سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بۆ سەرەتا و کۆتایی هەر قسەیەکمان دەبێت بڵێین ئەفسوس؟

ڕوانین لەدیدی جیاوازەوە زۆر پێویستە، بەڵام لەوە پێویستر، بەرهەمهێنانی وزەی ئەرێنییە، نەک بەخشینەوەی نائومێدی و وزەی نەرێنی. ئێمە زۆر لەمێژە بەدەردی خۆبەکەمزانییەوە دەناڵێنین، لەکاتێکدا کورد کەم نییە.

ئەمجارە باسی گرنگترین، هێزی کورد دەکەم، کە فەرامۆشکراوە و دەکرێت چالاکتر بکرێت، ئەویش کلتوورە. کورد خاوەن کلتوورێکی فرە دەوڵەمەند و بەهێز و وزەبەخشە، بێگومان چالاککردنەوەی پێویستی بە دوو شتە ئەوانیش “ئامراز” (میکانیزم) و “فیکر”ن. ڕاستە کورد دەوڵەتی نییە، بەڵام لەبەرانبەردا ئەگەر نەڵێم کلتوورمان لە دەوڵەت بەهێزترە، ئەوا هێزی دەوڵەتی هەیە.

یەکێک لەو ئامرازانەی دەتوانێت کلتووری کورد چالاکتر بکات و شەڕی مانەوە و چوونە نێو دنیای پێ بکەین، سینەمایە. ئەو هونەرە دەتوانێت ئەوەی میدیا وێرانی کردووە، ئەم چاکی بکاتەوە، چونکە میدیا نەک هەر کەمتەرخەم بووە لە پێشخستنی کلتووری کوردی-دا، بەڵکو ڕۆڵێکی وێرانکاری بینیوە لە ناشرین نیشاندانی ئەم سامانە نیشتیمانی و نەتەوەییەدا. هەڵبەت ڕاستترە بڵێین میدیاکار نەک خودی میدیا، چونکە میدیا گوناهبار نییە، ئەویش ئامرازی دەستی مرۆڤە. بە فیکری باش و خراپییەوە. وەک چۆن میدیا بەدەست فاشیزمەوە وێرانکارە و بەدەست ئازادیخوازیشەوە بونیاتنەرە.

گرنگترین زەخیرەی سینەمای کوردی “چیرۆک” و “وێنە”یە، کە لەنێو کلتووری کوردی-دا چیرۆکمان زۆرن هەتا وێنابکرێن و بکرێن بە وێنە و دنیای پێ سەرسام بکەین وهاوسۆزی نێونەتەوەیی دروست بکەن، چونکە چیرۆک و وێنە هێزی ئەوەیان هەیە دەستی ستەمکاریی کورت بکەنەوە. وەک چۆن لە ئەفسانەی “هەزار و یەک شەو”ەدا، شەهرەزاد بەگێڕانەوەی چیرۆک خۆی و ئەوانەی دوای خۆشی لە مەرگ ڕزگارکرد، ئاوا وێنەی کچێکی ڤێتنامیش، کە بە بۆمبی ئەمریکاییەکان هەموو لەشی سوتابوو جەنگی ڤێتنامی وەستاند.

ئەرکی سینەماکارە، بگەڕێت بەدوای چیرۆکی باشدا، چونکە فیلمی باش لەسەر چیرۆکی خراپ دروست ناکرێت. لە کۆمەڵگەی کوردی-دا کارەکتەری باش زۆرن، بۆیە بەرهەمهێنەری کلتووری باشیشن، لە ڕەنگی جیاواز و هەڵوێستی جیاوازدا مرۆڤە باشەکان دەبینم، بەهاناوەچوون و بەخشندەیی و میواندۆستی و سفرە و خوانی مرۆڤی کورد، ئازایەتی لە جەنگدا، ئازایەتی لە هەڵوێستدا پەکیان لەسەر شایەتیدانی کەس نەکەوتووە. بەڵام ئەفسوس ئەم مرۆڤە ئازا و بەخشندەیە، کە لەناوەوە بریندارە، هێشتا لە پەراوێزدایە و نەیپەرژاوەتە سەرخۆی! هێشتا لە برینی هەناوی خۆی نەڕوانیوە، لەو دۆخەدا هەر سەرقاڵە بە برینی جەستەیەوە، بۆ ئەوەی ناوەوەی فەرامۆش بکات. ئەمە ئەرکی سینەماکارە کە نیشانی دنیای بدات.

مرۆڤی کورد ماندووە، بریندارە هێشتا لە هەڵپەی ئەوەدایە لە سنوورێکی تەسکدا خۆی بسەلمێنێ و نایەوێ گەردوونی بێت. بەڵام دەبێت بزانین، کە کۆمەڵگەی دوای جەنگ و جینۆساید، بەئاسانی هەڵناستێتەوە، بەتەنها هونەر و ئەدەب، نابنە فریادڕەس، بەڵکو پێویستی بە سەرکردە و سیاسەتمەداری حەکیم و ئازاش هەیە. کەچی کوردی دوای جەنگ و جینۆساید، لە ئەنفال-ەوە بۆ شەنگال، بەبێ سیاسەتمەدار و بەبێ حەکیم هێشتا بەپێوەیە. ئا ئەوەیە خاڵی بەهێزی مانەوەی کورد. ئایا نەتبینیوە لەکاتێکدا لاتداوەتە قەراغ ڕێگا بۆ وێنەگرتنێک یان هەوا هەڵمژینێک، زیاد لە ڕێبوارێک بەنیازی هاوکاریکردن، لایداوە و پرسیوێتی چیت پێویستە؟ هاوکاریتان دەوێ؟ بێگومان دیوتە لە لێقەوماندا خەڵک چ ئامادەییەکی بەهاناوە چونیان هەیە؟ ئەمە خاڵێکی بەهێزی شوناسی کلتووری ئێمەیە.

لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١دا هەمان ئەو سوپایەی بەعس ئەنفالی کردبوو، شاری هەڵەبجە و گوندەکانی گازباران کردبوو، بەکۆمەڵ خەڵکی کوشتبوو، هەموو گوندەکانی ڕووخاندبوو، کاتێک لەلایەن خەڵکەوە چەککران، نەک تاقە سەربازێک بەدەستی خەڵکی ڕاپەڕیو نەکوژرا، بەڵکو جلوبەرگ و بەتانی و خواردنیان بۆ کۆدەکرایەوە کە لە مزگەوتەکاندا مابوونەوە، ئەمە ترسنۆکی نەبوو، بەڵکو مامەڵەیەکی ئازایانەی خەڵک بوو، چونکە لێبوردەیی کلتووری ئازاکانە. نابێت ئەوەش نادیدە بگرین کە ڕەحم بە ئەمن و موخابەرات و جەلادەکان نەکرا. ئەو لێبوردەییە تەنها بۆ سەرباز و ئەفسەرانی سوپا بوو. نیشاندانی ئەم وێنەیەی کورد ئەرکی سینەمایە، ئەرکی توێژەرانە کە سەدان توێژینەوەی لەبارەوە بکەن و بەشانازییەوە بڵێن: ئەمە کلتووری ئێمەیە، ئەمە هەر نیشاندانێکی پەتی نییە، بەڵکوو بەخشینەوەی وزەی ئەرێنیشە. بێگومان کورد لە ئازایەتی و جوانیدا زۆر لەوە زیاتری لەباڵاندایە.

ئەو لێبوردەییەی لە ساڵی ١٩٩١،دا کوردستان پێمانی نیشاندا دەڵێت ئەگەر سیاسییەکان لێگەڕین، کوردەکان و عەرەبەکان و سوننەکان و شیعەکان یەکێتییەکان و پارتییەکان دوژمنی یەکتری نین. ئەوە شایانی تێفکرینە کە ئەوەی لە کلتوور و ئەخلاقی خەڵکدا ئامادەیی هەبوو، لەلای سەرانی حیزبەکانی کوردستان نەبوو، لە شەڕی ناوخۆی حیزبەکاندا نەک هەر مرۆڤەکان کوژران بەڵکو ئەو کلتوورە جوانەی کوردیش، ئەتککراو ژێرپێنرا، وێنەیەکی تریان نیشانی دنیا دا، وێنەی توندڕەفتاری و کوشتار و دیلکوژی و ئاوارەکردنی لایەنگرانی یەکتری، ئەمە سوکایەتیەکی گەورە بوو بە کلتووری کوردی.

شەڕی ناوخۆی حیزبەکان بەتایبەتی شەڕی لەمێژینەی یەکێتیی و پارتی، گەورەترین گورزی لە کلتووری کورد دا، زەمینەی بۆ نەیارەکان ڕەخساند، هەتا بە دەمامک و فۆرم وناوی جیاوازەوە بێنە کوردستان، کە لە ڕوخساردا خێرخواز و لە جەوهەردا بە نیازی کوشتنی “ڕۆحی کورد” بوون. بەبێ ترس دەستیان کرد بە پەروەردەی هەزاران منداڵ، سەرەتا بەپێدانی پیتاک بەژنانی کۆستکەوتوو، دەستیان پێکرد. دواتریش بە دەمامکی دین و ئیمانەوە، دەستیان برد بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانیان، هەندێکیان بە پارەی قەتەر و سعودیە، بەناوی ڕێکخراوی خێرخوازییەوە هاتن و دواتر وەک حیزب و سیاسی دەرکەوتن. ئیتر دەیان ڕێکخراوی تری وەک مانگی سووری تورکی و مانگی سووری عێراقی، هتد. دەیان پڕۆژەیان بەناوی هەتیوانە و بێوەژنانەوە دامەزراند، کە لە ڕوخساردا باش و لە ناوەڕۆکدا وێرانکار بوون. منداڵانی بێ دایک و باوک و لێقەوماوانی ئەنفال و گازباران و شەڕی ناوخۆیان بەناوی یارمەتیدانی “فەقیرانە” و “بێوژنانە” و “هەتیوانە”وە پەلکێشکردە ڕیزەکانیانەوە. ئەم هەنگاوانە سەرەنجام بەشکاندنی مرۆڤی کورد و کوشتنی ڕۆحی کوردبوون خەت و خاڵیاندا. ئێستاش کە دەستەکەیان ئاشکرابووە، کارلەکار ترازاوە بە سەدان و بگرە هەزاران گەنجیان پێگەیاندووە، کە لە ڕیزەکانیاندا ئەندام و کادیر و بەرپرسن و ڕۆژانە لە شاشەی تیڤیەکان و لە سۆشیال میدیاوە بەناوی ئایینەوە بانگەشەی لەکوردخستن دەکەن، ئێستا ئەو نەوەیە باشترین زەخیرەی مرۆیی ئەوانن.

ئێستاش کە پیلانەکەیان ئاشکرایە و دەستەکەیان ئاشکرا بووە، نەوەستاون، بەڵکو سیاسەتی تورکی و ئێرانی و وڵاتانی عەرەبی جێبەجێ دەکەن و وەک ماشێنێکی پەنهان و چەکێکی بێدەنگ شەڕی نەرم دەکەن و کوشتنی ڕۆحی کوردبوون دیارترین دەستکەوتیانە و هەر بەردەوامن لە هەڵوەشاندنەوەی کلتووری کوردی و داسەپاندنی کلتووری ئەوانی دی، بەتایبەتیش کلتووری عەرەبی. ئەوانە بە چنگ و نینۆک تێدەکۆشن، هەرچی جوانییەکی کوردە قێزەونی بکەن و بیشارنەوە و لەژێرەوەش هەوڵی پاکتاوکردنیان دەدات.

لە ئێستادا تورکیا لە ڕێگەی جیاوازەوە کە دیارترینیان ئیسلامی سیاسی و بەتایبەتیش ئیخوان موسلمین، نەرم نەرم دێنە پێشەوە و هەزاران داویان داناوە بۆ پێوەبوون، هێورکەرەوە (موسەکین) دەدەن بە خەڵک، کاتێک بەئاگادێتەوە لە کوردێکی موسڵمانەوە، بووەتە دژە کوردێکی ئیماندار، بەشێکیشیان بەتایبەتی سەلەفییەکان بوونەتە جنێودەری چالاک بە هەر کوردێک کە بزانن، لەگەڵ بیرکردنەوەیاندا ناگونجێ. لەبەرانبەریشدا کەمترین هێزو جووڵەی مەدەنی و سێکۆلار دەبینین.

با کەمێک بەوردی دیقەت بدەین بزانین چی دەبینین، لەشکرێک جنێودەر لە سۆشیال میدیا دەبینین، لە ڕواڵەتدا ئەمانە دژبەیەکن بەڵام لە جەوهەردا هەموویان خزمەتی یەک خاڵی هاوبەش دەکەن کە شێواندن و ناشرینکردنی کلتووری کوردییە، ئەوانە لەپێشەوە جنێو بە خودی خۆیان دەدەن. نەفرەت لە کوردبوونی خۆیان دەکەن، دوعای خێر بۆسەدام و ئەردۆگان دەکەن، وەنەبێ ئەمانە تەنها شوناسێکی ئیسلامی یان لیبراڵیان هەبێت، ئەم مرۆڤە لە کوردبوونخراوانە تەنها شتێک کە زۆر تیایاندا چالاکە بڵاوکردنەوەی وزەی نەرێنی و ڕشتنی تۆوی نائومێدی و لەوانەش مەترسیدارتر ڕشتنی ژەهری خود نەفرەتییە، نیشاندانی کورد وەک “هیچ لەباردانەبوو”، “جاش”، “شێتی پارە”، هتد. کارگەیشتووەتە ئەوەی بە هەزاران کورد لە سۆشیاڵ میدیا نەفرەت لە کوردبوونی خۆیان بکەن. ئەمەش بە پلەی یەکەم کاردانەوەیە دژی دەسەڵاتدارانی هەرێم.

 ئەمە چەندین کێشەی ئەخلاقی و سایکۆلۆجی مەترسیداری بەرهەمهێناوە، هەتا ئەو ئاستەی بەئاشکرا مەلایەکی سەلەفی بڵێت هەر دایكێکی موسڵمان ئەگەر بە زمانی عەرەبی بانگی منداڵەکەی نەکات، کافر دەبێت؟ لە شاشەی تیڤی و بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە هاوار بکەن و هەر موسڵمانێک کافر بکەن، کە سۆزی بۆ بزووتنەوەی حەماس نەبێ بە ناوی منداڵانی غەززە-وە. هانی گەنجانی کورد بدەن بۆ ئەوەی بچن لە غەززە جیهاد بکەن، لەبەرانبەر هەر لێقەومانێکی کوردیش کڕ و بێدەنگن. لەکاتی لەشکرکێشی تورکیا-ش بۆ سەر کوردستان لە باشترین حاڵەتدا بێدەنگن، دەنا دوعای خێر بۆ ئەردۆگان دەکەن. وەنەبێ ئەمە هەردەردی ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەکان بێت، لیبراڵەکان و کۆمۆنیستە جۆراوجۆرەکانیش بەگشتی کوردبوون (کوردایەتیەکەی حیزبەکان) تێکەڵ دەکەن و هێرش دەکەنە سەر کورد و نیشتیمانەکەی!

بەپێچەوانەی ئەوانەشەوە مرۆڤی کورد، هێشتا لەسەر پێی خۆی ڕاوەستاوە، ڕاستە کورد یەک جۆر نین، دیندار و بێدینن. مرۆڤی باشن، بەڵام بەگشتی دەردەدارن، هەر ئەو خەڵکەی ئامادەی هاوکاری هەموو کەسن، ئامادە نین بۆ ساتێک لە برینی ناوەوەی خۆیان بڕوانن! بزانە لە مانگی ڕەمەزان-دا چەند بەخشندە دەبینیت! وا داماننا بەشێکیان لە ترسی ئاگری دۆزەخ بوو، هەندێکیشیان لەلایان عادەت بوو، بەشێکیشیان بەنیازی چوونە بەهەشت بوون، ئەی ئەو بەخشندانەی بێدینن ؟ یاخود ئەوانەی دیندارن و موسڵمان نین!

مرۆڤی کورد زۆر خراپ کار لەسەر تێکشکاندن و شپرزەکردنی کراوە، پارە و هێزێکی زۆر بۆ کوشتن و خۆونکردنی خەرج کراوە و دەکرێت. کەچی هێشتا هەر بە پێوەیە. ئەمە بە کەم مەگرە. زیاد لە چوار دەوڵەتی نەیار خەریکی سووککردنی مرۆڤی کورد و بەکەمگرتنی فەرهەنگ و زمانی کوردی و دزینی کلتووری کوردن. لە هەمووشیان مەترسیدارتر، دەسەڵاتدارە بێباکەکەیەتی، کە بۆنی نەوت گێژی کردووە و نەک ئاگای لە کوردبوون، تەنانەت ئاگای لە خودی خۆشی نەماوە. خۆت بە کەم مەگرە، هەرچۆنێک بێ و تۆش هەرچییەک بیت، ناتوانیت لەو ڕاستییە ڕابکەیت، کە کورد-یت.

 وەنەبێ کورد وەک ئەفسانە نیشان بدەم، سەرباری هەر جوانییەکیش لە کلتووری کوردی-دا، کەچی کلتووری ناشیرینیشمان زۆرە، ئەوەی زۆر جێگەی تێڕامانە ئەو پارادۆکسەیە! کە هەر ئەوەی ئامادەیە لە تەنگانەدا هەموو ماڵی خۆی ببەخشێتە کەسێک کە ڕووی تێکردووە، ڕەنگە لەگەڵ ماڵ و منداڵی خۆی زۆر دڕدۆنگ و توڕە و چاوچنۆک بێت. هەر ئەو کەسەی ئامادەیە لەسەر بستێک زەوی کشتوکاڵی زیاد کەسێک بکوژێ، کەچی لە داگیرکردنی هەموو زەوی نیشتیمانیش بێباکە! ئەوەی لەسەر لاقەکردنی یاخود بڕینی کلکی کەرەکەی کەسێک بکوژێ، کەچی لە ئەتککردنی ژنانی کورد لە ئەنفال و شەنگال بێباکە. ئەمە مایەی توێژینەوە و تێڕامانە! هەر ئەو مرۆڤەی ئامادەیە مزگەوتێک دروست بکات ئامادە نییە ژوورێک بۆ کۆکردنەوەی وێنەی یادەوەری شەهیدەکانی یان هی ئەنفالکراوانی گوندێک یاخود گوندەکەی خۆی دروست بکات! ئەو دەوڵەمەندانەی ئامادەن بە دەیان هەزار دۆلار ببەخشنە دروستکردنی مزگەوت، نەخۆشخانە، قوتابخانە، یاخود سولحێکی عەشایەری کەچی ئامادە نین بیر لە دامەزراندنی سەنتەرێک بکەنەوە بۆ دۆکێومێنتکردنی جینۆسایدی نەتەوەکەییان !بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی نەتەوەکەیان!

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO