سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

هەسارە و ئەستێرە گەشەکە: ئوم کەلسوم لە گێڕانەوەیەکی کوردی-دا

 نووسینی: بلۆر میقری

وەرگێڕانی: ستار بزێنی

ئاخاوتن بە دوو زمانی نامۆ مەینەتییەک بوو بەرۆکی باوانمانی گرتبوو. هەر بۆیە کوردانی دیمەشق، سەریان نابووە یەکەوە و سەرقاڵی کاسبی خۆیان بوون، لە ناو یەکدا بە زمانێکی پاراو و ڕەوان دەدوان، بەو زمانە ڕەسەنەی کە ڕەگوڕیشەی پیتەکانی لەگەڵ چیاکانی کوردستان تێک ئاڵا بوون. بەڵام کە دەهاتە سەر ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکانێ لە عەرەب و تورکمان بکەن، بە جۆرێک وشەکانیان لە زار دەهاتە دەر کە بە ئاستەم دەیان توانی لێک حاڵی ببن.

ئای کە چەندە دڵخۆش دەبووم ئەو دەمەی دایکم سەرگوزەشتەی سەردەمانی خۆی بۆ دەگێڕامەوە. یەکەم جار بوو بەوەم زانی کە باوە گەورەم یەکێک بوو لە عاشقانی دەنگی ئوم کەلسوم. ئەو باوە گەورەیەی کە بەر لەوەی چاو بە دنیا هەڵ بێنم بە چەند مانگێک بەیەکجاری ماڵئاوایی لێیان کرد بوو. کەسێکی خانەدان و دەست ڕۆ و خواردە بوو، ڕەوشت بەرز و بەخشەندە؛ بەڵام هەرچی سەروەت و سامانی هەبوو لە سەرەڕۆیی بازرگانی و عاشقایەتی کردبووە بڵقی سەر ئاو. من نازانم ئایا باپیرەم لە دوا مەینەتییەکانیدا کە بە تەنیایی و نەخۆشی و  کڵۆڵی سەری نایەوە، درێژەی بەو پەیوەندییە دا کە لەگەڵ مەعشووقەکەی “ئوم کەلسووم” هەیبوو؟ ئایا لەو ژوورە کۆنە بێ نازەی ئەو خانووەی تێیدا دەژیا کە لە داری دنیا بۆی مابووەوە، یادی شەوانی یەکەم پێنج شەممەی هەموو مانگەکانی دەکردەوە کە ڕادیۆی میسر وەک نەریتێکی نەگۆڕ گۆرانییە نوێیەکانی ئوم کەلسوومی تێدا پەخش دەکردەوە. ئەدی کوا ئەو دەمە و ئەو ڕۆژە کە ئەو کەوکەبە شۆخ و نازدارە بە دەنگە زوڵاڵەکەی لە ناو ئەو کۆشکە شاهانەیەدا دەدرەوشایەوە، کە بە زایەڵەی دەنگە ئەفسوناوییەکەی باوەگەورە و هاویارانی مەست دەبوون.

لە لایەکی دی و بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی تری بیرەوەرییەکانی باوەگەورە، باوکم باسوخواسی ئەو ڕۆژانەی بۆ دەگێڕامەوە کە لەگەڵ میر جەلادەت بەدرخانی مامۆستا و هاوڕێکەی بەسەری بردبوو، ئەو میرەی ڕابەری ڕێنیسانسی کورد بوو لە نیوەی یەکەمی سەدەی بووری. ئەوە بوو لە کاتی خۆیدا باوکم بەوە سەراسیمای کردم کە ئەم بەگزادە کوردە، پەرگەندەیە، ئالودەی هونەری خانمی ناوبراو بوو. لە پەخشی ڕادیۆوە بە تاسەوە گوێی بۆ گۆرانییەکانی ڕادەدێرا. ئەوەی ڕاستی بێت ئەم زانیارییەم لە زاری هاوڕێ محەمەد ئوزونەوە وەرگرتووە، نووسەرێکی باکووری کوردستانە، هەر خۆشی لە ڕۆمانی “بیری چارەنووس” سەرگوزەشتەی ئەو میرەمان بۆ دەگێڕێتەوە.

