نزیکەی ٤ مانگە دەستم بە پرۆژەیەکی خۆم کردووە، هەوڵمداوە بە پێی ستانداردە ئەکادیمییە بەرزەکانی ئاستی جیهان بێت. جارێ زۆر لەوە دڵنیا نیم ئاستی توێژینەوەکەم چەند باش و چەندە لەو ئاستەدایە دەمەوێت بیگەمێ. بەڵام دوای خوێندنەوە و گەڕانی زۆر بە دوای سەرچاوەکاندا ئینجا هەستم بە هەژاریی خۆمان کرد. بۆچی لە باشوور هیندە کۆڵەوارین؟ لەوەیاندا دەسەڵات و حوکوومەت بەهانە نین، خۆمانین تەمبەڵ و کارنەکردە و حازرخۆری بەر سێبەرین، بەڵێ دەسەڵات و حوکوومەتیش مشوورخۆر نین. هەوڵ و کۆششمان بۆ دەستەکەوتەکان کەمە و گلەیی و چاوەڕوانییمان لەم و لەو زۆرترە لەوەی خۆمان لەسەر شانی خۆمانمان داناوە. هەڵبەت هچ شتێک بە ڕەهایی نییە و مەبەستیشم ئەوە نییە هەموو باشوور وەکو یەکن و من خۆمی لێ بێنمە دەرێ و خۆم لەو گرفتە بەدەربگرم، مەبەستم هەموومانە پێکەوەیە.
دەمویست لە ڕۆڵی میوزیک و سروودی کوردستان تێبگەم، دەمویست بزانم ئەو سروود و گۆرانییانەی لە دژی داگیرکاریی کوردستان گووتراون چۆن کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەی باشوور هەبووە، بزانم چۆن ئەو کاریگەرییە لە بەشکانی دیکە ڕەنگی داوەتەوە. کێن ئەوانەی هەڵگری مەشخەڵی ئەو رەوتە بوون و بۆچی بە گۆرانی و میوزیک بەرەنگار بوونەتەوە. کام جۆر لەو سروود و گۆرانییانە لە کام پارچەیەی کوردستان زۆرتر بەکاربراوە و چی لەو کۆمەڵگەیەدا بەجێ هێشتووە. بۆچی هونەرمەندانمان ئەو ڕەوتەیان گرتە بەر؟ بۆ وەکو خەڵکانی دیکە نەبوونە پێشمەرگە و خەباتی چەکدارییان لە جێی ژەنینی ئامێرەکان هەڵنەبژارد؟ پاڵنەرەکان چی بوون و ئەنجامەکانیان چی بوون؟ ئایا ئەکادیمییەکان چۆن لەو جۆرە بەرەنگاربوونەوەیە تێدەگەن و چۆنی هەڵدەسەنگێنن؟؟ ئەوانە و پرسیاری دیکە.
زۆر بەدوای سەرچاوەدا گەڕام …ئەو هونەرە نەتەوەییە بەرزەی لە باکوور هەیە بە دەیان تویژینەوەی زانستیی لەسەر کراوە. هەیانە هەر کوردن و توێژینەوەیان ئەنجام داوە و لە گۆڤاری زانستی ئاستبەرز بڵاویان کردووەتەوە، بەشێکی بچووکی مێژووی میوزیک و هونەری کوردییان تۆمارکردووە و بەشێکی دیکەی زەبر و زەنگی تورکیشیان خستووەتە بەرچاو. هەیە لە ئەوروپا و ئەمەریکای باکوورەوە هەوڵ و تەقەلای تەرخان کردووە تا زۆرتر لە هونەری کورد لە باکوور تێبگات، ئەوانیش توێژینەوەی بە پێز و پر لە زانیاریی و شیکاریی هونەریی و کلتووریین. بۆ نموونە خانمێکی وەکو مارلین شایفەرز هەموو توانای زانستی خۆی بۆ شارەزابوون لە هونەری دەنگبێژیی تەرخان کردووە. چەندان توێژینەوەی هەیە و تویژینەوەیەکیشی لەسەر دەنگبێژی ئافرەتان لە باکوور، کردووە. ئەو لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانی هەبوونی ئافرەتی دەنگبیژ/لاوکبێژ لە ناو کورداندا کۆڵیوەتەوە و شیی کردووەتەوە. بەڵام خۆ ئەو خانمە لەو بوارەدا تاکە کەس و تەنیا نییە، چەندانی دیکە هەن لە ڕۆژە سەختەکانی کورد لە باکووردا، توێژینەوەیان ئەنجام داوە و بڵاویان کردوونەتەوە.
دەبینین لە ڕۆژهەڵات، پەرتووکەکەی ئەمیر حەسەنپوور لە ساڵی ١٩٩٢، ئەوندە پڕ زانیاریی و تۆکمەیە لە سەدان توێژینەوە و پەرتووکی دوای خۆی ناوی هاتووە و وەکو سەرچاوە باسکراوە. تۆ بڵێی حەسەنپوور چەند ساڵ بە کۆکردنەوەی ئەو هەوو زانیارییانەیەوە خەریک بووە؟ کارێکی ئەوەند گەورە و باشە، بەشێکی زۆری لەو مێژووەی دوای ١٩٢٠ بۆ کورد لە ڕووی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی هونەریی و کلتووریی لە هەرچوار پارچەدا، تۆمارکردووە. هیچ کەسێک ناتوانێت توێژینەوەیەک سەبارەت بە ڕەوشی کلتووریی کوردەکان بکات ئەگەر ئەو پەرتووکەی حەسەنپوور وەکو سەرچاوە نەخوێنێتەوە و ناوی نەبات. دەتوانم بڵێم تا دوای ٢٠١٤، هەر ئەویش تاکە سەرچاوەی متمانەپێکراوی ئەکادیمییە بۆ زانینی ڕەوشی کوردەکانی ڕۆژئاوا، پێش ئەو شتێکی وا تۆکمەو پڕ زانیاریی و ئاستی ئەکادیمیی بەرز، سەبارەت بە کوردەکانی ڕۆژئاوا لە ژێر دەستی بەعسی سووریا، نەنووسراوە. هەڵبەت بایەخی هەموو ئەوانە لەوەدایە بە زمانی ئینگلیزی نووسراون.
لە باشووریی خۆماندا، تاکە یەک دانە سەرچاوەم دەست نەکەوت لە هیچ توێژینەوەیەکی زانستییدا پشتی پێ بەسترابێت. مەبەست ئەوە نییە کەس نەبووە و نییە لەو بابەتانەی نووسیبێت و بڵاو کردبێتەوە. بەڵکو، بە زمانی کوردی ناوەڕاسی (سۆرانی) نووسراون و بڵاوکراونەتەوە بۆیە بۆ توێژەرێکی بیانیی وەکو نەبوو وایە. زۆربەی هەرە زۆری ئەو نووسینانەی دەکرێت وەکو سەرچاوە بن، لە جیهانی نمرەییدا (دیجیتاڵ) لەسەر تۆڕی ئینتەرنێتدا نین، ئەی توێژەران چۆن دەەستییان پێیان بگات تا ئەو مێژووە شیکاریی بکەن و پانتایی ئەکادیمی جیهان لە ئێمەی کۆڵەوار ئاگەداربکەنەوە؟؟ ئێمە لە باشوور، لەوەتای کورد هەیە هێندەی ئەو ٣٠ ساڵەی دواییمانی بەرهەمی نووسین و بڵاوکراوەی نەبووە. کەچی ئەگەر توێژەرێک بەدوایاندا بگەڕێت هیچ نادۆزێتەوە تا وەکو سەرچاوە بەکاری بهێنێت.
هەموو هونەرەکانی دەربڕین بایەخ بە جەماوەر دەدەن، واتا بۆ ئەوەی بەرهەمەکەت بگاتە شوێنی مەبەستی خۆت دەبێت بزانیت ئەو بەرهەمەت بۆ کێ دروست دەکەی/دەنووسی. دەتەوێت پەیامەکەت بۆ کام جۆر و گروپی خەڵک بنێری؟ لە زۆربەی هەرە زۆری نووسراوەی ئەکادیمیی خۆماندا جەماوەرەکەمان خەڵکی کوردە، زۆرتریشیان جەماوەرەکە کۆمەڵگەیەکی بچووکی زاکۆکانە. ئەوە لەنگییەکی گەورەی بەرهەمی باشوورە. بەبێ هەڵبژاردنی زانایانەی جەماوەر بۆ بەرهەمەکانمان، لە ناو خۆماندا دەخولێینەوە. بۆ ئەوەی دەنگمان بگاتە جیهانی ئەکادیمیی دەرەوە مەرجە نووسینمان بە زمانی ئینگلیزی هەبێت، مەرجیشە ئاستی زانستیی توێژینەوەکانمان بەرز بن. دەنا، ڕەنجبەخسارین، وەکو ئەوەی ئێستا تێیداین. پەرتووکێکی باشی وەکو ئەوەی حەمەی حەمە باقی سەبارەت بە مێژووی مۆسیقای کوردی نووسیویەتیی، کەمن. بەڵام وەکو سەرچاوە ناوی لەناو ناواندا نییە، چونکە ئەو دەنگە ڕەسەنە بە جیهانی دەرەوە نەگەیشتووە.
ماوە ماوە لەو جۆرە ڤیدیۆ و ڕیلانەی سۆشیال میدیای کوردیی دەتەنێت، باس لە دزینی ئاواز و میوزیکی کوردی دەکرێت. جارێک شەجەریان و کورەکەی و جارێکی دیکە سروودی نەتەوەیی ئەنکەرە دێنە بەرچاوان. بەڵام کوا توێژینەوەی زانستییمان تا ئەوانە یەکلا بکەینەوە؟ کێ گوێ بۆ ئەو جۆرە ڤیدیۆ جۆشبەخشانە لەق دەکات؟ میوزیکژەن پشکۆ مستەفا بۆی گێڕامەوە، لە سەرەتای دامەزراندنی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی لە ساڵی ١٩٨٠دا، ئەنوەر قەرەداخی دەچێتە تورکیا تا بزانن ئەوان چۆن کاردەکەن، لەوێ داوای لێدەکرێت پارچە مووزیکێکی کوردی بژەنێت. کەتەواو دەبێت تورکەکان پێی دەڵێن ئەوە کوردی نییە، تورکییە. لە نکۆڵیی ئەنوەر قەرەداخیدا، لە ئەرشیفی خۆیانەوە هەموو نۆتەی نووسراوی ئەو گۆرانییەی ئەنوەر قەرەداخی ژەنی، دەردەهێنن و دەیخەنە بەردەمی. تەمەنی نووسینی ئەو نۆتەیە لەوکاتەدا ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵێک دەبێت. لەگەڵ ئەوەی ئەنوەر قەرەداخی لە کوردیبوونی ئەو پارچە میوزیکەی ژەنیویەتی دڵنیابوو، بەڵام بەبێ هەبوونی بەڵگەی وەکو ئەوەی تورکەکان، دەستەوسان و تاسا بوو. لێرەوە بۆمان دیارە، قسە و فشەڵی سۆشیال میدیا هیچ ناگەیەنێت، ئەوانە پێویستیییان بە کارە نەک هات و هاواری ڕیلی سۆشیال میدیای جۆشبەخش. کوا سەرچاوەی متمانەپێکراو “ئەی نیشتمان”ی حەسەن زیرەک بیسەلمێنێت ئەو ئاوازە کوردی بووە؟ ئاوازەکە لە میسرەوە نەهاتووە و حەسەن زیرەک کوورداندوویەتی؟ لە ساغکردنەوەی ئەو بابەتەدا نەجمەدین بابەکر، ئاوای پێگوتووم. ئەوەی شەجەریانیش گوایە ای لایە سوورەگوڵی حەسەن زیرەکی دزیوە، دیسانەوە بەپێی ئەوەی خالید سەرکار باسیکردووە، ئاوازەکە لە بنەچەدا ئەرمەنییە (بڕوانە ویکیپیدیای ژیانی حەسن زیرەک)، کوردی نەبووە.
بنی کولەکە ئەوەیە، هەرچی بیکەین و بیڵێین ئەوەندەی توێژینەوەیەکی زانستیی بە ڕێسا و یاسای زانستیی و ئەکادیمیی نووسرابێت جێی خۆی ناگرێت و تیشک ناخاتە سەر دەوڵەمەندیی و فرەیی کلتوور و هونەری کوردیی. هونەرمەندان ئەوەی لەسەریان بووە بە زیادەوە کردوویانە، ئەرکی ئەوان نییە توێژینەوەی زانستیی بۆ هونەری خۆیان بکەن و بڵاوی بکەنەوە. ئەرکی ئەکادیمییە زمانزانەکانە لە سەرچاوەی ئەوانەوە زانیاریی کۆبکەنەوە و شییکاریی و هەڵسەنگاندن بۆ هەنگاوەکانی خەباتمان ئەنجام بدەن، ئینجا بە جیهانی دەرەوەی بناسێنن. ئەوەی هەتە کەمتەرخەمیی و کەم مشوورخۆریی بێ هاوتایە و وێنەیەکی هەژاری باشوورمان نیشان دەدات. ئایا هیچ ئەکادیمیمان نین کارێکی لەو جۆرە بکەن؟ چۆن ئەو وڵاتە وێرانەیە و لە مشەخۆر زۆرتری تێدا نییە؟؟ یان ئاستی ئەکادیمییەکانمان ئەوەندە نییە بتوانن توێژینەوەی زانستیی ئاستبەرز ئەنجام بدەن؟ لەهەر کامیان هەڵە بم ئەی کوا بەرهەم؟؟
وریا ئەحمەد لە ساڵی ١٩٨٩ سەبارەت بە مەقامە کوردییەکان نووسیویەتی و باسی چەند جۆرێکیان دەکات و دەڵێت ئەوانە مەقامی کوردن، کەم کەس هەیە لە هەموو جیهانی توێژەرانی ئەو بوارانە مەقام بە عەرەبی نەناسیت و هەر واش باسی نەکات. چونکە کەس ناتوانێت بە ئەسانی ئەو نووسینە بە پێز و پڕ زانیارییانە لە ئینتەرنێت بدۆزێتەوە، هەر ئاگادارنین وریا ئەحمەد چەند بە قووڵی باسی ئەوەی کردووە. بڕوانە ماڵپەری جیهانی مەقام بە عەرەبی و ئینگلیزی، لە تاکە یەک شوێن ناوی کورد هەیە ئەویش مەقامی کوردە. پێم وایە ئەرکی کۆلیژ و پەیمانگەی هونەرە جوانەکانە ماڵپەڕێکی لەو جۆرەیان هەبێت و ساڵانە پەرەی پێبدەن زانیاریی زۆرتری تێ ئاخنن، ئەوە هەردەبێت لە کارە هەرە گرنگەکانیان بێت، کەچی نەکراوە. غەفوور مەخمووری و رەسول گەردی سەبارەت بە حەیران نووسیویانە و سەرچاوەی باشن. ئەی بەیت و بالۆر و بەندبێژیی لە کام کونجی ئەکادیمییماندا دیارن؟ تۆ بڵێی پێمان شەرم بێت باسی ئەو هەموو ڕەەسەنایەتییەی خۆمان بکەین؟ گۆرانییەکانمان بە ئاوازی یەک و نیوی عەرەبی و دابەشکردنی شێوازی سونباتی وەکو ئەو گورگەی لە کولانەی خۆی هەڵگەڕاوەتەوە، خەریکە گەڕ دەبن.
توێژینەوەکان جگەلەوەی لە هەربوارێکدا مێژوو تۆماردەکەن. نکۆڵییان لێ ناکرێت چەند گرنگ و بە بایەخن، ئەوانن دەبنە سەرچاوە بۆ نەوەکانی داهاتوو. زانای میوزیکناسی زانکۆت شیکاگۆی ئەمەریکایی جۆن بوڵوک، کاوێس ئاغای بەرانبەر هەموو توانای کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا نیشان داین و بۆی شییکردینەوە چۆن ئەو و هاوسەردمەکانی ڕووبەڕووی داگیرکاریی کلتووری کورد و کوردستان بوونەوە. هەر ناپاڵمێکی ئینگلیز لە سەردەمی شێخ مەحموود بە سلێمانیدا دراوە، بە لاوکی پڕچێژی سنووربەزێن، وەڵامیان داوەتەوە. ئاکادیمییەکان بەو جۆرە هەڵویستانە میللەتی زیندوو و خەباتگیڕ لە میللەتی ملکەچ و دۆڕاو جیادەکەنەوە. کلتوور و هونەر و ئاوازمان دە هیندەی ئەوەی عەرەبە و ٢٠ ئەوەندەی فارسیشە. تورک جارێ لەو باسەدا سەریان دەرنەهێناوە، کەچی سەدان توێژینەوەیان هەیە.
نیشتمانسازیی هەر سیاسییەکان و سەربازەکان نایکەن و هەر ئەوان نین بەرەنگاربوونەوە دەزانن. لالۆ ڕەنجدەر، مەرزیە، ناسر رەزازی، شڤان پەروەر، جوان حاجۆ، ئەنوەر قەرەداخی، وریا ئەحمەد، سێوە، فوئاد ئەحمەد، تاهیر تۆفیق، ئایشەشان، هۆمەر دزەیی، ڕسول گەردی، حەسەن سیساوە، شاکرۆ، عەڤدالی زەینکێ، حەمە جەزا، ئاینور دۆگان، ئارام تیگران، خاچۆ، ئاراس و دلێر نامدار، خالید دلێر، شاروخی، قادر زیرەک، حەسەن زیرەک، خالقی، کاوێس ئاغا، کامکاران، زوڵێ، محەمەد عارف جەزیری، حەسەن عارف، ڕەسووی نادری، زرار محەمەد مستەفا، دڵشاد سەعید، تاهیری خەلیلی، نازدار و ئەسمەر شێروان، حەسەن گەرمیانی، عەلی مەردان، شەهرامی نازری، تەنیا عارەب، ماملێ، کەریم کابان، شەماڵ سائیب، قادر کابان، ئەحمەد شەماڵ، سەڵاح داودە، حوسێن عەلی، عوسمان عەلی، ئیبراهیم خەیات، عەباسی کەمەندی، شەوکەت ڕەشید، نەجمەدین غولامی، ئەیاس زاخولی، تەحسین تەها، خەلیل سدیقی …… سەدانی دیکە ماون ناویان بنووسین. هەموویان سامانی نەتەوەیین و هەر یەکەیان بە جۆرێک بەرەنگاری داگیرکار بووەتەوە، هەریەکەیان بەشی خۆی لە ڕێچکەیەکی خۆڕسکی نیشتمانسازییدا بە جێ گەیاندووە، ماوە ئەکادیمییەکان بۆیان تەواوکەن.