سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بێخەمی حکومەت و لێکترازانی زمانی کوردی

لە ماوەی ٣٤ ساڵی ڕابردوودا، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمی کوردستان، هێندەی خەمی پەیداکردنی پارە و دۆزینەوەی ڕێگای بازرگانی و هەناردەکردنی کەرەستەی خاو و سامانی سروشتی کوردستان بوون، هێندە خەمی پرسە نەتەوەییەکان و بەرنامەی نەتەوەیی و چۆنیەتی جێبەجێکردنی ستراتیجێکی نەتەوەیی قووڵ نەبوون. حکومەتەکانی هەرێم هێندەی چاویان لە خاڵە گومرگییەکان و پێکگەیشتنی دوڕیانەکانی هێڵی بازرگانی و یەکخستنی  باج و سەرانە  بوون، هێندە چاویان لە خاڵی هاوبەشی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و لێکچوونی کلتوری و لێکنزیکردنەوەی شێوەزارەکان و یەکخستنی کۆمەڵگا نەبوون. بێجگە لەمانە،  نەک هەر بیریان لە کاری باش لە بواری زمانی کوردی-دا نەکردووەتەوە، بەپێچەوانەوە  لە کاری خراپ و دوورخستنەوە و کەرتکردنی زماندا ئەگەر لە داگیرکەرانیان ڕەت نەدابێ، کەمتریان بە کورد و زمان و کلتوری ڕەسەنی  کوردەواری نەکردووە.

هیچ کەسێک گومانی لەوە نییە، زمان پایە و کۆڵەگەیەکی سەرەکی هەر نەتەوەیەکە، ناسنامە و خەسڵەتی سەرەکی جیاکردنەوەی نەتەوەکان زمانە، بۆیە هەموو ئەو نەتەوانەی کاتێک لە دەستی داگیرکەر ڕزگاریان دەبێ یان جۆرێک لە ئازادی و مافی نەتەوەییان بۆ فەراهەم دەبێ، یەکەم هەنگاو هەوڵی زیندوکردنەوە و بوژاندنەوە و گەشەپێدانی زمانیان دەدەن.

جەزائیرییەکان کاتێک لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، لە ڕێگای شۆڕشێکی درێژخایەنی خاوەن یەک ملیۆن شەهیدەوە، لە دەستی فەرەنسییەکان ڕزگاریان بوو، هەڵمەتێکی فراوانی بەعەرەبیکردنەوەی پەروەردە و فێرکردن و گێڕانەوەی زمانی نەتەوەییان دا. بە سەدان مامۆستای زمانی عەرەبییان لە وڵاتانی دیکەوە برد بۆ جەزائیر بۆ زیندووکردنەوەی زمان و کلتوری عەرەبی لە وڵاتەکەیاندا .

لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکوو بەریتانیا، ویڵزییەکان، دوای سەدان ساڵ لە سەپاندنی زمانی ئینگلیزی بەسەریاندا، لە بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە، بزووتنەوەیەکی ژیانەوەی زمانی نەتەوەیی وێڵزییان دەست پێ کرد، تا لە ١٩٦٩،  پاشا تشارڵزی سێیەمیان ناچار کرد خۆی فێرە زمانی ویڵزی بکات. لەم سەردەمە و لەم قۆناغەی زاڵبوونی زمانی ئینگلیزی-دا لەسەر ئاستی جیهان، کەچی  لە کاردیف و هەرێمی وێڵز بەکارهێنانەوە و گرنگیدان بە زمانی وێلزیی لە هەموو بوارەکاندا لە ئاستێکی فراواندایە.

ئەندونیسییەکان لە ١٩٤٥ـەوە، دوای ڕزگاربوونیان لە دەستی داگیرکەری هۆڵەندی، یەکەم کاریان بە فەرمیکردنی زمانی بەهاسا-ئەندونیسی و پاکردنەوە و کردنی بە زمانی پەروەردە و فێرکردن بوو. ئیدی لە ٢٠٢٣ زمانی بەهاسا-ئەندونیسی بووە زمانی فەرمی کۆنگرەی گشتی یۆنیسکۆ، کە ئەمەش شانازیەکی گەورەیە بۆ گەلی ئەندونیسیا.

دوای نزیکەی ٢٠٠ ساڵ لە هەڵوەشاندنەوەی یەک لە دوای یەکی میرنشینە کوردییەکان،  نەتەوەی کورد هەڕەشەی تواندنەوە و لەناوبردنی لەسەرە، بە تایبەتی لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، دوای  ڕێکەوتنی سایکس بیکۆ و کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەم و دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەی تورک و لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراق-ەوە. لەوکاتەوە، دەسەڵاتدارە شۆڤینییەکانی تورک و عەرەب و فارس لە ڕێگای قەدەغەکردنی زمانی کوردی و بە زۆر سەپاندنی زمانی تورکی و فارسی و عەرەبییەوە ویستویانە کورد لە ناوبەرن. ئەوان زانیویانە زمان دڵی نەتەوەیە، بۆیە یەکەم تیریان بۆ کوشتنی هەستی نەتەوەیی لای کورد، ئاراستەی زمانی کوردی کردووە. بە لەکارخستنی زمان، یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکی و بنچینەییەکانی نەتەوە لەناو دەچێت.

لە ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ـەوە کورد لە بەشێکی بچووکی نیشتیمانەکەیدا، جۆریک لە ئازادی هەیە، بەو مانایەی دەتوانێت بە پێی توانای ئابووری پەرە بە سامانی نەتەوەیی خۆی بدات، بەرنامەی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی داڕێژێت و گوندەکانی ئاوەدان بکاتەوە، دەتوانێت کلتوری کوردەواری خۆی ببوژێنێتەوە و قوتابخانە و زانکۆ و ناوەندی توێژینەوەی زانستی بنیاد بنێت. هیچ هێزێک ڕێگر نییە زمانی کوردی بکاتە زمانی فەرمی قوتابخانەکان و لیژنەی زمان لە پسپۆڕانی زمان و خاوەن ئەزموون و شارەزایان دروست بکات؛ کار بۆ یەکخستن و دەوڵەمەندکردن و پەرەپێدانی زمانی کوردی بکات، بە لایەنی کەمەوە زمانی فەرمی و نووسراوی فەرمانگەکان و کتێبی قوتابخانەکان بە زمانێکی یەکگرتوو چاپ بکات؛ بە بەرنامە دەستکاری مانای وشەکان و چەسپاندنی ماناکانیان بکات لە زەینی نەوەی نوێدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم سنوورە دیاریکراوەدا توانای داڕشتنەوەی فۆرمەکانی نەتەوەسازی و نیشتیمانسازی هەیە و هیچ هێزێک ناتوانێت ڕێگری بکات لەوەی منداڵانی کوردستان، نەوەی ئایندە، بە زمانی کوردی بخوێنن و بە بیری نەتەوەیی و کوردستانیی پەروەردە بکرێن.  

بە داخەوە، تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوە و سنوورە دیاریکراوەی ئازادی هەبووە، دەستی بۆ هیچ بەرنامەیەکی یەکخستنی زمان و پەرەپێدانی چەمک و زاراوەکان و گەشەکردنێکی تەندروستی زمانی کوردی نەبردووە. کۆنفراسێکی زمانەوانی بۆ ئاراستەکردنی زمانی کوردی و پرسی زمان و ئایندەی شێوەزارەکان و یەکخستنی ڕاگەیاندن و فەرهەنگی زمانی فەرمی و نووسینی تابلۆکان و پەروەردە و فێرکردن نەکراوە.

لە کاتێکدا، بە پێی دەستووری عێراق، نەک هەر لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە سەراتاسەری عێراق-دا، زمانی کوردی زمانێکی فەرمییە، دەکرێ سەرۆکوەزیران و هەندێک لە وەزارەتەکان ناچار بکرێن و بکرێتە مەرج ئەگەر زمانی کوردی نەزانن ئەو پۆستەیان پێ نەدرێت. بە داخەوە، لە جیاتی کاری باش، پرسی زمان دراوەتە دەست ڕۆژگار و بێ خاوەنی پێوە دیارە و کەس گرنگی پێ نادات، لەم قۆناغەدا دیاردەی تێکدان و پاشەکشە و بەرەو لێکترازانی  زمانی کوردی لە بازاڕدا، لە ناوەندەکانی خوێندن و دەزگا فەرمییەکانی پەروەردەدا بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت.

لە دەیان زمانزان و پسپۆڕ و شارەزای زمانی کوردی-م بیستووە، دەڵێن زمانی کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە، شێوەزارەکان سەرچاوەیەکی گرنگی دەوڵەمەندی زمانی کوردین، سامانێکی نەتەوەیی گرنگن ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و وەکوو خاڵی بەهێز و پایە و کۆڵەگەی زاراوەسازی بەکار بێن.

ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە چی بکات؟ چۆن دەکرێ سوود لە دەوڵەمەندی زمانی کوردی وەربگیرێت و فرەیی شێوەزارەکان خێروبەرەکەتی زمانەوانی و نەتەوەیی بن نەک هەڕەشە؟

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەکادیمیای کوردی ڕاسپێرێت، لیژنەیەکی  زمانەوانی لە کۆمەڵێک پسپۆڕ و شارەزا و دڵسۆز و چالاک و ماندوونەناسی نەتەوەیی دروست بکات، کار لەسەر هاوواتاکانی شێوەزارەکان بکەن، بۆ نمونە:

ئێمە لە زمانی کوردی-دا لە کایەی خزمایەتیدا وشەگەلی وەکوو “پور”، “پلک”، “میمک”، “مەتک”مان هەیە، زۆر بە پەرشوبڵاوی بەکاریان دێنین، وەکوو ئەوەی زمانی کوردی زۆر هەژار بێت، لە هەر شێوەزارێکدا بۆ خۆیان بە جیا بە خوشکی دایک و بە خوشکی باوک و بە زڕخوشکی دایک و بە زڕخوشکی باوک هەر دەڵێن میمک یان هەر دەڵین پلک یان هەر دەڵین پور، ئێ بۆچی؟ ئێ چیی دەبێ ئەگەر لە فەرهەنگێکی زمانی کوردیدا “پور خوشکی باوک بێ”، پلک خوشکی دایک بێ”، “میمک زڕ خوشکی دایک بێ”، “مەتک زڕ خوشکی باوک بێ”!

لە زمانی فەرمی و پەروەردەییدا بەو جۆرەی بنووسین و منداڵانمان لە سەرەتاییەوە فێر بکەین، بنووسین ئەگەرچی  لە زمانی بازاڕ و میللیدا خەڵکی ئەو جیاوازیانە ناکەن، بەڵام  لە ڕاستیدا پور خوشکی باوکە، پلک خوشکی دایکە، هتد،  بە دڵنیایی وردە وردە دەبێتە زمانی نەوەی ئایندە و خەڵکی پێیان شەرم دەبێت بە هەڵە بەکاریان بێنن

نموونەیەکی دیکە، لە فەرهەنگی زمانی نەتەوەییدا بنووسین، باژێڕ یەکەیەکی نیشتەجێبوونی گەورەیە، وەکو باژێڕی هەولێر و باژێڕی سلێمانی و باژێڕی کەرکووک و باژێڕی دهۆک، کە ناوەندی پارێزگان، هەڵەبجە دەبێتە باژێر. شار یەکەیەکی نیشتەجێبوونی مامناوەندە، ناوەندی قەزایە و دەبێ چەند شارۆچکەیەک سەر بەو بن، وەکوو شاری ئاکرێ، شاری کۆیە،  شاری ڕانیە، شاری چەمچەماڵ، هتد. شارۆچکە، یەکەیەکی نیشتەجێبوونی بچووکە، دامودەزگای فەرمی بەڕێوەبردن و شارەوانی تێدا بێت، خاڵی کۆکەرەوەی چەند گوندێک بێت وەکوو شارۆچکەی پردێ، شارۆچکەی شەمامک، شارۆچکەی ئاشتی، هتد.

بەرز بۆ پێوانەی چیا و گردۆڵکە و  باڵەخانە و خانووبەرە و ڕەشەوڵاخ بێت.  بڵند بۆ پێوانەکردنی ئاستی خوێندەواری و زانستی و بەژن و باڵا و خەسڵەت و تایبەتمەندیەکانی مرۆڤ بێت. باڵا چەمکێکی کۆمەڵایەتی بێت، بۆ پێوانەکردنی شوێن و پلە و پایە و پێگەی تاکەکان بەکار بێت.

لە بواری خوێندنیشدا، بۆ نموونە،  فێرخواز بۆ قۆناغی سەرەتایی و خوێندکار بۆ قۆناغی ئامادەیی و قوتابی بۆ قۆناغی زانکۆیی  بەکار بێت؛ ئافرەت مێینە بێ و ژن هاوسەردار و کچ سەڵت بێ.

پسپۆڕانی زمان دەتوانن دەیان نموونەی لەو جۆرە بێننەوە، ئەگەر کاریان لەسەر بکرێت، لە ماوەیەکی مێژوویی کورتخایەندا شوێنی خۆیان لە زەینی نەوەی ئایندەدا دەگرن و سیمای  دەوڵەمەندیی زمانی نەتەوەییمان بەدەردەخات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO