سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

دیموکراسی تەوافقی، پڕۆسەی لەدیمۆکراسیخستن لە عێراق

بۆ پشکنین و بەسەرکردنەوەی چەمکی دیموکراسی تەوافقی (consociational democracy) دەبێت لە هەردوو زاراوەی “کۆمەڵگەی دابەشبوو” (divided society) و دابەشکردنی دەسەڵات (power sharing) تێبگەین و بناسین. لە دنیای ئەمڕۆدا کەم کۆمەڵگە، یەکەی سیاسی و جوگرافی هەبێت و یەکڕەنگ (homogeneous) بێت و یەک هێزی کۆمەڵایەتی وەک یەک بەڕێوەی ببات. زۆرینەی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕن لە ناسنامەی جیاواز، نەتەوە، ئایین، ئایینزا، گرووپی بچووک و گەورەی جیاواز! ئەم ئەندازە کۆمەڵایەتییە شێوەیەک لە دابەشبوون و پەرتبوونی بەرهەمهێناوە.

دابەشبوونی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ناسنامەی لاوەکی. لێرەوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم جیاوازییانە پێویستمان بە دەزگا/دامەزراوە، ئامراز و سیستەم دەبێت بۆ لەخۆگرتنی هەمووان، بەشداری هەمووان لە نیگارکردن، نەخشەسازی و بڕیارە گشتییەکان و دابەشکردنی دەسەڵات (هاوبەشیکردنی هێز) بەسەر هەموو لایەن و ئەکتەرەکان. دواتر لەڕووی ئەدەبیات و زاراوە ئەم مۆدێلە گەشەدەکات. ئارێنت لیپهارت (Arend Lijphart) لەژێرناوی دیموکراسی تەوافقی گەشەی پێداوە.

لیپهارت کێڵگەی کارکردنی تیۆرەکەی ئەوروپا، بەتایبەت هۆڵەندا، نەمسا، بەلجیکا و سویسرا، بوو! دواتر لوبنان، مالیزیا و قوبرس-یش وەک مەیدانی بەکارخستنی تیۆرەکە بەکارهات. دواین نموونە، عێراقی دوای ٢٠٠٣، عێراقی دوای-سەدام، بەشێوەیەکی بنەڕەتی ڤیتۆی دوولایەنە، نوێنەرایەتیکردن، هاوبەشیکردنی هێز و دابەشکردنەوەی بەهاکان سیمای سەرەکی کارکردن و کارابوونی دیموکراسی تەوافقییە. وادیارە لە عێراق چیرۆکی تری دوور لەم بنەمایانە ڕوودەدات!

دوێنی،مەحموود مەشهەدانی، وەک سەرۆکی تازەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە پشکی “سوننەکانە” هەڵدەبژێردرێت. گەیشتنی مەشهەدانی بە پەرلەمان لەڕووکەشدا لەسەر بنەمای ناسنامەی مەزهەبی-سوننەبوونە، بەڵام لەناوەڕۆکدا ئەکتەرە ناسنامە شیعە باڵادەستەکان جوڵێنەر و پاڵنەری ڕاستەقینەی مەشهەدانی-ن بۆ خانەی یاسادانان، پەرلەمان. ئەم دیمەنە دووپاتی دەکاتەوە کە دابەشبوونێکی قووڵی ستوونی و ئاسۆیی لە عێراق-دا باڵادەستە و کۆمەڵگەی لەسەر بنیاتنراوە. لەگۆشەیەکی ترەوە دوو ئاماژەی ڕوونمان پێ ئاشنا دەکات:

یەکەم، زەبروزەنگێکی بەردەوام و گشتگیر لەسەر بنەمای ناسنامە (identity based violence) لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێت و خۆراکی پێ دەدرێت. گرووپ و ناسنامەکانی دیکە (کورد و سوننە و تورکمان) وەک جەستەیەکی بێ سەر ماونەتەوە و لەنوێنەرایەتی خراون. وەک چۆن لیپهارت پێی وایە یەکێک لە هۆکارەکانی کارنەکردنی دیموکراسی تەوافقی نەبوون/لاوازی دەستەبژێری گرووپەکانە/نەتەوەکانە. لە عێراق سوننە بێ دەستەبژێرە! ئەوەی وەک سەرکردەش خۆی نمایش دەکات وەک مەشهەدانی، ڕەوایەتی و ڕەزامەندی لە ناسنامەی دژەکەی، شیعە، وەردەگرێت تاوەکوو دانی پێدابنرێت. لێرەوە کۆمەڵگە دووبارە لەناوخۆیدا دابەش و پارچەپارچە دەبێتەوە.

دووەم: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مۆڵگەی نوێنەرایەتی و نمایندەی هیچ گرووپ و ئەکتەرێک نابێت! بەتایبەت کاتێک دەنگدەر هیچ ڕۆڵێکی دەزگاییانەی لە داڕشتنی دیوی ناوەوە و دەرەوەی دەزگاکە نابێت! خواست و ویستی گرووپەکان ناگوازرێنەوە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران وەک کەناڵی نوێنەرایەتی و هاوبەشی هێز و دەسەڵات. لێرەوە پڕۆسەی لەنوێنەرایەتیخستن زاڵ دەبێت. زیندووترین نموونەش هاتنی سەرۆکی پەرلەمانە بەپاڵپشتی ئەکتەرەکانی دەرەوەی خۆی وەک مالیکی و هاوڕێکانی.

عێراق جڤاتێکە بە قووڵی دابەشبووە و لێکترازاوە. ناسنامەی لاوەکی و دژ بەیەک گەمارۆی داوە. بەڕێوەبردنی ئەمجۆرە کۆمەڵگەیە بەبێ سیستەم، کولتووری سیاسی، دەزگای نوێنەرایەتی، هاووڵاتی و کۆمەڵگەی مەدەنی یەکجار دژوار و نەکردەیە. لەقۆناغی دوای بەعس، لە ٢٠٠٣ـەوە، دیموکراسی تەوافقی و دابەشکردنی دەسەڵات لەبری بەدیموکراتیکردنی کۆمەڵگە، بنیاتنانی ئاشتی، خۆراکدان بە کۆمەڵگەی مەدەنی و بنیاتنانی دەوڵەت و خانەکانی، جەنگ و زەبروزەنگی ناسنامەی کەمینەکان ڕەگوڕیشەی داکوتاوە. ئەنجوومەنی نوێنەران دەستگابوونی خۆی لەدەستداوە و لەنوێنەرایەتیکردن خراوە! بووە بە خانەی نمایشی جیاواز و دابەشبوونەکان! باشترە بڵێین بەدامەزراوەکردنی زەبروزەنگی ئیتنۆ-مەزهەبی. هەزاران سڵاو لە دیموکراسی تەوافقی!

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO