هه‌ڵبه‌ته وه‌كوو پێشتر ئاماژه‌مان پێ كرد، ناسین و زانینی زمانێكی بێگانه به ته‌نها نابێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی تاك له تاراوگه. به‌ڵكو به‌هۆی ژیانیان و ئه‌زموونیان له‌ناو جیهانه نامۆكه‌دا، كۆدی سیستەمی بیركردنه‌وه‌یه‌كی تریشیان له‌ناخدا ده‌ڕوێ كه بریتییه له كۆده‌كانی بیر كردنه‌وه كولتووریه‌كانی ئه‌و وڵاته! دوای فراوانكردنی زانیاریه گشتییه‌كانیان، ئه‌وا منداڵان له ڕووی مەعریفییهوهش گەشە ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی كه ئێمه ده‌بێ زۆرسهرنجمان له‌سه‌ری بێ و ئاگارداری بین ئه‌وه‌یه كه سیسته‌می پەروەردەی ڕۆژاوا هاندەری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیه. منداڵان فێری شیکردنەوەی زانیاری و داڕشتنی ئارگیومێنت و پەرەپێدانی بیرۆکەکان دەبن، كه ئەمەش توانای بیرکردنەوەیان بەهێز دەکات. به‌ڵام ئه‌مه واش ده‌كات كه منداڵه‌كان بۆچوون و كولتوور (داب‌و نه‌ریت)ی دایك و باوكیشیان بخه‌نه ژێر پرسیار و به نامۆ و دواكه‌وتوویان بزانن. چونكه ئه‌م منداڵانه په‌روه‌رده‌ی بیركردنه‌وه‌ی ڕهخنهگرهیی ده‌كرێن به بیركردنه‌وه و ده‌ربڕینی ڕاوبۆچوونی كه‌سیی وه‌كوو تاك، نه‌وه‌ك سه‌ردانه‌واندن و گوێڕایه‌ڵی به‌بێ بیر كردنه‌وه به ناوی ڕێز گرتن له گه‌وره (دایك و باوك و مامۆستا).
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌و دینامیكه دژبه‌یه‌كه له بنیاتنانی ناسنامه‌ی هه‌رزه‌كاری كورد له تاراوگه تێبگه‌ین، ئه‌وا هه‌وڵ ده‌ده‌ین په‌نا ببه‌ین بۆ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سۆسیۆلۆجی زۆر گرنگ و ناسراو سه‌باره‌ت به پرۆسه‌كانی گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگای سویسری و فه‌ره‌نسی و ڕۆژئاوایی به گشتی كه شێوازه‌كانی په‌ره‌رده و پارادایمی دیدگاكانیان گۆڕێوه له بواری په‌روه‌ده دا.
سه‌باره‌ت به جۆری په‌یوه‌ندی نێوان منداڵ و گه‌وره‌ساڵان له ڕۆژئاوا، ژان پۆڵ گایارد، ده‌روونناس و پێداگۆگی فه‌ره‌نسی له ڕێگه‌ی دوو كتێبدا چه‌ند خاڵێكی گرنگمان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه له گۆڕانكاریه‌كانی جۆر و ناوەڕۆكی په‌یوه‌ندی نێوان منداڵ و گه‌ورەساڵان له ڕۆژائاوا، كه ئه‌مانه‌ن:
یەکەم، جاران په‌یوه‌ندی نێوان منداڵ و گه‌وره‌ساڵان جۆری ستوونی بوو؛ واته گه‌وره، وه‌كوو بڕیارده‌ر و خاوه‌نده‌سه‌ڵات له‌سه‌ره‌وه، منداڵیش له خواره‌وه گوێڕایه‌ڵ و ملكه‌چ بوو بۆ ده‌سه‌ڵات و ڕاوێژ و بۆچوون و چاوه‌ڕوانییه‌كانی گه‌وره‌ساڵان. به‌ڵام له سه‌رده‌می ئێستادا جۆری په‌یوه‌ندیه‌كه گۆڕاوه بۆ ئاسۆیی. واته منداڵ خۆی به هاوته‌ریب و هاوئاست و هاومافی گه‌وره‌ساڵان ده‌زانێ. چونكه ته‌كنه‌لۆجیا و جۆری په‌روه‌رده و مافه‌كانی منداڵان بوونه‌ته هۆی لاوازكردنی ڕۆڵی دایك و باوك و مامۆستا وه‌كوو خاوه‌نده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به منداڵان. له لایه‌كی تریشه‌وه تاكگه‌رایی و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵان له ڕۆژئاوا به‌ژێرخانی ماف و مه‌عریفه، تاكی خستۆته سه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵ كه دوایی دێینه‌وه سه‌ری.
دووەم، جاران قوتابخانه و مامۆستا وه‌كوو كه‌نیسه و قه‌شه، وه‌كوو خێزان و دایك و باوك، كاراكته‌ری پیرۆزیان هه‌بوو. ئه‌مڕۆ كه‌نیسه و قوتابخانه و مامۆستا و خێزان و دایك و باوك كاراكته‌ری پیرۆزیان نه‌ماوه و زۆر ئاسایین.
هه‌روه‌كوو بینیمان قوتابخانە شوێنی بەکۆمەڵایەتیکردنە کە منداڵان و لاوان فێری پەیوەندیکردن و تێگەیشتن لە دیدگای کەسانی دیکەوە دەبن. ئەمەش بەشدار ده‌بێت لە گەشەسەندنی سۆزداری و بهکۆمەڵایەتیكردنیان، به‌ڵام کاریگەریی لەسەر شێوازی بیرکردنەوەشیان دەبێت.
سێیەم،خاڵێكی تری زۆر گرنگ و هه‌ستیار ئه‌وه‌یه كه له ڕۆژئاوا، لە ڕێگەی ئەو بابەتانەی کە فێردەکرێن، منداڵان و لاوان، له ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی داستان و ئه‌فسانه و چیرۆکهكانهوه كه گوێیان لێ ده‌بێت، بیرۆکەی جیاواز وێنا ده‌كه‌ن كه ئاسۆی بینین و تێگەیشتنیان لە جیهان فراوانتر دەکات و خۆیانی تێدا ده‌دۆزنه‌وه و به ناوه‌وه‌ی خۆیانی ده‌كه‌ن. به‌ڵام هه‌روه‌كوو بینیمان له تاراوگه دا زۆر جار له‌وانه‌یه دووریشیان بكاته‌وه له كولتووری دایك و باوكیان. چونكه له قوتابخانه، مێژوو و چیرۆك و به‌سه‌رهات و داستان و ئه‌فسانه كوردییه‌كان ناخوێنن و له ماڵیشه‌وه كه‌م یان هه‌ر گوێیان لێ نابێ، كه ڕۆڵی گرنگیان هه‌یه له بنیاتنانی ناسنامه‌ی كولتووری منداڵ و هه‌رزه‌كار.
تاكگه‌رایی
وانه و چالاکییەکانی قوتابخانە، وەک دیبەیت و پێشکەشکردن و ئەرکی نووسراو، هانی منداڵان دەدەن بۆ دەربڕینی بیرکردنەوە و بۆچوونەکانیان. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌مانه هۆكارن بۆ دروستبوون و به‌هێزكردنی متمانە بەخۆبوون و توانای خستنەڕووی بیرۆکەکانیان، له هه‌مان كاتدا ده‌بنه هۆی بنیاتنان و به‌هێز كردنی هه‌ستی كه‌سایه‌تییان وه‌كوو تاك نەک کۆ. واته ئه‌وه ده‌خرێته ناخیان كه ئه‌وان وه‌كوو تاك مافه‌كانیان له‌سه‌ره‌وه‌ی مافه‌كانی كۆمه‌ڵ و گرووپه. چونكه قوتابخانە و سیستەمی ڕۆژئاوا ژینگەیەکی چارەنووسسازە بۆ به‌رهه‌مهێنانی تاك كه له ئاینده‌دا كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆیه و داواكار و به‌رگریكه‌ری مافه‌كانی تاكه كه‌سی خۆیه‌تی پێش مافه‌كانی كۆمه‌ڵگا. بۆیه هه‌ندێ جار دایك و باوكی كورد هه‌ست ده‌كه‌ن كه منداڵه‌كانیان، به قه‌ولی هه‌ندێكیان “به قسه‌ی دایك و باوكیان ناكه‌ن، له‌ده‌ست ده‌رچوونه، خۆپه‌رستن، هه‌ستی ئینتیمایان نییه، بێ ئه‌خلاقن، بێ ڕێزن، بوونه‌ته هه‌ڵگری بیر و هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌وروپی، هتد). بە شێوه‌یه‌كی گشتی تاکگەرایی بە پرۆسەیەک پێناسە دەکرێت کە تاک زیاتر و زیاتر خۆی لە یاسا و بەها كۆمهڵیهكان ڕزگار دەکات کە لە ئاگایی بەکۆمەڵەوە سەرچاوە دەگرن. له ڕوانگه‌ی سیاسیه‌وه، تاكگه‌رایی چەمکێکە بۆ ژیان لە کۆمەڵگەدا کە تاک بەهای ناوەندییە، كه تیایدا گرنگی بە ئازادی و مافی کەسی تاک دەدات.
له ڕوانگه‌ی کۆمەڵناسیهوه، تاك پێوەندی لەگەڵ ڕێسا بەکۆمەڵەکاندا لاواز ده‌بێته‌وه و خۆی ئازاد ده‌كات له‌و پێوەرانەی کە ئەوانی دیکە دەیسەپێنن و دەبێتە تاكێكی ئۆتۆنۆم. به‌ڵام ماتیۆ پێلتیێر ئاماژە بە چوار مەترسی سەرەکی دەکات له تاکگەرایی، كه ئه‌مانه‌ن:
مەترسی بۆ دیموکراسی. تاك واز ده‌هێنێ لە به‌شداریكردنی له کایە گشتییه‌كان و بەشداریکردن لە ژیانی کۆمەڵگەدا. ئەم کشانەوەیەی تاك دەتوانێت جێگەی خۆی بۆ جۆرێک لە خۆسه‌پاندن و ستەمکاری نەرم بكاتەوە.
مەترسی بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی. فەیلەسوف ئیم‌یل دورکهایم، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا، لە بەرامبەر كه‌مبوونه‌وه‌ی کۆمەڵگەی نەریتی و گوندنشین و دامەزراوەکانی وەک کڵێسا، پرسی ڕێزگرتن لە بەها و نۆرمەکانی هاوبەشی وروژاند. چۆن یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی بەدەست بهێنین له کاتێکدا كه هەمووان بە شێوەیەکی كه‌سیی و تایبەت پەرەدەسەنن؟
مەترسی کۆتایی هاتنی ئەگەری گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. بەڕاستی تاکگەرایی ده‌بێته هۆی كه‌مبوونه‌وه و نه‌مانی کردەوەی بەکۆمەڵ. چونكه بۆ ئەوەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی هەبێت، دەبێت ئامانجێکی هاوبەش، بەها هاوبەشەکان، جیهانێک هه‌بێت كه تیایدا خەونی هاوبەش هەبێت. به‌ڵام وا پێدەچێت لە ڕۆژئاوادا ئه‌مه ڕۆژ له دوای ڕۆژ کەمتر و کەمتر بێت.
مەترسیی دەروونی، کە ئالان ئێهرنبێرگ لە کتێبی “ماندوێتی خۆبوون”دا ئاماژەی پێکردووە. ئه‌و پێی وایه ئەگەر تاکگەرایی گەشە بکات، بە دڵنیاییەوە تاک ئازادی بەدەست دەهێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا پتەویی و دڵنیاییەکان لەدەست دەدات، بەو پێیەی لە بنیاتنانی ژیانیدا دەبێتە بەرپرسیار لە چەندین شت. ئەوەش وای لێدەکات لاواز و نیگەران بێت. چونكه سەردەمانێک كه لەلایەن گرووپەکەوە پشتگیری دەکرا، ئێستا خۆی به ته‌نها بەرپرسیارە لە چەندین هەڵبژاردەی ئاڵۆز بۆ سەرکەوتنی له ژیانیدا، کە زۆر جار ده‌بێته هۆی زیادبوونی خەمۆکی و تەنانەت خۆکوشتن.
هه‌روه‌كوو بینیمان، له‌و قۆناغەدا ههرزهكاردهرگای کەسایه‌تیی خۆی بەڕووی جیهانی ده‌ره‌وه‌ی خێزاندا ده‌كاته‌وه. كه تیایدا به‌ناو پرۆسه‌ی ئۆتۆنۆمبوون یان خۆجیاكردنه‌وه له دایك و باوكی‌دا تێده‌په‌ڕێت. ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش پڕه له گۆڕانكاری، كه بنەڕەتین له بنیاتنان و به‌هێزكردنی ناسنامه‌ی كه‌سایه‌تیان. بەهۆی ئه‌و گۆڕانکارییە ناوخۆیی و دەرەکیانەوە، هه‌رزه‌كار پێویستی به دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌ی تره؛ كۆمه‌ڵگا چاوەڕوانی ئه‌وه‌ی لێ دەکات كه سوود لەو دەرفەتانە وه‌ربگرێت کە کۆمەڵگە بۆی ده‌ڕه‌خسێنن و پێشكه‌شی ده‌كه‌ن. ئه‌و ده‌بێ بتوانێت بڕیار بدات کە چی بۆ خۆی دەوێت، ئامانج و بەهاکان هەڵبژێرێت و لە کۆتایی هەرزەکاریدا ڕۆڵەکانی گەورەساڵی ببینێ. هه‌رزه‌كاری كورد له تاراوگه، له نێو جه‌نجاڵ و ئاڵۆزی دوو جیهاندا، كه هه‌ندێ جار به‌هاكان دژ به‌یه‌كن، ده‌بێت ناسنامه‌ی خۆی بنیات بنێ، ماڵه‌وه و ده‌ره‌وه. له ماڵه‌وه، دایك و باوكی كورد پێویستیان به‌وه‌یه كه منداڵه‌كانیان هه‌روه‌كوو ئه‌وه‌ی له كوردستان بن هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و بیر بكه‌نه‌وه. منداڵانیش وه‌كوو بینیمان له سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاریدا پێویستیان به كه‌ره‌سته‌ی ده‌ره‌كی هه‌یه بۆ به‌رده‌وامیدان به بنیاتنانی ساختمانی ناسنامه‌ی كه‌سی و كولتووریان. بۆیه به‌ریه‌ك كه‌وتنی جیاوازییه كولتووریه‌كان لێره‌دا ڕوو ده‌دات. كه له سۆسیۆلۆجیدا پێی ده‌گوترێ، به‌ر یه‌ك كه‌وتنی كولتووری (culture shock). چونكه باوك و دایكی كورد چاوه‌ڕوانی ئه‌وه له منداڵه‌كانیان ده‌كه‌ن ئه‌و ئامانجانه به‌ده‌ست بهێنن كه خۆیان شكستیان هێنا و سه‌رنه‌كه‌وتن تیایدا، كه هه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستم له پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورده. له كاتێكدا زۆربه‌ی سیسته‌مه‌كانی سیاسه‌تی ئه‌وروپا سه‌ره‌ڕای هه‌ندێك مافی كولتووری وه‌كوو كۆرسی زمانی دایك بۆ منداڵان چاوه‌ڕوانن له پهنابەر كه خۆی بتوێنێته‌وه (ئهسیمیلێشن) له نێو كۆمهڵگەكهیاندا. كه‌چی باوك و دایك ده‌یانه‌وێ منداڵه‌كانیان له قوتابخانه سه‌ركه‌وتوو بن و ببن به دكتۆر و ئه‌ندازیار و مامۆستا و دانساز،هتد. به‌بێ ئه‌وه‌ی بكه‌ونه ژێر كاریگه‌ریی كولتوور و دابونه‌ریتی وڵاته پێشوازیكهرهكهیان. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه منداڵ هه‌ندێ جار هه‌ست به دابڕان بكات له نێوان چاوه‌ڕوانی كۆمه‌ڵگای ده‌ره‌وه و چاوه‌ڕوانی ماڵه‌وه.
ڕۆڵی گێڕانه‌وه له بنیاتنانی ناسنامه‌ی منداڵ
گێڕانه‌وه، ئامرازێکە بۆ تۆمارکردنی کۆمەڵێک توخم لە “پۆلێک”دا کە یەکیان دەخات و ڕێگەیان پێده‌دات كه ڕووداوه‌كان بەیەکەوە ببەستنەوە. ئەمەش ئەوەیە کە جێرۆم برۆنەر ناوی دەنێت “تایبەتمەندی گشتی” كه ئێمه ناوه‌ڕۆكێكی پێده‌به‌خشین و بە شێوازی کۆمیدی، تراجیدی، توانج، ڕۆمانسیەت، هتد، ده‌ریان ده‌بڕین. ئه‌گه‌ر سه‌رنجی گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته سه‌خته‌كانی خۆمان بده‌ین، ده‌بینین كه ئه‌و وشانه لەخۆدەگرن کە ئێمە ده‌گرنه باوه‌ش و نازمان هه‌ڵده‌گرن و ده‌مان به‌ن به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی ڕووناک و دۆستانە كه زۆر جاریش هیوابه‌خشن. گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی گه‌له‌كه‌مان بۆ منداڵه‌كانمان له تاراوگه، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه منداڵه‌كانمان بتوانن له ده‌روونیاندا شته جیاوازه‌كان و دژبه‌یه‌كه‌كانی نێوان دوو كولتووریان بهیهكترببهستنهوه و وایان لێ بكات كه خۆیان له کەشێکی ڕووناكدا بدۆزنه‌وه كه زۆر به ئارامتر ده‌توانن لە سنووری نێوان جیهانی خەیاڵی و ڕاستەقینەدا، كه بریتییه له نێو دوو جیهانی باوك و دایكیان و ئه‌و وڵاته‌ی كه تێیدا ده‌ژین، شوێنپێی خۆیان بدۆزنه‌وه و هه‌ست به سهربوونیان (ئینتیما) بكه‌ن به ناسنامه‌ی كولتووری كوردی خۆیان، به تایبه‌تی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی.
سه‌باره‌ت به‌و تێزه، ژاك سالۆمێ، ده‌روونناسی فه‌ڕه‌نسی پێی وایه كه “گێڕانه‌وه ده‌بێت به یارمه‌تیده‌ر بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی حاڵه‌ته ده‌روونییه مرۆڤییه دژبه‌یه‌كه‌كانی ناوه‌وه‌مان كه هه‌ندێك جار به هۆی دژایه‌تی و له‌یه‌ك تێنه‌گه‌یشتن له نێوان دەروون و جەستە و ڕۆحماندا دروست بوونه و له هه‌ندێ بواری ژیانماندا په‌كی خستووین”. لێره‌دا بێگومان مه‌به‌ستی له كاراكته‌ره دژبه‌یه‌كه‌كانی هه‌سته‌كانی ئینتیمایه.
جێرۆم برۆنەر پێی وایه كه “گێڕانه‌وه ڕێگە به منداڵ دەدات كه به‌سه‌رهات و کردارەکان بە شێوەیەک ببەستنەوە به‌یه‌كتر کە ببنە هۆکاری کردارێكی ویستراو یاخود نه‌خشه بۆ كێشراو”. بۆ برۆنەر ئەو تاکەی كه هه‌وڵ ده‌دات كه فێربێت، به شێوه‌یه‌كی چالاکانە بەشداری لە بنیاتنانی زانینه‌كانی خۆیدا ده‌كات. چونكه به بۆچوونی برۆنه‌ر، منداڵ بریتییه له “توێژەر یان گه‌ڕۆكێك كه به‌دوای پێکهاتەكانی ستراكتهردا ده‌گه‌ڕێت”، کە هەوڵدەدات له‌وه تێبگات چۆن شتەکان لە جیهانی دەرەوەدا پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە. منداڵ بەهۆی بوونی فایلۆجینێتیک (پەرەسەندنی زیندەوەرە زیندووەکان) كه له ناوه‌وه‌ی خۆیدا هه‌یه، هه‌ر له‌گه‌ڵ له دایکبوویندا هەموو توانایەکی پێویستی هەیە بۆ فێربوون. بەڵام پێویستی بە کارلێککردنە لەگەڵ ئەندامانی کولتوورەکەی کە یارمەتی بدەن بۆ بەکارهێنانی ئەو “ئامرازانەی” کە لە ناو ئه‌واندا دەیاندۆزرێتەوە. فێری قسەکردن دەبێت بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی دەوروبەری، بەڵام زمان، وه‌كوو پێشتر بینیمان، یارمه‌تیشی ده‌دات بۆ ڕوونکردنەوە و پێکهاتەکردنی بیرکردنەوەکانی.
سه‌ره‌نجام، گێڕانه‌وه له لایه‌كه‌وه ده‌بێته هۆکارێک بۆ ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌ك یان کردارێك بەرهەم بهێنێت له‌لای منداڵ، لە لایەکی دیکەشەوه یارمه‌تیده‌ره بۆ ئه‌وه‌ی منداڵ دەستی ڕاستییەک بگرێت بۆ ئەوەی بیکات بە هۆشیاری ئاگا لەسەر بنەمای “پرۆژەیەکی ویستراودا.
لێره‌دا ئه‌و پرسیاره گرنگه سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئایا پڕۆژه‌ی ویستراوی ئێمه‌ی كورد چییه بۆ منداڵه‌كانمان له تاراوگه؟ ئایا ده‌مانه‌وێ منداڵه‌كانمان له ڕێگه‌ی فێربوونی زمانی دایكیانه‌وه ببن به هه‌ڵگری چی؟ ئایا پرۆژه‌ی تریشمان هه‌یه بۆ داهاتوویان؟ كام پڕۆژه و كام مێتۆدی په‌روه‌رده‌یی؟
له ژێر ڕۆشنایی ئه‌و زانیارییانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌توانین ئه‌و گریمانه بكه‌ین كه گێڕانه‌وه ڕێگە به منداڵه‌كانمان ده‌دات كه لە خۆیان تێبگه‌ن و ئەو به‌سه‌رهاتانه‌ی دایك و باوك و باپیریان كه بریتین له ڕاستییەکانی نه‌ك ته‌نها گه‌له‌كه‌مان، به‌ڵكو له ڕاستییه‌كانی نائاگایی خودی خۆشیان، هۆکارن بۆ کارکردن لەسەر مەبەستەکانیان.
من نازانم ئایا ئێمه‌ی كورد تاكو ئێستا چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیمان كردووه ده‌رباره‌ی ڕۆڵی گێڕانه‌وه له مانه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان. به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین گێڕانه‌وه‌ی مێژوومان و به‌سه‌رهاته‌كان له ڕێگای حه‌كایه‌ت و حه‌یران و لاوك و هۆره-دا هۆكارێك بوونه بۆ ئه‌وه‌ی كورد به‌رگه‌ی ئازار وئەشکەنجەکانی خۆی بگرێ و زمان و كولتوور و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیی خۆی بپارێزێ و له‌سه‌ر خاكی خۆی بمێنێته‌وه و به‌رده‌وامی بدات به ناسنامەی نه‌ته‌وه‌یی خۆی!
بۆریس سیرولنیک باس لە بەکارهێنان و ئەرکی “خۆگێڕانەوە” لە جیهانی هاوچەرخدا دەکات و ده‌ڵێ “کاتێک [کەسێکی دڵ بریندار] هه‌ست ده‌كات كه به‌ته‌نها نه‌ماوه و هەوڵدەدات چیرۆکی به‌سه‌رهاته ناخۆشه‌كانی خۆی بگێڕێتەوە بۆ كه‌سانێك كه به‌ڕێزه‌وه گوێی لێده‌گرن، ئەوا ده‌توانێ وێنه‌یه‌ك بۆ ئه‌و بەدبەختیانهی بكێشێ و پەره‌ی پێبدات و ده‌سكاری هه‌سته‌كانی خۆی بكات به شێوه‌ك كه بتوانێ دووباره ئەزموونیان بکاته‌وه و ئاسۆیه‌كی ویستراوی تازه‌یان لێ درووست بكاته‌وه”.
هه‌روه‌كوو له‌سه‌ره‌وه بینیمان، منداڵی كوردی تاراوگه له ناو جیهانێكی جه‌نجاڵدا ده‌بێت ناسنامه‌ی خۆی بنیات بنێ، له نێوان برین و ئازاره‌كانی دایك و باوكیان و ئازار و ئەشکەنجەی تاراوگه. جه‌نجاڵی ژیانی مۆدێرن له ڕۆژئاوا، بۆته هه‌وێنی لێكۆڵینه‌وه‌یكی دوورودرێژ و قووڵ له لایه‌ن ئێدگار مۆران، كه بووه هۆی له‌دایكبوونی تیۆرییه باناوبانگهگهی مۆران كه بریتییه له كۆنسێپتی “ئاڵۆزی”. بۆیه، ڕه‌نگه زۆر پێویست بكات كه كاربه‌ده‌ستان و مامۆستایانی كورد له تاراوگه ئه‌م ئاڵۆزیه ببین و هه‌ستی پێ بكه‌ن و قبووڵی بكه‌ن، به تایبه‌تیش كاری پێ بكه‌ن. توخمه‌كانی سه‌ربوونی،ئایین، نیشتیمان، نه‌ته‌وه، وڵات، هتد، كه ناسنامه‌ی كولتووری پێك ده‌هێنن، لای هه‌رزه‌كاری كورد له تاروگهدا دینامیكێكی ئاڵۆزیان هه‌یه و زۆر جار دژ به یه‌كن، چونكه له ژێر كاریگه‌ریی كولتووری كۆمه‌ڵگای پێشوازیكهردان. بۆ ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه، ئێدگار مۆران پێی وایه ؛ “كاتێك تاك یان گرووپ سیمای ئاڵۆز و دینامیكه دژبه‌یه‌كه‌كانی توخمه‌كانی ناسنامه پشتگوێ ده‌خات، ئه‌وا په‌یوه‌ندییه‌كان گرژ ده‌بن و ناسنامه تووشی قه‌یران ده‌بێت.”
ئایا به‌رپرسیاران و مامۆستایانی كورد، بۆ پرۆژه‌ی بنیاتنانی لۆبی كوردی، بۆ ئه‌وه‌ی دیسانه‌وه وه‌كوو زۆربه‌ی ئه‌زموونه‌كانی تر تووشی گرفت نه‌بن، ده‌یانه‌وێ و ده‌توانن ئه‌و ئاڵۆزیانه‌ی كه له سه‌ره‌وه باسمان كردن، پشتگوێ نه‌خه‌ن و به پێچه‌وانه‌وه، به ئه‌وله‌ویه‌ته‌وه له به‌رچاوی بگرن و گرنگی پێ بده‌ن؟
له ژێر ڕۆشنایی ئه‌و زانیاری و شیكردنه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی داهاتووی كورد له دیاسپۆرا ببن به‌و لۆبیه‌ی كه ئێمه چاوه‌ڕوانین، ده‌بێت وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك بده‌ینه‌وه كه به ناچاری دێنه پێشه‌وه، وه‌كوو؛ ئایا مامۆستای كورد بۆ فێركردنی زمانی دایك له تاراوگه، ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه له ڕۆڵی ته‌نها فێركهرێك نه‌مێنێته‌وه و ڕۆڵی په‌روه‌رده‌ییش بگرێته ئه‌ستۆی خۆی؟ ئایا مامۆستای كورد له تاراوگه، سه‌ره‌ڕای ئه‌زموونه‌كانی مامۆستایی له كوردستان، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ گونجاوه و ئاماده‌یه هه‌موو ئه‌و لایه‌نه ئاڵۆزانه‌ی سیسته‌مه‌كه كه پێشتر باسمان كردن له‌به‌رچاو بگرێت له كاتی وانه گوتنه‌وه‌ی زمانی دایك بۆ منداڵه‌كانمان؟ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه ئه‌رێنی بێت، ئایا مامۆستا به‌ڕێزه‌كان كامه مێتۆدی پێداگۆگی به‌كار ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی له پشت و ته‌نیشت و ژێری وشه و ڕسته كوردییه‌كانه‌وه له كاتی وانه گوتنه‌وه‌دا په‌یامێكی جیاواز بگه‌یه‌نن به منداڵان؟ مه‌به‌ستم له‌و په‌یامه‌یه كه ده‌توانێ وێنه‌یه‌كی پۆزەتیڤی نه‌ته‌وه‌كه‌یان و وڵاته‌كه‌یان له ناخیاندا بكێشیت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به سه‌ربه‌رزی و شانازی بكه‌ن به‌وه‌ی كه كوردن! ئایا كامه گێڕانه‌وه و كامه مێتۆدی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك و ئه‌فسانه و به‌سه‌رهاتی مێژوویی و كولتووریی كوردی هه‌ڵده‌بژێرن بۆ گه‌یشتن به‌و مه‌به‌ستانه‌ی سه‌ره‌وه؟
له یادمان نه‌چێ، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵانی كورد له تاراوگه بزانن به‌ره‌و كوێ بڕۆن، ده‌بێ بزانن له كوێوه هاتوون.
سەرچاوەکان
مارتن ڤان برۆ‌نسن، کتێبی (شێخ و ئاغا و دەوڵەت 1999). وەرگێڕانى: شەهرام عەبدوڵڵا.
Martine Nannini, une approche centrée solution, phlosophie et pratique, ESF, 2014.
Edgar Morin, Introduction à la pensée complexe, Poche, 2005.
Chiara Curonici et Patricia McCuloch, Psycholgues et enseignants, De Boeck, 2013.
Edgar Morin, Introduction à la pensée complexe, Poche, 2005.
Ludwig Wittgenstein, Tractatus logico-philosophicus, Poche, 1993.
Gilbert Gagné, « L’identité québécoise et l’intégration continentale », Politique et Sociétés, vol. 23, nos 2-3, 2004.
Jean-Paul Gaillard, Enfants et adolescents en mutation sociale, ESF science humaine , 2020.
Boris Cyrulnik, le récit de soit, dans La nuit j’écrirai des soleils, Odile Jacob, 2019.
Rtbf, ACTUS, Les 4 dangers de l’individualisme, expliqués par la philosophie La fatigue d’être soi, Dépression et société, Alain Ehrenberg, Odil Jacob, 1998.
L’identité, L’individu, Le groupe, La scociété. Science humaine, 1998.
Jérôme Bruner et l’innovation pédagogique, 1985.
Jacques Salomé, Contes à aimer, contes à s’aimer, Albin Michel, 2000.
Boris Cyrulnik, A. Sowik, L’Harmatan, 2016.