شاهۆ مەلەکی
هەتا دەوڵەتمان نەبێت هەر کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی دەبین. ئەگەر ئەو دێڕە، دەروازەی چوونە ژوورەوەی بابەتێک بێت، دەبێ دوابەدوای ئەمە بڵێین: خۆ بەوەی نییە کە لە ڕابردوو و ئێستاشدا لە کوردستان تەراتێنی گوتارە خۆڕادەستکەر و دۆڕاوەکانی دژەدەوڵەت و دژەناسیۆنالیزم هەبووە و هەیە. لە ئەرزی واقیعەکەدا بەپێی هەر سەردەمێک بیگری، بەراورد بە جیهان و دەوروبەر، وەک کۆمەڵگەیەکی بێدەوڵەت هەر کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی و دواکەوتووی بێدەسەڵات دەبین کە تەنانەت توانا و مافی گەشەی سروشتیمان نییە. هەڵبەت ئەگەر ئیتر دروست بێت بە کۆمەڵگە (جامعە) پێناسە بکرێین نەک بە کۆمەڵ (اجتماع)!
ئەگەر لە ڕووی تییۆریی و واقیعیشەوە وا بڕیارە کە بۆ هەبوون یان بنیاتنانی دەوڵەت، سەرەتا دەبێ کۆمەڵگە گەیشتبێتە ئەو ئاستە لە “گەشە” کە بتوانێ دەوڵەتی خۆی بنیات بنێت؛ ئەوا ئاسایی و سروشتیی دەبێ بە لانی کەمەوە هۆکار و هێزە “خۆیی”یە کاریگەر و ئاراستەپێدەرەکانی کۆمەڵگە، لەو ڕەوتەدا و لە پێناوی گەیشتنی کۆمەڵگە بەو ئاستە لە گەشە بن. کە وا بوو ئەگەر کۆمەڵگەیەک نەگەیشتبووە ئەو ئاستە لە گەشە، ئیتر دەبێ لەم نەگەیشتن یان پێنەگەیشتنەیدا، لەگەڵ هۆکارە دەرەکییەکان، هۆکارە خۆییەکانیش بە دەورێکی نەرێنییەوە کاریگەر بووبن.
ئەگەر گەشەی کۆمەڵگەی کوردیش نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە کە ببین یان بتوانین ببینە خاوەنی دەوڵەت، دیارە لەپاڵ هۆکارە دەرەکییەکان (سیاسی، نێودەوڵەتیی) دا هۆکارە خۆییەکانیش کاریگەر بوون. دیارە هۆکارە خۆییەکان هەر بە تەنیا ماددیی (ئابووری و جوگرافی) نین، کولتووریشن. کولتووریش هەر ماددیی نییە، بەڵکو هزریشە. ڕوانین و دنیابینیی و هۆشیاریی و هەستی بەکۆمەڵیش (دەستەجەمعیشە). ناکرێ لە باسکردن لە هۆکارە خۆییەکاندا تەنیا بە شەنوکەوی هۆکارە ماددییەکان یان ئاماژەکردنێکی سەرپێیی و قسەکردنێکی گشتیی لە جۆری پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ژێرخانی کۆمەڵایەتی بەسندە بکەین، بەڵکو دەبێ بە جەختەوە و بە دیاریکراویی و وردەکارییەوە لەسەر “کولتوور”یش هەڵوەستە بکەین، چون کولتوور لە ڕەهەندە هزرییەکەیەوە ئەو خەون یان ڕوانین و دنیابینییە بەکۆمەڵەیە کە دەتوانێ ببێتە “هۆ”ی خواست و ئیرادەی بەکۆمەڵ بۆ بڕینی بەربەستە دەرەکییەکانی ڕێی گەشەی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی دەوڵەت. هەر لەم ڕەهەندەیدا، کولتوور تەنانەت دەتوانێ ڕووە ماددییەکەش بەرەو گەشە ئاراستە بدات و ڕەخسێنەری دەوڵەتسازیی بێت.
هەڵبەت کولتوور قەت لەوە ناکەوێت کە هۆ بێت، واتە بەردەوام هۆیەکە بۆ بەهێزیی و گەشەی کۆمەڵگە یان بە پێچەوانەوە. هۆیەکە بۆ باڵاکردن و بۆ تەبایی و جۆری پێوەندییە ناوخۆییە کۆمەڵایەتییەکان و بۆ جۆری پێوەندییەکانی کۆمەڵگەیەکی مرۆیی تایبەت، بە کۆمەڵگەکانی دیکەوە. هۆیەکە بۆ چۆنیەتیی بەرکەوتن و مامەڵەی کۆمەڵگەیەک لەگەڵ پرسە ژیاریی و سیاسییەکان، لەگەڵ مەترسیی و هەڵکەوت و دەرفەتەکان. بەڵام بە درێژایی هەبوونی کۆمەڵگەیەک، کولتوور تەنیا وەک هۆ نەبووە و نییە و وەک هۆکارێک نامێنێتەوە، بەڵکو “بەرهۆ”شە. واتە، لە ڕەوتی پێکهاتن و شێوەگرتن یان دەرکەوتن و گۆڕانکارییەکانیدا، بە کۆمەڵێک هۆ کاریگەرە. کولتووری هەر کۆمەڵگەیەک بە کۆمەڵێک هۆکاری ماددیی و ناماددیی کاریگەرە، هەر لە هۆکارە ماددییەکانی ئابووری و نیشتیمان یان هەڵکەوتەی جوگرافیاییەوە بۆ هۆکارە ناماددییەکانی وەکوو ئایین و سیاسەت و زهنییەتی یەکە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و گوتار و ئاکاری سەرکردەکان یان بەڕێوەبەرەکان.
ئەگەر کولتووری کوردیی نەبووەتە کولتوورێک کە دەوڵەتساز بێت یان هەڵگری دەوڵەت و خاوەندارێتیکردنی بێت و بەم هۆیەوەش لە شوناسی ئێمەدا دەوڵەت غایب بێت، ئەوا بێجگە لە جوگرافیا و تۆپۆگرافیا، زهنییەتی خێڵ و ئینتما و پابەندیی بۆ یەکە کۆمەڵایەتییەکانی بچووکتر لە نەتەوە، کاریگەر بوون. ئەگەر لە ڕوانین و ئاکار، لە هزر و کرداری ئێمەدا بەرژەوەندییە تایبەتە بچووک و بەرتەسکەکان وەپێش بەرژەوەندییە بنەڕەتیی و گشتییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان دەخرێن و ئەمەش دەبێتە یەک لە هۆیە کاریگەرەکانی بەدەوڵەتنەبوونمان، شتێک لە بونیادی کۆمەڵایەتی و کولتووری لەمێژینە و دێرینمان کاریگەریی هەبووە. بەڵام ئەم پرسە تەنیا پێوەندیی بە هۆکارە دێرینەکانەوە نییە، بەڵکو هۆکاری نوێ و هەنووکەیش کارتێکەرن. بۆ نموونە، ئەگەر لە سەدەکانی ناویندا زهنییەتی خێڵ یان هاوئایینیی لەگەڵ هێرشبەران و داگیرکەراندا لە هۆکارەکانی چەقبەستوویی کولتووریی و کڵاولەسەرچوون و ژێردەستەیی بووە، ئەوا لەمڕۆدا و لەپاڵ ئەمانەدا “حیزب” و گوتارە سیاسی و ئایدیۆلۆجییەکان، گوتار و ئاکار و کرداری کاریزما و سەرکردەکان لە هۆکارە “خۆیی”یە کاریگەرەکانی ئەو چەقبەستن و کڵاولەسەرچوونەن. پێویستە لێرەدا بڵێین چون دەستەواژەی هۆکارە خۆیی یان زاتیییەکان زیاتر گوزارشت لەو جۆرە هۆکارانە دەکەن کە سروشتکردن، ڕەنگە لێرەوە گونجاوتر بێت ئێمە دەستەواژەی هۆکارە ناوخۆییەکان بەکار ببەین چون زیاتر دەربڕی هۆکارە مرۆیی و خۆکرد یان دەستکردەکانە.
لە سەردەمی مۆدێرندا و لە کوردستان-دا لە هەشتا ساڵی ڕابردوو و بە دیاریکراویی لە پاش درووستبوونی “حیزب” لە کوردستان، ئەوا حیزبەکان لە هۆکارە کاریگەرەکانی کولتوورسازیی و بەتایبەتیی کولتووری سیاسی، گوتارسازیی و زهنییەتسازین. ئەمان لە هۆکارە کارتێکەرەکانی پڕۆسەی نەتەوەسازیی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و یەکبوونی نەتەوەیی، یان بەپێچەوانەوە، بوون و هەن. ئەمان لە ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی و هەستی بەکۆمەڵ و چێبوونی کۆنەستی کوردی-دا بەشدار بوون. بەگشتیی ئەمان لە بنیاتنان یان تێکدانی زەمینە ماددیی و ڕۆحییە کولتوورییەکانی کۆمەڵگە بۆ گەشە و بۆ سەربەخۆیی و بۆ ئازادیی لە هزرین و کردار، کاریگەر بوون.
دیارە حیزب وەک دامەزراوە یان ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی، نەک هەر لە پانتایی تایبەت بەڵکو لە پانتایی گشتیشدا کارتێکەرە. حیزب بەرنامەیەکی سیاسی یان ئایدیۆلۆجی تایبەتی هەیە کە دەیەوێ لە کۆمەڵگەیەکی مرۆیی و نەتەوەییدا پراکتیزەی بکات و بۆ ئەمەش کار دەکات، بۆیە ئەگەر ڕاستەوخۆش خۆی وەک پڕۆژەیەکی کولتووریی ڕانەگەیەنێت، ناڕاستەوخۆ بەڵام کاریگەر، لە کولتوورسازیدا بکەر و کارایە. گوتار و ئاکاری حیزب و دەرهاویشتە دیسکۆرسیڤ و پراکتیکییەکانی، نەک هەر لێکەوتەی سیاسی بەڵکو لە ئاستە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکەیدا لێکەوتەی کولتووریشی دەبن. ئەمە بەتایبەتیی لە کوردستان-دا کە کۆمەڵگەیەکی سۆزدار و وەفادار و پابەندی خوێنە، وایە. لە کۆمەڵی کوردەواریدا عەتف و هۆگرییەکی لەبننەهاتوو بۆ خەباتکارانی نەتەوەیی (مەبەست هەر حیزب یان لایەنێکە کە بەناوی نەتەوەییە خەبات دەکات) و بۆ چوارچێوەی ناو و هێماکان و بۆ گیانبەختکردووان هەیە. بۆیە، لە کۆمەڵی کوردەواریدا زۆر زوو و بە توندیی ئاوێتەبوونێکی فکریی و کردارەکیی و کولتووریی لە نێوان حیزب و کۆمەڵگەدا دروست دەبێت. کە وا بوو ناکرێ ئێمە باسی نائامادەبوونی زەمینە کولتوورییەکانی کۆمەڵی کوردەواریی بۆ گەشە و سەربەخۆیی و دەوڵەتداریی بکەین بە بێ ئەوەی باسی دەوری نەرێنی حیزب لەم نائامادەبوونەدا بکەین.
بەو پێیەی کە لە چییەتیی کۆمەڵگەی کوردی-دا بەردەوام هەوڵدان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و بەرتەسک هەبووە، پەرتەوازەیی و نایەکڕیزیی و ململانێی کوشندەی ناوخۆیی هەبووە، بۆ ملشکاندن یان کۆڵپێدانی یەکتر پەنابردنە بەر داگیرکەر هەبووە، ترس و ڕق لە دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی هەبووە. چون کورد بەردەوام بەرکەوتن و تێکهەڵچوونی خوێناویی لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەر وەک نوێنەکی دەوڵەت، هەبووە، متمانەبەخۆنەبوون هەبووە، خودکەمبینی لەچاو ئەوی دیکەی هەبووە، کۆیاد یان یادگەیەکی بەکۆمەڵی لاوازی هەبووە، خۆ لەقەرەنەدانی پرسە باڵاکانی سیاسەت، وەکوو دەوڵەتخوازیی و دەوڵەتداریی هەبووە، دەبوو حیزب بە پێچەوانەی ئەو چییەتیی و ڕەوتە کولتووریی و کۆمەڵایەتییە کار بکات و کاریگەر بێت.
بەڵام بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی حیزبی کوردیی، بە ڕوونیی بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمان خۆیان نەک هەر بوونەوە بە بەشێک لەو چییەتییە، بەڵکو بوون بە هۆکاری خەستترکردن و تەشەنەکردنی زیاتری ئەو ڕەوتە کولتوورییە لە فۆڕم و شێوازی سەردەمیانە و مەترسیدارتردا. کاریگەریی ئەمانە لە دەرکەوتەکانی وەکوو: وەپێشخستنی بەرژەوەندییە حیزبیی و ناوچەییە سنووربەرتەسکەکان لەچاو بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە؛ شەڕە ناوخۆییەکان (براکوژیی)؛ چوونەوە باوەشی دەوڵەتە داگیرکەرەکان یان هاوکاریکردنی سیاسەتی داگیرکەران بە دژایەتیکردن و لێدانی لایەنێکی دیکەی کوردیی؛ کەوتنەداوی گوتارە چەپ و ڕاستەکانی داگیرکەران کە بەگشتیی گوتارگەلێکی نامۆ بەم نەتەوەیە و ناکۆک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیدا بووە؛ نەبوونی خەونی گەورە و هەڵنەگرتنی گوتارێکی نەتەوەیی تەواو و نەبوونی ستراتیجێکی ڕوونی نیشتمانیی؛ هەڵگرتنی گوتاری دژەناسیۆنالیستیی و دژەدەوڵەتخوازیی؛ هەوڵدان بۆ ئاشتکردنەوەی جەماوەر لەگەڵ داگیرکەران و لەم ڕێگەیەوە لەبیربردنەوەی کارەساتەکان و سڕینەوە یان لاوازکردنی یادگەی بەکۆمەڵمان؛ وانەوەرنەگرتن لە مێژوو، هتد، خۆی دەنوێنێ.
کاتێ دەبیستین حیزبێکی کوردیی لە زاری سەرکردە و یەکێک لە دامەزرێنەرەکانیەوە دەڵێت: “هیچ متمانەیەک لە بەینی عێراق و کورد-دا نەماوە و ئەمە زەبری زەمانە و هەلومەرجە کە ناچارین دانوستانیان لەگەڵ بکەین”، بەڵام هاوکات دەڵێ: “دەوڵەتی کوردیی خەونی شاعیرانە” و هەر خۆی بە هاوڕێیەتیی لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی دیکە لە ٢٠٠٣دا نێزیکترین و لەبارترین هەل بۆ سەربەخۆیی بەشێکی کوردستان، بە پلەیەکی سیاسی و کارگێڕی لە دەوڵەتی داگیرکەردا و بە هێندێک دەسکەوتی ماددیی و حیزبیی دەگۆڕێتەوە و بەم جۆرە دەرفەتەکە لە بار دەبات. کاتێ سەرکردەیەکی کورد دەڵێت: “تورک لە وڵاتی ئێمەدا نامۆ و داگیرکەرن و دەوڵەتی کوردستان مافێکی سروشتیی و پێویستییەکی حەتمیی نەتەوەی کوردە و ئێمەش تا هەبین لەو پێناوەدا دەجەنگین”، بەڵام هەر ئەم سەرکردەیە دواتر دەبێتە هەڵگر و پەرەپێدەری گوتاری دژەدەوڵەتی کوردیی و خەونی میساقی میللیی تورکیا، کاتێ سەرکردەیەکی چالاکی کورد کە شارەزای ئابووری و ئاگاداری پێداویستیی و توانستە مێژوویی و ماددیی و ڕۆحییەکانی کۆمەڵگەی کوردییە بەڵام دەڵێ: “هیچ پێویستییەک نابینم کە خۆم بە نائێرانیی پێناسە بکەم و لە ئێران جیا ببمەوە”. کاتێک یەکێکی دیکە خۆی بە بەشێک لە چەپی ئێرانیی و هاوپەیمانیان دەزانێت بەڵام لایەنی دیکەی کوردیی بە “بۆرژوا و ڕێگری سەرەکی و دوژمنی مەترسیدار” دەزانێت و یەکی دیکەمان جاڕی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردیی دەدات بەڵام لە هەیمەنەی فیۆدالیی و خێڵەکیی خۆیدا و لە ڕقەبەرێتیی لایەنێکی دیکەی کوردی-دا واز لە هاوپەیمانێتیی فاشیستترین، ڕەیسیستترین، دڕندەترین و خوێنمژترین دوژمنی نەتەوەی کورد (تورکیا) ناهێنێت، ئیتر بە لانی کەمیەوە ئەمانە لەو کاتانەن کە ئێمە بۆمان ڕوون دەبێتەوە حیزب و سەرکردە تۆوی چ جۆرێک لە گوتار و ئاکار و کرداریان چاندووە، بەم دژبەیەکیی و خۆکوژییە چۆن لە ڕوانینی ئێمە بۆ خۆمان و بۆ دیتران و بۆ سیاسەت و کایە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و چۆن لە جیهانبینیی و بەگشتیی لە کولتوور و ئاستی ئامادەبوونی ئێمەدا کاریگەر بوون و هەن.
ئیتر لێرەدا ڕوون دەبێتەوە کە هۆکارە ناوخۆییەکان دەکرێ لە هۆکارە دەرەکییەکان کاریگەرتر بن. حیزب لە کۆهەست و کۆنەستی ئێمەدا بێجگە لە حەماسەت و قارەمانێتییەکان و بگرە زیاتر لە لێکەوتە ئەرێنییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانیان لە بڕگەیەکی زەمەنیدا، وەبیرهێنەرەوەی ئەو جۆرە لە هۆکاری خۆیین کە بە باری ڕووخێنەری خۆیدا؛ لە وتار و کرداری دژبەیەکدا؛ لە پێداگریی دەرەبەگانەدا؛ لە خەونی بچووک و خواستی بەرتەسکدا؛ لە ناتەبایی و یەکترسڕینەوەدا؛ لە ڕووخاندنی ورە و بەفیڕۆدانی وزە و ماددە و فەوتاندنی دەرفەتدا؛ لە تەسلیمبوون و خۆکوژیدا؛ لە شکست و نەگەیشتن بە ئامانجدا؛ لە خودکەمبینیی و نەیارشەیداییدا؛ لە نەبوونی گوتاری سەربەخۆیی و بێتوانایی لە دەوڵەتسازیدا؛ لە ڕقلێبوونەوە لە سیاسەت و لە گرنگینەدانی بەپێی پێویست بە بەها نەتەوەییەکان و بە نیشتیمان، لە ڕابردوو و هەنووکەی سیاسی و کولتووریی ئێمەدا ئامادە بوون و هەن. ئەمان بەمجۆرە لە نائامادەیی ئێمەدا و لە گەشەنەکردنی کولتووریی و لە کۆتاییدا بەدەوڵەتنەبوونی ئێمە و وەک کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی مانەوەمان، بەشدار بوون. ئەمەش هەم بە پێچەوانەی مەبەست و ئەرکی حیزبە وەک دامەزراوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەم دژی ئەو بەها نەتەوەیی و نیشتیمانیی و کولتوورییە باڵایانەیە کە خۆیان بە جۆرێک لە جۆرەکان زیاتر بە گیانفیدایی پێشمەرگە و کادیران و خواستی جەماوەر و بە لەخۆبوردوویی بەشێک لە سەرکردایەتیی، پاشان بە بانگەشە لە هێشتنەوە یان هێنانە ئارایاندا کاریگەر بوون.
دیارە ڕەوتی گەشەی کولتووریی و سیاسی هەر کۆمەڵگەیەک بە پێداهەڵدانێکی زێدەڕۆیانە و چاوداخستن لە ئاستی کەموکووڕییەکان ناپێورێت و بە ئەفسانەسازیی لە ڕابردوو و بە پشتگیریی بێبنەما و کوێرکوێرانە لە هەنووکە و بە شاردنەوەی ڕاستییەکان و نەدیتنی لێکەوتە نەرێنییەکانیش، ناگاتە ئاکام. هەر بەو جۆرەش ناکرێ کۆی مێژوو و کولتووری ئێمە، لەم ناوەدا حیزبەکانیش، بە دەسکەوت و لێکەوتەکانیانەوە، بە بنبڕیی لێی بدرێت و بە هیچ یان بەتەواویی بە نەرێنیی بنرخێندرێت. ئەمەش لێرەدا دوورە لە مەبەستی بابەتەکە، بەڵام چون لێرەدا ویستوومە لەو دەروازەیەوە کە دەوڵەت هۆیەکی سەرەکی و یەکاڵایە بۆ گەشەی کۆمەڵگە لە ڕەهەندە جۆربەجۆرەکانیدا، هەڵوەستەیەک بکەم لەسەر هۆکارێکی گرنگی بەدەوڵەتنەبوونی کورد کە پێوەندیی بە گەشەی کولتوورییەوە هەیە و لەمەشدا ناکرێ تیشک نەخرێتە سەر “حیزب” کە وەک یەکە و دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کارتێکەر دەور دەبینێت. دەنا وەک ئاماژەم پێداوە؛ حیزبی کوردیی بێدەسکەوت نەبووە و لێکەوتەی ئەرێنیی وەکوو بانگەشەکارێکی بەها و داخوازە نەتەوەییەکان هەبووە و بگرە لە بڕگەیەکی زەمەنیدا هەر خۆی دەرکەوتە و بەرجەستەکەرەوەی ئەو بەها و داخوازە نەتەوەیی و نیشتیمانییانە بووە، بەڵام وردەکاریی چۆنیەتیی و ئاست و کاتی کاریگەریی ئەم دەرکەوتەیە بابەتی ئەم نووسراوە نییە و تەنیا ئاماژەکردنێکم بە پەیوەست و پێویست زانیوە.
کە وا بوو لە ئاکامدا حیزب لە کوردستان-دا وا خەریکە پێچەوانەی ئەرک و خەسڵەتی حیزب ڕەوت دەکات و پێچەوانەی بەشێکی بانگەشەکانی خۆی وەک حیزبێکی کوردیی و پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی خەڵک کار دەکات و لە هەمووی گرنگتر؛ پێچەوانەی پێداویستییە نەتەوەییەکانی کوردە بۆ گەشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی-کولتووریی لە ئاراستەی سروشتیی و مافخوازانەی خۆیدا کە لە هۆشیاریی و گەشەیەکی تەندروست و لە یەکێتیی و یەکبوون و لە سەربەخۆییدا خۆی دەبینێتەوە.
بێگومان ئەگەر حیزبەیلی مەوجوود بەخۆیاندا نەچنەوە، ئەوا داهاتوو بۆ ئەوان نابێت. ئەگەر بڕیارە حیزب وەک دامەزراوەیەک، هەر ئامرازێکی پێویست بێت بۆ سیاسەت و بۆ هۆشیارکردنەوە و بۆ کولتوورسازیی، ئەوا کۆمەڵگەی کوردیی دەبێ حیزبەیلی مەوجوود تێبپەڕێنێت چونکە ناکرێ لەبەردەم ئازادیی و گەشەی پێویست و گوتاری نەتەوەیی و بەدەوڵەتبووندا ڕێگرێکی خۆیی هەبێت کە بتوانێ و بیهەوێ هەروا بێدەروەستانە چەق ببەستێت و وەک شێرپەنجە تەرز دابکوتێت.