوی ساتە تایبەتەکانی خەڵک؛ گریان و شیوەن مافێکی تایبەتە و نابێت بکرێتە کەرەستەی میدیایی. هەواڵ دەکرێت بە شێوەیەکی کورت و پوخت بگات. میدیای سەردەمیانە و پیشەیی ئەوەیە کە ڕێز لە تایبەتمەندی خەڵک بگرێت؛ هەستی مرۆڤەکان ناکاتە کەرەستەی ڕاگەیاندن؛ تەنها زانیارییە پێویستەکان دەگەیەنێت. ئەخلاقی پیشەیی و بەها کۆمەڵایەتییەکان دەپارێزێت کاتی ئەوە هاتووە میدیاکانمان خۆیان بپاڵێون و بگەڕێنەوە سەر ڕێڕەوی ڕاست.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO