سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

جەلالی مەلەکشا و شیعری ڕزگاریی

حیسامەدین (هیوا) خاکپوور

دەمگوت: شێرە ئەوەی لە ژێر لێزمەی تەرزەی

هەوری نەفرەتی نەیاردا ڕادەوەستێ!

بە خوێنی خۆی پەرژینێکی قایم بە دەور نیشتمان و ئەندێشەی

خۆ دا دەبەستێ

دەمگوت: دەنگی شێعر لە ژێر زەبری قامچی دەبێ بە هاواری بەرز و

دنیای بێدەنگ دەهەژێنێ!

دەمگوت: تەوژمی پۆستاڵ و زەبری گۆپاڵ

زەردەواڵەی وشەی تووڕە دەهرووژێنێ!

دەمگوت…دەمگوت

بهێڵن دواهەناسەکەم لە ژێر ئاسمانێکی بەرفراوان

لە سەر بستێ خاکی سەربەستا هەڵکێشم!

یەکێک لەو کەسایەتییە کەم ناسراوانەی ئەدەبی هاوچەرخی کوردی، کە زمانی پەخشان و شیعری خۆی لە خزمەت بەیانی ڕەنج و ڕەنجی بەیانی کوردستانییبوون و ڕزگاری نیشتیمانییدا وەگەڕخستووە “جەلالی مەلەکشا”یە. جەلال مەلەکشا زۆربەی شیعرەکانی وەکوو هێزێکی نیشتیمانی و هاوارێکی کوردستانیی لە مەیدانی ململانێیی ئەو هێزانەدا کە وەک “جەردە” جەستەی نیشتیمانیان هەلا هەلا کردووە، “جەردە دڵی شاری کرۆژی” هێناوەتە ئاراوە. بەڵام ئەم کەسایەتییە نیشتیمانییە وەکوو زۆر گەنجی سەربەمۆری تر کەمتر ئاوڕی شیکاریی زانستی لێ دراوەتەوە. ئەم بابەتە هەوڵ دەدات پاش پێناسەیەکی کورت لە ئەدەبیاتی ڕزگاریی، لەسەر ئەو تەوەرە بڕوات کە هۆکاری ڕووهێنانی جەلالی مەلەکشا بۆ ئەندێشەی کوردستانییبوون و ڕزگاریی چییە؟ پاشان بە کەڵکوەرگرتن لە چەمکاندنی زانستی سیاسیی و مەسەلەی ناسنامە بە جەخت لەسەر شیعری “کوردستانم بۆ بێنەوە”، وەک مشتێک لە خەرمانێک، ئەو پرسیارە وەڵام دەدرێتەوە کە بۆچی جەلالی مەلەکشا لە گرووپی شاعیرانی ڕزگاریی جومگەبەندی دەکرێت.

دەروازەی باس

ئەدەبیاتی ڕزگاریی وەک بەشێک لە فەلسەفەی ڕزگاریی، کە زیاتر بە ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتینەوە دەناسرێت، هەوڵی ئەوەیە هونەر لە خزمەتی ڕزگاریی نیشتیمانییدا وەگەڕ بخات. شیعر، ڕۆمان و تەنانەت دیوارنووسی، لەم بەستێنەدا بۆ گەیشتن بە سەروەریی سیاسیی و دەربازبوون لە ژێردەستەیی و داگیرکراویی و کۆیلایەتیی دەکار کراوە. بەم شێوە هونەر بە گشتی و ئەدەبیات بە تایبەتی دەبێتە هونەر و ئەدەبیاتێکی دەروەست بە ڕزگاریی لە ژێردەستەیی. بە بۆچوونی من ئەدەبیاتی ڕزگاریی و دژەداگیرکاریی، بەتایبەتی لە ژانری شیعردا، بە قووڵی ڕیشەی لە کوردستان-دا هەیە. گەرچی ژێردەستەبوونی مرۆڤی کورد ڕیشەی مێژوویی هەیە بەڵام ئەگەر سەرەداوی مەسەلەی کورد بە مەسەلەیەکی مۆدێرن بزانین، ئەوە ئەدەبی ڕزگاریی هەر لەو سەرەمەدا بە تایبەتی لە “قوتابخانەی تەنویر”دا ( مەکتەبی ڕۆشنگەری) بۆ مەسەلەی سەروەرییخوازی و ڕزگاریی نیشتیمانیی لە داگیرکراویی، گوتارێکی تایبەتی پێشکەش کردووە. میراتی قوتابخانەی تەنویر و ئاشنایی لەگەڵ مۆدێرنەتە، لە مەسەلەی ڕزگاریی و سەروەرییخوازییەوە بگرە تا مەسەلەی ژن، زانستپەروەری، ڕەخنە لە نەریتی چەقبەستوو، تازەگەریی لە ئەدەبیاتی کەسانی وەک حاجی قادر، قانع، پیرەمێرد، ئەحمەد موختار جاف، فایەق بێکەس، ڕەنگدانەوەی هەبووە و زۆر جار لە بەستێنی کوردی-دا پراکتیزیش کراوە. ئەم میراتە بەرە لە دوای بەرە دەستاودەست کراوە. بۆ نموونە، لای مامۆستا هێمن و لە فۆرێکی نوێتردا گەشەونەشەی کردووە. مامۆستا هێمن بە بانگەشەی “حاجی قادر” لە چەندین جێگەدا خۆی بە قەرزداری قوتابخانەی تەنویر، بە تایبەت حاجی قادری کۆیی، دەزانێت. هێمن لە شیعری “دەسکەوتی خەبات” لە دیوانی تاریک و ڕوون-دا، ئاوا حاجی قادر و کاریگەرییەکانی دەکاتە بەردەنگ:

بەڵام تۆ دڵنیابە پیری زانا!

بناغێکی وەهات بۆ کوردی دانا

ئیتر سەنگەر بەتاڵکردن مەحاڵە

ئیتر کورد و بەزین خەون و خەیاڵە

هەر بەو شێوە میراتی ئەو قوتابخانەیە لەسەر دەست و زمانی ڕۆشنبیرانەی مام هێمن و ئەو بەرەیە لە ڕۆشنبیران دەگوازرێتەوە بۆ کەسایەتییەکی وەک جەلالی مەلەکشا. ئەو بە بانگهێشتی مامۆستا هێمن و ئاشنایی لەگەڵ گۆڤاری “سروە” جیهانبینیی دەگۆڕێت، پارادایم شیفت دەکات، بۆلای گوتاری کوردستانیی و ئەدەبی ڕزگاریی. مەلەکشا کە پێشتر ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران بووە و بە فارسی نووسیوەیەتی، پاش ئەم ئاشناییە بەرهەمەکانی زێدەتر بە کوردی دەردەکەون و هەوڵ دەدات لە فۆرم و دیدێکی نوێدا درێژەدەری ڕێگەی ڕزگاریی و سەروەرییخوازی بێت. ئایدیایەک کە وەک ئاماژەمان پێ کرد میراتی قوتابخانەی تەنویر بووە و بەرە لە دوای بەرە بە هەوراز و نشێوی زۆرەوە و بە ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆرەوە، لە ململانێ لەگەڵ هێزە نەرم و زبرەکانی سەردەستاندا، بە میرات ماوەتەوە. بەبۆچوونی من، جەلالی مەلەکشا، وەک کەسایەتییێکی تایبەت، ئەو میراتە فیکری-پراکتیکییە بە پرسی ناسنامەی کورد و کوردستانیی و ڕزگاریی نیشتیمانیی، مۆرکی تایبەتی خۆی لەسەر ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردی داناوە. کەواتە بەم شرۆڤەوە، ڕەگوڕیشەکانی ڕووهێنانی جەلال بۆلای ئەدەبیاتی ڕزگاریی تا ئاستێک ڕوون دەبێتەوە. ئینجا با بزانین ڕەنگدانەوەی ئەو ژانرە لە بەسیاسییکردنی ئەدەبیات بۆ خزمەت بە ئامانجی نەتەوەیی لای مەلەکشا چۆن نواندراوەتەوە. ڕوانگەی ئەم وتارە و چەمکاندن و جومگەبەندی بابەتەکە بە تەواوی لەگەڵ ئەو کارانەدا جیاوازە و هەربۆیە هەڵگری ئەم وتارەی بەردەست بووە.

جەلالی مەلەکشا و شیعری ڕزگاریی

جەلال وەک شاعیرێکی نوێخوازی مۆدێرن بابەتگەلێکی جۆراوجۆری لە شیعرەکانیدا وروژاندووە. لە شیعرە دڵدارەکانییەوە بگرە هەتا بابەتی ژنان، هەتا بابەتی ڕۆڵی شاعیر وەک ڕۆشنبیرێکی حەلاجئاسای حەقیقەتوێژ، هەتا ڕەنج و ئازاریی دەروونی مرۆڤ، بەڵام وەک بابەتێکی زاڵ کە زۆر جار باسەکانی دیکەیشی پێوە گرێ دراوە، بابەتی “نیشتیمانی کوردستان” وەک کۆیەکی لێکدانەبڕاو و ڕەنجێکی تاقەتپڕوکێنی داگیرکراوی، ڕوویەکی زاڵی لە شیعرەکانیدا هەیە و گشتییەتی ماناناسانەی باسەکانی دەخەمڵێنێت. نیشتیمان ئەو دالە سەرەکییەیە کە زۆربەی دالەکانی دیکە لەسەر ئەو تەوەرە دەسووڕێنەوە. شاعیر بۆ خۆیشی ئاماژە بە دەروەستی خۆی بەو دالە ماناخولقێن و واتاهەژێنە کە گیانمایەی شیعرەکانییەتی دەکات و لە شیعری “تفەنگ و خوێن و چیا” دەڵێت:

ئەی من چ بکەم؟

نەخشەی گەورەی وڵاتەکەم

تفەنگێکە و بتانەوێ و نەتانەوێ

لە ناو هەموو نووسراوەکانمدا دیارە!…

پێتان دەڵێم: بۆیە شیعرم خوێناویییە و سوورە ڕەنگم

من شاعیری نیشتیمانی خوێن و کوێستان و تفەنگم!

تەنانەت زۆر جار گەر لە عەشقیش دەدوێت گرێی دەداتەوە بە نیشتیمان. لە شیعری “گۆرانی” مەلەکشا، عەشق بە دڵدار و عەشق بە نیشتیمان لێک گرێ دەدات.

دڵنیا بە تاشەبەردێ نیشتیمان و تاڵی قژی تۆ بە دنیا ناگۆڕمەوە،

هەرگیز، هەرگیز، کوردستان و خەیاڵی جێ ناهێڵم

بەڵام دۆخی کورد لە سەردەمی مۆدێرندا حاڵەتێکی تایبەت پەیدا دەکات. حاڵەتی بێدەوڵەتی و بێخانومانی و بێنیشتیمانی و داگیرکراویی و ژێردەستەیی کە هەمووی ئەمانە لە شیعری شاعیردا ڕەنگدانەوەی تایبەتی شاعیرانەی هەیە. شایانی باسە بە سەرهەڵدانی مۆدێرنەتە و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی لە ئاستی فیکری-فەلسەفی، ئابووری و سیاسیدا، لە ڕووی سیاسییەوە سەرچەشنی زاڵ و جیهانداگری سەردەمی مۆدێرن دەبێتە ناسیۆنالیزم و دەوڵەت-نەتەوە کە بێنیدیکت ئەندەرسن بە «فۆرمی پێوەر» ناوزەدی دەکات. ئەم فۆرمە پێوەرە وەها جیهانی دەرهەست و بەرهەست دەگۆڕێت و مرۆڤێکی وەها نوێ ساز دەکات، چاک یان خراپ، کەمترین شتی لە دەرەوەی بازنەی ناسیۆنالیزم ناتوانێت ڕوو بدات. ئەتین بالیبار بە «مرۆڤ ناسیۆنالیست» چەمکاندن بۆ ئەو مرۆڤە نوێیە دەکات. بەڵام نەتەوەیەک کە خاوەنی ئەو سەروەرییە سیاسییە نەبێت و لەو فۆرمە پێوەرە بێبەش بێت، لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە ” نەتەوەی بێدەوڵەت” دەناسرێت. دۆخی بێدەوڵەتی کە نەتەوەگەلێکی وەکوو کورد و ئەمازیغی و بەلووچ دەگرێتەوە، لە لایەن زانایانی زانستە مرۆڤایەتییەکانەوە چەمکاندنی جۆراوجۆری لەسەر کراوە. «چەمکی بێدەوڵەتی» واتە نەبوونی سەروەریی سیاسیی سەربەخۆ، زیاتر بە بیرۆکەیەکەوە بەیان دەکرێت کە ئاماژەیە بۆ «بێمافی» و «خەسارهەڵگری»، چونکە وا گریمان دەکرێت کە «ئامرازی ساردی تاراندن و دەرهاوێشتن» دەنوێنێتەوە. بە گشتی، چەمکی بێدەوڵەتی لەناو بوارێکی گوتاریی نەرێنیدا هەڵکەوتووە. بۆ نموونە بێدەوڵەتی وەکوو «وەدەرنانی بەتەواوەتی لە مرۆڤایەتی»، «بۆشایی یاسایی دنیای کافکایی»، «مەرگی کۆمەڵایەتی»، «پێناسەی کتومتی جەهەندەمی مۆدێرن»، «ژیانی ڕووتوقووت» و «هەلومەرجی مەترسیی بێکۆتایی» چەمکاندنی لەسەر دەکرێت (بڕوانە “خوێندنەوەکانی دۆخی بێدەوڵەتی” لە نووسینی بەرزوو ئەلیاسی). قانع، بیرمەندەشاعیری کوردیش تەنانەت بەر لە هەموو ئەم باسانە مرۆڤی بێدەوڵەت ئاوا دەناسێنێت: «ئەوەی بێدەوڵەتە سووکتر لە کایە». بێدەوڵەتەکان بێنیشتیمان دەکرێن و ئاوارەیی زەینیی و عەینی گەمارۆیان دەدات. شاعیر لە زۆربەی شیعرەکانیدا، کە لە ژێرەوە ئاماژە بە هەندێکیان دەکرێت، ئەم مەسەلانە و ڕەنج و مەینەتەکانی مرۆڤی کوردی بە زمانێکی شاعیرانەی میتافۆرێک دەربڕیوە.

بێنیشتیمانی و بێدەوڵەتی و  داگیرکراویی و “بێوڵاتی” ئەو دایکەدەردانەی سەردەمی مۆدێرنە کە تۆ لە مرۆڤایەتی دەخات و تەنانەت بە تەعبیری جەلال “بستێ خاکم دەست ناکەوێ، ئەم جەستە پڕ لە ئازارەی تیا بنێژم”. میتافۆری “جەهەندەم و دۆزەخ” بۆ وەسفی ژینگەجیهانی کوردی لە شیعری شاعیردا ئامادەیی هەیە بەڵام سەرەڕای ئەو دۆخە جەهەندەمئاسا، “کورد و کوردستان” ئەو دوو وشە پیرۆزەن کە هەر چەندە گۆڕەپانیشی لێکردراوە بە جەهەندەم و وڵاتەکەیان تیا هەڵقرچاندووە بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە ئەو دوو وشە پیرۆزە بسڕنەوە:

بەڵام هەرگیز نەیانتوانی دوو دیاردە لەسەر سینگم بسڕنەوە:

یەکیان کورد و ئەوی تریان وشەی پیرۆزی کوردستان

شاعیر بەردەوام بە خەمی نیشتیمانە پڕ لە ڕەنج و ئازارەکەیەتی و ئاوات دەخوازێت ئەم “نێشتمانە چوارپەل بڕاوە لە خاچدراوە” یەک بگرێتەوە:

ئاخۆ دەبێ ئەو ڕۆژە بێ

کاوەی کوڕم جانتای سەفەر کاتە شانی

دەڵاڵانی بەر گاراژی شاری سنە هاوار بکەن: سلێمانی، سلێمانی!

شاعیر زۆر جار لە میتافۆری “دۆزەخ” و مانا هاوچەشنەکانی وەک “جەهەندەم” بۆ پێشاندانی دۆخی داگیرکراویی و ژێردەستەبوونی کوردستان کەڵک وەردەگرێت. ئەم “دۆزەخە پڕئازارە” و “ئەم ئاگرستانە تاریکستانە” لە چوار لاوە گەمارۆ دراوە “چوار تەنیشتی لێ تەنیوم خێڵی بەدڕەفتاری شەو”. دۆزەخ و جەهەندەمی داگیرکراویی “گەردەلوولی مەرگەساتە/ لوورەلووری گورگی هار”. دۆزەخی ئیستعمار و بندەستەیی وادەکات لە مەلەکشا کە ئەگەر دیوانی حەلاج دەخوێنێتەوە ”انا الحق”ی لە داردراو دەبینێت، لە دیوانی باڵەندەی نێو قەفەزدا “ئاسمانێکی لەتلەتکراو” دەبینێت و لە دیوانی شاعیرێکی بێوڵاتدا “نیشتیمانێکی چوارپەلبڕاو” سەیر دەکات بەڵام لە دیوانی شاعیرێکی کوردی وەکوو مەلەکشا دا هەر هەمووی ئەوانە دەبینرێت:

دیوانی شیعری کوردێکی دیلی چاوەڕوانی مەرگم ئەخوێندەوە

تەنیا سێ وشەی تێدا بوو:

انا الحقی لە داردراو

ئا…سما…نێکی… لەتلەتکراو

نیشتیمانێکی چوارپەڵبڕاو

خودی شاعیر وەکوو تاکێکی کوردستانی لەم دۆزەخەدا نامۆ و غەریب و بێخانومان دەکرێت: “هەر من تەنیا بێکەس و غەریب، وەک باڵەندەی بێهێلانە”. شاعیر لە شیعری تاسەدا کەسایەتییێکی نیشتیمانی دیکە بانگهێشت دەکات. “عەبدۆڵڵا پەشێو” ئەو سیما نیشتیمانییەیە کە بە کاروەرگریی لە گوتاری کاژیک و پڕۆژەی فیکری کەسانی وەک جەمال نەبەز (واتە کوردستان بۆ کورد، یەکسانی بۆ گەل) شیعری بۆ نیشتیمان و سەربەستی و سەربەخۆیی گوتۆتەوە. بیرۆکەی سەرەکی ئەم شیعرە کە ڕووەو پەشێو نووسراوە، سەربەخۆییخوازی و بە هەندوەرنەگرتنی سنوورە دەستکردەکان و پچرانی زنجیرەکانە:

خۆشەویستم!

تۆ ڕێکەوە من هەوڵ ئەدەم

 با بە یەکتر بگەینەوە

تۆ بانگم کە

من پڕ بە دەم هاوار ئەکەم

وەڵام یەکتر بدەینەوە

قەف قەف زنجیر سنوورەکان بپچڕین و

ئەو هێلانە شێواوەمان بکەینەوە بە نیشتیمان!

کەواتە شاعیر لە زۆربەی شیعرەکانیدا  کوردستان و ڕەنج و ئازارەکانی، هەروەها ڕێگەچارەی دەربازبوون لەو دۆخەی نواندۆتەوە. بە گشتی دەتوانین بە خوێندنەوەیەکی بونیادگەرایی (structuralist) لە کۆی شیعرەکانی مەلەکشا-دا “دوانەیەکی دژبەر” (binary opposition) پەیدا بکەین کە یەکێک لە  پێکهاتە سەرەکییەکانی شیعرەکانی فۆڕمڕێژ و پێکهاتەسازی دەکات. واتە، لەلایەک “دۆخی زاڵی زۆڵە” کە نمانای داگیرکراویی و بێوڵاتی و ژێردەستەیی و زنجیرکراوەیی بوونە کە ژینگەی کوردستانی ڕەش کردووە. لەلایەکی دیکە “بەرخۆدان و خەباتی شاعیر” وەک مرۆڤێکی “سەربەست و یاخی و تیژ و تووڕە”ی کوردستانییە کە لە هەمبەر دۆخی زاڵدا دەوەستێت و ئایدیۆلۆجیا خوازراوی خۆی بۆ گەیشتن بە دۆخێکی باشتر، واتە دەرچوون لە ژێردەستەیی و ڕزگاریی نیشتیمانیی دەخاتە گەڕ. ئەو چەمک و تێگانەی لەو نموودارەی ژێرەوە هاتوون لە خوێندنەوەی ورد و هەمەلایەنەی شیعرەکانی شاعیر دەرمهێناون و ئەو ڕاستییە پیشان دەدات کە شاعیر چلۆن لە هەمبەر دۆخی ڕەشی ناهۆمێدکەری زاڵدا دەوەستێت و هیوا بە شێواندنی دۆخی باو و گەیشتن بە ئایدیۆلۆجیای خوازراو دەنوێنێتەوە.

بەم پێشەکییەوە و لەگەڵ ئەم ڕامانەی کە لەسەر کۆی شیعرەکانی جەلالی مەلەکشا باس کرا، لە درێژەدا هەوڵ دەدەین ئەندێشە و پراکسیسی ڕزگاریی کە لەسەر چوار پرسیاری: ئێمە کێین؟  ئێمە چین؟ ئێمە چیمان دەوێت؟ هەروەها، ئێمە لە چ دۆخێکداین؟ دەسووڕێتەوە لە چاویلکەی شیعری “کوردستانم بۆ بێنەوە”شەنوکەو بکەین.

ئایدیای ڕزگاری لە شیعری “کوردستانم بۆ بێننەوە

لەم شیعرەدا شاعیر وەکوو کەسێکی “لە جستوجۆی ناسنامەدا” کە تووشی “قەیرانی ناسنامە” بووبێت دەردەکەوێت (بۆ ئاشنابوونی زیاتر بەم چەمکانە، بڕوانە کارەکانی ئەکادیمیستی کەتەلۆنی، مۆنزێترات گابێرنۆ [Montserrat Guibernau]؛ هەروەها وتاری “قەیرانی ناسنامەی نەتەوەیی لە بزووتنەوە کوردییەکان-دا، سیروان ڕێناس). شاعیر و دۆخی داگیرکراویی وادەکات جیا لەو کارەساتەی لە باری شێواندنی سەرزەوینی تووشی دەبێت، ناسنامە و زەینیشی تووشی قەیران دەکات. شاعیر دەچێتە نێو دڵی پرسیارکردن لەو قەیرانە زەینیی و عەینییە. پرسیارگەلێ دەوروژێنێت کە لە خۆهۆشیاریی و خۆناسینێکی نەتەوەیی و کوردناسییەکی جددییەوە سەرهەڵدەدات و یەکەم هەنگاوی زەین و ئەندێشەی ڕزگاریی دەخولقێنێت. شاعیر وەک کەسایەتییەکی کورد بە پرسیار لە “کێیەتی و چییەتی” کوردەوە دەست پێدەکات و ڕۆ دەچێتە ناو دڵی قەیرانەکەوە:

کە خۆم ناسی

وتم دایە: من کێم و چیم؟  

پرسیار لە کێیەتی، مێژووی نەتەوە دەخاتە ڕوو و پرسیار لە چییەتی، ڕامانی فیکریی فەلسەفیی لە پێکهاتەکانی کوردبوون باس دەکات. پاش ئەو دوو پرسیارە گرینگە ناسنامەییە کە بەردەبناغەی خۆهۆشیاری تاکی و بەکۆمەڵ مسۆگەر دەکات، پرسیارێکی یەکجار گرینگی دیکە دەوروژێنێت کە زۆربەی وڵاتانی داگیرکراو ڕووبەڕووی بوونەتەوە، “ونبوونی مەڵبەند” یان “مەڵبەندسڕینەوە” (بۆ ئاشنایی لەگەڵ ئەم دەستەواژەیە بڕوانە وتاری “بێدەوڵەتی و نامۆیی”، محەمەد حەقمورادی، گۆڤاری ڕامان 2024). مرۆڤی داگیرکراو هاوکات کە ناسنامەی دەسڕدرێتەوە، مەڵبەند و سەرزەوینیی سیاسیشی دەشێوێنن یان دەیسڕنەوە. ئەو مەڵبەندە، ئەو نیشتیمانە لەسەر نەخشەی جیهان نییە و بێناوونیشانە. شاعیر کە ڕووبەرووی قەیرانی سەرزەوینیش بووەتووە. دیسان لە دایکی دەپرسێت:

خەڵکی کام شار

کام مەڵبەندی ڕووی سەر زەویم؟

وتی ڕۆڵە… تۆ کوردی و دیلی و هەژار

نیشتیمانت کوردستانە

بەڵام ناوی نیشتیمانت، لەسەر نەخشەی جیهان نییە

بێ نیشانە!!

لێرەدا پرسیاری من کێم؟ من چیم؟ من لە کوێدام؟ من لە چ دۆخێکدام؟ دێتە بەر باس. شاعیر هۆشیارانە دایکی کردۆتە بەردەنگی ئەو پرسیارانە. دایک سەرچاوەیەکی گرینگی خۆهۆشیاری تاکی و بەکۆمەڵ حسێب دەکرێت. دایکەکەیش ئاگامەندانە وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە: تۆ کوردی و نیشتیمانت کوردستانە، بەڵام لە دۆخی ژێردەستەییدا دیل و هەژار کەوتووە و پاش مەڵبەندسڕینەوە هیچ ناوونیشانێکی لەسەر نەخشەی جیهان لێنەماوە. ئینجا دەکەوێتە پرسیار لە لێکەوتەکانی دۆخی داگیرکراوی بۆ نیشتیمانپەروەران و مافخوازانی کوردستانی و دەڵێت:

وتم: دایە!

باوکم کوانێ؟ بۆچی هەرگیز دەستی حەزی نەگووشیوم؟

بە کام تاوان، من هەتیوم؟‌

 وتی: ڕۆڵە!

ڕۆژێ کاتێ داگیرکەران شاریان سووتان

 تفەنگی مافی کردە شان

ڕووی کردە ئاسۆی سەربەستی

 لێزمەی خوێنی گەشی لەشی

بەسەر خاکا پژان

داگیرکراوی و بەشمەینەتی “دۆزەخیانی سەر ڕووی زەوی” درێژەی هەیە:

وتم: دایە! ئەی براکەم:

شەپۆلی خەم

 ئاوی ماتەم

 گۆمی چاوی پڕ کرد لە ئەستێرەی فرمێسک!

وتی ڕۆڵە!

 لە کازیوەی وەرزی ڕەشا

 لاشەیان کردە نیشانە

خەونەکانی ئازادی ئەم کوردستانەی

 بردە ژێر خاک

 گیانی پاکی کردە فیدای

 سەربەستی ئەو نیشتیمانە!

“دۆزەخیانی سەر ڕووی زەوی” ئاماژەیە بە کتێبە بە ناوبانگەکەی فرانتز فانۆن، نووسەری دژە کۆلۆنیالیستی. دوای ئەو پرسیارە گرینگانە لە ناسنامە و نیشتیمان و دۆخی دۆزەخئاسای داگیرکراوی کە زێدەتر لە بەستێنی “زەینی ڕزگاریخواز”دا جومگەبەندی دەکرێت، ئینجا دێتە سەروبەندی پرسیاری “دەبێ چ بکرێت؟” واتە پرسی “تەڤگەری پاشەڕۆژ” کە بەردەوام نەتەوە و مرۆڤ و چینی ژێردەستە لە خۆیانی دەپرسن. واتە تەنیا زەینی رزگاریخواز، کە زۆریش گرینگە، بەسەندە و تەواو نییە بەڵکوو دەبێت “پراکتیسی ڕزگاری”ش بێتە گۆڕێ؛ هەر بۆیە پرسیاری: دەبێت چ بکرێت؟ بەردەوام لە زەینی مرۆڤی ژێردەستە دێت و دەڕوات. شاعیریش وەک مرۆڤێکی دەروەست بە نیشتیمان لە جەستە و سیمبول و میتافۆری کورە ناسنامەخوازەکەدا پرسیاری “دەبێت چ بکرێت؟” لە دایکی دەپرسێت:

وتم: دایە! ئەی من چ بکەم؟

هەستا سەرپێ

تفەنگێکی بڕنەوکورتی بزمارڕێژی دایە دەستم

وتی ڕۆڵە: ئەی هۆی ئاوات و مەبەستم دەیان ساڵە لە چوارلاوە

کوردستان وەک پاڵەوانێ

لە قەڵای دێوی داگیرکەر دەست و پەنجەی زنجیر کراوە

ڕێبازی خوێن بگرە و بڕۆ؟ دوعای گەلی چەوساوەی کورد لە پشتی تۆ

دوانەی “چەک و چەمک” لە شیعرەکانی مەلەکشا-دا بۆ خەباتی دژەداگیرکاریی بە تایبەت لە شیعری “دڵخۆشی”دا نواندراوەتەوە:

کڵاوم لارە

قەڵەمەکەم

لە بەرامبەر چی سوڵتان و فەرمانڕەوا و داگیرکەرە کڕنۆش ناکات!

هیچیش وەک ئەو تفەنگە دەم بە هاژەیە

وا لە پەنای قەڵەمێکدا

لەسەر پێیە، منی ئەوینداری وڵات دڵخۆش ناکات.

ئەو باسانەی پێشووتر کە لە ئەندێشەی ڕزگاریخوازەوە هەڵدەقوڵێت، زەمینە بۆ “کردە و پراکسیسی ڕزگاریی”ش خۆش دەکات. لێرەدا دوانەی “چەمک و چەک دەتوانێت باشتر یارمەتیدەری شرۆڤەی دۆخی داگیرکراوی بێت. واتە زەینی ڕزگاریخواز لە بەراییەکانی شیعرەکەدا زێدەتر لەسەر “چەمک” و تێگەی ناسنامە و نیشتیمان و ڕزگاریدا دەجووڵێتەوە بەڵام لە بەشی دواییدا لفەوجووتی چەمک و ئایدیا دێتە ئاراوە. واتە چەک و کردەی ڕزگاریخوازیی لە هەمبەر قەڵای دێوی داگیرکەر، لە قەف و زنجیری دۆزەخی ئیستعمار کە تەنانەت جیا لە جەستەی نیشتیمان، وشەکان و ئایدیاکانی شاعیریشی بەند و زنجیر کردووە. ناوی دیوانەکەی شاعیر واتە “زڕەی زنجیری وشە دیلەکان” نیشانکەردی دۆخی داگیرکراویی و کۆیلایەتی مرۆڤی کوردە. فۆرمی جوانی وشەکەن لەو ڕستەدا و دەنگدانەوەی پیتی “ز” و “ڕ” و هاونشینی وشەکانی زڕە و زنجیر و دیل، میتافۆری “وشەی دیل”، هۆشیارانە هەڵبژێردراوە و فۆرم و مانایەکی تایبەتی داوە بە سەردێڕی دیوانەکەی مەلەکشا.

ئینجا شاعیر وانەکانی پێشووی بە میراتماوەی قوتابخانەی تەنویر و مام هێمن و ڕۆشنبیرانی دیکە دەکاتە مەبەست. واتە سەروەرییخوازی و ڕزگاریی دێنێتە بەرباس. واتە شێواندنی سنوورە دەسکردەکان و گەڕان لەدووی سیمای ونبووی تاکی کورد و نیشتیمانی کوردستان لە درێژایی مێژوودا کە سەردەستەکان ئەو مێژووەیان شێواندووە و تێکیان داوە:

سنوورەکان بشێوێنە

سیمای ونبووی خۆت لە نێو مێژووی کۆنا بدۆزەوە

کوردستانم بۆ بێنەوە

با بە دەوریا بسووڕمەوە

کوردستانم بۆ بێنەوە

با دانیشم لەتە-لەتە

وڵاتەکەم بدوورمەوە

کەواتە ئایدیۆلۆجیی خوازراوی مەلەکشا دوای نواندنەوەی دۆزەخی زاڵ، بۆ دەربازبوون لەو دۆخە، گەیشتن بە سەروەری سیاسیی و کوردستانی سەربەخۆیە.

بە گشتی هەر وەک لەم وتارەدا تا ئاستێک دەرکەوت، جەلال مەلەکشا شاعیری “دارەپیرە”، ئەو شاعیرە بیرمەندەیە کە دۆخی زاڵی کوردستانی باش ناسیوە و هەوڵیداوە بە زمانی شیعر، بەستێنی زەینی بۆ هۆشیاریی نەتەوەیی و ڕزگاریی نیشتیمانیی و خەبات دژی داگیرکاریی بئافرێنێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO