مەولود ئیبراهیم حەسەن
لە بارەی وەرگێڕانەوە گوتراوە: وەرگێڕان چالاکییەکی زمانییە، بە یەکگەیێن و پەیوەندی بەردەوامە، لە نێوان دوو زماندا، بە وەرگێڕانی بابەتێک لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دی (١). وەرگێڕانیش مێژووێکی کۆنی هەیە! چونکە وەرگێڕان لە نێوان زمانەکاندا، پێویستییەکە لە پێویستییەکانی مرۆڤایەتی (٢)، هەر بۆیە وەرگێڕان یەکێکە لەکارە هەرە گرانەکانی نێوەندی ئەدەبی! چۆن وەرگێڕان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دی دەبێتە هۆی دروستکردنی جۆرێک لە ڕۆشنبیریی هاوبەش، بۆیە مرۆڤ هەر لە زووەوە گرنگی بە وەرگێڕان داوە.
دەکرێ وەرگێڕانی ئەفسانە سۆمەرییەکان بۆ زمانەکانی ئەکەدی و بابیلی و ئاشووری و زمانانی تر، کۆنترین و سەرەتاییترین و یەکەمینترین وەرگێڕان بێ. بەگشتی، وەرگێڕانی ئەفسانە بەتایبەت لە ساڵانی پێش زاییندا؛ واتە ئەم یەکەمین و کۆنترین وەرگێڕانەش هەر لە زمانی سۆمەری و وڵاتی سۆمەر بووە! هێندەی ئێمەش ئاگادار بین وەرگێڕانی کلیلە و دمنە، هەزار و یەک شەوە، حەکایەتەکانی زادیج، لە دوایی زایین وەرگێڕانە لە پێشینەکانن! ئەگەر بە وردی کتێبی گەڕانەوەی دە هەزار یۆنانی بە سەرکردایەتی زەینەفۆن بخوێنینەوە، دەبێن زەینەفۆن لە ٤٠١پ.ز. باسی ئەفسانەی کوردی و ئەفسانە دەربارەی کوردەکان دەکات. کاتێک بە هۆی هونەری هەڵاتن! لە دەست کاردۆخییە کوردەکان ڕزگاریان دەبێت لە ڕووباری خابوور دەپەڕنەوە، زەینەفۆن دەنووسێ: شەوێکی مانگە شەوی پایزیی بوو، ئەو شەوە تا درەنگ باسی ئەفسانەی کوردەکان و ئەفسانە دەربارەی کوردەکانمان کرد، میوەیەکی زۆریشمان هەبوو (٣)، ئەم باسکردنەش وای پێویست کردووە، ئەفسانە کوردیەکان و ئەفسانە دەربارەی کوردەکان بە زارەکی وەرگێڕدرابن بۆ زمانی یۆنانی! هەتا ئەگەر نەشنووسرابنەوە! ئەمەش هۆۆیەک بووە بۆ گواستنەوەی ئەفسانەی کوردی و ئەفسانە دەربارەی کوردکان بۆ نێو میللەتانی دە هازارجەنگاوەرە بە کرێگیراوەکان و میللەتی یۆنانیش؛ ئەمەش دەکرێ بەگشتی وەک یەکەمین وەرگێڕانی ئەفسانەی کوردی سەیربکەین بەتایبەت بۆ زمانی یۆنانی و زمانی ئەوانەی لە نێو لەشکرەکەی زەینەفۆن-دا بوون!
دوای ئەم پێشەکییە کورتە دێینەوە ڕۆژگاری ئەمڕۆ و باسی وەرگێڕێکی ئەفسانەکار دەکەین. مامۆستا عەزیز گەردی خاوەنی دوو دکتۆرا و دەوروبەری دوو سەد کتێبی جۆراوجۆری چاپکراوە. لەو دوو سەد کتێبە، بەشی هەرە زۆری وەرگێڕانە، لە نێو ئەم کتێبانەش زیاتر لە ٤٥ کتێبی لە ئەفسانەی میللەتانی جیاجیا و لە چەند زمانێکی جیاجیا کردوونی بە کوردی!
عەزیز گەردی وەک کەسایەتییەکی ئەفسانەیی
لێرە مەبەست لە کەسایەتی ئەفسانەیی ئەوەیە کە عەزیز گەردی لە تەواوی ژیانیدا لە بە توانایی و لێهاتوویی و کارەکانی لە جیهانی خوێندن و نووسیندا، بە بەرهەم لە سەرەوەی کەسایەتییەکی ئاسایی بووە، من ئەو کەسایەتییە لە چەند خاڵێکدا کۆدەکەمەوە:
یەکەم، عەزیز گەردی لەسەرەتاوە وەک قوتابییەک زیرەک بوو، بەردەوام لە هەموو قۆناخەکانی خوێندنیدا یەکەمی سەر پۆل و بەشەکەی خۆی بووە!
دووەم، هەر لە منداڵیەوە توانایەکی زیرەکی ئەدەبی تێدا بوو، هەر زوو مامۆستاکانی هەستیان پێ کرد، وەک دەربڕینی ئەدەبی و بیرکردنەوەی زانستی و فێربوونی زمان توانایەکی زۆری هەبووە!
سێیەم، فرسەتی نەگونجاو و ڕێگر، عەزیز گەردی بەم توانایەی کە هەیبوو، ئەگەر توانای مادی ماڵەوەی باش بووایە و لە پاش دەرچوونی لە سێی ناوەندی بچووبایەتە ئامادەیی و دواتر بچووبایەتە زانکۆ، ئەو زۆر زوو تێکەڵ بە نێوەندی زانستی و ئەکادیمی دەبوو، دەیتوانی باشتر و لەسەر ئاستی ئەکادیمی زووتر بچێتە پێش و باشتر کاربکات، مەبەست کاری زانستی و ئەدەبیە! لێرە بۆ چوونە خوێندنی باڵا عەزیز گەردی تێکڕا نزیک بە ٢٥ ساڵ دواکەوت!
چوارەم، عەزیز گەردی بۆ ئەوەی ئەم دواکەوتنەی لە چوونە زانکۆ قەرەبوو بکاتەوە، وەخت و توانایەکی زۆری بە خەرج داو و درەنگ کەوتە نێوەندەکە و زۆریش ماندوو بوو.
پێنجەم، بۆ ئەوەی بتوانێ بچێتە زانکۆ، مامۆستایەتی خۆی لە هەولێر-ەوە گواستەوە بۆ بەغدا و سێ ساڵ لە بەغدا بە زەحمەتێکی زۆر و ژیانێکی ناخۆش مایەوە؛ کەچی دوا جار وەریش نەگیرا!
شەشەم، عەزیز گەردی جارێکی تر خۆی گواستەوە هەولێر و ئەمجارە تاقیکردنەوەی دەرەکی شەشی ئامادەیی کردو بە نمرەیەکی باش دەرچوو و لە بەشی فەڕەنسی کۆلیجی ئادابی زانکۆی موسڵ وەرگیرا.
حەوتەم، کە لە زانکۆی موسڵ وەرگیرا بەناچاریی مامۆستایەتی خۆی لە ڕۆژ گواستەوە شەو؛ چونکە مۆڵەتی خوێندنی پێنەدرا، لەگەڵ چەند مامۆستایەکی تر شەوانە لە هەولێر دەرسیان دەگوتەوە و بە ڕۆژ دەچوون لە زانکۆی موسڵ دەیان خوێند، کە ئەمەش وەخت و تاقەتێکی زۆری مامۆستای دەگرت و لە کارە ئەدەبی و زانستییەکانی کەم دەکردەوە.
هەشەتەم، ساڵی چوارەم لە بەشی فەڕەنسی لە سەر ئاستی زانکۆی موسڵ یەکەم بوو، ساڵی ١٩٨٥ داوای پێشکەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵای ئەوکاتی عێراق کرد، ناوی دەرچوو بۆ فەڕەنسا تا بچێ دکتۆرای زمان و ئەدەبی فەڕەنسی بخوێنێ! بەڵام بە هۆی ئەوەی کورد بوو حیزبی (بەعسی) نەبوو ڕەزامەندی سەفەرکردنیان پێنەدا بۆ خوێندن بچێتە فەڕەنسا! لێرە هەشت ساڵ دواکەوت!
نۆیەم، وەرنەگیرانی لە خوێندنی باڵا لە ماستەر مایەوە تا ساڵی ١٩٩٣، ئەوسا بە یارمەتی هەموو لایەک لە بەشی کوردی کۆلیجی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین لەسەردەمی حکومەتی هەرێم وەرگیرا!
دەیەم، عەزیز گەردی لە زانکۆ لە ساڵانی دوایی بێتاقەتییەکی زۆر ڕووی تێ کردوو ناچار پێش وەختی خۆی، بە هۆی نەخۆشی خۆی خانەنشین کرد! ئەمانە هەمووی بوونە هۆی ئەوەی عەزیز گەردی نەتوانێ کات و توانای خۆی بە تەواوی بخاتە خزمەتی نووسین و وەرگێڕان و لێکۆڵینەوە، ئەگەر وانەبوایە، زۆر لەوەی زۆرتر و باشتری دەکرد، کە تا ئێستا کردوویەتی!
عەزیز گەردی و خوێندنەوە
هەموو دەرکەوتنێکی ئەدیب و نووسەر و لێکۆڵەران دواجار ئەنجامی خوێندنەوەی بەردەوام و وردە. عەزیز گەردی لە هەموو قۆناخەکانی خوێندنی هەمیشە یەکەمی سەر قوتابخانە و کۆلێج و خانەی مامۆستایان بووە. لەگەڵ ئەمەش هەر زوو وەک کەسێکی زیرەک و لێهاتوو بەردەوام خوێندوویەتیەوە، خوێندنەوەش بە هەموو ئەو زمانانەی خۆی فێرکردبوو! لە خوێندنەوەشدا بە وردی دەیخوێندەوە و بەردەوامیش دەیخوێندەوە. من خۆم لێم بیستووە کە عەزیز گەردی گوتوویەتی هەر کتێبێک بخوێنمەوە، وای دەخوێنمەوە کە بەتەواوی بزانم کتێبەکە چی تێدا نووسراوە! تاوەکوو جارێکی تر نەیخوێنمەوە، بەڵام کتێب هەیە بە هۆی گرنگی بابەتەکە و ڕەوانی زمانە خۆشەکەی زیاتر لە جارێک دەیخوێنمەوە! مامۆستا قەهار گەردی برای عەزیز گەردی بۆی گێڕامەوە، کە لەم دواییە ئەو بەردەوام دوو کتێبی لەبەردەم بوو لەسەر مێزەکەی، ئەویش ڕشتەی مرواری عەلائەدین سجادی و چێشتی مجێوری هەژار موکریانی بوون. عەزیز گەردی بەردەوام خۆی بە قوتابی دەزانی، قوتابییەک بەردەوام بخوێنێ و بە هیوای نمرەی بەرز بێت، بەڵام عەزیز گەردی بۆ نمرە نەیدەخوێندەوە، بۆ تێگەیشتن و شارەزا بوون دەیخوێندەوە. هەر مامۆستا قەهار گەردی دەگێڕێتەوە، کە عەزیز گەردی جار جار دەهاتە ماڵەوە بە هۆی ئەوەی منداڵی زۆر خۆش دەویست، زۆر زوو منداڵ خۆشیان دەویست و دەبوو بە دۆستیان، قسەی خۆشی بۆ دەکردن و منداڵەکانی شاد دەکرد، کە دەیویست هەڵسێ و بڕوا، منداڵەکان خۆیان پێدا شۆڕدەکردەوە و دەیانگوت: مامە تو خودا مەڕۆ هێشتا زووە، تو خودا مەڕۆ! عەزیز گەردی دەی کردە سوحبەت و بە پێکەنینەوە دەیگوت: لێم گەڕێن با بڕۆم،، خوێندنم هەیە خۆ من وەکی ئێوە نیم؛ بابچم دەرسەکانم بخوێنم! عەزیز گەردی هەم بەردەوام دەیخوێندەوە، هەم بەردەوام دەینووسی و وەرگێڕان و لێکۆڵێنەوەی دەکرد. بەڵێ ئەم خوێندنەوە زۆر و بەردەوام و وردە ئەم عەزیز گەردی-یەی لێهاتە بەرهەم کە زیاتر لە٢٠٠ کتێبی بەرهەم هێناوە. هەروەها ناوی بە وڵاتدا بڵاو بووەتەوە؛ وەک بیستوومە نزیک بە چل کتێبی تایپکراوی لە نێو کۆمپیوتەرەکەیدا چاوەڕێی چاپکردن و بڵاوکردنەوەن! عەزیز گەردی ئێستا هەموومان شانازی پێوە دەکەین و وەک چرایەکی گەشە بە ئاسمانی ئەدەبی کوردیمانەوە و بەردەوام ڕووناکی دەبەخشێ و بە هیچ کەس خامۆش ناکرێ!
عەزیز گەردی و ئەفسانەدۆستیی
عەزیز گەردی کوڕی نەوەیەکە تەمەنی منداڵیی بۆ سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، ئەو ساڵانەش هێشتا لە کوردەواری بەرئاگردان گەرم بوو و دایک و باوک و بەتەمەنەکان، شەوانە چیڕۆک و ئەفسانەیان بۆ منداڵەکان دەگێڕایەوە. ئەویش ئەم چیڕۆکگێڕانەوە و بەرئاگردانەی دیوە، ئەوەتە لە پێشەکی بەرازەوان دەنووسێ: ئێمە هەموومان هەر لە منداڵیەوە سەدان، بگرە هەزاران هەقایەتی گیاندارانمان لە پیر و پێشینانی کوردەواری خۆمان بیستووە (بەرازەوان، ل ٣). دیسان ئەوەتە یەکێ لە کتێبە ئەفسانەییەکانی خۆی پێشکەش بە بسکانی داپیرەی دەکات، لە پاڵ پێشکەشکردنی مەنسووری یاقووتی کۆکەرەوەی ئەفسانەکان. مەنسووری یاقووتی کارەکەی خۆی کە کۆکردنەوەی ئەفسانەی لوڕی-یە (٤) پێشکەش بە سەوسەنی خوشکی کردووە، مامۆستا عەزیزیش کە وەرگێڕی ئەفسانەکانە لە فارسی-یەوە بۆ کوردی، لە تەک مەنسووری یاقووتی ئەویش وەرگێڕانەکەی خۆی پێشکەش دەکات بە گیانی بسکان، بسکۆڵ، داپیرەی (٥ و ٦). ئەوەش بۆ ئەمەمان دەبات کە بۆ ئەوە بچین کە داپیرە بسکۆڵ بە منداڵی یەکێ بووە لەو کەسانەی کە حەقایەت و ئەفسانەی بۆ گێڕاوەتەوە و ئەویش لەززەتی زۆری لە ئەفسانەکان بینیوە! وەک پاداشتدانەوەیەکیش لە گەورەییدا ئەو کتێبە وەرگێڕاوەی کە ئەفسانەیە پێشکەش بە گیانی بسکۆڵی داپیرەی کردووە.
ئەو لەززەت بینینە هەر کاریگەریی ماوە و ئەوەتا لە گەورەییدا لە باسی وەرگێڕانی کتێبە یەکەمەکانی ئەفسانەیی، واتە چیڕۆکی بەرئاگردان، دەنووسێ: ساڵی ١٩٨١ چاپی فارسی وەرگێڕانی کەریم کشاورزی ئەم کتێبەم کەوتە دەست، چەند جارێک خوێندمەوە، هەم لە بەر ئەوەی کەلەپووری کوردی زۆر بە نرخە و هەم لەبەر ئەوەی من حەز لە ئەفسانە و حەقایەتی میللی دەکەم، بڕیارم دا بیکەم بە کوردی (٧). مامۆستا لە بەردەوامی قسەکانی هۆی وەرگێڕانی کتێبەکەمان بۆ دیار دەکات، کە دەتوانین ئەم هۆیە بە هۆی وەرگێڕانی بەردەوامی وەرگێرانی هەموو ئەفسانەکان بزانین؛ دەنووسێ: منیش بۆیە ئەم حەقایەتانەم کردە کوردی چونکە زۆر لە میزاجی کوردەواری خۆمان نزیکن و کتومت چیڕۆکی گوێی ئاگردانی خۆمانن، جا بە دووری نابینم هەموو کەس لە تەمەنی حەفت ساڵیەوە تا حەفتا ساڵی بە پەرۆشەوە بیانخوێنێتەوە و پەندیان لێ وەربگرێ (٨). لەمەوە دەردەکەوێ کە مامۆستا چۆن هەر لە منداڵیەوە بە بیستن لەززەتی لە حەقایەت و ئەفسانەی خۆمان بینیوە و هەم لە گەورەییش کە خوێندویەتەوە زۆری پێخۆش بووە. ئەوەش وای لێ دەکات بڕیاری وەرگێڕانی ئەفسانەکان بدات (٩). ئەم لەززەت بینینەی مامۆستا لە ئەفسانە و ئەو بەردەوامییەی لە خوێندنەوەدا، گەیشتووەتە ئەوەی جگە لە لەززەتی بیستن و خوێندنەوە نرخی ئەفسانەش بزانێ و ڕوو لەم وەرگێڕانی ئەفسانە جیهانییەکان بکات (١٠). ئەو ساڵانەی کە مامۆستا خەریکی وەرگێڕانی ئەفسانە جیهانییەکان بوو، ئەفسانە ئەو وەختە لە نێو خەڵک، تەنانەت ڕۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆش، نرخێکی ئەوتۆیان پێ نەدەدا. هەر ئەوەش هۆی ئەوە بووە کە خەڵک ڕەخنە لە عەزیز گەردی بگرن، کە بۆچی بەو هەموو زمانزانی و کوردیزانییەوە ئەفسانە وەردەگێڕێ؟ باشترە فەلسەفە و ڕەخنە و تیورە ئەدەبییەکان بکاتە کوردی!. ئەو ڕەخنانە لە پاشملە و ڕوو بەڕووش بەو دەگوترا، بەڵام ئەو لەسەرکاری خۆی بەردەوام بوو، وەک وەڵامیش، مامۆستا لە پێشکەشکردنی یەکێ لە کتێبە ئەفسانەییەکانی بە دوو دێڕ و بە پێشکەش کردنێکی زانستیی و ئەدەبییەوە و وەڵامی ئەو بەڕێزانە دەداتەوە و دەنووسێ”: ئەم کتێبە پێشکەشە بەوانە نا، کە لە ئەفسانە ناگەن و نرخی نازانن، بەوانەی شەیدای ئەفسانەن و نرخی دەزان. مامۆستا کە بۆ خۆی شەیدای ئەفسانە بووە و لەززەتی لێ بینیوە و نرخی زانیوە، ئەم ئەفسانە بە نرخانە جارێکی تر پێشەکەش بە منداڵان و پیرەپیاوانی کورد و ئەو کوردە یەکڕەنگانە دەکات کە بە حەزرەتی خوێندنەوەی ئەفسانەی کوردین. هەر بۆیە چیڕۆکی بەرئاگردانی ئیزۆپ پێشکەش دەکات و دەنووسێ پێشکەشە بەو منداڵە کوردانەی بە حەزرەتن چیڕۆکی چاپکراو بخوێننەوە؛ بەو پیرەمێردە کوردانەی هەزاران چیڕۆکی وەکو ئەمانەیان لە سنگ دایە و کەس نییە بیانخاتە سەر کاغەز؛ بە هەموو کوردێکی یەکڕەنگ (چیڕۆکەکانی ئیزۆپ)
ئەم خۆشویستنی هەقایەت و ئەفسانە و لەززەت بینینەی مامۆستا لەوەش بەدەردەکەوێ کە لە پێشەکی بەرازەوان دا، مامۆستا بە شێوەی هەقایەتبێژی و ئەفسانەخوانی لە پێشەکییەکەدا بەشێوەیەکی چیرۆکئامێز لە پێشەکییەکەیدا باسی وەرگێڕانی هەقایەتەکانی نێو بەرازەوان و باسی ژیانی هانز ئەندەرسن دەکات، کە هەقایەتەکانی بۆ منداڵان کۆکردووتەوە و نووسیویە، مامۆستا عەزیز گەردی بە زمانی ئەفسانە و بە هەستی منداڵانە و پڕ لە خۆشەویستی قسە بۆ منداڵانی کورد دەکات. چ قسەکردنێک؟ قسەکردنێک تەواو لە گێڕانەوەی ئەفسانە و هەقایەت دەکات و خۆی دەباتەوە تەمەنی منداڵە خۆشەویستەکان و دەنووسێ: منداڵینە، ڕۆژتان باش، وەرن دانیشن، هەندێ هەقایەتی خۆشتان بۆ بگێڕمەوە، زووکەن وەرن، ئەوەی درەنگ بێ پێکی ناکەین. وای هەقایەتەکان خۆشن! پێشتر نەمبیستوون و نەمدەزانین. ئەو ساڵ زستانێ دونیا تەڕو تووش بوو، ڕێبوارێکی بێگانە هات و لایدایە ماڵمان. منیش بەخێرهاتنێکی گەرمم کرد، کە زانیم هەقایەت دەزانێ چەند شەوێک ئیزنم نەدا، بڕوا. داوام لێکرد هەندێ هەقایەتم بۆ بگێڕیتەوە، ئەویش تکای گرتم و قسەی نەشکاندم. دەستی پێکرد بە ڕووێکی خۆش و بە دەنگێکی نەرم و ناسک چی هەقایەتی دەزانی بۆی گێڕامەوە.
پێش ئەوەی بڕوا پێی گوتم گەردنت ئازا نەبێ ئەگەر ئەم هەقایەتانە بۆ منداڵان نەگێڕیتەوە، منیش بە ناوی خۆم و بە ناوی ئێوەوە سوپاسم کرد و گفتیشم پێدا هەقایەتەکانی بکەمە دیاری (بەرازەوان، ل٣).
مامۆستا عەزیز لەو هەموو کتێبە ئەفسانەییەی کە کردوونی بە کوردی، پێشەکی بۆ دوانیان نووسیوە و لێکدانەوە و شیکردنەوەی بۆ هیچێکیان نەکردووە، بەڵام بەم پێشکەشکردنانە نرخی ئەفسانەمان بۆ دەرخات و ئەو بابەتە بە نرخانەش پێشکەش بە خۆشەویستانی خۆی دەکات، لە پێشەکی وەرگێڕانی ئەفسانەی کوردی لە فارسییەوە، دەنووسێ پێشکەشە بە: برازاکانم کارۆخی ئەحمەد؛ مەزن و مەرەز و هێژا و بایزی بەکر؛ سەنگەر و چەپەری کوردۆ؛ تەبا و ڕەوا و پەنای قەهار (ئەفسانەی چل جوانوو).
وەکیەکیی ئەفسانەکان
لە باسی وەکیەکێ ناوەڕۆکی ئەفسانەکان، عەزیز گەردی دەنووسێ: منیش بۆیە ئەم هەقایەتانەم کردووە بە کوردی چونکە زۆر لە میزاجی کوردەواری خۆمان نزیکن و کت و مت چیرۆکی گوێی ئاگردانی خۆمانن بەرازەوان. ئەم وەکیەکیە هەموو لایەکی پێکهاتەی هەقایەت و ئەفسانەکان دەگرێتەوە و ئەگەر هەر کەسێ سێ کتێب لەو کتێبانە بخوێنێتەوە، تێدەگات چەند پێکدەچن و چەند وەک ئەفسانەکانی خۆمانن، بۆ نموونە: ناوەڕۆکی ئەفسانەکان؛ ناونیشانی ئەفسانەکان؛ ناوی کەسایەتییەکان؛ سەرەتا و پێشەکی ئەفسانەکان؛ کۆتایی ئەفسانەکان.
ناوەڕۆکی ئەفسانەکان: لە ناوەڕۆکدا مەبەست کەسایەتی و ڕووداو و کێشەی سەرەکی ئەفسانەکانە، ئەوەش وای کردووە ئەم ناوەڕۆکە لە ئەفسانەی زۆر میللەتان هێندە وەک یەک بن، تۆ بڵێی ئەوانە وەرگێڕدراوی یەکترن! بۆ نموونە: کوڕە کەچەڵی کوردەواری، کەچەڵی زاوای سوڵتان لە هەقایەتی بەغدایی و حەسەن کەچەڵی تەمبەڵی ئەفسانەی مازەندەرانی و زۆر کوڕەکەچەڵی نێو ئەفسانەی میللەتانی دی. ئەم کەسایەتی و ناوەڕۆکە لە نێو ئەفسانەی هەموو میللەتاندا هەیە و کوڕە هەژارێکی کەچەڵی تەمبەڵ و ئیشنەکەر کە تەنیا پیرەدایکێکی هەیە و پیس و چرکنە. ئەم کەچەڵ و هەژار و ئیشنەکەرە دواجار دەبێتە زاوای پاشا و لە تەواوی ئەفسانەکەدا گۆڕانکارییەکی زۆری عەقڵی و جەستەیی و پلە و پایە و ئابووری بەسەر ئەو کوڕە دادێ. هەندێ جار بە هۆی زیرەکی و بەکارهێنانی عەقڵ، هەندێ جار بە هۆی ئازایەتی، هەندێ جار بە ڕێککەوت، جاری واش هەیە بەیارمەتی پیر و ڕیشسپییان، ڕوشدەدات بە هۆی ئامێرە ئەفسانەییەکان، کوڕەکەچەڵ داخوازی و مەرجی پاشا و کچی پاشا بە دەست دێنی و دواجار دەبێتە زاوای پاشا و لە دوای مەرگی پاشاش جێگەی پاشا دەگرێتەوە و دەبێتە پاشای وڵات! ئەم جۆرە ئەفسانەیە پێمان دەڵێ مرۆڤ شایستەی گۆڕانە و دەکرێ کوڕە کەچەڵ ببێ بە پاشا، ترسنۆک ببێت بە پاڵەوان، نەزان ببێت بە زانا، بێ بەخت ببێ بە بەختیار!
ناونیشانی ئەفسانەکان: جگە لە ناوەڕۆکی ئەفسانەکان زۆر جار ناوی ئەفسانەکان دەقا و دەق وەک یەکن، جا ئەو ناوە ناوی کەسایەتییەکان بێت یان سیفەت و ڕەوشتیان، یان ناوێكی مەعنەوی بێت. بۆ نموونە، سێ دز، بەدبەخت و بێبەخت، حەفت براو خوشكێک، دنکە هەنارە، کێوی ڕەش، کانی زێڕین و ئاوی حەیاتێ و زۆر و زۆری تر، کە هەر ئەم ناوی وەک یەکە دەبێتە هۆی ئەوەی ناوەڕۆکیش وەک یەک بن، جا ئەو ئەفسانەیە ئەفریقایی بێت، هیندی و ڕووسی بێت، ئەمریکایی بێت، ئەڵمانی بێت یان کوردی.
ناوی کەسایەتییەکان: لە ناوی کەسایەتی و پاڵەوانەکان لە ئەفسانە ڕۆژهەڵاتییەکان کە کولتووریان لێک نزیکە، هەر ئەم کولتوورە هۆی ئەوەیە زۆر جار ناوی پاڵەوان و کەسایەتییەکانیش وەک یەک بن، محەمەد و ئەحمەد، حوسێن و حەسەن، هەمزەپاڵەوان، کە ئەمانە بە کاریگەریی هاتنی ئیسلامە، ڕۆستەم پاڵەوان و جەمشید، زۆر جاریش کەسایەتییەکانی نێو ئەفسانە بە ناوی مەعنەوی وەکیەکن، بۆ نموونە: بێبەخت و بەختەوەر، ڕاستگۆ و درۆزن، ترسنۆک و ئازا، کە زۆر جار هەر ئەم ناوانە کە ناوی کەسایەتییەکانن دەبن بە ناوی ئەفسانەکانیش.
سەرەتا و پێشەکی ئەفسانەکان: هەر دەقێک ئەفسانە بێ، مەرجە بە دوو نیوە ڕستەی کورت دەست پێ بکات، ئەوانیش ڕستەی: هەبوو نەبووە، ئەوەش دەربڕی ناوەڕۆک و پێناسەی کورتی ئەفسانەکەیە. چۆن هەموو ئەفسانەیەک ڕیشەیەکی مێژوویی و جوگرافی و کۆمەڵایەتی و بەرچاو و واقیعی هەیە، کە لێکۆڵەر دەتوانێ بە لێکۆڵێنەوەی ورد و زانستی بچیتەوەسەر ئەو واقیعە. ئەم لایەنەش دەچێتە ژێر دەربڕینی هەبوو، واتە ئەم بەشە مێژوویی و واقیعییە و بەرچاوە لە زەمەن و جوگرافیا و نێو کۆمەڵگەیەکی دیار و واقیعییە و ڕووی داوە و هەیە. بەشەکەی تری ئەفسانە ئەو بەشەیە کە خەیاڵ دروستی دەکات و تێکەڵ بە دەقەکەی دەکات، کە ئەم بەشە لە واقیعدا نییە! بۆی دەچێتە ژێر سێبەری نەبوو! کەواتە ئەفسانە لە واقیع و خەیاڵ لە هەبوو و نەبوو پێک دێت، هەر بۆیە سەرەتای هەموو ئەفسانەیەک هەبوو نەبوویە و هەر دەبێ ئەوها بێت و ئەم هەبوو نەبووە تایبەتە بە دەقی ئەفسانەیی، کە جیایە لە هەقایەت، کە شێوەی سەرەتا و دەستپێکردنی هەقایەت جیایە لەگەڵ ئەفسانە. بۆ نموونە، حەقایەت ئاوا دەست پێدەکات: دەگێڕنەوە، ساڵەک لە ساڵان، پاشایەک دەبێت، شارێک هەبوو، ڕۆژێ لە ڕۆژان. ئەم جۆرە سەرەتایە تایبەتە بە هەقایەت؛ ناشبێ ئەفسانە بە دەگێڕنەوە، پاشایەک هەبوو، دەست پێ بکات. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوە ئەفسانەبێژ و هەقایەتخوان هەڵەیان کردووە. ئەمەش دەری دەخات حەقایەت لە ئەفسانە نوێترە و ئەفسانە زۆر لە هەقایەت کۆنترە! هەر بۆیە ئەم نەبووە بەشە ئەفسانەییەکە دەگڕێتەوە. هەر ئەمەشە وای کردووە ئەفسانەی هەموو میللەتان، بەم هەبوو نەبووە دەگێڕدرێنەوە، بەڵام ئەوەی سەرنجم داوە، ئەفسانەی فارسی و کوردی زۆر جار دوای ئەم هەبوو نەبووە، دەربڕینی ئەخلاقی و ئایینیی بۆ زیاد دەکەن. بۆ نموونە، لە ئەفسانەی خدری زیندە، هەقایەتی سێ دەرمانی کوردی کۆکردنەوەی عەزیز گەردی، ئەفسانەکە ئاوا دەست پێ دەکات: هەبوو نەبوو کەس لە خودا گەورەتر نەبوو، کەس لە بەندە درۆزنتر نەبوو، کەس لە قەل ڕووڕەشتر نەبوو، کەس لە ڕێوی فێڵبازتر نەبوو، پاشایەک هەبوو سێ دەرمان، ل. ٢٠. لە ئەفسانەی ئێرانیش زۆر جار لە پاش هەبوو نەبوو، ناوی خودا و پێغەمبەر و ئایین و ئایینزا و ئیمامەکان دەهێنن و هێمای ئایینزای شیعە دەردەکەوێ.
کۆتایی ئەفسانەکان: کۆتایی ئەفسانەکانی کوردی بە زۆری کۆتایی شادیهێنەرە. بۆیە ئەفسانەبێژ لە کۆتاییدا دەڵێ: ئەوان بە یەک گەیشتن و بۆ خۆیان بە شادی ژیانیان بردەسەر! چونکە زۆربەی هەرە زۆری ئەفسانەکان سەرەتا بە مەرج دەست پێ دەکات و هەوڵدانە بۆ بەدستهێنانی شتێکی دیاری کراو، لە کۆتاییدا پاڵەوان بە ئەنجام دەگات. بەڵام، هەقایەتبێژ لە کۆتایی هەقایەتی گیانداران کە تایبەتە بە منداڵان دەڵێ: چەپکێک گوڵ و چەپکێک نێرگ؛ مەرگتان نەبینم هەرگیزاو هەرگیز، یان دەڵێ: ئەمنیش هاتمەوە و هیچیان نەدامێ! یان دەڵێ: کراشم دڕاو چیم پێ نەبڕا!
وەرگێڕان و بە کوردیکردنی ئەفسانەکان: وەک دەردەکەوێ، عەزیز گەردی بە منداڵی زۆری هەقایەت و ئەفسانەی کوردی بیستووە و لەززەتی لێ بینیوە، کە ئەفسانەی گەلانیشی خوێندووتەوە، بینیویەتی کتومت وەک هی خۆمانن، دیارە جگە لە ناوەڕۆکی ئەفسانەکان، کە هاتووە ئەفسانەکان وەربگێڕێ، بە پێی ئاو و هەوای ئەفسانە کوردییەکان وەری گێڕاون و کردوونییەتی بە کوردی، کوردییەک کە خوێندەواری کورد ئەفسانە وەرگەڕاوەکانی ئەو میللەتە جیاجیایانە دەخوێنێتەوە وا هەست دەکات کە هەر بە ڕاستی ئەفسانەی کوردی دەخوێنێتەوە! ئەم جۆرە وەرگێڕانەش بووە هۆی ئەوەی کە خوێندەواری زۆر بۆ خۆی پەیدا بکات. تەنانەت ئەو بەڕێزانەش کە سەرەتا گلەییان لەو دەکرد کە بۆچی ئەفسانە دەکاتە کوردی و خۆی لە قەرەی ڕەخنە و فەلسەفە و کاری مەزنتر نادا. دواجار ئەوانیش دەستیان بە خوێندنەوەی ئەفسانە بیانییەکان کرد، ئەو ئەفسانانەی عەزیز گەردی کردوونی بە کوردی.
ئێستا واچاکە چەند پەڕەگرافێکی جیاجیا لەو ئەفسانانە وەربگرێن کە مامۆستا لە زمانی جیاجیاوە کردوونی بە کوردی. بەهۆی زۆری ئەفسانە وەرگێڕدراوەکان، ناتوانین نموونە لە وەرگێڕانی هەموو ئەو میللەتانەوە وەربگرین، تەنیا لە هەر زمانێک نموونەیەک دەخەینە بەرچاو.
سەرەتا لە ئەفسانەی ئەڵمان: کە مامۆستا لە فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی، چۆن زۆرترین وەرگێڕانەکانی لە فارسییەوەیە! ناوی ئەفسانە، “ورچ و جنۆکەی ئاوی”. هەبوو نەبوو، لە زەمانی ڕابردوو، ئاشێک لە نزیک گوندێکی بچووک و لەسەر ڕووبارێک هەبوو، ئاشەوانێک بە خۆ و بە ژنەوە ، لەو ئاشەدا دەژیا، ئەو پیاوە پیاوێکی ڕووخۆش و میهرەبان بوو، لە ژیاندا بە بەشی خۆی ڕازی بوو، تەنیا یەک شت ئاسوودەیی لێ تێک دابوو، جنۆکەیەکی ئاوی لەو ڕووبارە هەبوو، کە بە تەک ئاشەکەدا لەم مەسەلەیە دەربچێ! ئینجا پاشا جاڕی دا، هەر کەس ئەو نهێنییە بزانێ و وێ بکەوێ ئەو کچانە شەو لە کوێ سەما دەکەن، دەستی لەسەر هەر کامێکیان دانا، پاشا ئەو کچەی دەداتێ! ل. ١١٦.
چیڕۆکی بەر ئاگردان، لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی. ناوی ئەفسانە، ئاوی حەیات. هەبوو نەبوو، پاشایەک هەبوو، تووشی نەخۆشییەکی زۆر گران ببوو، کەس بڕوای نەدەکرد لەو نەخۆشییەی ڕاست ببیتەوە. ئەو پاشایە سێ کوڕی هەبوو زۆر بۆ باوکیان دڵ بەغەم بوون، ڕۆژێ چوونە ناو باخچەی کۆشک و دەستیان بە گریان کرد، چونکە وایان دەزانی باوکیان دەمرێ، پیرەمێردێک هاتە لایان و لێی پرسین بۆ وا غەمبارن و ئەو گریانەتان لە چییە؟ گوتیان: باوکمان لە گیانە لا دایە و بە هیچ شتێ چاک نابێتەوە. پیرەمێرد گوتی: ئەمن دەزانم یەک دەرمان هەیە باوکتان پێی چاک دەبێتەوە ئەویش ئاوی حەیاتە، ئەگەر باوکتان ئەو ئاوە بخواتەوە بەڵای لێ نامینێ، بەڵام پەیداکردنی ئەو ئاوە زۆر دژوارە. کوڕی گەورە گوتی: ئەمن دەیدۆزمەوە، ل. ٨٣.
ئەفسانەی ئەفریقی، لە عەرەبیەوە کراوە بە کوردی. ناوی ئەفسانە: ئەو ژنەی ویستی چارەنووسی خۆی بگۆڕی. هەبوو نەبوو، دارئیرکۆیەکی کەتە و پان و پۆڕ هەبوو، ژن و مێردێک لە هەردوو لای زەوییەکە پەیدا بوون، لیففەی قەنناب بە سەر زەوی وەر ببوو، ژنەکە دەی ماڵی و کابرا لە ناو تەلیسی دەکرد، ئەو ژن و پیاوە لە کوێ هاتبوون، چوونەوە ئەوێ و بزر بوون. مایەوە زەوییەکی پاک و خاوێن و چۆڵ و بەتاڵ، ئاسمان تاریک داهات، مێزێکی گەورە و کورسییەکی گەورە و بەردێکی گەورەی گرواندن هاتنە خوارەوە، مێزەکە پارچە زەوییەکی گەورەی لەسەر بوو، بروسکەی هاویشت و چەخماغەی دا، دایکە ئۆیەنگی دابەزییە خوارێ، لەسەر کورسییەکە دانیشت و پێی لەسەر بەردی گرواندن دانا، دەستی پێکرد مرۆڤی لە پارچە زەوییەکە دروست کرد، یەک یەک دروستی دەکردن و دەیگرتنە باوەش و هەناسەی خۆی پێدەدان و ژیانیان دەچووە بەر، هەندێ ویستیان ببن بە نێرینە و هەندێ ویستیان ببن بە مێیینە، ل. ٢١٩.
هەقایەتی کوردی: هەڵبژاردن و وەرگێڕانی بۆ فەڕەنسی جۆیس بلۆ، لە فەڕەنسییەوە کراوە بە کوردی، هەقایەتی کوردی. ناوی ئەفسانە: هاتنەوە لە دۆزەخ. هەبوو نەبوو، کوردێکی هەژار هەبوو، ملی ڕێی گرت، چووە دیاربەکر، یەکەم جار بوو دەچووە شار، لەوێ، لە سبەینێ هەتا ئێوارێ گەڕا، لە داوێنی گردێکدا، گەیشتە بەردەم کۆشکێکی گەورە و باسەفا. کچێکی پارچەڵە لە کۆشکەکە هاتە دەرەوە، پێی گوت: فەقیر ئەوە لێرە چ دەکەی ؟ لە کوێ هاتووی؟ لە دۆزەخەوە هاتووم!! تۆ لە دۆزەخەوە هاتووی ؟!!! کابرا وەڵامی دایەوە، بەڵێ بەڵی لە دۆزەخەوە هاتووم!! کچە پاچەڵەکە چووە سەرەوە بۆ لای خانمەکەی و پێی گوت: خانمەکەم کابرایەک لەبەر دەرگایە، دەڵێ لە دۆزەخەوە هاتووم!! خانمەکە گوتی: بانگی ئێرەی کە! هەقایەتی کوردی، ل ٥٩.
ئەم وەرگرتنانە تەنیا لەو چوار زمانە وەرگیراوە کە ئەفسانەکانی لێ کراوە بە کوردی، نەک لە ئەفسانەی ئەو ٤٥ میللەتەی کە ئەفسانەکانیان کراون بە کوردی.
ئەگەر سەرنج بدەن، بە زمانی کوردی و زمانی کولتووری ئەفسانە کوردییەکان، ئەفسانەکان کراون بە کوردی، ئەمەش وای کردووە، خوێندەواری کورد لەززەتیان لێ ببێنێ و بیان خوێنێتەوە.
ئەنجام
عەزیز گەردی لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، بەرازەوان و چیڕۆکی بەر ئاگردانی لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی، بەمەش پێی گوتین ئەفسانە ئەمەیە و سەدان ساڵە لە بەرئاگردانی کوردەواری ئەم هەقایەت و ئەفسانانە دەگێڕدرێنەوە. ئەو سەرەتا ڕەخنەی زۆری لێگیرا بە هۆی ئەوەی، هەندێ کەس پێیان وابوو ئەفسانە هی ئەوە نییە وەرگێڕانی بۆ بکرێ، شتی لەوە باشتر و پێویستتر هەیە. بەڵام، عەزیز گەردی بە بەردەوام بوون لە وەرگێڕانی ئەفسانەی میللەتان دەری خست کە ئەفسانە چاوگی هەموو زانستەکانە و دواجار ئەم ڕایە بوو بە ڕای گشتی.
بە وەرگێڕانە زوو و زۆر و جوانەکانی، کە لە زمانە جیاجیاکان و لە ئەفسانەی میللەتە جیاجیاکان کردبوونی، دەرگای ئەدەب بەگشتی و ئەفسانە بەتایبەتی لە نێوان کورد و ئەو میللەتانەی کردەوە و پەیوەندییەکی پتەوی کولتووری دروست کرد. بەمەش دەری خست ئەفسانەی میللەتی کورد و هەموو ئەم میللەتانە هەتا ڕادەیەکی زۆر وەکیەکن و ئەفسانەکانی هەموو میللەتان لە بنەڕەتدا یەک سەرچاوەیان هەیە. مامۆستا وای کرد کۆکەرەوانی ئەفسانەی کوردی چالاکترو زۆرتر بن لە نێوەندی کۆکردنەوەی ئەفسانەدا و نووسەران گرنگی زیاتر بە ئەفسانە بدەن.
عەزیز گەردی ئەفسانەی ٤٥ میللەتی زیاتر بە چوار زمانی جیا (ئینگلیزی، فەڕەنسی، فارسی و عەرەبی) کردووە بەکوردی. ئەو یەکەمین وەرگێڕی کوردە، زۆرترین ئەفسانەی میللەتانی کردووە بە کوردی، زۆرترین ئەفسانەشی وەرگێڕاوە، لە نێو هەموو وەرگێڕانی جیهاندا، لانیکەم تا ئەو ڕادەی من ئاگادار بم. جگە لەوەی لە وەرگێڕانەکانی دا، زۆربەی جار ئەفسانەی بەکار هێناوە، بەڵام چەند جارێکیش حیکایەت، هەقایەت، حەکایەتی بەکار هێناوە، هەر بە مەبەستی ئەفسانە!
تێبینی
مامۆستا عەزیز گەردی وەک خۆی نووسیویەتی، جگە لە تۆمارکردنی زیاتر لە ٧٠ شریتی هەقایەت و ئەفسانەی کوردی کە کۆی کردووتەوە، تەنیا سێ دەرمانی لێ چاپکراوە! هیوادارم ئەوانی تریش چاپ بکرێن.
زۆر بەداخەوە من هەرچی هەوڵم دا تەواوی کتێبە چاپکراوەکانی عەزیز گەردی-م بەدەست نەکەوت و لە نێویشیاندا هەموو کتێبە ئەفسانەییەکانی، لە کاتێکدا سوپاسی مامۆستا قەهار گەردی و کاک چەپەری برازای دەکەم لە پەیدا کردنی کتێبە ئەفسانەییەکان یارمەتیان دام.
سەرچاوەکان
١. مزوار الادریسی، بڕوانە: https://shorturl.at/D4JQo
٢. محمد عبدالله الصديقي، الترجمة و دورها فی تقریب الثقافات
٣. ئانا باسیس، زەینەفۆن، گەڕانەوەی دە هەزار یۆنانی.
٤. ئەفسانەی لوڕی و بەختیارو شوستەری، هەموویان ئەفسانە نین، هەقایەتی ئاسایی و نوکتەو حیکمەتئامێزو ئامۆژگاری تێدایە!هەموو ئەفسانەیەک سەرەتا بە هەبوو .. نەبوو دەست پێدەکات و کۆتایی ئەفسانەکان نزای خێرو مەزهەبین.
٥. ئەفسانەی لوڕی: ساروورو بالوول – باڵندەی جادوویین، سرەتا هەبوو .. نەبوو کۆتای: ئەوان بە ختیان هەبوو ، خوا بکا ئێوەش بەختتان هەرباش بێت.
٦. ئەفسانەی هێندی: ئامادەکردن و وەرگێڕانی عەزیز گەردی، نە نووسراوە لە چ زمانێک وەرگێڕدراوە! سەرەتا، هەبوو نەبوو.
٧. هەقایەتی بەغدایی: لە عەرەبیەوە وەریگێڕاوە، خۆی ناوی بۆ حەکایەتەکان داناوە.
٨. ئەفسانەی ئەستەنبۆلی: پێشکەش بەوانە نا کە لە ئەفسانە ناگەن و نرخی نازان! بەوانەی شەیدای ئەفسانەن و نرخی دەزان. نە نووسراوە ئەم پێشکەش کردنە هی کێیە؟ هەرچەندە لەوەدەچی هی خۆی بێت.
٩. ئەفسانەی ئەرمەنی: چارلزد وینگ، وەرگێڕان لە فارسییەوە. سەرەتا هەبوو ..نەبوو ، ئەمەش حەکایەتی ئێمەیە!
١٠. ئەفسانەی ژاپۆنی: لە فارسیەوە ٢٠١٢ نووسەر فیلیسیان شال.