سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

مەرگی زمان لەسەر دەستی خۆمان

لەڕاستیدا  ئەو کۆمەڵە مرۆڤانەی کە لەئێستادا لەسەر گۆی زەوی ناویان هەیەو بە نەتەوە دەناسرێن، هەڵکەوتەو پەیدابوونی هەریەکەیان بەڕێڕەوەکدا ڕۆیشتووە ئینجا بۆ هەر نەتەوەیەک ناسنامەیەک دروستبووە. دروستبوونی ناسنامەکانیش لەسەر سێ کۆڵەگە بنیاتنراوە؛ کۆڵەگەی یەکەم، بەگەڕانەوەیە بۆ ڕەچەڵەک و مێژووی ئەو نەتەوەیە، کە ئایا بەشۆڕبوونەوە بۆ ڕابردووی دوور بنەچەیەکی تایبەت و سەلمێنراویان هەیە، کە لە هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەچێت. کۆڵەگەی دووەم، بەهەبوونی خاک و نیشتیمانە، کە ئایا ئەم نەتەوەیە بەردەوام لەسەر پارچە زەوییەکی تایبەت بەخۆی ژیاوە و پارێزگاری لێکردووە. کۆڵەگەی سێیەم، بەهەبوونی  کولتوور و مانەوەی ئەو زمانەیە کە قسەی پێ دەکات، کە ئایا ئەم نەتەوەیە بەزمانەکی سەربەخۆ دەئاخڤێت و بەکولتووری تایبەت بەخۆی دەناسرێت.  لەمەشدا ئێمەی کورد وەک نەتەوەیەکی هەبوو، خاوەن ناسنامەی تایبەت بەخۆمانین، چونکە هەر سێ کۆڵەگەمان هەیە، ڕەچەڵەکمان بۆ هیندوئەوڕوپییەکان دەگەڕێتەوە، هەر لەسەردەمی مادەکانیشەوە بە مێژووەکی تایبەت دەناسرێینەوە، بەردەوام خاکەکەمان بەکوردنشینی ئاوەدانکراوەتەوەو نیشتیمانمان بە کوردستان دەناسرێتەوە، کولتوور و زمانەکمان هەیە کە لە نەتەوەکانی چوار دەور جیامان دەکاتەوە.

بەڵام لەبەر ئەوەی بەدرێژایی مێژوو دەسەڵاتەکی سەرتاسەری و یەکگرتوومان نەبووە، تا بەخۆمان مێژووی خۆمان بنووسینەوە، بۆیە نەمانتوانیوە بەپێی پێویست پارێزگاری لە کۆڵەگە نەتەوەییەکانمان بکەین، لەئەنجامی ئەمەشدا سەرچاوەی ڕەچەڵەکمان لێڵکراوە! مێژووی ڕابوردوومان شێوێنراوە! بەردەوام خاکەکەمان داگیرکراوە! دابەشکراوە و بەناوی داگیرکەرانەوە ناسراوە! هەر بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتەوە نەمانتوانیوە خاوەنداری لەو کولتوورەش بکەین کە هەمانە! بۆیە هەر داگیرکەرەک وەک خەرمانی بێ خاوەن بەشەکی بەناوی خۆیەوە کردووە. ئەوەی ئێمەی هێشتۆتەوە ئەوەیە کە نەیانتوانیوە ناسنامەی زمانمان لێ بسەننەوە ئەگەرچی هەر لەسەرەتاوە، لەدوای دروستکردنی دەوڵەتە نەتەوەییەکانەوە هەوڵی تواندنەوەیان داوە، نەتوانینی ئەم کارەش بەهۆی پتەوی زمانەکەمان بووە لەڕووی ڕێزمان و دەوڵەمەندی وشەوە. لەهەمانکاتدا بەهۆی چەند هۆکارەکی تری پەیوەست بەهەڵکەوتە و جوگرافیای خاکەکەمانەوە بووە.

لەگەڵ ئەمەشدا، بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتەکی گشتگیر و لێزان و سەقامگیرەوە، ژینگەیەکی لەبار و ڕێڕەوەکی ڕاست بۆ زمانەکەمان نەڕەخساوە، کە خزمەتکردن و چارەکردنی گرفتەکانی تێدا بەشێوەیەکی تەندروست کرابێت، ئەمەش وایکرد خزمەتکردنی لەڕێی خەمخۆرە تاکە کەسییە لێک دابڕاوەکان و مانەوەی بەهۆێ ئاخێوەرە دوورەدەستەکانەوە بێت نەوەکوو لەڕێێ کۆمەڵە خەڵکەکی ڕێکخراو و دامودەزگایەکی پاڵپشتیکراوی بەدەسەڵات، کە بتوانێت گرفتەکانی بەلایەکدا ساغ بکاتەوە و بڕیارەکانی خۆی لە بوارەکانی فەرمانڕەوایەتی و پڕۆسەی خوێندن و فێرکردندا بسەپێنێت.

ئەو بارودۆخە تایبەتەی کە لە کوردستانی باشوور-یشدا هەڵکەوتووە، کە لە پێش ڕاپەڕین لەڕێی دەزگای کۆڕی زانیاری کورد خزمەتی زمانی کوردی تێدا دەکرا، بەڵام هەر بەهۆێ نەبوونی پاڵپشتی دەسەڵاتەکی دڵسۆزی خۆماڵییەوە ئەو دەزگایە نەیتوانی بەردەوام بێت لەخزمەتکردن تا وەک بەشەک لە کۆڕی زانیاری عێراق بچووککرایەوە. لەدوای ڕاپەڕینیش کە ئەکادیمیای کوردی دامەزرا، بەداخەوە ئەم دەزگایەش  لەئەنجامی چەند هۆکارەکی خودی وەک خەمساردی خۆمان و دانانی کەسی نەشیا و لە شوێنی شیاو و پاڵپشتی نەکردنی هەوڵە دڵسۆزەکان لەڕێی دەسەڵاتەوە لەگەڵ ئەو ڕێڕەوە ئاڵۆز و پڕگرێیەی کە زمانەکەمانی پێدا تێپەڕیوە، ئەمیش نەیتوانی لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتییەدا بێت کە زمانی کوردی پێویستی پێی هەبوو .

لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە کوردستانی  باشوور-دا، ئەگەر  ویستەکی دڵسۆزانە و پاڵپشتییەکی لێزانانە هەبوایە، دەتوانرا زۆر کاری باشتر و زیاتر بۆ خزمەتکردنی زمانی کوردی بکرێت، چونکە هەموو پێداویستییە ماددی و مەعنەوییەکانمان لەبەردەستدابوو. دەبوایە هەر لەسەرەتاوە فەرهەنگەکی گشتی لە وشەی هەموو شێوەزارەکان بۆ زمانی کوردی دروست بکرێت تاوەکوو توێژینەوە لە زمانەکە بۆ توێژەران ئاسانتر بێت؛ دەبوایە زۆربەی سەرچاوەکان بۆ خوێندکارانی زانکۆ وەربگێڕدرێت تاوەکوو خوێندکاری کورد ناچار بەسەرچاوەی زمانی بێگانە نەبێت و بەزمانی خۆێ گۆش ببێت؛ دەبوایە کە خوێندکاری کورد زانکۆی تەواو دەکرد، هەلی کاری بە زمانی خۆی دەست بکەوێت نەوەکوو بەزمانی دیکە تاوەکوو زمانی تر لەجیاتی زمانی دایکی بەکار نەهێنێت. بەداخەوە لەجیاتی ئەوەی ئەو بەرنامانە جێبەجێ بکرێن، هەر لەسەرەتاوە بیر لەوە کرایەوە زمانی کوردی بێ بایەخ بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین فێرگە بەزمانی بیانی دانرا،  ئەمەش وایکرد فێرخوازی کورد گرنگی و بایەخی بۆ زمانەکەی خۆی نەمێنێت! لەجیاتی ئەوەی خزمەتی زمانی خۆی بکات بەزمانی ترەوە گۆش ببێت! زمانی بیانی لە زمانی خۆی بەشایستەتر بزانێت! زمانی بیانی بەجێگرەوەی زمانی دایکی دابنێت! زمانی کوردی بەهاوتای زمانان نەزانێت! زمانی بیانی بە بەدەستهێنەری بژێوی ژیان و گوزەران دابنێت!

لەڕاستیدا، بڵاوکردنەوەی ئەم بیروبۆچوونانەش بە ئاراستەی پشت پەردە برەوی پێ دەدرێت تاوەکوو زمانی کوردی پشتگوێ بخرێت. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین پاساوی نابەجێ دەهێنرێتەوە کە دەڵێن پێویستە تاکی کورد زمانی تر فێرببێت، وەک ئەوەی کە کورد زمانی نەبێت، لەهەمان کاتدا  چەندین قسەی هەقیش بۆ ئەم مەرامە ناهەقە بەکار دەهێنن و خەڵکانی ساویلکەی پێ هەڵ دەخەڵەتێنن، کە دەڵێن زمانی کوردی هیچ ‌هەڕەشەیەکی لەسەر نییە، بۆیە وا پێویست دەکات فێرخوازی کورد ئازاد بێت چ زمانەک بەکار دەهێنێت و دەخوێنێت. لەمەشدا هەموو زمانەک ئەو هەقەی پێ دەدرێت کە هاوبڕکێی زمانی کوردی بکات لەکاتەکدا نە هیچ وڵاتەک، نە هیچ دەسەڵاتەک، نە هیچ گەل و کۆمەڵگایەک نییە لە دنیادا ئەگەر لە شوێنی گەلی کورددا بێت، کە بوونی خۆی لەمانەوەی زمانەکەیدا ببینێت، ئەوە قبووڵ بکات کە خۆی بەزمانەکەی خۆی دەکات و بەرامبەر بەزمانەکەی پەیڕەو دەکرێت.

لەمەشدا دەسەڵات تاوانبارە، چونکە ئەو دەتوانێت ئەو سیستەمە بگۆڕێت، لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا ئەو زەمینە بڕەخسێنێت کە بایەخ بۆ زمانی کوردی دروست ببێت، چونکە ئەم پڕۆسەیە بوارەکی فرەوانە. بۆیە زەمینەی خزمەتکردن لەهەردوو بواری پەروەردە و فێرکردندا دەڕەخسێت، کە کاریگەریی لەسەر ڕۆشنبیربوونی تاک و گۆڕانی کۆمەڵگادا دەبێت، لە پەروەردەکردندا، دەتوانرێت هەستی نەتەوەیی و خۆشەویستی نیشتیمان و پاراستنی کولتوور و بیروباوەڕی ئاینی لە دڵ و دەروونی تاکەکاندا بچێنرێت. بەڵام لە فێرکردندا، لە پلەی یەکەمدا خزمەتی زمان دەکرێت، چونکە زمان تەوەری هەموو بابەتەکانە و خوێندن و نووسینی پێ دەکرێت ئینجا لەگەڵیدا ئامانج و مەبەستی تری پێ ئەنجام دەدرێت.

بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت گۆڕانکارى لە بابەتەکانی خوێندن و لە پەیڕەوکردنی ئەو سیستەمەدا بکرێت، کە لە ئێستادا جێبەجێ دەکرێت، چونکە ئەوەی هەیە بۆ نەتەوەیەک، بۆ وڵاتەک، بۆ کۆمەڵگایەک گونجاوە، کە ئازاد و سەربەخۆ بێت، چارەنووسی پارێزراو بێت، بۆ گەل و بۆ زمانەکە، کە هەڕەشەى تواندنەوەى لەسەر نەبێت، ئاستى ڕۆشنبیرى و خوێندەوارانى لە پلەیەکى بەرزدا بێت نەک بۆ گەلەکى ژێردەستەی وەکوو ئێمە، کە خاکەکەى دابەشکراو بێت، لە شەڕى مانەوە و خۆپاراستندا بێت، هەڕەشەى لەناوبردنی ناسنامە و  پلانى تواندنەوەی کولتوور و زمانی لەسەر بێت .

بەپێی ئەو دەرئەنجامانەی کە لەدوای ٣٣ ساڵ لەدوای ڕاپەڕین بۆ هەموو لایەک دەرکەوتووە، دەبینین زمانی کوردی ئەو بایەخەی پێ نەدراوە کە دەبوایە پێی بدرێت، بەڵکوو لەجیاتی ئەوەی گرنگی پێ بدرێت، بژێوی ڕۆژانە و ئابووری پێوە گرێ بدرێت، زمانی بیانی برەوی پێدراوە، بژێوی ژیان و بازاڕی کار بە زمانی ترەوە گرێدراوە، لەسیستەمی پەروەدە و خوێندندا زمانی کوردی وەک زمانی یەکەم مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە، کە لە هەموو حالەتەکاندا پێشبەندی هەبێت ئینجا زمانی دیکەی لەتەکدا بخوێنرێت. هەموو ئەمانەش لەو دەرئەنجامانەوە دەردەکەوێت کە لە ئێستادا فێرخوازی کوردی پێ دەبینرێت، کە زمانی خۆی فەرامۆش دەکات و لافی ئەوە لێ دەدات کە زمانی دیکە دەزانێت .

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO