پێشڕەو محەمەد
یەکەم، من وەک خۆم ئەوکات دژی ڕیفراندۆم بووم، نەک لەبەرئەوەی باوەڕم بە سەربەخۆیی کوردستان نەبوو، بەڵکو باوەڕی ڕەهام بە ڕابەرایەتیی کورد نەبوو و نییە. بەتایبەت ئەوەی تا ئێستا هەیە، نیشانی داوە، سەرانی کورد، هێشتا بەرداشی ڕۆم و عەجەمن و نەک لە بەرژەوەندیی یەکخستنی کورد، بەڵکو خەریکی کەڵەکەکردنی بەرژەوەندیی حیزبیی، بگرە زێدەتر بنەماڵەیین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دژی دوکانەکەی شاسواری چاڤیلاند بووم کە بزووتنەوەی «نەخێر»ی بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاندبوو. بەمجۆرە من نە دەنگم بە ڕیفراندۆم دا، نە لە دژیشی دەنگم دا. هەر زۆر بەسادەیی بەوەدا: هەرگیز خۆم بە عێراقیی نەزانیوە و نازانم و کوردستان بە زۆرەملێ کراوە بە چوار پارچە و دەبێت ئەو هەڵە مێژووییەش ڕاستبکرێتەوە.
دووەم، بەڵام هێندەش بێ شەرم نەبووم بڵێم «ڕیفراندۆمەکەمان دژایەتیی کرا» کە پێشتر خۆم لەگەڵی نەبووم. دەتوانم بڵێم بەڵێ ڕیفراندۆم لە ئاستی دنیادا دژایەتی کرا، نەک لەبەرئەوەی مەسعوود بارزانی و پارتی بەڕێوەیان دەبرد، بەڵکو لەبەرئەوەی جیهان گەورەترین هەڵەی بەرانبەر بە کورد ئەنجام دا و ئێستاش لەسەر هەڵە ملهوڕییەکانی بەردەوامە.
سێیەم، ئایدیۆلۆجییەک باڵادەستە و بەزۆریش لە ئاستی دنیادا لەناو کورد-دا دەنگدانەوەی هەیە و دەڵێت نەتەوەبوون و سنووری نەتەوەیی باویان نەماوە، بەڵام هەمان ئایدیۆلۆجیا کێشەی نییە لەنێو چوارچێوەی نەتەوەیی ئێرانیی، تورکیی، عێراقیی یان سووریی-دا هەڵگری پاسپۆرتی ئەو نەتەوە سەردەستانە بێت. لە ڕاستییدا هاوڕێ و مامۆستاکەی کارل مارکس، مۆزس هێس، لە ١٨٦٢دا گوتی: “داهاتووی خەباتەکانی مرۆڤ خەباتە چینایەتییەکان نین، بەڵکو خەباتە نەتەوەییەکانن و بەبێ سەربەخۆیی نەتەوەیی، خەباتە چینایەتییەکانیش نەک شکست دەهێنن، بەڵکو لە بنەڕەتەوە مانایان نییە”.
چوارەم، بێنێدیکت ئەندرسن، بیرمەندی مارکسیست، لە کتێبە ناوازەکەیدا، «کۆمەڵە وێناکراوەکان» (١٩٨٣) کە بە گشتیی لەلایەن مارکسیستەکانەوە پشتگوێ خرا، دەڵێت:”ڕاستییەکە تەواو سادە و ساکارە، ئەو پێشبینییەی زۆر دەمێکە دەکرێت، کە گوایە ‘ئێستا سەردەمی کۆتایی ناسیۆنالیزمە’، پێشبینییەکی بێ ئاسۆ دەرچوو. لە ڕاستییدا، نەتەوەبوون لە ڕوانگەی مافە گەردوونییەکانەوە ڕەواترین بەهای نێو ژیانی سیاسیی سەردەمی ئێمەیە”.
پێنجەم، کۆمەڵێک خەڵک لەڕێگەی بیرکردنەوەی نەتەوەییەوە دەتوانێت بەیەکگرتوویی بگات، کە گەیشت بەیەکگرتوویی، دەتوانێت بیر لە دەوڵەت بکاتەوە. لانیکەم لە ئایدیادا پێویستە ئەم بیرۆکەیە سەرهەڵبدات، چونکە هیچ گەشەسەندنێکی کۆمەڵگە لە دەرەوەی دەوڵەت دروست نابێت. شارستانێتییە کۆنەکان هەموویان لەناوچوون، بەگشتییش لە شارستانێتییە کۆنەکاندا چەمکی مرۆڤ، ئازادیی تاک، هتد، بەهای نەبوو، تەنها ئازادیی تاکی ئەریستۆکرات هەبوو. تەنها شارستانێتییەک بەهای بۆ تاک دروست کردبێت، شارستانێتیی مۆدێرنە کە لەنێو دەوڵەت-نەتەوەکاندا ڕوودەدات.
شەشەم، گرنگترین شت ئەوەیە نەوەیەک سەرهەڵبدات، نەوەیەکی سەرنجڕاکێش لەناو کورد-دا بە مانای وشە خەونی نەوە لەگۆڕنراوەکانی پێشوو لەسەر بنەمایەکی شارستانییتر و مۆدێرنتر زیندوو بکاتەوە و بیکات بە ڕێنیسانسی نەتەوەیی. ئەو نەوەیە دەبێت بڵێت: دەوڵەتی خۆمان دەوێت و کێشەکانیشمان لەناوخۆدا بە ویست و خواست و بیرکردنەوەی خۆمان چارەسەر دەکەین.
حەفتەم، کوردستان خاک و نیشتیمانی لەبیرنەکراوی مێژوویی کورد و کوردستانییانە. دابەشکردنی سەرەڕۆیانە لەلایەن ئیمپریالیستەکانەوە و چەوساندنەوەی لەلایەن داگیرکەرانەوە هەرگیز بەو مانایە نایەت ئەو نیشتیمانە دەبێتە هی تورکان، ئێرانیان و عەرەبان. یان ئەوەی هیچ دەوڵەت-نەتەوەیەک لەسەر زەوی نامێنن (کە ئەمە خەیاڵە) یان ئەوەی دەبێت کوردیش هاوشێوەی هەموو گەلانی دونیا دەوڵەت-نەتەوەی خۆی هەبێت.
هەشتەم، شارستانێتیی دیموکراتیی مۆدێرن تەنها لەنێو دەوڵەتدا ڕوودەدات. دەوڵەتیش شوێنی کۆبوونەوەی وزەی تاک و کۆییەکانە بۆ پەرەدان بە ماتەوزەی مرۆڤ.
نۆیەم، سەرانی کورد لە باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا چەندە سازشیان کردووە و لە گەندەڵیی سیاسیی، سازش، هتد، گلاون، بستێک لەمە کەم ناکاتەوە، کە کورد یەک نەتەوەن و دەبێت لە ئارەزوویاندا بۆ دەوڵەتداربوون یەک بن، چونکە دەبێت یەک ڕاستیی بزانن: دوژمنەکانیان لەسەر هەموو شتێک ناکۆک بن، لە بەرانبەر کورددا یەکن.
دەیەم، کاتێک لە سنە، مەهاباد، مەریوان، سەقز، ئامەد، قامیشلۆ، کورد بەسەربەخۆبوون دڵخۆشە، نیشانەی ئەوەیە «نەتەوە ڕۆحێکی هاوبەشە».