بەم بۆنەیەوە، پێویستە ڕاستییەک بدرکێنین کە پەیوەندی بە بابەتەکەمانەوە هەیە، ئەو ڕاستییەش ئەوەیە کە کورد-یش خودانی ئوم کەلسوومی خۆیەتی، هەسارەی لاوکی کوردی ئایشە شانە. خودانی ئەو دەنگە دڵ ڕفێن و سەرنجڕاکێشەیە کە ناچاربوو زۆربەی تەمەنی لە دەربەدەریدا بەسەر بەرێت. لە بەغدای قاسمەوە، لە دوای شۆڕشی 1958 ـه وە گۆرانی بێژەکەمان ڕاستەوخۆ لە قاهیرەی جەمال عەبدولناسر گیرسایەوە. ئەوە بوو لە ئێزگەی قاهیرە، بەشی کوردی، چەند گۆرانییەکی بە دەنگی خۆی تۆمار کرد. ئەو گەشتە بە هاوەڵایەتی یەکێک لە بە تواناترینی هونەری بەزم و سەفای باشووری کوردستان، ڕەوانشاد، حەسەن جەزراوی، بوو. ئەمەش یادەوەرییەکی خۆشی بە بیر هێنامەوە کە لە ناو کورد-دا باوە. ئەو دەمەی دەبوایە حەسەن جەزراوی لە شاری قاهیرە گۆرانی “کاڤوکێم لێ لێ” تۆمار بکات کە تا ئەمڕۆش لە گوێی خەڵکیدا دەزرینگێتەوە. چەند خاتونێکی گۆرانیبێژی میسری وەک شادییە و فایزە ئەحمەد و کەسانی تر پێشنیازی ئەوە دەکەن کە ببنە کۆرس بۆ گوتنەوەی گۆرانییەکە. بەهەرحاڵ، گۆرانیبێژەکەمان گۆرانییەکانی بە کۆرسی ئافرەتانی ئێزگەکە تۆمار کرد. هەروەک لە تۆنی دەنگیان دەردەکەوێت. ئەوەتا لە کوردستان، لە وڵاتی چیا بەرز و سەختەکان، ئاوازە ڕەسەنەکانی لە باوەش گرتووە، بەخۆشییەوە باسم لە هەندێکیان کرد.

لە وڵاتی ئەنفال، پێشبینی ئەوەم دەکرد کە هیچ شوێنەوارێک بۆ زمانی عەرەبی نەمینێت، جا چ وەک کلتووری و چ وەک کۆمەڵ، پاش ئەوەی نەتەوەی کورد ئەو دەردەسەری و نەهامەتییەی لە ئاکامی وێرانکارییەکانی ڕژێمی “سەدام”ی عروبی چێشت. لەو دەمەدا ئەوەی منی پتر دڵنیاتر دەکردەوە، بەشێک لە پڕوپاگەندەی کەناڵە قین لە دڵەکانی خەلیج بوو. بەڵام لە هۆتێلی بورجی هەولێر کە ژێر سایەی قەڵا سەرکەشەکەی هەولێر دایە، شەو لە سەر سەرینی دڵنیاییی خەو بردمییەوە کاتێک سبیانێ بێدار بوومەوە ئەو دڵنیایییە بوو بە وەهم و هیچی تر. لە جەمی ناشتا، سفرەی خواردن ڕازابووەوە، ئاوازەکان تام و چێژێکی دەدا بە خواردنەکان، زایەڵەی ئاوازی گۆرانییە عەرەبییەکان لە ستریۆی هۆڵی خواردنەوە بەرز دەبووەوە. ئاوازگەلێکی عێراقی، لوبنانی، سووری، میسری، تەنانەت خەلیجیش. تیمی کارگوزار و میوانەکانی هۆتێلەکە لە هەرێمە جیاجیاکانی عێراق و وڵاتانی تری عەرەبییەوە پێک هاتبوون. لەوێدا هەموویان دەم بە خەندە و بە هەوەس بوون، بە گفتولفت و دەم بە پێکەنین بوون. لە ناو تاکسی هەمان شتم بەدی دەکرد، لە پیاسەکردن، لە بازاڕە نوێیەکان و قەیسەری کۆن. لەوێدا تەسجیلات و ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی سەر شەقام و شۆستەکان بەڕیز وێنەکانی گۆرانیبێژەکانیان دەخستە ڕوو. دەستفرۆشەکان وێنەی هونەرمەندەکانیان لە پاڵ دیوار و جامخانەکاندا هەڵواسی بوو. وێنەکانی گۆرانیبێژە عەرەبی، تورکی، کوردی، ئاشووریەکان. ڕوومان لە هەر لایەک بکردایە وێنەی “ئوم کەلسووم”مان دەهاتە بەر چاو. دەمەوئێوارانێک بەرەو هۆتێل دەگەڕاینەوە، دەنگی هەسارەکەی خۆرهەڵات لە بڵندگۆی تۆمارگەیەکی سەر شۆستەکەوە دەهاتە گوێمان. ئەوەش سروودی چوارینەکەی خەیام بوو. ئەو دەنگە زوڵاڵە وردە وردە هەنگاوەکانمانی بەرەو تۆمارگەکە پەلکێش دەکرد. لەوێدا بەرامبەر داستانێک لە خوێندنەوە و دەربڕین و ئاواز هەڵوێستەیەکمان کرد. بۆ ڕۆژی دوایی و بۆ بیستنی بەسەرهاتێک کە پەیوەندی بە ئوم کەلسووم-ەوە هەبوو، دیدارێکم لەگەڵ کەسێک ڕێکخست و بەرەو خانەی هونەر بەڕێ کەوتم. لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لەو باوڕەدا نەبووم کە ئەو ڕۆژە چاوم بە جەلال خدر حوسێن بکەوێت، نووسەری کتێبی “ژیاننامەی شەهاب هەولێریی” (1891-1939 )، بە زمانی کوردی بە شێوەزاری کرمانجی خواروو، لە 2002 لە چاپی داوە. ئەم کتێبە لە بارەی شەهابی کوردی-یەوەیە، کە قەدەر مەیلی لێبوو لە ئاسمانی داهێناندا لەگەڵ ئوم کەلسووم، هەسارەی خۆرهەڵاتی عەرەبدا، بە یەک بگەن.  

لە 1932، هەروەک لە کتێبەکەدا هاتووە، لە بەغدا بە فەرمی پێشوازییەکی پڕشکۆیان بۆ ئوم کەلسووم سازدا. کە وەزارەتی ئیرشادی ڕێنوێنی عێراقی بۆ سازدانی ئاهەنگێک بانگهێشتی کردبوو. بە گەیشتنی لە ناکاوی ئوم کەلسووم بۆ شاری بەغدا، کێچی خستە کەوڵی پیاو ماقوڵان هەولێر-ەوە. مەلا فەندی ئەو زاتە بەڕێزە و پایەبەرزە – وەک زانا و سۆفییەک – کە پێشتر شا فەیسەڵ تەشریفی بۆ ماڵی هێنابوو. داواکارییەک لە دەرباری شاهانەوە دەگاتە دەست ئەو زاتە بەڕێزە بۆ بانگهێشتکردنی مەقام خوێنی خانەقا بۆ بەشداری کردن لە ئاهەنگگێڕانی خانمە هونەرمەندەکە لە کن مەلا فەندی هەڵا دەنێتەوە. هەروەک خوێنەری بەڕێز مەزەندە دەکات ئەو کەڵە هونەرمەندە، شەهاب هەولێری-یەکە بێت، ئەو ناوەی لە شارە شاخاوییەکاند لە نێو کەڵە هونەرمەندەکانی تردا دەدرەوشایەوە. مەلا فەندی دڵی بەرایی نەدەدا تەنیا بۆ شەوێکیش بێت دەرگای قەفەسەکە لەو بلبلە دەنگ خۆشە بکاتەوە، هەر چەندە بەرپرسەکان لێی دەپاڕێنەوە، بەڵام ئەو هەستێکی وای لا دروست بووبوو کە پێی وا بوو، ئەگەر شەهاب چاوی بە بەغدا بکەوێت کەڵکەڵەی خۆشیەکانی پایتەخت دەکەوێتە سەریەوە و بۆ هەمیشە شەهابەکەی لە دەست دەدات. بەڵام لە کۆتادا مەلا فەندی لە کەلی شەیتان دێتە خوارەوە و بەو مەرجە ڕازی دەبێت. بە مەرجێك پاش تەواو بوونی ئاهەنگەکە بە پەلە بەرەو هەولێر بگەڕێتەوە. بۆ ئەوەی پتر لە گەڕانەوەی دڵنیا بێتەوە دوو زەلامی پاڵەوانئاسا دەخاتە پاڵی وەک سێبەر لێی جیا نەبنەوە. کەواتە، بەغدا خۆت بگرە هاتم، شەهاب بەرەو پارکی هیلال دەکەوێتە ڕێ. ئەو هۆڵە دەکەوێتە گەڕەکی مەیدان لە سەر شەقامی ڕەشید. لەوێ زۆری نەخایاند ئوم کەلسووم بەو پەڕی شۆخ و شەنگی لە سەر سەکۆی هۆڵەکە ئاوازی بە جۆش و نەغمەی بە سۆزی لێ دەباری.

شەهاب لە ڕیزی پێشەوە دانیشتبوو، چاوەڕێی نۆرەی خۆی دەکرد، ئەوە بوو دوابەدوای ئوم کەلسووم فەرمووی لێ کرا. پاش چەند چرکەیەک و هەڵکێشانی هەناسەیەکی قووڵ، لە سەرخۆ بە دەنگێکی نەوی، بە ئاوازێکی پڕسۆز هەمان مەقامەکەی ئوم کەلسوومی گوتەوە کە هێشتا ئاوازەکەی لە گوێی بیسەراندا دەزرینگایەوە. ئەوە دەنگی شەهابە هەولێریی-ەکەمان بوو، کە بە وشەکانی ئوم کەلسووم و دەنگە بەجۆشەکەی لە ناو هۆڵەکە زایەڵەی دەدایەوە. پاش ئەوەی ئاهەنگەکە کۆتایی پێ هات کەوکەبەکە ویستی ئەم بەهرەمەندە لە نزیکەوە بناسێت. ئەوە بوو عەلی فلەیح ئاوەها شەهاب-ەکەمانی بە ئوم کەلسووم ناساند: بەرێز شەهاب، گەورەترین ئاوازدانەری مەقام بێژەکانە. هەڵبەت ئەو شەوە بەغدادییەی لە بیر ناکرێت و لەسەر داواکاری ئەو میوانە هونەرمەندە هەولێرییەکەمان چەند مەقامێکی عێراقی سەختی چڕی، وەک مەقامی ڕاست، پاشان بەری بە مەقامەکان گرت و پێیاندا هاتە خوارەوە، وەک مەقامی ئیبراهیمی، حەکیمی، ناری، ئەوج و خاناباد. دەیویست خانمە گۆرانیبێژەکە بە تۆنی دەنگی و بەهرەکانی سەرسام بکات. لە کۆتاییدا گەڕایەوە سەر مەقامی ڕاست کە بە هۆنراوەکەی موتەنەبی گەورە شاعیری عەرەب کۆتایی پێ هێنا.

هەروەک دەیگێڕنەوە، ئوم کەلسووم بەجۆرێک لەگەڵ دەنگ و ئاوازەکەی شەهاب جۆشی خوارد بوو دەموچاوی سوور هەڵگەڕا و خۆی بۆ نەگیرا و پەتی شەرمی پساند و بە شێوە زاری میسری هاتە دەنگ و گوتی: “ئێهـ دە، دە شي عظیم”. ئەو هونەرمەندە بە جۆرێک سەرسامی خۆی نواند کە بە مامۆستای خۆی بانگی بکات. تەنانەت داوای لێ کرد بکەوێتە گەڵی بۆ قاهیرە و بەڵێنی ئەوەشی پێدا کە بیکاتە ئاواز دانەری تایبەتی خۆی. بەڵام کار لە کار ترازا بوو، هونەرمەندە کوردەکەمان بەڵێنی گەڕانەوەی بە مەلا فەندی دابوو، بۆیە بە ڕەوشتێکی بەرزەوە لەو داوایە خۆی دەدزێتەوە.

داهێنان بە “نەخێرێک” لە زاری شەهاب-ەوە هونەرمەندێکی ڕەسەنی لە کیس چوو، دەکرا ئوم کەلسووم بە بلیمەتی خۆی ئاواز و کلتوورە جیاوازەکان بهۆنێتەوە. ئەو شەهابەی کە بەوپەڕی لێهاتوویی و شارەزاییەوە مەقامەکانی بە کوردی، عەرەبی، تورکی، فارسی دەچڕی. بەڵام ناوی ئەو کەڵە هونەرمەندەمان چووە قاوغێکەوە و لە تەمەنی ٤٨ ساڵیدا ماڵاویی لێ کردین. ئەو ئەستێرە گەشەیەی ئاسمانی کوردستان کەوتە شانی هەسارەکەوە. لە ژیاندا گەش و ورشەدار بوو، کەچێ زۆر بە خێرایی داڕژا، دڕێ بە تاریکی ئەبەدی دا.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO