سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

“ڕێگا بەرەو هیچ شوێنێک”، پشکنینی ستراتیجییەتی خۆتێکدەرانەی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان!

دوای 7ی ئۆکتۆبەر لە کورتە بابەتێکمدا ڕەخنەم لە حەماس گرت، لەوەی کە یان ری بە چارەنووسی هاووڵاتییانی خۆیەوە دەکات. هەڵبەت ئەو ڕەخنەیەم پێشتریش لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد گرتووە و شانازیکردن بە زۆری ژمارەی شەهیدانەوە، نەک هەر شانازی نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە سکانداڵ و دەبێت بەرپرسیارەکان لە بەرانبەر ئەو هەموو خوێنە بدرێنە دادگا، چونکە باکیان بە ژیان و خوێنی هاونیشتیمانییانی خۆیانەوە نەبووە. ئایا ئەو پێوەرە تا چەند ڕاستە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی باکووری کوردستان؟ چۆن لەدوا چالاکی 23ی ئۆکتۆبەر ئەو هێزە بڕوانین، کە بەرپرسیارێتییان گرتە ئەستۆ؟

هەوڵ و خەبات لەپێناو ئازادی و ڕزگاریی نیشتیمانی، یەکێکە لە بنچینە ئەخلاقییەکانی ژیانی مرۆڤ. مانەوە لەژێردەستەیی و کۆیلایەتی، دژ بە سروشت و خواستی مرۆڤی ئازادە. بۆیە بەدرێژایی مێژوو، گرووپە مرۆییەکان قوربانی بەردەوامیان بۆ ئازادی و ڕزگاری بووە. لەو ڕووەشەوە دەیان تیوری جیاواز هەن بۆ پێشخستنی شەڕی ڕزگاریی و شکۆی مرۆڤەکان. لێرەدا بۆ ناسینەوەی سروشتی ڕووبەڕووبوونەوە و ئەو چەمکانەی کە لە تیورییەکانی خەبات و ڕووبەڕووبوونەوەدا بەکار دەهێندرێن، ئاماژە بەچەند تیورییەک و پوختەی ناوەڕۆکەکەیان دەکەم، دوایی لەژێر تیشکی ئەو چەمکانە شڕۆڤەی ئەو ڕووداوانەی ئەم دواییە و کۆی سیستەمی ڕووبەڕووبوونەوە و پرسی شەڕی ڕزگاریخوازیی دەکەین.

یەکێک لە تیورییە هەرە باوەکان، تیوری ماوتسی تۆنگە لە شەڕی نەتەوەدا، کە جەوهەری شەڕی ڕزگارییە، بەتایبەتیش لە ململانێ نابەرانبەرەکان، کە سێ قۆناغی سەرەکی دیاریکردوون، ئەوانەش:

قۆناغي یەکەم: خۆڕێکخستن و وەگەڕخستنی دانیشتوان، هاوکات لەگەڵ هەڵمەتی شەڕی پارتیزانی بەرگری بەشێوەیەکی سنووردار، لەو قۆناغەدا بزووتنەوەی چەکداری کار لەسەر دروستکردنی شەرعییەت دەکات لەنێو هاووڵاتیانی خۆیدا.

قۆناغی دووەم: فراوانکردنی چالاکییەکانی شەڕی پارتیزانی و بەئامانجگرتنی ژێرخانی بنەڕەتی دوژمن و کارکردن لەسەر پڕوپاگەندە و کۆکردنەوەی پشتیوانی زیاتر. لەو قۆناغەدا کار لەسەر لاوازکردنی هێزی دوژمن دەکرێت.

قۆناغی سێیەم: گواستنەوەی ململانێ بۆ جەنگی تەقلیدی و ڕووبەڕووبوونەوە، جەختکردنەوە لەسەر بەزاندنی دوژمن بەشێوەیەکی بنەڕەتی.

لەو بارەیەوە زۆر تیوری دیکە هەن، یەکێکی دیکەش لەوانە بریتییە لە تیوری یان خیبوون و دژە-یاخیبوونی دەیڤد گالۆلا، کە جەخت لەسەر بەدەستهێنانی شەرعییەت و باڵادەستی ئەخلاقی دەکاتەوە، کە کارێکی چارەنووسسازە بۆ پشتیوانی بەرەی ڕزگاریخواز. ئەو بۆلای خۆ ڕاکێشانی “دڵ و ئەقڵ” (heart and mind) بە گرنگ دادەنێت کە هیچی لە سەرکەوتن لە شەڕەکان کەمتر نییە.

دیارترین تیوری تازە لەو بوارەدا تیوری وەچەی چوارەم (Fourth-Generation Warfare) ـە. لەو تیورییەدا جەختکردنەوە لەسەر “هەڵمەتی سایکۆلۆجی، پڕوپاگەندە، تاکتیک و هێرشی ئەلەکترۆنی” لەپێشەوەی ڕیزبەندییەکانە لەپێناو پووچەڵکردنەوەی ئیدارەی سیاسەتی داگیرکەر. لەم تیورییەدا بەرەی ڕزگاریخواز دەبێت خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بپارێزێت. بەکارهێنانی میدیا و زانیاری لەپێناو بەدەستهێنانی پشتیوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. بچووککردنەوە و پووچەڵکردنەوەی بونیادی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دوژمن بەشێوەی ناڕاستەوخۆ، نەک لەڕێی هەڵمەتی سەربازیی ڕووتەوە. شەڕی وەچەی چوارەم، جەخت لەسەر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوە، هەروەها بەدەستهێنانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی و سەرلێشێواندنی دوژمن بەجۆرێک بەردەوامبوون لە داگیرکارییەکەی بگەیەنێتە ئاستی مەحاڵ.

ئەوەی کە لێرەدا دەیبینین، هەردوو تیوری ماوتسی تۆنگ و گاردیۆلا، جەختکردنەوەی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی کلاسیک، لەو قۆناغەی کە هێشتا تەکنۆلۆجیا نەگەیشتبووە ئەو ئاستەی کە لەو ساڵانەی دواییدا وڵاتان و کۆمەڵگەکان پێی گەیشتوون. بۆیە، جەختکردنەوە لەسەر ئەو شەڕە کلاسیکییە و شەڕی نابەرامبەر، جۆرێکە لە خۆکوژی و قوربانی زیاتر و مانەوە لەناو تۆنێڵێکی داخراودا. بەڵام تیوری وەچەی چوارەم، دەکرێت لەو قۆناغەدا بەوردی کاری لەسەر بکرێت و پێڕەوی لە هەندێک لە بڕگەکانی بکرێت. بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی باکوور، تاکەی لەو تۆنێڵە داخراوەدا دەمێنێتەوە، بێ ئەوەی بستێک پاشەکشە بە هێزی داگیرکەر بکات؟ ئەی ئەگەر هیچێک لەو قۆناغانە دوای دەیان ساڵ جێبەجێ نەبوون و بە ئامانج نەگەیشتن؟ تا ڕۆژی ژیانەوە دەبێت لە هیچێک لەو قۆناغانە دەرنەچین؟ چۆن پێداچوونەوە بە شەڕی ڕزگاری بکەین لە دۆخی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای نوێدا؟

ئەگەر لەهەر یەکێک لەو تیورییانە و هیدیکەش وردبینەوە، دەبینین جەخت لەسەر شەرعییەت دەکەنەوە. شەرعییەت لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی. بەبێ ئەو شەرعییەتە بزووتنەوەی ڕزگاریخواز ناتوانێت شەڕی ڕزگاریی بباتە پێشەوە و گۆڕانکاری لە بونیادی ڕووبەڕووبوونەوەدا بکات. لەڕووی ئەخلاقیشەوە خوێنی هاووڵاتییان بەرپرسیارییەتێکی گەورەی سەر شانی ئەو بزووتنەوەیە. خودی ئەو بزووتنەوەیە لەپێناو ئازادی و پاراستنی گیان و کەرامەتی هاووڵاتییان هاتۆتە ئارا، هەر کاتێک ئەو ئامانجە بووە مەحاڵ، دەبێت بیر لە تاکتیکەکان بکرێتەوە. بەر لەهەر هەنگاوێک پێویستە قازانج و زیان بەراورد بکرێن، ئینجا هەنگاو بهاوێژرێت، ئەوە چش لەوەی بیر لەوە بکرێتەوە کە شەڕەکە لەپێناو ڕزگارییە نەک بچێتە چوارچێوەی ستراتیجییەتی هێزە ناوچەییەکان و بوون بە پڕۆکسی وڵاتانی دیکە، چ جای ئەوەی کە ئەو وڵاتانەش هەر داگیرکەری بەشێک لە خاک و کەرامەتی نەتەوە بن.

شەڕ دەبێت لەپێناو ئازادی و کەرامەتی مرۆڤەکان بێت، نەک لەپێناو ئایدیۆلۆجیا و یوتۆپیایی ئایدیۆلۆجی. خەڵك بەگشتی ژیان و ئازادیان دەوێت، بۆ ئەوەی بتوانن وەکوو مرۆڤەکانی دیکە بژین. چەکێک یان  چالاکییەک نەتوانێت لەنزیکمەودا و دوور مەودا خزمەت بەو ئامانجە بکات، دەبێت دەیان نیشانەی پرسیاری لەسەر دابندرێن. ئەوەی بزووتنەوەی گەریلاکانی پە[کە]کە لە تورکیا لەو ڕۆژانەدا لە گەرمەی گفتوگۆی پرسی کورد لەناو پەرلەمانی داگیرکەردا ئەنجام درا، ناچێتە ناو هیچێک لەو پێوەرانە. ئەوەی بزووتنەوەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر ئەنجامی دا، ناچێتە ناو هیچێک لەو پێوەرانە، پێشتریش بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی تامیل کەوتە ناو هەمان ئەو هەڵانەوە، تا لەناوبرا و نەتەوەی تامیل-یش گەورەترین قوربانی دا بە جینۆسایدیشەوە. زۆر بە ئاشکرا دیارە کە زیانی ئەو جۆرە چالاکییانە بەراورد ناکرێت بە دەسکەوتەکان، ئەگەر هەر دەسکەوتێکی هەبێت. ئەوە چش لەوەی کە شەرعییەتی هەردوو بزووتنەوەی باکووری کوردستان و حەماسی فەلەستینی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی لەژێر پرسیاردان و نەیان توانیوە ئەو شەرعییەتە نیمچە ڕەهاییەش بەدەست بێنن کە زۆر گرنگە بۆ شەڕی هاوچەرخ.

ئەوەی کە جێگای گومانە لەو چالاکییەی 23ی ئۆکتۆبەر لە ئەنقەرە کۆمەڵێک شتن کە دەمەوێت لە چەند خاڵێکدا تیشکیان بخەمە سەر:

یەکەم، ئەم چالاکییە لەکاتێکدا ئەنجام دراوە کە داگیرکەر لەڕووی تەکنۆلۆجییەوە لەوپەڕی توانا و پێشکەوتنی خۆی دایە و لەڕووی جیۆپۆلیتیکیشەوە، توانیویەتی سنوورەکانی گۆڕەپانی ململانێ ببڕێت و بەدەیان کیلۆمەتر ململانێکە لەناوخۆی سنوورەکانی دوور بخاتەوە. جگە لەمانە داگیرکەر لە چیا دوورەدەستەکانیش، لە گارە و مەتین تا دەگاتە قەرەهەنجیر و پێنجوێن، ڕۆژانە گەریلاکان ڕاو دەکات.

دووەم، چالاکییەکە لەکاتێکدا دێت کە گفتوگۆی پڕۆسەی سیاسی لە رۆژەڤدایە و “بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەیی” کە خۆی لە “دەم” (DEM) پارتیدا دەبینێتەوە، لەناو ململانێ و پەرلەمان و شەقامدا بەرگەی هەموو فشارەکان دەگرێت، بەسەدان سیاسەتمەدار و چالاکوانی لە گرتووخانەکان دان. لەوکاتانەدا توندڕەوترین هێزی شۆفینی دوژمن، مەهەپە، دێتە سەر خەت و شەقام و بونیادی پرسی کورد دەشڵەقێنێت و جارێکی دیکە ناوی کورد و پرسی کورد دێنێتەوە ناو میدیا و سەکۆ نێودەوڵەتییەکان. تۆ لەو چرکەساتەدا دەرفەت بە بزووتنەوە سیاسییەکەی نەتەوەکەت، دەم پارتی، نەدەیت و بە چالاکییەکی سنووردار هەموو ڕیسەکان بکەیتەوە خوری، نیشانەی زۆر پرسیاری جددی دەوروژێنێت، کە تیاشیدا دوو لاوی کورد دەبن بە قوربانی.

سێیەم، ئەو “بزووتنەوە ڕزگاریخوازە”، ئێستا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، هەوێنی ئیدارەی هەرێمێکە بەناوی “ئیدارەی خۆسەری ڕۆژهەڵاتی باکووری سوریا”، لەژێر چاودێری گەورەترین زلهێزی دنیا، ئەمریکا، دەبوایە هەموو تواناکان لەپێناو پارێزگاریی و بەدەستهێنانی شەرعییەتی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی بێت بۆ ئەو هەرێمە خۆسەرییە. وەها چالاکییەک چی دێنێت کاتێک دوژمن پەلاماری ژێرخانی ئەو هەرێمەت بدات و دەیان هاووڵاتی کوردی ئەو هەرێمە بکاتە قوربانی، ڕێک وەکوو ئەوەی حەماس کردی و بووە هۆی قوربانی نەک هەر دەیان هەزار کەس، بەڵکوو خودی هەرێمەکە و گەورەترین زیان بە پرسی نەتەوەکەت؟

چوارەم، لەو دژبەرییە و پارادۆکسە ورد ببنەوە. لەلایەک تۆ هەرێمێک بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئیدارە دەکەیت کە لەژێر هەژموونی هێزێکی نێودەوڵەتی دایە و دەیپارێزێت. بەڵام هەمان ئەو هێزە بەئاشکرا لەبەرەی موقاوەمە هەژمار دەکرێت، بەرەیەک کە ڕێک دژی ئەو دەوڵەتە زلهێزەیە کە دەیپارێزێت؟ ئەم کەموکوڕییە بەدرێژایی بزووتنەوەی سیاسی کورد هەر هەبووە. سەرانی بزووتنەوەی سیاسی کورد لە باشووریش بەردەوام چاویان لەدەستی ئەمریکا بووە، تا ئەوڕۆش ڕەخنە لە هێنری کیسنجەر دەگیرێت، بەوەی کە کوردی فرۆشتووە، لەهەمان کاتیشدا خۆیان بە مارکسیست/لێنینیست دەزانی و شان و خەون و خەیاڵیان لە مۆسکۆ بوو. چ جۆرە بزووتنەوەیەک ئەو جۆرە هەڵە ستراتیجییانە دەکات؟

پێنجەم، بەر لەو مێژووە و بەرلەو بگرەوبێنە سیاسییەی ناو پەرلەمانی دەوڵەتی داگیرکەر، کوان ئەو هەڵەمەتە سایبیریانەی دژ بە دوژمن، کە تێکدانی سیستەمی ئەلەکترۆنی دەوڵەت بەرانبەر بە هەزاران مووشەک و کاولکارییە؟ کوا ئەو شەرعییەتە نێودەوڵەتیی و هەرێمییەی کە بەدەست هاتووە، ئەوە چش لە لاوازبوون و پاشەکشەکردنی شەرعییەتی ناوخۆیی؟ خۆ ئەگەر دڕندەیی دوژمن و کوردۆفۆبیا نەبوایە، ئەو دوژمنە تۆزەک مرۆڤدۆستانە لەگەڵ پرسی نەتەوەکەمان مامەڵەی بکردبوایە، بەدڵنیایی شەرعییەتی ئەو بزووتنەوەیەی دەگەیاندە سفر. بۆ هیچ  بیر لەوە نەکراوەتەوە کە چەند زیانێکی گەورەیە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز وەک تیرۆر و دژەیاسا نەک هەر لەلایەن داگیرکەرانەوە بەڵکوو وڵاتانی دیموکراسی و لیبرال بناسێنرێت؟

مەبەستی سەرەکی لەم نووسینە وروژاندنی کۆمەڵێک پرسیارە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و ئازادی و چارەنووسی نەتەوەکەمان کە دەیان ساڵە لەژێر هەڕەشەدایە. بزووتنەوەی سیاسیی لە باشوور، دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ بە شەڕ و توندوتیژی نەیتوانی ململانێکە یەکلا بکاتەوە، تا خەڵک لە 1991 ڕانەپەڕی و لەڕێی بزووتنەوەیەکی جەماوەری بەشێک لە باشووری کوردستان ڕزگار کرا. ئایا ئازادی و ڕزگاری هەرێمی باکوور دوای زیاتر لە چل ساڵ لە خەبات و خوێن و فرمێسک، ئەوە چش لە هەموو ئەو هەوڵ و خەباتەی شەست ساڵی دوای دامەزراندنی دەوڵەت و لکاندنی باکوور بەو دەوڵەتەوە، بەتوندوتیژی کلاسیک چارەسەر دەبێت؟ هەروەها، هەرێمی ڕۆژئاواش بەرئەنجامی دەرفەتێکی مێژوویی بوو و دۆخەکە قۆزرایەوە و بۆ یەکەم جار کورد لەو هەرێمە هەناسەیەکی ئازادیان هەڵمشت بەچاوپۆشین لە هەموو ئەو ئاڵەنگاریانەی کە هاتۆتە بەردەمیان.

لەو ململانێیەدا ئەولەویەت و ڕیزبەندی بۆ ئازادی و سەرفرازی نەتەوەیە یاخود بۆ ئایدیۆلۆجیا؟ وەک ئەوەی حەماس کردی و دەیکات، کە لەکۆتاییدا جڵەوی ڕووداوەکانی خستەدەست دەوڵەتێکی دیکە. دەوڵەتێک کە هێندەی تەماشای بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی خۆی دەکات چارەگی ئەوەش باکی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی غەززە نەبووە و نییە. ئایا ئەو ئەزموونەی حەماس بەس نییە بۆ ئەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی باکووریش سوودی لێ وەربگرێت و هەڵەی لەو جۆرە دووبارە نەکاتەوە؟ بۆ نەتەوەکان لە هەڵە و کەموکوڕییەکانیان سوود وەرناگرن؟ پرسیارێکە و هەمیشە خۆی دووبارە دەکاتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO